
نیگه‌رانی و تێكچونی ده‌روونیی تێكستنووس
له كتێبی شیعری “دڵا له‌ناو سنگی ئه‌م جیهانه لێ نادات ” ی ڕامیار مه‌حمود
هه‌رچی ئه‌ده‌بی كوردی هه‌یه ده‌كرێت كورته ئاوڕێكی لێ بده‌یته‌وه، به جۆرێك ئه‌م ئه‌ده‌به و مێژووه‌كه‌ی زۆر كۆن نین، ئه‌مه‌یش قسه‌یه‌كی نوێ نییه كه من لێره ده‌یكه‌م، به‌ڵكو زۆرینه‌مان ده‌یزانین. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یشدا ژانره‌كان به چه‌ندین قۆناغی گه‌شه‌سه‌ندندا تێپه‌ڕیون، كه‌چی هێشتا له ئاست ئه‌ده‌بیاتی گه‌لانیشدا نین، جیاوازتر له ژانره‌كانی دیكه، شیعر تا نهۆیش گۆڕانێكی زۆری له فۆڕم و ته‌كنیك و ناوه‌رۆك و زۆر لایه‌نی دیكه‌وه به سه‌ردا هاتووه. هه‌رچه‌نده به بۆچوونی به‌شێكی زۆر له نووسه‌ران، شیعر له گرفتدایه یا زۆرێك له‌و ده‌قانه‌ی ده‌نووسرێن شیعر نین و هه‌ندێك لێی ناڕازین و هه‌ندێكیش پێی قایلن. ده‌كرێ بڵێن ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌ندێك شاعیر و نه‌وه‌ی نوێ ده‌ینووسن، پێی بوترێ شیعری نوێ، به‌و مانایه‌ی له شیعره‌كانی قۆناغی پێش خۆیان جودان و ده‌یشكرێت شیعر له ساده‌یی خۆیدا فیكرێكی گه‌وره‌ی هه‌ڵگرتبێت.
ِامیار مه‌حموود له شیعره‌كانی كتێبی (دڵ له ناو سنگی ئه‌م جیهانه‌دا لێ نادات)، زمانی داماڵیوه له‌وه‌ی پێی ده‌گوترێت زمانی باو (نامه‌ئلوف). به ساده‌یی دێته گۆ و پارچه‌یه‌ك له ئه‌ده‌ب ده‌ئافرێنی و به هۆیه‌وه نیگه‌رانی و نائارامیی خۆی ده‌ر ده‌خات.
من ڕۆشنایی ڕقی لێمه
من ئاسوده‌یی خۆشه‌ویستیم له‌گه‌ڵ ناكات
من سه‌رقاڵی شاردنه‌وه‌ی ده‌موچاوی خۆمم
تكایه كه‌س نه‌یه‌ته گه‌ڕه‌لاوژێی ئه‌م شێته‌وه
(سه‌رگوزشته‌ی پیاوێكی تاریك)
فرۆید یه‌كه‌م كه‌سه په‌ی به بیرۆكه‌ی ململانێی ده‌روونی بردووه و به فراوانی باسی كردووه و هه‌ر ئه‌ویش پێشه‌نگه له‌وه‌ی كه لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی خستووه‌ته ژێر لێكدانه‌وه‌ی ده‌روونییه‌وه. فرۆید زۆرترین بایه‌خی به لێكۆڵینه‌وه‌ی كهسیهتییه ئه‌ده‌بییه‌كان داوه و باسی ئه‌و ترس و نه‌خۆشییه ده‌روونییانه كردووه، كه نووسه‌ر یا هونه‌رمه‌ند تووشی ده‌بنه‌وه و ئه‌مه‌یش باسێكه، كه ده‌كرێت تایبه‌ت و به جوێ له سه‌ری بنووسرێت. تێكچوونی بارودۆخی ده‌روونی، زاده‌ی نائارامی و دڵه‌ڕاوكێ و نیگه‌رانییه، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا هه‌موو نیگه‌رانییه‌ك شیعری جوان به‌رهه‌م ده‌هێنێت؟ نیگه‌رانی دوو مرۆڤ كه یه‌كێكیان نووسه‌ر و ئه‌وی دیكه‌یان نانووسه‌ر نییه، وه‌ك یه‌كه؟ گه‌ر به نیگه‌رانی بوایه و شیعر له نیگه‌رانیدا به‌رهه‌م هاتبایه، ئه‌وه ده‌بوو زۆرینه‌مان كه به‌ده‌ست بچوكترین ململانێی ساده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ده‌ناڵێنین، شاعیربووینایه.له ئه‌ده‌بدا “هه‌میشه هه‌ندێك گومان و گومانلهخۆكردن هه‌یه وه‌ك ناسێنه‌ری هۆشی مرۆڤانه، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و جۆرانه‌ی نووسینه‌وه كه زانیاری ده‌ده‌ن، فه‌رمان ده‌رده‌كه‌ن، ده‌پاڕێنه‌وه یا ده‌بنه هۆی كه‌یفخۆشی، هونه‌ر ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی مرۆڤ له‌گه‌ڵ نادڵنیایدا ده‌كاته شتێك شایه‌نی به‌دواداگه‌ڕان بێت(1)” و به تایبه‌ت شیعر كه ناكرێ به چاوێك بخوێنرێته‌وه و پێویسته چاوه‌ڕێی ئه‌نجامگیری بكه‌ین. له نادڵنیایی و پشێوی و نائارامی ناخی مرۆڤه‌وه به‌رهه‌م دێت.
له ڕاستیدا ئه‌و ده‌مه نیگه‌رانی دروست ده‌بێ كه نووسه‌ر گرفتی له‌گه‌ڵ واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئابووری و فه‌رهه‌نگیدا هه‌یه، وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌یه كه “له فه‌لسه‌فه‌ی ماركسیزم‌دا گووتراوه مرۆڤایه‌تی پرسیارێك ناكات گه‌ر نه‌توانێت یاخود توانای وهڵامدانهوهیشی نه‌بێت.”بۆیه ڕامیاریش هه‌میشه به شوێن كردنه‌وه‌ی پرسیاره‌كانی ئه‌و واقیعه‌یه، كه گرفتی بۆ دروست كردووه، یا له دیدی ئه‌وه‌وه گرفته و پێویسته چاره‌سه‌ر بكرێت . زۆر جار بێهووده‌یی ده‌گاته ئاستێك كه نزیكت ده‌كاته‌وه له خۆكوشتن یا ڕوونتر بڵیم خۆكوشتنت لا په‌سه‌ند ده‌كات.پرسیارێكی دیكه لای زۆربه‌ی نووسه‌ران هه‌بووه، كه ئایا ئه‌مه ئه‌و نییه پێی ده‌ڵین بێ ئیراده‌یی؟ چونكه مرۆڤ نابێت نا‌ئومێد بێ، یاخود گه‌ر نائومێدیش بێ، نابێ بگاته پله‌ی خۆكووشتن. ده‌بینین له مێژووی ئه‌ده‌بیاتدا چه‌ندین شاعیر هه‌ن كه خۆیان كووشتووه، چونكه له كۆندا دیدێكی جیاواز بۆ شاعیربوون هه‌بوو و به چاوێكی به‌رزه‌وه له شاعیرانیان ڕوانیوه و پله‌ی به‌رزترینیان له خه‌ڵكی پێداون، پێیان وابووه شیعر ئه‌قڵ به‌سه‌ر دڵان‌دا ده‌فڕێنێ و ڕكێف وه‌رده‌گرێت و مه‌یلی بۆ دۆخه جیاوازه‌كانی نێوان خۆشی و دڵته‌نگی ده‌بات یا نێوان خۆشه‌ویستی و كینه وبێ ئومێدی و سه‌بووریی پێ ده‌كات.
ئه‌م بێ هوده‌ییه
زۆر به خێرایی له خوێنمدا ئه‌گه‌ڕێ
زۆر به قوڵی له ڕۆحمدا حه‌شار دراوه
له سه‌رما ئاژاوه‌یه‌ك هه‌یه بۆ خۆكوشتن
له دڵما ترپه‌یه‌ك هه‌یه بۆ ژیان.
(ڕه‌شنوسی پیاوێكی ڕه‌ش)
خه‌ریكه نیگه‌رانی ده‌بێته مۆدێل. شاعیرێك، دۆستێك، شیعرێك ده‌خوێنێته‌وه و لای په‌سه‌نده. ده‌بینێ نیگه‌رانیی به‌رهه‌می هێناوه و هه‌وڵ ده‌دا ئه‌میش به هه‌مان شێوه ده‌قێك به‌رهه‌م بهێنێ، كه نیگه‌رانی هه‌یمه‌نه‌ی به‌سه‌ر وشه‌كانیدا كردبێت، به‌ڵام ئه‌مه لای ڕامیار وانییه، به‌ڵكو نیگه‌رانییه‌كانی ڕامیار به‌رهه‌می خوێندنه‌وه و پهیبڕن به نه‌زانراوه‌كانی گه‌ردوون، گرێدراوی خه‌ونی گه‌وره‌ن و خه‌می مه‌عریفی له پشتیانه‌وه هه‌ن، بۆیه قسه‌ی جیددی و گرنگ له ناو شیعره‌كانیدا ده‌بینرێت و ئاماژی بۆ گه‌لێك له كێشه‌كان كردووه كه له دیدی نووسه‌ره‌وه گرفت و ده‌ردی بێدهرمانن. بێ ئۆقرهییهكی هێجگار له شیعره‌كانی ڕامیار هه‌ست پێده‌كرێت كه نزیكی ده‌كاته‌وه له بێهوده‌یی. هه‌ڵبه‌ت بێ ئۆقره‌یی گه‌لێك شاعیری به‌ره‌وه شڵه‌ژانی ده‌روونی بردووه و نزیكی كردوونه‌ته‌وه له خۆكوژی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا “شاعیر خۆكوژانه ده‌نووسێت، ئه‌وی تووشی خه‌مۆكی هاتبێت دوره‌په‌رێزی هه‌ڵده‌بژێرێت، هه‌ست به بوونی ده‌وروبه‌ر ناكات و بیر له داهاتوو ناكاته‌وه، چونكه زۆر لایه‌نی هاوبه‌ش له نێوان شاعیر و ئه‌وانه‌ی كه تووشی خه‌مۆكی هاتوونه‌ته‌وه هه‌یه، بۆیه زۆرجار شاعیریش وه‌ك خه‌مۆك بیر له خۆكوژی ده‌كاته‌وه، بۆیه به ده‌یان شاعیر خۆیان كوشتووه(2)” ڕامیار له شوێنێكی دیكه‌دا ده‌نووسێت:
من و خودا به ته‌نیاین
ئه‌و بۆ ته‌نیایی خۆی جیهانی هه‌یه
منیش ئازار،
وه‌ره به ته‌ما بیت باوه‌ش بهژایاند بكه‌یت و
به‌ناچاری بگه‌ڕێیته‌وه ماڵه‌وه
ماڵه‌وه‌ش نا بگه‌ڕێیته‌وه ژێر زهمینهكهت
ژێر زه‌مینه‌كه‌ش نا
بگه‌ڕێیته‌وه ناو ڕۆحی خۆت
(به‌شێك له دایكم، نیگه‌ران ده‌بێ به دێوانهییم)
لێره‌یشدا دیسان پرسیارێكی دیكه دروست ده‌بێت، كه چۆن نه‌خۆشیی ئاوه‌زی و شڵه‌ژانی ده‌روونی و بێ ئۆقره‌یی ده‌بێته هۆی به‌رهه‌مهێنانی ده‌ق؟ ئه‌ی بۆچی ئه‌و هه‌موو نه‌خۆشه ده‌ماریی و سایكۆسێسه نابنه شاعیر و هونه‌رمه‌ند؟ جینۆ سیفێرینی ده‌ڵێ: “ئاشكرایه ململانێ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و كۆمه‌ڵگه‌دا گرنگیی ئه‌وتۆی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ند ده‌یه‌وێت به ئازادی بیڵێت، ئه‌و په‌یوه‌ندییه ده‌كرێت له نێوان جیهانی خۆی جیهانی ئه‌وانی تردا مه‌یسه‌ر بێت”، ئه‌مه‌یش ده‌بێته بنه‌ڕه‌تیی نیگه‌رانییه‌كان، كه شاعیر گوزاره‌ی لێده‌كات، نیگه‌رانی له ناخی شاعیره‌وه بۆ واقیعی ده‌وروپشتی هه‌ڵده‌قوڵێت، نیگه‌رانی ده‌بێ به ناخدا ڕۆبچێت، نیگه‌رانییه‌ك گه‌ر زاده‌ی خوێندنه‌وه و به‌رهه‌م و بنه‌مایه‌كی فیكری به‌هێز بوو، ته‌مه‌نی درێژ ده‌بێ و ئه‌وانه‌یشی نیگه‌رانن كه‌مترین تێكه‌ڵیی باوی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بن و هه‌میشه دووره‌په‌رێز و گۆشه‌گیر ده‌بن، له ناو بێده‌نگیدا ئه‌ده‌بی خۆیان په‌روه‌رده ده‌كه‌ن و زۆرترین گرفتیان له‌گه‌ڵ ترادسیۆنی كۆمه‌ڵگه هه‌یه و زۆر شاعیر هه‌ن خۆكوژانه ده‌نووسن: “وێنه‌ی خۆرئاوابوون، خه‌رمانه‌ی مانگ، دره‌وشانه‌وه‌ی ئه‌ستێره، هه‌ڵچوونی زه‌ریا هاژه‌ی ڕووبار، جریوه‌ی چۆله‌كه، باڵای چنار، سه‌وزایی دارستان و بۆنوبه‌رامه‌ی گوڵ ناكێشێت به كامێرای نهێنی وشه، وێنه‌ی خه‌ون و خولیا هه‌ست و نه‌ست خه‌م و شادی هیوا و بێئومێدی دڵه‌ڕاوكێ و نائارامی ئه‌وین و قین ده‌گرێت، به ناخدا ڕۆده‌چێت حاڵه‌ته ئاڵۆزه‌كان به‌رجه‌سته ده‌كات، تژیه له شتی سه‌یر و نهێنی و ناكۆك و هیچ هونه‌رێك هێنده‌ی شیعر ناخی ئینسان ناخاته‌ڕوو. شیعر ئه‌گه‌رچی هاواری ناخی شاعیره كه‌چی له‌ناخی كه‌سانی تریشدا ده‌نگ ده‌داته‌وه، شیعر سه‌باره‌ت به شتێك نادوێت، به‌ڵكو شته‌كه دێنێته قسه.(3)”
زۆرجاربۆنی خوێن له ژووره‌كه‌م دێت و
ده‌رگای خۆكوشتن دائه‌خه‌م
زۆرجار بۆنی ژیان لهژوورهكهم دێت و
ده‌رگای خۆكوشتن ئه‌كه‌مه‌وه
(Good my ohYou love you love)
ئه‌لبێر كامۆ، زیاد له جارێك به یه‌كێك له براده‌ره نزیكه‌كانی خۆی گوتووه، كه به‌رده‌وام هه‌ست به نیگه‌رانییه‌كی كوشنده ده‌كات و دووریش نییه په‌نا بباته به‌ر خۆكوشتن. بۆ ڕزگاربوون له گیروگرفته‌كانی كامۆ كه له پێكدادانی ڕووداوی ئۆتۆمبێلدا گیانی له‌ده‌ست دا، كه‌س نه‌یزانی ئه‌وه خۆكووشتنێكی ئاگایانه بوو یا ته‌نیا ڕووداوێك، هه‌ر چۆنێك بێت ئه‌و ڕووداوه له خۆكوشتن ڕزگاری كرد. له كتێبه‌كه‌ی “ئه‌فسانه‌ی سیزیف”ـدا هه‌ست به شكست و نائومێدییه‌كی ته‌واو ده‌كه‌ین. شاعیری دووره‌په‌رێز، دوور له تێكه‌ڵیی كۆمه‌ڵ هه‌میشه به چاوێكی دیكه ته‌ماشا كراوه و پله‌یه‌كی تایبه‌تی پێ دراوه. زۆر جار ئه‌م ته‌ماشاكردنه خراپ كه‌وتووه‌ته‌وه و بووه‌ته هۆی ده‌ربه‌ده‌ریی و ههڵكهنرانی شاعیر له زێدی خۆی و به جۆرێك به تاوانبار و ناشیرین له ناو كۆمه‌ڵگه و ته‌نانه‌ت خێزانیش ناسراوه.
په‌راوێزی و دووركه‌وتنه‌وه گه‌ر له مه‌عریفه‌وه و خه‌می داهێنانه‌وه بێت، وا له كه‌سی په‌راوێزخراو ده‌كات، دیدی ئاگایانه‌ی بۆ گشت جومگه و كایه‌كان هه‌بێ و جیاواز له تاكێكی بێ مه‌عریفه قسان ده‌كا. زۆرێك له‌و شاعیرانه هه‌بوون كه ڕه‌فزكردنه‌وه‌ی ترادسیۆنی كۆمه‌ڵگه یا خه‌می داهێنان و خوێندنه‌وه و نووسین له گۆشه‌یه‌كی خستوون. تووشی دڵه‌ڕاوكێ و گرفتی ده‌روونی هاتوون ئه‌وه‌تا ڕیلكه دانی به‌وه‌دا ناوه، كه ته‌نیا له سای ئازاری ده‌روونی و دڵه‌ڕاوكێوه قه‌سیده‌ی ده‌نووسی، یه‌ك قه‌سیده‌ی به بێ ئه‌و عه‌زابه ده‌روونییه نه‌نووسیوه.
له كۆتایدا شاعیر وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی دیكه مرۆڤه، به‌ڵام خۆ ئاماده‌كردنێكی سایكۆلۆژیی جیاوازی هه‌یه به به‌راورد له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئاسایی‌دا، ئه‌و وزیه‌كی زۆری بۆ جووڵاندنه‌وه و داهێنان تێدایه هه‌ر وه‌ك خه‌سڵه‌تێكی دیكه‌یشی هه‌یه كه بریتییه له جیاوا بوون و ئاره‌زووی ده‌رچوون له بازنه‌ی “مه‌ئلوف”، واته كه‌سێكی ملكه‌چ بۆ دابوونهرینه كۆمه‌ڵایه‌تییه باوه‌كان مومكیین نییه ببێت به كه‌سێكی بلیمه‌ت، چونكه یه‌كه‌مین خه‌سڵه‌تی بلیمه‌تی بریتییه له ده‌رچوون له شتی باو، كه زۆرجار ڕه‌فتاری زۆر شاز و نامۆی لێده‌رده‌چێ و ده‌بێته جۆرێك له یاخیبوون، قبووڵنه‌كردن له لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی یاسا و ڕێسایهكیان پێك هێناوه و به ناوی لاساییكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه و بیانووی نه‌گونجاندنی ئه‌و ڕه‌فتاره ده‌هێننه‌وه. له‌گه‌ڵ كولتووردا زۆر جار شاعیری نیگه‌ران خه‌ڵكی به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر راده‌چڵه‌كێنن، له ناوه‌ند و ژینگه ئاساییه‌كه‌ی خۆیاندا زه‌حمه‌ت و ئاسته‌نگێكی زۆریان تووش ده‌بێ و كارێكی زۆری ده‌وێت خه‌ڵكی بیانناسێت. زۆر جاریش ناناسرێن و وه‌ده‌رده‌نرێن و هه‌ندێجار قبوڵ ناكرێن له دوای مردنیان نه‌بێ. شاعیری نیگه‌ران ته‌نیا خۆی نرخی نیگه‌رانییه‌كه‌ی ده‌زانێ و خه‌ڵكانێك لێی تێناگه‌ن و قه‌ناعه‌ت به بۆچوونه‌كانی ناهێنن، ده‌كرێت بڵێین هه‌مان بۆچوون بۆ شیعره‌كانی ڕامیاریش درووسته.
هێمن عـوسمان عه‌بدوڵڵا
—————————–
سه‌رچاوه و په‌راوێز:
• “دڵ له‌ناو سنگی ئه‌م جیهانه‌دا لێ نادا” بابه‌ت :- شیعر ساڵی چاپ 2012 بڵاو كراوه‌ی ڕێكخراوی كۆنسێپت بۆ په‌ره‌پێدانی كه‌لتوری
• توێژینه‌وه‌ی سایكۆلۆژی له داهێنانی شعریدا بابه‌ت : لێكۆڵینه‌وه وه‌رگێڕانی حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ڕه‌سوڵ زنجیره‌ی كتێبی گیرفان ژماره “111” ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م چاپی یه‌كه‌م ساڵی 2010
• له نێوان بلیمه‌تی و شێتی‌دا نووسینی هاشم ساڵح “وه‌رگێڕانی نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د ” چاپخانه‌ی شڤان ساڵی 2004 چاپی دووه‌م
(1) ده‌نگی ڕووناكی لهگێتییهكی تاریكدا نوسینی”فهرهادشاكهلی”بڵاوكراوه‌ی ئاراس چاپی یه‌كه‌م ساڵی 2010 ل44
(2) تاڤگه‌یه‌ك له‌زیو بابه‌ت: ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی وشتی دیكه‌یش نوسینی”حه‌مه‌سه‌عیدحه‌سه‌ن”بڵاوكراوه‌ی ئاراس چاپی یه‌كه‌م ههولێرساڵی 2008 ل24
(3) شیعروشمشێر بابه‌ت: توێژینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی نوسینی”حه‌مه‌سه‌عیدحه‌سه‌ن”ده‌زگای ئاراس چاپی یه‌كه‌م هه‌ولێر ساڵی 2004 ل10