کێ کرێی کاره‌که‌ی وه‌رناگرێت؟
ئایار و وێنه‌کانی کرێکار
به‌کر ئه‌حمه‌د …..
"له جه‌ژنی کرێکاراندا فه‌رمانبه‌ران پشوو ده‌ده‌ن و کرێکارانیش کۆڵی خۆیان ده‌کێشن"، به‌شیک له‌و تایتڵانه‌ن که ده‌کرێ له زۆرێک رۆژنامه‌کانی کوردستاندا بخوێنرێنه‌وه. بۆ به‌رجه‌سته‌کردنه‌وه‌ی قورساییه‌ک که ناونیشانێکی وه‌ک ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه ده‌کرێ له زه‌ینی خوێنه‌ردا به‌جێی بێڵێ، وێنه‌ی به‌شێك له کرێکارانی بیناسازی، له ژێر ناونیشانه‌که‌وه ده‌بینرێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌واڵه چه‌ند چرکه‌یه‌کی خه‌به‌ری که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌فیزیۆن داگیربکات، ئه‌وا ئاماده‌که‌ری هه‌واڵ، له‌به‌رده‌م کۆمه‌ڵێک کرێکاری بیناسازیدا، پرسیاری چۆنێتی پشوونه‌دانی ئه‌م کرێکارانه ده‌خاته‌ڕوو. ئیتر ئینسان سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ده‌چێت که کرێکار له زمانی کوردی‌دا، به ته‌نها ده‌مووچاوێک و ناوێکی تایبه‌تی هه‌یه که ئه‌وێش، کرێکارانی بیناسازییه.
بۆچی که‌سیک به خه‌یاڵیدا ناچێت که ڕیپۆڕتاژێک له‌سه‌ر ئه‌و کچ و کوڕانه بڵاوبکاته‌وه که له ئۆفیسه جۆراوجۆره‌کانی ته‌له‌فۆنات و به‌شێکی زۆری دامه‌زراوه تایبه‌تی و گشتییه‌کاندا کارده‌که‌ن. ده‌یه‌ها کاری جۆراوجۆر له‌مڕۆکه‌ی بازاڕی کاری کوردستاندا په‌یدا بوون و به هه‌ر ناوێکی تایبه‌تییه‌وه ده‌رکه‌ون، هێشتا له باری مووچه‌وه ناگه‌نه ئاستی کرێی به‌شێک له کرێکارانی بیناسازی. مه‌گه‌ر کاری ئه‌وان سیحری ئه‌وه‌ی نییه سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ هه‌لوومه‌رجی کارییان ڕابکێشێت و رێپۆرتاژێکی "کرێکار"ییانه‌ی له‌سه‌ر دروست بکرێ؟
ئه‌و سیسته‌مه فیکرییه چییه که له پشت به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی وێنه‌ی کرێکاری ڕاپۆرته هه‌واڵییه‌کانی ڕۆژنامه و تهلهفیزیۆنهکانهوهیه؟ بۆچی که‌سێک مامۆستای پێ کرێکار نییه؟ شۆفێر چییه، پۆلیسی هاتووچۆ له کوێی دابه‌شبوونه چینایه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگادا کاتیگۆریزیره ده‌کرێت؟
بۆچی کرێکاری بیناسازی کوردستان ئه‌و سیحره‌ی هه‌یه ده‌موچاو له هاوچینه‌کانی خۆی بسه‌نێته‌وه و بێته تاکه ده‌موچاوی به‌رجه‌سته‌ی "کرێکار" له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا.
له تێڕوانینی مارکسدا، چینه‌کانی کۆمه‌ڵگا په‌یوه‌ندییه‌کی به‌هێزیان به جێگا و شوێنی ئابووری ئینسانه‌کانه‌وه‌یه. واتا پرۆسه‌ی دابه‌شکرنی کار و ئه‌و جێگا و ڕێگا ئابوورییه‌ی ئه‌وان له پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا، به فاکته‌رێکی گرنگ له‌به‌ر چاو ده‌گیرێت. به‌ڵام به ته‌نها فاکته‌ره ئابوورییه‌کان بڕیارده‌ری نیهائی نین له دیاریکردنی شوێنپیی چینایه‌تی ئینسانه‌کاندا. چونکه ئه‌و په‌یوه‌ندییه دیالێکتیکییه‌ی له نێوان سه‌رخان و ژێرخانی کۆمه‌لگادا هه‌یه، به ته‌نها په‌یوه‌ندییه‌کی یه‌ک ئاڕاستانه‌ی ژێره‌وه، بۆ سه‌ره‌وه نییه. به‌لکو سه‌ره‌وه‌ش، واتا سه‌رخانی کۆمه‌ڵایه‌تی، به هه‌مان شێوه کاریگه‌ری گرنگ داده‌نێت و ده‌کرێ جۆرێکی دیکه له ئینتیمای چیناته‌تی بخوڵقێنێ که ته‌واو پێچه‌وانه‌ی شوێنپێی چینایه‌تی ڕاسته‌قینه‌یه که دۆخی ئابووری خوڵقاندوویه‌تی. له‌شکری گه‌وره‌ی ئه‌و هه‌زاران په‌نابه‌ره کۆچکردووه‌ی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی خۆرئاوا بۆ ده‌وڵه‌تانی پیشه‌سازی خۆرئاوا، چیرۆکی ئه‌م ئینتیما چینایهتییهمان به شێوه‌یه‌کی ساده ده‌خاته به‌رده‌ست. ئینسان ده‌کرێ له ئێران‌دا خاوه‌نی کارێک بووبێ که به‌پێی ئایدیۆلۆژیا و ئینتیمای ئابووری که‌سه‌که، خۆی به‌کرێکار پێناسه نه‌کات. به‌ڵام کاتێک له کۆمه‌ڵگای تازه‌دا به هۆی گرفته‌کانی زمان و راسیزمه‌وه جگه له کاری خزمه‌تگوزاری ساده، هیچی تری پێڕه‌وا نابینرێت، ئه‌ویش لای خۆیه‌وه زۆر ئاسان ده‌ست بۆ ئه‌و کارانه نابات. چونکه ئه‌گه‌ر چی ئینتیمای تازه و هه‌لومه‌رجی ئابووری تازه، که‌سه‌که ده‌خاته هه‌ژارترین پله‌ی گوزه‌رانی کۆمه‌لگای نوێوه، له باری ڕۆحی و فیکرییه‌وه ئه‌م کۆچبه‌ره خۆی به ئینتیمایه‌کی چینایه‌تی پێناسه ده‌کات که زیاتر زاده‌ی خه‌یاڵی خۆیه‌تی نه‌ک واقعییه‌تێک که له ژیاندا پراکتیزه‌ده‌کرێت. تۆ ده‌کرێ کچی کابرایه‌کی کرێکار بیت و له باری شوناسی چینایه‌تییشه‌وه قه‌ت خۆت له‌گه‌ڵ، ئینسانه‌کانی سه‌ر به هه‌مان چینی خۆته‌وه پێناسه نه‌که‌یت. چینی کۆمه‌ڵایه‌تی چۆن له واقیعدا ده‌کرێ زاده‌ی جه‌بره ئابوورییه‌کانی کۆمه‌ڵگای چینایه‌تیی بێت، به هه‌مان شێوه‌ش ده‌کرێ له ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ، له باری فه‌ردی و گشتییه‌وه له ئاستی فیکری و سایکۆلۆژییه‌وه دروست بکرێت.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر پرسیاره‌کانی سه‌ره‌وه،بۆچی ده‌موچاوێکی تر جێگای کرێکاری بیناسازی له کوردستاندا ناگرێته‌وه؟
ڕه‌نگه به‌شێک له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره په‌یوه‌ندی به خودی ناوی کرێکاره‌وه بێت له زمانی کوردی‌دا، به‌شێکی تریشی ئه‌و تێگه‌یشته باوه ترادیسیۆنییه‌ی که کار و سیسته‌می کاری کرێگرته له تێگه‌یشتنی کۆمه‌ڵایه‌تی ئینسانه‌کانی کوردستاندا، به شێوه‌یه‌کی نا ئاگاهییانه که هۆکاره‌کانی له‌م وتاره‌دا بۆ من گرنگ نییه، به‌رهه‌می هێناوه.
به بێ قوڵبوونه‌وه‌یه‌کی زۆر له مێژووی ده‌رکه‌وتنی وشه‌ی کرێکارله زمانی کوردی‌دا، ده‌کرێ بووترێت که ده‌رکه‌وتنی وشه‌ی کرێکار له زمانی کوردی و زمانه‌کانی دیکه‌ی دنیادا، هاوتایه به جێکه‌وتنی سیسته‌می سه‌رمایه‌دارییه‌وه له جیهاندا. به‌ڵام سه‌رنجڕاکێس ئه‌وه‌یه که له که‌م له زمانه‌کانی دنیادا ئه‌م وشه‌یه ده‌ربڕی ئه‌و ناوه‌ڕۆکه‌یه که وشه‌که ئاماژه‌ی پێده‌کات. سه‌رمایه‌داری هیج نییه جگه له سیسته‌می کاری کرێگرته. سیسته‌مێک کار تیایدا به‌کرێ ده‌درێ و له‌به‌رانبه‌ر کاری ئه‌نجامدراودا، کرێیه‌ک وه‌رده‌گیرێت. هه‌ر بۆیه‌ش، کرێکار که‌سێکه که کارێک ئه‌نجامده‌دات و کریی کاره‌که‌ی وه‌رده‌گرێت. گۆڕینی هێزی کار به کاڵایه‌ک و فرۆشتنی له بازاڕی کاردا، ته‌نها له سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا فه‌راهامه و ئه‌م سه‌روه‌رییه کۆیلهدارێتییه بۆ ئه‌م سیسته‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌ڵام له‌م پڕۆسه‌ی کڕین و فرۆشتنه‌دا، ده‌کرێ هێزی کاری فیزیکی بفرۆشرێت، ده‌شکرێ کارێکی فیکری بێت. له به‌رانبه‌ر ئه‌م تێڕوانینه‌دا، کرێکاری بیناسازی سه‌ر به گرووپی یه‌که‌میانه‌و ئه‌و که‌سه‌ی پڕۆگرامێرهی سیسته‌مه جۆراوجۆره‌کانی کۆمپیوته‌ر ده‌کات، ده‌بێته سه‌ر به گروپی دوهه‌م. واتا، دوو که‌س که بۆ بژێوی خۆیان چه‌ند سه‌عاتێک له هێزی کاری خۆیان به که‌سێکی دیکه بهکرێدهدهن تا کرێیه‌کی له‌به‌رانبه‌ردا وه‌ربگرن. به‌ڵام کرێکاری بیناسازی له وڵاتێکی وه‌کو سویددا خاوه‌نی چیرۆکێکی تایبه‌تییه که په‌یوه‌ندییه‌کی سه‌یری به کرێکارانی بیناسازی کوردستانه‌وه هه‌یه.
سه‌رمایه‌داری له مڕۆکهی سویددا سیما و ده‌مووچاوه‌کانی کاری به هۆی ئه‌و خه‌باته درێژه‌ی بزووتنه‌وی کرێکاری و بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دیکه‌وه که‌مێک پاکترکردۆتهوه و له ئاستێکی به‌رینی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، سیماکانی عهرهقڕشتن و خهستهدهرنهکهوتنی کارکه‌رانی له شوێنه گشتییه‌کاندا دوورخستۆته‌وه. تۆ له هه‌ر شوێنێکدا کارکه‌یت، ده‌توانیت دوای کار خۆت بشۆیت و جلوبه‌رگی کارت له‌سه‌ر کار جێبێڵیت و پۆشته و په‌رداخ بێیته‌ده‌ر. به‌ڵام کرێکارانی بیناسازی له‌م وڵاته‌دا، له ناو جه‌رگه‌ی ڕووبه‌رێکی گشتیدا له‌به‌رچاون و خۆیانمان نیشانده‌ده‌ن. واتا ئه‌وه‌ی که به کارکردن و خوڵقاندنی داهێنه‌رانه‌ی ئینسان له قه‌ڵه‌مده‌درێت و به به‌رهه‌می کار ده‌ناسرێنرێت، له سیمای جله تایبه‌تییه‌کانی کرێکارانی بیناسازیدا، خۆی نیشانی کۆمه‌ڵگا ده‌دات. کرێکاری بیناسازی له سویددا، وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای چینایه‌تییه و نیشاندانی ئه‌و ڕوخساره‌ی کۆمه‌ڵگایه که سه‌رمایه‌داری خوازیاری شاردنه‌وه‌ی سیما چینایهتییهکانییهتی.
له کوردستانیشدا، کرێکارانی بیناسازی هه‌مان ڕۆڵ ده‌بینن. سیمای ئاره‌قاویی و له‌به‌رچاوبوونی ئه‌وان له‌و ڕووبه‌ره گشتییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا که زیاتر به‌به‌رچاوی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگاوه‌یه، وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی شه‌قبوونێکی چینایه‌تییانه‌ی کۆمه‌ڵگا ده‌داته ده‌ست. به‌لام لێره‌وه نییه ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی ده‌یه‌وێ سه‌رنجی کۆمه‌لگا بۆ پرسیاره چینایه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگا ڕابکێشێت، چونکه له سه‌ر په‌یژه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگای کوردستاندا، له خوار هه‌لومه‌رجی ناله‌باری کاری کرێکارانی بیناسازییه‌وه، ده‌یه‌ها هاوچاره‌نووسانی دیکه‌ی کرێکارانی بیناسازی ئاماده‌ییان هه‌یه که ناخرێنه سه‌ر شانۆ. به‌ڵکو ئه‌و دیده‌ی له پشت به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی وێنه‌ی کرێکارانی بیناسازییه‌وه‌یه له ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی‌دا، ئه‌و دیده گشتیه‌یه که کرێکاربوون و کرێگرتهبوونی سیسته‌می کاری له کوردستاندا، به‌خشیوه به تاکه ده‌مووچاوێک و له وه‌همێکی سهروچینایهتییانهی خۆیه‌وه ده‌یه‌وێ روخساری فرۆشتنی هێزی کاری خۆی له ژێر ناوێکی دیکه‌دا بشارێته‌وه. ئه‌م دۆخه تایبه‌تمه‌ندییه‌کی کوردستان نییه و له‌و وڵاتانه‌دا سیسته‌می چینایه‌تی به ڕوونی و ئاشکرا کۆمه‌ڵگای به‌سه‌ر ئینتیمای جۆرراوجۆری چینایه‌تیدا دابه‌شکردووه و سنووره چینایه‌تییه‌کان به دیواره به‌رزه‌کانی سیمبول و کۆدی جۆراوجۆر لهیهکجیاکراونهتهوه، ئینسانه‌کان به هه‌موو کۆششێکی ڕه‌مزی و ناڕهمزییانه، هه‌وڵده‌ده‌ن سه‌ر به گروپێکی که‌مێک هه‌ڵکشاوتر بن. کارێکی سه‌یر نییه که له عێراقی سه‌ددامدا، بۆ سڕینه‌وه‌ی دیواره چینایه‌تییه‌کان، یاسای گۆڕینی کرێکار به فه‌رمانبه‌ر، به هه‌ر مه‌غزایه‌کی سیاسی که له پشت ئه‌م ئاڵوگۆڕه‌وه‌یه، ده‌بێته کارێکی ڕۆتینی. ئاخۆ که‌ی سسته‌رێک، پۆلیسێکی هاتووچۆ، سکرتێرهیهک ده‌بنه سه‌ر تایتڵی هه‌واڵه کرێکارییه‌کانی ئایار؟ مه‌گه‌ر ئه‌وانیش، کرێی کاره‌کانییان وه‌رناگرن و ناکرێ وه‌ک
(کرێ) ( کار) له‌به‌رچاو بگیرێن.؟
06/05/2008