Skip to Content

Saturday, May 4th, 2024
دیوانی سبەینێی دوێنی-ی نەزەند بەگیخانی …

دیوانی سبەینێی دوێنی-ی نەزەند بەگیخانی …

Closed
by July 10, 2013 ئەدەب

 

 

دیوانی سبەینێی دوێنی-ی نەزەند بەگیخانی

لە گۆشەنیگای دانیێل لوڤێرس-ەوە

ئامادەکردن و وەرگێرانی

هەردی مێد

 

لە رۆژانی رابردوو لە پاریس-ی پایتەختی فەرەنسا دیوانی ”سبەینێی دوێنی” ی ژنە شاعیری کورد نەزەند بەگیخانی بە زمانی فەرەنسی و بۆ یەکەم جار لە ٣١مین فیستیڤاڵی شیعری ‘مارشی دولا پۆێزی’ نمایشکرا. ئەم دیوانە لە لایەن هەردوو ژنە شاعیری بەناوبانگ نیکۆل باریێر و کلۆد بێر-ەوە بە هاوکاری نەزەند بەگیخانی وەرگێرراوەتە سەر زمانی فەرەنسی و لە چاپخانەی “لێزێدیسیۆن دو لەماندیێ” بڵاوکراوەتەوە. شیاوی باسە، ئەم دیوانە گەر یەکەم نەبێت، ئەوا دانسقەترین دیوانی شعری کوردیە کە بە زمانی فەرەنسی بڵاودەبێتەوە و بەم شێوەیە پێشوازی لێدەکرێت.

پێشەکی ئەم دیوانە لە لایەن شاعیر و رەخنەگری فەڕەنسیی دانیێل لوڤێرس-ەوە نوسراوە. ناوبراو پرۆفیسۆری ئەدەبیاتە لە زانکۆی فرانسوا رابڵێ لە تووغ و ئەندامی ئەکادیمیای مالارمێ-یە. بە خوێندنەوەی پێشەکیەکە خوێنەر تێدەگات کە ناوبرا خاوەن چ سەلیقەیەکی جوانی ئەدەبی و چ تەرز و دونیابینیەکی نایابە لە گوزارشتکردن لەو دەقەی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. بێگومان، بەهای ئەم پێشەکیە هەر لە سەلیقە و تەرزی ئەمەوە نییە بۆ شعرە خەباتگێرەکانی نەزەند بەگیخانی، بەڵکو لە تێگەشتن و چوونە ناو قوڵایی ئەم دەقەوە و پەیبردنە بە ناوەڕوەک و پەیامەکانی نەزەندی شاعیر. 

گەر هەموو فەرەنسیەکان وەک دانیێل لوڤێرس لە پەیامەکانی نەزەند بەگیخانی بگەن، ئەوا ئەم دیوانە شیعرە بەسە بۆ نمایشکردنی سەدەیەک لە مەینەتی و ستەمدیدەی گەلی کورد لە لای خوێنەرە فەرەنسیەکان. هەڵبەتە، یەکێک لە گرینگیەکانی ئەم دیوانە ئەوەیە، نەزەند بەگیخانی، لە ناو بۆتەی ‘گەل’دا، واتە لە ناو کۆدا، تایبەتمەندیەکانی لە بیرناچێت و ئاماژە بە مەینەتی یەک بە یەکیان دەکات. بە مانایەکی دی، تایبەتمەندیەکان لە گشتدا ناتوێنێتەوە و لە ناو بۆتەی گەلدا باسی مەینەتی ژن، منداڵ، پیر و گەنج دەکات. بەگیخانی رەهەندە نەتەوەییەکە بە سەر ئەوانی دیدا ناسەپێنێ و بە چاوی هەمەلایەن و فرەرەهەندەوە ئاوڕ لە دوێنی  و بکەرەکانی دەداتەوە.

لەم گۆشەنیگایەوە، ئەوەی بۆ سۆسیۆلۆژیا گرینگە لەم دیوانەدا ئەو فیگەرەیە کە لە نێوان و دوێنی و ئەمڕۆدا دەژیت. ئەم فیگەرە بکەرێکی نامێژوویی نییە، بەڵکو کاریگەرە بە دوێنی، هاوتا بە ناوەکی و بەرجەستەی کردووە و بۆتە بەشێک لە سیستەمی زەینی ئەو تا ئەو شوێنەی دەتوانین بڵێین تارادەیەک لە ژێر حەتمیەتی دوێنێدایە. دوێنی مێژوویەکی سڕاوە نییە، بەڵکو لە فۆرمی سیستەمێک لە ئامادەگی توانای ئاراستەکردن و دارشتنی ئاکار و گوتاری ئەوی لە ئێستادا هەیە.

بەڵام، ئەمە بەو مانایەش نایەت کە دوێنی لە ناو ئەم فیگەرەدا بۆتە سیستەمێکی مەیوو و ئێستا وەک خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە.  بە پێچەوانەوە، ئەم دەیەوێت مەودایەک لەگەڵ دوێنێدا وەربگرێت و لە رێگەی تێڕامان، خوێندنەوە و شرۆڤەکردنیەوە دەلاقەیەک بە رووی داهاتوودا بکاتەوە. راستە، دوێنی بەشێکە لەم و لە ناو ئەودا دەژیت، بەڵام دەتوانێت لێی بێتە دەرەوە و کاری لە سەر بکات. 

 دوێنی/زەمەن، هەروەک دانیێل لۆڤێرس ئاماژەی پێدەدات، کەسێتیی سەرەکی دیوانەکەیە. جا لێرەوە لێدەگەڕێم، دانیێل لوڤێرس لەم دیوانەی نەزەند بەگیخانی بدوێت. لای خوارەوە دەقی پێشەکی ئەم دیوانە کە لە نووسینی دانیێل لوڤێرس-ە و نووسەری ئەم چەند دێڕەی سەرەوە وەریگێراوەتە سەر کوردی، دەتوانن بخوێننەوە:

 

پێشەکی

دانیێل لوڤێرس

 

هەموو شتەکان، لە شیعرەکانی نەزەند بەگیخانیدا، بە دەوری کەسایەتییەکی سەرەکیدا دەخولێنەوە کە ناوی «کات»ە. کات فۆرمی تابلۆیەکی وەرگرتووە کە تێیدا نووسەر خێرا «دیکتاتۆریەتی کات» ئاشکرا دەکات. ژنێکی بەساڵاچوو لە بەردەم ئەم تابلۆیەدا دەگری و دەکەوێت، وەلێ منداڵێک گۆچانەکەی دەداتەوە دەست. ئەمە شیعری  «نامەیەک»ە و سەرنجمان رادەکێشێت بۆ رامانێکی پڕنیگەرانیی لەم تابلۆیە کە بێ هیچ پێچ و پەنایەک پێمان دەڵێت کە هەموومان پیردەبین، کە «ئێمەش دەکەوین».

سێ نەوە لەناو ئەو گالەریەی کە تابلۆکەی تێدا نمایشکراوە دەردەکەون: کەسێکی کامڵ کە شاعیرە، هەروەها ژنێکی بەساڵاچوو کە لە یەک کاتدا لە فیگەری دایکی و هەروەها نەنکیشیدا بەرجەستە دەبێت، ئەو دوو کەسەی کە چەندەها شیعری دیکەیان بە یادەوە دەنووسرێ، ئینجا منداڵێک کە کوڕەکەی خۆیەتی و ناوی یەکێک لە برا شەهیدەکانی هەڵگرتووە، کە بەهۆی جینۆسایدی شێتانەی سەرکردە عێراقییەکان لە دژی جڤاتی کوردا بوونەتە قوربانی.

«کات» لێرەدا یەکەیەکی ئەبستراکت یان پێوەرێکی مێژوو نییە. بەڵکو وەک خوێن بە جەستەی گەردوونێکی مردوو، پارچەپارچەکراو و تا رادەیەک لەبەریەکهەڵوەشاوە پەرشوبڵاوبۆتەوە. 

ئەگەر نەزەند بەگیخانی ناونیشانی «سبەینێی دوێنی» دەکاتە سەردێڕی دیوانەکەی، ئەوە دەیەوێت ئەوە دەربخات کە هەموو شتێک لەناو چارەنووسی خۆی و گەلەکەیدا، گەلی کورد، گوزارشت لە “دوێنێ”یەک دەکەن کە سەرچاوەی بەدبەختییە. دوێنێ-یەک کە جەسووری و شەیدایی و ئیلهام کە بە شێوەیەکی گشتی هەوێنی شیعرن دەخاتە نیگەرانییەوە. 

 لەم مەملەکەتە، واتە ”دوێنی” زۆر دوورە لەوەی دەرگا بە رووی سبەینێکی ئاسوودەدا بکاتەوە ؛ ئەم زیاتر موژدەی ترسێک دەدا کە بە دوای بەدەستهێنانی سبەینێیەکدا وێڵە، سبەینێک کە لە راستیدا دەبێ بەدەستبهێنرێت، بەڵام تا لێی نزیک دەبینەوە ئەو وردە وردە وردوخاش دەبێت. زەمەنی ئێستا خۆزگەی ئایندەیەک دەخوازێت کە بەوپەڕی دڵرەقییەوە بەرەو دواوە، بەرەو رابردوویەکی ئازاراوی توڕهەڵدراوە. رابردوویەک کە بریتییە لە مەرگی براکانی، هەروەها چەوسانەوە و مەینەتیی ژنان، کە لە نێو شیعرە ئازاراوییەکانیدا ئاماژەیان پێدەکات و تەرخانیان دەکات بە قوربانیانی تاوانی شەرەف، یان لاقەکردن و دەستدرێژی سێکسی شاراوە و بێسزا. ئەم دیوانە کۆمەڵە “شیعرێکی خەباتگێڕانەن”، خەباتگێڕ بە ماناکەی رۆنێ شار- واتە شیعرگەلێک کە ئەو دۆزەی پشتیوانی لێدەکەن دەڕەتێنن لە پێناو رۆچوونە نێو رووباری ئازادی، رزگاربوونێکی گەردوونی کە تێیدا حەز و ئارەزوو تەواوی مافەکانیان تێدا مەیسەر دەبێت (”جەستەم هی خۆمە”). 

ئەو شتەی لای نەزەند بەگیخانی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە، سەرەڕای تەنگوچەڵەمەکان، رێگایەکی ئازادیخوازانەی گرتۆتەبەر، رێگایەک کە کەوتۆتە دەمی مەقاشێکەوە و بە دانێکی کە دینە و بە دانێکی دی کە سیاسەتە لە لەتکردنیدایە. نەزەند ئینگلتەرا و فەڕەنسا وەک مەنفا هەڵدەبژێرێت و هەوڵدەدات  لەوێدا ببێتە هاوژین. هەڵبەتە، ئەمەش شێوازێکە لە رێگەگرتن لە مەرگێک کە بۆ هەتا هەتایە کارایە. هەروەک ئەو دەروونناسەی، شاعیر خۆی ئاماژەی پێدەدات و دەڵێت “کاتی دڵتەنگی سەردانی گۆڕستان بکەن، دەشێ گۆڕستان ئاسوودەتان بکات”. نەزەند بەگیخانی هەمیشە ئەوە دەزانێت کە “لە نێوان ژیان و مەرگ هێڵێکی تەنک هەیە”، شیعریش لە سەر ئەم هێڵە باریکەدا دێتە وجود. هاوتا گۆڕستانێکە کە پێویستە هەوڵبدەین پێیدا تێپەڕبین بە یاوەریی کۆمەڵێک بەهای مرۆڤایەتی کە فراژوومان دەکەن، وەک: هاوڕێیەتی، ئارامییەکی پڕئاشتی و هێمنی، هەروەها خۆشەویستی، خۆشەویستی و عەشق، ئینجا تەنها عەشق. بەڵام، لەگەڵ ئەمانەدا مەترسی شکستی و غەریزە کوشندەکان سەرهەڵدەدەنەوە. لە ناو شیعرێکی جوانی بە ناوی ‘کەوتنە ناو خۆشەویستی’، شاعیر بە شێوەیەکی ناوێزە باس لە لایەنی پۆزەتیڤانەی ”عاشقبوون” دەکات کە زۆر خێرا ئاوێتەی کەوتن دەبێت، خۆشەویستی کە دەکەوێت، دەمرێت و دەبێتە گۆڕ/گۆڕستان.

شیعرەکانی نەزەند بەگیخانی لە ”گۆڕستان” نزیکن، ئەمەش بە ماناکەی مالارمێ. واتە لە رێگەی مەرگەوە یادکردنەوە و ژیانەوە، ئیحتیمالی هاتنی سبەیینێک کە روو و رووخساری خودا وەردەگرێت گەڵاڵە دەبن. خودای رزگارکەری ئینجیل، یان ئەو رووناکییە خوداییەی کە ”نور”ی قورئان بەرجەستەی دەکات. وەک تاراوگەنشینێک، شاعیر  هەڵدەستێت بە تێکەڵکردن و لەئامێزگرتنی کۆی رەوتە روحانیەکان، هەروەکو ئەوەی لەهەمان کاتدا ناچاریشە لە نێو چەند زمانێکی بیانیدا گوزەر بکات و بیانکاتە زمانی رۆژانەی خۆی (وەک ئینگلیزی و فەڕەنسی)، هاوتا لەگەڵ زمانی دایکیشی کە “ئەوەندە نەسرەوتە ئەستەمە بێدەنگ بکرێت”. بە هەر حاڵ، زمانێک لە سەر زمانێکی دی کەڵەکە دەبێت بەرەو ئەفراندنی ئاواز، بەرەو سرود.

واپێدەچێ کە فەڕەنسیەکەی نەزەند بەگیخانی وەک زایەڵە بە حەقیقی دەنگبداتەوە بەوەی ئێمەی ئاوها بەرەو دوێنێک گەڕاندۆتەوە کە پێویستە بە گەشبینییەکی بنەڕەتی و ژیاندۆستانە بیسمین. هیچ  پێویست ناکات وێزە لە دوالیزمێکی سادە یان ساویلکە بگرین. سبەینێ بە بەردەوامی لە لایەن دوێنێوە تەنگی پێهەڵچنراوە. ئەوەتا هەتا یارییە ئاگرینییەکانی کاتوساتی جەژنی نەتەوەیی فەڕەنساش لرمەی ئەو تۆپانە بە یادی شاعیر دەهێننەوە کە بە سەر منداڵییدا دەبارین و ئەو زارۆکانەی بە دەوری ئەودا خەریکی چاوشارکێ بوون لە پەلوپۆ دەخست.

دڵەراوکێ لە هەموو شوێنێکدا ئامادەیە. بەڵام روانگەیەکی دووربینانە لای ئەم بۆ دوێنێیەک دروست دەکات کە سەرەڕای بە بنبەستبوونی داپیری ”تروسکاییەک ئومێد بە دونیایەکی دیکە” لای خۆی دەهێڵێتەوە، وەلێ نەوەکەی [نەزەند] دەزانێت مەخابن کە ”ئێمە ئەوە دەنووسینەوە کە لە رابردوودا بووین نەک ئەوەی لە ئایندەدا دەبین”.

لە دەستەواژەیەکی نایابدا کە پوختەی هەموو تێڕوانینەکانێتی، نەزەند بەگیخانی دەڵێت: ”بوون ساتێکی سواوە”.

بەڵێ،  مێتافۆری “سواو” جیهانی شاعیر بەرجەستە دەکات. جا ئەگەر سەردەمی منداڵی بە ”گەورەترین ساتەوەختی بەختەوەری” وەسف دەکات، دەیەوێت ئەوەمان پێ بڵێت کە کات هەرگیز بە شێوەیەکی هارمۆنی ناکەوێتە سەر رێچکەی داهاتوومان. رێچکەکان سواون بۆ ئەو کەسەی کە وەک ”سێبەرێکی سپی/ لە نێوان ئێرە و ئەوێ” خۆی پێناسە دەکات. 

رامبۆ  لە دیوانی رۆشناییدا دەڵێت: ”ئێمە ناڕۆین”، ئەو کە هەمیشە دەیوست لە رۆیشتندا بێت. لە راستیدا، “رۆیشتن” بریتییە لە راکێشانی رۆیشتنە مەزنەکە، ئەو رۆیشتنەی کە چاوەڕێی هەموومان دەکات/ کە چارەنووسی هەموومانە. ئا بەم شێوەیە پێویستە، دوور لەو رێچکانەی کە دەسوێن، ساتە کورت و بەنرخەکانی بەختەوەری  بپارێزین: بەختەوەریی منداڵێک کە لە کوردستان ”جوانی گوڵە حاجیلەکان/ لە پەنجەکانی” خۆیدا دەبینێت. بەختەوەریی کوڕێکی سێ ساڵە کە وێنەی ”هێڵێکی شین” دەکێشێت کە بەرەو دایکی چەماوەتەوە و دەیەوێت هەڵیستێنێتەوە و لە جێی ئەودا بکەوێت. پاشان بەختەوەری ژنێک کە لە کەناری  رووباری لواغ پیاسە دەکات، رووبارێکی هێوربەخش بە ئەندازەی ”ئاوازی نەرمی شمشاڵ”.

موسیقای نهێنیی شیعرەکانی نەزەند بەگیخانی-ی تاراوگەنشین لە شمشاڵێکەوە سەردەکات، شمشاڵی حوزنێکی بەرجەستەکراو بۆ ئەوەی هەم خودی خۆی روونتر ببیستێ، هەم خودی ئەوی دیکەش کە بەدەم ئاوازی خۆشی و پڕئازاری ئەم شمشاڵە خەریکی سەمایە.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.