نه‌ریتی ڕاگرتنی دراماکان له که‌ناڵی کوردسات
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و ساتانه‌ی که کاری دراما له که‌ناڵی کوردسات ده‌ستی پێ کرد و په‌خش ده‌کرا، سه‌ره‌تا زۆر به باشی ڕێچکه‌ی خۆی گرته‌به‌ر بێ کێشه تێپه‌ڕی و دراما له دوای دراما به‌رهه‌م ده‌هات له کات و ساتی جیاوازدا په‌خش ده‌کرا بینه‌ری له ده‌ووری که‌ناڵه‌که‌ش کۆده‌کرده‌وه، به‌ڵام له‌م چه‌ند ساڵانه‌ی دوایی دا دیارده‌یه‌کی سه‌یر و گه‌لێک نامۆ به جۆرێک هاته ناو ئه‌م که‌ناڵه که ترسی ئه‌وه‌ی لێ ده‌کرێت که ببێته نه‌ریتێک یان ببێته یاسایه‌ک له حاڵه‌تی پێویستدا به‌کار بێت، ئه‌و نه‌ریته‌ش ڕاگرتنی دراماکانه له دوای په‌خش کردنی چه‌ند ئه‌ڵقه‌یه‌کی ئه‌و درامایانه، ئه‌م دیارده‌یه سه‌ره‌تا له درامای (ئاریا)وه ده‌ستی پێ کرد به هۆکاری دینی ڕاگیرا پاشان درامای (گه‌رمیان و کوێستان) به هۆکاری کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ستێنرا هێنده‌ی نه‌مابوو که درامای (سایه) به‌و ده‌رده ببرێت ئێستاش درامای (گه‌رده‌لوول) ڕاگیراو هاته ڕیزه‌وه خه‌رمان به‌ره‌که‌ت.
کوردسات له ماڵپه‌ڕی خۆی و له په‌یجه‌که‌ی له فه‌یسبووکدا بڵاوکرده‌وه که درامای گه‌رده‌لوول ڕاگیرا به مه‌به‌ستی پیداچوونه‌وه‌ی بواری مێژووی و هونه‌ری و که‌لتووری و نه‌ته‌وایه‌تی، ئه‌مه هۆکاری ڕاگرتنهکهیه ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م هۆکاره بوه‌ستین ئه‌مه هه‌نگاوی سه‌ره‌تای قۆناغی یه‌که‌می به‌رهه‌م هێنانی کاری درامایه(pre-production) واته دوای ته‌واو بوون له نوسینی سیناریۆی دراماکه ده‌رهێنه‌ر و ستافه‌که‌ی سیناریۆکه‌ی ده‌نێرن بۆ ئه‌و که‌ناڵه دوای خوێندنه‌وه و چه‌ند دانیشتنێک له نێوان هه‌ردوولا ئه‌گه‌نه ئه‌و بڕیاره‌ی که په‌سه‌ند ده‌کرێت یان ناکرێت ئه‌و خێره ئێستا بیریان که‌وتۆته‌وه پیادا چوونه‌وه به‌و کاره دراماییهدا بکه‌ن دوای ئه‌وه‌ی زیاتر له 20 ڕۆژ و شه‌و له ڕیکلام بۆ کردن و په‌خشکردنی 13 ئه‌ڵقه‌ی ئه‌و درامایه، ئه‌م دیارده‌یه گه‌لێک نامۆ و سه‌یره له بواری میدیا و کاری درامیدا هه‌ر نه‌بووه و بوونی نیه له دوای په‌خشکردنی 13 ئه‌ڵقه‌ی دراماکه ڕابگیرێت پیادچوونهوه بکه‌یت بۆ بواری مێژووی و هونه‌ری و کلتووری و نه‌ته‌وه‌یی، لێره‌دا ده‌بێ ئه‌و پرسیاره بکه‌ین ئه‌و لیژنه‌یه‌ی که پسپۆر و به‌رپرسی کاری درامایه له که‌ناڵی کوردسات له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک سیناریۆکه‌یان په‌سه‌ند کردووه، ئایا کاتی ئه‌وه‌یان نه‌بووه به‌ووردی بیخوێنه‌وه و لێکۆلێنه‌وه ته‌واوی بواره‌کانی دراماکه به‌که‌ن و خۆیان له‌م حاڵه‌ته‌ی ئێستا بپارێزن و ڕێز له هه‌ستی ئه‌و بینه‌ره‌ش بگرن که به په‌ڕۆشه‌وه چاوه‌ڕوانی بینینی دراماکه ده‌کات، ئه‌م درامایه تایبه‌تمه‌ندی خۆی لای بینه‌ر هه‌یه له سێ به‌ش پێک هاتووه بینه‌ر دوو به‌شی بینیوه‌و ئێستا له بینینی به‌شی سێیه‌م بێ به‌ش ده‌کرێت.
ده‌رهێنه‌ر ده‌ڵێت که چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌کی ته‌کنیکی و هونه‌ری هه‌یه چاره‌سه‌ری ده‌که‌ین، ئه‌م هۆکاره‌ش هه‌ر زۆر سه‌یر و بێ مانایه، تۆ له قۆناغی پۆست پرۆده‌کشن(post-production ) هه‌ر که‌موکوڕیه‌کی ته‌کنیکی و هونه‌ری هه‌بێت له‌و کاته‌دا چاره‌سه‌ری ده‌که‌یت که بڕیارت دا کاره‌که‌ت ئاماده‌یه بۆ په‌خش و ڕیکلامت بۆ کرد 13 ئه‌ڵقه‌ی لێ په‌خشکرا ئیدی هیچ هۆکارێکی ته‌کنیکی و هونه‌ری نیه بۆ ڕاگرتن و وه‌ستاندنی ئه‌مه هۆکارێکی زۆر لاوازه که‌س باوه‌ڕی پێناکات نه‌چێته عه‌قڵه‌وه.
خوێنه‌ری به‌ڕێز لێره‌دا ده‌بینین هۆکاری ڕاگرتنی دراماکه لای ده‌رهێنه‌ر و لای که‌ناڵه‌که‌ش لێک جیاوازن و هیچ بنه‌مای لۆژیکی نیه که بتوانێت باوه‌ڕ به بینه‌ر بهێنێت که هۆکاری ڕاگرتنه‌که له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ی سه‌ره‌وه‌یه به‌ڵکو هۆکاری ترن خۆزگه ده‌مانزانی چین؟؟
له کاتی په‌خش کردنی درامای گه‌رده‌لوول چه‌ند نوسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و ڕه‌خنه‌گری شاری هه‌ولێر سه‌رنج و ڕه‌خنه و تێبینیان هه‌بوو له‌سه‌ر دراماکه له بواری کار و چالاکی سیاسی به شێوه‌یه‌ک له سلێمانی زۆرتر بوو و له هه‌ولێر که‌متربوو که هیوادارم ئه‌مه نه‌بووبێته هۆکاری ڕاگرتنی دراماکه باشتر بوو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی که ڕه‌خنه‌یان هه‌بوو له‌سه‌ر دراماکه چاوه‌ڕوانیان بکردایه تا کاره‌که ته‌واو ده‌بوو.
له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوودا به شێوه‌یه‌کی به‌ڕچاو له که‌ناڵی کوردسات ژماره‌یه‌کی زۆر له دراما په‌خش کرا که‌م تا زۆر بینه‌ری له ده‌ووری خۆی کۆکرده‌وه بووه پاڵپشتێک بۆ هونه‌رمه‌ندان که به‌رده‌وام بن له به‌رهه‌م هێنانی کاری درامی به‌ڵام ئه‌وه‌ی که جێ سه‌رنج و هه‌ڵوێسته کردنه له‌هه‌ر درامایه‌کدا به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان باسی چینێک یان توێژێک کۆمه‌ڵگایی کوردی بکرێت لێره و له‌وێ کۆده‌بنه‌وه که‌مپینێک له‌ژێر ناوێک‌دا ڕاده‌گه‌یه‌نن به چه‌ند هۆکارێکی سه‌یر و سه‌مه‌ره داوای ڕاگرتنی ئه‌و درامایه ده‌که‌ن ئه‌م که‌ناڵه‌ش له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک له هۆیه‌کان ده‌چێته ژێر باری ئه‌و داواکاریانه هه‌روه‌کو له درامای (ئاریا، گه‌رمیان و کوێستان، گه‌رده‌لوول)دا بینیمان لێره ئه‌بێ ئه‌وه بڵێن که پێویسته به‌شی درامای کوردسات میکانیزمێکی ڕوون و دیاری هه‌بێت وه‌ک پڕانسیپێکی چه‌سپاو بڵاوی بکاته‌وه که به‌رهه‌م هێنانی کاری درامی به‌و شێوه‌یه ده‌بێت که که‌ناڵه‌که ده‌یه‌وێت چونکه به‌رهه‌م هێنانی کارێکی درامی وه‌ک گه‌رده‌لوول هێنده ئاسان نیه چه‌ند ساڵێکی ده‌وێت بۆ به‌رهه‌م هێنانی له‌گه‌ڵ هیلاکی و ماندووبوونی ستافی کاره‌که هه‌روه‌ها ئه‌و بینه‌ره‌ش که به شهیدایهوه چاوه‌ڕوانی ئه‌و کاره ده‌که‌ن له‌ناکاو دوای په‌خشکردنی چه‌ند ئه‌ڵقه‌یه‌ک ڕاده‌گیرێ ئه‌مه‌ش به جۆرێک یاری کردنه به هه‌ستی بینه‌ر و بێ متمانه‌یی و گومان دروست ده‌کات به‌رامبه‌ر ئه‌و که‌ناڵه و هه‌روه‌ها دوور که‌وتنه‌وه یان ساردبوونه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندان له کار کردن له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌ناڵه‌دا، له‌به‌رانبه‌ر کۆمپانیا بارزگانیهکانیشدا که‌ده‌بنه سپۆنسه‌ری دراماکه و ڕیکلام بۆ کاڵاکانیان ده‌که‌ن دیسانه‌وه بێ متمانه‌یی و گومان دروست ئه‌بێت ئه‌و بۆنده ڕیکلامیانه هه‌مووی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه.
له کۆتایدا ده‌ڵێم ئاواته‌خوازم که که‌ناڵه کوردیه‌کان زیاتر کراوه‌تر بن خۆیان له نه‌ریتی ڕاگرتنی دراما بپارێزن به هیچ شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان نه‌چنه ژێر باری نه‌هێشتن و سڕینه‌وه‌ی کاری هونه‌ری، حه‌ز ئه‌که‌م باسی حاڵه‌تێک بکه‌م له به‌ریتانیا که‌ناڵی4 فلیمێکی دۆکیمێنتاری له‌سه‌ر مه‌رگی (دایانا) به‌رهه‌م هێنا شازاده ولیه‌م به نوێنه‌رایه‌تی شاژنی به‌ریتانیا چوو بۆ ته‌لاری ئه‌و که‌ناڵه داوای لێ کردن ئه‌و فلیمه ڕابگرێت و نیشانی خه‌ڵکی نه‌درێت به‌ڕێوه‌به‌ری که‌ناڵه‌که داواکه‌ی په‌سه‌ند نه‌کرد بۆی ڕوون کردووه که ئه‌و ستافه‌ی ئه‌و فلیمه‌یان به‌رهه‌م هێناوه زۆر ماندووبوون و خه‌رجیه‌کی زۆر تێچووه ئه‌گه‌ر له فلیمه‌کدا هه‌ر شتێکی نه‌شیاوی تیدابوو به‌رانبه‌ر به‌ئێوه ئه‌توانن له دادگا داوا تۆمار بکه‌ن، فلیمه‌که نیشان درا ئه‌وانیش نه‌چوونه دادگا و به‌و ده‌سه‌ڵات و پێگه‌یه‌ی هه‌یانه له به‌ریتانیا نه‌یانتوانی ئه‌و فلیمه ڕابگرن.