Skip to Content

Tuesday, July 23rd, 2024
تفه‌نگه‌که‌ی تاڕپ !!…

تفه‌نگه‌که‌ی تاڕپ !!…

Closed
by May 9, 2013 گشتی

 

 

 

 

  تفه‌نگه‌که‌ی تاڕپ ، به شێکی دراماتیکی ڕوداوی فیلمێک بو ، ئه‌وه‌ی له‌یادم مابێت ،سه‌رده‌می جه‌نگه‌کانی ناپلیۆن بو وه‌کو هێزی هه‌نارده‌که‌ری بیرو باوه‌ڕه‌كانی شۆڕشی فه‌ره‌نسا له‌بانگه‌وازی ئازادی و لیبرالیزم ، به‌رامبه‌ به‌هێزی کۆنزه‌رڤاتیزمی ئه‌وروپی و روسی .  ڕوداوه‌کان له‌ئیسپانیادابون . تاڕپ و تفه‌نگه‌که‌ی ،  ڕۆڵی چاره‌نوسسازی بینی له‌ پرۆسه‌ی به‌لاداکه‌وتنی ئیسپانیا به‌دیوی  کۆنزه‌رڤاتیزمی به‌ریتانی دا دژ به‌ لیبرالیزمی فره‌نسی . له‌کاتێک دا هێزه‌کانی به‌ریتانیا خه‌ریک بو تێک ده‌شکان ، ئه‌فسه‌رێکیان له‌ فه‌رمانده‌یی باڵای بریتانیه‌وه‌ نارد بۆ سه‌رپه‌رشتی کردنی هێزه‌ په‌ڕش وبڵاو کراوه‌که‌یان . ئه‌فسه‌ره‌که‌ له‌ رێگه‌ی په‌یوه‌ندی کردندا  ، به‌ته‌نها ده‌که‌وێته‌ که‌مینی مه‌فره‌زه‌یه‌کی هێزی فه‌ره‌نسیه‌وه‌ ،  به‌هه‌ڵکه‌وت له‌وێدا تارپ وه‌کو سه‌ربازێکی ساده‌ی که‌مته‌رخه‌م ، له‌و چه‌مه‌دا  له‌ هێزه‌که‌ی دابڕابو  .به‌تفه‌نگه‌ تاقه‌یه‌ک دێته‌ ده‌ست و بێ ئه‌وه‌ی بزانێت  سه‌رکرده‌  نوێ یه‌که ی‌ له‌ کوشتن ڕزگار ده‌کات ، هاتنی ئه‌م فه‌رمانده‌یه‌ زۆر گرنگ ده‌بێت بو ڕیخستنه‌وه‌ی هێزی په‌رش  بڵاوی ئینگلیزه‌کان ،سه‌ره‌نجام ده‌بێته‌ هۆی تێکشکاندنی فه‌ره‌نسیه‌کان و ده‌رپه‌ڕاندنی یه‌کجاریان له‌ گۆڕه‌پان دا . ئیتر چاره‌نوسی ئیسپانیا ده‌که‌وێته‌وه‌ خولگه‌ی پاشایه‌تی  کۆنزه‌رڤاتیزمی بریتانیه‌وه‌ .

تارپی سه‌رباز به‌ته‌نها هیچی پێ نه‌ده‌کرا ئه‌گه‌ربه‌ڕێکه‌وت تفه‌نگ و چه‌ند گوله‌یه‌کی پێ نه‌بوایه‌ .

له‌بابه‌ته‌که‌ی ئێمه‌دا  تفه‌نگ و گوله‌ ده‌بنه‌ ، وشه‌ی (نا) بۆ سه‌پاندنی ده‌ستورێکی داخراو ، (نا ) بۆ سێهه‌م جار هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی سه‌رۆک ،( نا )بۆ له‌وتاندنی دیموکراسی ، (نا)بۆ حوکمی داخراوی بنه‌ماڵه‌یی  ،(نا) بۆ زه‌وت کردنی ئازادی و زه‌وت کردنی هه‌لی هاوتاو چونیه‌کی ژیان  ، هه‌رنایه‌ک له‌برێتی گوله‌یه‌کی( تفه‌نگه‌که‌ی تاڕپ )ه .

 

ئه‌ی کێ ، ده‌بێته‌ تاڕپ ؟!!‌‌

 

    له‌ پێش هه‌ڵبژاردنی 2009وه‌ ، په‌رله‌مانی کوردستان به‌شێوه‌یه‌کی نائاسایی  ،ته‌مه‌نی خۆی درێژ کرده‌وه‌ ، ئه‌و کاته‌ خه‌ڵکێک و نه‌یارانی  درێژ کردنه‌وه‌که‌ ، ناتۆره‌ی ( په‌رله‌مانی ئێکسپایه‌ر) یان ، دابڕی بو به‌سه‌ر په‌ڕله‌مانی بێ ئۆپۆزیسیۆنی دو حیزبه‌  ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌ دا .

  ماوه‌یه‌کی درێژ تر بو  له‌ساڵانی 2002 به‌دواوه‌ ، پارتی  بێ هیچ به‌رهه‌ڵست و ئۆپۆزیسیۆنێکی کاریگه‌ر خه‌ریکی هه‌ڵخڕاندنی ده‌ستورێک بو به‌قه‌دو پێوانه‌ی سه‌رۆکی حیزبه‌که‌ی دا ، که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی  2005 ه‌وه‌ به‌ زورینه‌ی په‌ڕله‌مانی کرابوه‌ سه‌رۆکی هه‌رێم ، له‌ سه‌ودایه‌کی پارتی له‌گه‌ڵ یه‌کێتی به‌رامبه‌ر له‌ تاڵه‌بانی به‌ پاڵپشتی سه‌رخستنی تاڵه‌بانی بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆماری عێراق .

  هه‌رچه‌نده‌ پارتی وه‌کو پارسه‌نگ وپاداشتێکی پۆسته‌که‌ی تاڵه‌بانی ده‌داته‌وه‌ به‌چاوی یه‌کێتی دا .

  له‌کاتێک پۆستی سه‌رۆک کۆماری ڕۆڵی قه‌ڵغان و سوپه‌رێکی دیوه‌ له‌به‌ر به‌ڵاکانی به‌غدادا دژ به‌سه‌ۆکایه‌تی هه‌رێم ، ڕۆڵی چه‌سپاندن و سه‌قامگیری زیاتری ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی بینیوه‌ ، وه‌کو سه‌نگه‌رێکی پێشه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم کاریگه‌ری هه‌بووه‌ ، به‌ دانپیانان و شاهیدی پارتی خۆی .(*)   

 له‌و ڕوه‌وه‌ ، پارتییه‌کان له‌دانیشتنی تایبه‌ت دا ، شانازی به‌زیره‌کی و لێزانی سه‌رۆکایه‌تی خۆیانه‌وه‌ ده‌که‌ن ، به ئیش ده‌که‌ن به‌ ،‌حیکمه‌تی :

(( چۆله‌که‌یه‌کی ناوده‌ست ، ناده‌ین به‌سه‌د کۆتری سه‌رداره‌کان . ))

    له‌2009 داو  له‌درێژکردنه‌وه‌ نائاساییه‌که‌ی په‌ڕله‌مان دا که‌مێک پێش واده‌ی هه‌ڵبژاردن ، له‌کت و پڕێک دا ده‌ستوره‌ نیوه‌ کوڵیوه‌که‌یان  خرایه‌ به‌رده‌نگدان .   په‌ڕله‌مانێکی نزیکه‌ داخراو ی پارتی و یه‌کێتی دا ، به‌ ‌96ده‌نگ له‌ کۆی 97ده‌نگی ئاماده ی هۆڵ ، له‌ سه‌رجه‌می 111کورسی  بنه‌ڕه‌تی په‌ڕله‌مانی دا ، په‌سه‌ند کرا  ،به‌بێ بونی ئۆپۆزیسیۆنێک ..

 بۆ بیر خستنه‌وه‌ ئه‌مانه‌ ئه‌و نائاسایی بونه‌ن ،که‌چی له‌م ڕۆژانه‌دا سه‌رۆکی هه‌رێم قۆناغ بڕینی ده‌ستوره‌که‌ به‌ئاسایی و یاسایی ده‌ناسێنێ  .

پارتی هه‌رله‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی 2009دا ویستی به‌یه‌کجاری ده‌ستوره‌که‌ی بخاته‌ به‌رده‌م ڕاپرسیه‌وه‌ ، به‌ڵام له‌به‌ر زامنکردنی مه‌ترسی ده‌نگی ناڕازیه‌کان و دروست بونی ئۆپۆزیسیۆنی شێلگیر . نه‌یویست به‌ردێک بگرێته‌ دو نیشانه‌ ، ته‌نها به‌ سه‌پاندنی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک به‌ڕاسته‌وخۆی ده‌نگدانی جه‌ماوه‌ر وه‌ستایه‌وه‌ و ده‌ستوره‌که‌ی له‌تاقی چاوه‌ڕوانیدا هه‌ڵگرت بۆ هه‌لێکی تر .

له‌هه‌مان کات دا ئۆپۆزیسیۆنی تازه‌ قاڵب ، له‌به‌ر مڵی و نه‌مه‌ینی خۆی نه‌یتوانی دو ڕیسک بکات به‌ ناوه‌ندی ده‌نگده‌ران ، ته‌نها ڕیسکی خۆ ئیعلانکردنی پێ کرا ‌.

سه‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردن ، ئه‌وه‌بو که‌ زانیومانه‌ ، له‌م سه‌روحه‌لی هاتنه‌وهی وه‌رزێکی تری هه‌ڵبژاردن دا ، هه‌ل ومه‌رجه‌کان دیسانه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌که‌نه‌وه‌ . پڕۆژه‌ی ویست و ئیراده‌ سیاسیه ته‌واو نه‌کراوه‌کان بوار و هه‌لی نوێیان بۆ زیندو ده‌بێته‌وه‌ . به‌تێڕوانین له‌ هه‌شت ساڵی ڕابوردوی ده‌سه‌ڵاتی براوه‌دا ، پارتی پڕ ته‌ماحترین لایه‌نه‌ بۆ قۆرغ کردنی ده‌سه‌ڵات له‌ قه‌پیلکی بنه‌ماڵه‌ی بارازانی دا ، چاودێری سیاسی پێویستی به‌ بلیمه‌تیه‌ک بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م ڕاستیه‌ ، به‌وه‌ی زیاترین ده‌سه‌ڵات له‌نێوان باوک وکوڕو برازایه‌ک دا گه‌یشتۆته‌ ترۆپک . 

بۆ ئاینده‌ی قۆناغێکانی تریش له‌ په‌لهاویشتنی نوێ دان بۆ هه‌ژمونی ته‌واوه‌تی و نوزه‌بڕین له‌ هه‌ر به‌رهه‌ڵستکارێک …

پارتی له‌ ده‌ربڕینی قسه‌که‌ره‌ڕه‌سمیه‌که‌یه‌وه‌ ده‌یه‌وێت به‌هه‌رنرخێک بێت

  سه‌رۆکه‌که‌ی بۆ جاری سێهه‌م هه‌ڵببژررێته‌وه‌ .(**)

  له‌ڕێگه‌کانی ته‌کلیف کردن له‌ئۆپۆزیسیۆن ویان به‌هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسایی  ، ئه‌گه‌ر بۆیان فه‌راهه‌م بکرێت .

یان له‌تاقه‌ ڕابوردوه‌که‌دا ، ده‌ستوره‌ دڵخوازه‌که‌یان داده‌گرن و ده‌تخه‌نه‌ به‌ر ڕاپرسیه‌وه‌

، وه‌کو خۆیان ده‌یانه‌وێت‌ هه‌رچۆنێک سێباره‌ سه‌رۆکی پارتی سواری ئه‌سپی ده‌سه‌ڵات بکه‌نه‌وه‌ ،پاش سه‌رچونی هه‌أمه‌نی ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌ی ماوه‌ پێچی مێزه‌رێکه‌  . ئیتر به‌ دیفاکتۆی ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستاو ده‌ست نه‌کردوی ساڵه‌هایه‌ک  ، ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم سه‌رله‌به‌ر قۆرخ ده‌بێت بۆ بنه‌ماڵه‌یه‌ک(*) .

  لێره‌و له‌وێش جگه‌ له‌ سیاسیه‌کانیان مونه‌زیرو نوسه‌رانێکیش ده‌که‌ونه‌ پۆزش وبه‌ڵگه‌ سازاندن ،  هه‌روه‌ک  سیاسی و نوسه‌رێکی سویدی نشێنی پارتی به‌ڵگه‌ی ( سمارت ) زیره‌کی و لێهاتوی سه‌رۆکه‌که‌ی ، ده‌کات به‌ حه‌تمیه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی .وه‌کو ئه‌وه‌ی بڵێت له‌ خاشه‌بڕکردنی به‌رهه‌ڵستکارو هاوشان دا  پارتی سه‌رکه‌وتو بووه‌ . دور له‌هه‌ر پرنسیپێکی تری دیموکراتی و هه‌لی هاوتا ، وه‌کو قوماری بلاک جاک نه‌خشی هێناوه‌  ، ده‌بێت پێی بوترێت نۆشی گیانت بێت .(***)

 له‌ ڕیال وڕاستی ئێستادا ، پارتی به‌ته‌نها له‌ یه‌ک به‌ره‌دایه‌ ، وه‌کو هێزێکی داخراو ، هه‌مو لاو لایه‌نه‌سیاسیه‌کان به‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی ی بڕێکیش له‌سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتیه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر پارتی دان (****).

ته‌نها مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی له‌به‌ر زه‌برێکی تایبه‌تیدا به‌شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ داواکانی پارتی دان .

خۆ ئه‌گه‌ر که‌سێک له‌وان بوێری تاڵه‌بانی تێ دابێت ، له‌مه‌سه‌له‌ چاره‌نوسسازه‌کان دا توانای (نا) یه‌کی تیاهه‌بێت .

ئه‌وه یان ( تارپ) ێکه‌و   وه‌رچه‌رخانێک ده‌خوڵقێنێت ، بۆ کرانه‌وه‌ و بوژاندنه‌وه‌ی هه‌لی هاوتا بۆ هه‌موان . 

 

8/5/2013 ستۆکهۆڵم

saidaraf@hotmail.com

 

 

سه‌رچاوه‌

ــــــــــــــــــــ:

(*)

ڕۆژنامه‌ی (الشرق الاوسط) ڕۆژی8/5/2013ژماره‌ــ 12580 ــ دیمانه‌ی فازیل میرانی 

http://www.aawsat.com/details.asp?section=4&issueno=12580&article=727693&feature=#.UYrGvaLwnyQ

(**)جه‌عفه‌ر ئیمنیکی ، وته‌بێژی پارتی ده‌ڵێت : ه ئه‌گه‌ر کێشه‌کانی به‌رده‌م ده‌ستور چاره‌سه‌ر نه‌کرێن ، ئه‌وه‌ ڕێگه‌ی دیکه‌ هه‌ن حیزبه‌که‌ی ده‌یگرێته‌ به‌ر .  

Read more: http://www.awene.com/article/2013/05/06/21616#ixzz2ScNlMwok

(***)

ماڵپه‌ڕی ( سڤیل ) نوسینێکی ته‌ها به‌رواری به‌ناونیشانی /هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم

http://www.civilmag.com/?p=10400

(****)دو بابه‌تی هه‌واڵی له‌سایتی سبه‌ی /ده‌رباره‌ی هه‌ردو ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی (عادل موراد ) و (به‌هرۆز گه‌ڵاڵی ) به‌هۆی هاوڕانه‌بونیان له‌گه‌ڵ مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی و به‌ربه‌ره‌کانی کردنیان دژی هه‌أمونی پارتی به‌سه‌ر یه‌کێتی دا .

http://www.sbeiy.com/Detail.aspx?id=19544&LinkID=4

http://www.sbeiy.com/Detail.aspx?id=19532&LinkID=4

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.