الانسان حیوان ناطق … هێمن عومەر خۆشناو
مێژ ساڵه له نێوان تیۆره فه‌لسه‌فییه‌كان و عیلمی كه‌لام و مه‌نتیقدا به رووكه‌شی تێكه‌ڵییه‌ك له نێوان مرۆڤ و حه‌یوان خراوه‌ته روو, ئه‌مه بۆته جێ سه‌رنجی قوڵ و له شێوه‌دا له زه‌ینی بیسه‌رو خوێنه‌ردا ته‌نێ ئاخێوه‌ری، خاڵی جوێكهرهوهی هه‌ردوو رۆح له‌به‌ره. به‌ڵام تا ئێستا روون نه‌كراوه‌ته‌وه ئه‌م تێكه‌ڵ بوونه بۆ؟ به قازانجی كام به‌ره ته‌واو ده‌بێ؟ هێنانه‌وه‌ی نمونه‌ی حه‌یوان له‌گه‌ڵ مرۆڤدا رۆحی مرۆڤ به‌هێز ده‌كات؟ له كاتێكدا حه‌یوان بوون له‌ناو بۆته‌ی مرۆڤایه‌تیدا نه‌نگییه‌كی گه‌وره‌یه و وا هاتووه كه ده‌بێ حه‌یوانه‌كان له خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی دا بن.
(جه‌لاله‌دینی رۆمی) ته‌ئویلێكی جوان بۆ ئه‌م وته لۆجیكییه دهكاتو پێی وایه هه‌ردوو ده‌ربڕینی حه‌یوان و گۆكردن, به هه‌میشه‌یی له مرۆڤدا هه‌ن, ئه‌گه‌ر مرۆڤێك لاڵ بێت و نه‌توانێ قسه بكات, ئه‌وا له باگیندا قسه‌ده‌كات، وه‌ك ئه‌و رێگایه‌یه كه قوڕی له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵ بووه, ئاوه‌كه گۆكردن و قوڕهكهیش حهیوانیهكهیه، ره‌نگه به‌شێك له‌و پارچه قوڕو كهستهكه خۆڵانه نه‌مێنن, به‌ڵام گۆكردن و چیرۆكه‌كانیان و باشی و خراپیهكانیان هه‌ر ده‌مێنێته‌وه.
ئه‌سڵ له مرۆڤدا بریتییه له رۆح، به‌ر له‌وه‌ی ببێته جه‌سته، رۆح بووه, تروسكایی كه‌لیمه‌ی خودای پێ گه‌یشتووه, قسه‌ی هه‌ق رۆحهكهو، قورهكهیش جه‌سته‌و ئاره‌زووه‌كانیه‌تی, زۆر جوان له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ئه‌م حاله‌ته به‌رجه‌سته ده‌بێ به‌وه‌ی حه‌ق(خودا) نێوانی رۆح و گۆكردن به‌یه‌كه‌وه په‌یوه‌ست ده‌كات، ئه‌وه عیسای پێغه‌مبه‌ره به (روح من الله وكلمته) وه‌سف ده‌كرێت، په‌یامه ئاسمانییه‌كانیش وشه‌و گۆكردنن كه له ئه‌سڵی (ئاو)ن، ئه‌و ئاوه‌ی كه به رۆحی خودا داه‌نرێ، لێره‌وه ئه‌وه‌ی له نێوان ئاسمان و زه‌ویدا بۆ مرۆڤ هاتووه هه‌ڵگری ئه‌و كهمهندكێشییه رۆحییه‌یه كه مرۆڤایه‌تی به‌م رۆحه ئاسمانییه ته‌ڕو پاراو بكات, كه له به‌رامبه‌ریدا ڤایرۆسی ئاره‌زوو و نه‌فس هه‌میشه هه‌وڵی ئه‌وه ئه‌دات ئه‌م رۆحه برووشێنێ و وه‌ك مێش و مهگهزێك به رۆحهكهوه بدات و بێ ئه‌وه‌ی وه‌ك هه‌نگ خۆی له‌گه‌ڵی بمرێت. بۆیه ئه‌وانه‌ی به‌رزده‌بنه‌وه ده‌گه‌نه پله‌ی عرووج ئه‌وانه‌ن كه نه‌یانهێشتوه ئه‌و ڤایرۆسانه تخونیان بكه‌وێت و گه‌یشتونه‌ته پله‌ی كه‌لیمه‌یه‌ك له كهلیمهكانی خودا, هه‌روه‌ك چۆن عیسا به‌م پله‌یه گه‌یشت.
له‌مێژه ریزبه‌ندی كراوه پێغه‌مبه‌ران پاشان راستگۆیان پاشان شه‌هیدان و ئینجا صالیحان، كه خه‌ڵك هیوای به‌وه‌یه له رۆژی په‌سلان دا له‌گه‌ڵ ئه‌وان دا حیساب و كیتابیان له‌گه‌ڵ بكرێ، كه‌سیش نه‌هات بلێ حیكمه‌ت له‌و ریزبه‌ندییه چییه؟پێغه‌مبه‌ران رۆح و كهلیمهو نوتق ی ته‌واوی ئاسمانیان هه‌ڵگرتووه‌و راستگۆیانیش نوتقی خۆیان پاراستووه تا پروشكی پیسی قوڕی تاوانیان به‌ر نه‌كه‌وێت و شه‌هیدانیش به قوربانیدانی جه‌سته‌یان به‌ره‌و كهلیمات و رۆح به‌رزبونه‌ته‌وه‌و لای خودایان رۆزییان پێ ده‌درێ و صالیحانیش چاكه‌یان زاڵه به‌سه‌ر خراپهیانداو به‌مه‌ش رۆح و كه‌لیماتی خودایان به‌سه‌ر جه‌سته‌و له‌شه قوڕینهكهیاندا زاڵ كردوه، ئیدی ئه‌وه رێگای دووری هه‌ردوو دونیایه‌و ئه‌گه‌ر رۆح و كهلیماتهكه له‌نێوان هه‌ردوو حه‌یواندا ره‌چاو نه‌كرێت، جیاوازییه‌كه ته‌نیا شێوه‌ی جه‌سته‌یه‌و به‌س, بۆیه سه‌ری هه‌ردوو لا (مرۆڤ و كه‌ر) و دڵی هه‌ردوولا به‌یه‌ك جۆر خولقاون, جیاوازییه‌كه ته‌نیا له‌وه‌دایه بێژین:
سه‌ر كه هۆشێكی نه‌بێ من زركهتاڵم بۆ چییه
دڵ كه جۆشێكی نه‌بێ، شوشه‌ی به‌تاڵم بۆ چییه
تیبینی: له گۆڤاری ئاینده‌سازی ژماره (13) بلاوبۆته‌وه.