کرێکارانی نەوتی بەسرە، پێویستیان بەهاوپشتی هاوچینەکانیانە لە عیراق و جیهان.
داهاتی نەوت سەرچاوەی سەرەکی لەداهاتی ئابووری عیراق پێک دەهێنێت. هەربۆیە ئەوبەشە لەپیشەسازی بەگرنگترین وهەستیارترین بەش ئەژماردەکرێت. وەکاریگەری گەورەی لەسەرلایەنی سیاسی وئابووری وکۆمەڵایەتی هەیە لەعیراقدا. بەهەمان شێوە کرێکاران وخەبات وبزووتنەوەکەیان لەوبەشەدا، جێگەوڕێگەی کاریگەری خۆیان دەبێ لەبزووتنەوەی چینایەتیدا.
لە ١٣ی شوباتەوە کرێکارانی نەوتی باشوور، بەڕێزی یەکگرتوویانەوە هاتوونەتە مەیدان ولەڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆدان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیاکەدا. بۆئەم مەبەستەش سەدان کرێکارلەکێڵگە نەوتیەکانی( ڕومەیلە، بۆرجسیە، ڕۆژئاوای قوڕنەوناوەندی الزوبێر) لەبەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتی سەرەکی کۆمپانیای نەوتی باشوور کۆبوونەتەوەو خوازیاری:
١- دەست لەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەری کۆمپانیاوبەڕێوەبەری دەستەی کارگێڕی بەهۆی تێوەگلانیان لە گەندەڵێ.
٢- پێدانی بەشی کرێکاران لەقازانجی کۆمپانیا، کەلەساڵی ٢٠٠٩وە نەدراوە، وبڕەکەی 365ملیۆن دۆلارە.
٣- لێپێچینەوە لەگەندەڵکاران.
٤- دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ کرێکاران.
٥- هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەوبڕیارانەی کە هەڵسوڕانی ڕێکخراوبوونی کرێکاران بەرتەسک دەکاتەوە.
٦- چارەسەرکردنی ئەوکرێکارانەی توشی نەخۆشی بوون، بەهۆی پیسبوون. وەپشکنینی دەوری تەندروستی بۆکرێکاران.
٧- بەرزکردنەوەی ئاستی پاداشت لە ١ملیۆن دینارەوە بۆ ٤میلیۆن دینار بۆ سەرجەم کرێکاران.
٨- گەڕاندنەوەی دەرماڵەی مناوەبەومەترسی وپشوە ڕەسمیەکان.
لەبەرامبەردا، بەڕێوەبەرایەتی هێزێکی زۆری پۆلیسی کۆکردەوەبۆ ترساندن وفشارخستنەسەرکرێکاران بۆ پاشەکشە پێکردنیان و هەڕەشەی ئەوەیان کردبوو کەئەوکرێکارانەی دەستیان بووە لە ڕێکخستنی ئەوناڕەزایەتیانە بگوازرێنەوە بۆنەوتی باکوور لەبێجی. هەربۆیە کۆمیتەی بەرگری لەمافی کرێکاران( کەکرێکارانی ناڕازای دروستیان کردوە) داواکاری کە نابێ ڕابەرانی کرێکاری تەمێ بکرێن وسزابدرێن لەشێوەی دوورخستنەوە، بۆلیستی داواکاریەکان زیاد کرا.
لەژێرفشاری بزووتنەوەکەدا بەڕێوەبەرایەتی ناچارکرا بەوەی داوای ٥نوێنەری کرێکاران بکات بۆگفتوگۆکردن، بەڵام کۆمیتەی بەرگری پێشنیاری ٣٠نوێنەری کرد، بۆئەوەی نەتوانن زەفەریان پێبەرن ولەخشتەیان ببەن. هەروەها هێزەکانی پۆلیس لەڕێگەی ڕێنوێنیەکانی سەرەوەی خۆیان، هەوڵیان داکەسوکایەتی بە کرێکارانی خۆپیشاندەر بکەن. بۆئەوەی دەستیان واڵا بێت بۆ دەستبردن بۆچەک وتەقەلەکرێکاران بکەن. بەڵام ڕابەرانی کرێکاری بەهۆشیاری رێکخراوی خۆیان نەیانهێشتوە ئەوپلانەیان سەربگرێت. پاش ئەوەی دەستیان گرتبوو بەسەربارەگای کۆمپانیاکەوە. لەدەرەوە ئەم شیعارانەیان دەگوتەوە” ترسنۆک ترسنۆک وەرە مەیدان( مەبەستیان بەڕێوەبەری گشتی(زیاء حکام الموسوی) بوە کە سەربە حیزبی دەعوەی مالکیە.هەروەها” قازانجەکانمان لەکوێیە”.بەم شێوەیە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە ناچارکراوە کە کاتێک دیاری بکات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ نوێنەران.
لەسەرداوای کۆمیتەی بەرگری لەمافی کرێکاران، ڕۆژی ٨ی مارس کۆبوونەوەیەکی گشتی لەیەکێک لەهۆڵەکانی شاری بەسرە، بەئامادەبوونی پترلە٢٥٠ کرێکاری زۆرێک لەکێڵگە نەوتیەکان سازکرا. کەتێیدا گفتوگۆومشتومڕ لەسەر زۆرمەسەلەی گرنگ کرا، کەپیوەستن بەداواکاریەکانی کرێکارانی نەوت وشێوەی بەرپەرچدانەوە لەبەرامبەر هەڵوێستی وەزارەتی نەوت وحکومەت. هەروەها گفتوگۆیان لەسەرئەونامە ڕەسمیە کرد کە داوای ٨لەڕابەرانی کرێکاری کرابوو بۆ لێپرسینەوە لەگەڵیان، وتاوانبارکردنیان بەگێرەشێوێن و هاندەر بۆ توندوتیژی لەکێڵگە نەوتیەکان. ئەوکۆبوونەوەیە بەچەند بڕیاری گرنگ دەرچوو گرنگترینیان:
١- دروستکردنی لیژنەکان لەوبەشانەی کەنیانە، وهەڵبژاردنی نوێنەرێک بۆ هاوئاهەنگی کردن وپەیوەندی کردن لەگەڵ کۆمیتەی بەرگری.
٢- لەکاتی سزادانی هەرکرێکارێک لەناڕەزایەتیەکاندا، کرێکاران لەشوێنی کاری خۆیان دەستبکەن بەمانگرتن.
٣- دروست کردنی لیژنەی ڕاگەیاندن وبەدواداچوون.
٤- ڕێکخستنی خۆپیشاندانی هەفتانە وبەردەوام تابەدیهێنانی هەموو داواکاریەکان.
٥- جەختکردنەوە لەجێبەجێکردنی ١٠داواکاریەکان.
٦- فراوانکردنەوەی ناڕەزایەتیەکان ،بۆکێلگە نەوتیەکانی دیکە.
شایانی باسە کەکۆمیتەی بەرگری کەمپینێکی ڕاگەیاندنی لەناوشاری بەسرە بەڕێخستوە. بەبڵاوکردنەوەی بەیانی خۆپیشاندان و لافیتە هەڵواسین کە داواکاریەکانیان تێدا نووسراوە بۆ ڕاکێشانی هاوپشتی کۆمەڵانی خەڵکی بەسرە. ئەم شیعارانەیان تێدا نووسراوە” داواکاری کرێکارانی نەوت، بەشێکە لە داواکاری کرێکارانی عیراق. سزانەدانی هیچ کرێکارێک کەبەشداری لە ناڕەزایەتیەکان کردبێ. بنبڕکردنی گەندەڵی ئیداری ومالی لە کۆمپانیا نەوتیەکان.دەرکردنی کۆمپانیا بیانیەکان، کە کرێکارانیان کردۆتە کۆیلە”.
ئەم بزووتنەوە کرێکاریە بۆتە جێدەستخۆشی زۆرێک لەجەماوەر وکرێکارانی سەەرتاسەری شارەکانی کەی عیراق. شایانی باسە کە هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عیراق وکوردستان پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆئەو نمایشە چینایەتیە گەورەیە نیشانداوەو لەڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندەرانن بۆ بەدیهێنانی هەموو داواکاریەکانیان. هەروەها بەهەموو توانای ئیعلامی و ڕێکخراوەیی لەهەوڵی سەرخستنی ئەو ناڕەزایەتیەدان لەناوەو لە دەرەوە. هەروەها نوسینگەی ناوەندی حیزبی شیوعی میسری نامەی پشتیوانیان لە ١٢/٣دا ناردوەو تێیدا وێرای پشتیوانی خۆیان لە هاوچینەکانیان لە عیراق، داوا لە حکومەتی مالکی دەکەن کە بەدەنگ داواکاری کرێکارانەوە بچن وهەڵەی دەستبردن بۆ توندوتیژی و سزای کرێکاران نەبەن. هەروەها حیزب وڕێکخراوی کەش لە هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆئەو بزووتنەوە مەزنە لەئێران وسەرتاسەری جیهان.
ئاراس ڕەشید