Skip to Content

Monday, July 15th, 2024
گرفتی سەرەکی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، چییە؟

گرفتی سەرەکی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، چییە؟

Closed
by May 15, 2013 گشتی

 

 

 

 

گومان هەڵنەگرە، کە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان (بزوتنەوەیەک کە لەپێناو یەکسانی تەواو و بێقەیدو شەرتی ژنان و پیاوان لەهەموو رویەکەوە، تێدەکۆشیت) لە کوردستان، بزوتنەوەیەکی دیارو خاوەن رابردویەکی درەوشاوەیە. بزوتنەوەیەکە کە لەگەڵ بوار بۆکرانەوەی و بە دیاریکراوی لەگەڵ دەسپێکی بزوتنەوەیی شورایی ئازاری ساڵی ١٩٩١دا، نمایشی خۆی کرد. هاتە مەیدان و بە بەدەستەوە گرتنی خواستە رەواو رادیکاڵەکانی ژنان، زۆر زوو توانی ریزی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، لەباقی بزوتنەوەکانی تری ژنان کە لەژێر ئاسۆی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردیدا بوون، جیابکاتەوە و لەوەش واوتر بچێتە بەرامبەرکێیەکی رۆشن و کۆمەڵایەتیەوە لەگەڵیان. وەستانەوە بەرووی  شەپۆلێک لە تیرۆری ژنان لە ژێر ناوی شەرەف و بیانوی پەیوەندی بەشێک لە ژنان بە رژێمی بەعسەوە، یەکەم خۆنواندنی بزوتنەوەی بەرجەستەی یەکسانیخوازی ژنان بوو لەسەر دەست و بە دەستپێشکەری ریزێک لە ژنانی کۆمۆنیست و چەپ.

وەستانەوەی لێبروانەی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و بەبەهرەمدند بوونیان لەپشتیوانی  ڕێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستەکانی ئەوکاتەو پاشان پێکهاتنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکارییدا، توانی تەکانێکی تر بە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، (بزوتنەوەی یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان لەگەڵ پیاوان)، بدات و بە دروشمە رادیکاڵەکانی، بە خواستە ڕۆشنەکانی، بەسازش نەکردنی لەسەر مافەکانی ژنان و بە بەرامبەرکێی لەگەڵ دین و هەژمونی زاڵی بزوتنەوەی قەومی بەسەر دۆخی ژنان و بە دەرخستنی جیاوازیە بناغەیەکانی لەگەڵیان و بە جەرائەتێکی کەم وێنەی ژمارەیەک لە رابەرانی ئەم بزوتنەوەیە، توانی کۆمەڵگا تەکان بدات. 

لەناو شەپۆلی ژن کوژیدا کە لەلایەن چەکدارە راسپێردراوەکانی حزبە ناسیونالیستەکانی تازە گەڕاوە بۆ شار، دەستیان پێکرد بوو، وە لەدڵی توندوتیژی و کوشتاری ژنان لەژێر ناوی شەرەفدا، دروشمی کوشتنی ژنان لە ژێر هەر بیانویەکدا بێت قەدەغەیە، حزبە ناسیونالیستەکان و رێکخراوە ژنانە گوێ لەمستەکانیان و کۆنەپەرستی ئیسلامی و ریزی مەلایانی مینبەر بەدەستی، توشی شۆک کرد. “کۆمۆنیستەکان بەرگری لە بەرەڵایی دەکەن” وەڵامی هەموو حزبە قەومیەکانی کورد و رێکخراوە ژنان و ئافرەتان و خانمانەکانیان و مەلای بەلاشخۆری کۆمەڵگا بوو لەدژی هەڵسوارانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و کۆمۆنیستەکاندا، بەڵام پێداگری و راوەستاوی هەڵسوراوانی بزوتنەوەکەو کۆمۆنیزمی کرێکاری بۆ بەرگری بێئەملاو لای مافەکانی ژنان و پەنجە کردنیان بە چاوی ناسیونالیزم و کۆنەپەرستی و رێکخراوە موچەخۆرەکانیاندا، و پێشوازی ژنان و ئازادیخوازانی کۆمەڵگا لەو هەڵمەتەی رابەران و هەڵسوراونی ژنان و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی، بەناچاری و لە ژێر گوشارێکی فراوندا کەوتنە پاشەکشە و پاشانیش زۆرێک لەو دروشمانەیان خستە سەر شاشەی تەلەفزیۆن و رۆژنامە و بڵندگۆی رادیۆکان و دەمی قسەکەرانی رێکخراوە ژنانەکانیان. ئەم رەوتی پێشرەویەی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، لە درێژەی پێشرەویەکانیدا رێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتانی پێکهێنا، ئەم رێکخراوە دەستی دایە کاری چروپڕی هوشیارکردنەوە، کۆرو سمینار گێران، پانێل سازکردن، خۆپیشاندان و کۆبونەوە، تا جێخستن و بەرەپێشەوەبردنی نەریتی رێزگرتن لە ٨مارس و یەخەگرتنی دەسەڵات و گوشار بۆهێنانی بۆ گۆرێنی یاساکان. دوای چەند سالێکیش لە پێشرەوەی زیاتری خۆیدا بۆ یەکەمین جار کۆمەڵگای کوردستانی ئاشنا بە ئیبتکارێکی نوێ کرد، پێکهێنانی سەنتەری پاریزگاری لە ژنان و کردنەوەی خانەی پاراستنی ژنانی راگەیاند. کە جگە لەچارەسەری بەکردەوە بۆ کێشەی سەدان ژن و بەدواداچوونی بۆ کێشەکانیان، هاوکات ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە ژنانی ژێر چەقۆی شەرەفپاریزی و پیاوسالاری بەدەست و هیزی خۆی… ئازاد کرد و رزگاری کردن لە مەرگ. ئەم رەوتە پێشرەو و بزوتنەوە یەکسانیخوازەی ژنان و بە پشتیوانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی لەو بزوتنەوەیەو لەدیدی بروابوونی تەواو و بێمەرجی بۆ یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان لە مافە فەردی مەدەنی و کۆمەڵایەتیەکانیادا… توانی رێکخراوی سەربەخۆی ئافرتان و حزبی کۆمۆنیست بکاتە، جێگا متمانەی ژنان و ئازادیخوازی و تا ئەو رادەیەی لە هەر شوێنک باسی یەکسانی ژن و پیاو لەلایەن هەرکەسێکەوە هێنرابایە گۆر، پەنجە کۆمۆنیست بوون و حزبی کۆمۆنیست بوونی بۆ رادەکیشرا. حزب و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و رابەران و هەڵسوراوانی، ناسنامەیەکی شایستەی کۆمەڵایەتی و پڕ شکۆیان پێبرا. ئەم رەوتە تا ساڵی ٢٠٠٠ و تا ئەوکاتەی بەزۆری هێزی چەکدار، هێرشی کرایە سەر بارەگاکانی حزب رێکخراوەی سەربەخۆی ئافرەتان و سەنتەری پاریزگاری لە ژنان، هەر درێژەی هەبوو. پاش ئەم هێرشەو یاساغکردنی هەڵسورانی حزب و ریکخراوەی سەربەخۆی ئافرەتان و راوەدونانی رابەران و هەڵسوڕاوانی. ئەم بزوتنەوەیە پاشەکشەیەکی واقعی بەسەردا سەپێنرا. پاشەکشەیەک کە رۆژ بەرۆژ ژنانی خستەوە بەر نوکە رمی توندوتیژی پیاوسالاری و شەرەف پاریزی و بیمافی زیاتر و فراوانتر و گۆرەپانەکە ئاوەڵاتر بۆ پیاوسالاری و شەرەف پارێزی و حزب و لایەنەکانی پشتیان.

لەوکاتەوە تا ئێستا، بە دیاریکراویش لەم چەند ساڵەی دوایدا، هەڵسوراوانێک هەمیشە لە مەیدانەکەدا هەوڵیان داوە، کە نوێنەرایەتی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان بکەن، وە هەوڵ و ماندوبوونی ئەو هەڵسوراوانەی ژنان ناکرێت نادیدە بگیرێت و جیگای دەستخۆشانەیە… بەڵام سەرباری ئەو هەوڵ و ماندو بوونە دۆخی ژنان لەوپەری خراپی خۆیدایەو کاریگەری ئەم جموجۆڵ و هەڵسوڕانە، هێندە لاوازە کە نەیتوانیوە سنورێک بۆئەم زوڵم و بیمافیە هەزار سەرەی ژنان دابنێت و ئاستی توندوتیژی بەرامبەر بەژنان و کوشتاریان یان ناچار بە خۆسوتاندنیان، کەم بکاتەوە. ئەم حاڵەتە جێگای هەڵوێستەیە. بۆچی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لە دۆخی ئیستادا، لە بوونی میدیایەکی فرواندا، لە دۆخی کراوەی هەڵسواراندا، ناتوانێ پێشرەوی بەرجەستە بکات؟ هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخە دەگەرێتەوە بۆ چی؟ من لام وایە دوو گرفتی پایەیی و سەرەکی رێگرن:

١/ کەم رەنگ بوونەوەی جیاوازیەکان. ئەمڕۆ هەر کەسێك چاودێری رابەران و هەلسوڕاوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان بکات، گوێبیستی پەیام و راگەیاندن و دروشم و دیدیان بێت بۆ دۆخی ژنان و گرفتەکانیان، جیاوازیەکی بەرجەستە نابینێ لەگەڵ هەڵسوراوانی بزوتنەوە ژنانەکانی تری سەر بە حزبە دەسەڵات بەدەست و هەڵسوڕاوانی ژنانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کوردەوە، جیاوازی نابینێ لەگەڵ بەشێک لەو ئەندام پەرلەمانانەی خۆیان بۆ دۆسیەی ژنانەوە هەلواسیوە یان راسپێردروان. لەکاتێکدا هیچ لەوە سادەتر نییە، هەموو رێکخراوە ژنان و خوشکان و ئافرەتانەکانی سەر بە حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆنی بۆرژوازی کوردی، رێکخراوە ژنانەکانی یەکێتی و پارتی و گۆران و رەوتە ئیسلامیەکان، کۆپیەکی ئاشکرای دیدو راونینی حزبەکانیانن بۆ پرسی ژنان و گوێ لەمستی ئەوانن و لە بنەرەتەوە بۆ وەستانەوە بەرووی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و مافەکانیاندا، دروستکراون. هەموو ئەو حزب و لایەنانە، پشتیوانی ئاشکرا دەکەن لەوەی کە شەریعەتی ئیسلام سەرچاوەیەکی سەرەکی یاساکان بێت و پێداگری دەکەن کە نابێ هیچ برگەو یاساو بریارێک ناکۆک بێت بە حوکمە نەگۆرەکانی ئیسلام و شەریعەتی ئیسلامی، ئەمەش بەسادەیی یانی بە یاساییکردن و پشتیوانیکردن لەسەرکوت و بێمافی ژنان و پیاوسالاری و کوشتن لەسەر شەرەف پارێزی و ژێر پێنانی هەموو مافە فەردی و مەدەنیەکانی ژنان. ڕیکخراوەکانی سەر بەو حزب و لایەنانە لە مەیدانی بزوتنەوەی ژناندا، هەڵگری پەیام و کارکردنن بەم دیدە دژە ژنەی حزبەکانیان. بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، رابەران و هەڵسوڕاوانی، بەبێ ئەوەی ئەم راستیانە بە کۆمەڵگا بگەیەنن، بەبێ ئەوەی ماهیەتی ئەو رێکخراوانەی سەر بەو حزبانە نیشان بدەن، ناتوانن جیاوازیەکانی خۆیان بەرۆشنی دەربخەن و ببنە سەکۆی جێمتمانەی ژنانی نارازی و ستەم دیدە. نابێ لە ژێر ناوی کاری هاوبەشدا، ناسنامەی جیاوازی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، لەگەڵ بزوتنەوەکانی تردا، پەرەپۆش بکرێت. نابێ بێدەنگە بکرێت لەنیشاندانی ماهیەتی ئەو رێکخراوەو کادرە موچەخۆرەکانیاندا. بەڵکە یەکێک لە ئەرکە هەرە سەرەکیەکانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان دەبێ نیشادانی جیاوازییە هەمەلایەنەکانی بێت لەگەڵ بزوتنەوە ژنانەکانی ترو رێکخراوەکانیان، دەبێ بە دروشمەکانی، بە خواست و داواکاریەکانی، بەکاری مەیدانی و راگەیاندنەکانی، بەبەشداری لە چالاکی و کۆرو سمینارەکاندا، بە پاراستنی ریزی سەربەخۆی خۆی، جیاوازیەکانی خۆی نیشان بدات و ئامادەی سازش لەسەر خواستە بناغەیەکانی ژنان نەبێت. دیارە ئەمە هەرگیز بەمانای رەتکردنەوەی کاری هاوبەش لەسەر پرۆژە و چالاکی دیاریکراو نییە، بەڵکە مەبەست ئەوەیە کاری هاوبەش نابێت ببێتە جێگرەوەی کاری سەربەخۆ، نابێ ببێتە هۆکارێک بۆ کەمرەنگکرنەوەی رەخنەگرتن لە رێکخراوەکانی سەر بە بزوتنەوە ناسیونالیستەکان و دیدی رابەران و هەڵسوڕاوانی، نابێ ببێتە هۆی کاڵ بوونەوەی جیاوازییەکان بۆ پرسی ژنان و…تاد

٢/ کاری جەماوەری و شەقام و یان ئۆفیسی و فەیس بوکی:

یەکێکی تر لە لاوازیەکانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و هەڵسوڕاوانی، رووهێنانیانە بۆ کارو نەریتی ئێن جی ئۆکان و کاری ئۆفیسی و فەیس بوکی… بێگومان هەر کارێک و هەر هەنگاوێک کە بتوانێت لە راستای لابردنی توندوتیژ و بێمافی ژناندا، نەخشێک ببینێ دەبێ پێشوای لێبکرێت و بەدەستەوە بگیرێت، دیارە رێکخراوەکان پێویستیان بۆ ئۆفیسیش هەیە، گرنگی نەخشی فەیس بوکیش لەم سەردەمەدا، بەرچاوەو کەناڵ و رێگەیەکە بۆ کەڵک لێوەرگرتن و لام وانییە کەس نکۆڵی لە جێگاو رێگاکەی بکات. ئین جی ئۆکانیش هێندەی دەتوانن چاودیر و رێگایەکی گوشاری واقعی بن لەسەر دەسەڵات! کەس لاری لە بوونیان و نەخشیان نابێت. بەڵام کاتێک ئەمە جێگای گوشاری بزوتنەوەی جەماوەری و شەقام دەگرێتەوە، ئەمە کاتێک کاری رێکخراوەیی مەیدانی دەکاتە پلە دوو سێ، کاتێک ئەمە دەبێتە نەریتیکی باو و بەرجەستە. ئیتر ئەم بزوتنەوەیە لە چاوی کۆمەڵگاوە، لە شەقامەوە، بچوک دەکرێتەوە بۆ ناو ئۆفیسە بێكارەکان، بۆ ناو فەیس بووک و کاری راگەیاندنی زۆو سنوردار و نامەو نامەکاری. کاری دریژ ماوە و بەنەخشە جیگای خۆی دەدات بە کەمپەینی ئیمزاکۆکردنەوە و کاتی. قەتیس مانەوەی چالاکی و هەڵسورانی بزوتنەوەی ژنان لەچوارچێوەی ئەم نەریت و شێوەکارەدا کاریگەریەکەی زۆر لەوە لاواز تر دەبێت کە بتوانێت گوشارێکی واقعی دورست بکات و کارێکی گەورەی بەرجەستە بە سودی ژنان و مافەکانیان بەسەمەر بگەیەنێت. بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و رابەران و هەڵسوڕاوانی بە کاری رێکخراو مەیدانی، بەکاری جەماوەری و بەنەخشە، بە راگەیاندنی شەفاف و بەدەستەوە گرتنی سەرەکی ترین خواست و داوای ژنان و بزوتنەوەکە، دەتوانن ئۆفیسەکانیان بکەنە شوێنێک تا ژنانی ستەم لێچوو، ژێر هەرەشە، نارازی بتوانن بەسانایی دەستیان پێی بگات و لەگەڵ رابەران و هەڵسوراوانی ژناندا، پەیوەندی بگرن و لە هاوکاریان بەهرەمەند بن. فەیس بووک دەتوانێ تیشک ئاسا چالاکیەکانی ژنان و دەوری رابەران و هەڵسوراوان و دۆخی هەموو ساتەی ژنان، بگوازێتەوە و ببێتە کەناڵیک بۆ راکیشانی پشتیوانی و هۆکارێکی پەیوەندی گرتن و لێکهەڵپێکانی لەگەڵ بزوتنەوە پیشکەوتنخوازو یەکسانیخوازەکانی ژناندا…

بە کورتیەکەی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، بە نیشادانی جیاوازیەکانی خۆی لەگەڵ بزوتنەوەکانی تری ژنان و ئافرەتان و خوشکانی، سەر بەحزبە قەومی ئیسلامیەکان، بەکۆمەڵگا لە رێگای بەدەستەوەگرتنی خواستە سەرەکیەکانی ژنان و سازش نەکردن لەسەریان، رەخنەی رادیکاڵ گرتن لە و دیدو روانینانەی ماف و داوخوازیەکانی ژنان، نادیدەدەگرێت و یانی لە ژێر ناوی جارێ کێشەی گەورەتر هەیە، کۆمەڵگا قبوڵی ناکات و …تاد دەیانەوێت ستەم کیشی ژنان بسپرێن بە مەحاڵ، دەتوانێت هەنگاوی گەورە هەڵبگرێت…

 

ناوەراستی ئایاری ٢٠١٣         

     عەبدوڵا مەحمود

abdulla.mahmud@gmail.com

www.abdullamahmud.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.