Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
لەبارەی وشەو ڕەنگی ڕەشەوە

لەبارەی وشەو ڕەنگی ڕەشەوە

Closed

 

 

 

 

گەر لەسەر ئەوە ڕێکبکەوین کە ووشە گوزارشت لە ناخ و هزری مرۆڤ دەکات ، ئەوا بەهەمان شێوەش ، ڕەنگەکانیش گوزارشت لە ناخ و هزری مرۆڤ دەکەن. دیارە هەروەک چۆن ووشە بۆ دەقێکی ئەدەبی یان سیاسیی یان فکری گرینگە ، بەهەمانشێوەش ڕەنگەکان بۆ تابلۆکێشێکیش گرینگن و کلیلی چوونە ژوورەوەی جیهانی تابلۆ دەگەیەنن. لێ هیچ وەختێک ووشە و رەنگ لەسەر یەک شت ڕێکنەکەوتوون، هەردووکیان بەیەک شێوە گوزارشت لە شتێک بکەن ، زۆرجار هونەر دژ بە ئەدەب دەوەستێتەوە، بەڵام کە کاردەگاتە سەر ووشە و ڕەنگی ” ڕەش” هەردووکیان یەک مانایان هەیە. ئێمە لە زمانی ڕەنگەکانەوە ، هەمیشە ” ڕەش” ئاماژەیە بۆ ( خەفەت ، ناخۆشی، کوشتن ، نائومێدی، ناشرینی، شەڕ، به‌دبه‌ختی )، لەزمانیشدا هەمیشە ” ڕەش” هەمان مانای هونەری هەبووە ، ئێمە هەموومان دەڵێین ” ڕەشبینی، ڕووڕەشی، دەستێکی ڕەش، چاره‌ڕه‌شی، ) زۆرجاریش هەندێک قۆناغی ناخۆش یان ڕۆژێک کە ڕووداوێکی ناخۆش تێیدا ڕوویدابێت بە ” رۆژی ڕەش، مانگی ڕەش، ساڵی ڕەش” دادەنێین. لەکاتێکدا سپی لەهونەر و زماندا گوزارشتی لە ( گەشبینی، ئاشتی، پێشكەوتن ، پاکیزەیی ، جوانی ) دەکات . دیارە گەر لەناو زمانی کوردیدا بە دوای ووشەو دەستەواژەی ڕەشدا بگەڕێیت، بێ هووده‌ نابیت و زۆر زۆرن ، ئێمە ڕۆژانە ئەمانە بەکاردەهێنین ، بەبێ ئەوەی بزانین بۆچی ئەم حاڵەتە وادروستبووە؟ یان بۆچی ” رەش” هەموو ئەم دەلالاتە خراپ و ناشرینانەی هەیە. هەمیشە ڕەنگی سپی لەلامان “جوانە پاکە، باشە،” بەڵام ڕەش “، ناشرین، پیس ، بێتامە.” تەنانەت لە ڕووی سیاسیشەوە کاتێک سەیری سیمبۆڵی پارتە سیاسییەکانیش دەکەین ، دەبینین ڕەنگەکان لە سیاسەتیشدا زاڵن ، هەمیشە چەپ و کۆمۆنیستەکان ” سوور”  سیمبۆڵیان بووە. ” سەوز” گوزارشتی لە پارتە ژینگە پارێزییەکان دەکات. بەڵام لەهەمووی سەیرتر پارتی فاشیستی ئیتالی رەنگی ” ڕەش” ی کردە سیمبۆڵی پارتەکەیان بەم شێوەیەش ” رەش” کرایە رەنگی فاشیزم ، ئەمە لەکاتێکدا ئەوان هەمیشە دژی رەش پێستەکان بوون و، سپی پێسته‌کان لایان مه‌زن بووه‌.  دیارە هۆکاری سەرەکی لەم دابەشکردنە و لەم دەلالاتە زمانی و هونەرییانە ، هەمووی دەگەڕێتەوە بۆسەر هزرێکی خراپ و فاشیستیانە کەماوەی چەندین ساڵە بەسەر مێشک و دەروونی هەموو جیهاندا زاڵە، ئەویش بەحوکمی ئەوەی ئەفریکییەکان ڕەنگیان ڕەش بووە، هەمیشە ئەم ڕەنگی پێستە خراوەتە قاڵبی شتێکی ” خراپ، ناشرین، نابەجێ، شەڕ”ەوە. دیارە راسیزم تەنها لە هونەر و ئەدەب و سیاسەتدا بەرامبەر بە ئەفریکییەکان رەنگی نەداوەتەوە، بەڵکە بە حوکمی مێژووی هەزاران ساڵەی چەوساندنەوەی ئەفریکییەکان ، هەمیشە ڕەنگ و کلتوور و پێست و هەمووشتێکی ئەم گەلە داماوە، خراوەتە چوارچێوەی راسیزمەوە. راسیزم خۆی لەناو مێشکی هەموو جیهاندا بەرامبەر بە ئەفریکییەکان سەپاندووە. دیارە هەرچەندە ئێمە گەلێک بووین هەمیشە لەژێر چەپۆکی فاشیستیدا ناڵاندوومانە، کەچی ئێمە لەنەتەوەکانی تر ، لەڕووی زمانی و هونەرییەوە ، زیاتر ئەم دەستەواژە راسیزمانەمان بەکارهێناوە. من نازانم بۆچی ڕەنگی ڕەش ناشرینە؟ بۆچی دەبێت ڕەش بکرێتە سیمبۆڵی شەڕ و نەهامەتی ، لەکاتێکدا ” سپی” دەکرێتە نیشانەی جوانی ، باشی ، چاکی؟”. دیارە هەموو ئەمانەش خۆی لەخۆیدا لە قووڵایی ئەو مێژووە دێرینە راسیزمەوە سەرچاوەی گرتووە ، کە دژ بە ئەفریکیەکان کراوە. ئاخر ئەوان هەمیشە کۆیلەی پیاوی سپی پێست بوون ، لەبەرئەوە هەمیشە پیاوی سپی پێست هەوڵیداوە، کۆیلەکەی ژێردەستی بەهەموو شێوەیەک ناشرینی بکات و هەرچی سیفاتی جوانیش هەیە ، بۆ خۆی دابنێت. هەمیشە لەلای ئێمە ژنی ” سپی پێست” بە جوان و ناسک دانراوە، لەکاتێکدا ژنی ” ڕەش پێست” بە ناشرین  دانراوە. تەنانەت منداڵیش ، هەمیشە منداڵە سپی پێستەکان لامان جوانن ، بەپێچەوانەوە ، منداڵە رەشپێستەکان ناشرینن و ڕقمان لێیانە. کەسیش نازانێت بۆچی ئه‌م  هه‌ڵوێسته‌ خراپه‌مان به‌رامبه‌ر به‌ ڕه‌نگ و ووشه‌ی ره‌ش هه‌یه‌ ؟. . دیارە کارێکی هەروا ئاسان نییە ئەم دەرئەنجامە زمانی و هونەرییە بە ڕۆژ و دووڕۆژێک لەناو مێشکی مرۆڤایەتیدا دەربهێنرێت، لێ گرینگە قسەی لەسەر بکرێت ، ڕەخنە لەوکەسانەش بگیرێت کە زۆرجار بە ناڕەوا  و خراپ مامەڵە لەگەڵ ووشەو ڕەنگی ” ڕەش” دا دەکەن .

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.