Skip to Content

Tuesday, April 30th, 2024
کارەسات …. نەوزاد بەندی

کارەسات …. نەوزاد بەندی

Closed

 

 

 

-1-

کۆمەڵێ ئەسپ سوار ،

خۆیان کرد بە سوپەر مارکێتێکا ،

گوڵدان و

مەنجەڵ و

عەتر و

ئاوێنەکانیان شکاند ..

دەنگى ناڵیان تێکەڵاوى 

پیانۆکەى ناسرى چەشمەزار کرد ..

کاشێریەکانیان کرد بە مەیتەر ..

کۆمپیوتەرەکانیان کرد بە ئاخوڕ ..

کافیتریاکانیان کرد بە تەویلە ..

 

-2-

کۆمەڵێ شوان ،

بە خۆیان و ڕانەکانیانەوە ،

خۆیان کرد بە گەلەرییەکدا ..

مەڕ، گوڵەبەڕۆژەکانى ڤان کوخیان خوارد ..

مانگا ، قژى مۆنالیزایان دەسکەنە کرد ..

بزن، گوڵەوەچنیەکانى میللیەیان داکرماند ..

بەران، بە شۆق ، گەڕنیکاى پیکاسۆیان هەڵدڕى ..

لە جیاتى کۆمێنت ،

پشقل بە هەموو لایەکدا بڵاو بۆوە ..

چەند پۆرترێتێک کران بە سێکوچکەى ئاگردان و

قۆرییەکى ڕەشیان 

خستە سەر سەریان ..

کۆمەڵێ شێوەکار ،

لە ترسى گیانى خۆیان ،

شەڕواڵى تاک و

فەرەنجیان کردە بەریان …

 

-3-

کۆمەڵێ سەرخۆش ،

خۆیان کرد بە مزگەوتێکا ..

گومەزەکەیان کرد بە دەفرى فڕیو ..

منارەکەیان کرد بە بورجى چاودێرى ..

هۆڵى پرسەیان کرد بە چێشتخانە ..

بەڵام کەس نەچووە ناو دەفرە فڕیوەکە ..

نەیانتوانى چاودێرى کەس بکەن لە بورجەکەوە ..

هیچ کەسێ شۆربایەکى لە چێشتخانەکەیان نەخوارد ..

بە ناچاریى ،

مزگەوتەکەیان ئازاد کرد !

 

-4-

کۆمەڵێ زۆرانبازى گا ،

چوونە حەمامى ژنانەوە ..

 

-5-

کۆمەڵێ کۆترباز ،

خۆیان کرد بە کۆمارەکەى ئەفلاتوندا ..

 

-7-

کۆمەڵێ دز و درۆزن ،

چون بۆ حەج ..

 

-8-

کۆمەڵێ فیشەک ،

خۆیان کرد بە شارێکا ..

کۆڵانەکانیان پڕ کرد لە خوێن ..

شەقامەکانیان پڕ کرد لە میز..

گۆڕستانەکانیان فراوان کرد ..

نیوەى خەڵکیان تۆپاند و

نیوەکەى تریان شەهید کرد ..

نازناوى (هەتیو) یان دا بە هەزاران مناڵ ..

نازناوى ( بێوەژن) یان دا بە هەزاران ژن ..

ماراسۆنیان لە یادى خەڵک بردەوە و

پەراوەى (کۆڕەو)یان پێکردن ..

کوڕێکى گەنجیان لە جێ ژوان گرت و ..

جلێکى خاکییان لەبەر کرد و

قەسعەیەک داڕوجانیان خستە بەردەمى و

ناویان نا :

س ە ر ب ا ز ..

شیعرێکیان دەربارەى باوەشى نەرمى کڵاشینکۆف نوسى و

بە مناڵەکانى باخچەى ساوایانیان ،

ڕەوان کرد ..

گوڵێکیان هێنایە شارەوە ،

بۆنى بارووتى لێ دەهات ..

 

-9-

کۆمەڵێ جاهیلى هەوەسباز ،

خۆیان کرد بە زانکۆدا ..

(زیرەکى ) و ( داهێنان) یان دا بە دادگا و

دوو هەزار و هەشت سەد ساڵ زیندانییان دا  بە تەنگەیا ..

ماستەریان بە پلەى ( زۆر باشە ) ئیغتیساب کرد ..

دکتۆرایان بە پلەى (نایاب) ، لاقە کرد ..

دەم و ددانى ئانیشتانیان  بە پلەى (ئافەرین دە لە دە )پڕ کرد لە خوێن ..

کارلۆس لینایۆسیان خستە هێزى کارەوە ..بە پلەى (هەر بە هەوەس)

ستیانەکانى مەدام کوورییان سوتاند ..بە پلەى (ئافەرین )

لە پەنایەکا ، فرۆیدیان تەمبێ کرد .. بە پلەى ( دەستخۆش)

ئاهەنگێکى گەورەیان بۆ مارەبڕینى (جەهل) و ( گەندەڵى ) سازکرد ،

بە پلەى ( پیر و خەڕۆ ) ..

کتێبیان خستە لیستى ڕەشەوە ..

قەڵەمیان حوکمدا لەگەڵ ئەشغال شاقە ..

کۆشکێکى  تایبەت بە نێرگەلە کێشانیان ،

بۆ (نمرە)ى (ساختە ) دروست کرد ..

پەرستگایەکى تایبەت بە بەنگ و حەشیشەیان دروست کرد ..

زانستیان بە پلەى ( سەروو نایاب ) سەرخۆش کرد ..

زانایان بە پلەى ( هەتا خوا حەز کا ، ئافەرین ) شێت کرد ..

ددانێکى کلۆریان کرد بە سیمبوڵ ،

ئەو سیمبوڵە چەند ملیۆن دۆلارێکى تێ چوو ..

 

 

-10-

کۆمەڵێ کوللە و

سن و

کیسەڵە ،

خۆیان کرد بە کێڵگەیەک گەنمدا ..

هیچ کارەساتێک ڕووى نەدا ..

هەریەکەیان چەند گوڵە گەنمێکى خوارد و

بە گەردن ئازادییەوە کێڵگەکەى بە جێهێشت ..

-11-

کۆمەڵێ خەم خۆیان کرد بە دڵى مندا ..

هەموویانم ناسییەوە ..

هەر خەمەکانى جاران بوون ،

هەندێکیان نەشتەرگەریى جوانکارى لووتیان کردبوو ..

هەندێکیان ڕەنگى قژیان گۆڕیبوو ..

هەندێکیان بە ووردە خەمى ترەوە ، دوو گیان بوون ..

 

-12-

کۆمەڵێ شیعر خۆیان کرد بە ئاواییدا ،

زۆربەیان چوون بۆ دیوەخان..

بۆ چێشتى خۆش ..

بۆ کچى شۆخ ..

بۆ جلى جوان ..

کەمێکیان بون بە کرێچى و

کێچ و

ڕشک و

ئەسپێ تێیدان ..

توشى گرانەتا بوون و

حەرفەکانیان زەرد هەڵگەڕان ..

لە قاوشى سارد و سڕى 

نەخۆشخانەیەکى میریى ..

یەک-یەک فەوتان ..

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.