Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
فیلمی ئەنیماشون و چەند سەرنجێک !

فیلمی ئەنیماشون و چەند سەرنجێک !

Closed
by June 28, 2013 سینەما

 

 

 

 

ئەنیمی وشەیەکی یابانی یە بە واتای وێنەی جوڵاو دێت، وێنەی جوڵاویش بریتی یە لە دوو مەودا یان سێ مەودا، گەرچی یەکەم فیلمی ئەنیماشون لە ساڵی ١٩١٧ ی سەدەی بیستەم بەرهەم هێنراوە، بەڵام فیلمی ئەنیماشون وەک داهێنان لە بواری فیلم و گەشەکردنی لەسەدەی بیست و یەک زیاتر خۆی لە بازاری بەکار بردن دوزییەوە !

زیاتر لەوەش لەگەڵ پەرەسەندنی تەکنیکی بەکارهێنانی کومپیوتەر، ئەگەر بۆ خاڵی هاوبەش لە نێوان کەلتوری میژووی مروڤایەتی و فیلمی ئەنیماشون بگەرێن ئەوە حیکایەتی رەمزی ( کلیلە و دمنە ) کە لە سەدەی چواری زاینی لە لایەن فەیلەسوفی هیندی ( بیدبا ) کە لە پینج بەش پێک هاتووەو، دیالۆگە لە نێوان خۆی و پادشا دیشلیم بەڵام بە زمانی ئاژەڵەکان دەربراوە لەبەر دەستمان دایە !

لایەنە فەلسەفیەکەشی پێم وایە دەگەرێتەوە بۆ بیروکەی رۆمانی ( المسخ ) ی کافکا، کاتێ قارەمانەکەی وەردەگەرێتە سەر گیانلەبەرێکی دی وەک ( صرصر) وەک حالەتی نامۆ بوون لە سایەی کۆمەڵگای مودرین و سەنعەتی !

بۆ چی پەنا دەبریتە بەر فیلمی ئەنیماشون بەمەبەستی نمایش کردنی گرفتەکانی کۆمەڵگاو قەدەری ئینسانەکان ! لەوانەیە هەندێ کەس بڵێن دەرهێنانی هەرزانە و خەرجی کەمە و پیویستی بە ئەکتەری ڕاستەقینە نییە وەک نواندن بەڵام مەودا سایکۆلۆژیەکەی شتی ترمان پێ دەڵێ، لەم سەردەمە ئینسانەکان چی دیکە نایانەوێ سەیری چارەنووسی ئینسانێک یان بنەماڵەیەکی دیاریکراو بکەن، لەم سەردەمە قەدەرەکان هاوبەشن، وێرای بایەخ دانی رواڵەتی بە شوناس بەڵام ئاکام شوناس و باوەرەکان و بەهاو موراڵە کۆنەکان دەتوێنەوە !

ئەگەر جاران فیلمی کلاسیکی لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو قەتیس مابوو، بەڵام ئەمرۆ فیلمی ئەنیماشون مەوداکانی زەمان و شوێن تێئەپەرێنێ تەنانەت وێنەو سیمای ئینسانەکانیش، لە فیلمی ئەنیماشون ئەوە ئاژەڵ و دەعباکانن نوێنەرایەتی لە ئینسانەکانی سەر گۆی زەوی دەکەن، لە جیاتی ئەوان دیالۆگ دەکەن، حیکایەت دەگێڕنەوە، باس لە قەدەر دەکەن ! باسی دوێنێ و ئێستاو ئایندە دەکەن، لە فیلمی ئەنیماشون دا حیکایەتی ژیان و کۆمەڵگا و خەونەکان چڕدەکرێتەوە، هەر بینەرێک بەشی خۆی تیا ئەدوزێتەوە ! لەکاتێکدا فیلمی درامای کلاسیکی باس لە تایبەتمەندی کۆمەڵگایەک دەکا لە میژوویەکی دیاریکراودا !

وەک ئاشکرایە سینەما وەک بابەت لە سەر خۆد ئیش دەکا بەمەبەستی لەزەت پێ بەخشینی، بەنیازی پیشاندانی ئاوێنەیەک بۆ مرۆڤەکان، ئەگەر جاران و ئێستا هولیود و بوڵیودو سینەمای میللی هەر وڵاتێک روڵی تایبەتمەندی خۆی هەبووەو هەیە ئەوە ئەمرۆ فیلمی ئەنیماشون بەرگ و شوناسەکان فڕێ ئەدا لە وێنەی ئاژەڵ و دەعبا و شکڵ و شیوەی جوراو جۆر خۆی پێشانی بینەر ئەدا !

کە دەڵێن جیهان بۆتە گوندێکی بچکۆڵانە بە هوی شورشی زانیاری یەوە، دیارە ئەم پیوانەیەش سینەماو فیلمی ئەنیماشون دەگرێتەوە !

فیلمی ئەنیماشون درێژکراوەی فیلمی کارتونە کە دەربری خەونی مناڵەکان بوو لە کاتێکدا پەیامی فیلمی ئەنیماشون ئاراستەی تێکرای تەمەنەکان کراوە، هەموو کەس دەتوانی سەیری بکا وێرای جیاوازی بایلوجی ئینسانەکان، لەکاتی بینی دا هیچ رەگەزێک هەست بە نامۆ بوون ناکا لە چوارچێوەی بۆدی ئینسان چوەتە دەرەوە لە ئینسانیەت دەدوێ !

دەشێ بڵێن فیلمی ئەنیماشون و پەیامەکەی ڕاکێشانی یادەوەری مناڵەکانە بۆ بەشداری کردن لە خەونی گەورەکان، بە پێچەوانەوەش هینانی ئاوەزی گەورەکانە بۆ بینی خەونی مناڵەکان، بەرای من گەمەیەکی زانستی یە لە تێکەڵاوکردنی یادەوەریەکان بەرەو ئاراستەیەکی گونجاو!

ئەم کایەش رەنگدانەوەی واقیعی مافی مرۆڤە کە لە ئەوروپا بە تایبەت لەم ساڵانەی دوایی دا پەیرەو دەکرێ دەرهەق بە یادەوەری مناڵ، بۆ نموونە ئاشنا کردنی مناڵان بە هەموو یاساکان، ماف و ئەرکەکانیان، لە ئەوروپا مناڵ مومارەسەی دەسەڵاتی خۆی دەکا، وەک یادەوەرییەکی زیندوو حیسابی بۆ دەکرێ و دەسەڵاتی پێدراوە !

لە کاتێک دا جاران پانتایی مافی مرۆڤ و پەیرەوکردنی دەسەڵاتەکان لای گەورەکان بوو!

کەواتە فیلمی ئەنیماشون، تیکەڵاوکردنی میژووە، لێکدانی کەسایەتیەکانە، دەیەوێ پەیامێک ئاراستەی هەمووان بکات، هەر چۆن لە چیرۆکی کلیلەو دمنە دا هەڵگری بەهای ئەخلاقی و حیکمەتە، لە فیلمی ئەنیماشونیش دا، دارشتنەوەی زەینی تاکە بە ئاراستەیەکی دی ! بە ئاراستەیەکی بەرفراوان و تیگەیشتن لە هەموو ئەگەرەکان کە رووبەرووی کۆمەڵگا دەبێتەوە، یان بەهوی پێشکەوتنی تەکنولوژیاوە کە مروڤایەتی دووچاری ئەبێ!

فیلمی ئەنیماشون بەشێوەیەکی رەمزی لە رووداوەکان، لە قەدەرەکان دەدوێ، ئەمەش پەیوەستە بە قوناغی پوست مۆدرین لە بواری سایکۆلۆژیا، کە لە نێو دونیایەکی ئاڵوز، کلیلێکی ئاسانت پێ دەدرێ، دەرگای ئاڵوزیەکان بکەیتەوە، بۆ نموونە هەندێ فیلمی ئەنیماشون هەیە دەبێ بە چاویلکەی تایبەت سەیری بکەیت، ئەم چاویلکەیە وا لە بینەر دەکا، مەوداو قوڵایی فیلمەکە لە بەر چاوی بەرجەستە بێ !

ئەمەیە جیاوازی نێوان فیلمی کارتون و فیلمی ئەنیماشون، ئەگەر فیلمی کارتون لەسەر یەک خەت وهێڵ و مەودا ئیشی دەکرد، ئەوە تەکنیکی فیلمی ئەنیماشون لەسەر چەند مەودایەک ئیش دەکا، ئەگەر فیلمی کارتون حیکایەتێکی ئاسانی پێشکەش دەکرد، ئەوە لە فیلمی ئەنیماشون دا حیکایەتێکی ئاڵوز دەخاتە روو !

پیم وایە لەبەر نامۆبوونی ئینسانەکان لە بەرانبەر فیلمی تەقلیدی دا، فیلمی ئەنیماشون سەری هەڵدا، گەرچی بە جۆرێکی تر ئەنیماشون بەشێوەیەکی دی بینەر دووچاری نامۆ بوون دەکا بەڵام لەوانەیە نامۆبوونێکی ئیجابی بێ کە وا بکا ئینسان لە واقعی تاڵاوی خۆی بێتە دەرەوە ! چونکە بینەر چی دیکە وێنەی تەقلیدی خۆی تیا نادوزێتەوە، دەتوانین بڵێن لە هەندێ رووەوە فیلمی ئەنیماشون ماڵئاوایی یە لە فیلمی سینەمایی تەقلیدی !

پیم وایە هیچ کەس و هونەرمەندێک شایستەی ئەوە نییە لە بری کۆمەڵگا روڵ بگێڕێ، بۆیە روڵەکان ڕاسپێردراوە بە وێنە جوڵاوەکان، ئەو وێنانەی دەربڕی جیهانی سەیرو سەمەرەی ئەندیشەی مرۆڤەکانن، مروڤ چەند پێشکەوتوو بێ، لایەنی ئینسانی و لایەنی ئاژەڵی تیایە، بەپێ زەمان و زەمینە گوڕانی بەسەر دێت، کەواتە فیلمی ئەنیماشون هەوڵدانێکە بۆ بینینی دیوی ئاژەڵی ئینسانەکان گەر چی تیایدا لایەنی خوشەویستی و میهرەبانی نیشان ئەدرێ !

ئەگەر سەردانی کتێبخانەی وڵاتانی پێشکەوتوو بکەین، لە ریزبەندی فیلمە تەقلیدیەکان، دراماو ئەکشن و کومیدیا، بە جیا دانراون، کەچی فیلمی ئەنیماشون خراونەتە پاڵ یەکەوە، ئەمە دوو حاڵەت ئەگەیەنی، یەکەم دەشێ لە هەر فیلمێکی ئەنیماشون دا، دراماو ئەکشن و تراجیدیا بەرجەستە بکرێ، حاڵەتی دووەم ئەوەیە هیشتا بوارو پانتایی ماوە لە پێش فیلمی ئەنیماشون گەشە بکاو بوارو تایبەتمەندیەکانی خۆی جیا بکاتەوە !

لە روویەکی دیکەوە فیلمی ئەنیماشون زیاتر ئیش کردنە لەسەر لایەنی ستاتیکی وێنەی جوڵاو ! لە فیلمی ئەنیماشون دا، بینەر زور جار شاهیدی جل و بەرگ و ترادیشێونێکی دیاریکراو نییە، بۆیە دەشێ هەموو نەتەوەیەک شوناسی خۆی تیا بدوزێتەوە !

تەنیا حیکایەت و چیرۆکەکان تایبەتمەندیی هەیە، ئەویش ئاراستەی تێکرای مرۆڤایەتی کراوە، ئەگەر بە شێوەیەکی هاوتەریب بروانین، ئەوە فیلمی ئەنیماشون باڵی سینەمایی گڵوبالیزمە ! گڵوباڵیزمیش وەک پروژیەکی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، موراڵی، دەیەوێ تێکرای شوناسە جیاوازەکان لە نێو یەک مەنجەڵ بکوڵێنێ ! وێرای پلەی گەرماو ڕادەی توانەوەی هەر یەکەیان، کەواتە فیلمی ئەنیماشون دەیەوێ ببێتە هەڵگری پەیامی تێکرای شوناسە جیاوازەکان، تێکرای تەمەنەکان، کایەکردنێکی هاوبەشە لە نێو نەوەکان، لە نێو ئەڵقە ونبووەکانی میژوو، دارشتنەوەی مێشکی بینەرە بە پێ بەها کۆمەڵایەتی و ئابوری و ئەخلاقی یەکانی وڵاتانی سەردەست کە بێگومان ئەمریکاو ئەوروپایە لە حاڵی حازر ! پەیامی فیلمی ئەنیماشون لەوە دایە حیکایەت و چیرۆکەکانی مۆرکێکی ستاندەری پێوەیە، هەر وەک چۆن جاران فیلمی تەقلیدی لە نێوان خەیرو شەرو شەرو ئاشتی و زوڵم و دادپەروەری و رق و خوشەویستی ئیشی دەکرد، ئەمرۆ فیلمی ئەنیماشون لەمەودایەکی بەرفراوانتر باس لەم کایە ئەزەلیانە دەکا کە بە شێوەیەکی ویژدانی تێکرای مرۆڤایەتی بجوڵێنێ بەرەو کۆمەڵگایەکی ئایدیالیست و نموونەیی !

بێگومان دەسەڵاتی سینەما هەشتەمین  دەسەڵاتە لە ریز بەندی دەسەڵاتەکان، دەکرێ روڵی هەبێ لە میژوو، بەڵام هەندێ جار عەرەب گوتەنی ( تجری الریاح بما لاتشتهی السفن ) بە گوێرەی دڵ و ئیرادەی سینەما، رووداوە سیاسیەکان بەرێوە ناچی !

ئەم باسە بە پێ زانیاری و ئەزموونی رێژەیی خۆم نووسراوە، دەکرێ لە واقیع دا هەڵگری بیروبۆچوون و مشت و مڕی جیاواز بێ !

 

                                                                نەهرۆ / نەرویج

                                                             ٢٧ / ٦ / ٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.