رزگار شێخانی له گوننار ئێکێلۆف ده‌دوێت
نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د- ستۆکهۆڵم……
رۆژانه چه‌ندان کتێبی نوێ ده‌که‌وێته کتێبخانه‌و سه‌ر شۆسته‌کانی کوردستان، کتێبه‌کان به‌شێکن له بواره‌کانی ژیان‌و کولتور‌و زانست‌و هونه‌رو … هتد، ئه‌وه‌ی کتێبی سه‌رگه‌ردان کردووه، نه‌بوونی پێوه‌ری زانستییه، به تایبه‌تیش له بواری وه‌رگێڕاندا خه‌ریکه مسداقییه‌تی تێکست ونده‌کرێت‌و ئه‌سڵی تێکست ئاماده‌نیه، به کورتی ئاستی وه‌رگێڕان له کتێبخانه‌ی کوردی‌دا لاوازه، به‌ڵام له نێو چه‌ندان کتێب‌دا تروسکایی هێشتا ماوه‌و ناوه ناوه‌ش تێکستی جوان‌و جدی وه‌رده‌گێڕدرێن‌و رووێکی‌تر به کتێبخانه‌ی کوردی ده‌ده‌ن.
یه‌کێک له‌و تێکسته شیعرییانه‌ی که له ماوه‌ی رابردوودا رۆشناییان به شیعری وه‌رگێڕدراوی کوردی به‌خشی وه‌رگێڕانی سێیه‌نه‌که‌ی شاعیری سویدی ( گوننار ئێکێلۆف) بوو، که له لایه‌ن رزگار شێخانی راسته‌وخۆ له زمانی سویدی بۆ سه‌ر زمانی کوردی وه‌رگێڕدراون، سێیه‌نه‌کانی ئێکێۆف بریتین له( داستانی فاتیمه)،( دیوان له‌سه‌ر میر ئێمگیوون)،( رێنیشانده‌ر بۆ ناخی زه‌وی)، رزگار هه‌رسێ کتێبه‌که‌ی له سوید له ساڵی 2005 و 2006 و 2007 چاپکردووه.
گوننار ئێکێلۆف له 15/9/1907 له ستۆکهۆڵمی پایته‌ختی سوید له دایک بووه، ساڵی 1926 قۆناغی خوێندنی ئاماده‌یی ته‌واو ده‌کات بۆ خوێندنی زمانه رۆژهه‌ڵاتییه‌کان روو له به‌ریتانیا ده‌کات، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌کی که‌م بۆ سوید ده‌گه‌ڕێته‌وه و له زانکۆی شاری ئۆپسالا ده‌ست به خوێندنی زمانه رۆژهه‌ڵاتییه‌کان ده‌کات، ساڵی 1931 یه‌که‌مین شیعری بڵاوکرایه‌وه‌و ساڵی 1932 یه‌که‌مین کۆمه‌ڵه شیعری چاپ‌کرا، زۆربه‌ی ژیانی به سه‌فه‌رو گه‌ڕان‌و خوێندنه‌وه به‌سه‌ر بردووه‌و هه‌وڵیداوه زۆرترین زانیاری سه‌باره‌ت به رۆژهه‌ڵات کۆبکاته‌و، خاوه‌نی چه‌ندان کۆمه‌ڵه شیعره، له 16/3/1968 کۆچی دوایی کردووه.
له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ رزگار شێخانی، باشتر له گوننار ئێکێلۆف-ی شاعیر ده‌گه‌ن.
ئێکێلۆف له رێگای خوێندنه‌وه‌ی مه‌ولانا جه‌لالئه‌دین ئاشنای کولتووری رۆژهه‌ڵات بوو
1- گوننار ئێکێلۆف کێیه و بۆ له نێو چه‌ندان ده‌نگی شیعری سویدیدا ئه‌وت هه‌ڵبژارد بۆ وه‌رگێڕان؟
گوننار یه‌کێکه له شاعیره گه‌وره‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردووی شیعری سو‌ێدی. که‌سیش گومانی له‌م مه‌سه‌له‌یه نییه. شاعیرێک بوو له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی ڕابردوو له ستۆکهۆلم له‌دایک بوو. هه‌ر له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌کارییه‌وه به هۆی خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌کانی ئیبن عه‌ره‌بی و مه‌ولانا جه‌لالئه‌دین ڕۆمییه‌وه ئاشنای کولتووری ڕۆژهه‌ڵات بوو. له کۆتایی ساڵانی بیستی سه‌ده‌ی ڕابردوو، له پاریس ئاشنای سورڕیالییه‌کان بوو و له‌ژێر گاریگه‌ریێتی ئه‌وان شیعری نووسی و ساڵی 1932 یه‌که‌م دیوانی بڵاوکرده‌وه و به‌مه‌یش بزووتنه‌وه‌ی سورڕیالیزم له سوێد ڕاگه‌یه‌ندرا. ئه‌و شاعیرێکی زمان‌زان بوو. به زۆر زمان دیخوێنده‌وه. ئێستایش چل ساڵ دوای مردنی کاریگه‌ری به‌سه‌ر شیعری مودێرنی سوێدییه‌وه هه‌یه. ساڵی 1958 بوو به ئه‌ندامی ئه‌کادیمیای سو‌ێدی، ئه‌و ئه‌کادیمیایه‌ی ساڵانه خه‌ڵاتی نوبێل ده‌به‌خشێته نووسه‌رێک.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌یشه‌وه، که بۆچی ئه‌وم هه‌ڵبژارد. ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ت بۆ باسبکه‌م، که 25 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هاتمه سوید هه‌ر زوو ده‌ستمکرد به کڕینی دیوانی شاعیران و خوێندنه‌وه‌یان. ئه‌گه‌رچی ئه‌وسا زۆر سه‌خت بوو له شیعره‌کان بگه‌م. له‌وکاته‌وه ویستوومه ڕۆژێک له ڕۆژان شیعره‌کانی گوننار ئێکێلۆف وه‌ربگێڕمه سه‌ر زمانی کوردی. واته من و ئه‌و شیعرانه‌ی ئێکێلۆف په‌یوه‌ندییه‌کی دوورودرێژمان له‌گه‌ڵ یه‌کدی هه‌یه، بیست ساڵ زێتره. نزیکه‌ی شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، بڕیارم دا کار له ”سیانه‌ی دیوان” بکه‌م.
خه‌ونی هێناوه‌ته ناو شیعری سو‌ێدی
2- شوێنی گوننار له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی شیعری سویدی‌و ئه‌وروپی کوێ‌یه؟
گوننار چه‌ند شێوازێکی نوێی هێنایه ناو شیعری سو‌ێدی، که پێشتر نه‌بوون. چه‌ند شێوازێک که کاریگه‌ریێتی زۆری له‌سه‌ر گه‌شه‌ی ئه‌ده‌بیی سو‌ێدی هه‌یه. ئه‌و ئێکۆن و خه‌ونی هێناوه‌ته ناو شیعری سو‌ێدی. له سیانه‌ی دیواندا چه‌ند شیعرێکی ئێکۆن هه‌ن، که جولانه‌وه‌ی داونه‌تێ. ئه‌و ده‌یزانی چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئێکۆن ده‌کرێت. خۆشیده‌ویستن. ئه‌و خه‌ونه‌شیعریشی ده‌نووسی، یان ڕاستتر شیعر ده‌هاته خه‌ونییه‌وه. له سیانه‌ی دیواندا چه‌ند شیعرێکی وا هه‌ن. ئه‌وانه خه‌ونن و ده‌سکاری نه‌کردوون له‌م باره‌یه‌وه قسه‌ی کردووه و نووسیویه‌تیشی که به ده‌سپاکییه‌وه ئه‌م خه‌ونانه‌ی وه‌کو خۆیان نووسیوه‌ته‌وه. هه‌موو ئه‌و شیعرانه‌ی که ده‌ڵی: له خه‌وندا گوێم لێ بوو، یان ئه‌وانه‌ی ناویان خه‌ونه. ئه‌مانه هه‌ر به‌ڕاستی خه‌ونن و ئه‌و هه‌ر نووسیویه‌تییه‌وه. ئه‌گه‌رچی نووسینه‌وه‌ی خه‌ون مێتودێکی سورڕیالییه‌کان بوو. به‌ڵام جیاوازییه‌که ئه‌وه‌یه، سورڕیالییه‌کان ده‌ستکاری خه‌ونه‌کانیان ده‌کردن و گوننار وای نه‌ده‌کرد. ئه‌و پێی وا بوو، که خه‌ون زمانێکی زیندووه و نابێ وه‌ربگێڕدرێته سه‌ر زمانێکی مردوو. ئێکۆنه شیعر و سه‌رنجه‌کانی ئێکێلۆف له‌سه‌ر کولتووری بێزه‌نتی، هێنده گرنگ و به به‌هان له ئه‌ده‌بی سوێدیدا، که هیچ لێکۆڵێنه‌رێکی ئه‌ده‌بی ناتوانێ به‌لایاندا ره‌ت ببێ. ئه‌وکه‌سه ناچارده‌بێ بوه‌ستێت و لێیان بکۆڵێته‌وه. له بیست ساڵی رابردوودا، خوێندنه‌وه و لێکۆڵینه‌وه له ئێستاتیکای ئیکۆن و کولتووری بێزه‌نتی له شیعری ئێکێلۆفدا زیادی کردووه. هه‌ندێکیان زانستین و هه‌ندێکیشیان لێکۆڵینه‌وه‌ی ئاسایین. زۆر شتی تریش هه‌ن، که وایان کردووه، ئێستایش ئه‌ده‌بناسه‌کان لێی بکۆڵنه‌وه. گوننار له ناوه‌ندی ئه‌ده‌بیی سو‌ێدی جێگه‌یه‌کی زۆر تایبه‌تی هه‌یه. هه‌موو ئه‌وانه‌ی به سویدی ده‌خوێننه‌وه و شاره‌زای ئه‌ده‌بی سوێدین، ئه‌و راستییه ده‌زانن، که ئێکێلۆف شاعیرێکی قووڵه. شیعره‌کان به ئاسانی خۆیان به ده‌سته‌وه ناده‌ن و تێگه‌یشتنیش لێیان سه‌خته. به‌ڵام که تێیانگه‌یشتی، ئه‌وسا ده‌زانی که له‌بن هه‌ر وشه و دێڕێک‌دا زۆر مانای تر هه‌ن.
له‌باره‌ی شوێنی ئه‌و له شیعری ئه‌وروپاییشدا، ده‌بێ بڵێم وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م به‌شه‌ی پرسیاره‌که‌ت بۆ من سه‌خته و هه‌رچۆنێکیش له‌باره‌یه‌وه بدوێم، هه‌ر قسه فڕێدان ده‌بێت و ناتوانم به‌رگری لێ بکه‌م. به‌ڵام ده‌توانم ئه‌وه بڵێم که شیعره‌کانی وه‌رگێڕاونه‌ته سه‌ر هه‌موو زمانه ئه‌ورووپاییه‌کان، که نووسه‌رو وه‌رگێڕی به توانا ئه‌و کارانه‌یان کردووه و ده‌زگا ناوداره‌کانیش بڵاویانکردۆته‌وه.
له ڕۆژهه‌ڵات به دوای ”خودێکی تر”دا ده‌گه‌ڕێت
3- به‌ڕای تۆ بۆچی گوننار ده‌ستی به خوێندنی زمان‌و ئه‌ده‌بیاتی رۆژهه‌ڵاتی کرد؟ واته له ژێر چ کاریگه‌رێک رووی له‌و به‌شه کرد؟
هه‌موو ئه‌وانه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی‌یان له‌باره‌ی گوننار ئێکێلۆفه‌وه نووسیوه، هه‌وڵیانداوه له‌م مه‌سه‌له‌یه بکۆڵنه‌وه، به‌ڵام وه‌ڵامێکی دیار بۆ ئه‌م پرسیاره نیه. ڕه‌نگه وا بێت، گوننار ئێکێلۆف خۆی که‌سێکی زۆر گۆشه‌گیر بوو. دوای مردنی باوکی پێوه‌ندی زۆر بێ سۆز و ناله‌باری له‌گه‌ڵ دایکی هه‌بوو. دایکی سۆز و خۆشه‌ویستی نه‌داوه‌تێ. که هه‌موو منداڵێک خۆشه‌ویستییه‌کی وای پێویسته. زۆر لێکۆڵه‌ر وای ده‌بینن که هانابردن بۆ ”پاکیزه” که دایکی هه‌موو که‌سێکه و ”خودێکی تر”، بۆ ئه‌وه بووه، به‌هۆیه‌وه له ”پاکیزه” نزیک ببێته‌وه، ڕۆلی دایک و کوڕ ببینن و له‌وێوه ئه‌م خۆشه‌ویستییه‌ی بدرێتێ، که لێی بێبه‌ش بووه. له سوێد و ئه‌وروپا ”خودێکی تر” نادۆزێته‌وه. له ته‌مه‌نی سیزده ساڵی ئاشنای کولتووری ده‌وڵه‌مه‌ندی هیندی و ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌بێت. ته‌رجوومان ئه‌لئه‌شواقی ئیبن عه‌ره‌بی ده‌خوێنێته‌وه و زۆر سه‌رسام ده‌بێت به کوولتووری ڕۆژهه‌ڵاتی. دێت له ڕۆژهه‌ڵات به‌دوای ”خودێکی تر”دا ده‌گه‌ڕێت. تا له ئاکامدا، له دوا سێ ساڵی ژیانیدا ”خودێکی تر” ده‌دۆزێته‌وه، که هه‌ندێک جار جلوبه‌رگی میرێکی کورد له‌به‌ر ده‌کات، وه‌ک له دیوانی ”دیوان له‌سه‌ر میر ئێمگیوون” دا وای کردووه. هه‌ندێک جار ”هۆمیرۆس”ی نابینایه و له ده‌شت و ده‌ر، له شار و گوند ده‌گه‌ڕیت و گۆرانی ده‌ڵێ. له دیوانی ”داستانی فاتیمه”یشدا، ده‌بینین هه‌ندێک جار خۆی کردووه به ژن و ناوی له خۆی ناوه فاتیمه. ئه‌و ده‌یزانی بۆ ئه‌وه‌ی له ڕۆژهه‌ڵات ”خودێکی تر” بدۆزێته‌وه، ده‌بێ خۆی فێری زمانه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان بکات. له ته‌مه‌نی نۆزده ساڵی چووه له‌نده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ زمانی به‌نگالی، سانسکریت و فارسی بخوێنێت. که ئه‌وه‌ی دووه‌میان زمانی ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه‌ی هیندییه. دوای ماوه‌یه‌ک ده‌گه‌ڕێته‌وه سوێد و له زانکۆی ئوپسالا به‌رده‌وامی به خوێندنی زمانی فارسی ده‌دات.
”سیانه‌ی دیوان” یه‌کێکه له مروارییه‌کانی ئه‌ده‌بی سو‌ێدی
4- تۆ له ده‌ستنووسێکی خۆتدا ده‌ڵێیت شیعره‌کانی گوننار ساده‌ن، ئایا ئه‌وه ساده‌یی شیعره‌کانن هانی رزگار- یان داوه که ئه‌و سێینه شیعرییه هه‌ڵبژێرێت‌و بۆ سه‌ر زمانی کوردی وه‌ریانبگێڕێت؟ لێره‌دا زیاتر مه‌به‌ستم له ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگێڕو ده‌قه؟
نا، گوتوومه به‌رهه‌مه‌کان به ده‌ربڕینی شیعریی ساده ره‌نگینن، به‌ڵام پڕ له ڕازن و هه‌ندێک جاریش زۆر ئاڵۆزن، که ئه‌گه‌ر له سیمبۆل و چیرۆکه ئه‌فسانه‌ییه‌کان نه‌گه‌ین، سه‌خت ده‌بێت له شیعره‌کان بگه‌ین. پاشان ”سیانه‌ی دیوان” یه‌کێکه له مروارییه‌کانی ئه‌ده‌بی سو‌ێدی. به‌رهه‌مێکه، چه‌ند دکتۆرانامه‌یه‌کی له‌سه‌ر نووسراوه. به‌رده‌وامیش نووسه‌ر و لێکۆڵه‌ری تازه دێن و له دنیای گه‌وره و ڕه‌نگینی ئێکێلۆف ده‌کۆڵنه‌وه. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم، ئێکێلۆف شاعیرێکه، کارکردن و لێکۆڵینه‌وه لێی له هه‌موو شاعیره‌کانی تر سه‌ختتره. من وای ده‌بینم شیعری ئێکێلۆف، ده‌بێت هه‌ر له زمانی سویدییه‌وه وه‌ربگێردرێته سه‌ر زمانێکی تر. ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕ زۆر ئارام و له‌سه‌رخۆ نه‌بێت، ئه‌گه‌ر پرس به نووسه‌ری تر نه‌کات و بۆ هه‌ر وشه‌یه‌ک و هه‌ر دێڕێکیش وریا و ده‌ست له‌رزۆک نه‌بێت، ئه‌وا دووچاری هه‌ڵه‌ی زۆر گه‌وره و ناشیرین ده‌بێت. پاشان ڕاستییه‌کی تر هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که وه‌رگێڕان له زمانه ئه‌ورووپاییه‌کانه‌وه بۆ زمانی کوردی، زۆر سه‌ختتره له‌وه‌ی که له فارسی، یان له عه‌ره‌بییه‌وه ئه‌و کاره بکرێت. ئه‌و نه‌ته‌وانه کۆمه‌ڵێک فاکته‌ری هاوبه‌شیان هه‌یه، که کاریگه‌رییان له‌سه‌ر زمان و بیرکردنه‌وه‌یشیان هه‌یه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌ورووپاییه‌کان و زمانه‌کانیاندا ئه‌و فاکته‌رانه‌مان نین. بۆیه وه‌رگێڕان و کارکردن له‌سه‌ر زمانه ئه‌ورووپاییه‌کان سه‌ختتره. من که ئه‌م سیانه‌یه‌م کردووه به کوردی، هه‌ر خۆم ده‌زانم چه‌ند ماندووی کردووم و چه‌ند مساوه‌مه‌م له‌گه‌ڵ زمانی سو‌ێدی کردووه، تا به‌م شیوه‌یه‌ی لێهاتووه. ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ که‌سێک بێت و له کوردییه‌وه وه‌ریبگێڕێته سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی، یان فارسی. ئه‌وا ده‌بێ ئه‌و که‌سه‌یش شیعره‌کان وا وه‌ربگێڕێت که له‌گه‌ڵ زمانه‌که‌ی بگونجێت، که ئه‌م کاره‌یشی کرد، که‌واته مساوه‌مه‌ی له‌گه‌ڵ زمانی کوردی کردووه.
ئه‌و مێژووناسێکی شاره‌زا بوو
5- خوێنه‌ر هه‌ست ده‌کات که گوننار زۆر گرنگی به ره‌مزی رۆژهه‌ڵاتی داوه، تۆ هه‌ست ناکه‌یت ئه‌و مێژوو ده‌گێڕێته‌وه؟
ڕاسته نووسینه‌کانی گوننار پڕن له سیمبۆل و ئه‌فسانه‌ی گریکی و ڕۆژهه‌ڵاتی. هه‌ندێک جار له شیعرێکدا ڕووداو و پاڵه‌وانی چه‌ند ئه‌فسانه‌یه‌ک به‌یه‌کدییه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و ڕه‌نگه ئه‌مه‌یش هۆیه‌کی ئه‌وه بێت که شیعره‌کانی ئه‌و بۆ خوێنه‌ری سوێدیش سه‌خت بن. ئه‌و سوودی له ئه‌فسانه‌ی زۆر نه‌ته‌وه وه‌رگرتووه و له شیعره‌کانیشیدا به‌کاری هێناون. ئه‌و سنووری کو‌لتوور و ئایینه‌کانی ده‌به‌زاند و سوودی له هه‌موویان وه‌رده‌گرتووه. به‌ڵام به گێڕانه‌وه‌یه‌کی کڕۆنۆلۆژی نا. چونکه ئه‌و مێژوونووس نه‌بوو، به‌ڵام مێژووناسێکی شاره‌زا بوو. سه‌یربه‌که ئه‌و شیعره‌ی که له دیوانی ”ڕێنیشانده‌ر بۆ ناخی زه‌وی”دا هه‌یه و باسی ”خه‌له‌ف ئه‌لئه‌حمه‌ڕی به‌سرایی” ده‌کات. چۆن ژیانی ئه‌و ”خه‌له‌ف”ـه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، به‌ڵام هاوکات هاتووه ڕۆلی ژنێکی دووگیانیشی نیشانداوه که ده‌چێته سه‌ر گۆڕی ”خه‌له‌ف”و دووعا ده‌کات منداڵه‌که‌ی به ”خه‌له‌ف” بچێت.
”دیوان له‌سه‌ر میر ئێمگیوون” باسی چاره‌نووسی میرێکی کورد ده‌کات
6- کامه‌یه ئاماژه‌کانی بۆ کورد؟
گوننار له چه‌ند شیعرێکدا باسی کوردی کردووه، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌مان له زه‌ین بێت و بزانین، که هاوسۆزی ئه‌و بۆ کورد، هه‌ڵوێستێکی سیاسی نییه، بۆ مه‌سه‌له‌ی سیاسی کورد. زێتر وه‌کو خۆناسینه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ که‌س و گرووپی چه‌وساوه. ئه‌و خۆیشی له وڵات و له ناو هاوزمانی خۆیشیدا نامۆ و گۆشه‌گیر بوو. ”دیوان له‌سه‌ر میر ئێمگیوون” ئه‌و شیعره‌یه که باسی چاره‌نووسی ناهه‌مواری میرێکی کورد ده‌کات له سه‌رده‌می ئیمپڕاتۆری بێزه‌نتی. ئه‌وده‌م کورده‌کانی ده‌وروبه‌ری گۆلی وان، سنوورپارێزی ئیمپراتۆری بێزه‌نتی بوون و پێیان ده‌گوتن ”ئه‌کریت”، که وشه‌یه‌کی گریکییه و به‌مانای به‌رزنشین دێت. ئه‌وانه‌ی له به‌رزایی چیا ده‌ژین. ڕه‌نگه به کوردی ئاکره‌یی ته‌واو بێت، که من وام نووسیوه. لێره‌دا ده‌مه‌وێ به مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسی هه‌نووکه‌یی ببه‌ستمه‌وه، ئه‌گه‌ر چی له سیاسه‌ت نازانم و حه‌زیشم لێی نییه. زۆر جار ده‌گوترێت مێژوو خۆی دووباره ده‌کاته‌وه. ئه‌و ڕازیبوونه‌ی کورد، که پێشمه‌رگه ناوی لێ بنرێت ”پاسه‌وانی سنوور” یان سنوورپارێز، ڕێک و ڕه‌وان وه‌کو سه‌رده‌می بێزه‌نتییه‌کانه، ئه‌وکاتیش کورد هه‌ر پاسه‌وانی سنوور بوو. پاسه‌وان ڕه‌هه‌ندێکی سیاسی هه‌یه. پاسه‌وان خاوه‌ن ماڵ نییه، که‌سی دووه‌مه. وه‌ک که کورد خۆی له مه‌سه‌له‌ی گرێی ”سه‌رۆک” ڕزگار کرد. ده‌بوو خۆی له ”پاسه‌وانی سنوور”یش رزگاربکردایه.
وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری ئاماده بوو ته‌نیا 20 دانه‌م لێ بکڕن، دوایی به واسته کردیان به 300 دانه
7- ئایا بۆچی هه‌ر سێ کتێبه‌که‌ت له سوید چاپکرد؟
ڕه‌نگه له‌به‌ر دوو هۆ بووبێت. یه‌که‌میان ئه‌وه‌یه چونکه ئێکێلۆف شاعیرێکه زۆرم خۆشده‌وێ، ده‌مویست له‌سه‌ر کاغه‌زی باش و له فۆڕمێکی جوان‌دا چاپبکرێت. جگه له‌وه‌یش، نه‌ده‌بوو که‌سێکی تر شیعره‌کان بنووسێته‌وه، چونکه ئه‌گه‌ر سه‌یری شیعره‌کان بکه‌یت، ده‌بینیت چه‌ند ورده‌کارییان تێدایه. له خۆم زێتر، که‌سی تر ناتوانێت بیان نووسنه‌وه.
دووه‌میشیان ئه‌وه‌یه، هه‌ر دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ”داستانی فاتیمه”، ده‌زگای چاپ، ئینستیتوتی سو‌ێدی و ئه‌کادیمیای سوێدیش، پێشوازی گه‌رمیان له‌م پرۆژه‌یه‌م کرد. ئه‌وان هه‌موو شتێکیان بۆ کردم. که ئه‌گه‌ر هاوکاری و کۆمه‌کی ئه‌وان نه‌بوایه، ئه‌وا مه‌سره‌فی چاپکردنی کتێبه‌کان به من نه‌ده‌دران، چونکه مه‌سره‌فێکی زۆریان تێچووه. کتێبه‌کانیان بۆ چاپکردم و هه‌موویانیان دایه‌وه خۆم و بڵاویان بکه‌مه‌وه. تۆ ته‌ماشا بکه، نه‌ته‌وه‌ی شارستانی، نه‌ته‌وه‌ی عاقڵ، به‌م شێوه‌یه کار بۆ کولتووری خۆیان و بێگانه‌یش ده‌که‌ن. پاره‌یه‌کی زۆریان سه‌رفکرد که گوننار ئێکێلۆف به کورد بناسێنرێت. به‌ڵام که ساڵی 2006 دیوانی ”دیوان له‌سه‌ر میر ئێمگیوون”م برده‌وه کوردستان، هه‌وڵم دا له‌ڕێگه‌ی ناوه‌نده ڕووناکبیرییه‌کانه‌وه بڵاوی بکه‌مه‌وه. به‌ڕاستی زۆر دڵگران و زۆریش تووڕه بووم، که وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئاماده بوو ته‌نیا 20 دانه‌م لێ بکڕن و هاوکاریم بکه‌ن له بڵاوکردنه‌وه‌ی. دوایی به واسته کردیان به 300 دانه. که‌چی که پێوه‌ندیم کرد به کاک ئازاد جندیانی له ڕاگه‌یاندنی مه‌رکه‌زیی ی.ن.ک، و کاک مه‌حه‌مه‌د خۆشناو له ده‌زگای مێرگ، ئه‌وان زۆر به خۆشحاڵی و به‌خشندانه هاوکارییان کردم له بڵاوکردنه‌وه‌یدا.
زمانی کوردی خزمه‌ت نه‌کراوه
8- له کاتی وه‌رگێڕانی ئه‌و سێیانه‌یه‌دا گرفته‌کانت چی بوون؟
گرفته‌کان زۆر بوون. ڕه‌نگه گرفتی سه‌ره‌کی ئه‌وه بووبێت، که زمانی کوردی ته‌واو بڕ ناکات. زمانێکه خزمه‌ت نه‌کراوه و هه‌موو نووسینێک وه‌رناگێردرێته سه‌ر ئه‌و زمانه. ئه‌گه‌رچی من له‌کاتی کارکردن‌دا به‌رده‌وام پرسم به کۆمه‌ڵێک نووسه‌ری کورد و سوێدیشه‌وه کردووه. زۆریش یارمه‌تییان داوم، به‌ڵام، به‌داخه‌وه دیسان ده‌بێ بڵێم، زمانی کوردی خزمه‌ت نه‌کراوه و له‌کاری وه‌رگێڕاندا ته‌واو بڕ ناکات. ڕه‌نگه له جێی خۆی بێت بڵێم، که‌س بۆی نییه ئه‌م شیعرانه له کوردییه‌وه وه‌ربگێڕێته سه‌ر زمانێکی تر. چونکه ئه‌گه‌ر کارێکی وا بکرێت. من دڵنیام که زۆر خراپ ده‌بێت و ڕه‌نگه به ئه‌سته‌میش به شیعری ئێکێلۆف نه‌چن.
بۆ نموونه: ده‌سته‌واژه‌ی ”ناخی زه‌وی” که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه گرفتێکی زۆری بۆ دروستکردم و زۆریش پێیه‌وه ماندوو بووم. له‌و باره‌وه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک نووسه‌ری کورد و سوێدیش گفتوگۆم کرد. ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه له زمانی سوێدیدا وشه‌یه‌کی لێکدراوه و به جۆرێک به مانای دۆزه‌خ دێت. له زمانی سو‌ێدی چه‌ند وشه‌یه‌ک بۆ دۆزه‌خ هه‌یه، که مانا و کرۆکیان که‌مێک جودان له یه‌کدی. سه‌ختییه‌که لێره‌دایه، ئێکێلۆف وشه‌یه‌کی نووسیوه که له زمانی کوردی‌دا نییه. ئه‌گه‌ر بمکردبا به دۆزه‌خ، ئه‌وا که‌مێک له فه‌زای شیعره‌که دوورده‌که‌وتمه‌وه. گفتوگۆکانم له‌گه‌ڵ پرۆفیسۆر ئه‌ندێرس ئولسۆن، که ئێکێلۆفناسه، ئه‌وه‌ی لێ که‌وته‌وه، که له‌و دوا گوته‌یه‌ی بۆ دیوانه‌که‌ی ده‌نووسێت، تیشک بخاته سه‌ر ناخی زه‌وی و ڕوونیبکاته‌وه.
رۆژهه‌ڵات کاریگه‌ریی له‌سه‌ر دنیابینینی ئێکێلۆف هه‌یه
9 کاریگه‌ریێتی ئه‌ده‌بی ڕۆژهه‌ڵاتی چییه له سه‌ر ئێکێلۆف؟
کاریگه‌رێتی ئه‌ده‌بی ڕۆژهه‌ڵاتی، به‌تایبه‌تیش، ئیبن عه‌ره‌بی و ڕۆمی زۆره له‌سه‌ر شیعر و دنیابینینی ئێکێلۆف، که بۆ من زۆر سه‌خته به چه‌ند ڕسته‌یه‌ک وه‌ڵامی بده‌مه‌وه. ئه‌م کاریگه‌ریێتییه و سوود وه‌رگرتنه له ئه‌ده‌بی ڕۆژهه‌ڵاتی زۆر ده‌کێشێت. به‌ڵام ئه‌وه ده‌ڵێم، که ئه‌گه‌ر ئیبن عه‌ره‌بی نه‌خوێندبایه‌وه، ڕه‌نگه ئه‌و شاعیره نه‌بوایه، که ئێستا من و تۆ له‌باره‌یه‌وه بدوێین. ره‌نگه ئه‌وکاته منیش هێنده به گوننار ئێکێلۆف سه‌رسام نه‌بام. ئه‌م حاڵه‌ته بێنه بار چاوی خۆت. گه‌نجێکی ته‌مه‌ن سێزده ساڵیی سو‌ێدی، له دوای جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی ته‌رجوومان ئه‌لئه‌شواقی ئیبن عه‌ره‌بی خوێندۆته‌وه و هه‌موو فه‌لسه‌فه‌ی ژیانی ئه‌وی گۆڕیوه و بووه به ڕێبه‌ری شیعری سو‌ێدی، که ئێستا‌و له داهاتوویش کاریگه‌ری به‌سه‌ر شیعری سوێدییه‌وه ده‌بێت.
سوودی له ”هه‌زار و یه‌ک شه‌وه‌و، گلگامش ” وه‌رگرتووه
10 ئایا کاری له‌سه‌ر ئه‌فسانه کردووه، به‌تایبه‌تیش ئه‌فسانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی؟
به‌ڵێ زۆر کاری له‌سه‌ر ئه‌فسانه کردووه، به‌تایبه‌تیش ئه‌فسانه‌ی گریکی و ڕۆمی. به‌ڵام سوودی له چیرۆکه‌کانی ”هه‌زار و یه‌ک شه‌وه‌و، گلگامش و چیرۆکی بابلی و فیرعه‌ونه‌کان” وه‌رگرتووه. ئه‌فسانه کۆڵه‌گه‌یه‌کی پته‌وی فه‌زای شیعری ئێکێلۆفه. ئه‌و ئه‌فسانه‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌کی به هی خۆی ده‌زانی و له شیعره‌کانیدا به‌کاری ده‌هێنان. به‌ڵام ئه‌و سنووری ئایینه‌کانیشی ده‌به‌زاند و سوودی له چیرۆکه‌کانی ئه‌وانیش وه‌رده‌گرت. ره‌نگه ئه‌م هه‌موو سنوور به‌زاندنانه‌ی باوه‌ڕی ئایینی و کولتووره‌کان بێت، وایان کردبێت ئێکێلۆف ته‌نانه‌ت بۆ خوێنه‌ری سوێدیش سه‌خت و قووڵ بێت. من له نزیکه‌ی شه‌ش ساڵی ڕابردوودا، له‌وکاته‌وه‌ی ده‌ستمکرد به وه‌رگێڕانی سیانه‌ی دیوان، هه‌ندێ کۆدی تێگه‌یشتن له ئێکێلۆفم شکاندووه. ئێستا بۆم ئاسانتره له فه‌زای شیعره‌کان نزیک ببمه‌وه.
شۆلۆخۆف هاوکاری ستالینی کردووه و نیرۆداش ده‌ستی هه‌بوو له کوشتنی ترۆتسکی
11 ده‌زانین دوا ده ساڵی ژیانی ئه‌ندامی ئه‌کادیمای سو‌ێدی بوو. له‌و ماوه‌یه‌دا پێراگه‌یشت ده‌نگ بۆ ده نووسه‌ر بدات، بۆ خه‌ڵاتی نوبێل. ئه‌زموونی ئه‌م ساڵانه‌ی چۆن بووه؟
گفتو‌گۆکانی ئه‌کادیمای سو‌ێدی نهێنین،که‌س نازانێ ئه‌و نووسه‌رانه کێن که ئه‌کادیمیا گفتوگۆیان له باره‌وه ده‌کات. به‌ڵام نووسه‌ران و ناوه‌نده ئه‌ده‌بییه‌کانی دنیا ته‌سه‌ور ده‌که‌ن که فڵانه نووسه‌ر له ئه‌کادیمیا گفتوگۆی له باره‌وه ده‌کرێت. که پایزی ساڵی 1965 گفتوگۆ له‌باره‌ی کاندیده‌کانی خه‌ڵاتی نوبێل ده‌کرا. شولۆخۆف و نیرۆدا دوو نووسه‌ر بوون که زۆرینه‌ی ئه‌ندامه‌کان پێیان باش بوون. ئه‌وده‌م ئێکێلۆف له‌به‌ر نه‌خۆشی نه‌ده‌چووه کۆبونه‌وه‌کانی ئه‌کادیمیا. به‌ڵام که زانی زۆرینه ده‌نگی بۆ شۆلۆخۆف داوه. زۆر دڵگران بوو. ئه‌و شۆلۆخۆف و نیرۆدای به شایسته‌ی ئه‌و خه‌ڵاته نه‌ده‌زانی. نامه‌یه‌کی بۆ سکرتێری ئه‌کادیمیا نووسی، که بۆ ئه‌ندامه‌کانیش خوێندرایه‌وه. له‌و نامه‌یه‌دا به ئاشکرا هه‌ڵوێستی تووند ده‌رده‌بڕێت به‌م هه‌ڵبژاردنه. ئێکێلۆف ده‌یگوت شۆلۆخۆف هاوکاریی ستالینی کردووه و نیرۆدایش ده‌ستی هه‌بوو له کوشتنی ترۆتسکی. ئه‌مانه شایسته‌ی خه‌ڵاتی نوبێل نین. له نامه‌یه‌کیشدا بۆ دۆستێکی له‌باره‌ی وه‌رگری خه‌ڵاته‌که‌وه نووسیویه‌تی: شۆلۆخۆف له‌گه‌ڵ چه‌ند نووسه‌رێکی زیندانی نه‌کراو دێته ستۆکهۆلم.
ئێکێلۆف پێی وا بوو که ئه‌مه خه‌ڵاتێکی سیاسییه، نه‌ک ئه‌ده‌بی. ئه‌و جوانی گوتووه که ده‌ڵێ، ”شۆلۆخۆف له‌گه‌ڵ چه‌ند نووسه‌رێکی زیندانی نه‌کراو دێت”. من گومانم له گه‌وره‌یی نێرۆدا نییه له گه‌شه‌ی ئه‌و شیعرانه‌ی به ئیسپانی ده‌نووسرێن، یان له شۆلۆخۆف، به‌ڵام وه‌ره مێژووی ئه‌ده‌بیی بخوێنه‌وه و بزانه سۆڤییه‌ت و پارتی کۆمۆنیستی وڵاتانی رۆژهه‌ڵات چیان بۆ ئه‌م دوو نووسه‌ره نه‌کرد، له به ئایدیۆلۆژیکردنی ئه‌ده‌ب. له کاتێکدا ڕێگه‌یان به بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌کانی پاسترناک نه‌ده‌دا و به دوژمنی کۆمۆنیزم ناویان ده‌هێنا. ئێکێلۆف راستی گوتووه، که ئه‌وه‌ی شۆلۆخۆف خه‌ڵاتێکی سیاسی بوو.
Nawzad.ali@hotmail.com
سه‌رنج؛
ئه‌م دیداره له رۆژی 8/5/2008 له پاشکۆی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری رۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ بڵاوکراوه‌ته‌وه