Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
فۆبیای فیمینیزمی ژنی کورد لە مێژووی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لە کوردستان

فۆبیای فیمینیزمی ژنی کورد لە مێژووی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لە کوردستان

Closed
by May 15, 2013 ژنان

 

 

 

 

 

لە بەرامبەر بە چەقبەستوویی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان لە کوردستان و ئەزمەیەک کە ڕێکخراو و چالاکانی ژنان لە نەبوونی بەدیل و ئاسۆی ڕۆشن بۆ کار و خەباتیان تێێ کەوتوون ، ماوەیەکە باسی ئەلتەرنەتیڤی ” فیمینزم ” لە میدیاکان هاتۆتە دەرێ ، لەم بارەوە کەسی دیار و بەرجەستەی هێنانی ئەم باسە ” هۆزان مەحموود ” ە کە لە ڕێگەی چەند وتار و چاوپێکەوتن و سیمینارێکەوە ئەم باسەی کردوە . لێرەدا بە تایبەت وتاری “فۆبیای فیمینیزم ” ، کە بەرواری  ٢٨ی ئازاری ٢٠١٣لەڕۆژنامەی هاوڵاتی بلاوبۆتەوە ، جێگای تێڕوانین و سەرنجی ئەم وتارەی منە .  

 

لەووتاری “فۆبیای فێمینیزم له‌ کوردستان” ی هۆزان سێ خاڵی سەرەکی بەرجەستە دەبێتەوە ، یەکەم کە لێکدانەوەی خۆی دەکات بۆ مێژووی ڕیکخراوەکانی ژنان لە ساڵی نەوەدەکاندا لە ئەنجامدا “حیزبی بوون “و “سیاسی بوونی” ژنان و پاشکۆیەتیان بۆ حیزبی ” پیاوانە “ی “ناسیونالیستی و ئیسلامی و کۆمۆنیستی” بە ڕیگریە سەرەکیەکانی بەردەم ڕزگاری ژنان دادەنێت. دووەم “نه‌بوونی فیکر و تیۆری فێمینیستی و هۆشیاری یه‌کی ژنانه‌”ی “ژنی کورد” بە کێشەی سەرەکی ژنان دادەنێ و سێهەم بۆ چارەسەری ئەمەش دەڵێ “ژنان خۆیان له‌م کێشمه‌ کێشه‌دا ده‌بێت بزانن قازانجی گشتی یان له‌ کوێدایه‌ و کام فیکر و کام کامپ هه‌ڵبژێرن. ئه‌م شه‌پۆله‌ تازه‌یه‌ ئه‌رکێتی تیۆریزه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیانی ژن بکات. وه‌ ده‌ستپێشخه‌ر بێت بۆ دروست کردنی هۆشیاری یه‌کی فێمینیستی و ستراتیجی خه‌باتێک له‌به‌رامبه‌ر بێ مافی ژناندا.”

 

هەڵبەت وتاری فۆبیای فیمینزمی هۆزان شایه‌نی ڕه‌خنه‌گرتنێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌یه‌، به‌لام ئەوەی گرنگە لێرەدا ڕەخنە گرتنە  لە لێکدانەوەکانی هۆزان بۆ میژووی بزوتنه‌وه‌ی ژنان و ڕیکخراوه‌کانی ژنان لە ساڵەکانی نەوەدەکاندا ، چونکە بە بڕوای من ئەم جۆرە لێکدانەوەیە بووەتە بەردی بناغەی هەموو باسەکەی هۆزان کە گوایە ” فیمینزم و هوشیاری فیمنسیتانە ” ئەو بۆشایی و قەڵشتە گەورەیەیە کە بزوتنەوەی ژنان لە دەستی دەناڵێنێ و پێویست بە پڕ کردنەوە دەکات .  لە بەشی دووەمی ئەم باسەمدا کە بە جیا بڵاو دەبێتەوە دێمە سەر لێکدانەوە و ڕەخنەم لەسەرناوەرۆکی باسی ” فیمینزم و هوشیاری فیمینستانە ” وەک ” ڕزگارکەری ژنان لە لە کوردستان”  لە باسەکانی هۆزاندا . بەڵام سەرەتا دەبێت ئەوە ڕۆشن کەینەوە کە کێشە چیە لە لێکدانەوەکانیدا بۆ ئەو مێژووەی بزوتنەوەی ژنان ، لە هەمان کاتدا ڕاستکردنەوە و ڕۆشنایی خستنە سەر بەشێک لە ڕاستیەکانی ئەو مێژووە بە ئەرکێک دەزانم چونکە بوار دەکاتەوە بۆ وەدەرهێنانی تێگەشتن و لێکدانەوە یەکی بنەمادار و زانستی و پشت بەستوو بە بەڵگە تا  بزوتنەوەی ژنان بتوانێت پشتی پێ ببەستێت بۆ دیاری کردنی ئاسۆی کار و خەباتی خۆی لەم سەردەمەدا. 

مێژوو فاکت و ڕوداوی ڕابردوە نەک ویست و ئارەزووی ئێستا

  هۆزان لەم ووتاردا ئاوا باس لە مێژووی ٢٢ ساڵی ڕابردووی بزوتنەوەی ژنان دەکا:” ژنان لە نەوەدەکاندا دەرگیری حیزب و سیاسەت بوون و پاشکۆی حیزبەکان بوون بە چەپەکانیشەوە “و  “سه‌رتاپای په‌یڕه‌وو پڕۆگرامی ئه‌م حیزبانه‌ له‌لایه‌ن پیاوه‌وه‌ دانراوه‌. که‌واته‌ ژنی کورد به‌هێزنه‌کراوه‌ وڕێگه‌نه‌دراوه‌ له‌ سه‌ر ماف وئازادی یه‌کانی خۆی، ته‌نانه‌ت له‌ حیزبه‌کانیشدا قسه‌ی خۆی هه‌بێت”.

دواتر باس لە ڕێگریەکانی بەردەم فێمینیزمی “ژنی کورد”و “ئازادی و ڕزگاری ژنان” دەکات و دەیگەڕێنێتەوە بۆ هەر سێ بزوتنەوەی ناسیونالیستی ، ئیسلامی و کۆمۆنیستی   و بە “پیاوانە” وەسفیان دەکات . لەم بەشەدا کە مێژوو و کارکردی کۆمۆنیزمی کرێکاری و ژنانی کۆمۆنیست دەخاتە یەک تای تەرازوەوە لە پاڵ ناسیۆنالیست و ئیسلامیەکاندا ، ئەویش بە پشت بەستن بە لیکدانەوەیەکی ڕووکەش و خاڵی لەهەر بنەمایەکی زانستی وە بە بێ بەڵگە ، بەم شێوەیە مێژووی کێشمە کێشی نێوان سێ بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەسەر مەسەلەی ژنان لە ٢٢ ساڵدا بچوک دەکاتەوە بۆ شێوەی کار و بیر کردنەوەی ژنانی نێو ئەم سێ بزوتنەوەیە کاتێک دەڵێت : 

 “دەکرێت گرفتە هەنوکەیەکانی هۆشیاری ژنانە لەم تەوەرانه‌دا کۆبکەینەوە: 

 یەکەم : ژنانێک که‌ پرسی ژن ده‌که‌نه‌ به‌شێک له‌ پرۆژه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و ڕزگاری نه‌ته‌وه‌ تێڕوانینێکی ئێجگار پیاوانه‌یان هه‌یه‌ بۆ پرسی ژن. ئه‌مانه‌ پێیان وەهایه‌ ماف و ئازادی ژنان ده‌سته‌به‌ر ناکرێ و مه‌حاڵه‌، تاوەکو نه‌ته‌وه‌ی کورد نه‌بێته‌ خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت.

 دووهەم : ژنانێک که‌ سه‌ر به‌ ڕه‌وته‌ ئیسلامیه‌کانن، ئه‌مانه‌ به‌ جۆرێکی تر پرسی ژن ئیسلامیزه‌ ده‌که‌ن و په‌یوه‌ندی یه‌کانی جێنده‌ر به‌ پێی ئایه‌ته‌کانی قورئان و حه‌دیس پێناسه‌ ده‌که‌ن. واته‌ ژنی کورد له‌ ده‌ره‌وه‌ی موسڵمان بوونیدا وه‌کوو خۆی بوونی نییه‌، ده‌بێت به‌ پێی ئه‌م گوتاره‌ دینیه‌ ژیانی که‌سێتی خۆی ڕێکبخات له‌ په‌یوه‌ند به‌ پیاوه‌وه‌.   

سێهەم:  ژنانی کۆمۆنیستیش که‌ پێیان وایه‌ فێمینیزم دژ‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی چینا‌یه‌تی و خه‌باتی کرێکارانه‌. ژن و پیاو نابێت له‌م خه‌باته‌دا جیابن، خۆ ئه‌گه‌ر چینی کرێکار شۆڕشێ کرد ئه‌وا مافه‌کانی ژنان به‌ شێوه‌یه‌کی ئوتۆماتیک حه‌ل ده‌بن له‌ کۆمه‌ڵگادا. وه‌ مافی ژن ته‌نها له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی سۆشیالیستیدا ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێ.

ئه‌م سێ ڕه‌وته‌ سیاسیه‌ی که‌ له‌ کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا کارده‌که‌ن به‌هێز یان لاواز، و ژنانێک که‌سه‌ر به‌و ڕه‌وتانه‌ن له‌ کارو چالاکی و گوتاریاندا ئه‌و خه‌ونه‌ پیاوانه‌یه‌ ڕه‌نگداده‌ته‌وه‌. که‌ تۆی ژن ده‌بیت چاوه‌ڕێ بیت تا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌م ئامانجه، جا ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ی کورد بیت، یان خه‌لافه‌تی ئیسلامی یان سۆشیالیزم ئه‌وا ژنان ئێوه‌ش ئازاد ده‌کرێن. واته‌ ئێمه‌ی پیاوان ئازادتان ده‌که‌ین و پاداشتتان ده‌ده‌ینه‌وه‌!  ” 

واتە خولاسەی ئەم مێژووە لای هۆزان مەحموود بەم شێوەیەیە: لە نەوەدەکانەوە لەکوردستان ژنان ستەمیان لەسەرە و بێ مافن و کوشتن و توندوتیژی بەرامبەریان دەکرێ و پیاوانیش لەژێر سایەی بزوتنەوەی ناسیونالیستی و ئیسلامی و کۆمۆنیستیدا دەست و دەمی ژنانیان گرتوە و ڕیگای بیرکردنەوە و خەباتیان دژ بەو نابەرابەریە پێ نەداون .

 

ئاشکرایە کە لیکدانەوەی هەر دەورانێکی مێژوویی لە لایەن هەر کەسێک دەبێت ئەو پرەنسیپە زۆر سادەیە ڕەچاو بکات کە لێکدانەوە بۆ مێژوو لەسەر یەکێک لەم چەند بنەمایە دەکرێت ، یەکەم یان ئەو کەسە خۆی بەشیک بووە لەو مێژووە و لە نیو ڕووداوەکانیدا ژیاوە و وەک شایەتحاڵێک هەبووە ، دووەم یان بە پشت بەستن بە میژوویەکی نوسراو و بەڵگەدار لێکدانەوەی دەکات ، وە سێیەم یان بە پشت بەستن بە تێوری و زانستێک کە کاریگەری ئەو مێژووە لەسەر ئیستای ژیانی خەڵک بسەلمێنێت . بەڵام  هۆزان جگە لەوەی کە خۆی بەشێک نەبووە لە مێژووی بزوتنەوەی ژنان لەو دەوارانەدا ، هەروەها دیار نیە بە پێی کام نوسراوی مێژووی ئەم لێکدانەوەیەی کردوە و بە ڕۆشنیش مەعلومی نەکردوە کە ئەو لەسەر بنەمای کام تێور و زانستی سەلمێنراو کیشمە کێشی نێوان هەرسێ بزوتنەوەی ناسیۆنالیسم و ئیسلامیزم و کۆمۆنیزمی لەسەر مەسەلەی ژنان لە ساڵی نەوەدەکاندا تەبدیل کردوە بە مێژووی چەند ڕێکخراوێکی ژنان کە سەر بە حیزب بوون و عیللەتەکەیان پاشکۆیی پیاوان بووە !!! . بۆیە لێکدانەوەکانی هۆزان نەک بنەمای زانستی و لۆجیکی نیە بەڵکو زیاتر لە لیکدانەوەیەکی ئارەزوومەندانەی نوسەر دەچێت کە لە پێناو سەلماندنی بۆچوونێکدا ،کە “فیمینزمە” و بە چارەسەری مەسەلەی ژنانی دادەنێت، لەم نێوەدا پیوستی بەوە هەیە کە ڕەش و سپی تیکەڵ بکات و هەموو ڕەوت و بۆچوونەکانی تر لەبەردەمی خۆی وەلا بنێت. بەڵام با بزانین مێژووی راستەقینەی ئەو کێشمە کێشە و دەوری ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزم و کۆمۆنیزم لەو ساڵانەدا چی بووە . 

 

مێژووی کیشمە کێشی نێوان هەرسێ بزوتنەوەی ناسیۆنالیسم و ئیسلامیزم و کۆمۆنیزم لەسەر مەسەلەی ژنان لە ساڵی نەوەدەکاندا 

  ئەو مێژووە تەنها میژووی چەند ڕێکخراوێک نەبووە کە ژنان تیایدا کۆبونەتەوە و خۆیان ڕێک خستوە و چەند کەم و کورتیەکیان هەبووە بەڵکو مێژووی بەرامبەرکێ و خۆدەرخستن و هەڵوێست گرتنی سێ بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی بووە کە دوانیان بە دژی ژنان و یەکێکیان لەگەڵ ژناندا خۆی نواندوە . مێژووی ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتیانە و رێکخراوەکانی ژنانیان لە کوردستان مێژووی دوو ڕەوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دژ بە یەک بوون لە مەسەلەی ژناندا ، ڕەوتێک کە هەردوو بزوتنەوەی ناسیۆنالیست و ئیسلامیەکان و ڕێکخراوەکانی ژنانیانی لە خۆ گرتبوو ، وە ڕەوتێک کە بزوتنەوەی شورایی و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری وڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان لە خۆ گرتبوو .. بەرنامەی کار و هەڵوێست و کاریگەریەکانیان لەسەر جەماوەری ژنان و ڕەوشی یەکسانی و ئازادی ژنان بە ئاشکرا دیار بووە و مێژوویەکی نوسراو و بەرجەستە و بینراوە.  ژنانیش لە نێو ئەم بزوتنەوانەدا “لەبەر ئەوەی کە ئینسانن”  چالاک بوون و خاوەنی بەرژەوەندی جیاواز بوون و بەشێکی دانەبڕاو بوون لێێ. 

  یەکەم : مێژووی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی و ڕێکخراوەکانی ژنانی:

هەرچی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی بوو کە لەو دە ساڵەدا بە شیوەیەکی سەرەکی خۆی لە یەکێتی و پارتی دا دەردەخست و چەند حیزبێکی بچوکیش پاشکۆیان بوون. ئەم بزوتنەوەیە کاری بەوە هەبوو کە ژنان بکاتە پاشکۆی سەروەری نەتەوە و کوردایەتی تاکو ژنان لەم ڕیگایەوە ببنە پاشکۆی دەسەڵاتی حزبە ناسیونالیستەکان . هەربۆیە یەکەم کاریان تیرۆر و کوشتنی ” ژنانی خائین” بە نەتەوە بوو کە بە هەردوولایان لە ماوەیەکی کەمدا سەدەها ژنیان کوشت لە کاتێکدا ” پیاوانی خائینیان ” داڵدە ئەدا و تائێستاش هەر ئەیدەن ، بەشیکی تر لە مێژووی ئەو چەند ساڵەیان کار کردن بوو بە یاساکانی بەعس بە تایبەت یاسای باری کەسێتی کە سەرتاپای دژ بە ژنان بوو ، هەروەها بە تەواوی بێ دەربەستیان لە بەرامبەر بە توند تیژی و کوشتنی ژنان لەسەر شەرەف کاری ئەو دەیەیەیان بوو ، لەولاشەوە بۆ ڕووپۆش کردنی دەسەڵاتی میلیشایی و خێڵەکیان و داپۆشینی ئەو تاڵان و بڕۆیەی کە دەستیان دابویە چەند ڕێکخراوێکی ژنانیان زیندوو کردبوەوە کە بەکاریان دەهێنان بۆ ڕاکێشانی دەنگی ژنان و نیشاندانی دیموکراسیەکەیان بۆ ڕۆژنامەنوسانی ئەوروپی و جیهانی بە چەواشە کردنی ئامارەکان و بە درۆ خستنەوە ی دیاردەی کوشتنی ژنان لە کوردستان و لە باشترین حاڵەتدا کردنەوەی چەند کۆرسێکی بەرگ دوورین و چالاکی نەتەوەیی بۆ ژنان و کۆکردنەوەیان بۆ دەنگ هێنان لە کاتی شەڕە پەڕۆ و هەڵبژاردنەکاندا.. 

دووەم مێژووی ڕەوتی ئیسلامی و ڕێکخراوەکانی ژنانیان : 

هەرچی ڕەوتە ئیسلامیەکانیشە کە دەرسیان لە تەجروبەی حیزبوڵا و ئێران و ئیخوان وەرگرتبوو وە بەکەڵک وەرگرتن لە بار و دۆخی گەمارۆی ئابووری و هەژاربوونی خەڵک و کێشەکانی ئەو ساڵانەی نێوان یەکێتی و پارتی ، هەر لەسەرەتای نەوەدەکانەوە دەستیان کرد بە بەخشینەوەی خێر و سەدەقە بەسەر ماڵە هەژاراندا بە مەرجی حیجاب پێکردنی کچ و ژنەکانیان و چوونیان بۆ مزگەوت و دەرسی قورئان خوێندن . لە ریگەی دروست کردنی ڕێکخراوەکانی خوشکانی ئیسلامی هەوڵدان بۆ کۆیلە کردنی ژنان و کردنی ڕای گشتی بە ڕای دینی لەسەر ژنان ، لەوەش زیاتر بەشێک لە ڕەوتە توندڕەوەکانی ئەم ئیسلامیانە کاریان تەقاندنەوەی ساڵۆنەکانی قژبڕین و هوها کێشان لە ژنانی سفوور بوو لەسەر جادە و بە گشتی ئامانجیان دروست کردنی جەیشێکی دینی بوو لە ئاستە جیا جیاکانی کۆمەڵدا بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆیان . 

هەردوو ئەم دوو رەوتە ناسیۆنالیستی و ئیسلامیە کاتێک کە لەسەرەتای نەوەدەکاندا ڕیکخراوەکانی ژنانیان بانگ دەکران تا لەسەر تیرۆرو ڕەشەکوژی ئەو سەردەمەی ژنان بێنە دەنگ ، دەیانوت کە ئەو ژنانە شایەنی کوشتنن چونکە خۆیان خراپن !

سێهەم : مێژووی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و ژنانی کۆمۆنیست :

هەرچی ڕەوتی کۆمۆنیزمی کریکاریە کە سەرەتا لە نیو بزوتنەوەی شوراییدا لە ساڵی ١٩٩١ و یەکسەر دوای ڕۆژانی راپەڕین دەرکەوت هەر خیرا ژنانی کۆمۆنیست کۆبوونەوە و یەکەم هەنگاویان وەستانەوە بوو بە دژی ئەو کوشتار و ڕەشە کوژەیەی کە یەکێتی و پارتی دەستیان پی کردبوو بە بێ هیج دادگا و یاسایەک وەک ووتم کەوتبونە کوشتنی ژنان و پاراستنی پیاوانی سەر بە ڕژێمی پێشوو . 

هەر ئەو کاتە و لەوڕۆژانەدا ژنانی کۆمۆنیست ڕێکخراوێکیان بە ناوی رێکخراوی ژنانی شۆڕشگێر دروست کرد و گەڕان بە گەڕەکەکاندا بۆ سەرنجڕاکێشانی رای گشتی بۆ مەسەلەی کوشتاری ژنان کە جێگای خۆیەتی بڵێین ئەو مێژووەی بزوتنەوەی ناسیۆنالیست بوو ئەو ئاوەی ڕشت و لەم ٢٢ ساڵەی ڕابردوودا هەزاران ژن بە دەستی خێزان و عەشیرەت و دەزگا جۆراو جۆرەکان بوونەتە قوربانی و ڕوبارێکیان لە خوێنی ژنان هەستاندوە.

جگە لەمە لە ساڵی ١٩٩٣ وە لە دوای دروست کردنی چەندین رێکخراوی جەماوەری ، بزوتنەوەی کۆمۆنیستی بوو کە “ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان ” ی دروست کرد و هەر لەگەڵ دروست بوونیدا دەستی کرد بە نواندنی نەبەردیەکانی هەر لە کەمپین کردن بۆ بەرز کردنەوەی دەنگی ژنان لە بەرامبەر کوشتنی ناموسی و توند و تیژی ، دەرکردنی جەریدەی “یەکسانی”  کە تەنها  مینبەرێک بوو بۆ کۆکردنەوەی ئامارەکانی کوشتنی ژنان لەسەر شەرەف، دەرکردنی گۆڤاری “هانا” کە چیرۆکەکانی ژنانی کوژراو لەسەر شەرەف بە کۆمەڵگە دەناساند  و تا کردنەوەی شێلتەر بۆ ژنانی هەڕەشە لێکراو ، بۆ یەکەمجار لە کوردستاندا ڕۆژی ٨ ی مارسی وەک ڕۆژی جیهانی ژنان یاد کردەوە و هەموو ساڵێک مەراسیم و ڕێپێوانی شکۆداری بەڕێ دەخست و خواستەکانی ژنانی بەرز دەکردەوە ، نەبەردی جۆرا و جۆری نواند لە ڕزگار کردنی ژنانی وەک کەژاڵ خدر و پەخشانی زیندانەی ٨ ساڵ لە حەمامێکی یەک مەتریدا !! هەر ئەم بزوتنەوەیە بوو کە  لەگەڵ دام و دەزگای دینی لە هەولێر و لە سلێمانی کەوتە کێشمە کێشی قوڵەوە  و بە هۆیەوە چەندین سەرکەوتن و پاشەکشەی بەسەردا هات هەر لە داخستنی جەریدەی یەکسانی لە هەولێر و خۆپیشاندانی ئیسلامیەکان بۆ سەر بارەگای حیزبی کۆمۆنیستی کریکاری لە سلێمانی لە ساڵی ١٩٩٦ و تیرۆر کردنی هاوڕییان شاپور و قابیل لە ناو جەرگەی کێشمە کێشیکی ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و مەلا بەشیردا  تا دەگات بە هێرشی یەکێتی نیشتمانی و تیرۆر کردنی کۆمۆنیستەکان و قەدەغەکردنی کاریان لە کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٠دا و لەگەڵیشیدا داخستنی بارەگا و شێڵتەری ریکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و کردنە سەرجادەی ئەو ژنانەی کە لەوێ پەنا درابوون ، مێژوو قەت وون نابێت ئەگەر بە ئینسافەوە بنوسریتەوە ،” نەسرین ” کە یەکێک بوو لەو ژنانەی  لە  شێلتەری ڕیکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان ژیانی پارێزرا بوو لە دوای داخستنی شێلتەرەکە لە لایەن هێزی ئاسایشی یەکێتیەوە بە بێ پەناگا مابوەوە و دوای دوو ڕۆژ بە دەستی کەس و کاری کوژرا لەگەڕەکی زەرگەتەی شاری سلێمانی . 

ئەم بزوتنەوە فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەی کۆمۆنیزم لە نێوبزوتنەوەی ژناندا لە دەیەی نەوەدەکاندا ئەوەندە فشاری لەسەر دەسەڵاتی ناسیونالیستی دانا کە لە کۆتایی نەوەدەکاندا یاسای دژی کوشتنی ژنانی لە یاسای باری کەسێتیدا پێ دانان و لەسایەی کاریگەری و دەوری ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتانەوە ڕێکخراوەکانی ژنانی حزبە ناسیونالیستەکان هاتنەسەر داوای ڕیفۆرم لە یاسا و دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا سەبارەت بەمەسەلەی ژنان. 

 هۆی ئەم جۆرە لێکدانەوەی هۆزان چیە بۆ ئەو دەوارانەی بزوتنەوەی ژنان ؟ 

لێرەدا پێویستە ئەوە بوترێت کە هۆزان لەناشارەزایی و بێئاگایی وە نیە کە لەسەر مێژووی ململانێی و کێشمەکێشێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاری وەک سەنگەری پارێزگاری لە یەکسانی و مافەکانی ژنان بەرامبەر بە دەسەڵاتی حزبە ناسیونالیستە کوردیەکان و هێرش و پەلامارەکانی ئیسلامی سیاسی بۆسەر ژنان و ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان ، ئاوا دەنوسێت. بەڵکو نیشانەی وەرچەرخانی هەڵوێستی “هۆزان محمود”ە سەبارەت بە دەوری بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاری لەسەر مەسەلەی ژنان کە ئێستا دەیەوێت لە پاڵ بزوتنەوەی ناسیونالیستی و ئیسلامیدا بە ڕێگری بەردەم  “ئازادی و ڕزگاری ژنان”ی لەقەڵەم بدا . ئەم هەڵویست گۆڕینەی نوسەر پێویستیەکی ئەمڕۆیەتی کە  دەیەوێت دیدگای فیمینیزم وەک ڕزگارکەری “ژنانی کورد” ی پێ بسەلمێنێت .

بە پێی دەور و نەخشێک کە کۆمۆنیزمی کرێکاری هەیبوە لە خەباتی ژناندا ڕۆشنە کە پەیامی یەکسانی و شۆڕشگێڕانەی پێیە بۆ ژنان ، لە کاتێکدا فیمینزم وەک ‌ڕه‌وتێکی بۆرژوازی له‌ نیوبزوتنه‌وه‌ی ژناندا، کە ئامانجی قەتیسکردنی بزوتنەوەی ژنانە لە دیدگای ڕیفۆرمخوازیدا لە سایەی سیستەم و دەسەڵاتی ئێستادا ( لە بەشی دووەمی ئەم وتارەدا بە دوور ودرێژی باس لەمە دەکەم ) ، بۆیە هۆزان پێویستی بەوە بووە بیر لە ڕێگایەک بکاتەوە بۆ مامەڵە لەگەڵ کۆمۆنیزم لەگەڵ هێنانی باسی ” فیمینزمدا” و بۆ ئەوەش پەنای بردۆتە بەر جۆرێک لە ” بەلاڕێدابردنی” دەور و نەخشی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە مەسەلەی ژناندا ئەویش لە پیناو ئەوەی کە پێویستی “فێمینیزم” لەبەرامبەر کۆمۆنیزمدا بۆ بزوتنەوەی ژنان بسەلمێنێ .  بۆیە خستنەڕووی ڕاستیەکانی ئەو مێژووە بە نەتیجە بۆ هۆزان دەبێتە سەرچاوەی فۆبیا و ترسی ئەو و فیمینیزمی “ژنی کورد ” لە کۆمۆنیسم و ژنانی کۆمۆنیست.

دیارە نوسەرێکی “فێمینست ” هەرجۆرە بزوتنەوەیەکی ژنان کە لە سنوری داوای ماف و ئازادی تاکی ژن لەچوارچێوەی سیستەمی ئێستای زاڵی کۆمەڵگە دەرچوو ، وە داوای یەکسانی هەمەلایەنەی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی ژنانی کرد ، و لە هەوڵی ڕێکخستنی بزوتنەوەی ژناندا بوو بۆ گۆڕینی یاسا و دەسەڵاتی مەوجود ، ئەوە ئیتر سیاسی کردنەوەی بزوتنەوەی ژنان و تێکەڵاوکردنیەتی لەگەڵ خەباتی چینایەتی و تێکەڵاوکردنی پیاوانە بە بزوتنەوەی ژنان و سڕینەوەی هەویەتی جیاکردنەوەی ژنە وەک ڕەگەزێکی بایەلۆجی .  لەبەر ئەمانەیە کە لە لای هۆزان کۆمۆنیزم و ئەو بزوتنەوە یەکسانی خوازیەی لە ١٩٩١تا ٢٠٠٠لەکوردستاندا بوە هیچ جیاوازیەکی نەبوە لە بزوتنەوەی ناسیونالیستی و ئیسلامی کە کۆیلایەتی ژنانی کوردستانی سەپاندوە و ڕایگرتوە !! . ئەمە لێکدانەوەیەکی فێمینستی و زاتی و ئیدیۆلۆژیانەیە بۆ مێژوو نەک خودی مێژووی بزوتنەوەی ژنان لەنەوەدەکاندا لە کوردستان.

جێگای خۆیەتی ئەوەش بڵێین کە ئەمە یەکەم جار نیە کە لەژێر ناوی چارەسەری تازەی فیمینستی بۆ مەسەلەی ژناندا بیر و ڕا و هەوڵی تازە دەدرێت ، بەڵام ئەو هەوڵانەی لە ١٠ساڵی ڕابردودا لە ژێرناوی فیمینیزمی ژنانی کوردی بە شێوەی جۆراو جۆر درا نەک نەیانتوانی بزوتنەوەی ژنان بۆ ئازادی و ڕزگاری لە کوردستاندا دژ بە دەسەڵاتی ناسیونالیستی و ئیسلامی بەسەرکەوتن بگەیەنن ،بەڵکو ناڕەزایەتی ژنانیان تەسلیم بەدیدگای ڕیفۆرمخوازانەی دەسەڵات کرد و جێگای ئەوانەی ئەم پەیامەیان هەڵگرت ئێستا ڕاوێژکاری ئەم دەسەڵاتە پیاوسالار و بنەماڵەییەن. 

 

چەند پرسیارێک بۆ نوسەر :

هۆزان تا بتوانێت بیسەلمێنێت کە مەبەستی لەم کارەی ئەو شتانە نەی کە لەسەرەوە من باسم کردن ، دەبێت وەڵام بە چەند پرسیارێک بداتەوە ، لەوانە : 

ئایا ” ژنان لە نەوەدەکاندا دەرگیری حیزب و سیاسەت بوون و پاشکۆی حیزبەکان بوون بە چەپەکانیشەوە ” لەسەر چ مەسەلەیەکی کۆمەڵایەتی بوە ،ئایا ئەم شەڕە لە سەر ماف و ئازادیەکانی ژنان بوە یا لەسەر پاشکۆکردنی ژنان بوە؟.

 ئایا  چی کردوە بە بەڵگەی ئەوەی کە ژنانی کۆمۆنیست وتبێتیان  کە لە ئێستا دا و لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد با واز لە مەسەلەی ستەم و کوشتاری ژنان  بهێنین لەبەر ئەوەی ” مافی ژن ته‌نها له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی سۆشیالیستیدا ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێ.”؟ 

 ئایا بە پشت بەستن بە چی بنەمایەک یان بەڵگەیەک دوودەیە لە خەباتی ژنانی کۆمۆنیست دژ بەڕەشەکوژی و یاسای فرەژنی و خەبات بۆ یەکسانی ژن و پیاو دەخاتە نێو چوارچێوەی ئەم دێڕەیەوە ” ژنانێک که‌سه‌ر به‌و ڕه‌وتانه‌ن له‌ کارو چالاکی و گوتاریاندا ئه‌و خه‌ونه‌ پیاوانه‌یه‌ ڕه‌نگداده‌ته‌وه‌” !!  .

 ئایا کۆمۆنیستەکان وەک ناسیونالیستەکان و ئیسلامیەکان بەرژەوەندیان لەوەدابوە کە ژنان لە سایەی سیستەمی پیاوسالاری و شەریعەتدا بهێڵنەوە لەژێرناوی بەرژەوەندی” ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ی کورد ، یان خه‌لافه‌تی ئیسلامی” ؟ یاخود لەدژی ئەم سیستەمە دژی ژنە ڕاوەستاون و خەباتیان بۆ گۆڕینی کردوە و بۆسەلماندنی ئەوەش مێژوویەکی پڕ لە خەبات و قوربانی وسەروەریان هەیە کە پێی هەڵبسەنگێندرێن.

 

ئاشکرایە مێژوو فاکت و ڕوداوەکانی ڕابردوە نەک ویست و ئارەزوی کەسێک بۆ  سەلماندنی بیر و ڕایەک ، هەربۆیە فاکت و ڕوداوەکانی ٢٠ساڵی ڕابردوی کوردستان زۆر پێچەوانەی لێکدانەوە دوور لە بنەما زانستی و لۆجیکەکەی هۆزان مەحموودە لەسەر مێژووی بزوتنەوەی ژنان و ڕێکخراوەکانیان لە ساڵی نەوەدەکاندا . 

 

بەشی دووەم بە ڕێوەیە …

 

 

گۆناسەعید

 

‏10‏/05‏/2013 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.