
فه‌یسبوک وه‌ک نه‌خۆشییه‌کی سه‌رده‌م
“من فه‌یسبوکم هه‌یه، که‌واته من هه‌م”
سه‌ره‌تایه‌کی پێویست
فه‌یسبوک وه‌ک میدیایه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی (Social Media) له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ڕووبه‌رێکی گه‌وره‌و دیاری دونیای ئینته‌رنێتی بۆ خۆی داگیرکردووه. ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێت قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌م پوخته‌یه‌که له چۆنێتی به‌کارهێنان و کاریگه‌رییه‌کانی له‌سه‌ر ژیانی ئێمه‌و کۆمه‌ڵگا.
بێگومان ده‌رکه‌وتنی میدیای کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ک چات، مه‌کۆ و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان تا ده‌گاته یارییه‌کان هه‌ریه‌که بۆ خۆیان پێوویستییان به لێکۆڵێنه‌وه‌ی ورد هه‌یه بۆ شه‌ن و که‌و کردنی کاریگه‌رییه‌کانیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه باش و خراپه‌کانیان، که به‌داخه‌وه تا ئێستا له‌به‌ر هه‌ر هۆکارێک بێت له‌ناو ڕۆشبیریی ئێمه‌دا ئه‌م کاره نه‌کراوه، بۆیه ده‌بینین، که کۆمه‌ڵگای ئێمه به‌تایبه‌تی گه‌نجه‌کانمان به ئاراسته‌ی لایه‌نه زیانبه‌خش و خراپه‌کاندا ده‌ڕۆن .
ده‌روونناس و نووسه‌ری ئه‌مه‌ریکی جیم تایلۆر له کتێبی (Raising Generation Tech) ئامۆژگاری دایکان و باوکان به‌وه ده‌کات، که “به‌کارهێنانی ئامێره‌کان و میدیای به‌کاربه‌ر (Medienkonsum) وه‌ک تابلێت (Tablet) و مۆبایله زیره‌که‌کان(Smartphone) مناڵ و گه‌نجه‌کان بۆ جیهانێکی ته‌مه‌ڵ ئاماده ده‌کات”.
ڕاسته میدیای به‌کاربه‌ر (چه‌مکێکی نوێیه بۆ به‌کارهێنانی کۆی ئه‌و ئامێرانه دێت، که ئه‌مڕۆ هه‌ریه‌که‌مان له ژیانی ڕۆژانه‌دا به‌کاری ده‌هێنین) سه‌ره‌تا له ڕێگای ڕادیۆو ته‌له‌فزیۆنه‌کانه‌وه، که توانایان هه‌بوو مرۆڤه‌کان جگه له ڕووداو‌و هه‌واڵه‌کانی جیهان ئاگادار بکه‌نه‌وه‌و له شوێنێکی بچوک و داخراوی ئه‌م جیهانه‌دا ده‌ربهێنێت و بیانکاته مرۆڤێکی جیهانی. به‌ڵام له‌گه‌ڵ زیاتر پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆژیاو به‌رهه‌مهێنانی زیاتری ئامێره‌کان ئه‌م خاڵه پۆزه‌تیفه به‌ره‌و خاڵێکی نیگه‌تیڤ هه‌نگاو ده‌نێت به‌وه‌ی مرۆڤه‌کان له بوونه‌وه‌رێکی جیهانییه‌وه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه شوێنێکی بچوک و داخراو له گۆشه‌ی ماڵ یان ژوورێکدا قه‌تیسی ده‌کات.
فه‌یسبوک ئێستا یه‌کێکه له‌هه‌ره دیارترین میدیای به‌کاربه‌ر، که نزیکه‌ی 1/6 ی مرۆڤه‌کانی سه‌ر ڕووی زه‌وی به‌کاریده‌هێنن. به‌کارهێنانی فه‌یسبوکیش وه‌ک هه‌ر میدیایه‌کی به‌کاربه‌ری تر ده‌شێت لایه‌نی باش و خراپی خۆی هه‌بێت، ئه‌گه‌رچی زۆرێک له ده‌روونناسان و پسپۆڕانی په‌روه‌رده سه‌باره‌ت به گه‌نجه‌کان که‌متر خاڵی پۆزه‌تیف له‌م تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا ده‌بینن، چونکه هۆکارێکه بۆ ئالوده‌بوون و گۆشه‌گیریی مرۆڤه‌کان.
ئێمه بێگومانین له‌وه‌ی هه‌ر شتێک ئه‌گه‌ر پێوویستیش بێت له ڕێژه‌ی خۆی زیاتر به‌کاری بهێنین ئه‌وا به زیان بۆمان ده‌گه‌ڕێته‌وه، واته خوگرتن به‌هه‌ر شتێکهوهو ئالوده‌بوون له‌سه‌ری ئه‌وا نه‌ک ده‌بێته مایه‌ی زیان به‌ڵکو ده‌بێت به نه‌خۆشی و پێوویستی به‌چاره‌سه‌ر ده‌بێت، ئه‌مه‌ش له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا له‌لایه‌ن پسپۆرانی نۆیرۆلۆگ (Neurologie)، ده‌روونناسان و سۆسیالپێداگۆکهکان (Sozialpädagogik) گه‌شتوونه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، گه‌یمه‌کانی سه‌ر کۆمپوته‌ر، ئامێره‌کانی وه‌ک ئه‌تاری تا ده‌گاته ئامێره نوێکان وه‌ک وی (wii) و دی ئێس (DS) هۆکاری سه‌ره‌کی ده‌مارگیریی (Nervousness) مناڵ و گه‌نجه‌کانن، به‌رده‌وام ئامۆژگاری دایکان و باوکان به‌وه ده‌که‌ن مناڵه‌کانیان له ئامێره‌کان دوور بخه‌نه‌وه، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌ش کارێكی ئه‌وه‌نده ئاسان نییه له‌سه‌رده‌مێکدا، که پێی ده‌گوترێت ژیانی مۆدێرن، به‌تایبه‌تی له‌و ووڵاتانه‌ی ته‌کنه‌لۆژیا بووه به به‌شێک له ژیانی خه‌ڵک، به‌ڵام ئه‌مه‌ش نابێته بیانوویه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانرێت مناڵ و گه‌نجه‌کان له میدیای به‌کاربه‌ر دووربخرێنهوهو ناکرێت ئێمه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆمان له‌گه‌ڵ منداڵه‌کانمان ماندوو نه‌که‌ین و ئارامی و ئیسراحه‌تمان تێک نه‌ده‌ین پاڵ به مناڵه‌کانمانه‌وه بنێنن بۆ ئه‌وه‌ی خۆی به یه‌کێک له ئامێره‌کانه‌وه خه‌ریک بکات.
خراپترین په‌روه‌رده له‌ناو خێزاندا ئه‌وه‌یه ئامێره‌کان بکرێنه چاره‌سه‌ری گرفت و کێشه‌کان، واته کاتێک مناڵه‌که‌ت بگری و بیانوو بگرێت تۆ له هۆکاری گریان و بیانووگرتنهکهی نه‌کۆڵێته‌وه‌و هیچ ڕێگایه‌کی ته‌ندرووست بۆ چاره‌سه‌ری نه‌گریته‌به‌ر یه‌کسه‌ر ئامێرێکی ته‌له‌فۆن یان یاریکردن بخه‌یته به‌رده‌ستی به ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی ئارام بێته‌وه‌و نه‌گری، به‌مه‌ش تۆ نه‌ک نه‌تتوانیوه کێشه‌که‌ی چاره‌سه‌ر بکه‌یت، به‌ڵکو کێشه‌یه‌کی ترت بۆ درووستکردووه، ڕه‌نگه له کاتێکی تردا بگری به‌س بۆ ئه‌وه‌ی ئامێره‌که‌ی بده‌یتێ.
ئه‌وه‌ی ده‌توانێت نه‌وه‌کانی داهاتوو له‌هه‌ڕه‌شه‌ی ئالوده‌بوون به ئامێره‌کان و میدیای به‌کاربه‌ره‌وه بگرێت بێگومان پێش هه‌ر که‌سێک خێزانه (به پله‌ی یه‌که‌م دایک و باوک)ه، به‌ڵام پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه ئه‌ی ئه‌گه‌ر دایک و باوک بۆ خۆیان به یه‌کێک له میدیای به‌کاربه‌ره‌وه ئالوده بوون، ده‌بێت چاره‌نووسی داهاتووی مناڵه‌کانی چۆن بێت؟.
هه‌موومان ده‌بینین له ئێستادا به هۆی زۆربوونی که‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنییه‌کانه‌وه، که که‌مترین پسپۆر‌و خه‌ڵکی ئه‌کادیمی و به‌توانایان تێدایه که‌ناڵه‌کان به ئاراسته‌یه‌کی زانستی و په‌روه‌رده‌ییدا ببه‌ن، جگه له‌وه‌ش هه‌ر هه‌موو ئه‌و که‌ناڵانه که‌ناڵی حیزبه‌کانن، واته که‌ناڵی سیاسین به‌مانا هه‌ر ته‌قلیدییه‌که‌ی، ئه‌مه‌ش زیانه‌کانی زۆر زیاتره له‌که‌ناڵێکی ئه‌هلی نا پرۆفیسۆنال، که‌واته که‌ناڵێکی 24 کاتژمێری به‌لای که‌مه‌وه پێوویستی به ده‌یان ده‌روونناس، ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌روونانسی ئابوری، کۆمه‌ڵناس، سۆسیالپێداگۆکیک، یاساناس، ڕۆژنامه‌نووس، نووسه‌ر، ڕۆشنبیر، شاره‌زا له‌بواری فه‌لسه‌فه‌و هه‌موو ئه‌و بوارانه‌ی تری ڕاگه‌یاندن، که په‌یوه‌ندیان به پێگه‌یاندنی هۆشیاری مرۆڤه‌کانه‌وه هه‌یه، به‌ڵام کاتێک ئه‌مانه‌ت نه‌بوو بێگومان پێوویستت به ئه‌لته‌رناتیڤێکی تر هه‌یه، که ئه‌و بۆشاییانه پڕ بکاته‌وه، ئه‌مه‌ش خراپترین ئه‌لته‌رناتیڤه، چونکه مه‌به‌ست و ئامانجه‌که ده‌چێته ده‌ره‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری و وه‌ک ئه‌و کۆمپانییانه‌ی لێدێت ژه‌هر به‌رهه‌م ده‌هێنن.
ئه‌گه‌ر سه‌رنجێکی کورت بده‌ین له ئێستادا ده‌بینین که‌ناڵه‌کان له ململانێدان بۆ وه‌رگێڕان و په‌خشکردنی ئه‌و زنجیره درامایانه‌ی توانای سه‌رنجڕاکێشانی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌یان هه‌یه، واته مه‌به‌سته‌که لێره‌دا به‌ته‌نها ئه‌وه‌یه له‌م ڕێگایه‌وه سه‌رنجی زۆرترین بینه‌ر بۆ خۆیان ڕابکێشن نه‌ک پێشکه‌شکردنی درامایه‌کی جوان و به‌که‌ڵک. به هۆی ئه‌وه‌ی ڕێژه‌یه‌کی زۆر له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا نه‌خوێنده‌وارو ناڕۆشنبیرن زوو ده‌که‌ونه داوی ئه‌م درامانهوه و دراماکان ئه‌بن به به‌شێک له ژیانی کۆمه‌ڵگاکه‌مان، ئه‌مه‌ش وا ده‌کات ببێته هۆی درووسبوونی ڕۆشنبیرییه‌ک، که من ناوی ده‌نێم ‘ڕۆشنبیریی کۆله‌کتیڤ’، که‌له‌سه‌ر کوشتنی هه‌موو به‌هایه‌کی ڕۆشنبیریی و زانستیی خۆی بنیاد ده‌نێت، ئه‌م جۆره ڕۆشنبیرییه، که‌وا ده‌کات تۆ سه‌دان ڕۆمان بخوێنیته‌وه‌و ناوی سه‌دان نووسه‌ری جیهانی بزانیت گه‌مژه ده‌ربکه‌ویت کاتێک ناوی یه‌کێک له زنجیره دراماکان نه‌زانی و پاڵهوانهکانییان نه‌ناسیت….
درووستبوون و سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م جۆره ڕۆشنبیرییه له‌هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کدا جگه له جۆرێک له ئالوده‌بوون به میدیای به‌کاربه‌ره‌وه له‌ناو خێزانه‌کاندا، به‌های خوێندن و ڕۆشنبیریی گشتی تا ده‌گاته ئاستی پسپۆربوون له زانسته‌کاندا ده‌کوژێت. بێگومان ئالوده‌بوونی دایک و باوکه‌کان به‌م کهناڵانهوهو به‌تایبه‌تی دراماکانه‌وه ئایندهی مناڵه‌کان به ئاراسته‌یه‌کی خراپ‌دا ده‌بات، ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌کی گه‌وره بۆ کۆمه‌ڵگای ئێمه له داهاتوودا درووستده‌کات.
دیاره له‌سه‌ر چۆنێتی په‌روه‌رده‌ی ته‌ندرووست له‌ناو خێزاندا قسه‌مان زۆره، که چۆن بتوانین نه‌وه‌یه‌کی ته‌ندرووست به‌رهه‌م بهێنین، لێره‌دا ده‌وه‌ستم و ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر مه‌به‌ستی ئه‌م وتاره، که وه‌ک له‌ناونیشانه‌که‌یدا دیاره مه‌به‌ستمان له‌چییه!.
فه‌یسبوک وه‌ک نه‌خۆشییه‌کی سه‌رده‌م
“پێش هه‌موو شتێک با ئه‌وه به خوێنه‌ر بڵێم، که من دوژمنی به‌کارهێنانی هیچ میدیایه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی نیم و به‌ڵکو به‌کارهێنانی به پێوویست ده‌زانم تا ئه‌و جێگایه‌ی نه‌بێت به هۆی ئالوده‌بوون و کێشه‌ی ده‌روونی بۆ به‌کاربه‌ره‌کان و درووستبوونی کێشه‌ی خێزانی و تاده‌گاته هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خێزان، که ئه‌مه‌ش به‌ته‌نها زیان به خێزانێک و دووان ناگه‌یه‌نێت به‌ڵکو به زیان بۆ سه‌رجه‌می کۆمه‌ڵگا ده‌گه‌ڕێته‌وه.
به‌پێی ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ی له‌سه‌ر خێزانه هه‌ڵوه‌شاوه‌کان کراوه، پێش هه‌موو که‌س مناڵه‌کانییان ده‌بنه قوربانی، مناڵ‌یش نه‌وه‌ی داهاتووی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌یه، که‌واته جیاوازییه‌که زۆره مناڵێک له‌ناو خێزانێکی ئارام و پهوهردهیهکی ته‌ندروستدا گه‌وره ببێت وه‌ک مناڵێک له‌ناو شه‌ڕو ئاژاوه‌ی خێزاندا په‌روه‌رده ببێت….تد”.
فه‌یسبوک وه‌ک تۆڕێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، که ئێستا له جیهاندا خه‌ڵکان و کۆمپانیایه‌کی که‌م سودی لێده‌بینن، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕێژه زۆره‌ی به ده‌ستییه‌وه توشی زیان و ئالوده بوون ده‌بن.
ئالوده‌بوون به‌هه‌ر شتێکه‌وه ده‌شێت وه‌ک نه‌خۆشییه‌کی ترسناک چاوی لێبکرێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نییه، که چاره‌سه‌ری نه‌بێت. هێشتا ئامارێکی درووست نییه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، که ئه‌وانه‌ی به ئه‌لکهول و نیکۆتین ئالوده‌بوون له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌ی له‌سه‌ر فه‌یسبوک ئالوده‌بوون چه‌نده، به‌ڵام ئێستا له ئه‌وروپا چه‌ندین ئینستیتوت، ده‌زگای ئه‌کادیمی و ته‌ندروستی و مه‌کۆی ئینته‌رنێتی هه‌ن بۆ هاوکاری و چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌سه‌ر به‌کارهێنانی فه‌یسبوک ئالوده بوون، که ئه‌مه هێشتا له‌لای ئێمه نییه له‌کاتێکدا زۆربه‌ی به‌کارهێنه‌رانی کورد ئالوده‌ن و عه‌قڵییه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی ڕێگایان پێ نادات دان به‌م ڕاستییه‌دا بنێن و داوای چاره‌سه‌ر بکه‌ن، که‌ئه‌مه‌ش هۆکارێکی ده‌روونی هه‌یه، پێی ده‌گوترێت بڕوابه‌خۆنه‌بوون (self-conscious).
له ماوه‌ی ئه‌زمونی دوو ساڵ به‌کارهێنانی فه‌یسبوک تا ڕاده‌یه‌ک گه‌یشتوومه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی ده‌توانم بڵێم به‌شی هه‌ره‌زۆری به‌کارهێنه‌ران له فه‌یسبوک ئالوده‌بوون و به‌خۆیان نازانن یان ده‌زانن و نایانه‌وێت خۆیان چاره‌سه‌ر بکه‌ن، ئه‌مه‌ش دوو هۆکاری دیاری هه‌یه.
یه‌که‌م: ئالوده‌بوون (Addictions) به ئه‌ڵمانی (sucht) ئه‌م وشه له ڕووی ئێتیمۆلۆژییه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر وشه‌ی (siechen) که له ئینگلیزی‌دا ده‌بێت به (sick) ئه‌مه‌ش له ڕووی زمانه‌وانییه‌وه هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێک واتایه ئه‌گه‌رچی هه‌موویان له‌ده‌وری ناتهندرووستبوون ده‌سوڕێنه‌وه، وه‌ک “بیماری، نه‌خۆش، ده‌رده‌دار، ماندوو” جگه له‌مه‌ش له زمانی ئه‌ڵمانیدا پێناسه‌یه‌کی زۆر جوان بۆ ئه‌م وشه هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه”که‌سێک به ده‌ست ده‌ردێکه‌وه ئازاربکێشێت”.
به کورتی ئه‌و که‌سانه‌ی به شتێکه‌وه ئالوده‌بوون مرۆڤگه‌لێکی بیمارن و له‌ناخ و ده‌روونی خۆیاندا هه‌میشه هه‌ست به شکست و نوشوستی ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش یه‌کێکه له‌و هۆکارانه‌ی ئه‌و مرۆڤانه توشی گرێی خۆبه‌که‌مزانین (Inferiority complex) ده‌کات بۆیه به‌رده‌وام پێوویستییان به ماسکێک هه‌یه کاتێک ده‌رده‌که‌ون بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نی به‌رامبه‌ر هه‌ست به بیماریی و لایه‌نه لاوازه‌کانی ناوه‌وه‌یان نه‌کات.
له ڕوویه‌کی تره‌وه یه‌کێک له ههرهکێشه ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم نه‌خۆشییه‌کانی کۆمه‌ڵگای خۆرهه‌ڵاتی له‌بری ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌کانی بکات له ده‌ستی هه‌ڵدێت، ئه‌مه به ڕوونی له‌ناو کۆمه‌ڵگای ئێمه‌شدا دیاره، که قه‌ت کێشه چاره‌سه‌ر ناکه‌ن به‌ڵکو لێی ڕاده‌که‌ن، که ئه‌مه‌ش بۆ خۆی جۆرێکه له‌نه‌خۆشی، واته بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌که‌ی بشارێته‌وه‌و چاره‌سه‌ری نه‌کات خۆی لهماسکێکی تردا ده‌شارێته‌وه.
ئه‌گه‌ر قسه‌کانم کورت بکه‌مه‌وه، ئه‌وه‌یه تا ئێستا ئالوده‌بوون له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا وه‌ک نه‌خۆشی سه‌یر نه‌کراوه ئه‌وه‌نده‌ی وه‌ک دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی دزێو سه‌یرکراوه، بۆیه هه‌میشه ئه‌وانه‌ی به‌ده‌ست ئه‌م نه‌خۆشییه‌وه ده‌ناڵێنن له‌بری چاره‌سه‌ر هه‌وڵی شاردنه‌وه‌ی ده‌ده‌ن، به‌مه‌ش کۆمه‌ڵگای ئێمه وه‌ک ئه‌و سینه‌مایه‌ی لێ دێت، که پاپا لاگی له کتێبی “پیاوه سپییه‌که”دا به ژیانه ساخته‌که وه‌سفی ده‌کات و ده‌ڵێت: (نه‌خۆشێک ده‌توانێت ڕۆڵی تهندروستێک ببینێت و لاوازێکیش هی به‌هێزێک، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مانه تارماییه مرۆڤن، وه‌رگرتنی ئه‌و تارماییه ساختانه هیچ ژیانێکی ڕاسته‌قینه‌ی تێدا نییه).
دووه‌م: له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ چاره‌سه‌رێک ئاسان نییه‌و کارکردنی به‌رده‌وامی ده‌وێت، مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش به‌جۆرێک ته‌مه‌ڵ بووه هه‌میشه به دوای ئاسانترین ڕێگادا ده‌گه‌ڕێت، ئه‌مه‌ش له لای زۆربه‌مان ڕووی داوه کاتێک له لوتکه‌ی چیایه‌ک ده‌ڕوانین هه‌میشه پێمانخۆشه جارێک له‌سه‌ر ئه‌و لوتکه‌یه بین و له‌وێوه هه‌وایه‌کی پاکتر هه‌ڵبمژین و له دونیای ده‌وروبه‌رمان جوانتر بڕوانین، به‌ڵام که‌سمان بیر له‌وه ناکاته‌وه بڕیار بدات بۆ ئه‌و لوتکه‌یه چه‌ند سه‌ختیش بێت سه‌ربکه‌وێت.
ناکرێت ئێمه بڕوامان به تواناکانی خۆمان نه‌بێت و پێش ئه‌وه‌ی هه‌نگاوێک بۆ سه‌ر لوتکه‌ی کێوه‌که بنێین یه‌کسه‌ر وا بیر بکه‌ینه‌وه، که سه‌رکه‌وتن بۆ شوێنه به‌رزه‌کان کاری نه‌کرده‌یه، سه‌خته، ڕه‌نگه ماندوو ببین یان ڕه‌نگه قاچێکم بپلێت و ههڵدێڕیم، ئه‌مانه ته‌نها بیانوویه‌کن مرۆڤه لاوازه‌کان به‌رده‌وام بۆ شکسته ڕۆحی ته‌مه‌ڵییه فیزیکییه‌کانی خۆیان ده‌یهێننه‌وه، چونکه وته‌یه‌کی جوانی بێرتۆلد برێشت هه‌یه ده‌ڵێت:”ئه‌وه‌ی خه‌بات ده‌کات ڕه‌نگه بدۆڕێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هیچ خه‌باتی نه‌کردووه ده‌مێکه دۆڕاوه” واته تۆ هه‌ر هه‌وڵ و کارێک بکه‌یت ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وتنیش به‌ده‌ست نه‌هێنیت هێشتا له‌و که‌سه سه‌رکه‌وتووتریت، که هیچ هه‌وڵێکی نه‌داوه.
ئه‌و که‌سانه‌ی له‌سه‌ر فه‌یسبوک ئالوده بوون یان ده‌بن، به‌ته‌نها زیانه‌کانیان له‌وه‌دا نییه ده‌بنه مرۆڤێکی پاسیڤ و ده‌روون نه‌خۆش، به‌ڵکو مه‌ترسییه گه‌وره‌که له‌وه‌دایه فه‌یسبوک جێگای ژیان و هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌کانی بۆ ده‌گرێته‌وه، که ئه‌مه له ده‌روونناسیدا به‌جۆرێک له جۆره‌کانی خۆکوشتن ناوی ده‌به‌ن.
دیاره مه‌به‌ست له خۆکوشتن لێره به‌ته‌نها لایه‌نه فیزیکییه‌که‌ی نییه ئه‌وه‌نده‌ی لایه‌نه ڕۆحییه‌که‌ی مرۆڤه، که چ هه‌ست و سۆزێکی به‌رامبه‌ر به ده‌وروبه‌ره‌که‌ی و ژیان نامێنێت، ئه‌مه خراپترین جۆری خۆ له‌ناوبردنه کاتێک مرۆڤ له موماره‌سه‌کردنی ژیانی سروشتی داببڕێت و ئامێرێک کۆنترۆڵی ژیانی به‌شێوه‌یه‌ک بکات بڵێت:” دوورکه‌وتنه‌وه له فه‌یسبوک وه‌ک ئه‌و مناڵه وایه دایکی بمرێت” ئه‌مه هه‌ستی گه‌نجێکی ئه‌ڵمانییه به‌رامبه‌ر به فه‌یسبوک، که ڕۆژنامه‌ی (Süddeutsche Zeitung) کردبووی به مانشێت.
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجی منه له‌سه‌ر فه‌یسبوک ئه‌و گه‌نج و خه‌ڵکه ناهوشیارانه نین، که پێیان وایه فه‌یسبوکت نه‌بێت ئیتر تۆ که‌سێکی دواکه‌وتوویت و به چاوێکی زۆر سه‌یر لێتدهڕوانن و پێیان وایه مۆدێرنبوونی مرۆڤ به‌ستراوه به هه‌بوونی فه‌یسبوکه‌وه و ئه‌گه‌ر تۆ فه‌یسبوکت نه‌بێت و لێی نه‌زانیت که‌سێکی ناته‌واویت، به‌ڵکو قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌یه خۆیان به نوخبه ده‌زانن، که له‌بری ئه‌وه‌ی خه‌ڵک له‌و دیاردانه‌ی مه‌ترسییان بۆسه‌ر ژیان و په‌یوه‌ندییه‌کانییان هه‌یه هوشیاربکه‌نه‌وه ده‌بنه به‌شێک له جیهانی خه‌ڵکه ناهوشیار و بێئاگاکان، ئه‌مه کاره‌ساته‌که‌یه وزه‌و توانای خۆیان له فه‌یسبوکدا خه‌رج بکه‌ن و ببنه به‌شێک له دونیای گه‌مژه‌و گێله‌کان، که به‌خته‌وه‌ری و خۆشییه‌کانی ژیانیان له‌و نوکتانهدا ده‌دۆزنه‌وه له‌سه‌ر بریندارکردنی مرۆڤه‌کانی تر درووستکراون، به‌ڕاستی ئه‌مه جێگای هه‌ڵوێسته له‌سه‌رکردنه، که گه‌مژه‌کانی وڵاتی ئێمه ناتوانن نوکته‌یه‌ک درووست بکه‌ن ئه‌گه‌ر که‌سێکی پێ بریندار نه‌که‌ن، که‌چی نووسه‌رو ڕۆشنبیره‌کانمان قاقا پێده‌که‌نن و لایک به کۆمێنت ده‌ڵێت ڕێمکه (ڕێگام بکه).
ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رنجی زۆرێک له لاپه‌ڕه کوردییه‌کانم داوه بابه‌تێکی وا نادۆزیته‌وه بایی ئه‌وه قسه هه‌ڵبگرێت گفتوگۆی له‌سه‌ر بکه‌یت، کاتێکیش تۆ بابه‌تێکی جدی پێشنیار ده‌که‌یت زۆریان ده‌ڕۆن و خۆیان ده‌شارنه‌وه، یان هه‌ندێكیان هێنده لوتیان به‌رزه به‌ئاسته‌م به‌رقاچی خۆیان ده‌بینن، به‌و شێوه‌یه بیرده‌که‌نه‌وه ده‌بێت به‌رده‌وام تۆ بڕۆیته ناو گه‌مه‌کانی ئه‌وانه‌وه، به‌ڵام کاتێک کچێک یان ژنێک له‌سه‌ر دیواره‌که‌ی ده‌نووسێت: (ئێستا له‌خه‌و هه‌ستاوم، هه‌ر له‌خۆمه‌وه دڵته‌نگم، نازانم بۆ) هه‌موویان ده‌بن به پزیشکی ده‌روونی (Psychiatrist) و ده‌رووناس (psychologist) و فه‌یله‌سوف و شیکردنه‌وه‌ی قوڵ بۆ قسه‌کانی ده‌که‌ن و به شێوه‌یه‌کی ئه‌وه‌نده نه‌رم و نیان ئامۆژگاری ده‌که‌ن مرۆڤ له خۆیه‌وه ئیره‌یی به تواناکانییان ده‌بات، به‌ڵام زۆرێک له‌وانه ئه‌گه‌ر هاوسه‌ره‌کانیان یان خوشکه‌کانیان به‌یانییه‌ک هه‌ستێت و هه‌مان ڕسته جا به‌نیازی سه‌رنجڕاکێشانیان یان نازکردن بڵێت، له‌و بڕوایه‌دا نیم به‌هه‌مان زمان وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌و به‌و شێوه‌یه نازیان بکێشن و چه‌ند کاتێک ئه‌گه‌ر زۆر که‌میش بێت بۆیان ته‌رخان بکه‌ن، که له‌ڕاستیدا پێوویسته ئه‌وه بکه‌ن….
کاره‌ساتی وڵاتی ئێمه ئه‌وه‌یه هه‌موو سه‌ندیکا، ده‌زگا ئه‌کادیمی و ڕۆشنبیرییه‌کان بوون به دوکانی حیزبیی و به‌ته‌نها ئه‌و شمه‌کانه به‌خه‌ڵک ده‌فرۆشن، که قازانجی حیزبی تێدایه، ئه‌گه‌ر خیانه‌تیش بێت له پیشه‌که‌ی خۆیان، ئه‌مه‌ش وایکردووه له وڵاتی ئێمه‌دا که‌سانێکی تر، که توانایه‌کی دیاریکراو یان لاوازیان هه‌یه به‌م ڕۆڵه هه‌ستن، ئه‌مه‌ش زۆرجار بوونه‌که‌ی له نه‌بوونه‌که‌ی زیانی زیاتره، چونکه پێدانی زانیاری هه‌ڵه به خوێنه‌ر جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆی نییه له‌گه‌ڵ ئه‌و پزیشکه‌ی ڕه‌چه‌ته‌ی هه‌ڵه بۆ نه‌خۆشه‌که‌ی ده‌نووسێت.
کاتێک ئێمه به خێراییش بێت چاوێک به‌ناو فه‌یسبوکدا بخشێنین ده‌بین به لێشاو زانیاری هه‌ڵه، وته‌ی هه‌ڵه و هه‌واڵی هه‌ڵه بڵاوده‌کرێنه‌وه‌و که‌سێک نییه له‌ئاست ئه‌م بێ حورمه‌تیکردنه به نووسین، فکر، زانست و مه‌عریفه‌وه خۆی به‌به‌رپرسیار بزانێت، هیچ نه‌بێت له‌ئاست پیشه‌و پسپۆرییه‌که‌ی خۆیدا. له ڕوویه‌کی تره‌وه ئه‌گه‌ر بێگانه‌یه‌ک توانای خوێندنه‌وه‌ی نووسینی کوردی هه‌بێت و لێی تێ بگات ته‌نها چه‌ند خوله‌کێکی به‌سه ئه‌و تێڕوانینه‌ی له‌لا درووست ببێت، که کۆمه‌ڵگای کوردی کۆمه‌ڵگایه‌کی خوێنه‌وارو ڕۆشنبیریی بێ وێنه‌ن له دونیادا، چونکه لاپه‌ڕه‌ی که‌سێک نا‌بینیت لیوان لێو نه‌بێت له وته‌ی فه‌یله‌سوف، نووسه‌رو هونه‌رمه‌نده دیاره‌کانی جیهان، به‌ڵام له‌ژێره‌وه‌ش جه‌هل و نهخوێنهوارییهکی بێ وێنه خۆی شاردۆته‌وه.
زۆرجار کاتێک بیرده‌که‌مه‌وه ده‌گه‌مه ئه‌و بڕوایه‌ی له واقیعدا ده‌گمه‌نن ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی وه‌ک کۆمه‌ڵگای ئێمه ڕۆشنبیره‌کانی به‌ده‌ست جه‌هل و نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌کانه‌وه بناڵێنێت و که‌چی له‌لای خۆیه‌وه ته‌واو پێچه‌وانه‌که‌ی ببینێت.
به پێی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک له‌سه‌ر دابه‌زینی ئاستی کتێب خوێندنه‌وه له ئه‌ڵمانیا، که ڕۆژنامه‌ی (Süddeutsche Zeitung) بڵاوی کردۆته‌وه، شتێفان ئاوفهن ئانگهر به‌رپرسی زانستی ده‌زگای خوێندنه‌وه ده‌ڵێت: ( له ماوه‌ی ده ساڵی رابردوودا له‌هه‌ر سێ که‌س که‌سێک له ساڵێکدا 11 بۆ 50 کتێبی ده‌خوێنده‌وه، به‌ڵام ئێستا له هه‌ر چوار که‌س که‌سێک، ڕێژه‌ی ئه‌و که‌سانه‌شی له‌ساڵێکدا 50 کتێب ده‌خوێننه‌وه دابه‌زیوه بۆ %3) ئه‌گه‌ر ئێمه لێره‌دا که‌مترین ڕێژه وه‌ربگرین، که له ساڵێکدا 11 کتێبه، ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی به‌لای که‌مه‌وه له سێ که‌س که‌سێک له مانگێکدا کتێبێک ده‌خوێنێته‌وه، بێگومان ڕێژه‌ی %3 ش که‌م نییه، که له ساڵێکدا 50 کتێب ده‌خوێننه‌وه، که‌چی له وڵاته‌که‌ی ئێمه‌دا به داخه‌وه سه‌ره‌ڕای بوونی سه‌دان (داهێنه‌ر، خه‌بیرو به لێشاو ڕۆشنبیرو نووسه‌ری درووستکراو) ڕێژه‌ی خوێندنه‌وه‌ی کتێب له خراپترین ئاستدایه، که‌چی له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌کانی فه‌یسبوک ده‌بینین ئه‌مانه به چه‌ند ڕسته‌و گوزارشتی نووسه‌رانێکی ناودارو هه‌ندێک چه‌مکی ئاڵۆز، که به‌ته‌نها بیستوویانه یان زانیارییه‌کی ڕووکه‌ش و ساده‌یان له‌سه‌ریان هه‌یه خۆیان وه‌ک بیریار و بلیمه‌تێکی بێ وێنه نیشان ده‌ده‌ن، ئه‌مانه هه‌ندێکجاریش بۆ سه‌لماندی بلیمهتییهکانییان پێویستییان به‌وه‌یه جه‌نگێکی گه‌وره هه‌ڵگیرسێنن و له‌و جه‌نگه‌دا په‌لاماری که‌سایه‌تیه مه‌زنه‌کان بده‌ن، وه‌ک پاولۆ کۆیلۆ بۆی ڕۆیشتووه، دێن و ده‌ڵێن: (ئاینشتاین گه‌مژه‌یه) به‌ڵام به‌باش و خراپ نا‌وێرن باسی تیۆریی ڕێژه‌یی بکه‌ن، یان وه‌ک زۆرێک له فیمینسته گه‌مژه‌کان کاتێک باسی نیتشه ده‌که‌یت، یه‌کسه‌ر به‌وه وه‌ڵامت ده‌ده‌نه‌وه، که نیتشه جگه له پیاوێکی نه‌خۆشی قامچی به‌ده‌ست هیچی تر نییه، به‌ڵام کاتێک لێیان ده‌پرسیت، تۆ چه‌ند کتێبی نیتشهت خوێندۆته‌وه، له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێن پێویستمان به خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌کانی ئه‌و نییه.
دیاره به‌شێک له‌م نوخبه فیمینیستهش، که ئالوده‌ی سه‌ر فه‌یسبوکن و هه‌موو ئه‌رکه ڕاسته‌قینه‌کانی ژنێتی خۆیان له‌بیرچۆته‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌کی گشتی له‌ناو ئوتۆپیایهکی ترسناکدا ده‌ژین، که بارگاوییه به ئایدۆلۆژییایه‌کی شکستخواردوو.
ئه‌و ژنه به‌سته‌زمانانه‌ی به‌رده‌وام به ماسکی پیاوانه‌وه له‌سه‌ر میدیا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌رده‌که‌ون تا ئه‌و جێگا ده‌توانن له‌سه‌ر سیناریۆکانییان به‌رده‌وام بن پیاوه ئالودهبووهکانی هاوڕێیان چه‌پڵه‌یان بۆ لێده‌ده‌ن، ئافه‌رین و ده‌ستخۆشییان لێبکه‌ن، تا ئه‌و سنوره ده‌توانن له‌ژێر ماسکهکانییاندا به‌رگه بگرن وه‌ک نیتشه پێیان نه‌ڵێیت: (خه‌باتکردن له پێناو مافی یه‌کسانیدا نیشانه‌ی نه‌خۆشییه، هه‌موو پزیشکه‌کانیش ئه‌مه ده‌زانن) ئیتر گرێ ده‌روونی و ڕق و کینهکانییان له‌ژێر ماسکه‌کاندا ده‌ته‌قنه‌وه و هێرشی تۆڵهکردنهوهکانیان ده‌ست پێده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ ئێمه نوێ نییه، که ئه‌م جۆره ژنانه له ژێر هه‌ر ماسکێکدا ده‌ربکه‌ون ڕۆحی بیماریان نه‌ناسین.
ڕه‌نگه به بێ قسه‌کردن له‌سه‌ر ماسک به ئاسانی له‌وه تێنه‌گه‌ین بۆ مرۆڤه‌کان وا به ئاسانی ده‌که‌ونه ناو داوی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه!. یان بۆ ده‌بێت مرۆڤه‌کان کاتێک پێکه‌وه‌ن که‌مترین قسه‌یان هه‌یه، به‌ڵام له‌سه‌ر میدیا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان زۆرترین قسه!.
غاندی یه‌کێکه له‌و سه‌رکردانه‌ی له مێژوودا ناوێکی دیاره، سه‌رکه‌وتنی ئه‌م پیاوه له ژیانیدا، به‌ته‌نها له‌وه‌دا نه‌بوو داهێنانی له شۆڕشی ناتوندوتیژیدا کرد، به‌ڵکو له‌وه‌دا بوو زۆر بڕوای به‌خۆی هه‌بوو. هه‌نگاوی یه‌که‌می شۆڕشی ئه‌م پیاوه وه‌ک ده‌روونناسێکی کولتوری (Cultural psychology) ئه‌وه بوو گوتی؛ (ئه‌گه‌ر ئێمه بڕوامان به هێزو توانای خۆمان هه‌بێت، ئه‌وا هه‌موو ڕۆژێک زیاتر به‌هێز ده‌بین- به‌هێزبوون له‌سه‌ر جه‌سته‌ی مرۆڤ نه‌وه‌ستاوه به‌ڵکو له‌سه‌ر بڕیاردانی ئیراده‌ی وه‌ستاوه).
ئه‌گه‌ر مرۆڤ بڕوای به‌خۆی نه‌بێت و له تواناکانی خۆی ڕانه‌بینێت، هه‌میشه مرۆڤێکی شه‌رمن و شکستخواردوو ده‌بێت له پرۆسه‌کانی ژیانیدا، ئه‌مه‌ش وای لێده‌کات ڕق و کینه ناخی داگیربکات به‌رامبه‌ر به‌و که‌سانه‌ی چوارده‌وری، که به‌رده‌وام سه‌رده‌که‌ون و به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌ڕۆن. ئه‌و مرۆڤانه‌ی بڕوایان به‌خۆیان و تواناکانی خۆیان نییه، به‌رده‌وام یه‌ک سکاڵایان هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، که به‌ختیان نییه، له کاتێکدا ئێستا به شێوه‌یه‌کی زانستی ده‌رکه‌وتووه، که به‌ختیاری و به‌دبه‌ختی په‌یوه‌ندی به مرۆڤ خۆیه‌وه هه‌یه، که مرۆڤ خۆی لێی به‌رپرسیاره. واته مرۆڤ خۆی بڕیار ده‌دات به‌خته‌وه‌ر بێت یان به‌دبه‌خت.
ئه‌و مرۆڤانه‌ی خاوه‌ن کاره‌کته‌رێکی لاوازن ئه‌و مرۆڤانه‌ن هیچ بڕوایان به هێزو تواناکانی خۆیان نییه، هه‌ر مرۆڤێکیش بڕوابه‌خۆبوونی له‌ده‌ستدا ناتوانێت له ژیانیدا مرۆڤێکی بڕیارده‌ر بێت.
به‌نمونه‌یه‌کی ساده ئه‌م خاڵه ڕوونده‌که‌مه‌وه، که‌سێکی بڕوابه‌خۆنه‌بوو ده‌بینێت هاوڕێکه‌ی هه‌ر به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌ڕوات، هه‌میشه ده‌ڵێت ئه‌و به‌ختی هه‌یه، قه‌ت جارێک بانگی ناکات یان ناڕوات بۆ لایی و به‌زمانێکی ئارام و جوان لێی بپرسێت شتێکی له نهێنییه‌کانی ژیانی خۆی فێربکات، به‌ڵکو ئیره‌یی ناخی پڕده‌کات تا ئه‌و جێگای ڕقی لێی بێته‌وه‌و حه‌زبکات له شوێنێکدا لاواز بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م لێی بدات و تۆڵه‌ی شکسته‌که‌ی خۆی لێبکاته‌وه، ئه‌م جۆره مرۆڤانه قه‌ت له ژیانییاندا سه‌رناکه‌ون، تۆ بیهێنه به‌رچاوی خۆت، هاوڕێکه‌ی ده‌بێته به‌ڕیوه‌به‌ر، ئه‌و به به‌ختی ده‌زانێت، به‌ڵام ئه‌و بهێنن بیخه‌نه شوێنه‌که‌ی واته بیکه‌ن به به‌ڕیوه‌به‌ر پاش ماوه‌یه‌کی که‌م له ده‌ستی ده‌دات، چونکه بڕوای به‌خۆی نییه، کاتێکیش بڕوات به‌خۆت نه‌بوو نا‌توانیت بڕیار بده‌یت، به‌ڵام ئه‌و که‌سه‌ی بڕوای به‌خۆیه‌تی به پێچه‌وانه‌وه پله‌که‌ی به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌و هه‌ر بۆ پێشه‌وه ده‌ڕوات. واته تا بڕوات به خۆت نه‌بێت نا‌توانیت هیچ هه‌نگاوێک به‌ره‌و پێشه‌وه بنێیت، گۆته ده‌ڵێت: ( هه‌رکاتێک بڕوات به‌خۆت هه‌بوو، ئه‌و کاته ده‌زانیت ژیان چییه).
نامه‌وێت زۆر دوورتر بکه‌ومه‌وه، بۆیه ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر په‌یوه‌ندی ماسکبه‌ستن به بڕوابه‌خۆبوونه‌وه. ئه‌وه‌ی له فه‌یسبوک ناوی نراوه دیوار (wall) ڕیک ئه‌و ماسکه‌یه، که ئێمه مه‌به‌ستمانه، واته هه‌رکه‌سێک له‌سه‌ر فه‌یسبوک دیوارێکی هه‌یه، ئه‌م دیواره ڕۆڵی ماسکێکی گه‌وره له‌سه‌ر کاره‌کته‌ری مرۆڤه‌کان ده‌گێڕێت. له فه‌لسه‌فه‌ی بڕوابه‌خۆن بووندا دوو خاڵ زۆر گرنگن بۆ مرۆڤه‌کان فێری ببن، یه‌که‌م: گوتنی وشه‌ی “نا”
دووه‌میان:”قبوڵکردنی ڕه‌خنه”
بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان کاره‌کته‌ری خۆیان به‌هێزبکه‌ن پێویسته پێش هه‌موو شتێک خۆیان فێری ئه‌وه بکه‌ن له‌کات و شوێنی خۆیدا بڵێن “نا” و ڕای خۆیان هه‌رچییه‌ک بێت ده‌رببڕن، ئه‌م هه‌نگاوه سه‌ره‌تایه‌کی باشه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ناو بچوکییه‌وه ده‌ربهێنێت و خۆی به‌هێز بکات. له‌پاڵ ئه‌مه‌وه ناکرێت ڕه‌خنه له ڕووی ده‌روونییه‌وه تێکمان بشکێنێت و پێی بریندار بین، هه‌موو مرۆڤێک پێی خۆش نییه ڕه‌خنه‌ی ئاڕاسته بکرێت، چونکه پێی ده‌شکێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ریه‌کێک له ئێمه وه‌ک مناڵێک پێویستمان به که‌سێک هه‌یه له شوێنێکدا ڕامان بگرێت، ئه‌م ڕاگرتنه چه‌ند ناخۆشیش بێت پێویسته خۆمانی له‌سه‌ر ڕابهێنین به شێوه‌یه‌کی ئه‌رێنی (Positiv) وه‌ریبگرین.
ئه‌گه‌ر ئێمه خۆمان فێری ئه‌وه نه‌که‌ین به دڵێکی گه‌وره‌و فراوانه‌وه هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌ک به‌و شێوه‌یه وه‌ربگرین، که ئه‌وه ڕای که‌سێکی تره‌و ئازاده چۆن بیرده‌کاته‌وه، وه‌ک چۆن ئێمه هه‌ریه‌که‌مان ئه‌و مافه به‌خۆمان ده‌ده‌ین ئازادانه رای خۆمان ده‌رببڕین ئه‌وا هه‌ستمان بریندار ده‌بێت و توشی بیماری ڕۆحی ده‌بین، ئه‌و کات ناخمان پڕ ده‌بێت له ڕق و کینه و مێشکمان به‌ده‌ست بیرکردنه‌وه له تۆڵه‌کردنه‌وه به‌رده‌وام ماندوو ده‌بێت، ئه‌مه‌ش پێش هه‌موو که‌سێک خۆمان ئازار ده‌چێژین، بۆیه نابێت ئێمه ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێت، که کینهوڕق له‌سه‌ر بیمارییه ڕۆحییه‌کان ئه‌ژین.
ئه‌گه‌ر ئێمه بتوانین ئه‌م دووخاڵه وه‌ک سه‌ره‌تایه‌ک له‌خۆماندا به‌هێزبکه‌ین ئه‌وا ههنگاوێکی باشمان ناوه بۆ ڕوخاندنی به‌شێکی ئه‌و دیواره، چونکه بۆ کاره‌کته‌ره لاوازه‌کان ئاسان نییه به بێ دیوارێک یان ماسکێک رای خۆی به ئاشکراو ڕاسته‌وخۆ بڵێت، که ئه‌مه له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا پێی ده‌ڵێن دووڕوویی، ئه‌ڵبه‌ته لێره‌دا دووڕووی به‌مانای جیاوازی ناڕێکی که‌سێتی \ناسنامه (Dissociative identity disorder) باس ناکه‌ین چونکه ئه‌وه نه‌خۆشییه‌و به‌ته‌نها پزیشکه‌کان ده‌توانن ده‌ستنیشانی بکه‌ن و چاره‌سه‌ره‌ی بۆ بدۆزنه‌وه، به‌ڵكو وه‌ک حاڵه‌تێکی ده‌روونی باسی ده‌که‌ین، که مرۆڤه‌کان ئه‌وه‌نده باوه‌ڕیان به‌خۆیان نییه بیروباوه‌ڕی خۆیان به‌ڕاستی و دروستی ده‌رببڕن و له‌و جێگاییه‌ی پێویست ده‌کات بڵێت “نا” ئه‌مه‌ش واده‌کات ئه‌و مرۆڤانه به‌ره‌و فره که‌سایه‌تی بڕۆن، که هیچیان که‌سایه‌تییه ڕاسته‌قینه‌که‌ی خۆیان نه‌بن. کێشه‌ی فره که‌سایه‌تی له هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کدا به‌تایبه‌تی کۆمه‌ڵگای ئێمه، که کۆمه‌ڵگایه‌کی کۆیه‌و مرۆڤه‌کان تیایدا به‌رگه‌ی ته‌نهایی و دووره‌په‌رێزی ناگرن هه‌ر ئه‌وه نییه متمانه‌و ڕاستگۆیی له‌نێوانیاندا نامێنێت، به‌ڵکو مرۆڤه‌کان له‌ناخیشه‌وه خراپ ده‌بن.
ئه‌م خاڵه یه‌کێکه له‌هه‌ره خاڵه نه‌رێنی (Negative)یه‌کانی فه‌یسبوک، که مرۆڤه‌کانی ئێمه وا لێده‌کات به‌ته‌نها له پشتی دیواره‌کانه‌وه هیزی خۆیان بدۆزنه‌وه‌و ناخی خۆیان ده‌رببڕن و بوونی خۆیان بسه‌لمێنن.
به‌پێی ئه‌زمونی ئه‌و کاتانه‌ی فه‌یسبوکم به‌کارهێناوه‌و سه‌رنج و تێبینی یان کۆمێنتی زۆرێک لهبهکاربهرهکانم خوێندۆته‌وه زۆر به ئاسانی هه‌ست به چه‌ند خاڵێک ده‌که‌یت، که که‌سایه‌تی ئه‌و به‌کاربه‌رانه به‌دیار ده‌خات، وه‌ک که‌سێکی ده‌مارگیر (nervosität)، که ئه‌مه هۆکاری ئالودهبونهکهیهتی به فه‌یسبوکه‌وه، ڕۆحێکی لاوازی بریندار، که له‌پشتی دیواره‌کانه‌وه یان به‌ستنی ماسکێک بۆ خۆڕزگارکردن له کینه شاراوه‌کانی ناخی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وی به‌رامبه‌ردا.
ئه‌گه‌ر ئێستا بڵێین فه‌یسبوک ده‌زگایه‌کی ناساندنی مۆدێرنی که‌سایه‌تی مرۆڤه‌کانه ڕه‌نگه تێڕوانینهکهمان هه‌ڵه نه‌بێت، چونکه مرۆڤه لاوازه‌کان به‌ته‌نها ده‌توانن هه‌قیقه‌تی خۆیان له ژێر ماسکه‌کان و پشت دیواره‌کانه‌وه ئاشکرا بکه‌ن، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و مرۆڤانه‌ی بڕوای ته‌واویان به خۆیانه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی فه‌یسبوکیش و ڕووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌کاندا بیر‌و باوه‌ڕی خۆیان نیشان ده‌ده‌ن و هه‌میشه قسه‌ی خۆیان هه‌یه، بۆیه پێمان سه‌یر نه‌بێت ئێستا له ڕۆژئاوا نه‌ک به‌ته‌نها ده‌زگا سیخوڕی پۆلیسییه‌کان به‌ڵکو شوێنی کاره‌کان و کۆمپانیاکانیش ئه‌گه‌ر کرێکارێکی نوێ وه‌ربگرن چاوێک به فه‌یسبوکه‌که‌یدا ده‌خشێنن (ئه‌گه‌ر هه‌یبێت) بۆ ده‌ستکه‌وتنی زانیاری زیاتر له‌سه‌ر که‌سایه‌تی ئه‌و که‌سه.
کێشه‌یه‌کی تری هه‌ره گه‌وره‌ی ئالوده‌بوون له‌سه‌ر فه‌یسبوک کێشه‌ی بێگانه‌بوونه (Alienation)، ئه‌م کێشه‌یه ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی تاک بێت یان کۆمه‌ڵایه‌تی (په‌یوه‌ندی مرۆڤه‌کان به مرۆڤه‌کان و ده‌وروبه‌ره‌وه) هیچ له خراپبوونی باری ده‌روونی که‌سی توشبووهکهوه ناگۆڕێت به‌و دابڕانه گه‌وره‌یه‌ی به دونیای واقیعه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌شێکی تری ئه‌و نه‌هامه‌تی و کاره‌ساته مرۆڤانه‌یه کۆمه‌ڵگه ساده‌کانی وه‌ک کۆمه‌ڵگای ئێمه له ناوه‌وه توشی داڕمان ده‌کات و مرۆڤه‌کان نه‌ک هه‌ر به‌یه‌کتر به‌ڵکو به خودی خۆیشیان نامۆ ده‌بن.
ساڵی ڕابردوو ڕۆژنامه‌ی (Die Welt) ئه‌ڵمانی به‌شێک له چاوپێکه‌وتنێکی ڤیلهێلم هۆفمان، که یه‌کێکه له نووسه‌رانی گۆڤاری (Psychological Science) بڵاوکرده‌وه له‌ژێر ناونیشانی ‘ فه‌یسبوک زیاتر مرۆڤه‌کان ئالوده ده‌کات تا کحول و نیکۆتین’ هۆفمان ده‌ڵێت:” دوورکه‌وتنه‌وه له فه‌یسبوک قورستره له دوورکه‌وتنه‌وه له نیکۆتین و کحول” ئه‌م قسه‌یه‌ش ڕاستییه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گره نه‌ک به‌ته‌نها بۆ کۆمه‌ڵگای ئێمه، به‌ڵکو بۆ سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگاکانی جیهان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای ئێمه له‌و کۆمه‌ڵگا پێشکه‌وتووه‌کان جیا ده‌کاته‌وه ئه‌وه‌یه جگه له نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌تی و چه‌ندین ئینستیتوت و ڕێکخراوی حکومی و ناحکومی هه‌ن بۆ یارمه‌تیدان و چاره‌سه‌ری توشبووه‌کان مرۆڤه‌کانیش بایی ئه‌وه ڕۆشنبیرییان هه‌یه، که کاتێک هه‌ست به‌مه‌ترسییه‌ک ده‌که‌ن داوای هاوکاری بکه‌ن و به ئاشکرا دان به‌وه‌دا بنێن، که نه‌خۆشن.
ئه‌و پێناسه‌یه‌ی تا ئێستا له ئه‌ده‌بیات و ڕۆشنبیریی ئێمه‌دا بۆ بێگانه‌بوون هه‌یه هه‌ر زۆر ساده‌و پێنه‌گه‌یووه، ئێمه پێمان وایه بێگانه‌بوون جۆرێکه له ناڕه‌زایه‌تی ناوه‌کی مرۆڤه‌کان به‌رامبه‌ر به دونیا، یان جۆرێک له دووره‌په‌رێزی و دابڕانی که‌سانێک له‌ده‌وروبه‌ری خۆیان، به‌ڵام ناپرسین ئه‌م داخرانه مرۆڤ به‌ره‌و کوێ ده‌بات؟ مرۆڤ کاتێک دیوارێک له نێوان خۆی و ده‌وروبه‌ره‌که‌یدا درووست ده‌کات، له‌پاش ماوه‌یه‌ک جۆره هه‌ستێکی لهلادرووست ده‌بێت، که ئه‌وه خه‌ڵکه‌کانه ئه‌ویان په‌راوێز خستووه، بۆیه به چاوی دوژمنه‌وه له‌هه‌موو که‌سێک ده‌ڕوانێت، ئه‌م هه‌سته‌ش ناخی پڕ ده‌کات له ڕق و کینه و به‌رده‌وام بیر له تۆڵه ده‌کاته‌وه، بۆیه خۆپاراستن له بێگانه‌بوون دوورکه‌وتنه‌وه‌یه له فه‌یسبوک و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ناو خه‌ڵک بۆ ناو واقیع.
یه‌کێک له وته به‌نرخه‌کانی ڤیلهێلم ڕایش له کتێبی (گوێ بگره پیاوی بچوک)دا ئه‌وه‌یه، که ده‌ڵێت: “هیچ که‌سێک ڕزگارکه‌رت نییه، خۆت نه‌بێت” ساڵی پار له په‌راوێزی یه‌کێک له ڕۆژنامه ئه‌ڵمانییه‌کان گه‌نجێک نووسیبووی ماوه‌ی دوو ساڵه هه‌ست ده‌که‌م له‌سه‌ر فه‌یسبووک و یارییه‌کانی ئالوده بووم، ئایا که‌سێک ڕێگاچاره‌یه‌کی لایه هاوکاریم بکات.
که‌سێک وه‌ڵامێکی زۆر جوانی بۆ نووسیبوو، که ئاوا دستی پێده‌کرد: “ئه‌مه هزرێکی زۆر ئاقڵانه‌یه، که بیرت له هه‌ڵسوکه‌وتی خۆت کردۆته‌وه، بێگومان ئه‌مه بۆ خۆی هه‌نگاوێکه به‌ره‌و چاره‌سه‌ر” واته داننان به هه‌ڵسوکه‌وته هه‌ڵه‌کانی خۆماندا ڕیگاکانمان بۆ ئاسانتر ده‌که‌ن تا بتوانین چاره‌سه‌ری ئه‌و ده‌رده بکه‌ین پێوه‌ی گیرۆده‌ین.
له کۆتاییدا ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم: فه‌یسبوک ئه‌مڕۆ بۆ ئێمه خه‌ریکه ده‌بێته مه‌ترسییه‌کی گه‌وره، خه‌ریکه ژیانی هه‌ر به‌کاربه‌رێک له‌خۆیدا کورت بکاته‌وه، چی هێنده‌ی ئه‌وه قورسه مرۆڤ ده‌زگایه‌کی ئه‌لیکترۆنی کۆنترۆڵی بکات!. فه‌یسبوک له‌م کاته‌دا بۆ ئێمه دوژمنێکه نه‌ک دۆستمان بۆ زیاد ناکات به‌ڵکو دۆسته‌کانیشمان لێ ده‌تۆرێنێت، به ڕاستی کاره‌ساته‌که له‌و کاته‌دا ده‌ستپێده‌کات، که فه‌یسبوک جێگای هه‌موو په‌یوه‌ندی و خۆشه‌ویستییه‌کی مرۆڤه‌کان بگرێته‌وه، ئه‌گه‌ر ئێمه خۆمان نه‌گۆڕین بێگومان فه‌یسبوک به ئاسانی ده‌مانگۆڕێت.
تێبینی
1- ئه‌و وشه‌و چه‌مکه ئینگلیزییانه له ئه‌ڵمانییه‌وه له ڕێگای فه‌رهه‌نگه‌وه وه‌رمگێڕاون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمانه ئینگلیزییه‌که له ئه‌ڵمانی له‌ناو ڕۆشنبیریی ئێمه‌دا باوترهو ده‌توانین بڵێین زمانی سه‌رده‌مه.
2- ئه‌م نووسینه ڕاسته‌وخۆ ئاراسته‌ی هیچ که‌سێک نه‌کراوه، به‌ڵام سیفه‌تی شیکاری ده‌روونی ئه‌وه‌یه، قسه بۆ هیچ که‌سێک ناکات، که‌چی مه‌به‌ستی هه‌مووکه‌سێکه.
یاسین خێڵانی