
لایه‌نه تاریکه‌کانی حوکمی لیبراڵی مه‌ندێلاو ANC له خواراوی ئه‌فریقادا
له‌وه‌ده‌کات مه‌ندێلا ، ئه‌ستێره گه‌شه‌که‌ی ئاسمانی خه‌بات و تێکۆشانی زتاتر له 30 ساڵی مێژوی خه‌ڵکانی ڕه‌شی وڵاتی ئه‌فریقا دژی ڕژێمی ڕه‌گه‌زپه‌رستی و ڕایسستی ئه‌وێ، له ئاوابووندا، بێت، باوکی نه‌ته‌وه‌یی و سمبولی ئه‌و به‌رگری و به‌رهه‌ڵستکارییه، به ڕۆح زیندو و به جه‌سته مردوو ، له سات و کاتی خۆیدا، بێت، ئیدی بۆ هه‌میشه ئه‌م دوونیایه به‌گشتی و دوونیای خه‌ڵکانی ڕه‌ش و ڕوتی ئه‌و وڵاته، به‌تایبه‌تی، به‌جێده‌هێلێت، له هه‌مانکاتیشدا چ کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک و چ حوکمێکیش له دوای خۆی به پێوه‌ده‌بێت!!!!
پیاوێکی کاریزمایی ئاوا، پیاوێکی ئاوا دڵ گه‌وره ، پیاوێکی ئاوا دووربین و لێبورده که سیاسه‌تی ته‌بایی و پێکه‌وه‌ژیانی له‌بری به‌کارهێنانی توندووتیژی و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له کۆنه‌ده‌سه‌ڵاتداره‌کان و کۆنه‌به‌رپرس و پیاوه‌کانی ده‌وڵه‌تی پێشوو، له نێوانی سه‌رجه‌می دانیشتوانی ئه‌وێ، گرته‌به‌ر، که به‌مه نه‌ك خه‌ڵکه‌که‌ی خۆی و دۆستانی، سه‌رسامکرد، به‌ڵکو نه‌یاره‌کانیشی. پیاوێکی به ئه‌مه‌ك و به‌وه‌فا به‌رامبه‌ر به‌و وڵات و ئه‌و گه‌لانه‌ی که له‌کاتی ته‌نگانه‌دا پشتیان تێنه‌کردن، هه‌ر ئه‌م پێزانینه‌ش بوو که چه‌نده‌ها جار له وه‌ڵامی سه‌رانی ئه‌مه‌ریکاو ڕۆژاوادا، که ته‌کیان پێهه‌ڵده‌چنی ، ده‌یگوت ” ئێمه پشت له دۆسته‌کانی ڕۆژی ته‌نگانه‌مان ناکه‌ین، ئه‌و ڕۆژانه‌ی که ئێوه هه‌موو شتێکتان به‌رامبه‌رمان ده‌کرد”. دیسانه‌وه خۆڕاگرێتی 27 ساڵ زیندانی، که 18 ساڵیان به ته‌نهایی، ژیانی زیندانێتی به‌سه‌ر ده‌برد. ئه‌مانه‌و گه‌لێك خه‌سڵه‌تی تایبه‌تی تری ئه‌و پیاوه، ئه‌و تایبه‌تێته‌ی ده‌داتێ که نه‌توانرێت نکوڵی له ڕۆلی و هه‌ڵوێستی مرۆڤانه‌ی ئه‌و له به‌رامبه‌ر هه‌ندێک کێشه‌ی ناوخۆی وڵاته‌که‌ی و وڵاتانی ئه‌فریقاو هه‌ندێک نه‌ته‌وه‌ی تر‌و ئه‌مریکاو وڵاتانی ڕۆژاوا، بکرێت.
من لێره‌دا نامه‌وێت باس له سه‌رده‌می خه‌باتی ئه‌و وANC یاخود پرۆسه‌ی وتووێژی ئه‌وان له گه‌ڵ ڕژێمه کۆنه‌که‌دا و هۆکاره‌کانی ڕودانی ئه‌و پرۆسه‌یه، بکه‌م. ئه‌وه به‌خۆی نوسینێکی تایبه‌تی ده‌وێت و ده‌بێت به کۆڵه‌نایزکردنی ئه‌و وڵاته له‌لایه‌ن بریتانیاوه ، په‌یوه‌ستبکرێته‌وه ، که له ساڵانی سه‌ره‌تای چه‌رخی پێشووتره‌وه ده‌ستیپێکرد. ئه‌وه‌ی که من له‌م کورته وتاره‌دا ده‌مه‌وێت بیخه‌مه پێشچاوی خوێنه‌ر، سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی ANC یه به مه‌ندێلاشه‌وه که هه‌ر له ساڵی 1994 وه هه‌تا هه‌نووکه‌ش جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه، تاکو بزانین پاش ئه‌و خه‌باته دوور و درێژه چه‌ندێك کاری باش بۆ خه‌ڵکانی هه‌ژار له‌وێ کراوه و لایه‌نه تاریکه‌کانی ئه‌و حوکمه‌ش کامانه‌ن.
کۆمه‌ڵگه‌ی خواروی ئه‌فریقا له‌سه‌رده‌می کۆڵۆنی و ڕژێمی ڕایسستیدا یه‌کێک بووه له‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی که نادادوه‌رێتی کۆمه‌ڵایه‌تی و نایه‌کسانی نێوانی تاکه‌کانی و چینه‌کان و توێژاڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی، که‌لێنی فراوانی نێوان ده‌وڵه‌مه‌ندان هه‌ژاران ، به‌رده‌وام له گه‌شه‌کردندا بوون. ته‌نها ئه‌وه‌نده کافییه که ئه‌وه بڵێم له سه‌ره‌ده‌می کۆڵۆنیدا خه‌ڵکانی ڕه‌شپێستی خاوه‌نی خودی وڵاته‌که بۆیان نه‌بوو به‌سه‌ر شۆسته‌کاندا بڕۆن، له‌کاتی چوون بۆسه‌رکاریاندا بۆیان نه‌بوو سواری پاسه‌کان ببن. ئه‌مانه‌و گه‌لێك سته‌می تر‌و ته‌ماشانه‌کردنیان وه‌کو مرۆڤ، زه‌مینه‌ی دروستبوونی بزوتنه‌وه‌ی ANC ، خولقاند. ئه‌مانیش وه‌کو هه‌ر پارتێکی تر که له ده‌ره‌وی ده‌سه‌ڵات بوون، مژده‌ی هێنانی به‌هه‌شتیان به هاووڵاتانیان ده‌دا، به‌ڵام کاتێک که ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست و ڕووبه‌ڕووی که‌تواره‌که ده‌بنه‌وه، پرنسپڵیان سه‌باره‌ت به هاوکێشه‌کان و گیر‌و گرفته‌کان، به ته‌واوی ده‌گۆڕرێت.
کاتێک که ANC له ساڵی 1994 دا ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست هه‌ندێك ڕیفۆرمی گرنگیان کرد، وه‌کو : دروستکردنی زیاتر له 2 ملێون خانوو ، دروستکردنی ڕێگاوبان ودایه‌نگا و باخچه‌ی ساوایان و دووقاتکردنی ژماره‌ی قوتابخانه‌کان به دروستکردنی قوتابخانه‌ی تر، به‌خۆڕاییکردنی خوێندن و خه‌سته‌خانه‌و چاره‌سه‌ری نه‌خۆش به‌بێ به‌رامبه‌ر، بردنی ئاو و کاره‌با بۆ ژماره‌یه‌کی زۆر له دانیشتوان و زیادکردنی ڕێژه‌ی مووچه‌ی خانه‌نشینی و هه‌ندێك شتی تری له‌م چه‌شنه.
ڕاسته ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه هه‌ندێك له کێشه سه‌ره‌کییه‌کانی هاووڵاتیان بوون که له هه‌مانکاتیشدا بوونه هۆی هێنانی ئیش و کار له بواری بیناسازی و ڕێگاوباندا گه‌رچی ئه‌مانه‌ش کاتی بوون، به‌ڵام له ڕاستیدا سیاسه‌تی ڕژێمی پێشووی وڵات و سه‌رده‌می کۆڵۆنی، مه‌ترسییه‌کی وایان بۆ دروست نه‌بوو به‌حوکمی ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌وه سازش له‌سه‌ر هه‌ندێک پرنسپڵی ANC کراو دواتریش له جیهانی واقیعدا فه‌رمانڕه‌وایانی نوێ ده‌ستبه‌رداری ئه‌وانه‌ی ترشیان، که ده‌یانویست بیکه‌ن، بوون. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی باری ژیان له سه‌رانسه‌ری دونیادا به خواروی ئه‌فریقاشه‌وه له گرانبوون و سه‌ختبووندابوو، قه‌یرانی ئابوری جیهانی ئه‌و وڵاته‌شی وه‌کو گه‌لێکی دیکه گرته‌وه. له‌ولاوه‌ش بارودۆخی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیساسی هه‌ندێ له وڵاته‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ش کارایی نێگه‌تیڤی خۆی له‌سه‌ر ئه‌وێش دانا، که یه‌کێك له‌وانه په‌ناهێنانی 3 ملێون خه‌ڵکی تر له وڵاتانی مالی و زیمبابۆی و وڵاتانی تره‌وه، له‌وێ خۆیانگرته‌وه. که‌واته گه‌ر چاکسازییه‌کیش یاخود ژماره‌یه‌کی زیاتری خان‌و و قوتابخانه و خه‌سته‌خانه و ئه‌وانه‌ی تر که له سه‌ره‌وه ناونوسم کردن، له به‌رامبه‌ر زیادبوونی دانیشتوانه‌که‌ی هه‌م وه‌کو هاووڵاتیانی خۆی و هه‌م خه‌ڵکانی هاتوی وڵاتانی تر، کرابێت، شتێکی زۆر که‌م بووه‌و داواکاری و داخوازییه‌کانی خه‌ڵکی گه‌ر له زیادبووندا نه‌بووبێت ، ئه‌وه هه‌ر وه‌کو خۆی ماوه‌ته‌وه.
وڵاتی خواروی ئه‌فریقا، یه‌کێکه له وڵاته هه‌ره ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی دونیا له خه‌ڵوز و زێڕ و ئاڵتون و کانزا سروشتییه‌کان و میوه و دانه‌وێڵه و گه‌لێکی تر له که‌ره‌سه‌و مه‌تیریاڵی تری به‌کار نه‌هاتوو (خام). له %80 ی زێڕ و ئاڵتونی جیهان له‌م وڵاته ده‌رده‌هێنرێت، وڵاتی دووهه‌مه له جیهاندا له به‌رهه‌مهێنانی خه‌ڵووز، یه‌کێکه له‌و وڵاتانه‌ی که شه‌رابێکی یه‌کجار زۆر به‌رهه‌م ده‌هێنن و دابینی به‌شێکی زۆری سوپه‌رمارکێته‌کانی ئه‌وروپا، به‌تایبه‌ت فه‌ره‌نسا، ده‌که‌ن. که‌چی کرێی ڕۆژێکی کرێکارێك که له کێڵگه‌و باخه‌کاندا کار ده‌کات ته‌نها 4 پاوه‌ندی بریتانی و 92 پێنسه، مووچه‌ی مانگێکی کرێکارێکی کانه‌کان له نێوانی 250 بۆ 269 پاوه‌ندی بریتانییه. خه‌ڵکان و خێزانێکی یه‌کجار زۆر تا ئێستاش له‌ژێر که‌پرو ته‌نه‌که و له‌وحدا وه‌کو خه‌ڵکانی ئاواره، نه‌ك هاووڵاتیانی وڵاته‌که، ده‌ژین.
که‌لێنی نێوانی ده‌وڵه‌مه‌ندان و هه‌ژاران ڕۆژ به ڕۆژ له فراوانبووندایه، هه‌ژاری و بێخانووبهرهیی و بێ‌کاری و توشبوونی خه‌ڵکی به نه‌خۆشی ئه‌یدز که له ئێستادا زیاتر له 7 ملێون له دانیشتوانه‌که‌ی توشبوون. کوژرانی خه‌ڵکێکی زۆر ڕۆژانه، که له ساڵێکدا زیاتر له 15 هه‌زارکه‌س دهکوژری که به‌شی زۆریان ئافره‌تانن و هه‌ندێکیش له کوژراوان پۆلیسن، 6 ملیۆن چه‌ک له‌و وڵاته‌دا هه‌یه. ڕاده‌ی هه‌ژاری له‌و وڵاته ده‌وڵه‌مه‌نده‌دا به ڕاده‌یه‌که که گرانه بسه‌لمێنرێت. به پێی یه‌کێک له ئاماره‌کان له ساڵی 2008 دا له %50 ی خه‌ڵکه هه‌ژاره‌که‌ی ئه‌وێ له %7.8 داهاتی ئه‌و وڵاته‌یان به‌رکه‌وتووه، که له کاتێکدا له %83 ی خه‌ڵکه سپییه‌که له %20 داهاته‌که‌ی به‌رکه‌وتووه، ئه‌مه له به‌رامبه‌ر له %11 ی ئه‌و داهاته بۆ هه‌مان ڕێژه‌ی خه‌ڵکه ڕه‌شپێسته‌که‌ی. ئامارێکی تازه‌ی بانقی جیهانی نیشانیده‌دات که 7 ملیۆن له خه‌ڵکه‌که‌ی داهاتی ڕۆژانه‌یان له‌ژێر 1.25 دۆلاره‌وه‌یه و 15 ملیۆنیش داهاتی ڕۆژانه‌یان له‌ژێر 2 دۆلاره‌وه‌یه، هه‌روه‌ها نیوه‌ی کۆی منداڵانی ئه‌و وڵاته له هه‌ژاریدا ده‌ژین.
ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی توێژاڵیکی خه‌ڵکه ڕه‌شپێسته‌که که جێگای توێژاڵی سپیپێستی ده‌سته‌بژێری سه‌رده‌می حوکمی ڕایسستییان گرتۆته‌وه، هه‌بوونی گه‌نده‌ڵییه‌کی زۆر به‌تایبه‌ت له نێوه‌ندی سیاسییه‌کان و سه‌رانی ANC ، بێڕه‌حمێتی و دڕنده‌یه‌تی پۆلیس له مامه‌ڵه‌یاندا له‌گه‌ڵ خه‌ڵکه ئاساییه‌که‌دا به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی که سه‌رۆکی وڵات، Zuma ، پاوه‌رێکی زیاتری به پۆلیس دا، که ئه‌م سیاسه‌ته له‌وێ به سیاسه‌تی ” ته‌قه به قه‌سدی کوشتن ” ناسراوه ، ئه‌وه بوو له 16/08/2012 ، 34 کرێکاری کانه‌کانیان که ته‌نها تاوانیان داوای مافی ڕه‌وای خۆیان بوو، له خوێنی ساردی خۆیاندا گه‌وزاند.
ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که ساڵه‌هایه‌کی دوورودرێژ خه‌باتیان دژی ڕژێمی ڕایسستی کۆن کرد و خه‌ڵکانی خوودی ANC یش، چاوه‌ڕوانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئاوایان نه‌ده‌کرد، کۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ، که ته‌نها ناو‌و ڕه‌نگی فه‌رمانڕه‌واکانیان، گۆڕاوه، ئه‌گینا سیاسه‌تی کۆن و سیسته‌می کۆڵۆنی بۆ هه‌ره زۆربه‌یان هه‌ر له‌وێدایه و ده‌ستی لێنه‌دراوه.
بۆچی سه‌رانی یه‌ک به دوای یه‌کی ده‌وڵه‌ت وANC له‌و خه‌ونه‌ی که له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌یانبینی، فه‌شه‌لیان هێنا؟
له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا وه‌کو له سه‌ره‌تادا په‌نجه‌م بۆ ڕاکێشا، دوو فاکته‌ری سه‌ره‌کی ڕۆڵی گه‌وره‌یان بینی بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی خواروی ئه‌فریقا به‌م ئاکامه بگات. یه‌که‌میان: پاشه‌کشه‌ی ANC له پرنسپڵیان و ئه‌و دروشمانه‌ی که هه‌ڵیانگرتبوون، له‌وانه: وه‌کو له به‌ڵێنه‌کانیاندا ده‌یانگوت، له به‌رژه‌وه‌ندی ” هه‌ژارترین هه‌ژاری وڵات” کارده‌که‌ن و پاشه‌کشه‌کردنیان له “Freedom Charter ” که کرۆکی سیاسه‌ته‌که‌یان و دروشمه‌کانیان بوو ، هه‌ر له دابه‌شکردنی سامانی ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان ، زه‌وی و زار، ڕه‌تکردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی ئابوری لیبراڵ، نه‌گرتنی دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ کۆمپانیا گه‌وره‌کان و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌و بازرگانی ئازاد، هێننانه خواره‌وی ڕێژه‌ی بێ‌کاری ، زیادکردنی کرێی کرێکاران له هه‌موو به‌شه‌کانی سه‌ر کاردا، بنه‌بڕکردنی گه‌نده‌ڵی و هێنانی دادوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی، نه‌هێڵانی تاوان و … گه‌لێکی تر له‌مانه.
گه‌ر ANC ئه‌م سیاسه‌ت و دروشمانه‌ی خۆیانیان جێ به‌جێ بکردایه، بێگومان تا ڕاده‌یه‌کی باش ژیانی خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌گۆڕی. به‌ڵام ئه‌مان نه‌ك هه‌ر پاشه‌کشه‌یان له‌مانه هه‌مووی کرد، به‌ڵکو که‌وتنه مامه‌ڵه‌و سازشێکی گه‌وره‌شه‌وه له‌گه‌ڵ کۆنه‌پایه و پله‌داره‌کانی حوکمی پێشووتردا که ئه‌مه‌ش فاکته‌ری دووهه‌مه له نه‌هاتنه‌دی خه‌ونه‌که‌ی خه‌ڵکه هه‌ژاره‌که‌ی ئه‌و وڵاته. له‌وانه‌ش: سازشکردنی ANC له‌سه‌ر هێڵانه‌وه‌ی هه‌ندێك له وه‌زاره‌ته گرنگه‌کانی ده‌وڵه‌تی نوێ له ده‌ستی کۆنه وه‌زیره‌کانی یا پیاوانی حکومه‌تی پێشووتردا، وه‌کو: وه‌زاره‌تی دارایی، وه‌زاره‌تی بزنس و کارکردن، وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی و سه‌رۆکی بانقی ناوه‌ندی وڵات و هه‌ندێکی تر له‌و شوێنه گرنگانه، که ئه‌مانه‌ش به‌خۆیان یارمه‌تی ئه‌وه‌یاندا که مامه‌ڵه‌کانی له‌سه‌ر یارمه‌تی و قه‌رزوه‌رگرتن له‌گه‌ڵ صندوقی دراوی نێو ده‌وڵه‌تی و بانقی جیهانیدا، کران، به‌و شێوه‌یه بڕۆن که ئه‌و دوو ده‌زگه دراوییه ده‌یانویست و له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان بشکێنه‌وه . کاتێک که ANC و سه‌رانی نوێی ده‌وڵه‌ت له ڕێکه‌وتنه‌که، به‌ئاگاهاتن، زۆر دره‌نگ بوو نه‌ده‌توانرا به‌ندوو مه‌رجه‌کان هه‌ڵوه‌شێنرێته‌وه یا بگۆڕرێت. له لایه‌کی تریشه‌وه هه‌ر ئه‌و گروپه ده‌سته‌بژێره که‌وتنه کۆمه‌کی کۆمپانیا گه‌وره‌کانی ئه‌وێ له کاتی وتووێژ کردندا که ANC پێداگریی له‌سه‌ر دانی باجی زیاتر‌و زیادکردنی بڕی تاریف ( که دانانی باجێکی پێویسته له‌سه‌ر شمه‌کی بێگانه بۆ به‌رگریکردن له شمه‌کی خۆماڵی) ده‌کرد، که له‌مه‌شیاندا فه‌رماڕه‌وایانی نوێ دۆڕاندیان. دوای ئه‌مه‌ش هه‌ر ئه‌م فه‌رمانڕه‌وا نوێیانه قبوڵی دانه‌وه‌ی قه‌رزه زۆره‌که‌ی که له‌سه‌ر حکومه‌تی پێشوو بوو، کرد. له‌مانه‌ش زیاتر، ئاماده‌بوون به‌وه‌ی که سه‌رچاوه سه‌ره‌کییه‌کانی سامان له‌ده‌ستی خه‌ڵکه که‌مه‌که‌ی سه‌ر به حوکمڕانانی پێشوودا، بمێنێته‌وه له‌ته‌ك ڕازیبوونیان به سیاسه‌تی ئابوری لیبراڵ و نیو-لیبراڵ که باوه‌شکردن بوو به مامه‌ڵه‌و بازرگانی ئازاد، خۆکردنه‌وه‌ش بوو بۆ بازاڕی ئازاد، ئاماده‌بوون و په‌یوه‌ستبوون بوو به به‌ندوو مه‌رجه‌کانی ده‌زگه دراوییه‌کانی جیهان سه‌باره‌ت به هه‌ر قه‌رزو یارمه‌تییه‌ك له‌وانه‌وه، په‌شیمانبوونه‌وه بوو له به گشتیکردنی ( به ده‌وڵه‌تیکردنی) به‌شه تایبه‌تیه‌کان، به‌تایبه‌تی کانه‌کان و هه‌ندێک له کۆمپانیا گه‌وره‌کان، مامه‌ڵه‌ی باشی بزنس له‌سه‌ر حسابی کرێکاران و کارمه‌ندان، ڕینه‌گرتن له گه‌نده‌ڵی و دژایه‌تی نه‌کردنی، لێگه‌ڕان له کۆمپانیا گه‌وره‌کان که نه‌یانده‌ویسست که‌مێک له سوودو قازانجه‌که‌یان، ببه‌خشن، له پێناوی گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵگه‌که‌دا به دروستکردنی چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك له‌نێو خۆ‌و ده‌ره‌وه‌دا، هه‌روه‌ها عه‌فوو کردنیان له ده‌ستگرۆییکردنی ده‌وڵه‌ت له دانه‌وه‌ی کۆنه قه‌رزه‌کان، ڕێگه‌دان به گواستنه‌وه‌ی بنکه‌ی کۆمپانیا گه‌وره‌کان بۆ وڵاتانێکی تر، که هه‌ندێکیان وایانده‌زانی به‌هاتنی حکومه‌تی تازه به‌رژه‌وندییه‌کانیان ده‌که‌وێته مه‌ترسییه‌وه ، بۆیه هه‌ر له‌سه‌ره‌تادا، هه‌ندێکیان ڕه‌ویان بۆ شوێنه‌کانی تر، کرد. ئه‌مانه‌و زۆری تر که ANC سازشیکرد له‌سه‌ریان.
ئه‌م بارودۆخه‌ی که ئێستا له‌وێ به‌رقه‌راره، به‌ڵگه‌ی کورتێتی ته‌مه‌نی ANC و فه‌شه‌لهێنانی سیاسه‌تی لیبراڵ و نیو-لیبراڵه، که هاوکاتیش له سه‌رانسه‌ری جیهاندا بزوتنه‌وه‌ی گه‌نجان و لاوان له خۆپیشاندان و داگیرکردن و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنه‌کاندا، له پێشه‌وه‌چوندایه، که ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی ئاشکرای دوو دیارده‌یه، یه‌که‌میان دیارده‌ی تێشکانی سه‌رجه‌می سیاسه‌تی لیبراڵ و نیو-لیبراڵن، دووهه‌میشیان بڕوانه‌مان و له‌ده‌ستدانی متمانه به سیاسییه‌کان و ڕۆڵی پارت و ڕێکخراوه سیاسیه‌کانه له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی به‌دناوی هه‌ڵبژاردنی دیمۆکراسیانه. بۆیه وڵاتی خواروی ئه‌فریقاش ناتوانێت له‌مانه به‌ده‌ر بێت به‌تایبه‌ت له کاتێکدا که وه‌چه‌ی نوێی 2 ملیۆن گه‌نجی له دایکبووی دوای ساڵی 1994 که هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان به پارته سیاسسیه‌کانه‌وه نییه، که له ساڵی 2019 دا ئه‌م ژماره‌یه ده‌بێته زیاتر له سێیه‌کی ده‌نگده‌رانی ئه‌وێ و به ڕێژه‌ی سه‌دیش له %40 ی ده‌نگده‌ران پێکده‌هێنن و ده‌چنه ڕیزی نه‌وه‌ی یاخیبوانی ئێستاوه. ئه‌م گۆڕانه گه‌وره‌یه‌ی که له دانیشتوانی ئه‌وێدا ڕووده‌دات له‌شانی بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکیدا له شوێنه‌کانی تر، ده‌بێت خواروی ئه‌فریقا به‌ره‌و کوێ به‌رێت؟ ئه‌مه پرسیارێکه‌و سه‌ردانه‌واندنی خه‌ڵکی بۆ سیسته‌می سه‌رده‌م یا به‌گژاچونه‌وه‌ی، له ئاینده‌دا، وه‌ڵامی ده‌داته‌وه.