عه‌زیز گه‌ردی … ئیدریس عه‌لی
زۆر جار کتێب ده‌بێته ئه‌و رایه‌ڵه‌ی که به‌هۆیه ده‌بینه هاوڕێ و ئاشنا و دۆستی که‌سانێک که رۆژێک له‌رۆژان نه پیاسه‌یه‌کمان له‌گه‌ڵدا کردوون و نه چایه‌کمان پێکه‌وه خواردووه‌ته‌وه، ئه‌م هاوڕێیه‌تییه دووراو دووره‌ی به هۆی کتێبه‌وه درووست ده‌بێت، زۆر جار له‌و هاوڕێیه‌تییه نزیکتر و سه‌میمیتره که رۆژانه پێکه‌وه ده‌بین و گفتوگۆ له‌سه‌ر شته‌کان ده‌که‌ین، ره‌نگه که‌سێک بپرسێت بۆ؟ چونکه ئه‌وه‌ندی به‌هۆی کتێبه‌وه له رۆحی که‌سه‌که نزیک ده‌بینه‌وه و به فکر و دنیا بینی و تێگه‌یشتنی ئاشنا ده‌بین، ره‌نگه له‌و هاوڕێیه‌تییه رۆژانه‌ییه‌دا به ده‌مامکه‌نمانه‌وه نه‌توانین روخساری راسته‌قینه‌ی یه‌کتر ببینین و به هۆی فه‌نتازیای قسه‌کرنده‌نه‌وه نه‌لویت باشتر بۆ هه‌ست و رۆحی یه‌کتر شۆڕببینه‌وه و ره‌هه‌ندی جوانی و راسته‌قینه‌ی یه‌کتر بناسین.
یه‌کیك له‌و زاتانه‌ی به هۆی کتێبه‌وه هه‌ست به بوونی هاوڕێیه‌تی و دڵسۆزی و په‌رۆشیی ده‌که‌م بۆ جوانی ژیان، کاک( عه‌زیز گه‌ردی) نووسه‌ر و وه‌رگێڕه، ئه‌م پیاوه به تایبه‌ت به‌هۆی وه‌رگێڕانی رۆمانه جوانه‌کانی( ئۆریانا فالاچی)ییه‌وه( ژیان و جه‌نگ و هیچیتر، پیاوێک، ئافره‌ت ره‌گه‌زی بێکه‌ڵک، په‌نه‌لۆپه له جه‌نگدا، ئه‌گه‌ر خۆر بمرێت) ئه‌مه جگه له چه‌ندین کتێبی دیکه‌ی دانسقه و ناوازه، بووه‌ته هاوڕێ و دۆستی ئازیزی زۆربه‌مان و به‌شبه‌حاڵی خۆم به هاوڕێیه‌کی نزیکی خۆمی ده‌زانم، چونکه ئه‌و وێڕای ته‌مه‌ن و ماندویتی ژیان، عه‌شقی خۆیمان له ڕێگای کتێبه‌وه پێشکه‌س ده‌کات و سه‌باره‌ت به جوانیی ئه‌ده‌ب بێبه‌شمان ناکات له‌و هه‌موو جوانییه‌ی به‌ر خۆی که‌وتووه، کاک عه‌زیز گه‌ردی، ئه‌گه‌ر له‌لایه‌که‌وه به هۆی وه‌رگێڕانی ئه‌و رۆمانانه‌وه، دنیا و خه‌یال و فه‌نتازیای (فالاچی)مان پێ ده‌ناسێنێت و شاکاری گه‌وره نوسه‌رێکی دنیا ده‌هێنیته کتێبخانه‌کانمان، ئه‌وا له لایه‌کیتره‌وه زمانی کوردیمان له به‌رزترین ئاستی چێژ و مانا و تێگه‌یشتن له ره‌وتی ئه‌ده‌بیدا پێشکه‌ش ده‌کات و له‌م لایه‌نه‌شه‌وه رێز له زمان و خوینه‌ری کوردی ده‌گرێت و به ئه‌مانه‌تی ئه‌ده‌بیی و به‌رپرسیارێتی کاری وه‌رگێڕانه‌وه مه‌زنی خۆیمان بۆ دووپات ده‌کاته‌وه.
به‌ش به حاڵی خۆم وه‌ک خوینه‌رێکی ساده و ساکاری ئه‌ده‌بیات، بێ سنوور رێز له هه‌وڵ و ماندوو بوون و په‌رۆشی ئه‌م پیاوه رۆح جوانه ده‌گرم که به حه‌وسه‌ڵه‌یه‌کی گه‌نجانه‌وه له ره‌وتی به‌رهه‌مهێنانی جوانی و پڕۆسه‌ی وه‌رگێڕندا پێگه‌یه‌کی باشی بۆ خۆی په‌یدا کردووه و میرات و گه‌نجینه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی بۆ درووست کردووین، به‌ڵام پرسیاره‌که ئه‌مه‌یه ریز و ستایشی ئه‌م ستوونه به هه‌موو خاکێتی و ساده‌یی خۆیه‌وه ده‌توانیت چ حه‌جم و پێگه‌یه‌کی بۆ ئه‌و پیاوه هه‌بێت؟ ره‌نگه ئه‌وه بخاته دڵییه‌وه که بڵیت دڵخۆشم له‌م وڵاته‌دا که‌سانیک هه‌ن ڕێز له کاره‌کانم ده‌گرن و ستایشم ده‌که‌ن، به‌ڵام من دڵنیام ئه‌مه چێژیکی کاتی ده‌بیت بۆ عه‌زیز گه‌ردی و وه‌ک زۆربه‌ی شته‌کانیتر پاش ماوه‌یه‌ک ته‌می ئه‌م حه‌زه ده‌ره‌ویته‌وه و له بیر ده‌کرێت، به‌ڵام بۆ وه‌زاره‌ت و ده‌زگا گه‌وره‌کانی ئه‌م وڵاته، به‌تایبه‌ت ئه‌و دام‌و ده‌زگایانه‌ی که ئیمکاناتی ماددی و مه‌عنه‌وی باشیان له‌به‌ر ده‌ستدایه، ده‌بیت مانایه‌کی جیاوازتری هه‌بیت و له ئاستێکی به‌رزتر و فراوانتردا رێز له هه‌ول و خزمه‌ت و ماندوو بوونی ئام پیاوه بگرن.
ده‌بینین له هه‌ندیک لاوه ساڵانه رێز له‌م و له‌و ده‌گرن، من هه‌رجۆره ریزگرتنێک له هه‌ر که‌سێک شایسته‌ی بێت به‌رز ده‌نرخینم و جێگای سوپاسه، به‌لام که‌سانێک هه‌ن ده‌بێت له ئاستێکی زۆر به‌رزتر و فراونتردا ریزیان لێبگیرێت، نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که چوونه‌ته ته‌مه‌نه‌وه، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ڕاستی شایه‌نی ریزن و به‌هۆی به‌رهه‌مه‌کانیانه‌وه ئه‌مه‌یان سه‌لماندووه، جیاوازه که‌سێک به‌رهه‌مه‌کانی خۆی بیسه‌لمێنیت که شایسته‌ی رێزی راسته‌قینه‌یه له‌گه‌ڵ که‌سانێک که به ته‌سکییه و ته‌کلیف و هه‌ڵپه‌ی خۆی شتێک بۆ خۆی بپچڕێت، رێز گرتن له که‌سانی وه‌ک کاک عه‌زیز گه‌ردی، ئه‌گه‌ر له‌لایه‌که‌وه رێز گرتن بێت له هه‌وڵ و به‌رهه‌مه ناوازه‌کانی، ئه‌وا به دیوێکی تردا رێزگرتنه له کۆی خوینه‌ران و هاوپیشه جوانه‌کانی گه‌ردی، چونکه ئه‌و به کاره مه‌زنه‌کانی رێزیکی زۆری له خوینه‌ر گرتووه و توانیویه‌تی له سه‌ر حسابی شه‌ونخونی و ته‌مه‌ن و گرفته‌کانی ژیانی خۆی، گۆشه‌یه‌ک له کتێبخانه‌ی کوردی به جوانیی و داهێنان ئاوه‌دان بکاته‌وه.