Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
ڕازه‌كانی موسافیرێك … ئیبراهیم هه‌ورامانی

ڕازه‌كانی موسافیرێك … ئیبراهیم هه‌ورامانی

Closed
by April 23, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

 

دایكم نه‌هامه‌تیه‌كانی خۆی ،

بۆ گۆڕه‌كه‌ی باوكم ده‌گێڕێته‌وه‌ .

منیش چاوه‌ڕوانیه‌كانم 

له‌ژێر سێبه‌ری 

شۆڕه‌بیه‌كه‌دا …

جێده‌هێڵم .

        ***

په‌نجه‌كانم بۆنی 

زوڵف و

مه‌مانی تۆی گرتووه‌ .

ئیدی ده‌سته‌كانم ناشۆمه‌وه‌ .

باهه‌میشه‌ بۆنی تۆ بێ‌ .

        ***

گله‌یم هه‌یه‌ 

له‌خۆت نا .

له‌موروه‌ شینه‌كه‌ی ،

ملوانكه‌ی سه‌رسنگت ؟

چ به‌خیله‌ …

له‌به‌شی چاوانی من ده‌با .

  ***

خودا ده‌مبورێ‌ ،یان نا

هه‌میشه‌ ،

من له‌بیری تۆدا 

نوێژه‌كانم بیر ده‌چنه‌وه‌ .

     ***

چه‌نده‌ ته‌نیام 

بیرم كه‌وته‌وه‌ 

چه‌ن بیرت ده‌كه‌م !

شه‌وانه‌ شه‌راب نۆش ده‌كه‌م .

تا مه‌ست بم و

بیرت بكه‌م .

    ***

دواجار ده‌مرم .

به‌ده‌م مه‌راقی 

ئینتزار بوونی تۆوه‌ .

  ***

خودا به‌شاهید ده‌گرم 

مه‌گه‌ر ته‌نها ئه‌و بزانێ‌ .

چه‌نده‌ تۆم ،

خۆش ده‌وێ‌ .

     ***

ڕێگاكان ده‌مگه‌یه‌ننه‌ 

به‌رقاپی ماڵی ئێوه‌ .

ماڵی ئێوه‌ یانی 

باخه‌ دڵگیره‌كانی به‌هه‌شت .

    ***

چه‌ند عه‌جولن 

چاوانی من و

مه‌مانی ژێر ستیانه‌كه‌ت .

به‌رده‌وام چاوشاركێ‌ ده‌كه‌ن .

    ***

شه‌وه‌كانی عومری من 

ڕه‌نگیان ناچنه‌وه‌ سه‌ریه‌كدی .

هه‌ر شه‌وه‌ی بۆنێكی 

جودای تۆی ، لێوه‌ دێ‌.

تۆ و نیشتمانه‌كه‌م 

به‌یه‌ك ده‌چن 

غه‌ریبی ده‌به‌خشنه‌ من .

  ***

هه‌موو شتێك له‌ خۆی ده‌چێ‌ .

ته‌نیا تۆ نه‌بی 

له‌من ده‌چی .

تۆ تێكه‌ڵ به‌خوێنم بووی .

   ***

ئه‌م نیشتمانه‌ چه‌ند جوانه‌ 

به‌چه‌شنی به‌هار .

من وتۆ پێكه‌وه‌ 

كردوومانه‌ته‌ ووڵات .

 ***

باران به‌خوڕ داده‌بارێ‌ 

تۆ لێره‌ نیت .

من به‌ته‌نیا مه‌ستم 

دڵته‌نگانه‌ …بیری تۆ ده‌كه‌م .

    ***

میوه‌ فرۆشه‌كه‌ 

چاوی بڕیوه‌ته‌ كڕیاره‌كانی .

كه‌ سه‌رنج ده‌ده‌مه‌ ،

سێوی سه‌ر عه‌ره‌بانه‌كه‌ی 

مه‌مانی تۆم بیر ده‌كه‌وێته‌وه‌ .

 

 

Previous
Next