Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
سه‌رۆك وكارتی ڕێكه‌وتننامه‌ی ستراتیژی

سه‌رۆك وكارتی ڕێكه‌وتننامه‌ی ستراتیژی

Closed

 

 

 

 

له‌به‌رده‌م پێگه‌یشتنی نه‌وه‌ی نوێدا ئه‌گه‌ری گۆڕانی قۆناغێكی نوێ‌ به‌ڕێوه‌یه‌ , له‌ به‌ریه‌ككه‌وتنی نه‌وه‌كاندا ئه‌كرێت ئه‌م چركه‌ ساتانه‌ په‌ڕینه‌وه‌ بێت بۆ قۆناغێكی نوێ‌ كه‌ بتوانرێ‌ بچینه‌ ئه‌ودیو دۆخی چه‌قبه‌ستویی و هه‌ژموونی حیزبییه‌وه‌ , ئه‌مه‌ش له‌ پرسی ده‌ستور و سه‌رۆكێكی نوێدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ ئێسته‌ یاریه‌كان به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و كه‌وتوینه‌ته‌ به‌رده‌م پرسیاره‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌ …كه‌ ئایا یاریه‌كان ده‌توانن ئه‌و ئه‌نجامه‌مان بده‌نێ‌ كه‌ بتوانرێ‌ به‌ سه‌ره‌تای قۆناغی نوێ‌ ناو ببرێت ..؟ 

به‌رەی پارتی  ئه‌و یاریه‌ ده‌كات كه‌ بتوانێت بۆ سستم هه‌ر سه‌رۆكایه‌تی بێت و سه‌رۆكیش كاك مسعود بارزانی بێت بۆ ئه‌م یاریه‌ش كار له‌سه‌ر هه‌ردوو كارتی ناوخۆی و ده‌ره‌كی ده‌كات تا بتوانێت به‌و ئامانجه‌ بگات كه‌ كۆی پارتی ده‌یه‌وێت , له‌ ئێستادا له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستوردا به‌ره‌ی گۆڕان له‌ ئاستی ناوخۆدا تا بێت فراوانتر ده‌بێت چونكه‌ هه‌موو حیزبه‌كان كه‌وتونه‌ته‌ به‌رده‌م حوكمی سه‌روه‌ری یاسا و ده‌ستوره‌وه‌ كه‌ به‌ پێ‌ ی ده‌ستور كاك مسعود ناتوانێ‌ بۆ خولێكی تر خۆی كاندید بكاته‌وه‌ مه‌گه‌ر به‌  سازانێكی نیشتمانی كه‌ هه‌موو هێزه‌كان بسازێن له‌سه‌ری خۆ ئه‌گه‌ر پارتی له‌م سازانه‌ گشتیه‌دا و له‌م هه‌وڵه‌یدا شكستی هێنا بێت ئه‌وا له‌ بواری دوه‌مدا كه‌ پرسی ده‌ستور خۆیه‌تی ئه‌گه‌ری گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ په‌رله‌مان و هه‌موار كردنه‌وه‌ی ده‌بێته‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی په‌رله‌مانی  , به‌ڵام ده‌بێت بپرسین هه‌موار كردنه‌وه‌كه‌ چۆن بێت و چ مادده‌یه‌كی ده‌گۆڕێت , وه‌ له‌كاتی هه‌مواركردنه‌وه‌دا به‌ ده‌نگی زۆرینه‌ بێت یان 3/2 ….. یان دوای ده‌سكاری كردنی ده‌ستور له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان دیسانه‌وه‌ هه‌وڵی سازانی هێزه‌كان بدرێت , هه‌موو ئه‌مانه‌ پارتی خستوه‌ته‌ به‌رده‌م ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ره‌ فراوانه‌كه‌ (به‌ره‌ی گۆڕان ) داوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی بكه‌ن و ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم بسێننه‌وه‌ و باڵانسێك هه‌بێت بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كان و سستم ببێته‌ په‌رله‌مانی خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م داوایه‌ داوای زۆرینه‌ی هێزه‌كان بێت ئه‌وا بۆ خۆی پارتی ناتوانێت سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بگرێته‌ ده‌ست وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ ئێسته‌ هه‌یه‌ ئه‌و كات ده‌بێته‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كی ته‌شریفاتی و ده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان كه‌ ده‌كاته‌ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئامانجی پارتیدا پێچه‌وانه‌ بێته‌وه‌ چونكه‌ پارتی ده‌یه‌وێت ده‌ستور به‌م ڕه‌شنوسییه‌وه‌ بخرێته‌ ده‌نگدان و به‌ سه‌رۆكایه‌تی بمێنێته‌وه‌ و پاشان كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكرێت  كه‌ ده‌وترێت كاك مسعود له‌ خولی یه‌كه‌مدا له‌ گه‌له‌وه‌ هه‌ڵنه‌بژێراوه‌ و ده‌توانێت بۆ خولێكی تر خۆی هه‌ڵبژێرێته‌وه‌( كه‌ ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه‌ لادانه‌ له‌ یاساكان )  ئه‌مه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی ئێستای پارتیه‌ بۆیه‌ ده‌یه‌وێت كارته‌كانی به‌كار بهێنێت … با بپرسین چۆن ..؟

كارتی گه‌وره‌ی ده‌ستی پارتی (یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان)ه‌ كه‌ به‌ پێ‌ ی په‌یمانی ستراتیژی و هاوپه‌یمانی چه‌ند ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان هاوكاری بكات و شه‌رعیه‌تی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی بۆ دابین بكات چونكه‌ یه‌كێتی هێزی گه‌وره‌ی نێوان بازنه‌ی گۆڕان و پارتییه‌ به‌ڵام یه‌كێتی دوای مام جه‌لال ناتوانێ‌ ئه‌و یه‌كێتیه‌ بێت كه‌ جێ‌ ی هیوای پارتی بێت چونكه‌ له‌ ناو یه‌كێتیدا چه‌ند هێزێك هه‌یه‌ ( مه‌كته‌بی سیاسی , ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند , بنكه‌ی یه‌كێتی ) كه‌ جگه‌ له‌ نیوه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی و هه‌ندێ‌ ده‌نگی كه‌م نه‌بێت زۆرینه‌ی ئه‌م سێ‌ هێزه‌ دژی هه‌وڵه‌كانی پارتین خۆ ئه‌گه‌ر مام جه‌لال توانیبێتی كۆی ده‌نگه‌كانی ناو یه‌كێتی ڕازی بكات به‌ سیاسه‌ته‌كانی پارتی ئه‌وا ئێستا كۆمتمانه‌یی بۆ هیچ یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانی ناو یه‌كێتی نیه‌ بۆیه‌ پارتی سه‌ركه‌وتو نه‌بوو له‌ دروستكردنی مام جه‌لالێكی تر له‌ ناو یه‌كێتیدا یان نه‌یتوانی كۆپیه‌كی مام جه‌لال دروست بكات تا ببێته‌ ئه‌و دار شه‌قه‌یه‌ی كه‌ پارتی ده‌توانێت به‌رده‌وامی به‌ ڕۆشتنی خۆی بدات , لێره‌دا پارتی پێویستی به‌ ته‌واوی یه‌كێتیه‌ نه‌ك به‌شێكی بچوكی وه‌ له‌م هه‌وڵه‌شیدا سه‌ركه‌وتو نه‌بوو بۆیه‌ پارتی په‌نا بۆ كارتی دوه‌می ده‌بات ئه‌ویش كارتی ده‌ره‌وه‌یه‌ تا یه‌كێتی ناچار بكات پابه‌ند بێت به‌ سیاسه‌ته‌كانی پارتیه‌وه‌ … با بپرسین چۆن ..؟

پارتی له‌ ڕێگه‌ی ئێرانه‌وه‌ كارده‌كات تا سود له‌ لاسه‌نگی ده‌سه‌ڵاتی مالیكی ببینێت و وه‌ك كارتی دوه‌م كاری له‌سه‌ر بكات به‌ هاوكاری كردنی مالیكی له‌ لایه‌ن پارتیه‌وه‌ چونكه‌ ئێستا مالیكی و به‌ره‌ی شیعه‌ له‌ به‌رامبه‌ر به‌ره‌ی سونه‌دا توشی قه‌یرانی گه‌وره‌ بوه‌ته‌وه‌ زۆر پێویستی به‌ كارتی كورد هه‌یه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی بالانسی خۆی … ڕۆشتنی نێچیره‌ڤان بارزانی بۆ ئێران بۆ ئه‌و ناوه‌ند گیریه‌ بوه‌ تا له‌ ڕێ‌ ی مالیكیه‌وه‌ كارته‌كه‌ی به‌كار بهێنێت واتا كارت به‌ كارت ده‌كات … له‌ به‌رامبه‌ر پشتیوانی كردنی كاك مسعود بۆ مالیكی و پشتكردنه‌ سونه‌ و  بێده‌نگكردنی سونه‌ له‌ لایه‌ن توركیاوه‌  بتوانرێت به‌ ئێران و به‌ مالیكی یه‌كێتی ناچار بكات هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كه‌یان له‌م خوله‌ی هه‌ڵبژاردندا به‌رده‌وام بێت و چانسی بردنه‌وه‌ی مسۆگه‌ر بكات (چونی هێرۆ خان بۆ ئێران ) ئه‌مه‌ش به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕێكه‌وتننامه‌ی ستراتیژی ده‌بێت كه‌ له‌به‌رامبه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراقدا سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ پارتی بێت و ئه‌وانیش بتوانن به‌ پشتوانی هێزی ئه‌م كارته‌ یه‌كێتی ناچار بكات كه‌ حیله‌ شه‌رعییه‌ك بۆ كاك مسعود بدۆزنه‌وه‌ و جارێكی تر ببێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم چونكه‌ تاكه‌ كاندیدی پارتی بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ر كاك مسعوده‌ و كۆمتمانه‌یی پارتی له‌سه‌ره‌ و كه‌سی دوه‌م و سیێه‌م بونی نیه‌ كه‌ بتوانێت ئه‌و متمانه‌یه‌ی هه‌بێت لای پارتیه‌كان كاك مسعودیش كه‌وتوته‌ به‌رده‌م لادان له‌ ڕه‌شنوسی ده‌ستور وه‌ پارتی ده‌یه‌وێت له‌ ڕێ‌ ی به‌شكردنه‌كانی په‌یمانی ستراتیژیه‌وه‌ یه‌كێتی ناچار بكات به‌ پشتوانی پارتی … لێره‌وه‌ ده‌كه‌وینه‌ به‌رده‌م گریمانه‌یه‌كه‌وه‌ …. گریمان پارتی له‌م یارییه‌یدا سه‌ركه‌تو بوو یه‌كێتی ناچاركرد به‌وه‌ی كه‌ ده‌ستور بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ پاشان كار بۆ دانانه‌وه‌ی كاك مسعود بكرێت ئه‌و كات ده‌ستور پێویستی به‌ 3/2 ده‌نگه‌كان ده‌بێت به‌ڵام ئایا ئه‌گه‌ر پێشتر مام جه‌لال كاری بۆ كاك مسعود كردبێت و ئه‌و ده‌نگه‌ی هێنا بێت ئێسته‌ كێ‌ كار بۆ ده‌نگهێنانی ده‌ستور ده‌كات ئه‌وه‌ش ڕونه‌ كه‌ بنكه‌ی یه‌كێتی و به‌ره‌ی گۆڕان ده‌نگ نادات به‌ ده‌ستور ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ بۆ خۆی ده‌ستور به‌م شێوه‌یه‌ (واتا سه‌رۆكایه‌تی ) ناڕه‌زایه‌تیه‌كی گه‌وره‌ی لێ‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌ هه‌ڵه‌ گه‌وره‌كه‌ لێره‌دایه‌ كه‌ ده‌ستور به‌م شێوه‌یه‌ بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ وه‌ ئه‌وه‌ ڕونه‌ كه‌ ناتوانرێت ده‌نگی پێویست بهێنێت ..  پارتی له‌به‌رده‌م هاوكێشه‌یه‌كی زۆر ئاڵوزدایه‌ و به‌ هه‌موو دیوه‌كاندا له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئامانجه‌كانی پارتیدا نیه‌ كارته‌كانی توانای ئه‌و یارییانه‌ی نیه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت بیكات وه‌ یه‌كێتیش كه‌وتوه‌ته‌ به‌رده‌م دوڕێیانێك كه‌ نازانێت ڕێگاكان به‌ كوێیان ده‌گه‌یه‌نێت خۆئه‌گه‌ر یه‌كێتی له‌ ژێر گوشاری ئێران و مالیكی و پۆستی سه‌رۆك كۆماردا ناچار بكرێت به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ بۆ ڕیكه‌وتننامه‌ی ستراتیژی و چونه‌وه‌ ناو بازنه‌ی پارتی ئه‌وا بۆ خۆی ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م ئه‌گه‌ری كه‌رت بوون , وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ دیوی دوه‌مدا بچێته‌ ناو بازنه‌ی گۆڕانه‌وه‌ ئه‌وا به‌رژه‌وه‌ندی زۆرێك له‌ سه‌رانی یه‌كێتی ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م مه‌ترسیه‌وه‌ و ئێرانیش وه‌ك درێژكراوه‌ی خۆی ده‌بێته‌وه‌ به‌دژی وه‌ توركیاش له‌ دۆخی چاودێریدایه‌ و گڵوپی سه‌وزی بۆ پارتی هه‌ڵكردوه‌ كه‌ ئه‌و یاریانه‌ بكات تا براوه‌ بێت چونكه‌ به‌ درێژكراوه‌ ئابوری خۆی ده‌زانی وه‌ بۆ ئه‌م یاریه‌ هاوكاری لۆجستی ده‌كات , له‌م نێوه‌نده‌دا له‌ ناو هاوكێشه‌ی ئه‌گه‌ری ئه‌م گۆڕانكارییانه‌دا بازنه‌ی گۆڕان هه‌موو هێزه‌كانی خستوه‌ته‌ به‌رده‌م دوو هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ یان گۆڕینی كۆی نه‌خشه‌ی سیاسی هه‌رێم یان مانه‌وه‌ وه‌ك دۆخی چه‌قبه‌ستوی خۆی وه‌ یه‌كێتی زۆر ترین پشكی گۆڕانی ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ی به‌رده‌كه‌وێ‌ و ئه‌گه‌ری په‌رت بونی زیاتر ده‌بێت وه‌ به‌ گشتیش هه‌موو هێزه‌كان له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا ده‌كه‌ونه‌ به‌رده‌م هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی چوار ته‌مه‌نی تر و چوار دید و بۆچونی تر كه‌ ده‌كرێت هیوای دروست بونی قۆناغێكی نۆێ‌ ببینرێت و خاڵی دووه‌م له‌ بڕینی قۆناغی نوێ‌ ده‌ستی پێ‌ كردبێت .

به‌ختیار شاره‌زوری

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.