مێزگردێک سەبارەت بە ئەزموونی یەکێتی بێکاران لە کوردستان …1
مێزگردی گێڕانەوە و پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی ئەزموونی یەكێتی بێكاران لە كوردستان و خەباتی جەماوەریی لە ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨
بەشی یەكەم
خوێنەرانی ھێژا، چالاكان و دڵسۆزانی بزووتنەوەی بێكاری لە ھەر شوێنێك ھەن، وەك بەخۆتان ئاگادارن، لە نۆڤەمبەری ٢٠١٠دا ئێمە ( گۆران عەبدوڵڵا، سیروان عەلی و ئاكۆ محەمەد ) دەستبەكاری پرۆژەی كۆكردنەوە و نووسینەوەی مێژوو و ئەزموونەكان و بەڵگەنامەكانی ( یەكێتی یەكێتی بێكاران لە كوردستان ) بووین و بەو بۆنەوە باگەوازێكمان بڵاوكردەوە و ھاوكات وەك بەسەركردنەوە و ھێناگۆ و گیڕانەوەی بەسەرھات و ئەزموونەكان، كۆمەڵە پرسیارێكمان ئاراستەی گشت چالاكانی ئەوسای یەكێتی بێكاران [تا ئەو جێیەی كە ئیمەیل ئەدرەس و ژمارە تەلەفۆنی ئەو ھاوڕێیانەمان ھەبووبێت] كردن. بەداخەوە بێجگە لە دوو ھاوڕێ [عەبدوڵڵا سلێمان و كاوە حەسەن]، كەسی دیكە بە دەم بانگەواز و وەڵامدانەوەی پرسیارەكانەوە نەھات. بەڵام ئەمە نەبووە ھۆی ساردبوونەوە و وەستانی ئێمە لەو پرۆژە و ئەو ئامانجەی كە لەپێش خۆمانمان داناوە و وەك درێژەی كارەكەمان و ھاوكات وەك بوارڕەخساندن بۆ ئەو ھاوڕێیانەی، كە ئیمەیل ئەدرەس و ژمارە تەلەفۆنیانمان نەبووە، تاوەكو پرسیار و پرۆژەكەیان بۆبنێرین، بەخۆمان لەنێوان خۆماندا وەك ھەر چالاكێكی دیكەی یەكێتی بێكاران لەنێوان ساڵانی ١٩٩٢ – ١٩٩٨، مێزگردێك كراوەی ئینتەرنێتیمان ڕێكخست و سەرەنجام ئەم دیالۆگەی لێكەوتەوە، كە لێرەدا بە ئامانجی بانگەوازكردنەوە و ڕاكێشانەی ھاوڕێیان، چ ئەوانەی كە وەڵامی پرسیارەكانیان داوەتەوە و چ ئەوانەی لە كاتی خۆیدا بە ھەر ھۆیەك و ڕێگیرییەكەوە، بواریان بۆ نەڕەخساوە، تاوەكو بەشداری بكەن و ڕەخنە لە بۆچوون و گێرانەوە و لێكدانەوەكانی ئێمە و ئەو دوو ھاوڕێیەی كە وەڵامیانداوەتەوە، بگرن و لەوێدا كە بیرەوەری ئێمە بواری گێڕانەوە و گەڕانەوەی بۆ سەر ھەموو لایەنەكانی ئەو ئەزموونە خەباتكارانەی بێكاران نەدابێت، ئەوان درێژەی پێبدەن و جارێكی دیكە بە گیانێكی ھاوڕێیانە و بەرپرسیارییەوە، پێكەوە درێژە بە مشت‌ومڕ و توێژینەوەی ئەو ئەزموونە جەماوەرییە درێژخایەن و خەباتكارانەی سەردەمە تاریكەكانی ئابڵۆقەی ئابووریی و جەنگی نێوخۆ و ھێرش و ھەڕەشە و مەترسی دەوڵەتانی دراوسێ بۆ ھەرێمی ناجێگیری ئەوسای كوردستان، بدەین.
ھاوڕێیان ڕەخنە و ڕاستكردنەوەی ئێوە لە گێڕانەوە و تۆماركردن و لێكدانەوە و پێداچوونەوەكانی ئێمە، تەنیا مەرج و مسۆگەركەری زیندووراگرتنی پرۆژەی پێداچوونەوە و نووسینەوەی ئەزموونی یەكێتی بێكاران لە كوردستانە و ھاوكات درێژەپێدەر و پوختەكەر و ڕزگاركەری مێژوو و ئەزموونەكان و لایەنە دەرنەكەوتەكانی خەباتی ئەو ڕێكخراوە جەماوەرییە و بزووتنەوەكەیە لەو ڕۆژگارەدا، كە بە جۆرێك ئێوەش تێیدا بەشدار و چالاك بوون.
دەقی بانگەوازی پرۆژەكە
نامەیەكی گشتیی بۆ چالاكان و دڵسۆزانی بزووتنەوەی بێكاران
هاوڕێیانی هێژا، ئەندامان و چالاكانی (یەكێتی بێكاران لە كوردستان)، وێڕای ڕێز و سڵاو و خۆشەویستیمان، هەواڵتاندەپرسین لە هەر كوێیەك هەن …
هاوڕێیان، هاوكاران و دڵسۆزانی بزووتنەوەی بێكاری لە كوردستان، لەبەر دەستڕانەگەییشتنمان بە ئیمەیل ئەدرەس و ژمارەتەلەفۆنی هەمووتان، نەمانتوانی ڕاستەوخۆ پەیوەندیتان لەتەكدا بگرین و پەیام و پرسیارەكانیان ئاراستە بكەین و لە دەستپێكردنی پرۆژەكە ئاگادارتان بكەینەوە، بەدروستمانزانی، كە لێرەوە پەیام و پرسیارەكانتان ئاراستەبكەین و داواتانلبكەین، كە بە هەر شێوەیەك و بە هەر ڕێگەیەك و بەهەر زمانێك بۆتان دەلوێت، بەشداریبكەن و لە بۆچوون و پێشنیاری خۆتان ئاگادارمانبكەنەوە و پرۆژەكە بە زانیاری و دۆكومێنتەكانتان فروانتر و پشتئەستوور بكەن.
تكایە لەتەك وەڵامەكانتاندا كورتەیەك وەك ناساندن لەمەر خۆتان بنێرن؛ بەتایبەت نازناوی ناسراو یا ناوی سیانیتان و ئەگەر بۆشتان گونجاوبوو وێنەیەكی بچووكی خۆتانی ھاوپێچبكەین.
ئێمە (سیروان عەلی، گۆران عەبدوڵڵا، ئاكۆ موحەمەد) وەك دەستەیەك لە ئێوە و بەشدارانی ڕێكخراوی (یەكێتی بێكاران لە كوردستان) لەو ڕۆژگارەدا، لەو بڕوایەداین، كە ڕێكخراوی یەكێتی بێكاران لە كوردستان و مێژووەكەی بەشێكە لە ڕابوردووی هەر یەكە لە ئێمە و هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی و پاراستنی لە فەوتان و فەرامۆشی، ئەركی سەرشانی هەر یەكە لە ئێمەیە، هەر ئەم بڕوایەشە كە ئێمەی لە دەوری ئەم پڕۆژەیە كۆكردووەتەوە و بەهەمان شێوەش لەو بڕوایەداین، كە بەبێ ئامادەیی و هاریكاری و بەشداری چالاكانەی ئەنگۆ، پڕۆژەكە ناتەواو دەمێنێتەوە و سەركەوتوو نابێت.
لەسەر هەمان بنەما رێگە بە خۆمان دەدەین و كۆمەڵێك پرسیار وەك كلیلی كردنەوەی دەرگەی باسەكان و بەشدارییەكان ئاراستەی هەر یەكە لە ئەنگۆ دەكەین. چونكە لەو بڕوایەداین، بەبێ شڵەقاندنی گۆمی مەنگی بێدەنگی، هەستان بەو كارە ئەستەمە و هەموو كارێكیش لە خاڵێك و لە ساتێك‌دا و لە كەسانێكەوە دەستپێدەكات. هەڵبەتە نەوتراو نەمێنێتەوە، كە ساڵانێكە ئێمە بیرمان لەم پڕۆژەیە كردووەتەوە، بەڵام بەداخەوە بە هۆی نەبوونی پەیوەندی ڕاستەوخۆ و نەبوونی كاتی پێویست و گرفتی ڕۆژگارەوە بۆ ئێستا ماوەتەوە.
لێرەدا ماوە بڵێین، ئامانج لەم پەیامە تەنیا بەسەر كردنەوە نییە، بەڵكو بانگەوازە بۆ بەشداری و هاریكاری و باشتركردنی پرۆژەكە و سەرخستنی بە گەلكاری و كاری خۆبەخشی هەموولایەك، چونكە لەو بڕوایەداین بیركردنەوەی كۆمەلێك لە هی تاكەكەسێك فراوانتر و كاری كۆمەڵێك لە هی كەسێك سەركەوتوو تر و تێروتەسەلتر دەبێت.
بە هیوای بەشداری و هاریكاری چالاكانەی هەموو خەباتكاران
دەستەی ئامادەكار : گۆران عەبدوڵڵا، سیروان عەلی، ئاكۆ محەمەد
هۆكاری پێشكه‌وتن و سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وی بێكاران و ڕێكخراووبوونی له‌پێش به‌شه‌كانی دیكەی كۆمه‌ڵگه‌ی عیراق (كوردستان)ی وێرانەی شەڕەكان و ئابڵۆقەی ئابوورییەوە چی بوو و چۆن ده‌بینی؟
سیروان عەلی :
له وەڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا، پێمباشه له دوو ته‌وه‌رەدا بچمه وەڵامدانه‌وه‌ی. یه‌كه‌م، ئه‌وه‌نده‌ی بگەڕێته‌وه سه‌ر تایبه‌تمه‌ندی باردودۆخی عیراق به‌گشتی و چینی كرێكار به‌تایبه‌تی، پێویست به لەسەروه‌ستانێك ده‌كات. عیراقی دوای ساڵی ١٩٩١، چی له ڕووی بناغه‌ی ئابوورییه‌وه و چی له ڕووی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، وڵاتێكی خاپووركراوی دوای دوو جه‌نگی به‌رده‌وام و جه‌رگبڕ و وێرانكەر بوو به هۆكاری ڕیشه‌یی له ناشیاوی جێگه‌ی و شوێنی ململانێی چینایه‌تیی و ته‌نگژه‌كانی نێوان كار و سه‌رمایه، داڕمانی ژێرخانی ئابووریی و كه‌وتنه سه‌ر قه‌رزێكی زۆر و ئابڵوقه‌ی ئابووریی سه‌خت، عیراقی له مه‌نگه‌نه دابوو و ده‌یدا. عیراق ورده ورده له وڵاتێكی نۆرماڵی خاوه‌ن به‌رهه‌می تایبه‌ت به‌خۆی و هه‌ناره‌ده‌ری به‌رهه‌می سروشتی و پڕ بایخ له جیهاندا گۆڕا بۆ وڵاتێكی به‌رخۆر و بێ‌توانا. كارگه پیشه‌سازییەكان بوون به كارگه په‌ككه‌وتووەكان، له‌ده‌ستنه‌مانی كەرەستە و ئامێری یه‌ده‌ك و هه‌روەها دابەزینی نرخی نه‌وت، كه تاقه خوێنده‌ری عیراق بوو، ئه‌وەنده‌ی تر ئه‌و وڵاته‌ی په‌كده‌خست. خۆی له خۆیدا ئه‌و باره بوو به مایه‌ی هه‌ڵئاوسانی دراوی عیراقی، هه‌رچی كرێكاری نێو كارگه په‌كه‌وتووەكانیش هەبوون، ڕه‌وانه‌ی بێكاری كران. مه‌سه‌له‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێشتر بوونی كارگه جه‌نگییەكانی عیراق بوو، كه عیراقیان كردبوو به سه‌ربازخانه‌یەكی گه‌وره، كه زیاتر له ملیۆنێك مرۆڤ مه‌زنده ده‌كرا و بێجگه له بوونی وه‌زارەتی تایبه‌تی پێشەسازی سه‌ربازی. ھەروەھا له دوای هێرشی هاوپه‌یمانان بۆ سه‌ر ئه‌و هێزه بێتوانایه و ده‌رپەڕاندنی له خاكی كوەیت و دواتر كه‌وتنی زیاتر له ١٣ پارێزگا به‌ده‌ستی خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیو. ئه‌و هێزەی سه‌ربازییەی هه‌ڵوه‌شانده‌وه و به هێزی مه‌زنی بێكارانەوە په‌یوه‌ست بوو ، ئیتر كرێكاری له‌سه‌ركار به‌شی هه‌ره بچووكی پێكهاته‌ی ئه‌و چینه بوو (چینی كرێكار)، به‌نیسبه‌ت كوردستانیشه‌وه له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌تایبه‌ت دوای چووڵكردنی داموده‌زگاكانی حكوومه‌تی مه‌ركه‌زی له كوردستان، ئیتر خه‌لكی سه‌ر كاره‌كانیش بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر بێكار و بێمووچه مابوونه‌وه و ده‌سه‌ڵاتی تازه دامه‌زراوی كوردیش خۆی تووشی گێژه‌ن بووبوو، نه‌یده‌زانی چۆن ئه‌م میله‌ته بخاته سه‌رپێ، تاقه شتێك هه‌بوو ڕێكخراوه مرۆیی و خێرخوازه‌كان بوون، كه به‌رنامه‌ی كۆمه‌ككارییان پێشكه‌شده‌كرد. ئه‌م هه‌لومه‌رجه بۆ خۆی بارێكی هێنایه ئاراوه، هه‌ر جۆره خه‌باتكردنێك ده‌بوو به خه‌بات و داكۆكیكردن له به‌شی هه‌رە زۆری كۆمەڵگا، كه بێكاران بوون. بۆیه سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وی بێكاری له سه‌ر یایه‌ی واقعی وه‌ستا بوو.
ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م، له ڕووی سیاسیشەوە، هیچ بزوتنه‌وه‌یه‌ك به‌ڕاده‌ی كۆمونیسته‌كان به‌گرنگیدان به خه‌بات و داخوازی ئه‌و چینه هه‌ستیار نه‌بوون. به‌ڵام ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ش زۆر بێئهزموون بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی تێكه‌ڵبوونی ئه‌م بزووتنه‌وه سیاسییه به چینی كرێكار و تێگه‌شتنی بۆ زەروره‌تی كاری ئه‌و ڕۆژه له بیرتیژیه‌وه نه‌بوو. به‌ڵكو ده‌رسوه‌رگرتن له هه‌ڵه‌كانی پێشووی ده‌بووه مایه‌ی تێگه‌شتنی ئه‌و بۆ خه‌باتی ئه‌و چێنه له‌و سه‌ردمه‌دا. چاك له بیرمه زۆربه‌ی چه‌په‌كان له سه‌ره‌تای ڕاپه‌رین خۆیان خه‌ریككردبوو به ئه‌ولیاتێك و مەهامێك كه مەهامی ئه‌و ڕۆژه نه‌بوون. بۆ نموونه ده‌خوازی ٣٥ سه‌عات كار له‌لایه‌ن ڕه‌وت كۆمونیسته‌وه ده‌ربڕی نه‌خوێندنه‌وه‌ی واقعی ئه‌و سه‌رده‌مه بوو. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و كاته زوربه‌ی خه‌ڵك بێكار بوون، ئیتر ٣٥ سه‌عاتكاری چی؟! دواتر به بەخۆداچوونه‌وه‌یه‌ك هات، كه هۆكاری تایبه‌تریش له‌و باره‌وه هه‌بوو، كه دواتر دەگەڕێمەوە سه‌ری، بوو به هۆی ئه‌وه‌ی ڕه‌وتی كۆمونیست و ئه‌ندامه‌كانی یه‌كه‌م كه‌سانێك بن له دامه‌زراندنی یه‌كێتی بێكاران به‌شداربن. مه‌سه‌له‌یه‌كی تر شكانه‌وه‌ی شواراكان بوو، له به‌رامبه‌ر هێرشی هێزه ناسیۆنلیسته‌كاندا. كه ده‌بوو ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه بیر لە شتێكی دیكه بكاته‌وه، كه مه‌سی كۆمەڵگە ده‌كات. كه به‌ڕاستیش ئه‌م جاره‌یان گرتی و مه‌سه‌له‌ی بێكاری بوو، بەم جۆرە دامه‌زراندنی یه‌كێتی بێكاران هاته ئاراوه.
گۆران عەبدوڵڵا :
یەكێتی بێكاران لە كوردستانەوە سەریهەڵدا و هەر لە كوردستانیش مایەوە، ئەو هۆكارانەی كە وایانكرد، وەها ڕێكخراوێك دروستبێت، یەكەم بوونی ئەو فەزا سیاسییەی پاش ڕاپەڕین و ڕزگاربوونی سێ شاری گەورەی كوردستان لەدەست ڕژێمی بەعس. دووەم بوونی ماتریاڵەكە خۆی واتە بێكاری. وەكو سیروان ئاماژەی پێكرد، عێراق بە دوو شەڕی گەورەدا تێپەریبوو، بێكاریش هەمیشە پاشكۆی شەڕە، لە كوێ ،شەڕ ھەبێت لەوێش بێكاری لە زیادبووندایە، بەتایبەت وڵاتانی جیھانی سێیەم، كە چەك و چۆڵەكانیشیان لە دەرەوە هاوردەدەكەن. ڕاپەڕین لە كوردستان و خوارووی عێراق شیرازەی دەوڵەت و دەوڵەتبوونی تێكدابوو، سەرباری داخرانی زۆرێك لە كارگە و شوێنە خزمەتگوزارییە دەوڵەتییەكان، ژمارەیەكی زۆریش لەو خەڵكانەی كە لە ڕیزەكانی سوپای عێراقیدا وەك جاش و سەرباز كاریاندەكرد پێش ڕاپەرین بێمووچە مابوونەوە. بەگشتی لە كوردستان بارودۆخێكی زۆر نالەبار لەڕووی بژێوییەوە هاتبووە ئاراوە. بۆ هەر ئینسانێك كە خوازیاری خۆشگوزەرانی كۆمەڵگە بوو، دەبووایە لێرەوە دەستبەكاربێت، واتە بێكاران. بەڵام لەو خاڵەدا لەگەڵ سیروان تەبانیم، لە چركردنەوەی مێژووی بزووتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی بۆ تاكە ڕێكخراوێكی سیاسی. ئەوە ڕاستە ئەندامەكانی ڕەوتی كۆمونیست لە بەشداریكردندا بەشی شێریان پێبرابوو، ئەوەش خۆبەخۆ بوو، نەك وەك پلانێكی ڕێكخراوەیی.
ئاكۆ محەمەد :
بە بۆچوونی من دوو هۆكاری هەبوو؛ یەكەم بێكاری و نەبوونی و برسیەتی وەك بەرئەنجامی ئابڵۆقەی ئابووری هاوپەیمانان لەسەر عیراق بەگشتی و ئابلۆقەی ئابووری ڕژێمی ئەوسای عیراق لەسەر كوردستان بەتایبەتی. دووەم، دەستپێشخەری و ئامادەیی كەسانی سۆشیالیستی سەر بە ڕێكخراوە چەپەكان، كە وەك بەشێك لە خەڵك بەزۆری بێكاربوون و هاوكات پێداویستیی ڕێكخراوبوونی بێكاران و یەكگرتنییان لەپێناو بەدەستهێنانی ئامانجگەلێكی دەستبەجێدا، دەركدەكرد، بە پێگەییشتنی من، ئەم دەرك و ھوشیارییەش، كارایی وانە و پاگەندەكانی ڕادیۆ كۆمەڵە بوون لەسەر توێژێك لە چالاكانی سۆشیالیست یا وردتر بڵێم چەپی نوێی پاش چەپی پڕۆ-ماوی و پڕۆ-ڕوسی و پڕۆ-كوبایی لە ھەرێمی كوردستاندا.
سیروان عەلی:
ھاوڕێ گۆران من نازانم له كوێدا میژووی بزوتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیم گه‌ڕاندۆته‌وه بۆ ته‌نها ڕێكخراویك (ڕه‌وتی كۆمۆنیست)؟! بەڵكو من وتوومه ئه‌ندامانی ئه‌و ڕێكخراوه یه‌كه‌م كه‌سانێك بوون كە له دامه‌زراندنیدا به‌شداربوون.
كه‌ی و له كوێ وه‌ها ڕێكخراوێك بۆ یه‌كه‌م جار هه‌سته‌ی سه‌ره‌تایی پێكهات و چۆن به خێرایی توانی سه‌رتاسه‌ری كوردستان بگرێته‌وه؟
سیروان عەلی :
ئه‌گه‌ر پرسیاره‌كه ئەوەبێت، یه‌كه‌م جار له كوێ به ئاشكرا سه‌ریهه‌ڵدا. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت له شاری هه‌ولێره‌وه ده‌ستیپێكرد و كه‌سێك كه به منی وت هاوڕێی به‌ڕێزم عبداڵله سلێمان بوو، كه خۆی پێشتر یەكێك بوو له كرێكاره‌كانی كارگه‌ی نه‌سیج و زیانێكی جه‌ستی زۆری پێگه‌شتبوو به هۆی هێرشه‌كانی ڕژێمی به‌عس له كاتی گرتنه‌وه‌ی شاری هه‌ولێردا، كه باسی له بیرۆكه‌كه كرد و وتی كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی چالاك هه‌ن، كه بڕوایان به‌م كاره هه‌یه، منیش پشتگیری خۆمم بۆ مه‌سه‌له‌كه ده‌ربڕی. دواتر یه‌كه‌م كۆبوونەوە له باخچه‌ی مامۆستایان له گه‌ڕه‌كی تەیراوا، دووەم كۆبوونه‌وه له باخچه‌ی گڵكه‌ند ئه‌نجام درا له ڕێكەوتی ١٩٩٢/٦/٣٠ كه بووە مایه‌ی ده‌ستپێكردنی كاره‌كان و له سه‌ره‌تادا به‌ناوی بزوتنه‌وه‌ی بێكاران ده‌ستیپێكرد، كه زیاتر (٥٠) هه‌ڵسوڕاو له‌و كۆبوونەوەیەدا ئاماده‌بوون. ئه‌وه‌ی چۆن ئه‌م ڕێكخراوه په‌ره‌یسه‌ند په‌یوه‌ندی به دوو لایه‌نه‌وه هه‌بوو؛ یه‌كه‌م شت، ئه‌و كاته‌ی بزووتنه‌وه‌ی كۆمۆنیستی به‌تایبه‌ت ڕێكخراوی ڕه‌وتی كۆمونیست خاوه‌ن بڕوا و متمانه‌یه‌كی گه‌وره‌بوو له‌لایه‌ی جه‌ماوه‌ری كوردستان و هه‌روه‌ها به هۆی میژوویهك كه هه‌موو هه‌ڵسوڕاوانی سوشیالیست و كۆمونیست له گشت ڕێكخراوه‌كاندا و ده‌رەوه‌ی ڕێكخراوه‌كان، بۆ ماوه‌ی ساڵێك له چالاكی جدی و دڵسۆزانه بۆ به‌رگری له خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌نكێس بوو به ده‌سه‌تمایه‌یه‌كی گرنگ. مه‌سه‌له‌یه‌كی تر كه‌وای كرد ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه زوو گه‌شه‌بكات، خوودی دیارده‌ی فروانیی بیكاری و هه‌ڵچوون و حه‌ماسه‌تی خه‌ڵك بوو لەپێناو ژیانێكی باشتر و هه‌ره‌وها جۆرێك له ته‌وەهوم، كه به‌شێكی حزبه نەتەوەییەكان ساویلكانه به‌نیازی زه‌ربه‌لێدان له‌م ڕێكخراوه دروستیانكردبوو، به‌شێك له‌و ته‌وەهومه كه خۆی ئه‌رزیه‌تی له زه‌ینی خه‌ڵكی كوردستان هه‌بوو. پیانوابوو كه یه‌كێتی بێكاران بۆ بەدەستھێنانی هه‌لی كار خه‌ڵك ده‌بات بۆ وڵاتانی ده‌رەوه و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه بیانییەكانی ئه‌و كاته بۆ وەھا كارێك هه‌یه، وه‌ك وتم حزبه قەومییەكان خۆیان ئەو چیرۆكە درۆینەیان له‌نێو خه‌ڵكدا دروستده‌كرد. به‌ڵام هه‌ڵسوڕاوانی یەكێتی بێكاران له هه‌موو كوردستان زۆر سەركەوتووانه توانیان ئه‌و ته‌وەهومه ڕێكبخه‌ن، هه‌رچه‌نده له ئاستێكی زۆر به‌رزدانه‌بوو. ئه‌وه‌ی چۆن سه‌رتاسه‌ری بوو، ڕاستێكه‌ی ئێمه له سه‌ره‌تای كاره‌كانماندا به‌ره‌و ڕووی شتێك بووینه‌وه، كه داوتر ئه‌م كێشه‌یه قڵشتێك بوو، كۆتایی نه‌هات تا دوا ساڵه‌كانی عومری ئه‌و ڕێكخراوه به جورێك له جۆره‌كان درێژه‌ی هه‌بوو. ئێمه له شاری هه‌ولێر هیچ بیرۆكه‌یەكی ئه‌وتۆمان نه‌بوو، كه ئه‌م ڕێكخراوه درێژه‌ی هه‌مان بزوتنه‌وه‌ی شوراییه، بۆیه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به كۆی بۆچوونی هه‌موو هه‌ڵسوڕوان، ناوێك به‌ناوی بزوتنه‌وه‌ی شورای بێكاران په‌سه‌ند نه‌كرا. له‌یه‌كه‌م هه‌نگاوماندا بۆ سه‌رتاسه‌ریبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ھاوڕێانی سلیمانی به‌ره‌وڕووی ئه‌وه بووین، كه ئه‌وان بڕوایان وابوو، ده‌بێت ناوی ڕێكخراوه‌که (شورای بێكاران) بێت .به‌ڵام ئێمه له شاری هه‌ولێر له ١٩٩٢/٧/٥دا به‌ناوی (بزوتنه‌وه‌ی بێكاران)ەوە ڕێکخراوەكە‌مان ڕاگه‌یاندبوو و بڕواشمان به‌وه نه‌بوو، که ناوی شورا له‌م بزوتنه‌وه‌یه بنێین. لەبەرئەوە ئەم گرفتە مه‌سه‌له‌ی سه‌رتاسه‌ریبوونه‌وه‌ی تا ساڵی ١٩٩٣ دواخست، بۆیه به‌یانامه‌ی سه‌رتاسه‌ری (پێكهاتنی یه‌كێتی بێكاران له کوردستان) لە ١٩٩٣/١/١٠ ڕاگه‌یاندرا. دیاره دواتر به هۆی یه‌کده‌سته‌یی و جدیبوونی هه‌ڵسوڕاوان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی بێکاران، زیاتر له ٢٠ بنكه‌ی و لیژنه‌یه نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی بێكاران له سه‌رتاسه‌ری كوردستاندا دامه‌زران و کرانه‌وه.
گۆران عەبدوڵڵا :
بەدەست پێشخەری كۆمەڵێك لە هەڵسوراونی چەپ و كۆمونیست كۆبونەوەیەكی فراوان لە باخچەی گڵكەندی شاری هەولێر ڕێكخرا لە ١٩٩٢/٦/٣٠ بۆ قسەوباسكردن لەسەر بارودۆخی بێكاری، ئەوەبوو لەو كۆبونەوەیەدا سەرجەم بەشداربووان كە ژمارەیان (٥٠ ) كەس دەبوو، پاش مشتومڕێكی دوورودرێژ، دوو سەرنج لە ئارادا بوون؛ یەكیان پێیوابوو دیاردەی بێكاری وەك دیاردەیەكی جیهانی چاو لێبكرێ و دەبێت ئەم ڕێكخراوە ڕێك لە بەرانبەر ناسیۆنالیزم و بۆرژوازیدا بێتە مەیدان و لە داهاتووی خۆشی‌دا دەتوانێ بە چەك وەڵام بە ئیستبدادی ناسیۆنالیزم بداتەوە. سەرنجی دووەمیش پێیوابوو دەبێت ئەوزاعی برسێتی و بێكاری لەبەرچاوبگیرێت و لەو بارەوە كارێك بكات. لە كۆتایشدا بەو ئەنجامە گەشتین، كە دەبێت هەوڵی دروستكردنی ڕێكخراوەیەك بدرێت بۆ بێكاران. لەو كۆبونەوەیەدا كۆمەڵێك هەڵسوراو خۆمان بۆ ئامادەكردنی زەمینەیەك بۆ دروستكردنی ڕێكخراوێك هەڵبژارد، كە بتوانێ نوێنەرایەتی داخوازێكانی بێكاران بكات. ئەوەی لەبیرم بێت ئەم كەسانەی كە خۆیان بۆ ئەو كارە هەڵبژارد: عەبدوڵڵا سلێمان، جەمال چاوشین، جەمال كرێكار، عەبدولرەحمان مەولود، سیروان عەلی، گۆران عەبدوڵڵا، خەلیل نوری، مام ڕەحیم، ئەحمەد، جەمال كۆشش، ئازاد و وەستا جەلال. پاش چەند دانیشتنێك لە باخچەی خانزاد بە ناوی لیژنەی كاتی بزوتنەوەی بێكارانی هەولێر، ڕاگەیاندنێك ئامادەكرا و لە ١٩٩٢/٧/٥ بڵاوكرایەوە. لە ١٩٩٢/٧/١٧ لە كۆبوونەوەیەكی هەڵسوڕاواندا ناوی ڕێكخراوەكە لە بزوتنەوەی بێكارانی هەولێرەوە گۆردرا بۆ (یەكێتی بێكارانی هەولێر).
پاش چەند كۆبونەوەیەك توانرا بە شێوەیەكی كاتی لە گازینۆی باكوور ڕەزامەندی خاوەن گازینۆكە بەدەستبهێن، كە ئێواران وەك بنكەیەكی بێكاران لەوێ دابنیشین. لە ١٩٩٢/٩/١ لەگەڵ كۆمەڵەی ئاوارەكان ئەپارتمانێكی دوو ژووریمان لە تەنیشت مزگەوتی شێخ چۆڵی بەكرێ گرت و بەشێوەیەكی ڕەسمی بنكەی خۆمان دامەزراند. لەگەڵ ئەو كارانەشماندا دەستمانكرد بەدەركردنی ڕۆژنامەی (دەنگی بێكاران)، شایانی باسە جەمال چاوشین تایپێكی پێشكەش بە ڕێكخراوەكە كرد، لە ڕێی ئەو تایپەوە توانرا (دەنگی بێكاران) دەربكرێت. هەوڵی زۆرماندا بۆ گەیاندنی دەنگمان بە هەموو ئەو جێگایانەی كە ڕێژەیەكی زۆر لە خەڵكی بێكاریان تێدا كۆدەبوونەوە، هەروەها لە ڕێی هاوڕێیان (شاپور) و (قابیل)ەوە بۆ ناساندنی یەكێتی بێكاران، بەشداری كۆبوونەوە گشتییەكانی خەڵكی ئاوارەمان دەكرد. ڕۆژنامەكانی (بۆپێشەوە) ، (ڕێگای كوردستان) و (ئاڵای ئازادی) لە سەرەتای كارەكانماندا لە ناساندنماندا بە جەماوەر دەوریان هەبوو.
پاش دروستبوونی یەكێتی بێكارانی سلێمانی لە١٩٩٢/١١/٦ و یەكگرتنمان لەگەڵیاندا و ئیعلانكردنی یەكێتی بێكاران لە كوردستان١٠ی كانونی دووەمی ١٩٩٣ توانیمان ببینە خاوەن نفوز‌و ئۆتۆریتەیەكی زیاتر لەسەر ئاستی كوردستاندا.
ئاكۆ محەمەد :
باش لە بیرمە، من تازە هاتبوومە شاری هەولێر، هاوڕێیانی شوققە (كۆمەڵێك چالاكی ئەوسای ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست بووین لە گەڕەكی تەیراوا لە شوققەیەكدا لە تەنیشت “باخچەی كورد و عەرەب” دەژیاین؛ مامە كەریم، ڕێبوار، سۆران، باییز، هیوا و ئاكۆ و (هاوڕێ سیروانیش) زۆربەی كات دەهاتە لامان و لەنێوان خۆماندا كار و چالاكیمان دابەشكردبوو، هەر لە چالاكی لە یەكێتی بێكاران و كۆمەڵەی ئاوارەكان و پەرتووكفرۆشی و بێجگە لە چالاكی ڕێكخراوەیی و ڕۆژنامەگەریی و بەشداری چالاكییە جەماوەرییەكان و ناڕەزایەتییەكان و زۆر شتی دیكە) ، گەر بە هەڵەدا نەچووبم، دوانیوەڕۆی یەكێك لە ڕۆژەكانی سەرەتای هاوین بوو، لە باخچەی گڵكەند، كە بۆ یەكەم جارم بوو، دەچوومە ئەو شوێنە و زۆرینەی كەسەكانم نەدەناسین و دواتر لە ڕەوتی چالاكییەكانی (یەكێتی بێكاران) و بواری دیكەدا بووینە هاوڕێی نزیكی یەكدی. من هەر ئەوەندەم لەبیرە، لە كەشێكی زۆر هاوڕێیانە و گەرموكوڕ و دڵسۆزانە بابەتەكان تاوتوێ دەكران و بڕیاریان لەسەر دەدرا. ھەڵبەتە نەوتراو نەمێنێتەوە، لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٢دا پاش داخستنی بنكەی ڕەوتی كۆمونیست لە ھەڵەبجە و ڕانیە، لە سلێمانی من لەتەك ھەندیك لە ھاوڕێیانی سلێمانی زۆر جار قسەم لەسەر پێداویستی ‘ نووسینگە (دەفتەر)ی بێكاران ‘ كردووە، بەدیاڕێكخراوی ھاوڕێ (ھۆرامان محەمەد)، كە زۆر جار لەمەڕ پرسی ژنان و خوێندكاران و بێكاران لەتەك یەكدیدا ھاورابووین. بەڵێ پاش ئەو كۆبوونەوەیە و ڕاگەیاندنی ئامادەكاریی بۆ پێكھێننانی ڕێكخراوەكە و دروستبوونی، دەچووینە ئوردووگە زۆرلەملییەكانی وەك دارەتوو و بەنیسڵاوا و. . تد كۆبوونەوەمان بە دانیشتوانی ئەو جێیانە دەكرد و خەڵكی بەگشتی و بێكاران بەتایبەتی پێشوازییان دەكرد.
درێژەی ھەیە ….
ئیمەیل
ئەرشیڤی دۆكومێنت وبڵاوكراوەكانی یەكێتی بێكاران
http://issuu.com/yekeeti-beekaran
فەیسبووك
https://www.facebook.com/yeketi.bekaran