Skip to Content

Monday, May 6th, 2024

لە بیری تۆدام پەریسا ….هاودیر رەش

Closed
by July 8, 2013 هۆنراوە

 

 

 

ئەو دەمەی  ژیان هەراج دەکرا و

شوێنی من نەمابوو تا لە سەرەی مردندا بوەستم

ئەو دەمەی تەنیایی دەباری و 

کەلاوایەک نەبوو خەوێکی پر لە پینەی تێدا بکەم

ئەودەمە

لە ترۆپکی مەستیدا ..

ناوقەدی شەرمم شکا و دام لە دەرگای ماڵی پەریسا …

پەریسا خونچەیەک بوو لە باغی میهرەبانیەوە هاتبوو 

هاوسێی گول و هاوپۆلی مانگ بوو لە جوانی

کە دەردەکەوت سەری لە خۆر دەشێواند 

ژیریەکەی زۆر بەتەمەن بوو 

گەر جوانیەکەی ئاشکرابوایە ڤینۆسی لە پۆست لا دەدا،

پەریسا لە یەکەمین کیشوەی رووخۆشی

لە رۆژهەڵاتی سادەیی

نزیک دەریای ژیان

لە قەراغ کەناری میهرەبانیەوە دەژیا ..

هەمیشە بە چاوەکانی پێی دەگووتم ،

من ماسیەکم لە دەریایەکی پاکدا ژیاوم

گەلایەکم هەرگیز نەوەریوم

منارەیەکم حەدەسەی هیچ کامێرایەک وێنەی نەگرتووم

سێوێکم قەپاڵی هیچ کەسێکم بەر نەکەوتووە

بۆخۆتم بە بۆخۆت ..

من کە درەختی  نیگەرانی لە  دڵما رواوە

هەمیشە لە دوورەوە دەمگووت :

نازانم لە نیو چ بارگەیەکی دڵمدا بتپێچمەوە!

ئاخر بۆ کوێت بەرم پەریسا؟

من دەزانم پەیکەری حەزەکانی تۆ بە من ناتاشرێ

دەرمانی برینەکانی تۆ بە من تاڵان ناکرێ

مۆمی هەراسانی من بەستەڵەکی تەنیایی تۆ ناتوێنێتەوە 

یەختەی دوو دڵی من ناگاتە بەندەری ئاسوودەیی

دەمێکە وشک بوومە ، گەر لە زەوی خەیاڵتا دەمروێنی 

پەنجەکانی دڵم  شکاون ،دەغڵی ئاواتەکانی تۆ بە من  نادورێتەوە

لێم گەرێ لێ ..

رەشماڵی ئومیدەکانی تۆ بە من هەڵنادرێ

سیکۆتینی رووی من درزی ئەو شکانەی تۆ چاک ناکاتەوە

من شیاو نیم بۆ دۆست بوون ، نا ..

من و تۆ یەکجار دوورین لە یەک

هەرگیز یەکتر ناگرین ..

ئاخر ، من سێبەرم و تۆش خۆر..

من ئاگر و تۆش ئاو

لێم گەرێ لێ ..

دلی من باخەوان نیە هەموو گوڵەکان ئاو بدات

دڵی من وێسگەی میهرەبانی نیە

هەموو شەمەندەفەرێک  لێیەوە بوەستێ

دڵی من (با) نیە خۆی لە قژی گشت درەختێ بدا 

باخ نیە گشت گوڵێک لەناو ی بژی

خۆر نیە لە هەموو پەنجەرەیەک بدات

دڵی من زۆر ىچووکە بۆ عاشق بوون

جێگای ئەم هەموو قەرەباڵغیەی تۆی لێ نابێتەوە

دڵی من لەوە قورسترە (با) بیبات ..

لەوە رەقترە تنۆکی گریانی تۆ نەرمیکاتەوە

دڵی من لەوە هوشیارترە حەز راوی بکا

ئیدی خۆت لە دڵما مەڕوێنە

خۆم لە دەمی هەڵوەریندام

بارانی هەستت لەسەر خاکم  مەبارێنە

بیابانی دڵم ناتگرێتە خۆ

تکا ئەکەم

مەهێڵە جۆگەلەی ئومێدەکانت ،

برژێتە رووباری پر نیگەرانی منەوە

باڵندەی ئایندەی ژیانت

لە هێلانەی بێ متمانەیی من مەنیشێنەوە

کۆلارەی هەستت هەڵمەدە 

ئاسمانی من لە ئەزەلەوە داخراوە

لێم گەرێ لێ ..

ڕووی بەختت

لە ئاوێنەی شکاوی من نابینیەوە 

پێ لەو هۆگر بوونەت بنێ 

خۆت مەخلیسکێنە نێو ئاگر ..

من چەندە ترسم لە مردن هەیە دوو ئەوەندە لە عەشق

چەندە باوەرم بەپێکەوە ژیان هەیە دوو ئەوەندە بە دابڕان

تکا ئەکەم پەریسا ،

بە زەنگی چاوەکانت، 

هەستم مەهێنە سەر سفرەی ئەم عەشقە دڵ کوژە

مووی قژی ئومێدە دانەهاتووەکانم سپی مەکە

بەرلەوەی حەزەکانت نەزۆک بن ،

 قفڵێک لەم سندوقی خۆشەویستیە بدە

هەستە  تازە لە دایک بووەکەت بکوژە ..

با ئەم تەمەنی عەشقە درێژ نەبێ ..

نەوەک وەک وێستگەیەکی بێ سوتەمەنی

مناڵێکی دایک 

باخێکی بێ پەپوولە

پاساریەکی بێ هێلانە

ماڵێکی بێ چرا بمێنیتەوە ..

پەریسا لەو دەرگایە مەدە

کە دەزانی بە رووی تۆدا ناکرێتەوە

بەو شەقامەدا مەرۆ

کە  غروری پیاسەی لێ دەکات و 

تەنیایی سەرخەوی لێ دەشکێنی

ئەو پەنجەرەیە مەکەوە

کە دەزانی خۆری لێوە هەڵنایەت 

دەست بۆ ئاگر مەبە

دەسوتێی 

واز لەم رووباری دالغەیە بێنە 

ئاو بۆ ئەبەد بە تۆ دەسگیر ناکرێ ..

ئاخ لە دەست تۆ پەریسا ئاخ …

من خەریکی دانانی پرسیارەکانی دابران بووم 

کەچی تۆ لەو سەری وونبوونەوە هاتی و

لە شەوێکی پایزیدا داتەوە لە دەرگای دڵی من ..

لەو ساتەی هاتی نەمامی بەڵێنت لە دڵی مندا رواند

گشت پرسیارەکانت شیکار کردن

تۆ لە عەشقدا چەندە قوتابیەکی زیرەک بووی پەریسا !

لەو کاتەی هاتی و

 خۆری هەستت رووە و گوڵی من نارد

خاکی منت پر کرد لە بۆنی ئومێد 

هەر ئەو دەمە گۆرام گۆرا

لەو کاتەوە هەست ئەکەم 

هەر شوێنێک تۆی لێ نەبیت ژیان لێی دوورە

هەر شەوێک تۆ دەرکەوی مانگ کز دەبێ 

هەر باخێک تۆ بۆی برۆی لەجوانی خۆی تەریق دەبیتەوە

هەر چاوێک تۆی نەبینیبێ ژیان بەلایدا رەت نەبووە

پەریسا گەرەکمە بڵێم 

بۆ ئەبەدی شوێنت دەکەوم ..

گەر تۆ ئاسمان بیت 

دەبم بەباڵندەیەک و فرین دەبێتە پیشەی ئەبەدی من

گەر ئاو بیت 

ماسیەکی هاروهاج دەبم و لە قوڵاییتەوە مەلە دەکەم

گەر باران بیت دەبم بە زەوی و ببارێ سەر دڵی وشک هەلاتووم 

گەر گوڵ بیت دەبم بە پەپوولەیەک و لەسەر دلی تۆ دەنیشمەوە

گەر دەبیت بە با ، خۆم لە گەلای گشت درەختەکان هەڵدەسووم

تا کاتێ دێی ، بۆنی خۆشەویستی من بکەی 

گەر مانگ بیت دەبم بە دەریاو بەدرێژایی گشت شەوەکان نازت هەڵدەگرم 

گەر دەبیت بە شەقام دەبم بە درەخت و  نێوەندی رێگا دەگرم

ئاخر،پێم ناخۆشە تەنانەت (با)ش بەسەر تۆدا بروات..

گەر تۆ دەبی بە بەفر دەبم بە دۆڵێک و لەسەر دڵی من پاڵکەوە

گەر خۆریش هات خەمت نەبێ رێگە نادەم وازوو تۆ بتوێنێتەوە

شوێنت دەکەوم پەریسا 

روە و بیابان برۆی دەبم بە دۆستی لم و بەسەرما بازبدە

ڕووە و دەریا برۆی دەبم بە کەنار و لە دەروازەی منەوە ئاشنابە بە ئاو

پەریسا گەر تۆ قەبر بی دەبم بە دۆستی مردن و دەتگرمە باوەش

گەر ئاسنگەر بیت دەبم بە ئاسن و بە دڵی خۆت بمکوتەوە

تەنانەت ئەگەر چەتەش بیت ، دەبم بە شمشێری دەستت و

لە پەنجەکانت  نابمەوە 

پەرسا ، پێم بڵێ ..

تۆ لە کوێوە هاتووی ؟

هیچ گوڵێک وەک تۆ 

هێندە  پەپوولە بە چواردەوری نەخولاوەتەوە

پێم بڵێ .. 

چ باغێک شکۆفەی لە چەشنی تۆ دەدا

کە بەهار دێتە دەر جل و بەرگی تۆ لەبەر دەکا

خۆر کە هەڵدێ بەر لەهەموو شتێ نیو چەوانی تۆ ماچ دەکا

تۆ دەچیتەوە سەر کامە دارستانی ژیان  ..

هیچ درەختی گەڵای وەک تۆی لێ هەڵناوەرێ

پێم بڵێ پەریسا ..

تۆ هیچ جارێک میوانداری پەشیمانی بووی

لە خۆبای بوونت سەر بریوە

تا لە دلەوە بە کەسی بڵێێ بمبوورە..

تۆ رۆیشتووی بۆ دڵدانەوەی مناڵێکی بێ دایک

رۆژمێری هیچ کەم ئەندامێکت هەڵداوەتەوە

هێچ جارێ ئاورت داوەتەوە لە چاو چنۆکی مردن

هیچ جارێ گوارەکانت لی کەوتوون لە نێو بازاری نیشتیمان

تا بزانی باڵندەکان گشتیان کۆچ ناکەن

باران هەموو شالێک بە یەک ئەندازە نابارێ 

لە خۆوە چڵی درەخت ناشکێ

گوڵەکان گشتیان وشک نابن 

ئەوەی کۆچ دەکات پەیمانە

ئەوەی دەبارێ درۆیە

ئەوەی دەشکێ دڵی مرۆڤەکانە

ئەوەی وشک دەبێ وەفایە وەفا ..

پەریسا ، شەرم تەلی گیتاری ژیانی هەموومانی پساند

سەفەر قوژبنیکی نەهێشتەوە خەماکانی لێ هەڵگرین

بێ دەنگیمان هێندە باڵا کورتەبووە،مێرولەکان سەری لی دەر دەکەن

پەشیمانی عومری هەموومانی بەتاڵان برد

چاوەروانی لەگەڵ خۆی بردین،

تا ئەو دەگەرێتەوە 

نۆرەی مردنە لەگەڵ خۆیمان بات، 

دوو دڵی ماڵی هەموومانی وێران کرد پەریسا ..

منێک بە ڕەچەلەک لە توخمی بەرد

چاوەرێ نەبووم پەنجەرەی هەستم بۆ خۆری تۆ بکرێتەوە

ئەمێستاکە 

ئەو کاتانەی تۆ نابینم 

وەک نیگار کێشێک کە پەنجەکانی دەشکێن 

وەک گوڵێک کە تیشکی خۆری پێ ناگات 

وەک ماسیەکی لە کەنار فڕێ دراو

چاوەرێی مردن دەکەم..

دووری تۆ دەمروخێنی 

وێلم دەکات لە ژیان و 

کەرەتەکانی مردنم پێ دەژمێرێ

پەریسا ..

شارەکان،رێگاکان ،گولەکان،هاورێکان….

هەموویان لە ناو چاوما دەژین،

بەڵام تۆ لە نێو دڵمدا دەژی دڵ..

گەر هەموو باخەکان وشک بن و گولێک نەبێ پەپوولەکان بگرێتە خۆ

گەر خۆر بگیرێت و زەوی بۆ هەمیشە تاریک بێ

گەر زەوی ون بێت و بەفر شوێنیک نەدۆزێتەوە ببارێتە سەری

گەر دەریا وشک بێ و هەموو شەپۆلەکان بمرن

من هیچم بەسەر نایەت 

بەلام ئەو رۆژانەی کە تۆی تێدا نابینم 

هەست بە مردن دەکەم ..

پەریسا ، خەراپ دەستگیرت کردم خەراپ ..

ناوت لە پارکی تەنیایی دەرهێنام و خستمتە بەندیخانەی عەشقەوە

بە دەنگێکی گریان لە قورگ قەتیسماو ، بێ دەنگیت کون کون کردم 

گەڵای گۆشەگیریت لەم پایزی عومرە بەشنەبای عیشق هەڵوەراندم

بە تاڤگەی جوانیت پەشیمانیت پاک کردمەوە و

لە سەحرای دڵما، قوژبنێکت نەهێشتەوە تەنیایی لێ راکشێ

پەریسا ، ئەوانەی  بۆ مردن چوون  نەگەرانەوە

ئەوانەی بۆ ژیان هاتن  بە چرای گومانەوە  پوکانەوە

کەس لەم دنیا فانیە نەگەشت تا من لێی تێ بگەم  ..

نازانم باسی چ نیشتیمانێکت بۆ بکەم ! 

لێرە پۆستەچیەکانی شار 

تەنیا هەواڵی دابران دەگەیەنن

فرۆشیارەکان درۆ دەفرۆشن و   

کریارەکانیش درۆ دەخۆن ،

بە ئاشکرا جگەرە فرۆشەکان 

سەرەتان بڵاو دەکەنەوە

لێرە پینەدۆزەکان بێزاربوونە

‌هێندەی پێلاوی خیانەتکاران بدورنەوە

ئێستاکە جلو بەرگ ، کە متر لە ئافرەت ..

هەراج دەکرێ 

ئازادی ، لە مریشک زیاتر

سەری دەبردرێ ..

ئیدی تا ئەم زەویە وا بخولێتەوە 

ئێرە بۆ ئیمە جەهەنەمە و

بەهەشتی دزەکانە ..

قوتابخانەی نەفامەکانە و

شێتخانەی زاناکانە

پەریسا ..

مانەوە لە ژێر درەختێکا 

گرنگترە لە گەران بە دوای دارستانێک

ماچکردنی گوڵێک

بە سۆزترە لە باوەشی  باخێک 

ئەو دەمەی بە بێڵی داب و نەریت 

لە گۆرستانی سەفەردا گۆریان بۆ هەڵکەندین 

ئەو دەمەی زەنگی ئەم ئەوینە ئاشکرا بوو

مرۆڤانێکم بینین تژی لە رق و خاڵی لە عیشق 

دروست نازانم 

چۆن دابران دەستی بە عیشقی من و تۆ گەیشت

وەلێ گۆجانی بەڵێنەکانت لە پشتی مندا شکا پەریسا ..

تۆ گۆرستانی پەشیمانیت روخاندووم 

پەشیمانیەکی تر لە کوێ بنێژم ؟ 

کەنارەکانت رووخاندووم ژیان لەکوێوە فرێدەمە نێو دەریای مردن ؟

نازانم چۆن دەتوانی بە باڵندەی نامەبەر پێم بڵێی لە بیرم کە..

دەپرسم ،تۆ بڵێێ جێگایەک هەبی گەورەتر لە دڵی من ؟

ئاخر گەر نەبێ 

ئەم هەموو یادگاریە لەکوێ بنێژم ..

ئەم ئاگرە بەربێتە هەر شوێنێک دەیکا بە دۆزەخ

ئەم خەمە بەر هەرکوێ کەوێ ، رۆ دەچێ 

ئەم دڵ تەنگیە بەر بەهار کەوێ دەیکا بە پایز

بەر لەوەی پەلە گیای لە خۆبای بوون لەسەر دڵم بروێ 

گەرەکمە ئەو راستیەت پێ بڵێم 

کە ناونیشانی هەموو داڵغەکانم تۆی پەریسا…

لەهەر کوێیەکی ئەم زەمینە بیت ..

دوور یان نزیک ،

هەستەکانم وەک ئەسپ بەدوای تۆدا ڕا دەکەن..

دڵم وەک مێو خۆی لە درەختی دڵی تۆ گرێداوە،

پەریسا ..

تکا کانم لافاوی رۆشتنی تۆیان رانەگرت..

تیشکی هەستم خونجەی گەرانەوەی تۆی نەگەشاندەوە

لەوەتەی تەنیای بۆتە دەسگیرانم 

هەست دەکەم هێشوێکم خەریکە رزی دەبم و

باخەوان دەستی پێم ناگات

درەختێکم گەڵای بێزاری دەدەم و

بای مردن ناموەرێنی

رووبارێکم گشت جۆگەلەکانی بێ هیوایی 

دەرژێنە ناوم …

پەنجەرەیەکم هەمیشە داخراو

دەستێک نیە بمکاتەوە ..

ئێستاکە ، تەنیام

وەک گولێک لەدەمی هەلوەریندا

تەنیام

وەک ئاو 

درەخت ئاو ئەدەم کە گەورە بوو گەلاکانیم تێ ئەگرێتەوە

گوڵ ئاو ئەدەم باسی زەمەنی وەرینی خۆیم بۆ ئەکات

من هەر ئەرۆم و تەنیایم  تەواو نابێ

تکا ئەکەم  پەریسا ..

لە سوچێکی ئەم وەرزی تەنیایی بارینە دەرکەوە 

گیانی چاوەروانی من مەخەرە کورەی نائومیدیەوە ..

چۆن رێبوارێکی تینوو بەدوای کانیەکدا وێلە منیش وێلم بە دوای بینینی تۆ

کە تۆ دووری دڵم لەهێلانەیەک دەچێ  لە دەمی باران باریندا روخان بەرۆکی بگرێ

لە پەرژینێک دەچم مردن هەوڵی روخانی دەدات

ئێستا دەزانی ؟..

لەسەر خۆیم لە  ژماردن نایەت،

گەرنا کێ بەرگەی ئەم هەموو دل رەقیەی تۆی دەگرت پەریسا،

زەمەنێکە لەم ماڵە گەورەکەی مندا لە بری تۆ تەنیایی دێتە ژوورێ

لە بری پەنجەکانی تۆ خەم دەگرمە دەست

لە ترسی نەبینینەوەی تۆ خۆم بە کوچەی خەیاڵ دادەدەم

تۆ نازانی چۆن دەژیم گەرنا ئەم هەموو کەرەتی چاوەروانیەت پێ نەدەژماردم

لێرە لە نێو ئەم هەموو بێ دەنگیەدا

جگە لە تەنیایی کەس گوێ بۆ گۆرانی پر لە هەراسانی من ناگرێ

کەس نیە لە دەرگای بێدەنگی یە  بە ساڵاچوەکانی من بدات

کەس نیە سڵاوێک لە ئومێدە نا غرورەکانی من بکات

کەس نیە وەک تۆ لە دڵەوە پێم بڵێ : بیرت دەکەم ..

پەریسا ،هەموو کات نزا ئەکەم شەپۆلێکی ژیان 

تۆ بۆ لای من بێنێتەوە

نزا ئەکەم

ئەو پەنجانە بشکێن کە پەرچەمی خۆشەوسیتی تۆیان بڕی

کوێربن ئەو جاوانەی تۆیان خستە سەر رێگای دابران ..

بروخێ ئەو شاخەی پەنجەناسکەکانی تۆی بەسەرا رۆشت ..

دوور لە تۆ 

لەم زەمەنە تژی لە داڕمانەدا

پەپوولەی هەستم لە هیچ کوێیەک نانیشێتەوە

گولی خەندەیەک لە خاکی دڵما سەرهەڵنادات

هێلانەی هەستم هیچ باڵندەیەکی لەسەری نانیشێ

جۆگەلەیەکی ئومێد نارژێتە رووباری دڵمەوە 

پەریسا..

نازانم لە کامە دووشەمەی تەماوی

دواجار بەیەکەوە دانیشتین

تۆ تژی لە ترس ، باسی ‌داڕمانی ئومیدەکانت ئەکرد و

منیش بە ماچ کەلاوە کاولبووەکەی دڵتم چاک ئەکردەمەوە 

تۆ  مۆسیقای پەشیمانیت ئەچڕی و 

منیش گۆرانی خۆشەوسیتی ئەبەدیم بۆ ئەگووتی

تۆ واژۆت لەسەر دابران ئەکرد و

منیش بەڵێنم تۆخ ئەکردەوە

تۆ باسی مردنت ئەکرد و 

منیش لەترسی ئەوەی مردن گوێی لێت بێ 

ختووکەم ئەکردیەوە ،

 نازانم تیری کامە قەدەری ژیان بوو

کەوتە نیوان دڵی من و تۆ

وەلێ پەریسا ..

رقم لە مردنە لە شوێنێک کە بۆنی ژیانی تۆی لێ بێ

لەهەر کوچەیەک یادگاریەک هەبێ حەز ناکەم با بەو نێوەندەدا تێپەربێ

شوێنێک تۆی لێ بوو بێ حەزناکەم تیشکی خۆری لێ بدات

دڵی منیش گەر ئەو پەیمانە دەشکێنێ

لام باشترە ئیدی خۆی لە ژیان هەڵنەسوات 

دڵی من گەر تۆی تێدا نەبێ

لێی گەرێ با لێ نەدات ..

دڵی من گەر لە بیری ئەوەدایە تۆ لە بیر کات

لێی گەرێ لێ، با مردن بێ داگیری کات

 

 

هاودیر رەش 

٢٠١٣

 

 hawder_rash@hotmail.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.