Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
من ( دەقی تەمەن ) …. – بەشی سێیەم

من ( دەقی تەمەن ) …. – بەشی سێیەم

Closed
by April 9, 2013 ئەدەب

 

 

 

١    

 

من لەنێو پایزێکی نێو چاوەکانی تۆ 

دەمەوێت هەموو وەرزەکانی جەستەت گەمارۆ بدەم

من لە ژێر کەپرێکی بنار مەمکۆڵەکانی تۆ 

دەمەوێت هەموو کەنار دەریاکانی گەردوون گڕبدەم

کە عەشق لەنێو خەونەکانی تۆ هێندە نیشتیمانێکی گەورە بێت 

ئیدی بۆ دەبێت من 

تا ئەبەد لە دووری تۆ و لە دووری نیشتیمانەکەم دا بسووتێم 

 

٢

 

من لە ژیان بۆ هیچ شتێک ناچەمێمەوە 

تەنها مەمکەکانی تۆ نەبێ 

بۆیە تا مردن 

خۆم بە مورید و 

ئەسیری جەستەی تۆ دەزانم  

 

٣

من تەمەنی خۆم کردە مۆمێک و 

لەنێو مەمکۆڵەکانی تۆم داگیرساند

هەموو تێکستە ئیرۆسیەکانی خۆم

لەسەر جەستەی تۆ نووسیەوە

تۆش ژیانی منت لە نێو 

ژوورە تاریکەکانی مردن جێهێشت و

چاوەکانمت پڕ کرد

 لە ئەستێرە زەرد و سوورەکانی بێهوودەیی

 

٤

ڕەشبینی من 

لە ڕەشبینیەکەی بەفر دەچێت

کاتێک  

بیر لە خۆم و بیر لە خەونەکانم و  

بیر لە ژنە ڕەشپۆشەکەی 

نێو شیعرەکانم دەکەمەوە 

 

٥

بەبڕوای من 

 ڕەگی شیعر دەچێتەوە سەر 

 بنەچەی جوانیەکانی تۆ 

بۆیە

 هەمیشە و هەمیشە و هەمیشە

زەردەخەنەی سەر ڕوخسارت 

منی شاعیر مەست و حەیران دەکا 

 

٦

من بە پرشنگە مێیینەکانی خەیاڵت

نیشتیمانی نێو شیعرەکانم دەڕازێنمەوە 

بە مۆرفیمە نارنجیەکانی نێو خەونەکانیشت

بوونم پڕ دەکەم لە تۆ 

 

 

٧

من بە مەسکارا و قەڵەمی لێوە ناسکەکانی تۆ

چەندین دیوانە شیعرم نووسیەوە و

 کەپرێکیشم

 لە وشە ئیرۆسیەکانم بۆت دروست کرد  

 

٨

ئەی مەریەمی مورادەکانم 

من و ئەم گەردوونە 

پیربووین بە میلۆدییەکانی مردن

دە بەم کەمانجەی

پرچە خەنەییە ئاوریشمیەت

ئاوازێکی نوێمان بۆ بچڕە 

 

٩

ژیان لە ژوورەکەی من 

لە گۆشەیەکدا

 بە گرمۆڵەیی پاڵکەوتووە

لەو ئێوارەیەش

کە بۆنی مردنی لێدێ

ستیانەکەی

 بە تەنافی بێهوودەیی 

هەڵدەواسێ

 

١٠

من ئایندەی خۆم و ئومێدەکانم  

بە تۆ بەخشی 

تۆش لیمۆیە سەوزەکانی ئارەزووەکانی خۆت

من هەموو ژیانی خۆم تەسلیم بە تۆ کرد

تۆش مشتێ لە خۆڵەمێشی خەمەکان و  

چەند پایزێکی 

نێو باخچەکانی عەشق و هیچیتر

 

١١

دڵۆپ دڵۆپ 

لەسەرگۆنات  

دەڕژێمە نێو کۆشی خەونەکانت

ڕانەکانت تەڕ دەکەم 

بە خەیاڵە گەرمەکانم

هەموو جەستەت دەکەمە ئاو 

دەتشۆمەوە بە شەونم 

تا تێکەڵ بە خاک ببیەوە 

دووبارە 

وەک کولیکە سوورێکی چاو ڕەش

سەردەربێنیەوە 

لەنێو پێدەشتەکانی دڵی من 

 

١٢

من بە هەر ڕێگایەکدا دەڕۆم

لەو سەرەوە دەگەمەوە

 نێو 

کێلگەکانی مردن و  

باغەکانی بێهوودەیی

دەزانم لەنێوان من و تۆش 

سەبەتەیەک

 لە نهێنیەکانی عەشق هەیە 

لەگەڵ ئەوەش 

مەرج نیە هەموو جارێک

من و تۆ 

بەهەمان ڕێگادا ڕێ بکەین

 

١٣ 

من هەموو جوانی 

نێو سروشتی 

خەونەکانی خۆم 

بە تۆ سپارد 

دەتۆش 

لاولاوەی خەونە سپیەکانت 

سپیێتی لاولاوەی خەونەکانت 

خەونە سپیە لاولاوەییەکانت

بەمن بسپێرە ئەی شۆخ 

 

١٤

من ماڵێکم لەنێو هەورە 

ماڵێکیشم لەوبەر دەریا 

من بە جەستە 

لەنێو کۆڵانەکانی ئەستێرەم 

بە ڕۆحیش 

لەنێو شەقامەکانی گژووگیا

بە خەیاڵ 

لەنێو سەهۆڵبەندانی غوربەتم

بە خەونیش 

وام لە ئامێزی

برووسکە و گەردەلوول و ڕەشەبا

 

١٥

من من من  

تۆ تۆ تۆ 

ئەوە چی بوو 

هەر نەبڕایەوە 

ئەم چیڕۆکی مردنی من و 

ئەم ڕەشبەڵەک و 

بە کەعبەبوونی عەشقەی تۆ ؟!

 

 


       کۆتایی فێبروەری ٢٠١٣

 ناڵە حەسەن 

 

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.