خودێكی مرۆییانه و پرسیاره گه‌وره‌كان!
ئه‌م نوسینه رانانێكی خێرایه له‌سه‌ر كتێبی (عه‌شق نائومێدییه‌كی خۆشه) ی (گۆران ڕه‌ئوف).
سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت به‌كورتی له‌باره‌ی ئه‌زمونی شیعرنوسین بدوێم لای گۆران ڕه‌ئوف، هه‌ڵبه‌ت گۆران ئه‌م كتێبه‌ی یه‌كه‌مین بڵاوكراوه‌ی شیعرییه‌تی به‌شێوه‌ی كتێب، كه‌پاش نوسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌ندان تێكستی ئه‌ده‌بی له ژانره‌كانی دیكه، وه‌ك بڵاو كردنه‌وه‌ی دو ڕۆمان به‌ناوی زستانێكی پڕ نهێنی له ساڵی 2007 و راستییه درۆزنه‌كان له ساڵی 2009 هاوكات بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌ند چیرۆكێك له گۆڤار و بڵاوكراوه ئه‌لكترۆنییه‌كان، كه كه‌م تا زۆر گۆران ی ناساند وه‌ك گه‌نجێكی تایبه‌تمه‌د.. ئه‌وه‌ی بۆمن گرنگه لێره‌دا بیخه‌مه روو قسه‌كردنه له‌سه‌ر ئه‌زمونی شیعری گۆران له‌م به‌رهه‌مه‌یدا، یاخود خوێندنه‌وه‌یه‌كی سهرپێیانهیه بۆ شیعره‌كانی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی كه ره‌نگه بونی ئه‌م ده‌سپێكه‌ی باسمكرد له ئیشكردنی ئه‌ده‌بی گۆران، ڕۆڵی تایبه‌تی هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌زمونه شیعرییه‌ی.
(زاڵبونی زمانی گێڕانه‌وه) خه‌سڵه‌تێكی زۆر دیاری شیعری نوێ له‌م كتێبه‌دا!
ئه‌گه‌ر به قوڵی و به‌وردی سه‌رنج له شیعره‌كانی نێو ئه‌م كتێبه بده‌ین، به ئاشكرا تایبه‌تمه‌ندی و جودایی كاركردنی گۆران هه‌ستپێده‌كه‌ین له‌م شیعرانه‌یدا، مه‌به‌ست له جودا كاركردن به‌و واتایه دێت كه گۆران له یه‌كه‌م ئه‌زمونی شیعریدا توانیویه‌تی به ته‌واوی خۆی بێت و توانیویه‌تی وێنه‌یه‌كی پڕاوپڕی خودێكی لێوان‌لێو له گۆرانمان بۆ وێنابكات، كه ئه‌مه له بۆخۆی واده‌كات تێكسته‌كانی هه‌رچی بن بتوانین بیانخوێنینه‌وه له‌سه‌ریان بوه‌ستین..
ده‌گمه‌نه كه‌سێك هه‌بوێت بنوسێت و نه‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری نوسهرێكهوه، من نامه‌وێت لێره‌دا ئه‌م نوسینه تهرخانكهم بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و كاریگه‌ریانه‌ی به‌سه‌ر ئه‌م كتێبهوهن، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی گشتگیر له‌باره‌ی تایبه‌تبون و تاكێتی گۆران ه‌وه بدوێین.
خه‌سڵه‌تی گێڕانه‌وه له شیعره‌كانی نێو ئه‌م كتێبه‌دا یه‌كێكه له‌و خاڵانه‌ی كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ده‌توانین هه‌ستی پێبكه‌ین و چێژێكی تایبه‌تیمان پێببه‌خشێت، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌زمونی نوسینی گێڕانه‌وه لای گۆران ڕه‌ئوف، كه‌له سه‌ره‌تاوه ئاماژه‌مان پێدا.. ته‌واوی شیعره‌كانی نێو ئه‌م كتێبه سه‌رڕێژه له گێڕانه‌وه‌یه‌كی چیرۆكئامێز و دارامایی كه خوێنه‌ر زێده‌تر هه‌ستده‌كات له‌نێو چركه‌ساتێكی شانۆیدایه، ههسدهكات له‌پشت هه‌ر دێڕێكه‌وه گرێیه‌كی چیرۆك هه‌یه و له هه‌ر شیعرێكدا چیرۆكێك یان دوان زیاتر بونی هه‌یه.. له به‌شێكی زۆری شیعره‌كاندا په‌لده‌هاوێت بۆ وێنه‌گه‌لێكی سینه‌مایی وه‌ك له‌م شیعره‌یدا به‌دی ده‌كرێت:
چركه‌كانی به‌ر له مردن!
1
ئه‌مڕۆ پیاوه بستهباڵاكهم بینی!
2
به‌هێواشی به‌سه‌ر پلیكانه‌كاندا
ده‌ڕۆی.
3
له‌گیرفانی پاڵتۆكه‌یدا
نامه‌یه‌ك كه‌وته‌خواره‌وه!
4
نامه‌یه‌ك پرشنگی درۆكانی
مهستیكردم!
بۆنی وشه‌كانی
ئه‌وه‌نده‌ی گه‌مژه‌یی
به ناچار هاوڕێكه‌م
بۆگه‌نبوو!
5
ده‌نگی هه‌ناسه‌ی ئه‌و نامه‌یه
له‌هه‌وا توڕه‌كانی
به‌فر ساده‌تربوو!
6
“ئه‌م عه‌سره له باخچه‌كه‌ی
نزیك ماڵتان خۆمه‌كوژم!!”
نامه‌كه‌ی ئه‌مه‌ی تێدا نوسرابوو.
له شیعره‌دا ئیشكردنێكی زۆر تایبه‌ت و نوێ به‌رچاوده‌كه‌وێت له‌ڕوی ته‌كنیك و وێنه فیلمئامێزهكانی نێو ڕسته‌كان، هاوكات گه‌ر ودتر ته‌ماشابكه‌ین ده‌بینین جۆرێك له چیرۆكی مه‌نه‌لۆگ ده‌بینین له‌نێو ئه‌م شیعره‌دا كه‌له‌سه‌ره‌تاوه تاكۆتایی واده‌كات له خوێنه‌ر چاوه‌ڕوانی ڕوداوێكی زۆر چاوهڕواننهكراوبێت و دواتر و له كۆتایی شیعره‌كه‌دا وه‌ك كۆتایی چیرۆكێك ده‌گاته ئه‌نجام!
ئه‌مه به‌ده‌ر له‌و واتاسازییه ره‌شبینانه‌ی له ته‌واوی شیعره‌كانی نێو ئه‌م كتێبه‌دا هه‌ستی پێدهكین، كه ده‌كرێت له نوسینێكدا دیكه‌دا ئاماژه‌ی بۆ بكرێت و قسه‌ی لهبارهوهبكرێت، به‌ڵام به‌گشتی گۆران باس له بێهودهییهك و یاخیبونێكی زۆر قوڵ و ئینسانیانه ده‌كات له به‌رامبه‌ر ژیان و گه‌ردوندا، ئه‌مه‌ش له شیعری (پاوێك هێشتا هه‌ر چاوه‌ڕوانه) و (به‌له‌می خنكاو) و (21 ساڵ و شه‌ش حه‌وت مانگ) و (جیهانه‌كانی ناوه‌وه‌م ئازارمهدهن!)… دا به ڕونی به‌دی ده‌كرێت كه چه‌ندان پرسیاری گه‌وره و فه‌لسه‌فی قوڵ ده‌هه‌ژه‌نێت و بیری خوێنه‌ری ده‌خاته‌وه، یاخودا پرسیارگه‌لێكی نوێ ده‌خاته‌ڕوو كه هه‌ستده‌كرێت پڕاوپڕ وێنه‌یه‌كی تایبه‌ته و خوڵقێنراوی گۆرانه.
وێناكردنی خودێكی سه‌رده‌میانه و ئیشكردن به كه‌ره‌سته‌ی نوێی شیعری..
ئه‌مه‌ش یه‌كێكی تره له سیما دیار و به‌رچاوه‌كانی شیعره‌كانی نێو ئه‌م كتێبه‌ی گۆران ڕه‌ئوف، كه ده‌كرێت وه خالێكی به‌هێز نه‌مر ته‌ماشابكرێت له ئه‌زمونی نوسین و شیعری نوسه‌ردا، گۆران له‌م شیعرانه‌یدا وێنای خودێكی ئینسانی نوێمان نیشان ده‌دات، ئه‌و كه باس له وێنه‌یه‌كی مرۆڤ ده‌كات، نه‌خشه بۆ نیشاندانی خودێكی ئاڵۆز و قه‌ره‌باڵغ ده‌كێشێت، كه ڕه‌نگه ئه‌م ئاڵۆزییه بۆ به‌شێك له خوێنه‌ران ببێته مایه‌ی وه‌ڕسی و نه‌توانن وه‌ك خۆیان چێژ له شیعره‌كانی نێو ئه‌م كتێبه ببینن، ئه‌مه‌ش ده‌لاله‌ته له‌بۆ تێڕوانینی و ئه‌و گۆشهنیگایانهی گۆران لێیه‌وه ته‌ماشای ژیانیان پێده‌كات، ده‌لاله‌ته بۆ ده‌رخستنی جیهانبینی و ئاستی ڕۆشنبیری شاعیر، كه ئه‌مه‌ش حه‌قێكی زۆر ئاسایی شاعیره چ جۆره كۆد و گرێیه‌ك له‌نێو تێكسته‌كانیدا دروستده‌كات، وه‌ك ده‌بینین كاری گۆران ته‌نها په‌یوه‌ست نه‌بوه به‌و زه‌مه‌نی تیایدا ده‌ژی به‌ڵكو هه‌ولێدا سنته‌ری شیعره‌كانی مۆرێكی جیهانیانه وه‌ربگرن، كه‌ئه‌مه‌ش لای زۆرێك له شاعیران و نوسه‌رانی پێش‌و و ئێستاش بونی هه‌یه، ئه‌ویش گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ خود، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ بنه‌ڕه‌تی مرۆڤبون و به‌ها و چه‌مكه ئاڵَۆزهكانی ئینسان له هه‌ر جێی و كاتێكی ژیاندابێت.
به‌شێكی تری ئیشكردنی گۆران له‌م ئه‌زمونه شیعرییه‌دا ئه‌وه‌یه كه خۆی به‌دور گرتوه له شێوه و قاڵبی شاعیرانی پێش خۆی، گه‌ر وردتر بڵێین جودایه له شاعیرانی چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك پێش خۆی كه ئێستا خاوه‌ن ناوبانگ و كاریگه‌ری به‌رچاویان هه‌یه، به‌ڵكو هاتوه به فۆڕمێكی تایبه‌ت و نوێوه كڵێشه‌ی شیعره‌كانی خۆی كێشاوه كه ئه‌مه‌ش بۆ گۆران چاوه‌ڕوانی ئاینده‌یه‌كی گه‌شی لێده‌كرێت.
به‌شگتی ئه‌و سیما ته‌واو مرۆییه‌ی كه‌له‌نێو ئه‌م كتێبه شیعرییه‌ی گۆران دا ههستیپێدهكات واده‌كات بڵێن ئه‌م كتێبه ده‌كرێت له هه‌مو زه‌مه‌نێكدا و له‌هه‌ر شوێن و ساتێك‌دا به‌رده‌ستی ئینسان بكه‌وێت، بخوێنرێته‌وه و توشی ڕامان و پرسیارمان بكات، ماوه‌ته‌وه بڵێن دهستخۆشمان بۆ ئه‌و گه‌نجه هه‌یه كه‌توانی له‌یه‌كه‌م ئه‌زمونی شیعری خۆیدا بهجۆێكی تر بمانبات به‌ره‌و پرسیاره گه‌وره‌كان و دیدگای نوێمان نیشنابدات له‌مه‌ڕ نوسینی شیعری نوێوه.
ڕێبین شه‌ریف
تێبینی: ئه‌م نوسینه له ژماره (38) پاشكۆی نسێ بڵاوبۆته‌وه.