پەیامی سێو …. نەجات محەمەد
هەزار و پێنجسەد ساڵ بوو
خودا لە خەڵوەتدا بوو
بە دەم خەوەوە دەیووت و دەیووتەوە
ئەنفال
ئەنفال
ئەنفال
قڕ کردنی ژن و پیاو
گەنج و پیر
گەورە و مناڵ
هەر لە خەمدا بوو
هەر لە خەیاڵدا بوو
*****
بیست و پێنج ساڵ لەمەوبەر
بۆ جێگرەوەی پێغەمبەر
سەدامی کەوتەوە بیر
ڕێ و جێی بۆ دانا و
کەوتنە ڕا و تەگبیر
پێی ووت :
ئەنفالەکەی زوو
گشتی جێبەجێ نەبوو
هێشتا نیوەی ماوە
ئەویشم بۆ تۆ داناوە
*****
لە باتی خالیدی کوڕی وەلید
بۆ خواردنی کەللەسەری ئینسان
وەکو سەگ
عەلی حەسەن مەجید
بەر درایە کوردستان
*****
ئێستا ، ئەمشەو
لە جیاتی ئیسراحەت و خەو
هەڵەبجە خولیایان بوو
هەرچی بۆنی سێو لە خەزێنەیان بوو
لە بۆمب و گوللە تۆپیان هاویشت
بۆ سبەینێ
لە خاکی هەڵەبجەدا هەڵیانڕشت
*****
جاهدوا
حاربوا
قاتلوا فی سبیل الله
ئەم بۆنی سێوی بۆگەنە
چ بوو ئیلاهی ؟ !
خەڵكی هەڵەبجە
هەموو دەستە و دوعا
ڕوو لە خودا
نزایان دەکرد و دەپاڕانەوە
بە دەم تەنگەنەفەسی و
ووڕبوون و گریانەوە
هەندێکیان دەمردن
هەندێکیان دەبوورانەوە
*****
چڕە دوکەڵی پیس و چڕ
دۆزەخی پڕ لە بڵێسە و گڕ
هەڵەبجەیان نغرۆ کرد
بە لەحزەیەک
هەزارانیان زامدار و
هەزارانیان لێ مرد
بەڵام ،
هەندێک هەتیوی
موشایەخە نێربازەکانی سعودیە
ناڕازین و
هێشتا بە دڵیان نیە
دەڵێن :
ئەم قەومەی ئێمە کافرە
شایەنی لەمە خراپترە