![فهرامۆشی … ههردی شهفيق فهرامۆشی … ههردی شهفيق](https://dengekan.ca/wp-content/uploads/gcMigration/hardiShafiq_440734049.jpg)
فهرامۆشی … ههردی شهفيق
ئاخ ڕوئیاى من
تۆ ئەو پیاوەت بیر ماوە
تاقەتى نەماوە گۆرانیەکى تر بۆ برینەکەى دڵى بڵێ؟
ئەو پەروانەت لەیادە
بۆ چونە ناو دڵى مانگ خۆى خستە دەریاوە ؟
من ئەزانم گێلاسى حەوشەکەمان ئەم بەهارە تەنیایی ئەگرێت
من ئەزانم لەم پایزەدا کەبرینى عاشقان ئەکولێتەوە
پیاوێک لەنزادا سەیرى ئاسمان ئەکا و ئەڵێت :
تۆ هەلاهەلا بوونى منت بینى و هیچت نەوت
وەک خنکانى دارستانێک لەناو دوکەڵى خۆیدا
لەدورەوە سەیرت ئەکردم
وەک پەپولەیەک
لەدەستەکانى تۆدا ئەمردم و باکت نەبوو
ئاخ ئەى حەقیقەت
ئەى ئەو برینەى هەموو ڕۆژێک بەنینۆک لەسەر دڵم
هەڵت ئەکەنم و خوێنت لێنایەت
ئەو ڕۆحەى زەمانێک بولبولێکى کەیفخۆش تیایدا ئەیخوێند
خۆشەویستى ، خۆشەویستى
ئێستا وەک حەوشەیەک غەرقى چۆڵەوانى و خەیاڵە
کوندەپەپویەک لەگەرویەکى بریندارەوە هاوار ئەکات
وێرانبوون ، وێرانبوون
قەلەڕەشێک بەجلى پرسەوە تیایدا ئەناڵێنێت
تەنیایی، تەنیایی، تەنیایی