Skip to Content

Sunday, October 6th, 2024
دیالۆگی نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و هه‌ولێر له‌په‌راوێزی ئه‌نجامه‌کاندا

دیالۆگی نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و هه‌ولێر له‌په‌راوێزی ئه‌نجامه‌کاندا

Closed
by May 8, 2008 گشتی

حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د مسته‌فا…..

لەدوای ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا كە لەچەند مانگی رابردوو كردیە سەر هەرێمی كوردستان و دواجار ئەم ئۆپەراسیۆنە رووبەڕووی بێ ئەنجامی بۆوە.لەكاتێكدا چەند ساڵێك بوو ئامادەیی سیاسی، دیبلۆماسی( لەسەر ئاستی دەوروبەر و ئەوروپا و ئەمریكا) سایكۆلۆجی (لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەزگای سەربازی) بۆ دەكرا.

لەناو توركیا ئەم دەنگانە بەرز بوونەوە كە پێویستە حكومەتی توركیا وەڵامی داخوازییەكانی هەرێمی كوردستان بداتەوە كە دەیەوێـت كێشەكان لەرێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكرێن و پەیوەندی و هەماهەنگی لەنێوان توركیا و كوردستان هەبێت.

لە 2/5/2008 لە رۆژنامەی صباحی توركی رۆژنامە نوس ( ئەرداڵ شەفەق) دەڵێت:
ئەگەر بمانەوێت پەكەكە لەباكوری عێراق نەمێنێ ئەوا دەبێ پەیوەندیمان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان هەبێت.

هەروەها ئاماژەشی بە پێگەی هەرێمی كوردستان داوە و دەڵێت:
یاسای نەوت و گازی عیراقی پەسند دەكرێت، بەگوێرەی یاساكەش هەرێمی كوردستان مافی خۆی دەبێـت كە هەڵبستێ بە گرێبەستە نەوتیەكانی ئێستا، دەیان دەوڵەت لە ناویاندا ئەمریكا، چین، نەرویج، یابان، فەرەنسا نۆرەیان گرتووە لەگەڵ بارزانی ئەم كارەبكەن بۆ توركیا هەر رۆڵی بینەرێك ببینێت.

ئەرداڵ شەفەق لە 3/5/2008 گلەیی و رەخنەی ئەوەی لە دەسەڵاتدارانی ووڵاتەكەی هەیە كە بۆچی ناوی كوردستان ناهێنن، بۆچی دەڵێن دەسەڵاتی هەرێمی باكوری عێراق، ئێستا هەموو كەس دەڵێ كوردستان خۆ لەمادەی 114 ی دەستوری عێراق ئاماژە بەوە دراوە كە باكوری عێراق هەرێمی فیدڕاڵی كوردستانە، لەوانەیە لەبەر هەستیاری باشوری رۆژهەڵاتی توركیا بێت ئەم كارە نەكەن.

دواجار لە درێژەی بابەتەكەیدا ئەم نوسەرە بە گرنگی باسی هەرێمی كوردستان دەكات و گرنگیەكەشی زیاتر بۆ توركیا دەنرخێنێت.

( سامی كۆهان) لە رۆژنامەی میللیەت ئاماژەیداوەتە دروست بوونی پەیوەندی لەنێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و دەنوسێت

( كاتێك پەیوەندی لەنێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بەدی دێت كە توركیا دڵنیایی ومتمانە بداتە كوردەكان، كە توركیا چاوی لەخاكی ئەوان نییەو كردەوەكانیشی دژی ئەوان نین، هەروەها كوردەكانیش متمانە بدەنە توركیا . پێویستە سوپا ئەم متمانەیە بدات كە خەڵك و خاك و سیستەمی ژیانی ئەوان ناكاتە ئامانج.

رۆژنامەنوسی ناوبراو دەڵێت:
ئەگەر هاتوو لەسەرەتای دەست پێكردنی ئەم دانوستاندنەدا ئەم متمانەیە هەبوو ئەو كاتە رێگەیەك بۆ لەیەكتر نزیتربوونەوە بەدی دێت، پێویستە چیتر پەكەكە خاڵی سەرەكی ئەم پەیوەندیە نەبێت.

زۆربوونی ئەم دەنگانەی كە داكۆكیان لەپەیوەندیەكان دەكرد، لەنێوانیان دێنیز بایكاڵ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری توركیا هەرچەند زۆر لە بیروراكانی پەشیمان دەبێتەوە، بەڵام ئەمیش هەمان رەئی هەبوو.

نێچیرڤان بارزانی و شاندی توركیا

بەر لەراگەیاندنی كوردی، راگەیاندنی توركیا ئاماژەیان بەوەدا كە پێش نیوەرۆكەی پێنج شەممەی رابردوو لە توركیا و هەرێمی كوردەكانەوە شاندەكان بەرێكەوتن و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرۆكایەتی شاندی هەرێمی كوردستان دەكات.

سەرباز هەورامی بەرپرسی نوسینگەی تایبەتی سەرۆكی حكومەت لەوەڵامی پرسیارێكی مندا كە بەمەبەستی ئەم راپۆرتە رووبەڕوویم كردەوە گوتی: گرنگی یەكەم دەست پێكردنەوەی دانوستاندنەكانە، ناشكرێ گرفتێكی چەند ساڵە لە دانیشتنێكدا ببڕدرێتەوە، گەشبینی خۆی راگەیاند و پێدەچێت لەداهاتوودا بەشداری پانێڵی تەلەفیزیۆنی بۆ ئەم بابەتە بكات.

دانیشتنەكانی بەغدا بەدی هاتن و ئاژانسی هەواڵی جیهانی توركی دوای كۆبوونەوەكە راپۆرتێكی ئامادە كرد و بڵاویكردەوە كەخەڵكی كوردستان زۆر خۆشحاڵن بەم پەیوەندیە و توركیاش وەك دەوڵەتێكی دراوسێ بەگرنگ دەبینن و لەگەڵ ئەوەدان كە پەیوەندیەكانیان لەگەڵ توركیا خۆش بێت.

سایتی سی ئێن ئێن تورك بڵاویكردەوە كە توركیا دەیەوێـت پەیوەندیەكانی لەگەڵ دەسەڵاتی هەرێمی باكوری عێراق بەرەو پێشەوە ببات و شاندەكەش لە موراد ئۆزچەلیك و نوێنەری تایبەتی توركیا بۆ عێراق و ئەحمەد داود ئۆغڵو راوێژكاری سەرەكی ئەردۆغان دەبێت، هەمان سایت بەزووترین كات ئاماژەی بەوەدا كە دانیشتنەكە ئەنجامدرا.

ئەمانە هاوكات بوون لەگەڵ دەرچوونی راپۆرتی ساڵانەی 2007 ی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە راپۆرتەكەدا بەگرنگی باسی هەرێمی كوردستان دەكات، كە سەرجەم ئەم هەنگاوانەی هاویشتوە كە بۆ پەیوەندی دۆستانەی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان پێویستن هەر لەدانانی بازگەی سەربازی بگرە تا تەدابیرەكانی دیكە، هەروەها چاودێری خستۆتە سەر فڕۆكەخانەكانی كوردستان تاكو پەكەكە سودیان لێوەنەگرێت.

سەرەنجڕاكێشترین مانشێت لای من ئەوانە بوون كە دەیانوسی ( دوای رووخانی سەددام حوسێن یەكەم دیالۆگ بەدیداری رەسمی لە نێوان توركیا و دەسەڵاتی كورد لە باكوری عێراق ئەنجامدرا، دەوڵەتی توركیا و نێچیرڤان بارزانی كۆبوونەوە.)

هەروەها میدیاكانی توركی نوسیبویان و زۆربەشیان بابەتێكی كۆپی پێیستی وەك یەكیان هەبوو، ( شاندی توركیا بە بەرپرسانی عێراقی گوتوە توركیا لەگەڵ ئەوەدایە پەیوەندی خۆی لەگەڵ عێراق بەرەو پێشەوە ببات و بۆ ئەوەش دەیەوێت باشترین میكانیزم دابنێ، ئەوەش واتا پێشنیار بۆ دروست بوونی میكانیزمی دیالۆگی ستراتیژی، هەمان سەرچاوە توركیەكان گوتیان: نێچیرڤان بارزانی گوتوویەتی ئەم كۆبوونەوەیە هێندەی 10 كۆبوونەوە گرنگ بووە و لە رۆژانی داهاتووشدا سەردانی توركیا دەكەم.

دانیشتنەكان لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان AKP  بوون، ژۆست لاجەندیك سەرۆكی كۆمیسیۆنی پەرلەمانی تێكەڵ لەنێوان یەكێتی ئەوروپا و توركیا رایگەیاند و ماڵپەڕی ئینتەرنێت خەبەری توركی بڵاویكردۆتەوە نزیكترین حیزب كە باوەڕی بە چارەسەری كێشەی كورد هەیە داد وگەشەپێدان بوو، بەڵام ئەم حیزبە بەدەر نەبوو لە هەڵەی ستراتیژی، سیاسەتێكی دوو فاقی هەبوو، لەلایەك هەوڵیدەدا كێشەی كورد لەرێگەی سەربازی كۆتایی پێبێنێت بۆ ئەمەش ئۆپەراسێونی سەربازی ئەنجامدا، لەلایەكی تر هیچ هەنگاوێكی مەدەنی نەهاوێشت.

مەترسی توركیا لە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستانی عێراق لەوە هاتووە كە توركیا لەرابردوودا چ لەناو توركیا و چ لە دەرەوە كارێكی زۆریان دژی هەرێمی كوردستان كردووە ئەمڕۆش هاویشتنی هەنگاوێكی جیاواز بە ئەستەم دەبینن.

كە لەم خاڵانەی خوارەوە چڕ دەبێتەوە

1 – توركیا حەز دەكات پەیوەندیەكەی لەگەڵ هەرێمەكەمان هەنگاو بە هەنگاو بێت، واتا هەنگاوێك ئەوان و هەنگاوێك حكومەتی هەرێم بیهاوێژێت، واتا ئیمتیاز بدەنە یەكتر، نەك پەیوەندیەكە گرێ بدرێـت و قازانجەكەشی كەم بێت.

2        – حكومەتی توركیا لەوە دەترسێت كە كوردەكانی هەرێم لەبەرامبەر هەنگاوەكانی توركیا هیچ كارێك بۆ توركیا نەكەن، رۆژنامەنوسێكی تورك دەڵێ لەوانەیە لەدوای دانیشتنەكان تەنها لێدوانێك كارەكە تێكبدات ئەوكاتە دەوڵەتی توركیا شەرمەزار دەبێت، بۆیە توركەكان لەگەڵ دانوستاندنی ستێپ بای ستێپن .
3        – رۆژنامەنوسێكی دیكەیان دەڵێت: لەم سێ ساڵەی رابردوودا دژ بە هەرێمی كوردستان و سەركردەكانیان لێدوانێكی زۆر دراوە و تەشهیرێكی زۆریان پێكراوە، تا ئەو ئاستەی بە تیرۆریست لە قەڵەمدران، بۆیە توركیا لە نێو رای گشتیدا ناتوانێت راستەوخۆ لەسەر ئاستێكی بەرز پەیوەندی دابمەزرێنێت، بۆیە لەناو ئەم هەلومەرجەدا هەنگاوەكەی توركیا و دانیشتنیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی كارێكی كەم نەبوو، دەكرێت بڵێین پارتی گەلی كۆماری چەسارەتێكی زۆریدایە پارتی دەسەڵاتدار بۆ ئەنجامدانی ئەم دانیشتنە.

4        – هەندێك لایەن هەن كە نایانەوێـت ئەم پەیوەندیە دروست بێت، یەكێك لەوانەش سوپایە بۆ سەلماندنی ئەمەش هاوكات لەگەڵ دانیشتنەكە سوپای توركیا ناوچەی پشدەری لەقەڵادزێ تۆپباران كرد.

لەلایەك ووتوێژ لەلایەك بۆمباران
پەیامێك بۆ چوار لایەن

سوپای توركیا لەكاتژمێر 11:40 دەقیقەی شەوی ½ – 5 تا كاتژمێر 3 ی بەرەبەیان لە رێگەی فڕۆكە جەنگیەكانەوە 15 گوندی ناوچەی قەندیلی بۆمباران كرد لەناویاندا گوندەكانی( رەزگە، مارەدوو، قەڵاتوكان، سورەدێ، گۆڕتیسوێ، تەنگی جۆخینكێ، ئاڵیە ڕەش، گردی رەمكان و شوێنی دیكە) خەڵكی قەڵادزێ لە ژوورەوە لەشاشەی تیڤیەكانەوە هەواڵی دانوستاندنی بەغدایان دەبینی لەسەر بانەكانیانەوە كردەوەی سەربازی ناوچەی قەندیلیان بەچاوەكانی خۆیان دەبینی.

سایتی فەرمی پەكەكەش باسی ئەوەیان كرد كە فڕۆكەكان لە ئێرانەوە هاتوونەتە سەر هەرێمی كوردستان، لەنێو دەیان نوسی میدیای توركیدا نوسێنێكی رۆژنامەنوس جەنگیز چاندار سەرنجراكێش بوو كە نوسیویەتی :
لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەییدا بڕیاردرا كە توركیا پەیوەندی لەگەڵ هەموو گروپەكانی عیراقدا ئەنجام بدات، ئەمەش وا لێكردراوەتەوە كە مەبەستی ئەنجومەنەكە هەرێمی كوردستانیش بێت، بۆیە ئێمە با لەو باوەڕەدا نەبین ئەم هەنگاوە نوێیە كە رێگەیەكی راستە راستەوخۆ بە سیاسەتی دەوڵەتی بزانین، چونكە لەوكاتەی كە شاندی توركیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی كۆببۆوە سوپای توركیا ناوچەی قەندیلی بۆمباران كرد.
جاندار درێژەی دەداتێ و دەڵێت: بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەم كردەوە سەربازیانە نارەحەتن، باشە بۆ رۆژێك پێشتر یان پاشتر بۆردوومانەكە ئەنجام نەدرا، بۆ لەكاتی دانیشتنەكە ئەنجامدرا} چونكە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی توركیا دژی ئەنجامدانی ئەم پەیوەندیە بوو، لەلایەكی دیكەوە ئەو ئۆپەراسیۆنەی كە لەكاتی كۆبونەوەكە ئەنجامدرا راستەوخۆ پەیامێك بوو بۆ ئەنقەرە و هەوڵیر، بەغدا و واشنتۆن كە لەم كێشەیەدا لایەنی سەرەكی بناسن ( كە ئەویش سوپایە) {

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.