Skip to Content

Friday, March 1st, 2024
لە بارەی (گوڵنارەکانی شوێنپێ لە باخچەکانی تاراوگەدا) ی (هەندرێن)دا

لە بارەی (گوڵنارەکانی شوێنپێ لە باخچەکانی تاراوگەدا) ی (هەندرێن)دا

Closed
by May 15, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

 

(١)

بەرگی کتێبەکە

دەمێکە ئەو پەرتووکە، (گوڵنارەکانی شوێنپێ لە باخچەکانی تاراوگەدا) ی (هەندرێن) دە کتێبخانەکەمدا نووستووە، بەرگی پێشەوەی بریتییە لە تابلۆیەکی رەنگ ترخ و دەستنووسێکی سوور و ناونیشانی درێژی بەرهەمەکە بە رەنگی رەش و سێبەرێکی شین نووسراوە. رەنگە ترخەکان و ناونیشانە درێژەکە شێوازێکی تێکەڵ و ناسادەیان داوەتە بەرگەکە. رەنگە ئەو بەرگە هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی خوێندنەوەی کتێبەکەی لای من دواخستبێت! 

 

(٢) ناونیشانی بەرهەمەکە.

ناونیشانی کتێبەکەش درێژە و وشەکانیش بۆ من بە ئاسانی لەبەر ناکرێن، تا ساتی نووسینی ئەو بابەتەش (گوڵنارەکان) هەر بە (گوڵهەنار) دەخوێنمەوە، وشەی (شوێنپێ) بەسەریەکەوە گرانە و زوو بە مێشکمەوە نانووسێت، هەروەها وشەی  پێش ئەویش دیسان دووناوی (گوڵ+نار) لێکدراوە. لەوە دەگەم ناونیشانەکە پێوەندی بە ناوەڕۆکی نووسینەکە و نووسەرەوە هەیە. لە خۆوە نەهاتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەپرسم نەدەکرا ناونیشانێکی سووکتر و کورتتر کە زوو بە مێشکی خوێنەرەوە بنووسێت داندرابووایە؟ دواتر خۆ خوێنەر لەوە دەگات کە گوڵنارەکان دەربڕین لە شوێنپێیەکانی باخچەکانی تاراوگە دەکەن و تاراوگەش هەر دەرەوەی وڵات نییە و نێو وڵات و شوێنی تریشە؟ 

 

(٣) دیاری و پێشەکی.

بەرگەکەم هەڵدایەوە (بۆ: دایکم، بە فرمێسکەکانی، تەمەنم لاو نابێتەوە) دیارە هەندرێن بە وشەی تر ئەو قسەیەی کردەوە، بەڵام مەبەستەکە ئەوەیە.

وەک چۆن لە دیارییەکەدا وشەی زیاد بەکارهاتووە، لە پێشەکییەکەشدا هەمان شت، چەند رستەیەکی درێژ دەرکەی دەقەکە بە ناسینی شوێنپێیەکانی هەندرێن دەکەنەوە. نووسەر لێرەدا رێ لە خوێنەر دەگرێت کە چۆن و بە چ شێوەیەک دە دەقەکە بگات. چونکە نووسەر نایهەوێت خوێنەر بەرهەمەکە وەک (یادداشتنامە یان سەفەرنامە) بناسێت. ئەو کارە پێویست نەبوو، چونکە باشترە خوێنەر ئازاد بێت لەوەی چۆن دەقەکە وەردەگرێت.  ئەدی بە خوێنەر ناڵێن (وەرگر)؟! بۆیە باشتر بوو لە پێشەکییەکەدا (هەندرێن) خۆی لەو بابەتە نەدابایە و ئەوەی بەجێهێشتبا هەر کەسە و وەک خۆی بەرهەمەکە وەربگرێت، چ قەیدییە با خوێنەر وەک (سەفەرنامە و یادداشتنامە) یان هەتا وەک (رۆژنامە)ی کەسێک وەریگرتبا، چونکە سەفەرنامە و یادداشتنامەش دەتوانن (هەبوونێک) بە شوێنپێیەکان ببەخشن، وەک چۆن شیعر و رۆمان و چیرۆک و هەر “گێرانەوەیەکی هونەرییانە و ئەدەبییانە” دەتوانن ئەو ئەرک و جوانییە بە جێ بگەیەنن.

 

(٤) گوڵنارەکانی هەندرێن و گوڵهەنارەکانی من.

دوای پێشەکییەکە، ئازاد لە رێنماییەکانی نووسەر و رستە درێژەکانی. بە نێو گوڵنارەکان، یان گوڵهەنارەکانی هەندرێن کەوتم. درکم کرد گوڵهەنارەکە بە پێچەوانەوەی پێشەکییەکە، ئارام دەمباتە نێو خۆی و وێنەی گوڵهەنارەکانی (شەقڵاوە) م بیر دێنێتەوە، باخچەکەی (وەستا شێمحەمەد) کە لە بن دارهەنارەکانیدا زۆر جار دەرسم خوێندووە و تەماشای گوڵهەنارەکانم کردووە، کە ئەمە پێمان دەووت (کوریکە). بیرییان دەکەم، ئی هەنارەکان و قەڵش و رەنگ و شواڕک ئەو هێلانانەی باڵندە گچکەکان لەسەریاندا درووستییان دەکردن و دەیانکردنە ئارامگەی خۆیان. بیریشمە جارێک باوکم سەبەتەیەکی ترێی دانابوو و ببووە ماڵی مێشهەنگوینەکان.

کەم بەرهەمم خوێندوونەتەوە منییان بردبێتەوە نێو منداڵیم و باخچەی باوکم و باوەش و کۆشی گەرمی دایکم. لێ ئەو بەرهەمە ئەوەی دە نێودا شین کردم، لە زۆر ساتدا دەگەڵ وشە و دەستەواژەکانیدا سەفەرێک بەرەو منداڵیی و شتەکانی تر بکەم و شوێنپییەکانی (هەندرێن) بەجێبێڵم و سۆراغی گوڵهەنار و گوڵسێو و هەرمێ و کوریکە خۆخە پەمبەکانی خۆم بکەم. بەتایبەتی ئەو کوریکە پەمبانە، کە هەمیشە جوانییەکی تایبەت بە چاو و دڵم دەبەخشن. تا ئێستاش ئەگەر لە وێنەیەکیشدا ئەو کوریکە پەمبانە ببینم، دەچمەوە ناشوێن و بیرەوەریی باخچەیەکی تاڵان و وێرانکراودا!

 

(٥) خۆ خستنە سەر کاغەز.

بەرهەمەکەی هەندرێن یەکێکە لەو بەرهەمانەی وەک خوێنەر حەزم لێیەتی، بابەتێکە سەرچاوەکەی یادەوەری و ژیان و دنیا و ئەزموونی نووسەر خۆیەتی. نووسینەوەی شوێنپییەکانی کەسێکە کە خۆی دەخاتە سەر کاغەز. لە ئەزموونەکانەوە دەپەرێتەوە سەر کتێب. خۆی دەبێتە پڕۆژەی نووسین. لە بابەت خۆیەوە دەدوێت. ئەوەش پێویستی بە راشکاویی و وێرانەوە هەیە، بۆ ئەوەی بابەتەکەی جوان و هەقیقی و بەهێز بێت و بەهایەک بە پەرتووک و هەقیقەت و ژیانیش بدات.

 

(٦) دووان لە کەسەکانی تر.

لەو بەرهەمدا ناوی کۆمەڵە کەسێک دێت و نووسەر دەگەڵ خۆی دەیانهێنێتە سەر کاغەز! کەسەکانی دەوروبەر و ئەوانەی راستەوخۆ لە کات و شوێنی هەڵبژێردراوی نووسەردا بەرهەڤن دەبنە کارئەکتەری بەرهەمەکە. کەسەکان – لە کاتی نووسیندا-  زۆربەیان لە ژیاندان. بە تێگەیشتنی نووسەر خۆیان لە بەرهەمەکەدا دەبیننەوە. ئەوە پنتێکی گرینگی ئەو جۆرە نووسینانەیە کە ئەگەر نووسەر راشکاو بێت و قووڵ رووبچێتە نێو کارئەکتەرەکان ئەوە جوانی و  بایەخێکی تایبەتی دەداتە نووسینەکە.

نوووسین لەسەر کەسەکان، بۆ نووسەر، کەس و خوێنەران کارێکی چێژبەخش و سامدارە! چێژبەخشە لەوەی نووسەر بتکاتە کارئەکتەرێکی بەرهەمەکەی. سامداریشە لەوەی نووسەر چۆن دەتبینێت؟

ئەو کارە دوودڵی و چێژ، بۆ کارئەکتەرەکان و خوێنەران درووست دەکات. کارئەکتەرەکان، لەوە دوودڵن کە نووسەر چۆن باسییان دەکات؟ چێژداریشە ئەگەر بە باش، جوان، یان بە هەر بەهایەکی ئیجابی وێنەیان بکێشێت. بۆ خوێنەریش هەمان شتە، رەنگە کەسێک یان چەند کەسێک بناسێت و سۆراغی ئەوە بکات کا تێگەیشتنەکانی خۆی و نووسەر لەسەر کەسەکە کۆکە یان جوایەز؟ بەوەش نوختەیەکی هاوبەش یان دژ لە نێوان خوێنەر و نووسەردا دروست دەبێت. دواتریش نووسەر باسی حزبەکان دەکات و لە کارئەکتەر و کاریگەرییەکانییان دەکۆڵێتەوە. تا دەگاتە سەر شیکردنەوەی سستمی حوکمڕانی لە ناوچەیەکدا کە یادەورییەکان تاڵان و وێران دەکات!

(٧) وێنەی پێشمەرگە.

من پێشمەرگە نەبووم، بەڵام پێشمەرگەی زۆرم دیوون. بۆیە دەتوانم وێنای هەندرێن وەک پێشمەرگەیەک بە ئاسانی بکەم. بە تایبەتیش کە وێنەیەکی ئەوم دیووە لە کاتی پێشمەرگایەتیدا شیعر دەخوێنێتەوە. ئەو وێنەیشم نەدیبا دەمتوانی خەیاڵی ئەوە بکەم: خۆی و دەستەجلێکی کوردی خاکی و پشتدێنێکی درێژی دوازدە مەتری و چەک و جبەخانەیەکی زۆری لە تەنکێش بەستبێت و لە جیاتی شەڕ لە بن دارێک دانیشتبێت و شیعر بنووسێت. وێنەی شۆڕشگێڕێکی رۆمانسی کە لە فۆتۆیەکدا جوان و رۆشن و خۆش دەردەچێت. وەلێ لە پشت ئەو وێنە رۆمانسییە دنیایەکی شاراوە هەیە، کە پڕییەتی لە ململانێ و شەڕ و خوێن و کوشتن و فێڵ و سیاسەت و فریودان و قوربانی و شەهیدبوون و سووتانی گوند و کەس و دنیا و حزب و ئایدیا و هتد….، دنیایەک کە تەنیا گێڕانەوەیەکی هونەری و ئەدەبی دەتوانێت شت و شمەک و هەست و فرمێسک و دەنگی لەرزۆک و گرینۆکی و ماڵسووتاو و جەرگسووتاوەکان لە سەردەمێکی دیکەدا بداتەوە بە وەرگر، وەرگرێک کە رەنگە هیچ لەبارەی ئەو شتانە نەزانێت و کەسیش پێی نەووتوە خاسە ئەگەر ئەو شتانە بزانیت!

 

(٨)میتافیزیکی دڵ و فیزیای نووسین.

گوڵنارەکەی هەندرێن سەرچاوەکەی دڵ و هەست و خوستی خۆیەتی. تەنیا خۆی دەتوانێت گەورەیی و  جوانی و نەمری و شوێنپێی ئەو ساتانە هەست پێ بکات و وەک میتافیزیک لە یادەوەری خۆیدا بیانهێنێتە سەر کاغەز و بیانکا بە شمەکێک بە وێنەی کتێب و وەک بابەتێکی فیزیکی بیدا بە ئێمە، دڵنیام لەو گوێزانەوەیەدا لە نێوانی میتافیزیکی دڵ و سەری هەندرێن و فیزیای نووسین و کاغەزەکاندا زۆر شت لێرە و لەوێ وەک فرمێسک بەردەبنەوە نێو سینەی هەندرێن و ناگەنە سەر کاغەزەکان. بابەتگەلێک ناگەنە وەرگر و لە پەنا و پەسێوەکانی دەروون و نێو خوێنی هەندرێندا دەبنە کەف و ناگەنە سەر زمان و لەسەر لێوەکاندا بەرنابنەوە. وەلێ دەگەڵ ئەوەشدا، زۆر سات و هەستی قوڵ و پەنهانی یادەکان دێنە سەر زمان و هەندرێنمان بۆ دەهێننە سەر کاغەز، دەگەڵ خۆشیدا، خەون، ئازادیی، نامەیەکی کۆن، گوندێکی سوتاو، دایکێکی تەنیاو وەک خۆی گووتەنی (جەنگەڵستانێکی پیرسەرت دەکا بە مەشخەڵ) منیش دەتوانم هەست بەوە بکەم نەوەک هەر تنێ سەر دەکاتە مەشخەڵ، بەڵکە هەموو لەش دەبێتە مەشخەڵ. مرۆڤ دەکەوێتە نێو دۆڵی بێ بنی یادەوەری و بە دنیایەک گرێ دەدرێتەوە کە پڕ بەمانای وشەی تاڵان؛ تاڵان دەکرێت. 

شوێنپێی یادەکان و ئێستای جەستەیەکی گڕگرتوو لە نێو پیریی و فرمێسک و تۆز و بێدەنگیی شوێنەکان. ماناکانی تاراوگە و چەمکەکانی دیکەش بەرەواژی دەکاتەوە لە نێوان دوو سەردەمدا، جارانی پێشمەرگایەتی کە کاتی خەون دیتن و گەڕان بەدووی ئازادی و شەڕکردن لە گوندێک و بەجێهێشتنی شار و دایک و ژیانێک بوو، دەگەڵ ئێستای تاراوگە کە  چیا و پیشمەرگە و وڵات و مرۆڤ خۆیشی رەنگی سورمەیی تۆخی خۆی لەدەست داوە و دە تەپوتۆزدا بزربووە!

(هەندرێن) لەو بزربوونەدا، زۆر شت دەداتە بەر باس، کە خۆی رۆژانە ئەزموونییان دەکات و بیرییان لێ دەکاتەوە و دەیانهێنێتە سەر کاغەز، شوێنپێیەکانیشی دە دوو دێن و شتەکانی کە لەپشت بەجێدەمێنن هەڵدەگرنەوە و بۆ ئەوەی شەو درەنگان بەری بانگدان بیرییان لێ بکاتەوە و بەدەم خواردنەوەی ئێوارەیەک و هەنگوینخواردنی تێشتی بەیانییەک و تەماشاکردنی باڵندەکانی پشت پەنچەرە بیانکاتە نووسین. (چونکە مرۆ پێویستی بە حەکایەتە بۆ ئەوەی تارواگەی پێ فەرامۆش بکات) وەلێ بەراستی تاراوگە بە گێڕانەوەی حەکایەتەکان فەرامۆش دەکرێت؟ هەر پێش ئەوەش دەبێت بپرسین کوێندەر تاراوگەیە؟ گومان دەکەین لەوەی لە نێوان سوید و کوردستاندا کامە زەوی تاراوگە بێت؟ کامەی یادەوەرییەکان تاڵان دەکات و مرۆڤ دەڕزێنێت؟

 

(٩)چێژ و گێڕانەوە.

گێڕانەوەی حەکایەتەکان، تەنیا لە تاراوگەدا پێویست نین، بۆ فەرامۆش کردن یان هەر چتێکی دیکە. لە ولاتیشدا بەردەوام کەسەکان شتەکان دەگێرنەوە. گێڕانەوە ئەوەندەی پێوەستە بە چێژوەرگرتن لە رووداو و ژیان، ئەوەندە فەرامۆش کردنی ئێرە یان ئەوێ نییە. مرۆ کە شتەکان دەکات (خوێندن، سەفەر، نوسین، پێشمەرگایەتی، دامەزراندن، دیدار، برادەرایەتی و تد…،) ناگاتە چێژی تەواو تا نەیگێڕیتەوە. ئەو کردارە بۆ کەسەکان بە گشتی و بۆ نووسەران بەتایبەتی لەبارە. مارکیز وتەنی (زیندووم بۆ ئەوەی بگێڕمەوە) (زانا خەلیل) نووسەرێکی گەنجە و هەموو نووسینەکانی گێڕانەوەن لە پێناو چێژدەرداندا. بابەتگەلی وا لە ئەدەبی کوردی و بەکوردی کراودا زۆرو زەبەندن. ئەو بەرهەمەش چێژ و ئازار و قورسی فرمێسک و وشە و گەرمی ئاگر و سووتانەکانیشی تەواو نابێت، تا نەگێڕدرێنەوە! گێڕانەوە تاکە شتێکە بۆ وەدەستهێنانی چێژی رۆژگارێک لە رابردوو و ئێستادا، بۆ ئاییندەش بۆ هەر ساتێکی خوێندنەوەی بەرهەمەکان. هەر بەرهەمێک لە ساتی خوێندنەوەی خۆیدا گێڕانەوەیەکی دیکەی نووسەرە بۆ وەرگر. بۆیە نووسین گێرانەوەی بەردەوامی نووسەرە لە پێناو بەردەوامی و نەمرکردنی چێژداندا. گێرانەوەی حەکایەتەکانی گوڵنار و ئی تریش، فەرامۆش کردنی تاراوگە نییە، بەڵکو جوانکردن و بە چێژکردنی تاراوگەشە تا ماڵ و وڵات. جوانکردنی ئێستای تاراوگەیە تا رابردووی پێشمەرگایەتی، خۆش کردنی تەمەنە لە ئێستادا تا گەنجیێتی. رووداو و گێڕانەوەکان ئاوێتەی یەکدین و ناکرێت لە یەکدی جیابکرێنەوە، رووداو وەک جەستە وایە و گێڕانەوە گیانییەتی! رووداو بێ گێڕانەوە بێ گیانە و دەمرێت. حەکایەت بێ گێڕانەوە هەبوونی نییە. گێڕانەوەش هونەرە!


(١٠)بەرهەم وەک پردێک لە نێوان مرۆڤ و ژیاندا.

بەشێکی گەورەی جوانی تێکست، لە جوانی کەس، رووداو، شت و دیمەنەکاندایە. ئەوەی سرنج لەو تێکستە بدات و خوێنەرانە و بێگەردانە سەودای دەگەڵ بکات، واتە بە بێلایەنی بیخوینێتەوە، ئەوە تێدەگات، (هەندرێن) لە باس کردنی سات و کەس و شوێن و رووداوە خۆشەویستەکانی، زمان و رستەکانی هونەریتر، چێژبەخشتر و بەخشندەتر دەڕژێنێتە گیانی وەرگر و دەگەڵ خۆیدا دەروونی وەرگریش بێگەردتر، پاکتر و رەوانتر دەکات. کە ئەمەش پێموایە یەکێکە لە سەرچاوەکانی چێژی وەرگر لە ئەدەبدا. چونکە وەک چۆن گوێگرتن لە گۆرانی و موزیک، دیتنی تابلۆیەکی هونەریی دڵ ئاسوودە دەکات و گیانی مرۆڤیش بەرەو بەرزیی و جوانی و باڵابوون دەبات، تێکستیش بە جوایەزی جۆر و قەبارە و نووسەر و زمانییەوە پێویستە بێگەردی مرۆڤ بەرابەر مرۆڤ، سرووشت و شتی تریش رەوانتر و خۆشتر بکات. بەشەکانی کۆتایی ئەو بەرهەمە بەو هەناسەیە درێژ دەبێتەوە، کە بۆ من دڵخۆشکەر بوو. چونکە لە کۆتایی هەر بەرهەمێکدا پێم گرینگە بزانم : ئەو بەرهەمە چەند توانی ببێتە پردێک لە نێوان من و ژیان، تەمەن، کەس و ئەوانی تردا، دواتریش لەنێوان من و خۆمدا!

 

هەندرێن

(گوڵنارەکانی شوێنپێ لە باخچەکانی تاراوگەدا)

ساڵی ٢٠٠٦ چاپی یەکەم

نەخشەسازی و بەرگ: شێروان خدر

لە بڵاوکراوەکانی سەنتەری لێکۆڵینەوەی فیکریی و ئەدەبی نما(٦٤)

 

هۆشەنگ شێخمحەمەد

٣/٠٤/٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.