Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
ناوکەف …نەوزاد بەندی

ناوکەف …نەوزاد بەندی

Closed

 

 

 

 

-1-

حەزم لە پێڵاوى پاژنە بەرز بوو ..

ژمارەى پێم 38 بوو ..

بچوکترین  پێڵاوى پاژنە بەرز 40  بو ..

بە  دوو ناوکەف،

خۆم و

باوکم و

خەڵک و

پێکانم هەڵخەڵەتاند ..

 

-2-

ئێستا ،

ناو کەف لە زۆر شتا ئەبینم ،

لە وتار و

شیعر و

شۆڕش و

ئایین و

هەڵبژاردن و

خۆشەویستى و

دەستووردا ..

 

-3-

خانمان نەشتەرگەریى جوانکارى بۆ لوت و

لێو و

مەمک و

سمتیان ئەکەن ..

ئەوەیش جۆرێکە لە ناوکەف ..

 

-4-

حەوت ساڵە ،

بەردەوام پەیمانمان ئەدەنێ ،

خانووەکانمان بۆ تاپۆ بکەن .

24  خانووى عەسکەرى گەڕەکى سلێمانى ،

کە کۆمپانیاى نۆکان یەکێکیانى لەسەر تاپۆ کراوە ..

ئەم جۆرە ناوکەفە نازانم ناوى چى لێ بنێم ،

ناو کەفى ئەخلاقى ؟

ناو کەفى سیاسى ؟

ناو کەفى بازرگانى ؟

ناو کەفى دارستان ؟

نازانم ..

 

-5-

کە ناو کەف بۆ شۆڕش دادەنرێ ،

هێندە بچوک ئەبێتەوە ،

شێرەکان ئەبن بە جرج ..

سروود ئەبێ بە جڕت ..

شۆڕشگێڕ ئەبێ بە جاش ..

خۆشەویستى ئەبێ بە داوێن پیسیى ..

بازرگانى تێکەڵاوى هەموو شتێ ئەبێ :

تەنانەت ئایین و

یاساو

دەستور و

سروودى نیشتمانیش ..

 

-6-

سەردەمى بەعس قبوڵم نەکرد ناوکەفم بۆ دانێن ،

ئیتر ماستەر و دکتۆرام لە کیس چوو ..

دواى ڕاپەڕینیش ناوکەفم قبوڵ نەکرد ،

سکۆلەرشیپى چیکۆسلۆڤاکیا و

خوێندنى باڵا و

زۆر شتى تریشم لە کیس چوو ..

بەڵام ئەتوام شانازى بەوەوە بکەم ،

کە مرۆڤێکم بە بێ ناوکەف ..

( تەنها قژم نەبێ ،

جار جار ناوکەفى ڕەش ،

بۆ داوە سپیەکان دائەنێم ..)

 

 

-7-

باوکیشم 42 ساڵ مامۆستا بوو بە بێ ناوکەف ..

تەنانەت نەکرا   بە یاریدەدەری بەڕێوەبەریش..

چونکە هەتاکو بەسەر پلیکانە ئیداریەکاندا بەرز بیتەوە ،

ئەبێ بە ناوکەف خۆت بچوک بکەیتەوە ..

 

-8-

ئەگەر مێژوو نوس بوومایە ،

ئەم سەردەمەم ناو دەنا ،

سەردەمى ناوکەف ..

 

-9-

سەرنجێکى چوار دەورت بدە ..

بڕوانە بۆ ڕاگەیاندنەکان ..

جۆرەها ناوکەف ئەبینى ،

گەورە ..

بچووک ..

ڕەش و سپى ..

ڕەنگاو ڕەنگ ..

شەفاف..

ساف ..

گرنج گرنج ..

دژە باران ..

دژە بومە لەرزە ..

مقەبا..

ئەلەمنیۆم..

مس ..

زیو ..

ئاڵتون ..

پلاتین ..

جۆرى تریش ..

 

-10-

ئەو کچانەى پێش هاوسەرگیریى ،

پەردەکانیان لە کیس ئەچێ ،

پەردەى دەستکرد دادەنێن ..

(ئەم جۆرە ناوکەفە ،

ناشیرینترین ..

ترسناکترین ..

گاڵتەجاڕترین ، ناوکەفە.. )

 

-11-

ئەى ئێوە ئەڵێن چى ؟

 

nawzadbandy@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.