Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
بیرکردنەوە زانستییەکان و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان

بیرکردنەوە زانستییەکان و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان

Closed
by July 12, 2013 گشتی

 

 

 

بە لێوردبوونەوە و تێڕامان لەم ناونیشانە، دەستپێدەکەم، کە پێویستی بە ڕاڤەکردن و شیکارییەکی فراوان هەیە، ئەم ناونیشانە، ئاماژەیەکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ هەڵوێستە و تێڕامان و بیرکردنەوە و پرسیارکردن لەسەری.  برواناکەم کەسێک لە سەر ئەم جۆرە ناونیشانە هەڵوێستە و تێرامانبکات ئەگەر بیرکردنەوەیەکی ڕۆشنگەریی نەبێت، قوڵنەبووبێتەوە لەوەی کە ناوی دەبەم بە بڕوای (ڕۆشنگەرێتی) و، لە نێو دڵی تازەگەرێتی بیرییدا نەبێت، زانا و بە ئاگا نەبێت لە گرفتەکانی و ناکۆکییەکانی.  واتا کەسانێک هەڵوێستەدەکەن لەسەر ئەم (ناونیشانە)، کە شارەزابن و بیرکردنەوەیەکی بلیمەتانە و قوڵییان هەبێت لەسەر ئەوەی کە بیرکردنەوە زانستییەکان نەک هەر پێیوستن بۆ گۆرانکارییە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵکو مەحاڵە گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی ئەنجامبدرێت بە بێ بوونی بیرکردنەوەی زانستییانە، کەواتە زانست و بیرکردنەوەی زانستییانە بناغە و بنچێنەی گۆرانکارییە کۆمەڵایەتییەکانە.

گرێدراوییە پتەوەکەی نێوان بیری (زانستیی و گۆڕانی کۆمەڵایەتی)، خەسڵەتێکی دیاری بڕوای ڕۆشنگەرێتییە، چ لە فۆرمە بۆرژوازییە شۆرشگێڕییە کۆنەکەیدا، ئەو فۆرمەی کە لەسەر دەستی (برۆنۆ و میکاڤیللی و بیکۆن و غالیلۆ و دیکارت و هۆبز و لۆک و سبینۆزا و ماددییە فەرنسیەکان و، ڤۆلتێر و ڕۆسۆ و ئایدیالیستە ئەڵەمانییەکان)دا هاتە ئارەوە، یان لە فۆرمە کرێکارییە شۆرشگێرێتییە نوێکەییدا لەسەر دەستی (مارکس و ئنجلز)دا هاتە ئاراوە.  ئەمە کرۆکی تازەگەرێتییە. ئەم کرۆک و ناوەرۆکە زانستییانە بە ئاشکرا و بوێرانە لە یەکەم ساتی تەقینەوەی تازەگەرێتی لە سەدەی شازدەدا ڕاگەیندرا لە لایەن: (برۆن و میکاڤللی و بیکۆن) ەوە، دوای ئەوانیش لە لایەن (دیکارت و هۆبز و لۆک و سبینۆزا و مادییە فەرنسییەکانی وەک ڤۆلتێر و کانت و فختە و هیگڵ) ەوە، دواتریش کامڵکرا،  لە لایەن (مارکس و، ئنجلز و بە گشتی کەلەپوری مارکسیی)ەوە… 

ئەم بزاوتە تازەگەرێتیی و، رۆشنگەرێتییە، لە سەدەی شازدەوە بوو بە بومەلەرزەیەکی بە هێز کە هەموو جیهانی هەژاند، بوو بە ڕووداوێک کە گۆرانکارییەکی هێندە گەورەی هێنایە ئاراوە کەوتە پێش هەموو گۆرانکارییەکانی  سەردەمەکانی پێشخۆیەوە.  بۆیە پەرچەکردارە بەهێزەکەی شتێکی سەیر نەبوو، بە تایبەتی دوای ئەوەی کە ئەم بزاوتە تازەگەرێتییە کەوتە ژێر هەڕەشەی روخانەوە کە دروشمی بڕوای ڕۆشنگەرێتی بەرزکردبووەوە، توانیی هەموو پەرچەکردارە نەرێنی  ونەیارەکان بتوێنێتەوە و بیانسڕێتەوە بە ململانێیەکی یەجگار تووند و بە سام لەسەر ئاستی هەموو جیهان.  ئەم ململانێ تووندە بووە هۆکاریی ئەوەی کە بۆشاییەک دروستبکات، ئەو بۆشاییەش لە لایەن هێزی نا عەقڵانیی و تاریکستانیەوە قۆزرایەوە و پڕکرایەوە بەو عەقڵیەتە تاریکستانیە. ئەم جەنگە بەردەوامە و، بڕواشم وایە، دەیەکانی سەرەتای سەدەی بیستویەک زیاتر تووندبوون و توڕەیی بە خۆییەوە دەبینێت بەرامبەر بە بڕوای ڕۆشنگەرێتیی و تازەگەرێتیی.

ئەمەی کە باسمانکرد، بە بڕوای ئێمە ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو پێوندییەی کە لە نێوان بیری زانستی و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتییدا هەیە ئەوە باسێکە کە لە ناوەڕۆکدا لایەنێکی بناغەییە لە لایەنەکانی بڕوای ڕۆشنگەرێتی، ئەو بڕوا گەردونییە نوێیەیە کە ناتوانرێت پشتگوێبخرێت، بە تایبەتی لە لای کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ئەمڕۆ، کە زۆر پێویستییان بە قبوڵکردنێکیی رەخنەییانە هەیە لە سیاقی گەڕانەوەییان بۆ نێوندی مێژوو و ژیانی نوێی ئەمڕۆ و پاشەڕۆژ.

پرسیاری جەوهەریی ئەمەیە: بە چ مانایەک بیرکردنەوە زانستییەکان گرێدراون بە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە پێوەری بڕوای ڕۆشنگەرێتی؟

١/  تێبینی یەکەم لەم ڕووەوە، پێوەری بڕوای رۆشنگەرێتیی جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێوەندی نێوان زانست و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان پێوەندییەکی دایلێکتیکییە، واتا پێوەندییەکی پێویست و ئاڵوگۆڕکراویشە لە نێوانییاندا. گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی مانای نییە بە بێ بیری زانستیانە. بیریی زانستیانەش نابێت بە بیرێکی زانستیانەی کامڵ ئەگەر ئامانجی گۆرانکارییە کۆمەڵایەتییەکان نەبێت، بەڵکو ئەگەر ڕەنگدانەوەی مەعریفیانەی نەبێت بۆ گۆرانکارییە کۆمەڵایەتییەکان.  هەروەها گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانیش نزیکدەبێتەوە لە بێسەروبەرەیی و بێ بنەمایی و بێ پرنسیپیی بە بێ بیری زانستییانە.

ئەوانەی کە کاریانکردوە لە داهێنانی بڕوای ڕۆشنگەرێتییدا لە سەرەتای دەستپێکردنی تازەگەرێتییەوە ئەم پێوەندییە دایلیکتیکیەییان ناسیوە و زانیویانە.  لەم بارەیەوە فرانسیس بیکۆن لە سەدەی شازدەدا دروشمە بە ناوبانگەکەی ڕاگەیاند: مەعریفە هێزە؛ هێزە لە پێناوی زاڵبوونی مرۆڤدا بەسەر سروشت و مێژووەکەیدا.  بڕوای ڕۆشنگەرێتی لە لایەن بیکۆنەوە کارێکی کۆمەڵایەتیی گۆرانکاری بوو، واتا هێزێکی شۆڕشگێڕ بوو بۆ گۆڕینی ڕەوشی مرۆڤ، یان بارودۆخی مرۆڤ.  

بیکۆن، سروشتی مەعریفە و میتۆدە ئەزموونگەرییەکەی بەوجۆرە ناساند و پیناسەکرد کە ئاماژەمان پێدا، بەوەی کە پێوەندییەکی دایلێکتیکی راستینەیە لە نێوان پێکهاتە ناوکییەکەی مەعریفەی زاسنتیانە و ئامانجە شۆرشگێڕێتییەکەی دا. 

ڕینە دیکارتیش، کە بە باوکی فەلسەفەی نوێگەرێتی ناسراوە هەمان بۆچوون و تێڕوانینی هەبوو. پڕۆژەکەی دیکارت بۆ درووستکردنی زانستێکی گەردوونی نوێ و، ڕاستینەیەک بوو بۆ گۆڕانکاریی لە ویستە مێژووییە تازەگەرێتێکەیەوە سەرچاوەیگرتبوو بە ئامانجی دانان و ناسین و زانینی جیهان وەک خۆی. ئەمەش لە مەنهەجە شیکاریی و پێکهاتەکەییدا ڕەنگیدابوەوە، هەوڵیدابوو بابەتەکە شیبکاتەوە بە ئامانجی دووبارە درووستکردنەوەی بە پێی ویستی گۆڕان. ئەمەش لە بیرکردنەوە و تتڕامانیدا بۆ عەقڵ و خود ڕەنگیدابوەوە. خود لە ناوەرۆکیدا ویستە، هەروەها عەقڵیش بە هەمان شێوە ویستە.  پێکهاتەی عەقڵیش وەک ویست دەبێت بە بنەمایی بوون.  کەواتە، جارێکیتر گرێدراوییە دایلێکتیکییەکەی نێوان بیری زاسنتیی و گۆڕانی کۆمەڵایەتی جەختدەکاتەوە. بەڵام، لەبەر ئەوەی ئەم پێوندیە لە لای بیکۆن و میکاڤیللی و دیکارت لە دەستەبژێرێکدا کورتکرابوەوە، فەلسەفەی سەدەی هەژدەهەم ڕێڕەوەێکی دیموکراتیی میللی و بازنەیەکی فراوانی لە خۆگرتبوو، بەو جۆرەی کە بەشێکی گەورەی لە گەل گرتبوەوە.  ئەمەش بە ڕوونی لای ڤۆڵتێر و رۆسۆ و دیدرۆ و ماددیە فەرنسیەکان دەرکەوت.  ئەم مەیەلە، لە سەدەی نۆزدەدا زیاتر چەسپی و لە ئەوروپادا جێگیربوو تا گەیشتە لوتەکە لە لایان مارکس و ئنجلس و لاسال، ئەوانەی وایاندادەنا کە تیۆرییە زانستییەکان وابەستەی جەماوەری زەحمەتکێش و بزواتەکەیانە کە بناغەی گۆرانکارییە کۆمەڵایەتییەکانە. وردەکارییەکانی لەمەودوا زیاتر باس دەکەین.

 

٢/  تێبینی دوەم، لەسەر ئەو بنەمایەیی کە بە پێویست گرێدانێکی دایلێکتیکانە هەیە لە نێوان بیری زانستیی و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیەکاندا. هەموو بەرهەمێکی کۆمەڵایەتی وابەستەی مەعریفەیە و مەعریفەشی لە خۆ گرتوە.  بەڵام، لەبەرئەوەی بەرهەمی پێش سەرمایەداری پشتی بە شارەزایی پیشەیی بەستبوو(وەک، پیشەی ڕاو و شوانکارە و جوتیار و وەستا) ئەمانە بناغەی بەرهەم بوون، واتا معریفەکە هەڵقوڵاوی ڕێکەوت و شارەزایی بووە، بۆیە بەرهەمی سەرمایداری لەو سەردەمەدا پشتی بە دینامیکیەکی ناوکیی مەعریفە و زانست بەستوە و بووە بە بناغە بۆی.  لەبەرئەوەی، بیری زانستیانە لە سەرمایەدارییدا هێزی سەرەکی بەرەهەمهێنانە و، سەرچاوەیەکی بناغەییە بۆ بڕیاردان و پراکتیزەکردن لە بەرهەمهێناندا و هەروەها پراکتیزە کۆمەڵایەتییەکانی تریش، بۆیە  سەرمایەداری بەردەوامنابێت بە بێ گۆڕانی بەردەوامی  ڕیشەیی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن، وەک مارکس و ئنجلز لە”مانیفێستی شیوعیدا” رایانگەیاند، کە لەساڵی ١٨٤٨ دا دەرکرا، واتا پێش ١٥٠ ساڵ لەمەوبەر. کەواتە سەرمایەداریی بەردەوامنابێت بە بێ ململانێی تەکنۆلۆجیا.  کاتێکیش تەکنۆلۆجیا بەرجەستەدەبێت لە مەعریفەیەکی جێبەجێکراوی واقعیدا، گەشەکردن و ململنێدارییەکەی پێویستیی بە مەعریفەیەکی زاسنتی ململانێدارو گەشەسەندوو هەیە.  لەبەر ئەوە دروستکردنی مەنهەجی زانستی دەبێت لەسەر داروپەردووی مەنهەجی کۆنتربێت و بیانگۆرێت بۆ بزاوتێکی کۆمەڵایەتیی و هێزێکی بەرەهەمهێنەریی سەرەکیی و سەرچاوەیەکی کۆمەڵایەتی بناغەیی، هەر لە سەرەتای سەردەمی نوێوە، واتا لە سەرەتای سەردەمی سەرمایەدارییەوە بەردەوامیی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی پەیوەستیی بە بزاوتێکی مەعریفیی زاسنتییانەوە هەیە.

٣/  بیرکردنەوەی زانستییانە، بەو پەسندییەی کە بیرکردنەوەیەکی دامەزراوەیی میژووییە لە جەوهەریدا، بەو مانایەیی کە دەرکەوتە و لە دایکبوو و گەشەسەندووی بارودۆخێکی مێژوویی دیاریکراوە، کە هاتنەوەیەک و گەڕانەوەی، بەڵکو داروخان و فەوتانی، بە هۆکاری بارودۆخێکی مێژوویی تر دێتە ئاراوە.  بەم مانایەش بیریی زانستیی خۆرسک و هەتاهەتایی نییە و، هەمیشەیی و  بەردەوامیش نییە، بەڵکو لە دایک دەبێت و گەشەدەکات و دەگاتە پلەی کامڵیی و، دەشمرێت، هەروەک هەموو ئۆرگانە کۆمەڵایەتییە مێژووییەکانی تر. لە دایکبوونی بیریی زانستیی گەورە و دیار بومەلەرزەو  شەپۆلێکی گەورەی هوشیاریی کۆمەڵایەتی درووستکرد کە تا هەنووکە لەگەڵیدا دەژین و مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین.  کەواتە بیری زانستی، شۆرشێکی هەمیشەییە لە ژیانی مرۆڤایەتییدا، لە سەردەمی نوێگەرێتییەوە کە ژیان و دیدوبۆچوونەکانی بە جۆرێک هەڵگێرایەوە کە قاچەکانی خستە سەر زەویی و سەریشی بۆ سەرەوە راگیرکرد.  بیری زانستییانە، بیرێک نییە کە مرۆڤێکی بلیمەت و لێهاتوو، یان چەند مۆرڤێکی بلیمەت و لێهاتوو لە مێشکی خۆیاندا لە دەرەوەی پراکتیزەی ژیان و وردبوونەوە لە ژیان و مامەڵە لەگەڵ دامەزراوە و شەپۆلەکانی ژیانی کۆمەڵایەتییدا هێنابێتیانەدی.  بیری زانستییانە، خەسڵەت و ئاکاری رگەز و توخمێکی دیاریکراو نییە لە مرۆڤەکان، بەڵکو توانای مێشک و هزریی گشتییە لە هەموو مرۆڤەکاندا.  پرۆسەیەکی ئالۆزی کۆمەڵایەتی مێژووییە کە گرێدراو و دەرهاتەی کۆمەڵێک کەڵەکەبووی مێژووییە لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییە ماددییە گەشەسەندوەکاندا.

 

٤/  بیرکردنەوەی زانستیی، تایبەت و تایبەت، تایبەت و گشت، گشت و گشت گرێدەدات پێکەوە بە مەنهەجێکی دینامیکیی بە شیکاریی و لێکترازان و گومان و دووبارە پێکهێناونەوە و رووتکردنەوە و هەڵبژادن و بیرکردنەوەیەکی ئەزموونگەرییانە و گەیشتن بە پێشبینیی و فراوانیی دۆخیی پیاراگەیشتن و بەدەستهێنان.  دەتوانیین بڵێین، یەکەم شارستانیی کە توانی بیریی زانستیی لە خۆبگرێت و قبوڵیبکات، بەڵکو بونیادنانی و چاودێریکردنیشی، شارستانیەتیی سەرمایەداری نوێ بوو، ئەوەش بە هۆکاری پێویستییەکانی پرۆسەی بەرهەمهێنان تیاییدا.  بەڵام شارستانییەکانی پێش شارستانیی سەرمایەداری لە توانایاندا نەبوو بۆ ماوەیەکی دیاریکراو هەڵگریی ئەو خەسڵەت و ئادگارە زانستییەبن بە کامڵی و تەواوەتی، بەڵکو هەڵگریی هەندێک لە توخم و رەگەزەکانی بیری زانستیی زیاتر نەدەبوون.  ئەو توخم و ڕەگەزە زانستیانەشییان لە چوارچێوەیەکی کۆت و بەندیی دینیی و فەلسەفی دا دادەنا بۆ زیندانییکردنی کارایی و چالاکیەکانیی.  بۆیە زانست لەو شارستانیانەدا زانستێکی کۆتکراو و لێکترازاو و وابەستەی فەلسەفە و دین بوو.  مەنهەجی زانست بە خاوێنی وەک خۆی هەڵقوڵاوی هێزە کۆمەڵایەتییە بەرهەمهێنەرە بناغەییەکەی نەبوو تا ئەو کاتەی کە توانی ئەم چوارچێوە کۆت و بەندییەی خۆی بپسێنێت و خۆی دەربازبکات لە دەستی و چوارچێوەیەکی تایبەت بە خۆی دروستبکات.  ئەوەش لە سەدەی شازدە و حەڤدەدا لە ئەوروپادا ڕووییدا، کە ناودەبرێت بە شۆرشی زانستی گەورە.  لە دوایشدا زانست توانی ناوەندی سەرمایەداری قۆرخ بکات و پێشەنگی بێت، بۆیە شارستانیی نوێ فێربوو کە چۆن خۆی لەگەڵ زانستدا ڕابهێنێت و بگونجێت لەگەڵ گەشەکردنییدا.  چوونکە سیستەمی سەرمایداری پێویستی بە بیری زانستییانە هەبوو بۆ بەدەستهینانی مەعریفەیەک لەسەر سروشت و قۆرخکردنی بە تەکنۆلۆجیا، چوونکە بنەما بەرهەمییەکەی ئەمەی کرد بە ئەرک بەسەرییەوە.  بەڵام لەگەڵ ئەوەی زانست بوو بە پێشەنگی ناوەندی سەرمایەداری بە حوکمی بەرهەمهێنانە پێشکەوتوەکەی، عەقڵانیەتی زاسنتی شۆڕشگێڕیی لە ناوەرۆکییدا نادیار و شارەوە بوو، گواستنەوەی ئەم ناوەدیی زانستییە بۆ دەستی چینی کرێکار و جەماوەری میللی نەکرا، نەبوو بە ئامرزێک بە دەست جەماوەری زەحمەتکێش و چینی کرێکاری شۆرشگێڕەوە.  هەر لە سەرەتاوە سەرمایەداری هەوڵیدا بیری زانستیی قورخبکات و سنورداریبکات تا نەگاتە کەلێنەکانی ناو کۆمەڵگای سەرمایەداری.  ئەمەش لە ڕێگەی فەلسەفەی بۆرژوازییەوە، بە تایتبەتی لە ڕێگەی تەوژمە نا عەقڵانییەکانی نێو سیستەمی سەرمایەدارییەوە. بۆرژوازی لە سەردەمی سیستەمی سەرمایەدارییدا ڕووی خۆی وەرگێڕا لە بنکەی ڕۆشنگەرێتی، ئەم خۆ گۆڕین و ڕوو وەرگەڕانە لە بەشێکی گرنگ بوو لە کەلەپوریی خۆی.  بیرمەندە بۆرژوازییە شۆرشگێڕەکان هاوبەشییەکی سەرەکییانکرد تا ساڵی ١٨٤٨ لە بونیادنانی بروای ڕۆشنگەرێتییدا.  ئەوە بۆرژوازیەتە شۆڕشگێڕەکەی جارانی ڕۆژئاوایی  بوو پێش شۆرشی ١٨٤٨، کە گەشەکردنی گەیشتە ئەو ئاستەی کە خۆی گۆڕی و بەرەنگاری بڕوای شۆڕشگێڕیی بوەوە لە پێناوی سودی چینێکی سەردەست و چاوچنۆکدا، بە تایەتی دوای شۆڕشی ١٨٤٨، واتا ئەو مێژووەی کە یەکەم بزاوتی شۆڕشی سیاسی سەربەخۆی چینی کرێکار سازدرا تیاییدا.  بۆیە دەڵێم: فەلسەفە نا عەقڵانییە نوێ بەهیزەکان گەشەیانکرد، کە پێگەیان بەهێز بوو وە تووندیی و بەرامبەروەستا نەوەشییان بەهێز بوو لە سەدەی بیستدا، تا لە دەیەکانی کۆتای سەدەی بیستدا گەیشتە لوتکە، بۆیە کەوتە بەرپەرچدانەوەی کەلەپوری ڕۆشنگەریی و سنوردارکردنی لە گەیشتی بە ڕیزەکانی جەماوەر.  سەرمایەداری بەرپرسە لەو سنوردارێتییکردنە، سەرمایەداری سودی لە بیری ڕۆشنگەری کرد بەڵام بێ ئەوەی بیگوێزێتەوە بۆ هێزە شۆرشگێڕییە کرێکارییەکەی.

٥/  بیرکردنەوەی زانستییانە بە حوکمی پێکهاتە ناوەخنییەکەی دەکەوێتە بەریەکەوتن و بەرامبەروەستانەوە لەگەڵ هەموو بڕوا دینیی و فەلسەفییەکانا، بە بڕوا ڕۆشنگەرێتیەکەشییەوە کە بنەمایەکی بناغەیی پێکدەهێنێت بۆی.  بەڵام بەریەکەوتن و بەرامبەروەساتەوەی لەگەڵ بڕوا ڕۆشنگەرێتییەکەیدا یەکلاکەرەوە نییە، زیاتر لە گرژبوونەوە نزیکە وەک لە یەکلاییکرندەوە. پێویستیشە ئەوە بزانیین کە یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانی بڕوای رۆشنگەرێتی پاراستن و بەرگریکردنی زانستە لە ئایدۆلۆژیایی ناعەقڵانی.  بۆیە بە پێوندییەکی ڕەخنەگرانە ئەم ئەرکەی خۆی جێبەجێدەکات، دەستوەردەداتە نێوان ئەم دوو لایەنەوە(زانست و ئایدۆلۆژیا).  زانست و بڕواکەی یەکتری بە ڕەخنەگرتن دەپارێزن.  ئەمەش پێوەندییەکی دروستە بۆ پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونییان.  ئەمە دەربارەی بڕوای ڕۆشنگەرێتیی.  بەڵام ئەوەی پێوەندی بە بڕواکانی ترەوە هەیە، بە تایبەتی ئەو بڕوا دینییە گشتگیرییەی کە هەڵگری دیدێکی کۆنی سەدەکانی ناوەڕاستییان هەیە، پێکدادان و بەرپەرچدانەوەی یەکتری ڕوودەدات لە نێوانی زاسنتی ڕۆشنگەرێتیی و ناعەقڵانیەتیی دینی و فەلسەفییدا:  

 

ا/  چوونکە بڕواکە گشتگیرە و، هەموو دەسەڵاتێک ڕەتدەکاتەوە جگە لە دەسەڵاتی خۆی، لە کاتێکیشدا زانست ملکەچ ناکات بۆ هیچ دەسەڵاتێکی مەعریفی جگە لە دەسەڵاتە ناوکییەکەی خۆی، دەسەڵاتە عەقڵییە زاسنتییە ڕەهەند ئامێزە تیۆریی و ئەزموونگەرییەکەی خۆی نەبێت. زانست هەموو دەسەڵاتێکی مەعریفیی نهێنیی و سەلەفیی و گومانهەڵنەگرێک بەرپەرچدەداتەوە و قبوڵی ناکات، بەڵکو داندەنێت بە دەسەڵاتێکی  سیستەماتیکدا(مەنهەجی). بۆیە بەریەککەوتن و بەرامبەروەستانەوەیەکی تووند دروستدەبێت لە نێوانییاندا.

 ب/ چونکە زانست خۆی ڕادەستی هیچ بیرێک ناکات، هەرچەندە پیرۆزیشبێت، بە بێ ئەوەی نەیخاتە ژێر ڕاڤەکردنێکی تیۆریزەکاریی و لۆژیکیی و تاقیکردنەوەیەکی وردبین و بەردەوامی زانستییانەوە. یان ئەبێت بیرێکی باسکراو و قسە لەسەرکراوێکی قوڵی بۆ کرابێت لەسەر بنەمایەکی لۆژیکیی ئەزموونگەرییانەی پتەو، یان ئەوەتا فرێدەدرێتە دەرەوەی خەسڵەتە زیندوە بنەڕەتییەکەی. 

ج/  چونکە زانست، سروشت بەو مانایەیی کە دروستکراوێکی ڕووتە، قبوڵناکات، واتا بەو مانایەیی کە گوزارشتێک بێت لە خودێک یان لۆژیکێکی تاک لایەن، بەڵکو زانست وا سەیری سروشتدەکات کە قەوارەیەکی ماددی سەربەخۆیە کە دەکەوێتە ژێر یاسا و پرنسیپگەلێکی بابەتییانەوە و، ڕوخساری لەگەڵ ناوەخنییدا جێبەجێناکرێت. هەروەها زانست دانانی مرۆڤ لە دەرەوەی سروشتیش قبوڵناکات، بەڵکو بە بەشێک لە سروشتی دادەنێت. بەڵام فەلسەفە و ناعەقڵانیەتیی دینی بە پێچەوانەی ئەم تێروانینەوەن.

 د/  چونکە بڕوای بەوە نییە کە مەعریفە لە ئاسامانەوە دادەبەزێت، بەڵکو کردە و دەستکرد و ئەزموونی مرۆڤە زانا و زانستگەرەکانە کە پسپۆر بوون لە بەکارهێنانی ئامرازگەلێکی زۆردا تا گەیشتوون بە مەعریفە و زاسنت. بە پێچەوانەی نا عەقڵانیەتی دینەوە کە مەعریفە دەگێڕنەوە بۆ ئاسمان. 

٦/  کاریگەرییە پێویستییەکانی بیری زانستی، لە گۆڕانی کۆمەڵایەتییدا، لە پێوندییەکانی لە پەرەپێدان و تازەگەرێتییدا ڕوون و ئاشکرا دەبێت.  هەڵبەت مەبەستمان لە تازەرگەرێتی نوێکردنەوەیەکی بەردەوامە لە بنکەی بەرهەمهێنان و بونیادنانی و گەشەی پێوەندییەکانی بەو جۆرەی کە توانست و کاراییە نوێکانی بەرزبکاتەوە و بیگەیەنێتە باڵا. هەوڵدان بۆ تازەگەرێتی بەم مانایە خەسڵەتێکی کرۆکییە لە خەسڵەتەکانی سەرمایەداریی نوێ.  ناوەندە سەرمایەدارە گەورەکان هەوڵی تازەرگەرێتیی دەدەن بۆ پشتیوانیکردن لە پێگەکانی خۆی لە پرۆسەی نمایشکردنی کاڵاکانی و مامەڵەکردنی کڕین و فرۆشتن و پاراستنی سود و قازانجەکانی لە  بازارەکانی جیهان دا. بەڵام لایەنەکانی دەرەوەی(دەرەوەی ناوەندی سەرمایەداری)ئەگەر بە شێوەیەکی ڕووکەشیشبێت هەوڵدەدات بۆ قۆرخکردنی پێگەکان، هەرچەندە پێگەیەکی سادە و ساکاربێت، لە بازاڕی جیهانیدا و سنوردارکرابێت و پەراوێزخرابێت.  بۆیە هەوڵدان بۆ تازەگەرێتی گشتیی و گشتگیر و جیهانگیرە. ئەم جۆرە لە هەوڵی سەرمایەداری بۆ گەشە و سود وەرگرتن و تازەگەرێتی، مرۆڤ و هێزی مرۆڤ دەکەن بە بەشێک لە کاڵا و، لەسەر بەهای بازاردا وەک هەر کاڵایەکی تر مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، هەڵبەت ئەم بۆ لوانەش زیاتر لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە مرۆڤەکان و کۆمەڵە مرۆڤەکان بایی ئەوەندە هوشیارییان نییە کە خۆیان لەو نمایشکردنی سەرمایەدارییە رزگاربکەن لە بازارەکاندا. بۆیە هەموو هەوڵەکانی سەرمایەداریی زۆر جار دەبێتە هۆکاری کارەساتی مرۆیی و دواکەوتویەتیی و داڕوخان و ماڵوێرانی.  ئەم جۆرە لە تازەگەرێتی سەرمایەداری چەند بە ڕووکەش جوان و شاکارە بەڵام لە ناوەڕۆکدا ناچێتە ڕاژەی بەرزبوونەوەی بەهای مرۆیی مرۆڤەکانەوە.  

پێویستە ئەو ڕاستییە بزانیین کە تازەگەرێتی سەرمایەداریی و پێشکەوتنەکانی لە سەدەی شازدەوە تا سەدەی نۆزدە لە ڕاژەیەکی ڕاستەوخۆی هوشیارکردنەوەی مرۆڤەکاندا بوو، لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە بەها مرۆییەکان و ئازادیەکان بەرجەستەبکات و بیانکات بە مەبەست و ئامانج.  زۆرێک لە خەباتی زاناکان و فەیلەسوفەکان لەو سەردەمەدا ئەمایان بە پراکتیزەکرد. وەک جیۆردانۆ برۆنۆ، کە مژدانەی دا بە هەموو وڵاتانی ئەوروپا بەوەی کە گەردون و دروستبوونی گەردون خەسڵەتێکی ماددی هەیە و ئەم خەسڵەتەش پێمان دەڵێت ترسێک نییە بۆ نامان و فەوتانی ئەم گەردونە. گالیلۆش، باوکی فیزیای نوێ، بە دانایی و زاناییە بلیمەتییەکانی ساختەکاریی دامەزراوە دینییەکانی خستەڕوو. 

ڤۆلتێریش، دەستکەوتە زانستییە شۆڕشگێڕییەتیەکانی نیوتنی گواستەوە بۆ شەقامەکانی فەرەنسا بۆ ئامادەکردن و بەرپاکردنی شۆڕشی فەرەنسی.  لەم بوارەشدا نابێت دیدرۆمان بیربچێت کە فەرهەنگێکی بە ناوبانگی پێکهێنا کە بریتی بوو لە حەڤدە بەرگ لە ماوەی بیست ساڵدا کاریتیاکرد بۆ بەرجەستەکردنی بڕوای ڕۆشنگەرێتی و لە پێناوی بەرزکردنەوەی هوشیاریی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای فەرنسیدا تا ئاستێکی بەرزی بەرەنگاربوونەوە بۆ ئەفسانەو خەیاڵ و دەقە دینییەکان.  ئەگەر بەرزبوونەوەی ئەم هوشیاریی کۆمەڵایەتییە نەبوایە ئەوروپا ئەم پێشکەوتنە گەورە و بازدانانەی بە خۆیەوە نەدەبینی، کە تا هەنووکە وڵاتانی عەرەبی و وڵاتە داخراوەکان کەمێک نەبێت لە زانایان و هۆشیاران کۆمەڵگا بە گشتی ئەو هوشیارییەی بە خۆیەوە نەبینیوە.

٧/  بیری زانستی، بیرێکی رەخنەگرانەیە لە کرۆکیدا. بەڵام کارایی و کاریگەریی زانستی سروشتی وەک کارایی و کاریگەریی زانستی کۆمەڵایەتی نییە. زانستی سروشتی، بە ڕەخنەگرتنێکی بەردەوام مەعریفەیەک بەرهەمدەهێنێت کە پێوەندی بە بابەتەکەی خۆیەوە هەیە. واتا زانستی سروشتی بە ڕەخنەگرتن لە بابەتەکەی خودی خۆی بابەتی نوێ بەرهەمدەهێنێت. هەمیشە زانستی سروشتی دەکەوێتە ژێر ئەو بیرەیی کە بەرهەمی دەهێنێت و دەیخاتە ژێر ئەزموون و تاقیکردنەوەوە. ئەم بیرانە شیکاردەکات و تیۆریزەی دەکات بۆ پراکتیزەکردنی، بەمەش دەردەکەوێت تا چ ئاستێک گونجاوە و دەتوانرێت جێبەجێبکرێت.   

بەڵام زانستی کۆمەڵایەتی، زۆر لەمە زیاتر دەڕوات. لەبەر ئەوەی ئەمیش بەشێکە لە بابەتەکەی خۆی، وەلێ بابەتەکەی پێدراو نییە، بەڵکو دروستکراوێکی مێژوویی مرۆڤەکانە، بە بەها و پێوەری مرۆیی هەڵدەسەنگێنرێت. کەواتە باسکردن و قسەکردن لەسەری مرۆییانەیە.  بۆیە ڕاستیینە لەم بوارەدا تەنیا بابەتێکی پێدروا نییە، بەڵکو ئامانجێکە کە مرۆڤ هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات و دەخوازێت بەرجەستەی بکات.  دیسان زانستی کۆمەڵایەتی، بابەتێک بەرهەمناهێنێت لەسەر بابەتەکەی خۆی و لە خۆییدا، بەڵکە لە گۆڕینی بابەتەکەی خۆیدا بابەتێکی نوێ بەرهەمدێنێت.  واتە تەنیان بە ڕەخنەگرتن لە بابەتەکەی خۆی مەعریفەیەک بەرهەمناهێنێت، بەڵکو لە پرۆسەی گۆرانی بابەتەکەیدا بە ڕەخنەگرتن مەعریفەیەکی نوێ بەرهەمدێنێت. واتە توخم و رەگەزە ساختەو ونامۆکان و شاراوەکان لە بابەتەکەی خۆی لا دەبات و بابەتەکەی خۆی پاک دەکاتەوە.  زانستی کۆمەڵایەتی، لە دەرەوەی هوشیاری چینی شۆڕشگێڕ بابەتێک نییە کە کاری لەسەر بکرێت بۆ پێشکەوتن و بەرەوپێشەوەچوونی کۆمەڵگای مرۆیی، بەڵکو پێیوستە ئەو زانستە کۆمەڵایەتییە لە هوشیاریی چینی شۆرشگێڕدا بەرجەستەکراوبێت.  بۆیە بە تەنیا فەلسەفە بەرجەستە ناکرێت لە ململانێ کۆمەڵایەتییەکاندا لەسەر ئاستی تیۆریا.    

 

نووسینی: هشام غەسیب

لە عەرەبییەوە: جیهاد موحەمەد

سەرچاوە: حوار متەمەدن

http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=272560

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.