Skip to Content

Tuesday, April 30th, 2024
تورکیا، سەرەتای کۆتاییەک…

تورکیا، سەرەتای کۆتاییەک…

Closed
by June 10, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

ئەم خرۆشان و هاتنە مەیدانە جەماوەریەی تورکیای گرتۆتەوە، رووی لە سەرەتای کۆتایهاتنی ئەلگۆیەکی دیاریكراو لە ئیسلامی سیاسی ئەردۆغانییە، کە پێی دەوترا” ئیسلامی میانەرەو”. ئەلگۆیەک کە بەپێچەوانەی بانگەشەی هێزە ئیسلامیەکان کە ئیسلامی سیاسییان وەکو ئەزمون نمونەیەکی سەرکەوتو وێنا دەکرد. ئەم هێزە ئیسلامیە لە تورکیا بە سازشی لەگەڵ پایەکانی دەوڵەتێکی عەلمانیدا، یان باشتر بڵێین بە مل کەچکردنی بۆ واقعیەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و کەلتوری و دەستوری عەلمانی تورکیا، توانی دەسەڵات بگرێتە دەست، نەک بەپێداگری لەسەر ئیسلامی بونەکەی. دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی و بە دیاریکراوی دەستگیربوونی دەسەڵات لەلایەن پارتی دادو گەشەپێدانەوە، بەرهەمی سازش و پاشەکشەی ئیسلامی سیاسی و ملدانی بوو بە عەلمانیەتی تورکیا، نەک گونجاو بوونی ئیسلامی سیاسی و پێشرەوی ئەم ئیسلامی سیاسیە، کە ئیسلامیەکانی دنیا وەکو ئەلگۆیەکی جێگا شانازی پێوەی دەنازین.

پارتی دادو گەشەپێدان، بە قبوڵکردنی عەلمانیەت و دەستهەڵگرتنی لە بانگەشە ئیسلامیەکەی خۆی و بە وەستانەوەی بەرووی جەستەی داروخاوی ئابوری تورکیاداو رێگەگرتن لە داروخانی زۆرتری، توانی هەڵزنێ و بۆ دەورەیەک لەسەر قاچەکانی خۆی بوەستێ. ئەم پێگەیەی دەوڵەتی تورکیا، پارتی دادو گەشەپێدانی سەرمەستی دوبارە گێرانەوەی خەونی بەئیمپراتۆر بوون، کرد. هێشتا لەسەرەتای ئەو خەون بینینەدا بوو کە پارتی دادو گەشەپێدان لەگەڵ رەوتێکی رو لەخوار بەرەو روو بوو. ئەو ئاستە لە گەشەی ئابوری و پێشرەیەکەی توشی وەستان و پاشەکشە بوو، گەندەڵی ئابوری جەستەی داگرت و خانەوادەی دەسەڵاتبەدەستی کردە فەسادچیانی ئاشکرای ناو کۆمەڵگا. قڵشتی چینایەتی چ لە ناو دەسکەوت وداهات و بەرینبونەوەی سەروەت و ساماندا و چ بە دەرگیربوون و پاشەکشەی گەشەی مۆتۆری ئابوریدا، هێندە بەرەوقوڵبونەوە چوو کە چینی کرێکارو جەماوەری بەرینی خەڵکی تورکیای بەتایبەت لاوانی لەناودڵی زۆربوونی پێداویستی و چاوەروانیەکانییە زۆر زەوەندەکانی سەردەمدا، روبەروی ژیانێکی سەخت و مەمرەو مەژی کردەوە. ئەمە لە کاتێکدا ملیۆنێرو ملیاردێرەکانی زۆرتر دەوڵەمەندتر کرد. لەپاڵ ئەم دۆخە لەقوڵبونەوەی قڵشتی چینایەتی و لەگەڵ رەوەندی پاشەکشەی لە مەیدانی ئابوریدا، لە دوو سێ ساڵی رابردودا هەموو هەوڵێکی خستۆتەگەر تا مافە فەردی و مەدەنیەکان و ئازادییە سیاسیەکان پەیتا پەیتا و بەپێی نەخشەیەک بەرتەسک و بەرتەسک تر بکاتەوەو ماشێنی سەرکوتی هەمەلایەنە بخاتەگەر. بۆ ئەم مەبەستە هەڵسوراوان و رابەرانی کرێکاری و ئاکسێۆنە ئایاریەکان و نارەزایەتیە کرێکاریەکانی خستە بەردەم لێپرسینەوەی توندو راپێچکردن بۆ زیندان، تا رادەی سیخناغکردنی زیندانەکانی لەرابەرانی کرێکاری و هەڵسوراوانی سیاسی لە ژێر ناوی روبەرووبونەوەی تیرۆر!! دا. تەنانەت بانگەشەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکەو و بەکاربردنی عەبدوڵا ئۆجەلان وەکو بارمتەیەکی سیاسی لەگەمەیەکی پلاناویدا، نەک بۆ چارەسەری پرسی نەتەوایەتی سەرخەڵکی تورکیا، بەڵکە بەمەبەستی دورخستنەوەی هێزە چەکدارەکانی پەکەکە لەناو تورکیا، داماڵینی چەک لێیان، خۆڵکردنە چاوی رای گشتی و فەرمی دنیا و شانس کۆکردنەوە بۆ بە ئەندامبوونی لە یەکێتی ئەوروپا، کۆنترۆڵکردنی بزوتنەوەی جەماوەری شاری بوو، کە بەدژی دەسەڵاتی سەرکوتکەرانەی سوپاو دەوڵەتی قەومگەرای تورکیادا بەدژی خەڵکی کوردستان، پانتایەکەی فراون و فراونتر دەبووە. لەناو کۆمەڵگاشدا هەوڵەکانی پەیتا پەیتا بەئاقاری سەندنەوەی مافە فەردی و مەدەنیەکان و دەسکەوتەکانی ژێر پرۆسەی عەلمانی بوونی تورکیا، کە بوونەتە نەریتی کەلتوری باوی کۆمەڵگاو تاکەکانی ئەم وڵاتە، دەستپێکرد. لە نەریتی ئازادکردنی حجاب پۆشینی ئیسلامی لە دام و دەزگا فەرمیەکانەوە، بۆ رێگەگرتن لە پیادەکردنی ئازادانەی ویستی هەمەلایەنەی کەسێتی و تا سنوردارکردنی مەیخوارنەوەو هەوڵی بۆ یاساغکردنی ماچ گۆرینەوەی ئازاد لە کۆمەڵگا، تا هەوڵەکانی بۆ هەموارکردنەوەی بەشێك لە بەندو بڕگەکانی دەستور، ئەو ریزە لە هەوڵە پەیتاپەیتاکانی ئەم دەسەڵاتە بوون.

خۆپیشاندانەکانی تورکیا، لە پایەترین ئاستی خۆیدا بە جیا لە کاریگەری دۆخێ شۆرشگێرانەی ناوچەکەو شۆرشەکانی میسرو تونس، ریشەی لە بێدادی و نابەرابەری ئابوری و پێشێلکردنی ئازادییە سیاسی و مافە فەردی و مەدەنیەکانی خەڵکی تورکیا و هەوڵە پەیتا پەیتاکانی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدارە بۆ هێرش بۆسەر عەلمانیەتی تورکیا.

ئەردۆگانیزم و حزبی دادو گەشەپێدان وەک و تموح و بەرنامە، هەڵگری بەرنامەو پەیامێکە، کە تەواو پێچەوانەی مامەڵە و تەسلیم بوونیەتی بە واقعیەتی سیاسی و دەستوری و کۆمەڵایەتی باوی تورکیا، هەر ئەمەشە تائێستا توانیویەتی بیهێڵێتەوە. بە واتایەکی سادە ئەوە ئەردۆگانیزم و حزبی داد و گەشەپێدان و ئیسلامی سیاسییە، کە بۆتە دەستەمۆی واقعیەتێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، دەستوری، ناوچەیی، نەک سەرکەوتنی لە پیادەکردی ئیسلام و یاساو ریساکانی ئیسلامدا. دەستبردنی دەوڵەتی تورکیا و پارتی دەسەڵاتدار پێ لێراکێشانی زۆرتری بۆسەر ئەم واقعیەتە سیاسییە، سەرچاوەی بێداربونەوەو ئەو راسانە جەماوەریەی ئێستایە.

هیچ گومان لەوەدا نییە، ئەگەر حزبی داد و گەشەپێدان ئەردۆگان بیانتوانیایە، تموح و بەرنامەو پەیامی خۆیان” شەریعەت” حوکمی قورعان و حەدیس،.زاڵ بکەن بەسەر کۆمەڵگادا، هەمان تاقیکردنەوەی تاڵیبانەکان و بنلادنیان، دەکردە دیاری بۆ کۆمەڵگای تورکیا و ئاسەوارێک لە ژیان دۆستی و مۆدیرنیزم و ماف و ئازادییە فەردی و مەدەنیەکان و ئازادیەکانی تریان لەو کۆمەڵگایەدا نەدەهێشت. ئەوەی تا ئێستا ئەمەیان بۆ نەکراوە، کۆمەڵگا رێگەی نەداوە، نەک ئەوەی کە خۆیان نایانەوێت و هەڵگری ئەلگۆیەکی تایبەتن لە ئیسلامی سیاسی. تورکیا مەیدان و ژینگەی پاشەکشەی ئیسلامی سیاسیە لەبەرامبەر عەلمانیەتدا، نەک پێشرەوی و سەرکەوتنی ئەلگۆی ئیسلامی سیاسی و ئەردۆگانیزم.

ئەم خۆپیشاندان و هاتنە مەیدانەی ئێستا تورکیای داگرتووە، بەسەرکەوتنی نهایی بگات یان بۆ دەورەیەک خامۆش بکرێتەوە، هیچ لەو راستیە ناگۆرێت، کەسەرەتای کۆتایی مۆدێلێکی رتوشکراوی ئیسلامی سیاسییە. وە ئەم بزوتنەوە جەماوەیە لە یەکەم راسانی خۆیدا مۆری شکستیدا لەم ئەلگۆیەی ئیسلامی سیاسییە، کەبەشێکی زۆر لە ئیسلامیەکان شانازیان پێوەی دەکرد. دڵرەقی و کاردانەوەی توندو سەرکوتگەرانەی رژێمی تورکیا بەرامبەر بە خۆپیشاندەران و نارازیان و تۆمەتی” توندرەوی”” دەست لەپشتبوون” دانە پاڵیان، دیوێکی تر ئەم دەسەڵاتەی نیشاندا، کە ئامادەن بۆ بەرگری لەدەسەڵاتیان بیانوو بۆ لەخوێن هەڵکێشانی کۆمەڵگا، دابتاشن و گەورەترین تراژیدیای ئینسانی بخوڵقێنن. 

٥/٦/٢٠١٣

  عەبدوڵا مەحمود

abdulla.mahmud@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.