Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
سەمای پەرستگا … دانا رەئوف

سەمای پەرستگا … دانا رەئوف

Closed
by April 5, 2013 شانۆ

 

 

 

 

ژنە سەمازانی سەمای پەرستگای کەمبۆدی “ئێم تای” بە موجیزە لە دەست تێرۆری ڕژێمی کەمێرە سوورەکان و دەسەڵاتی پۆل پۆتس، لە دەیەی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕزگاری دەبێت. سەمای پەرستگایش سەمایەکی پیرۆزی ریتواڵی دێرینە و بەر لە دوو هەزار ساڵ لە کۆشکی پادشاکانی کەمبۆدیادا لە دایک بووە و هەر لەم کۆشکانەیشدا پەرەی سەندوە و دواتر بووە بە فۆرمێکی بەهێزی هونەری و شانۆی کەمبۆدییش بنەماکانی هەر لەسەر ئەم سەمایەوە ڕۆناوە.  سەمای پەرستگا بنەمایەکی دینیی هەیە و جوڵەی مەچەک و پەنجەکانی دەست، هەروەها بەکارهێنانی قاچ و بەرزکردنەوەی پێ و مامەڵەکردنێکی هێمن لەگەڵ جەستە ڕەهەند و هارمۆنییەتێکی گرینگی ئەم سەمایەن. سەمازانەکان وەک جۆرە ڕایەڵێک لە نێوان ژیانی سەر زەمین و خواوەندەکاندا ئاماژەیان بۆ کراوە، سەماکەیشیان سەمایەکە بۆ خواوەندەکانییان، هەر لەبەر ئەوەیشە کە سەمازانەکان پێگەیەکی بەهێز و پیرۆزییان هەیە.  

ڕژێمی پۆل پۆست دەیویست کەمبۆدیا بکاتە هاوشێوەیەکی وڵاتی چین و شۆڕشە کولتوورییەکەی “ماو” بگوێزێتەوە بۆ کەمبۆدیا. یەکێک لە دوژمنە گەورەکانی ئەم ڕژێمە هونەرمەندو نووسەر و کەسایەتییە ڕۆشنبیر و خاوەن بڕوانامە بەرزەکان دەبێت. بێگومان هونەری سەما بەر لە هەموو لقە ئەدەبی و فەرهەنگی و هونەرەکانی تری ئەم وڵاتە بەر هێرشێکی توندوتیژی قەلاچۆکردن و لە ناوبردن دەکەوێت. کەمێرە سوورەکان سەمای پەرستگا بە سەمایەکی بۆرژوازی و تایبەت بە دارودەستەی پادشایەتی دەزانن، لەبەر ئەوە هەموو سەمازانەکان دەکوژن و کۆشک و تەلاری سەماکانیشیان دەڕوخێنن.  

بەر لە چەند ساڵێک لەمەوبەر “ئێم تای” بە نەمایشێکی سەمای پەرستگا سەردانی سوێد و ماڵی سەمایان لە ستۆکهۆڵم کردو بە دەنگ و جوڵەی جەستەو لە نەمایشێکی ناوازەدا ئەو یادەوەرییە تاڵەیان گێڕایەوە و ئەو زەمەنە خوێناوییەیان بەرجەستە کرد. هونەرمەندی بە نەژاد چینی و دانیشتووی سینگاپورا “ئۆنگ کێنگ سێن” کاری لەگەڵ ئەم سەمازانە کەمبۆدییانە کردووە و لە بنەمایەکی دیکۆمێنتاری و گەڕانەوە بۆ ژیان و چارەنووسی ئەو خەڵکەوە، نەمایشێکی سەمائامێزی خوڵقاندووە. “ئۆنگ کێنگ سێن” بە شێوەیەکی بەردەوام کار لەسەر فۆرمە دێرینەکانی شانۆی ڕۆژهەڵات، بە تایبەتی شانۆی چینی دەکات و لە هەوڵی ئەوەدایە بیانبەستێتەوە بە فۆرمە مۆدێرنەکانی ئەمڕۆوە و شیوازێکی نوێ لە نێوان کولتووری دێرینی ڕۆژهەڵات و شانۆ و تەکنیکی شانۆی ڕۆژئاوادا، لە فۆرم و شانۆیەکی تایبەت بە خۆیدا دروست بکات. ئەم شانۆکارە بەوپەری سەربەستییەوە سنووری وڵاتان و سەردەمە جیاوازەکان و فۆرم و شێوازەکان تێ دەپەڕێنێت و تاقییان دەکاتەوە و لە کارەکانیدا مامەڵەیەکی گشتگر و سەربەستیان لەگەڵ دەکات. بۆ نموونە، ئەم نەمایشەی لەگەڵ کەمبۆدییەکاندا تەنها سەما نییە، سەمایش سەمایەکی مۆدێرن یان ترادیشۆنی نییە، بەڵکو ئاوێتەیەکی هێمن و بە سەلیقەی هەموو بنەما کۆن و نوێیەکانە. سەما، کورتە فیلم، شانۆی سێبەر، شانۆی بووکەڵە، شانۆی تۆماری، نواندن و ڕووبەرووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆو گێڕانەوەی ڕووداوەکان یەکە گرینگەکانی نەمایشەکە پێک دەهێنن. ئەم ریژیسۆرە نەمایشەکەشی بە “دژە شانۆ” ناوزەد دەکات. 

“ئێم تای” لە یەکێک لە بەشەکانی نەمایشەکەدا بە هێمنی ڕوو دەکاتە بینەران و یادەوەرییەکانی خۆی دەگێڕێتەوە:(کە لە زیندان دەستبەسەر بووم، ڕۆژانە لە کێڵگەکانی برنجدا کاریان پێ دەکردم، لە کاتی پشووەکانیشدا یاساوڵەکانی کەمێرە سوورەکان ناچاریان دەکردم کە سەمای کلاسیکی پەرستگایان بۆ بکەم. دەیانوویست بە هەموو شێوەیەک سووکایەتیم پێ بکەن، بە شێوەیەکی کاریکاتۆری لاساییان دەکردمەوە، پێم پێ دەکەنین و لێیان دەپرسیم؛ بۆچی سەمای پەرستگا بە دوو دەست دەکرێت، کە لە هەوادا دەسووڕێتەوە، لە کاتێکدا یەکێک لە قاچەکانت بەرز دەکەیتەوە!) دوای ئەوە بەسەرهاتەکە تێکەڵاوی سەمای پەرستگا دەکات، یادەوەرییەکان زیندوو دەکاتەوە و بە فۆرمێکی هونەری پرسیار لەلای ئێمە، ئێستاو لەم سەردەمەدا دروست دەکات. 

ئەم ساڵ فۆندێکی لێکۆڵینەوە و پشکنینی هونەرمەندانی سوێدی یارمەتی داراییان بۆ دابین کردووم تا سەردانی سینگاپورا و کەمبۆدیا بکەم، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لە پرۆژەکانی ئەم هونەرمەندانە بکۆڵمەوەو هێڵی هاوبەش، گەر هەبێت بدۆزمەوە. سەرەتا لە سینگاپورا چاوم بە “ئۆنگ کێنگ سێن” دەکەوێت و ئامادەی هەندێک لە نەمایش و ۆرک شۆپەکانیان دەبم، دواتر دەچمە کەمبۆدیا و لەوێ لێکۆڵینەوەکانم لە سەر سەمای پەرستگا دەست پێ دەکات. یەکێک لەو خاڵانەی کە دەمەوێت کاری لەسەر بکەم، چۆنییەتی بەکارهێنانی هونەرە وەک ئامڕازێکی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، بۆ باسکردنی کارەساتە گەورەکان و هونەرێکی بەرز وەک چارەسەرێکی دەروونی. ئەنجامی ئەم سەفەرانە و لێکۆڵینەوەکەیشم بە سوێدی و کوردی بڵاودەکرێنەوە. 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.