
عه‌بدولڵا جه‌وهه‌ر، زێوهرێك له‌نێو ئاوێكی ڕووندا
ئه‌و پیاوێكی به‌ویقار و مه‌زن و غه‌رق بوو، له مه‌زنی و پاكی و له نێو ڕێزێكی مه‌زندا به‌دیار ده‌كه‌وت. ئه‌و گوڵێكی بۆنخۆش و نێرگزێك بوو هه‌رگیز بۆنی ون نه‌ده‌بوو، په‌پووله‌یه‌كی باڵ ¬ڕه‌نگینی ڕه‌نگاوڕه‌نگی قه‌شه‌نگ بوو، به‌یانیان زوو له‌گه‌ڵ شه‌به‌ق و كازیوه‌ی به‌ره‌به‌یاندا كه خه‌ڵكی شار وه‌ڕێ ده‌كه‌وتن و له جموجووڵ و چالاكییه‌كی به‌رده‌وامدا بوون به‌ره‌و كاره‌كانیان ده‌چوون، ئه‌میش له‌گه‌ڵ ئه‌واندا شاڵه خورماییه‌كه‌ی ده‌پۆشی و پشتێنه ئهنگۆرهكهی له سه‌ردا ده‌ناو جامانه قوتهكهی له‌سه‌ر ته‌وێڵی گه‌نم ڕه‌نگی به شێوه‌یه‌كی به‌رز وڕێك ده‌پێچایه‌وه و له گه‌ڕه‌كی عهقارییهوهوه به ئه‌سپایی و له‌سه‌رخۆ هه‌نگاوه لهسهرخۆكانی به‌ره‌و پاركی گشتی ده‌ناو زوو زوو ئاوڕی بۆ دار سنه‌وبه‌ر و گوڵه‌كانی ناو باخه‌كه ده‌دایه‌وه و خۆی له‌به‌رده‌م په‌یكه‌ری شاعیرێكی گه‌وره‌ی شاردا “حاجی توفیق” ده‌بینیه‌وه، سه‌رێكی شانازیی بۆ لای ئه‌م پیاوه مه‌زنه به‌رز ده‌كرده‌وه و به‌زه‌رده‌خه‌نه‌وه بۆ په‌یكه‌ره‌كه‌ی ده‌ڕوانی و ئه‌و (ئاوات) هی بیر ده‌كه‌وته‌وه كه ئه‌م پیاوه مه‌زنه له ناخی ئه‌مدا چاندبووی، به هه‌ناسه هه‌ڵكێشانێكی قووڵه‌وه هه‌موو یاده‌وه‌ری و بیره‌وه‌ریه‌كانی له‌به‌رده‌م ڕۆحی زیندووی په‌یكه‌ره‌كه‌دا به‌یاد ده‌هاته‌وه‌و ڕوحی خه‌فه‌كراوی له‌نێو قوڵپی شه‌پۆلێكی خه‌مدا تێكه‌ڵی ئاواته‌كانی ده‌بوو، فرمێسكه قه‌تیس¬ ماوه‌كه‌ی به‌ئاگای ده‌هێنایه‌وه، خێرا ده‌سه‌سڕه سركهییهكهی له‌به‌ر پشتێنه‌كه‌ی ده‌ر ده‌هێناو ئه‌شكی ڕابردووی پێ ده‌سڕی. ورده ورده هه‌نگاوی به‌ره‌و شه‌قامی مه‌وله‌وی و لای كتێبخانه‌ی زێوه‌ر و گه‌لاوێژ ده‌نا، له نێو شووشه‌ی ڕوونی جامخانه‌ی كتێبخانه‌كاندا له كتێبه‌كان ورد ده‌بوه و بۆی ده‌ڕوانین. زۆر جار له‌گه‌ڵ سڵاوی دۆسته‌كانیدا به‌ئاگا ده‌هاته‌وه, پاشان هه‌نگاوه‌كانی به‌ره و لای كتێبی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و كاڵبووه‌وه‌ی به‌ر تیشكی هه‌تاوی گه‌رمی هاوینان و ژێر داره باڵابه‌رزه‌كانی شه‌قامی مه‌وله‌وی ده‌نا، له كتێبی ڕیزكراو و هه‌ڵواسراوی سه‌ر دیواری ته‌نیشت به‌ریده‌كه و سه‌ر شۆسته‌كه و له به‌رده‌م كتێبه‌كاندا به چیچكانه‌وه ده‌وه‌ستاو له كتێبه ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كانی ده‌ڕوانی.
پاشان ده‌فته‌ره‌كه‌ی بن¬ هه‌نگڵی له‌نێو زه‌رفه‌كه ده‌ر ده‌هێناو له‌گه‌ڵ كتێبه نووسراوه‌كانی نێو ده‌فته‌ره‌كه‌ی خۆیدا به‌راوردی ده‌كردن، تا بزانێ كام له‌م چاپكراوانهی نییه. ئه‌وی نه‌یبوو، به‌بێ پێچ وپه‌ناو بێمامهڵه ده‌یكڕین و به پاندانه شیڤهرهكهی كه ڕه‌نگی ڕه‌ش بوو تۆماری ده‌كردن بۆ ئه‌وه‌ی له‌یادی نه‌چنه‌وه. ئه‌م چیچكهكردنه به‌دیار كتێبه‌كانه‌وه سات ودهقیقه و كاتێكی زۆری ده‌برد و ئه‌م پیاوه له‌نێو خۆشه‌ویستیی كتێبه جۆربه‌جۆرو ڕنگاوڕهنگهكاندا ون ده‌بوو. ئه‌م، نه‌یده‌زانی له‌كه‌یه‌وه هاتووه و له كه‌یه‌وه به چیچكانه‌وه وه‌ستاوه و بۆ كتێبه‌كان ده‌ڕوانێ، مه‌گه‌ر ده‌نگه‌ده‌نگی شه‌قامه‌كه و ڕێبواره‌كان ئه‌می به‌ئاگا بهێنایه‌ته‌وه, زوو زووش ئه‌وه‌نده ئاره‌ق به‌سه‌ر ڕوخساره گه‌نم¬ ڕهنگیهكهیدا په‌رش ده‌بوه‌وه، بیری ده‌چوه‌وه ده‌سته‌سڕه سركهییهكی ده‌ر بهێنێ تا بیسڕێ وشكی بكاته‌وه. بۆیه زۆر جار پاش ونبوون به‌دیار كتێبه‌كانه‌وه سركهییهكهی ده‌ر ده‌هێناو سیمای پاكی پاك ده‌كرده‌وه. ئه‌م كرده‌وه‌یه له‌سه‌ر ئه‌م شه‌قامه‌كه‌و به‌دیار كتێبه‌كانه‌وه ڕۆژانی ساڵ به به‌رده‌وامی له خولیاكانی ئه‌م پیاوه‌دا چه‌كه‌ره‌ی كردبوو و خوڵقابوو. پاش شه‌ن و كه‌وی كتێبه‌كان به ماوه‌یه‌ك به‌ره و گازینۆی گه‌ل هه‌نگاوه لهسهرخۆكانی ده‌ناو لای وهجاخهكهوه به ئه‌سپایی و هێمن داده‌نیشت وداوای چایه‌ك و تۆزێ ئاوی ده‌كرد, زوو زوو دۆست و هاوڕێكانی سڵاویان لێ ده‌كرد و ئه‌میش به تێكه‌ڵه‌یه‌ك له خۆشه‌ویستی وه‌ڵامی ده‌دانه‌وه. دواتریش هه‌ندێ له هاوڕێكانی كۆن و تازه‌ی لای داده‌نیشتن و ده‌ستیان به گفتوگۆ و په‌یجۆری ئه‌ده‌ب و ڕۆژگار ده‌كرد. ئه‌م پیاوه گه‌نم ¬ڕه‌نگ و لاواز و له‌سه‌رخۆ و گه‌وره و پاك وجوان ڕوخساره‌ی سه‌رده‌می گه‌لاوێژ ، ناوی عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر بوو.
ئه‌و كاته‌ی مامۆستا عه‌بدولڵا جه‌وهه‌رم ناسی، ته‌مه‌نم تازه له په‌نجه‌كانی ده‌ست تێپه‌ڕیبوو, له شه‌قامی مه‌وله‌وی له‌گه‌ڵ خوالێخۆشبوو “مه‌حموود خاكی”دا له‌ته‌نیشت به‌ریده‌كه وكۆتایی شه‌قامی مه‌وله‌وی و نزیك به سه‌رای سلێمانی سه‌رقاڵی كتێب¬ فرۆشتن بووم. مامۆستا عه‌بدولڵا جه‌وهه‌ر زوو سه‌ر له به‌یانیان سه‌ردانی ده‌كردین وكتێبی نوێ وكۆنی لێدهكڕین و له‌گه‌ڵمان له‌سه‌ر شۆسته‌ی شه‌قامه‌كه ده‌وه‌ستا و سه‌یری كتێبه‌كانی ده‌كرد و ڕۆژانه گفتوگۆی له‌گه‌ڵماندا ده‌كرد و ئامۆژگاری به‌سوودی ده‌كردین كه تا ئێستاش وێنه‌و ڕۆحی ئه‌م پیاوه زیندوو و پاك و بێگه‌رد و ڕوخسار مه‌زنه له یاده‌وه‌ریما ماوه‌ته‌وه.
من ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌وم تێدا ناسی و تێیدا بووم بۆنی شیری خاوم لێ ده‌هات, ته‌نانه‌ت ڕاست و چه‌پی خۆم له‌یه‌كدی جیا نه‌ده‌كرده‌وه. لاوێكی كاڵ¬فام وخوێن¬گه‌رم و تێكه‌ڵاو بووم به دنیای كتێب و ڕوناكبیری و بێئه‌ندازه كتێبم خۆش ده‌ویست. مامۆستا عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر ئه‌و كاتانه‌ی سه‌ردانی ده‌كردین، ده‌فته‌رێكی له‌نێو نایلۆنێكدا پێ بوو، هه‌ر كاتێك كتێبێكی بكڕیایه له‌نێو ئه‌و ده‌فته‌ره‌دا تۆماری ده‌كردن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌یادی نه‌چێ. من ئه‌و ده‌فته‌ره‌ی مامۆستا له‌و ته‌مه‌نه‌دا زۆر سه‌رنجی منی بۆ لای خۆی ڕاكێشابوو, بۆیه له مامۆستا‌م پرسی كه مه‌به‌ستی له تۆماركردنی ناوی ئه‌و چاپكراوانه له‌و ده‌فته‌ره‌دا چییه؟ ئه‌ویش به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كه‌وه وه‌ڵامی ده‌دامه‌وه‌و ده‌یگوت: كوڕم من له ساڵی 1965وه تائێستا دوو جار كتێبخانه‌كه‌م به‌خشیوه جارێكیان به مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی وجارێكی تریان به كتێبخانه‌ی گشتی. له ئێستادا به‌بێ كتێب ژیانم به‌ده‌ر نابا، جا به‌ڵكوو تۆ وه‌ك كوڕ و باوكێك و برایه‌ك هاوكاریم بكه‌ی و هه‌ر كتێب و چاپكراوێكی كۆن و تازه‌ت بۆ هات، به‌ڵكه ئاگادارم بكه‌یته‌وه و هاوكاریم بكه‌ی. بۆیه له‌م دهفتهرهشدا تۆماری ده‌كه‌م تا له‌یادم نه‌چنه‌وه, كه له كتێبخانه‌كه‌مدا چیم هه‌یه‌و چیم نییه, ته‌نانه‌ت وتیشی خه‌می نرخت نه‌بێ، ئه‌گه‌ر كتێبێك به 250 فلس بێ تۆ به منی بده‌ی به 500 فلس من ڕازیم.
ئه‌م مامۆستا گه‌وره‌یه ئه‌وه‌نده‌ی كتێب خۆش ده‌ویست، جگه له كتێب هیچی تری له‌م ژیانه خۆش نه‌ده‌ویست. منیش به‌ڵێنم پێ دا كه به چاوان هاوكارت ده‌بم وخهمت نه‌بێ. ئه‌وه‌بوو به‌ڵێنه‌كه‌م له‌به‌ر خۆشه‌ویستی به‌سه‌خاوه‌ته‌وه جێبه‌جێ كرد و هه‌ر كتێب و كتێبخانهیهكمان له خه‌ڵك بكڕیبایهتهوه، زوو مامۆستا عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌رم لێ ئاگادار ده‌كرده‌وه وئه‌ویش ئه‌وه‌ی نه‌یبوایه ده‌یكڕی. ته‌نانه‌ت مامۆستا ئه‌وه‌نده جێگه‌ی متمانه‌و بڕوا بوو, ئه‌و كتێبانه‌ی پاش هه‌ڵایسانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران له‌لایه‌ن سه‌یدیانی مه‌هاباده‌وه چاپ ده‌كرانه‌وه و به قاچاخ و نهێنی دهمانهێنان بۆ سلێمانی و كتێبه‌كانی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كوردستانی شاخ و بڵاوكراوه‌كانی شۆڕش كه خۆم یه‌كێك بووم له‌و كه‌سانه‌ی بڵاومان ده‌كردنه‌وه، زۆربه‌یانم ده‌گه‌یانده ده‌ستی مامۆستا عبدولڵا جه‌وهه‌ر و ئه‌و زوو زویش له مه‌ترسیی بوونی سه‌ر ژیانم ئاگاداری ده‌كردمه‌وه و ئامۆژگاری به‌سوودی ده‌كردم. بۆیه به‌شانازییه‌وه ده‌ڵێم ئه‌و كتێبانه‌ی بۆ كتێبخانه‌كه‌ی مامۆستا عه‌بدوڵڵام په‌یدا كرد. ئه‌گه‌ر هه‌موویم په‌یدا نهكردبیێ و زیاده‌ڕۆیی تێدا نه‌بێ، سێ به‌شی كتێبه‌كانی تا وه‌فاتی من بۆم په‌یدا كرد! ئه‌وكاتانه‌ی مامۆستا باری ته‌ندروستی چه‌ند جارێك تێك چوو، من سه‌ردانیم كرد و هه‌ر كه ده‌گه‌یشتمه ژووره‌وه هه‌واڵ و دهنگوباسی كتێبی لێ ده‌پرسیم و پێی ده‌گوتم له‌یادت نه‌چێ هه‌رچیت ده‌ست كه‌وت بۆم دانێ كه چاك بوومه‌وه دێم ده‌یانبه‌م, ته‌نانه‌ت ئه‌م پیاوه مه‌زنه لهناوجێگه و سه‌ره‌مه‌رگیشا هه‌ر له ئاوات و خه‌می نیشتمان و خوشه‌ویستیدا بوو بۆ كتێب و چاپكراوه‌كان. مامۆستا عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر جگه له‌وه‌ی ئه‌دیب و نووسه‌رێكی گه‌وره‌و قه‌ڵه‌مێكی به‌بڕشت بوو پیاوێكی نیشتمانپه‌روه‌ر بوو, زۆر جار هه‌واڵی شاخ و هه‌ندێ مه‌سه‌له‌ی لێ ده‌پرسیم و خه‌مێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو، ئه‌ویش ئاینده و پاشه‌ڕۆژی ئه‌م نیشتمانه‌و گه‌له‌كه‌ی بوو، ئه‌و له به‌ره‌ی نیشتمان و گلابوو. نووسه‌ری ڕاستگۆ ده‌بێ هه‌ر ئه‌وه‌ی لێ چاوه‌ڕێ بكرێ, مامۆستا عه‌بدوڵڵا, زۆر جار هه‌واڵی كتێبه‌كه‌ی به ناوی ئاوات لێ ده‌پرسیم, كه ئه‌م نامیلكه‌و كتێبه‌ی له سه‌رده‌می لاوی‌دا ساڵی 1938 له‌لایه‌ن حاجی توفیقی پیره‌مێرده‌وه بۆی چاپ و بڵاوكرابووه‌وه و وه‌ك ئاواتی لاوێكی ئه‌و سه‌رده‌مه بۆ پاڵپشتی چاپ كرابوو. من ئه‌و كتێبه‌م لابوو، به‌ڵام له‌به‌ر خۆشه‌ویستیم بۆ ئه‌و پیاوه نه‌مده‌توانی نهێنی¬بوونه‌كه‌ی ئاشكرا بكه‌م, چونكه ئه‌گه‌ر ئاشكرام بكردایه كه ئه‌و كتێبه‌م هه‌یه و لامه, نه‌مده‌توانی ئه‌گه‌ر دوام لێ بكا پێی نه‌به‌خشم، چونكه ئه‌و كه‌سێكی خۆشه‌ویست بوو, بۆیه ئه‌وه بۆ 30 ساڵ زیاتر ده‌چێ ئه‌و كتێبه‌م پاراستووه و وه‌ك ئاواتێكی هه‌میشه‌یی بۆن و یادگاریه‌كانی مامۆستا عه‌بوڵڵا جه‌وهه‌ری لێ دێ و تائێستا به زیندوویی لام ماوه‌ته‌وه.
ئه‌وكاته‌ی لاو بووین زۆر مامۆستای گه‌وره‌ی ناو وشه‌و خه‌می نیشتمان و قه‌ڵه‌مم ناسی وه‌ك مامۆستایان شاكر فه‌تاح, محه‌مه‌د مسته‌فا كوردی, هه‌ردی, ئه‌خۆل, كاردۆخی, د. مارف خه‌زنه‌دار, محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم, د. كه‌مال مه‌زهه‌ر, شێركۆ بێكه‌س … تا له‌م پیاوه گه‌ورانه‌وه زۆر شت له مه‌سه‌له‌ی نیشتمان و وشه‌و قه‌ڵه‌مه‌وه فێر بووین و قه‌رزارباریانین .. ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش بڵێم: كهشكۆڵێكم هه‌بوو زۆر بابه‌ت و ژیاننامه‌ی نووسه‌رانم به ده‌ست و په‌نجه‌ی نووسه‌رانی وه‌ك شاكر فه‌تاح و برهان قانع … تا تێدا تۆمار كردووه و وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كی زیندوو لام پارێزراوه. ئه‌و چه‌ند جاره‌ی سه‌ردانی ماموستام كرد و داوام لێ كرد و ویستم شتێكم بۆ بنووسێ له‌باره‌ی خۆیه‌وه و په‌یمانیشی پێ دام، به‌ڵام به‌داخه‌وه زوو مه‌رگ بردییه‌وه و به‌جێی هێشتین و ئاواتی منیش بۆ نووسینه‌وه‌ی سه‌رگوزشته‌ی ژیانی مامۆستا به باچوو, ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌م زوو بكردایه‌و فه‌رامۆشم نه‌كردایه، ڕه‌نگه ئێستا ببوایه‌ته به‌ڵگه‌یه‌كی زیندو و باش بۆ نووسین له‌باره‌ی ئه‌م پیاوه مه‌زنه‌وه. چه‌ند له‌باره‌ی ئه‌م پیاوه مه‌زنه‌وه بدوێین هێشتا كه‌مه و له وێزه‌ی نایه‌ین, بۆیه ده‌ڵێم ئه‌و بارانێكی به‌خوڕی په‌ڵه بوو به‌سه‌ر هه‌موو زه‌ویه‌كدا باریوه ودڵۆپهكانی كۆتایی نایێ و ڕۆحی شاد و زیندوو بێ و یادی به‌خێر بێ.
شوێن و جێگه‌ی كڕینی كتێبه‌كانی عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر لای به‌ریده‌كه- كوتایی شه‌قامی مه‌وله‌وی ئه‌م وێنه‌یه پاش سێ ساڵ له كۆچی عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر ساڵی 1985 گیراوه, یووسف محه‌مه‌د
یووسف محه‌مه‌د به‌رزنجی