هەلەبجە بە باڵی پەپوولەکانی هەڵدەنیشێت و دەچێتەوە ئاسمان
١
لە نێوان تۆ و برین
ژەهر و لاسکە گیا
سێو و ڕۆژژمێرێکی کۆندا ، هەزاران گوڵە سپیی
بە هەناسەی قەڵەڕەشێک وەرین ،
دەیان شەونمی سەر گەڵا رۆح پەمەییەکان
وشک وشک
کەوتنە نێو گیرفانی حەسرەت و ئازار ، دڵی ڕەنگەکان
هەناوێکی داغ بووی بە قومێ ژەهر
بە سیخە سەهۆڵەکانی زستانی ” شینروێ ” سارد نابێتەوە
٢
لە نێوان تۆ و هەناسە گەرمەکانی دایکێک
فرمێسکی منداڵێک و
تابڵۆی ئاسمان و گریانی هەورێک ، هەزاران دەنگ
کپ کپ
کێ کێ کێ ؟ لە ڕوونی ئاو و سیحری تەنیایی ناگات
کێ نازانێ بڵندی “عەنەب ” پڕە لە نێرگز و
سێو چ ڕەنگ و چ بۆن ،
گریانی باوکێک و تەنیایی دایکێک چ کارەساتێک ؟
٣
لە نێوان خۆم و خۆمدا
دەمەوێت هەر خۆم بم بە تەنها
بەرگی هەموو ڕەنگەکانم لێرە دابنێم ، خۆشم بڕۆم
بەیانی دار سنەوبەرەکان ، بیرەوەرییەکان و کۆڵانەکانم بۆ پڕمەکەن ، ئێوە
نەرگی
گوڵە وەنەوشەییەک
گریانی منداڵێک و
کراسی ڕەشی دایکێکم ، بۆ ژیربکەنەوە
رۆحم شەکەت ، دڵم پڕە لە چاوەڕوانییدا
هەموو ساڵ و مانگ و هەفتە و رۆژ و کاتژمێرێک و خولەکێک و چرکەییەکم
لێ تێپەڕی ، قا قای پێکەنینی مناڵێکیان بۆ نەهێنامەوە
تا ئەو دیو سنور
هەر خۆم و تەنیا هەر خۆم هەناسە ڕەش و سپییەکانم
هەزاران خەون و
هەزاران گوڵە نێرگزەکان دەسوتێنێت
٤
کە هەلەبجە هاتەوە چیرۆکەکانی خۆی بۆ نیوەڕۆییەک گێڕاییەوە
پڕ بوو لە بۆن
بۆنی تاریکایی و بۆنی تەنیایی
بۆنی پەپوولە و بولبول و گیژۆڵە ناسکەکانی
خستە گیرفانێک و دای بە شەپۆلەکان
بۆنی پیاوە پیرەکان و پیرەژن و
مناڵ و ژنەکانیشی دا بە تارماییەکانی سێوێک
٥
بالابمۆ وتی :
هەزارەها ڕێگەی تر هەن ، پشتم هێشتا هەر ساردە
بهێڵن ئاگرێ تینی بەرم کەوێ ، چی دەبێت ؟
بست بە بستم بەپێییەکانی مناڵان و گەنجان
بشێڵن ، بەلام چۆن ؟
دارێک لقەکانی لە ئاسماندا گریا وتی :
هەڵم مەتەکێنن ، دەستم ناگات بە بیرەوەرییەکان
هێشتا خۆم ڕاهاتووم بەسەر تەرمی گەڵاکاندا
لقەکانم پڕن لە شکان
وەختێک با دێت
دەترسم
گوێم لە گۆرانییەکانی کیژۆڵان نەبێتەوە
بێ ڕەنگی بمهەژێنێت ، بەلام قەڵەڕەشێک قەزوانەکانی خوارد
چەمێ وتی :
بهێلن پێلووی ئاو شەوانە یەکەمین ماچی
بۆ من بێت
نەبادا درەختە بچوکەکانم ، شەکەت بن ، بهێڵن ڕەشبەڵەک بکەن
٦
ئێوارەییەک خۆی خستە نێو بەرگێک وتی :
سبەی کام گۆرانیی ئەچریت ؟ تۆ
تەنیا پەنجەکانت بخە نێو گیرفانی ئازارەکانم ، دەسوتێن
پێییەکانت تا ڕێگا ، ڕەشەبا دەبڕێت بڕۆ
پرسیارێک وتی : ئێستاکە بۆم مەگەڕێن
من ئەوەتام لە نێو گەرووی مناڵێکدا مردووم ، بێ وەلامم
هێشتا باڵندەکانم
دەفی زکریان هەڵنەگرتووە ، تا
نێرگزە چاو مەستتەکان تابڵۆیێک پڕ بە هەستەکانم ببینم
سەمفۆنیایێکم بۆ بژەنن ، وەک گەلا کەوتووم
دەمەوێت قومێ ئاوی ئەم بەهارە بخۆمەوە ، پڕم
لە فرمێسک
٧
هەلەبجە لە ڕەشەمێدا دێتەوە پڕ بە گەرووی وشکهەڵاتووی دەلێت :
فرمێسکەکانتان بسڕنەوە
بەهێمنی وەرن با عومەری خاوەر و مناڵەکەی و هەزاران رٶحی دیکە لە شیرین خەو ڕانەچڵەکێن
هەمان ئێوارە ، هەزاران پەپوولەی باڵنەخشین لەکانی عاشقان دێن و
هەلەبجە هەڵەفڕێنن و دەیبەنەوە بۆ ئاسمان
٨
دەکرێت هەموو شت بدەینە دەست با . هەڵوەرینی هەناسەی منداڵان و ژنێک لە دەم کانیاوێکدا چ کارەسات و چ گۆرانییەکی غەمگینە ، لە نێوان هەزاران خەونی پڕ ئەستێرە و تریفەیی مانگەشەودا ، سەدای دکتاتۆر تا ئەو پەڕی ئاسمان گوێچکەی خەلکی کەڕ کرد و چاوی جیهانی کوێر کرد
دایکێک بە دەم نانکردنەوە ، کیژۆڵەییەک بە دەم یاریکردنەوە چوون تینووێتییان بە ئاوی چەمەکان بشکێنن ، با هەڵیکرد تا ڕێی ئەودیو ، ڕێحانەکان بێ بۆن مانەوە لە ژێر کراسی دایکێک و پشدێنی باوکێک چەند بە نەرمی مردن
درود درود بۆ هەلەبجە
سیروان خۆشناو
شەقلاوە