وه‌ڵامى من بۆ سه‌رسامى ئيبراهيمى كتێبفرۆش بۆ به‌ختيار عه‌لى
سڵاو كاك ئيبراهيم، پێمخۆشه بۆيه‌كه‌مجار به‌جدى له‌گه‌ڵت به گفتووگۆ بێم، كاك ئيبراهيم وه‌كچۆن توانيت تانه و ته‌شه‌ر بگريته ئوسلووبى نووسينه‌كه‌ى من، به پێويستى ده‌زانم ئه‌و عه‌زيه‌ته بده‌يته به‌رخۆت و سه‌ركۆنه‌ى بڕێكى زۆرى ئه‌و به‌شه‌ى خوێنه‌رانى كاك به‌ختيار بكه‌يت و لێيان بپرسيت، ئه‌رێ بێزه‌حمه‌ت ئه‌م ميزكردنه به‌سه‌ر ئيراده‌ى ئينسان و هه‌وڵى ئينسان بۆو له‌پێناوچىدا واده‌كەن. لێيان بپرسه ئه‌م بازاڕ گه‌رمكردنه‌ى سوككردنى ئينسان له‌پاى چى و بۆچ ئامانجێكى بووچه‌ڵ؟ لێيان بپرسه گه‌مژه‌یى بۆ نووسينى جددى و قسه‌ى جددى تا لێوارى خه‌ره‌ندێك بردووه؟ له‌و ئازيزانه بپرسه نا بۆت ئاشكرابێ كه ئه‌وان تواناى ته‌حليلى دێڕيكى هه‌م كاك به‌ختيار و هه‌ميش ئه‌و نووسه‌رانه‌يان هه‌يه، كه ڕه‌خنه‌ى به‌ختيار ده‌كه‌ن؟ لێان بپرسه به‌ده‌ر له‌جنێودان، وشه‌يه‌ك له‌فه‌رهه‌نگى بيركردنه‌وه‌ياندا بوونى هه‌يه؟ ئه‌گه‌ر هه‌بايه بۆچى نه‌تانخزاندووه‌ته نێو نووسينه‌كانتانه‌وه؟!
ئه‌و لێشاوه له قسه‌ى سووك له‌پاى چى و بۆچى؟ ئه‌زيزم هه‌ست ده‌كه‌م به‌ڕێزت به‌په‌له‌پڕوزكێ وه‌ڵامى منت دايه‌وه و تووشى جۆرێك له تێكه‌ڵكارى تێگه‌يشتن بووى، له‌نێوان بابه‌تى پێشوو، كه له ماڵپه‌ڕى ده‌نگه‌كان بڵاوبوويه‌وه به‌ناونيشانى ( به‌ختيار عه‌لى ئه‌و نووسه‌ره‌ى كاتێك توڕه‌ده‌بێ بير‌ى ده‌چێته‌وه نووسه‌ره), له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رنجه‌ى ئێستادا، كه هيچ نييه جگه له هۆشدارييه‌ك به ئه‌و خوێنه‌رانه‌ى سه‌رقاڵى درووستكردنى يه‌ك پاڵه‌وان و يه‌ك نووسه‌رن له‌گۆڕه‌پانه‌كه‌دا. گۆمانێكم نييه بڕێكيان ته‌نها ئه‌وكاته ده‌ست بۆكتێب ده‌به‌ن، يان ده‌يخوێننه‌وه، كه به‌ڕێز كاك به‌ختيار به‌رهه‌مێك بڵاوده‌كاته‌وه. من لێره‌دا به‌هيچ كلۆجێك باسى به‌ختيارم نه‌كردووه، به‌پێچه‌وانه‌وه رووى ده‌مم له‌و خوێنه‌رانه‌يه، كه قوودره‌تى ئه‌وه‌يان نييه، كه ئه‌و جادووه‌ى نووسه‌رێك لێيان ده‌كات به‌تاڵى بكه‌نه‌وه. هێز ناده‌ن به به‌ر خۆيان تاوه‌كو بتوانن، ئاسۆى بيركردنه‌وه‌يان فراوانتربكه‌ن، به‌خوێندنه‌وه‌ى زياد له‌نووسه‌رو زياد له به‌رهه‌مێك، قسه‌ى من له‌سه‌ر به‌ختيار عه‌لى ناكاته به‌گژاچوونم بۆ ئه‌و، كه جۆرێك له ته‌عه‌سووب و ده‌مارگرژى لاى بڕێكى زۆرتانى خستۆته نێو هه‌ڵه‌يه‌كى زه‌ق و كوشندى بێ ئه‌نجام و بێ ئامانجه‌وه، كه پێتان وايه كوفرێكى گه‌وره‌م كردووه، كه ده‌ست بۆوه‌ها بابه‌تێك ده‌به‌م، وه‌كو خوێنه‌رێكى ئه‌و نووسه‌ره به‌به‌رهه‌مه، كه‌هه‌ميشه بۆمن جێگه‌ى گرينگى پێدان بووه. ئه‌مه‌ى ئێوه ده‌يسازێنن تێگه‌يشتێنێكه له‌دوونياى نووسيبن و خوێندنه‌وه و ڕه‌خنه‌گرتندا جێگاى نابێته‌وه، ئه‌مچه‌شنه له‌جه‌ده‌ل به‌دوونياى مه‌عريفه و بيرو ڕاگۆڕكێ ته‌واو نامۆيه و مه‌گه‌ر له‌لاى ئه‌وانه‌ى نه‌بێ، كه له‌ڕێگه‌ى وشه‌وه هه‌وڵى به‌ديكتاتۆربوون ده‌ده‌ن. ئه‌وه ئێوه‌ن كه‌وتوونه‌ته نێو زه‌لكاوى هه‌ڵه‌تێگه‌يشتنه‌وه، ئه‌وه من نيم غه‌رقى نائاگاى و نه‌زانينى حه‌جم و قه‌باره‌ى تواناكانى نووسه‌ر بووم، ئه‌وه ئێوه‌ن نووسه‌رێكتان لێ بووه به پێغه‌مبه‌رى رۆشنبيرى و ئه‌ده‌ب ، ئه‌وه من نيم نه‌توانم ئه‌و جادوو سيحره‌ى نووسه‌رێك لێم ده‌كات به‌تاڵى بكه‌مه‌وه، ئه‌وه ئێوه‌ن هێشتا مه‌ستى به‌رهه‌مى نووسه‌رێكن و به‌مزووانه‌ش پێناچێ بێنه‌وه به‌هۆش خۆتان، هه‌ڵبه‌ت له‌ڕووى بيرفراوانى و بينينى به‌رهه‌مى ديكه و نووسه‌رى ديكه‌وه ئه‌و گومانه‌م بۆدرووستبووه، كه زه‌حمه‌ته به‌سانايى قووتارتان بێ له‌و سه‌رسامييه گه‌وره‌تان بۆ تاك ڕووناكبير. ئه‌شێ به‌ختيار بۆ تۆى ئازيزو هاوبيرانى تۆ ته‌نها و ته‌نها به‌س بێ بخوێندرێته‌وه و ته‌نها داهێنه‌ر و ديارده‌بێ، به‌ڵام ئه‌مه ناكاته ئه‌وه‌ى له‌ڕێگه‌ى ئه‌م حوكمه له‌تێگه‌يشتن هه‌موومان ناچار بكه‌ن مل بده‌ين بۆهه‌مان تێگه‌يشتن. ئه‌زيزم قسه‌ى من تێگه‌يشتنى خوێنه‌رێكه، كه به‌ختيارى بۆ گرنگه، هيچ كاتيش وه‌ك به‌ڕێزتان به‌هيچ ڕۆشنبيرێكم نه‌گوتووه “له ئه‌وروپاوه گوومه‌خۆن”, ئه‌مه فه‌رهه‌نگێكه به‌من نامۆيه و هيچ كات په‌نا نابه‌مه به‌ر زمانى له‌و چه‌شنه. من كه‌ى باسى ياخيبوونم كردووه؟ كه‌ىشتێكم گوتووه ده‌رباره‌ى سه‌ركه‌شى ئه‌مه‌ت له‌كوێ په‌يداكرد ؟ كه‌ى گوتوومه ئه‌مه‌وێ ياخى بم؟ تۆ بۆ باسى شتێك ده‌كه‌ى به‌نووخته‌يه‌ك دوور‌و نێزيك پێوه‌ندى به‌باسه‌كه‌ى ئێمه‌وه نييه و به‌لايدا نه‌چووم، ئه‌م سه‌رگه‌ردانييه چييه له تێگه‌يشتن؟!! ئه‌م لكاندنى ڕسته‌يه له‌ڕێگه‌ى تيپى كاره‌باوه بۆ؟ گه‌ر له ته‌واوى نووسينه‌كه‌ى مندا وشه‌ى ياخيبوونت دۆزيه‌وه، ئه‌وا من كڕنووش بۆ ئاگاهيت ده‌به‌م. ده‌مه‌وێ به به‌ڕێزت بڵێم ياخيبوون نه خه‌ونى منه و نه بير‌ى لێده‌كه‌مه‌وه نه‌بيريشم به‌لايداچووه، ئه‌وه ڕه‌نگه ته‌فسيرێكى گشتى تۆبێ بۆ نووسينه‌كانى من و تێگه‌يشتنى من. ئيبراهيمى ئازيز ده‌رده‌دڵ نووسين و دركاندنى رازى ناوناخ، ناچێته خانه‌ى ياخيبوونه‌وه و به ياخيبوونيش هه‌ژمار ناكرێت، ياخيبوون پرۆسه‌يه‌كى هه‌م خودى و ئه‌ميش ئاڵۆزه، كێ له‌م ده‌ست به‌سه‌رى ته‌سليمبوونه به‌كۆمه‌ڵگا و به نه‌ريت جه‌ساره‌تى ته‌حه‌داى وه‌هاى هه‌يه؟ گه‌ر ڕاستبێژبم له‌گه‌ڵت، ئه‌وه‌ى ناوى خۆى ناوه ياخى هيچ نيه جگه له‌ده‌سته‌مۆيه‌كى ناچيزه. ئه‌گه‌ر واش له‌ياخيبون گه‌يشتوويت ئه‌وه كۆمديايى فه‌يسبووكه و ده‌ستى به‌سه‌ر تێگه‌يشتنه‌كانى تۆدا گرتووه.
كاك ئيبراهيمى كتێبفرۆشى ئازيز تۆ نووسيوته ( به‌ختيار عه‌لى بۆمن رووداوه), ئه‌شێ بۆ تۆيش و بۆ زۆرێكى ديكه ڕاست بێ به هه‌مان شێوه ئه‌شێ بۆ ئێمه تێگه‌يشتنه‌كه‌ت تاسه‌ر ئێسك نادرووستبێ، ئاخر به‌ناديده‌گرتنى هه‌وڵى سه‌دان نووسه‌رى كارا و خاوه‌ن ديد و خاوه‌ن به‌رهه‌م بێويژدانييه‌كى گه‌وره‌يه و جۆرێكه له غه‌رقبوون له‌ناو ده‌ريايى بێئاگايدا، گومان ده‌كه‌م ئه‌و سه‌رسامييه‌ت له تێگه‌يشتنه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتبێ به‌قه‌د ئه‌وه‌ى له‌گرێيه‌كى سايكۆلۆژى ڕووته‌وه به‌ولاوه، ئه‌مه‌ى به‌ڕێزت ناوت لێناوه “ڕووداو” بڕێكى زۆر له زياده‌ڕه‌وى له‌تێگه‌يشتنى تێدايه، چونكه كه‌م ن‌ين ئه‌و نووسه‌رانه‌ى جۆرێك له‌تازه‌گه‌رييان هێنايه نێو نووسينى كوردييه‌وه، ده‌ش‌كرا بتگوتبا به‌ختيار ڕۆماننووسێكى كه‌م وێنه‌يه له‌كوردستان، ئه‌مه‌ش به‌له‌به‌رچاوگرتنى تواناكانى عه‌تايى نه‌هاى و كاروان كاكه سوور و عه‌تا محه‌مه‌د.تاد. دياره به‌ڕێزتان به‌هۆى سه‌رقاڵبوونتان به‌فه‌يسبووكه‌وه ئاگه‌دارى به‌رهه‌مه‌كانى محه‌مه‌د كه‌مال و ئازاد حه‌مه و چه‌ندانى ديكه ن‌ين، بۆيه تووشى ئه‌و ده‌هشه‌ته گه‌وره‌يه بوون و له‌شۆكێكى گه‌وره‌دا نقووم بوون. ئه‌مه‌ى تۆ ده‌يڵێى به‌ناديده‌گرتنى كۆششى بڕێكى زۆرى ڕۆشنبيران و نووسه‌رانه له‌ساحه‌كه‌دا. به‌ش به‌حاڵى خۆم هه‌وڵى وه‌رگێڕێكم دوو هێنده‌ى نووسه‌رێكى خاوه‌ن به‌رهه‌م و خۆكردى پێ باشتره، ئاخر ئه‌وه‌ى يارمه‌تى بيرو زيهنمان ده‌دات به‌ره‌و كرانه‌وه به‌ڕووى دوونياى ده‌ره‌وه‌ماندا، ئه‌وه‌ى ده‌مانگه‌يه‌نێت به خۆرئاوا و كيشوه‌ره‌كان، ئه‌وه‌ى ئه‌و سنووره بێمه‌ودايانه‌مان بۆ ده‌بڕێت وه‌رگێڕه‌كان له‌ڕێگه‌ى وه‌رگێڕانه ئه‌و گه‌شته ناكۆتايه‌مان پێده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ خۆيان ده‌مانبه‌ن بۆ ده‌ره‌وه‌ى چوارچێوه داخراوه‌كه‌ى خۆمان، كه سنوورى وڵات و نه‌ته‌وه‌يه‌كه. نه‌ك نووسين و به‌رهه‌مى نووسه‌رێكى كورد. گه‌ر مه‌به‌ستت له‌و ميراته مێژووييه‌يه، كه باركراوه به به‌رهه‌مى ئايدۆلۆژى وناسيۆناليستى، گه‌ر ئه‌مه مه‌به‌سته‌كه‌ى تۆبێ له‌مه‌ڕ نوێگه‌رى هاوڕاتم، بته‌وێ باس له نوێگه‌رى له‌زمان بكه‌ى ده‌قاوده‌ق درووسته، ئێمه له حاجى قادرى كۆييه‌وه تا ده‌گات به‌شێركۆ بێكه‌س جگه له بێبه‌هاكردنى ئينسان جگه له فه‌وتانى به‌هاى گه‌ردوونى شتێكى ديكه‌مان وه‌ك ميراتى نووسين بۆنه‌ماوه‌ته‌وه. زمان له‌و مێژووه‌دا هيچ نه‌بووه جگه له خزمه‌تكارێكى گه‌وره‌ى ناسيۆناليزمى كوردى، زمان كۆيله‌ى كێشه‌يه‌كى نه‌ته‌وه‌ى بووه، هه‌ندێكجار زمان هێنراوه‌ته ئاستێكى نزم و ساده‌گۆييه‌كى ترسناك، باش‌ترين ئارگۆمێنتم گه‌ڕانه‌وه‌يه بۆحاجى قادرى كۆى، كه چۆن زمانى سه‌ر شه‌قام و زمانى نووخبه ده‌هێنێته هاوئاستى يه‌كدى زمانى نووسينى دابه‌زاندووه بۆ ئه‌و نزماييه. واته له‌و زه‌مه‌نه‌دا، نووسين وه‌ك كه‌ره‌سته‌يه‌ك به‌ده‌ست ميلله‌تێكى بێكه‌سه‌وه ئامرازى ناساندنى نه‌ته‌وه‌يه‌كى نه‌ناس بووه، به‌ده‌ره‌وه‌ى خۆى، زمان له‌برى په‌يام هاوارێكى نه‌بيستراوبووه. به‌كورتى له‌حاجى قادر تا شێركۆ بێكه‌س زمان نه‌بووه به كه‌ره‌سته بۆ ڕامان و بيركردنه‌وه، نه‌بووه به كه‌ره‌سته‌ى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسيارى گه‌وره و جدييه‌كان، نه‌بووه به ڕاڤه‌كارى به‌ها گه‌ردوونيه‌كان. زمانى كوردى له سه‌رده‌مانه‌دا، زمانێك بووه ئيشى ئه‌وه بووه هه‌ركه‌س له نيشتيمان و نه‌ته‌وه‌كه‌ى هه‌ڵگه‌ڕايه‌وه به‌مانا گه‌ردوونييه‌كه‌ى ئه‌وا شايه‌نى ئه‌وه‌يه وه‌ك زۆڵ ته‌ماشابكرێت. گه‌رنووسه‌رێك په‌يدابووايه و بابه‌تى ناسيۆناليزم و ئايدۆلۆژيان ڕه‌خنه‌بكردايه، يان ئه‌و دووباسه‌ى بۆ گرنگ نه‌بايه ئه‌وه به خائين و كوڕى سۆزانى ده‌هاته ژمار وه‌ك نه‌فره‌تلێكراوى نيشتيمان! كاك ئيبراهيم، گه‌ر پێتوايه ئه‌م وه‌رچه‌رخانه به‌ته‌نێ له‌سه‌ر ده‌ستى به‌ختيار روويداوه، باشتروايه بچيت كۆى نووسينه‌كانى به‌ختيار به‌وردى بخوێنيته‌وه به‌تايبه‌ت له‌و شوێنانه‌ى، كه ستايشى شێرزاد حه‌سه‌ن ده‌كات، ئه‌وكات بۆت ڕوون ئه‌بێته‌وه ئه‌م نوێگه‌رييه له‌زمان و له‌به‌رهه‌مى بيركردنه‌وه و به‌گژاچوونى تابۆ له‌لايه‌ن شێرزاد حه‌سه‌ن له‌دايك ده‌بێت نه‌ك به‌ختيار عه‌لى. بمبووره له‌هه‌ر كه‌م و كورتييه‌ك من هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ى لێ ده‌زانم وه‌ك خوێنه‌رێكى كه‌مته‌رخه‌م له‌ئاست به‌رهه‌مه جدييه‌كاندا. لێره‌دا ئيشى من سوكايه‌تى نييه به به‌ختيار و به‌كه‌سى ديكه، به‌قه‌د ئه‌وه‌ى ويستوومه بڵێم ده‌بێت كۆتايى به‌و سه‌رسامييه بهێنرێت بۆ يه‌ك نووسه‌ر، با ده‌ست و په‌نجه له‌گه‌ڵ ئه‌و تاعوونه زياتر نه‌رم نه‌كه‌ين با ده‌ستبه‌ردارى سه‌رساميمان بين به ئه‌م يان ئه‌و نووسه‌ر.
له‌گه‌ڵ ڕێزى ئه‌حمه‌د سه‌نگاوى 12/7/2013 چه‌مچه‌ماڵ
ahmadsangawe@yahoo.com