Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
میزانیه‌ت له‌ بووندا وه‌ك مرۆڤ – به‌شی سێیه‌م (كۆمه‌ڵگا و گۆرانی كلتور)

میزانیه‌ت له‌ بووندا وه‌ك مرۆڤ – به‌شی سێیه‌م (كۆمه‌ڵگا و گۆرانی كلتور)

Closed
by June 28, 2013 گشتی

 

 

 

 

هه‌میشه‌ بیرم له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ چ شتانێك یاخود چ هۆكارێك ده‌بێـته‌ هۆی درووستكردنی ئه‌و هۆكارانه‌ی كار له‌ بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌كه‌ن ، جاران ، یاخود باشتر بڵێین پێش درووستبوونی جیهانگیری، مرۆڤه‌كان به‌ نه‌ته‌وه‌كانیان، هه‌ڵسوكه‌وتیان ده‌زانرا ، به‌ڵام ئێستا بۆ نموونه‌ ناتوانیت بزانیت كه‌ فه‌ره‌نسیه‌ك ، فه‌ره‌نسیه‌ ئه‌گه‌ر بێتوو له‌ ێر كاریگه‌ری جیهانگیری ئه‌مریكی ژیابێت ، تا ئه‌و كاته‌ی خۆی واده‌ڵێت ، چونكه‌ شێوازی هه‌ڵسوكه‌وتكردن و  قسه‌كردنی ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ جیهانگیری ئه‌مریكی . گرنگترین چه‌كی جیهانگیری بریتیه‌ له‌ میدیا ، بۆیه‌ش جیهانگیری ئه‌مریكی به‌ نموونه‌ ده‌هێنینه‌وه‌ چونكه‌ تا ئێستا كاریگه‌رترینیانه‌ .

مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی فێرنه‌كراوه‌ ، خاوه‌ن هیچ بیرۆكه‌یه‌ك نیه‌ ، به‌ڵام گشت ئاژه‌ڵێكی تری سه‌ر زه‌وی جیاواز له‌ مرۆڤ له‌ بوونیاندا فێركراون كه‌ چیبكه‌ن ، بۆیه‌ش مرۆڤ تاكه‌ ئاژه‌ڵه‌ بیرده‌كاته‌وه‌ ، ئه‌و هێزه‌ش كه‌ پێی به‌خشراوه‌ وایكردووه‌ جێگای هیچ فێركراوێكی پێشینه‌ نه‌بێته‌وه‌ له‌ مێشكیدا . مرۆڤ له‌گه‌ڵ له‌دایك بوونی ، پاش چه‌ند مانگێك هێزی فێربوون له‌خۆیدا ده‌دۆزێته‌وه‌ ، سه‌ره‌تا له‌ ده‌وروبه‌ری فێر ده‌بێت ، تا ئه‌و كاته‌ی به‌ هۆكاره‌كانی تری درووستبوونی بیركردنه‌وه‌ ئاشنا ده‌بێت ، دواتر ده‌چێته‌ ناو كۆمه‌ڵگا ، بیركردنه‌وه‌ له‌ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی وه‌رده‌گرێت ، دواتر به‌ میدیا شاد ده‌بێت ، زۆرترین بیركردنه‌وه‌كانی له‌وه‌وه‌ په‌یدا ده‌كات ، پاشان به‌ نووسراوه‌كان ، وه‌ك كتێب . گشت ئه‌وانه‌ هۆكاری درووستبوونی بیركردنه‌وه‌ین ، گه‌ر به‌ نموونه‌ باسی بكه‌ین ، گه‌ر مرۆڤێك له‌ خێزانێكی باوه‌ردار ، باوه‌ردار ده‌رچوو ، ئه‌وه‌ كاریگه‌ری ده‌وروبه‌ری واته‌ خێزانی له‌ گشت هۆكاره‌كانی تر زیاتر بووه‌ ، یاخود گشت ئه‌و هۆكارانه‌ی كار له‌ بیركردنه‌وه‌ی ده‌كه‌ن ، له‌ ره‌هه‌ندێك بوون كه‌ وایان كردووه‌ ئه‌و باوه‌ره‌ی ئه‌و مرۆڤه‌ هه‌یه‌تی به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ری ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێتوو كه‌سێكی بێ باوه‌ر ده‌رچوو له‌ خێزانێكی باوه‌ردار ، ئه‌وه‌ ئه‌وكاته‌ ده‌بێ بزانین هۆكاره‌كانی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ گشتیان له‌ هۆكاری ده‌وروبه‌ری به‌هێزتربوون ، واته‌ بۆ نموونه‌ میدیا توانیویه‌تی زیاتر له‌ دایك و باوكی كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌بێ ، یاخود ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی تێیدا ژیاوه‌ ، له‌ گشت رووێكه‌وه‌ كاریگه‌ریان له‌ دایك و باوكی زیاتر بووه‌ له‌سه‌ری بۆ بێ باوه‌ر بوونی ئه‌و كه‌سه‌ . 

لێره‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ، ئێمه‌ هه‌رگیز ناتوانین هیچ كه‌سێك تاوانبار بكه‌ین له‌سه‌ر ئه‌و جۆره‌ بیركردنه‌وه‌ی هه‌یه‌تی ، چونكه‌ هۆكاره‌كان وایان لێكردووه‌ وا بیربكاته‌وه‌ ، بۆیه‌ش گه‌ر بته‌وێ ته‌واوی بیركردنه‌وه‌ی كه‌سێك بگۆریت به‌رامبه‌ر به‌ شتێك ، پێویسته‌ ئه‌و هۆكارانه‌ كه‌مبكه‌یته‌وه‌ كه‌ واده‌كه‌ن به‌و جۆره‌ بیربكاته‌وه‌ .

به‌ڵام ، سه‌ره‌رای گشت ئه‌وانه‌ ، تاكه‌ شتێك ئێمه‌ ناتوانین لێی رابكه‌ین ، كۆمه‌ڵگایه‌  ، بۆیه‌ش زۆر جار به‌ ناچاری ده‌بینه‌ ژێرده‌سته‌ی بیركردنه‌وه‌كانی زۆرینه‌ی تاكی كۆمه‌ڵگا و ، من پێم وایه‌ كلتوریش هه‌ر له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ ، كاتێك بیركردنه‌وه‌یه‌كی گشتی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌چه‌سپێت له‌سه‌ر شتێك یان لایه‌نێك ، ده‌بێته‌ خوو لایان ، پاشان ده‌بێته‌ كلتور . هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م باسه‌ش بێت ، ده‌توانین بڵێین كه‌وا كلتور هه‌میشه‌ له‌ گۆراندایه‌  به‌ زیاتر كه‌ڵه‌كه‌ بوون و كاریگه‌ر بوونی هۆكاره‌كانی درووستبوونی بیركردنه‌وه‌، یان باشتر بڵێین ، ئه‌گه‌ر بێتوو مرۆڤ جگه‌ له‌ ده‌وروبه‌ر و كۆمه‌ڵگای ، هیچ كاریگه‌ریه‌كی تری له‌سه‌ر نه‌بوو ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ نه‌وه‌یه‌كی دووباره‌كه‌ره‌وه‌ی كلتوری باوك و باپیرانی ، لێره‌وه‌ش ده‌توانین بڵێین ، كلتور كاتێك ده‌ست به‌ پرۆسه‌ی گۆران ده‌كات كه‌ هۆكاره‌كانی بیركردنه‌وه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگایه‌ك گه‌وره‌تر بوون له‌ هۆكاری ده‌وروبه‌ر  ، بۆ نموونه‌ ، كه‌سێك كاریگه‌ری میدیا زیاتر بێت له‌سه‌ری له‌وه‌ی كه‌ ده‌وروبه‌ری هه‌یه‌تی ، ئه‌وه‌ ئه‌وكات روانینێكی تر وه‌رده‌گرێت به‌رامبه‌ر به‌ رووداوه‌كان و كێشه‌كان ، كه‌ جیاوازتر بێت له‌و كلتوره‌ی باب و باپیرانی هه‌یه‌تی .

هه‌ستده‌كه‌م ، ئێمه‌ له‌و قۆناغه‌دا له‌ گۆرانێكی خێرا داین له‌ كلتورمان بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێبكه‌ین، ئه‌و رۆژه‌ له‌ ناو تاكسیه‌ك گۆرانیه‌كی كلاسیكی ئینگلیزی لێدرابوو ، له‌خۆمه‌وه‌ هه‌ستم به‌خۆشی ده‌كرد كاتێك گوێم لێده‌گرت ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گۆرینی رادیۆكه‌ ، بیرم كرده‌وه‌ كه‌ چه‌ند خێرا و ئاماده‌ین بۆ گۆرینی كلتورمان ، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێبكه‌ین ، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ نێ،ان دوو جیهان بیت ، جیهانێك حه‌زده‌كه‌ی له‌وێوه‌ گوێ له‌ مه‌قامێك بگری له‌ چایخانه‌یه‌ك ، جیهانێكیتر ، حه‌زده‌كه‌ی له‌ كافتریایه‌ك دابنیشیت ، قاچ له‌سه‌ر قاچ و به‌ چاكه‌ت و پانتۆلێكه‌وه‌ گوێ له‌ گۆرانیه‌كی كلاسیكی ئینگلیزی بگری . به‌ڵام ئێمه‌ بۆ كام جیهان ده‌رۆین؟ 

سرووشتێكی گشت شتێك ، به‌رده‌وامبوونه‌ نه‌وه‌ك وه‌ستان و گه‌رانه‌وه‌ ، ئێمه‌ له‌ چایخانه‌كه‌ ده‌ستمان پێكرد ، گه‌یشتین به‌ كافتریاكه‌ ، كاتێك كافتریا بوو به‌ كلتورمان ، شتێك نامێنێت به‌ ناوی چایخانه‌ ، یاخود ره‌واجی نامێنێت ، یاخود به‌ شێوه‌یه‌كی تر نوێكاری تێدا ده‌كه‌ن تاوه‌كو له‌گه‌ڵ ئه‌و كلتوره‌ نوێیه‌ بگونجێت . هه‌مان شتیش له‌سه‌ر ئێمه‌ی مرۆڤ جێبه‌جێ ده‌بێت ، دوێنێ مه‌قاممان لا خۆشبوو ، ئه‌مرۆ گۆرانیه‌كی بیانی .

باسه‌كه‌ لێره‌ ئه‌وه‌ نیه‌ ، وه‌ك كێشه‌ باس له‌وه‌ بكه‌ین ، ئه‌وه‌ سرووشتێكی گشت كۆمه‌ڵگایه‌كه‌ ، كه‌ جیهانگیری به‌ پله‌ی یه‌كه‌م درووستكه‌ریه‌تی ، ده‌بێ ئه‌وه‌شمان له‌بیربێ ، تا چه‌ند مرۆڤایه‌تی ته‌مه‌نی زیاتر بێت ، گۆرانی كلتور خێراتر ده‌بێت ، ساڵانێك به‌ر له‌ ئێستا زۆر ئاسته‌م بوو شتێكی نوێ بێته‌ كایه‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌مرۆ به‌هۆی فراوانبوونی هۆكاره‌كانی درووستبوونی بیركردنه‌وه‌ ، به‌ تایبه‌ت جیهانگیری ، زۆر خێراتر بووه‌ ، گه‌ر زه‌مه‌نێك زانكۆكانی كوردستان قوتابیه‌كانیان جله‌كانیان وه‌ك قوتابیه‌كانی زانكۆكانی به‌غدا و شاره‌كانی تر بوون ، ئه‌وه‌ ئه‌مرۆ قوتابیه‌كانمان جله‌كانیان وه‌ك ئه‌و جلانه‌یه‌ كه‌ رۆژئاواییه‌كان یاخود وڵاته‌ دراوسێكان ده‌یپۆشن و ، له‌ رێگه‌ی میدیاوه‌ ده‌یبینین ، بۆیه‌ش ئه‌گه‌ری گۆرانی زیاتر هه‌یه‌ به‌هۆی ئه‌و هۆكارانه‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ جیاواز له‌ جل و به‌رگ ، به‌ڵكو هه‌ڵسوكه‌وت و ئاره‌زووشمان .

 

 

 

–          بیرۆكه‌ و نووسینی : ئوسامه‌ ئه‌نوه‌ر  

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.