Skip to Content

Saturday, April 27th, 2024
یادتان هەمیشە زیندوە … لاوژە جواد

یادتان هەمیشە زیندوە … لاوژە جواد

Closed
by July 12, 2013 گشتی

 

 

 

١٤ تەموزی ساڵی ٢٠٠٠ پەڵەێکی ڕەشە بە تەختی تەوێڵی ناسیۆنالیستی کوردەوە، ئەو ڕۆژەێە کە یەکیەتی نیشتمانی پیلانە ڕەزیلانەکەی کە چەند هەفتەێک بوو دژی حیزبی کۆمنیستی کرێکاری عێراق دەستی پێکردبوو بە سەریەنجام گەێاند. پاش ئەوەی کە بە پاڵە پەستۆ کردنی دائیرەی ئاو، کارەبا و بەدالە نەیتوانی گرفتی کارساز لە سەر هەڵسووڕانی حیزبی کۆمۆنیست دانێت، ئەنجا کەوتە چاودێری کردن و دەستگیر کردنی هاوڕێانمان هەتاوەکونێ لە ڕۆژی ١٤/٧ بە شێوەێکی دەڕەندانە گەمارۆی بارەگاکانی حیزبیانداو لە چەند لاوە هێرشیان کردە سەر هاوڕێانما و لە درێژەی ئەو کردەوە ناشارستانی و وەحشیانەێاندا بە رۆژی روناک لە بەرچاو خەڵک لە ناو جەرگی شاری سلێمانی بە بێ گوێدانە ئاسایش و ئەمنیەتی شار، لە چەند لاوە بۆسەێان دانابوو دژی هاورێێانی ئێمە، ئەوە بوو لە یەکێک لە بۆسەکاندا چوار هاوڕێمان فیشەک باران دەکەن، هەر ئەو ڕۆژ تەقە لە مەقەڕی ڕابەری حیزب دەکەن و لەوێش هاوڕێ ئومید نگبین گیان لەدەست دەدات.

بۆ هاوڕێیانم،

هاوڕێی نەمرەکانم، زۆرسەختە بتوانم یادگاریەکانم لەگەڵ ئێوە بنوسمەوە، ١٣ ساڵە بۆ یەک ساتیش نەمتوانیووە ئێوە لە یاد بکەم. چۆن بتوانم لەیادتان بکەم، بیر وباوڕی بەهێزتان، قسە خۆشەکانتان، ماندوونەناسیتان، تێگەیشتنی قوڵتان، دڵسۆزی و خۆشەویستیتا بۆ هاوڕێەکانتان و دەراوسێکانی مەقەڕی رادیۆ و ڕێز و خۆش خوڵقیتان لەگەل  منداڵانی سەر گردەکەی زەڕگەتە، هەرکامەێان وانەێکی پڕ بەهرەن بۆ مێژووی خەباتی یەکسانیخوازی کوردستان. شانازی بەو ڕۆژانەوە دەکەم کە لەگەڵ ئێوە ماوەی چوار ساڵ بەیەکەوە لەیەک سەنگەرەوە لە سەر گڕدەکەی زەڕگەتە پارێزگاریمان لە گیانی یەکتری و لە دەنگی ئازادی و یەکسانی دەکرد، پارێزگاریمان لە ڕادیۆێک دەکرد کە تاکە دەنگێک بوو لە کوردستان بۆ دیفاعی بێ مساومەو ڕاشکاوانە لە خەڵکی کرێکارو چەوساوە، دەست فرۆشەکان، ئاوارەکان، بێخانووەکان، مامۆستاێان، خوێندکاران، منداڵان، نوسەران و ڕۆشەنبیران،بۆ پشتیوانی ئازادی ڕادەربڕین، دژی تیرۆرو ڕەشەکوژی ژنان. تاکە دەنگێک بوو کە کە ڕاشکاوانە بەرامبەر شەری کۆنەپەرستانەی یەکیەتی و پارتی بانگەوازی خەڵکی کرێکارو زە‌حمەتکێشی دەکرد کە بەرامبەر بەو شەڕە بوەستنەوەو سەنگەری خۆتانی لێجیابکەنەوە بۆ ئەوەی خوێنی خەڵکی زەحمەتکێش نەکەن بە سوتەمەنی شەڕی دەسەڵاتی نێوان خۆێان.

لەبیرمە هاوینی ١٩٩٦ کاتێک من پەیوەندیم بەهێزی عسکری حیزبەوە کرد هاوڕێ ئیبراهیم محمد ناسراو بە هاوکار یەکێک بوو لە چەکدارانی حیزب، من ئەو کاتە لە دەورەی عسکری بوم، ئەوەی هەر لەسەرەتاوە سەرنجی ڕاکێشام ئەوەبوو کە هاوکار، ڕوحیەکی هاوڕێیانەو هاوکاری زۆر بەهێزی تێدابوو، لەکاتی نانخواردن زۆر بەپەلە نانی دەخوار بۆ ئەوەی بچێ هاوڕێیانی حەرەس بگۆڕێت بۆ ئەوە بێن نانەکەیان بخۆن، وەهەروەها ئەگەر هاوڕێیەک کێێشەیەکی هەبوایەو نەیتوانیبا بچێت بۆ سەر پۆستەکەی ئەوا بەبێ گوێدان بەگەرماو ماندوبون ئامادەبوو لەبری حەرەسیات بگرێت.

بەدوای کارەساتی ٣١ی ئاب و بەتاڵانبردنی ئەموالی حیزب لەلایەن پارتیوە، بۆ ماوەیەک ڕادیوی حیزب لەکارکەوت! پاش دەستبەکاربونەوەی ڕادیوی حیزب هاوڕێ هاوکار یەکێک بوو لە یەکەم کەسەکان کە ئامادەبوو بگەڕێتەوە ڕادیۆو دیفاع لەدەنگی ئازادیو یەکسانی بکاتەوە. پاش ماوەیەکی کەم برایەکی هاوڕێ هاوکار بەناوی مجید محمد ناسراو بە شێرکۆ پەیوەندی بەهێزی پارێزگاری ڕادیۆ کرد، شێرکۆ گەنجێکی بێدەنگ و لەسەرخۆ بوو تەمەنی تەنها ١٧ ساڵ بوو، کاتێک کە هاوڕێیانمان لێیان پرسی چی لەسەر حیزب دەزانیو چۆن پەیوەندیت بە حیزبەوە کرد؟ وتی من تەنها هاوکار دەناسم! هاوکار ئەوەندە ڕەوشت و هەڵسوکەوتی لەگەڵ دایکمو خوشکو براکانم باشە، ئەوەندە ئینسانی لەگەڵماندا هەڵسوکەوت دەکات، هەرگیز لێمان تورە نابێت و لێمان نادات، ئەوە وای لێکردم بێمە ڕێزی ئەو حیزبەو چەکی دیفاع لەو حیزبە بکەمە شانم، ئەو وەڵامەی شێرکۆ هەمومانی سەرسام، خۆشحاڵ و بێدەنگکرد.

پاش ماوەیەکی کەم بەهۆی لێهاتویەوە هاوکار پۆستی پارێزگاریکردنی هاوڕێی گیانبەختکردوو شاپور عبدالقادری پێسپێردرا.

هاوڕێ شاپور هەمیشە دەیوت، گرنگ نی یە سەرەی کێیەو کێدەبێت حەرەس بێت، هاوکار بەشەوا هەمیشە بەخەبەرەو ناخەوێت. دەیوت کاتێک دەموت بۆ ناخەویت؟ هاوکار دەیوت من ئامادە نیم بخەوم کاتێک من بەرپرسم لە گیان و سەلامەتی تۆ!.

کاتێک وەختی ئیسڕاحەتی دەبوو دەهات بۆ ڕادیۆو بە هاوڕێی بەرپرسی هێزی پارێزگاری ڕادیۆی دەوت منیش بۆ حەرەسیات بنوسە، کاتێک دەمانوت تۆ کاتی ئیسراحەتەو دەبێ پشو بدەیت، ناڕحەت دەبوو دەیوت من چۆن دەتوانم پشو بدەم لە کاتێکدا کە هاوڕێیانم لەبەر سەرماو گەرما لەسەربان ڕادەوەستن و پارێزگاری لە ڕادیۆ دەکەن.

 

کاتێک کە هاوڕێ شاپور لە ١٨ی ٤ی ١٩٩٨ بەدەستی کۆنەپەرستانی ئیسلامی لە شاری هەولێر تیرۆر کرا، هاوکار زۆر ناڕحەت بوو خۆی بە بەرپرس دەزانی و دەیوت ئەگەر من لەگەڵی بڕۆیشتبام بۆ هەولێر ئەوا خۆم دەخستە بەری و نەمدەهێشت ئەو بەرکەوێت. 

هاوڕێی خۆشەویستم هاوڕێ لەتیف، ئەو کوڕە منداڵکارو ڕوحسوکەی کە دەورەیەک دوای من لە هاوینی ١٩٩٦ پەیوەندی بە هێزی عسکری حیزبەوە کرد، لەبیرمە یەکەم ئێوارەی کە هاتبووە مکتب عسکری لە ناو باخچەکە بەیەکەوە دانیشتبوین و کەوتینە قسەکردن، شێوەی زۆر منداڵ هاتە بەرچاومو لێم پرسی چەند ساڵی هاوڕێ گیان؟ وتی ١٦ ساڵم لە دوو مانگی ڕابردودا چەندین جار ویستم پەیوەندی بە هێزی عسکریەوە بکەم بەڵام بەهۆی ئەوەی کە نەبوبم بە ١٦ وەریان نەگرتم، وتی خۆشبەختانە هەفتەی ڕابردو بوم بە شازدەو، توانیم لە دەورەی ئەوجارە بەژداری بکەم.

لێم پرسی چ شتێک وای لێکردی کە ئەوەندە بەپەلەو شورو شەوق بیت بۆ ئەوەی بێیتە هێزی عسکری حیزبەوە؟ وتی هەموو جارێک لەهەر شوێنێک گوێم لە قسەکانی هاوڕێ ناسک احمد دەگرت، ئەوەندە قسەکانی خۆشبوو دیفاعی لە ژنان، منداڵان و هەموو چەوساوەکانی کۆمەڵگا دەکرد، حەزم دەکرد ببم بەچەکداری ئەو حیزبەو پارێزگاری لەگیانی هاوڕێ ناسک بکەم.

هاوڕێ لە زستانی ساڵی ١٩٩٧ توشی ئیلتهابێکی زۆر بوو لە گوێچکەیدا، دکتۆرەکان وتیان دەبێت هەردوو گوێچکەی عملیات بکرێت و پاک بکرێتەوە.

ئەو زستانە زۆر ساردو سەخت بوو، هاوڕێ بەو نەخۆشیەوە ئامادە نەبوو کە پۆستەکەی بەجێبهێڵێت، کاتێک دەمانوت تۆ نەخۆشیت و نابێ حەرەسیات بگریت ناڕحەت دەبوو دەیوت ئامادەنیم بەو سەرمایە کارەکەم بە هاوڕێیانم بسپێرم، من دەبێت کارەکەی خۆم جێبەجێ بکەم.

هاوڕێ محمد مستفی ناسراو بەکریم، بەهۆکارێکی زۆر تایبەتەوە هاتبوە ڕیزەکانی حیزب و چەکی ئەو حیزبەی کردبوە شانی، کریم بەهۆی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کچێک لە شارۆچکەی ڕانیە و پێزانیان لە لایەن کەسوکاری کچەکەوە، ژیانی لیلی خۆشەویستەکەی کەوتبوە خەتەرەوە، سەنتەری پارێزگاری ژنانی ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان، کە یەکەم شلتەربوو لەکوردستان کە بە عملی دەستی بەکارکردوو پارێزگاری لە ژیانی ئەوژنانە دەکرد کە ژیانیان کەوتبوە خەتەرەوە، بەڵام لە ڕوداوای ١٤ی ٧ی ٢٠٠٠ هێرشکرا سەر ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و سەنتەری پارێزگاری ژنان و بارەگاکانیان تاڵان کراو، ژنەکانیش تەسلیم بە خانەوادەکانیان کرانەوە. لیلی یەکێک لەو ژنانە بوو کە لەلایەن سەنتەرەوە پارێزگاری لێدەکرا. بەو هۆیەوە کریم پەیوەندی بە هێزی عسکری حیزبەوە کرد، هەرچەندە بەهۆی ئەوەی کەمن یادگاریم زۆر کەمە لەگەڵیا بەهۆی ئەوەی کە کاتێک ئەو پەیوەندی بەهێزی عسکری حیزبەوە کرد من لە دەورەی دوگیانیمدا بوم، بەهۆی بیرکردنەوەی ئینسانی حیزبەوە ڕێگە بەمن نەدرا کە لە بارەگاکانی حیزب بمێنمەوەو ئاگادار کرامەوە کە تۆ ئێستا بەرپرسی ئینسانێکی تری کە گیانی بەدەست تۆیە بۆت نی یە لەو ماوەیە چەکداربیت و لە بارەگاکانی حیزب بمێنیەوە. 

کریم ئەوەندە ئینسانێکی ڕوحسوک بوو لە ماوەیەکی کەمدا توانی کە جێگەی خۆی لە دڵی هەموو ئەندامانی حیزب بکاتەوە. لەبیرمە جارێکیان پێی وتم دەزانی بۆمن چەکی ئەو حیزبەم کردە شانم؟ بۆ ئەوەی دیفاع لە دەنگی ئازادی و خۆشەویستی بکەم و دیفاع لەو کەسانە بکەم کە بەهۆی خۆشەویستیەوە ژیانیان کەوتۆتە مەترسیەوە.

هاوڕێ ئومید نگبین کە لەدایکبوی شاری سنەی کوردستانی ئیران بوو، بەهۆی سەرکوتو ئیستبداد، نەبونی مافەئازادیو مەدەنیەکان، نایەکسانی و نەبونی عەدالەتی کۆمەڵایەتی، یەکێک بوو لە نەیارانی سەرسەختی جمهوری ئیسلامی کۆنەپەرستی ئێران و بەو هۆیەوە ناچارببو بەوەی کە ئێران جێهێڵێت و دوای چەند ساڵێک لە کوردوستانی عیراق پەیوەندی بەهێزی چەکداری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عیراق بکات و دیفاع لە دەنگی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بکات.

هەرچەندە هاوڕێ ئومید ماوەیەکی کەم لەهێزی چەکداری حیزب بوو بەڵام بە لێهاتویی، دڵسۆزی و ڕوحسوکی جێگەی خۆی لەڕیزی هێزی چەکداری حیزب بکاتەوەو، ببێتە جێگەی ئیعتمادی هاوڕێیانی حیزب.

هاوڕێی هەمیشە لە دڵ زیندوم، هاوڕێ عبدالباسط محسین ناسراو بە شێخ عبدول، کاتێک دەربارەی تۆ بیردەکەمەوە نازانم لەکام سیفەتەوە دەستپێبکەم، لە دڵسۆزیت، میهرەبانیت، حیزبیەتت ئیجتماعی بونت و چەندین سیفەتی ئینسانی ترت.

ئەوەندە حیزبی بویت و حیزب و کۆمۆنیزم بەلاتەوە گرنگ بوو هەمیشە کارت دەکردوو هەرگیز ماندوبون بەچاوتەوە نەدەبیندرا. حیزب ئامادە نەبوو داهاتی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان بەناوی بودجە بۆ کاروباری حیزبی بەکاربهێنێت و شەریک بێت لە دزینی پارەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش. لەکاتێکدا کە ئەحزابی سیاسی کوردستان هێزە گەورەکانیان بەهۆی ڕێکنەکەوتنیان لەسەر دزینوو دابەشکردنی داهاتی کوردستان کۆمەڵگایانن توشی شەڕێکی کۆنەپەرستانەی ناوخۆیی کردبۆوەو ببونە هۆی بەدبەختی و ماڵوێرانی بۆ خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان و حیزبە بچوکترەکانیش ببونە پاشکۆی ئەحزابی دەسەڵاتدار بۆ ئەوەی بودجەی زیاتریان پێبدەن. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عیراق ئیعتمادی مالی لەسەر کۆمەکی دۆستانی حیزبوو خەڵکی  ئازادیخوازوو یەکسانیخوازی کوردستان بوو.  بەهۆی جێگەو ڕێگەی کۆمەڵایەتیتەوە  شێخ عبدول هەمیشە سەرگەرمی هێنانی کۆمەکی مالی بویت بۆ حیزب.

شێخ عبدول ئەندامی سکرتاریەتی کۆمیتەی ناوەندی حیزب بوو، کاتێک پێویستمان بە پسولەی کۆمەکی ماڵی دەبوو، دەبوایە پەیوەندیمان بە ئەو بکردبایە، ئەوەندە جدی بوو لە کارەکانی، دەبوایە کارتی ئەندامیەتی حیزبمان پێبدایە، ناوی سیانی، ژمارەی کارتە حیزبیەکانمان، کۆمیتە، ژمارە تسەلسولی پسولە ماڵیەکەو عددی لاپەرەکانی لای خۆی تسجیل دەکردوو دوای دوو حەفتە لێی دەپرسینەوە، بۆ ئەوەی پسولەکان و کۆکردنەوەی کۆمەکی ماڵی بۆ حیزب بە خراپ بەکارنەهێدرێت.

هاوڕێیانی  گیانبەختکردوم، ئێوە نمونەی ئینسانی کۆمۆنیست و ئازادیخوازبون، ئێوەی جێگای ئومێدی چەوساوەکانی کوردستانبوون، ئێوە خەباتان کرد بۆ ئازادی، یەکسانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی. کاتێک ئێوە دیفاعتان لەو دەنگە دەکرد کە دژی تیرۆرو ڕەشەکوژی ژنان بوو، پێمان دەوترا بێڕەوشت، ئێوە مدافعی دەنگێک بوون کە ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان معتەرزە پێی. ناڕەزایەتیەکانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ درێژەی ئەو دەنگە ناڕەزایەتیە بوو کە ئێوە دیفاعتان لێدەکردوو لەسەنگەرا بۆی وەستابونەوە. کاتێک ئێوە دیفاعتان لە دەنگی ئازادی ڕادەربڕین دەکرد، ئەوانەی ئەمڕۆ خەڵک چەواشە دەکەن و خۆیانکردۆتە خاوەنی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک گاڵتەیان پێدەکردین و پێیان دەوتین کوردستان ئەوروپا نی یە.

ئەزیزانم، من ڕێگە بەخۆمدەدەم بەناوی خۆم و هاوڕێیانم پێتان بڵێم ئێوە هەمیشە لەدڵی ئێمە زیندون و دڵنیاتان دەکەینەوە کە بەردەوامدەری ڕێگاکەتانین و ئامادە نین هیچ مساوەمەیەک لەسەر مافی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان و مافە سەرەتایەکانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا هیچ مساوەمەیەک بکەین.

بەرزو بەڕێزبێت یادی گیانبەختکردوانی  ١٤ی تەموزوو هەموو گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی و یەکسانی. 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.