
پكك لە قەندیلەوە بۆ ئۆردووگا بۆچی؟
من ڕقم لەشەرە چونکی لەوە گەیشتووم هەرکاتێك ئاشتی سەقامگیر بیت هەموو شتێك بە ئاراستەی باش پێشدەکەوێت. بەڵام، هەواڵی پاشەکشەی پێشمەرەگانی پكك لە پشتی قەندیلەوە بۆ هەموو ئازادیخوازێك باسێکی خەمناکە. ئاخر ئێمەی کورد تەجرەبەی تاڵمان هەیە لەگەڵ ژیانی ئوردوگا و ئاوارەیی.
خوێندنەوەی چێرۆکی ژیانی ئەوانەی دوورخرانەوە بۆ باشووری عێراق دوای نسکۆی شۆرشی ئەیلوڵ و ئەوانەش ئاوارەیی ئێران بوون چ لە دوای نسکۆی شۆرشی ئەیلول یان دوای شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیا باران ئاماژەی ڕوونن بە تراژیدیای ژیانی ئۆردوگایی.
لەم چەند ساڵەی دوایشدا ، ژیان و گوزەڕانی پێشمەرەگەکانی حیزبی دیموکرات، کۆمەلە و ئەندامانی ڕێکخراوی مجاهدینی خەلق پێشان دەدەن ژیانی ئۆردووگایی چ کارەساتێکی خەمبارە و ژیانێکی نائەمنە بۆ شۆرشگێران . هەر بۆیە، ئەگەرچی ئەمرۆ هەلومەرجی شۆرشی کورد لە باکووری کوردستان بەتەواوی وەك سەردەمی داوای شکستی شۆرشی باشووریش نەبێت، بەڵام گوومانی تێدا نییە ڕۆژگاریكی سەخت چاوەرەانی پێشمەرگەکانی پكك دەکات و لە درێژ ماوەشدا بە گردبوونەوەی گەریلای پكك لە ئۆردوگا کۆتایی دێت.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە، قبووڵکردنی ئەم هەڵومەرجە سەختە لە پای چی؟
شۆرش لە دوو کاتدا دەکرێ ئاگربەس قبووڵ بکات. یەکەم، ئەگەر دوژمنت لە خۆت بەهێزتر بیتو ئاگربەس بەسەرت فەرز بیت بە بێ ویستی خۆت. لەم حالەتەدا، ئاگر بەست واقعێکی سەپێنراوە بەبێ ئەوەی هیچ پرۆتۆکۆلۆکێکی ئاگربەستنیش ئیمزا کرابێت. دووەم ، ئەگەر دوژمنەکەت مافەکانت بسەلمێنی. لە ئێستادا پكك لەبەردەم ئەگەری یەکەمدا نییەو ، هیچ ئاماژەیەکی ڕوونیش نییە کەوا تورکیا لانی کەمی ئەو داخوازیانەی هەزاران گەریلا لە پێناویدا گیانیان بەخشی و بە سەدان گووندی کوردان لە پێناویدا سووتان و هاتنە ڕاگواستن جێبەجێ دەکات. ئیتر چی حیکمەتێکی تیدایە پێشمەرگە لە لووتکەی هەلگۆرد و پشتی لووتکەی هەلگوردیش بەرەو ئۆردوگا ڕاستە ڕێی بگرێ؟!
پێویستە هەموو ڵایەك لەوە ئاگادار بن کە هەنگاوە ناچیزەکانی دەولەتی تورکیا سەبارەت بە کێشەی کورد گۆڕان نیین لە سیاسەتی تورکیا بەرامبەر ئەم کێشەیە بەلکۆ وەڵام دانەوەیە بە گۆڕان لە دەرەوەی تورکیا .
هەنگاوەکانی تورکیا لە هەنگاوەکانی دەولەتی فەرەنسا دەچیت بەرامبەر هولیود و ۆرد دزنی. دەولەتی فەرەنسا ناچارە هەموو فلیمێکی سینەمایی کە لە هولیود و ۆرد دزنی دەرەدچێت یەکسەر وەرگێریتە فەرنسی تاکو ڕێگە بگرێت لە بینەری فەرەنسی و مناڵی فەرەنسی سەیری ئەم فلیمانە کەن بە ئینگلیزی. چونکی ئەگەر فەرەنسا کاری وەرگێران نەکات ئەوا لە درێژ ماوەدا دەبێتە هۆێ پاشەکشەی هەرچی زیاتری زمانی فەرەنسی. تورکیاش ناچارە تەلفزیۆنێك، ڕادیۆێك و دوو قووتابخانەی کوردی بکاتەوە. ئەگەر ئەم کارە نەکات، ئەوە جەماوەری کوردی تورکیا جێدێلێ بۆ خەڵکیتر، کەنالی ڕادیویی و تەلەفزیۆنی تر کاریگەریان لەسەریان هەبێت. کەواتە، تورکیا نەگۆڕاوە بەلکۆ وەڵام بە گۆڕان دەداتەوە.
لە ئێستادا وا پێدەچێت کۆدەنگەیەك هەبێت لە ناوەندی سیاسی و ڕۆشەنبیری کوردی لەسەر ئاگربەسی نێوان پكك و تورکیا. من بە پێچەوانەی ئەم کۆدەنگیە بیر دەکەمەوە. من پێم وایە ئەم ئاگر بەسە، هیچ یان زۆر کەمی لێ شین دەبیت. ئەم ئاگر بەسە زۆر لە ئاگربەسی ساڵی ١٩٨٣ یەکێتی و حکوومەتی عێراق دەچیت. ئەو کات عێراق نەی دەویست لە یەك کاتدا شەری کورد و شەری ئێران بکات. ئێستاش تورکیا نایەوێت سەرقالی سووریا بێت و شەری پكك یش بکات. بەڵام پێویستە لای هەمووان ڕوون بیت چۆن بەعس و سەدامی پێش و داوی ئاگربەسی ١٩٨٣ هەر هەمان بەعس و سەدام بوون، ئێستاش تورکیای پێش و داوای ئەم ئاگربەستە هەر هەمان تورکیایە.
هەموو لایەك پێویستە لەوە ئاگاداربن هەر هەڵەیەکی سیاسی خەباتی گەلەکەمان لە باکوور دەیان ساڵ بەدوا دەخات. هەروەها، ئەوانەی پێیان وایە “پرۆسەی ئاشتی” کێشەی کورد لە باکوور چارەسەر دەکات یان پێیان وایە بە سالێك و دووان کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەر دەبیت ئەوا هێشتا لە لە مەغروری دەولەتی تورکیا تێنەگەیشتوون.