به ته‌نیا جێیمه هێڵن … له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م یادكردنه‌وه‌ی ده‌ستپێكی په‌لاماری ئهمهریكاو هاوپهیمانهكانیداین ، بۆ سه‌ر عێراق له ساڵی 2003، له‌و رۆژه‌دا ئه‌گه‌ر چی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیشیان بێت دنیا‌و به‌تایبه‌ت ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌یان بیر كه‌وته‌وه، كه ئیتر پێویسته سه‌دام حوسێن بڕوات، به‌ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م دوای ئه‌و رۆژه په‌یكه‌ره‌كانی سته‌مكاری له‌ناو به‌غدایا درانه به‌ر تاكه نه‌عل، بۆنه‌یه‌كی دیكه و یادێكی دیكه ئه‌وه‌یه رێك له‌م رۆژه‌دا، له‌ساڵی 1991 كه‌ركوك پڕ به‌گه‌روی به‌ڕووی عه‌ره‌باندن و به‌عساندن و تاراندنا هاواری كرد، ئیتر به‌سه، ئه‌گه‌ر چی ماوه‌ی ئه‌و هه‌ناسه‌دانه زۆر كه‌م بوو، به‌ڵام رۆژانێكن كه‌مرۆڤ ناتوانێ له‌بیریان كات، سێ رۆژ له‌مه‌وبه‌ر ئێمه له‌به‌رده‌م شكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ی زندودا به‌چۆكدا هاتین، ئه‌و هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ی ره‌فیق سابیری شاعیر ئه‌وێ رۆژێ به‌دنیای نووستوی ووت ” به‌ته‌نیا جێیمه‌هێڵن ، ئه‌وه‌تا دوای بیست و پێنج ساڵ له‌و مێژووه، دنیای رۆژ ئاوا بیری ئه‌وه‌یان ده‌كه‌وێته‌وه ئه‌وه چ ستهمكاریهكه به‌رژه‌وه‌ندی بخرێته سه‌روو، بوونی مرۆڤه‌وه‌و پشت بكرێته ئه‌و پیاوه‌ی له‌ناو كۆڵانه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌دا به‌سه‌ر ته‌رمی پهپولهكاندا ده‌سوڕێته‌وه‌و نازانێ چی بكات، ئاخر ئه‌و به‌ته‌نیا به جێهێڵراوه، به‌جێماوه له‌یاران .
ئه‌بوایه به‌ر له‌هه‌ر وڵاتێك وڵاتانی ده‌ورو به‌ری عیراق، له‌م رۆژه‌دا له‌ناو پارلهمانهكانیاندا ، له‌سه‌ر كیمیا بارانی هه‌ڵه‌بجه گفت و گۆیان كردباو په‌یامیان ئه‌وه بوایه كه ناكرێ رێگا به درووست بوونه‌وه‌ی هیچ رژێمێكی هاوشێوه‌ی به‌عس بدرێت له‌دنیادا و له‌م ناوچه‌یه به‌تایبه‌ت .
هه‌ڵه‌بجه ییه‌كان داوای ئه‌وه ده‌كه‌ن شاره‌كه‌یان بكرێتهپارێزگا، ئه‌مه داوایه‌كی هه‌نده قورس نیه تا ئه‌و هه‌موو ماوه‌یه ، نه‌كرێت و باس له به‌ر به‌ستی یاسای بكرێت، ناوچه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌و شارهزووروههورامان له‌جوانی سرووشتا ، ده‌ڵێیت پارچه‌یه‌كه له به‌هه‌شتی خوا، له خۆوه نیه نالی و مه‌وله‌وی و گۆران و زۆری تر مه‌ست و حه‌یرانی ئه‌و خاك و خۆڵه بوونه، هه‌ڵه‌بجه كاتی ئه‌وه‌یه وه‌ك پارێزگا نیشانی دنیا بدرێت و بكرێته ناوه‌ندێك كه‌نه‌ك هه‌ر له رۆژی 16 ی ئازارا بگره له هه‌موو رۆژه‌كاندا خه‌ڵك له‌ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه سه‌ردانی بكه‌ن.
جێی خۆیه‌تی رۆژی كیمیا بارانی هه‌ڵه‌بجه بكرێته رۆژی به گژا چوونه‌وه‌ی سته‌مكاری له كوردستان و عیراقیشدا، هیچ نا بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر هیچ شوێن و شارێكی دیكه‌ی دنیا به‌ته‌نیا جێنه‌مێنێ ، دواجار هاوارو نزای خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌و گه‌رمیان و كه‌ركوك و هه‌موو كوردهواری گه‌یشته ده‌رگانه‌ی خودا‌و بته‌كانی به‌غدا وه‌ك كۆشكی بلورین هاڕه‌یان كرد، هه‌موو دنیا ئه‌وه‌یان بینی ئه‌و كه‌سه‌ی بهزندوێتی خه‌ڵكی ده‌كرده ژێر خۆڵه‌وه، په‌ت خرایه ملی په‌یكه‌ره‌كه‌شی ئه‌و په‌یكه‌ره شكاوه ده‌بوایه ئێستا له مۆنۆمێنتی هه‌ڵه بجه بوایه ، بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ عیبره‌ت بكات .
كه‌ركوك و هه‌ڵه‌بجه دوانه‌ی نێو ئێش و ئازاری كوردهوارین ، بۆیه ئه‌شێ چۆن ساڵح سه‌عید هه‌ڵه‌بجه‌ی بێت ئاواش عومه‌ری خاوه‌ر كه‌ركوكی بێت.