Skip to Content

Monday, May 6th, 2024
بۆ بەڕێز بەختیار عەلی:  … سیروان عەبدول

بۆ بەڕێز بەختیار عەلی: … سیروان عەبدول

Closed
by July 12, 2013 گشتی

 

 

بۆ بەڕێز بەختیار عەلی: 

 تکایە ئیتر فێربە پەلاماری تۆپەکە بدەیت نەک یاریچییەکە

 

 

بەڕێز کاک بەختیار سڵاو ..

 

بینیم لە وێبلاگە شەخسییەکەی خۆتدا وەڵامێکت بە دوو بەش نووسیوە بۆ هەندێک سەرنجی من. شتێک کە تەواو بێزاری کردم ئەوەیە کە لە بەشی یەکەمیاندا دەستت بۆ ئەو کولتوری دێباتکردن و جۆری قسەکردنە نابابەتییە بردووە بەرامبەر بە من کە ساڵانێکە لەناو دێباتی ناو ڕۆشنبیریی کوردییدا و، بەتایبەت لای بەڕێزت، بە بەربڵاویی بەکار دێت. جۆری قسەکردنێک کە لەجیاتی تەنها قسەکردن لەسەر ئیشکالییەتەکە و ئارگیومێنتکردن بەدەوری خاڵی ناکۆکییەکەدا، دەچێت خاڵی ناکۆکییەکە (چەند سادە و ڕۆشنیش بێت)، بە ڕێتۆریک و سەفسەتەیەکی زۆرەوە لای خوێنەر تەمومژاویی دەکات و، دوای ئەوە دەپەڕێتەوە بۆ قسەکردن لەسەر دێباتکارەکە و لەجیاتی وەڵامدانەوە بە ڕاکانی، هەوڵی ڕەشکردنی شەخسەکە خۆی دەدات.

بۆیە زەرورەت دەبینم هەر لەم سەرەتایەوە ئەوەت بۆ تاکید بکەمەوە کە تۆ بە هەڵە تێگەیشتوویت و تکایە لەگەڵ مندا بەو جۆرە قسە مەکە و هەوڵ مەدە من ببەیتە پای ئەو ئسلوبە ڤۆڵگارەوە لە دێباتکردندا، چونکە تۆ و خوێنەران و دۆستانی من دەزانن کە من کەسێک نیم سەر بەو کولتوری دێباتکردنە بم و هەموو دەزانن من جگە لە ڕەخنەی ڕاشکاو و ڕاستەوخۆ و بابەتیی و قبوڵکردنی ڕەخنەی توندی بابەتیی، قەت ئامادە نەبووم و ئامادە نیم بچمە دێباتی ناکۆنسترەکتیڤەوە و، ئامادە نیم جگە لە قسەکردن لە خودی ئیشکالییەتەکە، یەک هەنگاو لەگەڵ کەسێکدا بڕۆم کە لە دێباتکردندا، لەپاڵ پەلاماردانی تۆپەکەوە، پەلاماردانی یاریچییەکەش بکاتە بەشێک لە یارییەکە.

با ئەوە بڵێم کە ئەو وەڵامە دووبەشییەی تۆ نووسیوتە، زۆر قورس بۆ من خوێنرایەوە و، بەدرێژایی خوێندنەوەکە داهێزراویی و هەستێکی وا ناخۆشی لام دروست کردبوو کە ناچار بە دێباتکردن لەگەڵ کەسێکدا بووم کە ئاسان نییە حاڵیی بکەیت لە پۆینتەکەی خۆت. کەسێک کە ئاسان نییە تێبگات خاڵی ناکۆکیی لە ئارگیومێنتکردندا مانای چییە و بۆچی بەو میتۆدە موعالەجەی قسەکردنی خۆتت کردووە. کەسێک کە شارەزاییەکی ئەوتۆی لە هەندێک چەمکی سیاسیی و بابەتی فیکرییدا نییە و وەک جەڕڕاحی لاکۆڵان مل دەنێت بە چارەسەریانەوە. کەسێک کە ئەوەندە توانای نییە بونیادی دەق لە پێرسپێکتیڤێکی گشتگیرترەوە ببینێ و وەک تەنێکی یەکانگیر مامەڵەی دەق بکات نەک دێڕ بە دێڕ بیگرێت و کۆمێنتی بکات. لە هەمووشی ناخۆشتر: کەسێک کە «ڕەخنەی توند» و «هێرش بۆ سەر شەخس» لەیەکتر جیا ناکاتەوە و، لە وەڵامی یەکەمیاندا ئامادەیە تا ئاستێک دەست بۆ دووەمیان بەرێت کە مومکین نەبێت هیچ دێباتێکی بونیادنەری لەگەڵ ساز بدەیت. 

٭ ٭ ٭

 

شێوازێکی دێباتکردن کە لە کولتورێکدا خاڵی هێزە و لە کولتورێکی تردا خاڵی لاواز

 

هەوڵدان بۆ ڕەشکردنی دێباتکار و کردنی باسی ئەو بە بەشێک لە دێباتەکە جۆرە تاکتیکێکە کە لە ناوەندی ئەکادیمیی و لە دێباتی ناو فەزای گشتیی وڵاتانی پێشکەوتوودا (کە ترادیشۆنێکیان بۆ دێباتکردن بە ئێتیکی بەرزەوە تیا چەسپاوە)، بە یەکێک لە فێڵە ناپەسەندەکان چاو لێدەکرێت و ئەو جۆرە فێڵە لە دێباتکردندا زۆر بەئاسانیی دەبینرێت. ئەمە چونکە خوێنەر و گوێگری وڵاتانی پێشکەوتوو بەگشتیی تۆزێک زیندووتر لە خوێنەر و گوێگری ئێمە لە تەعقیداتی ئیشکالییەتێک تێدەگەن کە دێباتی خستۆتەوە و، مەرجی زۆرتریان هەیە بۆ قەناعەتهێنان بە ئارگیومێنتی تەرەفێک. بۆیە لە وڵاتانی تردا بەدەگمەن دەبینیت دێباتکارێکی ئەکادیمیی و سیاسیی، کە خەمی بێت ڕیز بۆ خۆی و قسەی خۆی بهێڵێتەوە، پەنا بۆ قسەکردن لەسەر شەخسەکە لەجیاتی قسەکردن لەسەر ڕایەکەی بەرێت. من دەزانم تۆ ئاگاداری ئەو ناوەندانە نیت و موتابەعەی ڕاستەوخۆت نییە بۆیان و هەر تەنها بەو کولتوری دێباتە ڕاهاتویت کە لە ناوەندی ڕۆشنبیریی و سیاسیی وڵاتانی دەوروبەری کوردستان هەم باوە و هەم کاریگەرە، بەڵام گرنگە ئەو ڕاستییە بزانیت کە ئەو جۆرە دێباتکردنە ”ڕوو لە شەخس” و نابابەتییەی تۆ دەیکەیت، لە ناوەندی ڕۆشنبیریی و سیاسیی و ئەکادیمیی وڵاتانی پێشکەوتوودا ئێستا نە کەس ڕووی دێت دەستی بۆ بەرێت، وە نە کەس بەختی ئەوەی هەیە ئەگەر شتێکی وای نووسی بۆی بڵاو بکرێتەوە، وە نە کەسیش بەختی ئەوەی هەیە ئەگەر دوو شتی وای لە وێبلاگی شەخسیی خۆیدا یان لە فەیسبووکەکەیدا بڵاو کردەوە، ئیتر خوێنەر وەک نووسەرێکی جیددی گوێی لێبگرێت یان ڕێزێکی بۆی بمێنێتەوە.

ڕاستە تۆ بەم ڕاکردنانەت لە دێباتکردنی فیعلیی و ڕاستەقینە لەگەڵ بەرامبەردا، ئەگەرچی ژمارەیەک لە ڕۆشنبیر و خوێنەری زیندوو و خاوەن عەقڵی ڕەخنەیی لێ بێزار کردوویت، بەڵام لەبەرامبەردا خەڵکێکی زۆری بۆ تۆ بەو وەهمەدا بردووە کە تۆ کەسێکیت قەت قسەت لێنابڕێت و قەتیش ڕەخنەی مەعقوڵ نەکراویت و کەم کەسیش ماون ناکۆک بن لەگەڵ تۆ. بەڵام حەقە تۆ ئەوە ببینیت کە ئەمە واقیعەکە نییە. تۆ دەبێت بزانیت کە ئەو کەمتواناییەی تۆ لە تێگەیشتنی ئارگیومێنتی کەسی بەرامبەردا کە چەندین ساڵە پیشانی دەدەیت و، ئەو ئێتیکەی کە تۆ لە خۆدزینەوە و شێواندنی پۆینتی بەرامبەرەکەتدا پیشانی دەدەیت، وە ئەو خۆڕاپسکاندن و بێتۆڵێڕانسییەی تۆ هێناوتەتە ناو دێباتی ناو فەزای گشتیی ئێمەوە و لە هەموو دێباتێکدا بەبێ ئاوارتە مومارەسەت کردووە، وایکردووە دەیان ڕۆشنببیری جیددی و گرنگ لە نەوەی پێشوو و نەوەی نوێ لەو ناوەندەدا خوڵقی ڕەخنەکردن یان تێبینییدان لەسەر ڕاکانی تۆیان نەمێنێت، دەیانیان بە ئاگرەسیڤیی تۆ تەواو بەحەزەر بوون لە ڕەخنەکردنی قسەکردنی تۆدا، وە دەیانیشیان چی لەبەر ڕەفاقەت و هاوپەیمانێتیی و، چی لەبەر موجامەلەی نادڵسۆزانە، ئەوەندەت دڵسۆزیی بۆ نانوێنن لەمە ئاگادارت بکەنەوە. بەم مانایەیە من پێموایە ئەوانەی کە باکیان بە خۆڕاپسکاندن و قورسحاڵییبوونی تۆ نییە لە دێباتکردندا و لە ناپەسەندیی ئەو تاکتیکە ئاگادارت دەکەنەوە، ئەگەرچی بۆی هەیە قسەکانیان ڕەق بێتە بەرگوێی تۆ، بەڵام ئەوان لە هەموو ئەوانی تر یارمەتییەکی گرنگتریان داویت. تۆ دەزانیت من شەش ساڵ بەر لەئێستا بە نامەیەک سەبارەت بە کارکردی خراپی ئەم جۆرە مامەڵەیە ئاگادارم کردیتەوە، بەڵام وا دەردەکەوێت تۆ پێتوابێت بابەتییبوونەوە لە دێباتکردندا شێوەدێباتێک نییە کە زامنی ئەوە بێت هەر ئەو ژمارە زۆرە خوێنەرەت بە دەورەوە بۆ بهێڵێتەوە کە ئەم ئاگرەسیڤییە بۆی کۆکردویتەتەوە. 

٭ ٭ ٭

 

کوشتنی چالاکیی دێبات و زەمینەی ئازادیی ڕادەربڕین

 

دیارە ئەگەر تۆ باکت بەوە نییە کە ژمارەیەک خوێنەری خاوەن عەقڵی ڕەخنەیی هەن کە دەبینن تۆ هەمووجار لە شۆڕەسوارێک دەچیت کە بۆی هەیە ئاشەبای لێ ببێت بە دێو و بە شمشێرەوە پەلاماری بدات، ئەوە ئیتر گرفتی من نییە. ئەوەی کە گرفتی گەورەی منە ئەوەیە کە ئەم شێوە مامەڵەیەی تۆ و کەسانی تر لە دێباتکردندا، دەیان ڕۆشنببیری جیددی و گرنگ لە ناوەندی ڕۆشنبیریی دەتۆرێنێت و دەیانیان ئازادیی دەربڕینی خۆیان مومارەسە ناکەن و سانسۆری خودیی دەخەنە سەر خۆیان، وە بەکورتیی گرفت بۆ ئازادی ڕادەربڕین دروست دەکات و دێبات لە ناوەندی ڕۆشنبیرییدا کەم و زۆر پەک دەخات.

ئەمە هەر ئێستا ڕوویداوە و واقیعێکە. سەیرکە ئێستا لە ڕۆژنامە کوردییەکاندا بە ساڵیش بابەتێک نابێتە جێگەی ناکۆکیی کە چەند نووسەر و ئەکادیمییکەرێک تیا بەشدار بن و بە ئارگیومێنت ڕای یەکتر بەر ڕەخنە بدەن. لە فەزا گشتییە زیندووەکانی وڵاتانی پێشکەوتوودا هیچ ڕۆژێک ڕۆژنامەیەکی جیددی دانابەزێت ڕەخنەی توندی نووسەرێکی تیا نەبێت بۆ بیروڕای ناو بابەتێکی ڕۆژی پێشووی نووسەرێکی تر. بەڵام لای ئێمە لەیەکگیربوونی ڕا جیاوازەکان بە ”قەیران” چاو لێدەکرێت و هەوڵی ”نەهێشتنی گرژییەکان” دەدرێت. لای ئێمە گەورەترین فەزیڵەت ئەوەیە ڕۆشنبیرێکی بێوەی بیت و تەنها ”ناوبژیی دێبات” بکەیت و داوا بکەیت هەر ڕۆشنبیرێک ڕای خۆی لەسەر ڕای ئەوانی تر بۆ خۆی هەڵگرێت و خەریکی بەرهەمێنانی جۆرە دەقێک بێت کە خۆی لە قەرەی قسەکردن لە ڕا و تێزەکانی تری ناو ڕۆشنبیریی کوردیی نەدات. لای ئێمە ئاشتیی لەڕێگەی تووڕەنەکردنی سیاسەتمەدارە تووڕە و ڕۆشنبیرە تووڕەکانەوە دروست دەکرێت. لە وڵاتانی گەشەکردوودا ئاشتیی لەڕێگەی بەیەکداتەقاندنی توند و ڕاستەوخۆی ڕا ناکۆکەکانەوە دروست دەکرێت. لەوێدا مومارەسەی ئازادییەکی بەرفراوانی ڕادەربڕین و ڕەخنەکردنی ڕای یەکتر بە مەرجی خستنەوەی سەقامیگیریی دەزانرێت، بەڵام لای ئێمە، (بە هەوڵی چەند کەسێکی وەک بەڕێزت کە پێناچێت قەت خوێندبێتتەوە چۆن هابەرماس لە تێزی ”دیموکراتییەتی ڕاگۆڕینەوە”-دا (Deliberative democracy) ڕەخنەی ڕا و تێزی یەکتر بە مەرجی سەرەکیی گەشەپێدان و بەهێزکردنی دیموکراتیی دەزانێت لە وڵاتدا)، ئەوا ”سازانی نیشیمانیی” لەنێوان ڕۆشنبیراندا و دابینکردنی ئاسایش و ئاشتیی بۆ ڕای نادروستی ڕۆشنبیرە ئاگرەسیڤەکان، بە مەرجی کەوتنەوەی ئاشتیی دەزانرێت.

دیارە ئەمە درێژکراوەی ئەو کولتورە خێڵەکایەتییەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتە کە هودنە و ئاگربەست و سوڵح و موجامەلە و تاجیلکردنی ناکۆکیی و ”ڕێککەوتنی ستراتیجیی” وەک ئاشتیی سەیر دەکات و، نازانێت کە ئەو جۆرە ئاشتییە خۆی زەمینەسازییەکە بۆ گەورەتربوونی ناکۆکییەکان و تەقینەوەیان لە داهاتوودا.

٭ ٭ ٭

 

کەمیی توانا یان ئێتیک؟

 

سەبارەت بە قسەی من لەو نامەیەدا کە هەفتەی پێشوو بۆم نووسیت، ناچار دەبم لێرە بەدواوە هەندێک ڕۆشنکردنەوە بە زمانێکی سادە بەرچاو بخەم بۆ ئەوەی نەهێڵم ئەو تەمومژەی بەسەرەوە دروست بێت کە کەمتوانایی بەڕێزت لە تێگەیشتن لە پۆینتەکەی من و لە جۆری موعالەجەکردنی من بۆ بابەتەکە، لەسەر خاڵی ناکۆکییەکە دروستی کردووە. دیارە هیوادارم ئەو تەمومژە هەر تەنها ئاکامی ئەو کەمتواناییە بێت لە تێگەیشتنی پۆینتی کەسی بەرامبەردا کە تۆ لە چەندین دەرفەتی تردا پیشانت داوە، چونکە ئەگەر کەمیی توانای حاڵییبوون نەبێت، ئەوا زۆر ڕەوایە تۆ بەو «ستراتیژی خۆگێلکردن»ە تۆمەتبار بکرێیت کە ناحەقانە دەتەوێت بیدەیتە پاڵ من. 

بەکورتیی و سادەیی قسەی من ئەوە بوو کە: ئایا چۆنە و بۆچی تۆ لە ڕۆژێکدا کە دەزگای پەرلەمان کرایە وەسیلەی فەرزکردنی ئیجرائاتێک کە زیادەڕۆییەکی گەورەی نەوعیی بوو بۆ سەر پرۆسەی دیموکراتییەت لە هەرێمی کوردستاندا و ئەمەش خەڵکی تەواو تووڕە کرد و سەرۆکی هەرێمیان بە دیکتاتۆر ناو دەبرد، تۆ لەو ڕۆژەدا هەموو قسەیەکت هەر ئەوەندەیە هاتوویت دەڵێت سەرۆک خۆی هەر دیکتاتۆر بووە و شۆکبوونی ناوێت. پرسیاری من ئەوەبوو کە ئایا تۆ بەم قسەیە دەتەوێت سەبارەت بەو دۆزە بڵێیت چی. پرسیاری من ئەوە بوو کە ئایا تۆ بەو بەشدارییەت لە دێباتەکەدا دەتەوێت بڵێیت کە هیچ ئەهەمییەتێکی نییە و ناهێنێت هیچ هەوڵێک بدەین پەرلەمان و سەرۆک و دەسەڵاتداران ناچار بکەین ئەو دوو بڕیارەیان هەڵوەشێننەوە؟ ئەم پرسیارە ڕۆشنە بوو کە من لەو ڕەخنەیەمدا لەسەر پەیام یان کارکردی وتارەکەت نووسیم و، تۆش وای پیشان دەدەیت کە گوایە من لەوێدا داوای چارەسەری دۆخەکەم لێکردوویت. من باسی ئەو ڕاستییە سادەیە دەکەم کە کاتێک کەسێک دەست دەداتە نووسینی دەقی وتارێک لە سیاقی ئیشکالییەتێکی دیارییکراودا، ڕەوایە پرسیاری ئەوەی لێ بکرێت کە ئایا ئەو دەیەوێت سەبارەت بە ئیشکالییەتەکە چی بڵێت و بۆچی هاتۆتە قسە. ئەم پرسیارە پرسیارێکە کە لەسەر ئەو ڕاستییە خۆی بونیاد دەنێت کە هەر کەسێک لە سیاقێکی دیارییکراودا دەست بۆ نووسینی ووتارێک دەبات، بێگومان قسەیەکی هەیە بۆ ووتن بۆیە دەیکات. بۆیە پرسیاری من ئەوەبوو کە کاتێک تۆ لەناو گەرمەی ئەو دۆزەدا ئاشکرا پیشانی دەدەیت کە تۆ لەپەیوەند بە ناڕەزایی خەڵکەوە لەو ڕووداوەی ناو پەرلەمان ئەو دەقە دەنووسیت، ئایا بە پەیامی ”بۆ شۆک دەبن” دەتەوێت چی بڵێیت، یان ئایا هەر ئەسڵەن هیچت هەیە بیڵێیت وا هاتوویتەتە قسە، یان ئایا تۆ خۆت دەزانیت ئەگەر ئەو هەوڵانەی تۆ بۆ نۆرماڵیزەکردنی زیادەڕۆییەکانی دەسەڵات دەیدەیت ژمارەیەکی زۆرتر و زۆرتری ڕۆشنبیران بگرێتەوە، چی سەهمێکی دەبێت لە ئاسانکردنی ئەرکی بارزانییدا کاتێک لە هەوڵدایە پایەکانی ئۆتۆریتارییەتی خۆی فەرز بکات و یەکێک لەو سەختییانەی لە پێش ئەم نیازەیدا مابێت تووڕەیی خەڵک و ڕۆشنبیرانە لێی؟ ئەم پرسیارانە ئاسانن و من نازانم چۆنە تۆ تێیاناگەیت. ئەم پرسیارانە پرسیارکردن نییە سەبارەت بەوەی کە ئایا تۆ چارەسەرت چییە بۆ دۆخەکە و بۆچی ڕێگەچارەیەکی عەمەلیی یان ”نەخشەڕێگایەک” پێشنیار ناکەیت. من ئەم داوایەم لێنەکردوویت و ئەوە تۆیت لەبەر تێنەگەیشتن لەمە، خوێنەر وا تێدەگەیەنیت کە گوایە من وتووبێتم وتار دەبێت پرۆژەیەکیش بۆ چارەسەری ڕیشەیی پێشنیار بکات. ئەمە بووە پرسیاری من لە تۆ و ئەمە ئیشکالییەتەکەیە و ئەوە تۆیت کە لە تەعقیداتی ئیشکالییەتێک تێناگەیت و زیندووانە مامەڵە لەگەڵ ئارگیومێنتی بەرامبەردا ناکەیت و بەو توانا سنووردارەی خۆتەوە بۆ تێگەیشتن لە بونیادی ئارگیومێنت و هونەری ئارگیومێنتکردن، سەر لە خوێنەر تێک دەدەیت و باسێکی درێژی ناپەیوەنددار دادەباڕێنیت بەسەریدا سەبارەت بەوەی کە ئایا دروستە داوا لە تۆ لێبکرێت چارەسەر پێشنیار بکەیت یان نا.

ئینسان لەئاست ئەم جۆرە تێنەگەیشتنەی تۆدا لەم ئیشکالییەتە سادانە پرسیاری ئەوەی لا دروست دەبێت کە ئایا هەر بەحەقیقەت تۆ لەم قوڵاییە سادەیەشدا لە تەعقیداتی ئیشکالییەتەکە و لە پرسیاری بەرامبەرەکەت تێناگەیت و، هەر بەڕاست تۆ ئاوا داوەکانت هەموو بە دەستەوە دەئاڵۆسکێ؟ خۆ ئەگەر ئەمە لەبەر سنورداریی توانای تۆ بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ داتای زۆردا ئەوە هیچ گرفتێکی نییە. کاری ناشیرین ئەوە دەبێت تۆ بەئەنقەست خۆت لەوە بپارێزیت تێبگەیت کە قسەکەی من مانای ئەوە نییە کە من پێموابێت نووسەر دەبێت لە وتارەکانیدا ”چارەسەر بۆ هەموو کێشەی دنیا پێشنیار بکات”.

٭ ٭ ٭

 

میتۆدێک بۆ قسەکردن لە قسەیەک کە نەکراوە

 

لەمە خراپتر ئەوەیە کە تۆ تەنانەت لەوە تێنەگەیشتوویت کە من ئیشکالییەتەکەم بەناچاریی بە میتۆدێکی دیارییکراو موعالەجە کردووە، بۆیە ڕەخنەت لەوەیە کە من چوار ئەڵتەرناتیڤم داناوە و وتوومە ئاگاداربە تۆ کە پێتوایە ئەو لاقەکردنەی پەرلەمان ناهێنێت شۆکمان بکات، ئەم قسەیەت هەر تەنها ڕەتکردنەوەی ئەڵتەرناتیڤێک نییە، بەڵکو بەدەستی تۆ نییە و لۆجیکی دۆزەکە خۆی وایە کە ئەو ڕەتکردنەوەیەی ئەڵتەرناتیڤێک بەناچاریی هەڵبژرادنی یەکێک یان چەند دانەیەک لە ئەڵەتەرناتیڤەکانی ترە. من دەزانم ئەو چوار ئەڵتەرنتیڤەی من دامناوە هی تۆ نین، بەڵام تۆ ئەو شتە سادەیە تێناگەیت کە ئەوە میتۆدی ئیشکردنە لەسەر ئەو جۆرە دەقانەی کە نووسەرەکانیان، لەبەر بێئاگاییان لەو مانایانەی کە تێزەکەیان بۆی هەیە هەیبێت، بێحیساب مل دەنێن بە قسەکردنەوە و ڕا دەدەن و قسە دەکەن بەبێئەوەی قسەیەک بکەن. بە مانایەکی تر، ئەوە میتۆدی ئیشکردنە لەسەر ئەو دەقانەی کە خاوەنەکانیان سەروبەری قسەی خۆیان نازانن. بۆیە ئینسان بەناچاریی دێت بۆی ڕیز دەکات و دەڵێت ”وریابە، من دەزانم تۆ خۆشت نازانیت چی دەڵێیت و کورتوکوێر هەندێک قسەت داوە بەسەر یەکدا، بەڵام فەرموو ببینە ئەو تەرحەی تۆ ئەم دووراییانەش دەگرێتەوە، بۆیە تکایە بە مەسئولییەتەوە قسە بکە”. خۆ منیش هەر ڕێک ئەمەم پێ وتوویت. من، ئەگەرچی پێم خۆش نەبوو فۆکەسم لەسەر ئەوە بێت کە تۆ زۆربەی جار ئەبعادی قسەکانی خۆت نازانیت و پۆینتی زۆر ڕووکەش و بیرلێنەکراوە دەکەیتە بابەتی وتار، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاشکرا هەر لە یەکەم دێڕەوە بۆم نووسیت کە من پێموایە تۆ بۆ خۆشت ڕوون نییە ئەو تەرحەی دەیکەیت چی پەلوپۆیەکی هەیە و، ئاشکرا بۆم نووسیت کە ئینتیباعی من ئەوەیە کە تۆ قسەیەکت نەبووە بۆ ووتن، بەڵام خۆت بە مولزەم زانیوە هەر قسەیەک بکەیت. 

من ئەزانم تێگەیشتن لەم میتۆدی موعالەجەیە ئاسان نییە و ئەمە لێرەوە ئیتر قسەکردنە لەسەر دیسپلینی لۆجیک و ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە ”مەنتیقییبوونی” ڕایەکی پێ دەپێورێت، بۆیە بۆ ئاسانکردنی تێگەیشتنی تۆ و خوێنەر، کەسێک دەتوانێت نموونەیەکی وا بێنێتەوە کە: تۆ ئەگەر لەگەڵ ڕەفیقێکدا پێک بێیت کە نانی ئێوارە پێکەوە بخۆن بەڵام تۆ پێشنیار دەکەیت نانخواردنەکە لە ماڵی ئەوان نەبێت. کەواتە ئەم ڕەتکردنەوەی ئەڵتەرناتیڤە لەناواخنی خۆیدا، تۆ بتەوێت یان نەتەوێت، بۆ ڕەفیقەکەت پێشنیارکردنی چەند ئەڵتەرناتیڤێک دەگەیەنێت، بۆ نموونە ”ماڵی تۆ” یان ”ڕێستورانتێک” یان ”دەرەوەی شار” یان ”ماڵی کەسێکی” تر.

لێرەوەیە، تۆ کاتێک ئەو ڕۆژە لەناو ئەو حەماسەت و توڕەییەی ڕۆشنبیراندا لە پەرلەمان و دەسەڵاتداران، هاتیت و ووتت ئەوە چییە بۆی شۆک دەبن، من بەناچاریی هاتم بەدیلەکانی شۆکنەبوون بەو لاقەکردنەی پەرلەمانم بۆ ڕیز کردیت و، ووتم بەڕێز ئاگاداربە ئەم قسەیەی تۆ بێئەوەی خۆت بتەوێت یان ئاگادار بیت، پێشنیارکردنی یەکێک لەم چوار بەدیلە دەگەیەنێت. چوار بەدیل کە لەبەر ڕووکەشیی قسەکانی تۆ و لەبەر لاوازیی عەقڵی ڕەخنەیی لای خوێنەر، نابینرێت کە زۆریان ناکۆکن بە یەکتر. ئەمە لۆجیکی ئەو میتۆدەیە کە من بەکارم هێناوە بۆ ئەوەی تێتبگەیەنم کە ئەبعادی قسەکانی تۆ تا کوێ دەچن. ئەگینا منیش دەزانم ئەو خاڵانەی من دامناون قسەی تۆ نین و، منیش دەزانم کە تۆ نەک هەر ئەو تێزانەت نەبووە بەڵکو ئەسڵەن دەردەڵێکت نووسیوە بەبێئەوەی خۆت بزانیت کە قسەی ”شۆک مەبن” لە سیاقی ئەو دۆزەدا بۆی هەیە ئەو خاڵانە بگەیەنێت. بۆیە بۆم نووسیت کە من پێموایە تۆ کەوتویتەتە ژێر گوشاری چاوەڕوانیی خوێنەرانتەوە و ئەو قسانەت لەو دۆزەدا کردووە، ئەگینا خۆشت نازانیت چەند بەشدارییەکی بێکەڵکە تۆ لەو ڕۆژەدا بێیت ئەو قسەیە بکەیت.

دیارە کارێکی بێمانایە من ئاوا ناچار بم دانیشم کات بەوەوە بکوژم بەم زمانە سادەیە و بە شەرحدانێکی ئاوا زۆر و لەڕێگەی هێنانەوەی نموونەی سادەوە ئەم ئیشکالییەتە سادەیە بۆ تۆ ڕوونبکەمەوە، بەڵام من ناچار بووم لە نامەی پێشووشدا ئەمە بکەم و بێم هەموو ئەو چوار ئەڵتەرناتیڤەت بۆ بنووسم کە بۆی هەیە قسەکانی تۆ بیانگەیەنێت، ئەگەرچی دۆستێکی نووسەرم لە کۆمێنتێکدا ئەمەی بە پێویست نەزانیبوو، بەڵام من توانای تۆ لە تێگەیشتن لە ئارگیومێنتکردنی فیکریی و شێوەی مامەڵەی تۆ لەگەڵ بابەتی ئیشکالییەت دەزانم چۆنە، بۆیە پێم باش بوو بە بەکارهێنانی ئەو میتۆدە هەوڵ بدەم تێتبگەیەنم چەند بێحیساب قسەت کردووە.

٭ ٭ ٭

 

گەشبین یان ڕەشبین

 

نموونەیەکی بەیانکەری کەمتوانایی تۆ لە تێگەیشتنی قسەی بەرامبەر و هەوڵدانت بۆ بەلاڕێدابردنی خوێنەر دەکرێت ئەو باسە درێژە بێت سەبارەت بە گەشبینیی و ڕەشبینیی کە بەشێکی گەورەی وەڵامەکەی تۆی گرتووە.

چونکە تۆ دێڕ بە دێڕ و ووشە بە ووشە مامەڵە لەگەڵ دەقدا دەکەیت و ووشەکان لە سیاقدا سەیر ناکەیت، بۆیە زۆرجار ڕوودەدات بە ووشەیەک یان چەمکێکەوە گیر دەخۆیت و دەیان ئارگیومێنت و تێزی پچڕ پچڕی بە دەوردا ڕیز دەکەیت بێئەوەی تەسەلسولێکی لۆجیکیی لەنێوانیاندا هەبێت. بەمە ژمارەیەک لەو خوێنەرانە سەرسام دەکەیت کە توانای ئەوەیان نییە سەفسەتە لە ”تاوتوێکردنی ڕاستەقینە” جیا بکەنەوە، بەبێئەوەی خۆت و ئەو جۆرە خوێنەرە ئەوە ببینن کە تۆ هەر لە خۆتەوە تێگەیشتنێکت فەرز کردووە بەسەر دێڕەکەدا و ئەو دێڕە بەس ئەو مانایەی نییە کە تۆ دەیڵێیت. 

تۆ ئەو هەمووە لەسەر ئەوە دەڕۆیت کە گوایە من پرسیاری گەشبینیی و ڕەشبینییم لە ڕوانینیدا بۆ داهاتوو لێکردوویت، لەکاتێکدا خوێنەرێکی مامناوەندیی دەتوانێت ئەوە ببینێت کە باسێکی وا بە هیچ شێوەیەک باسی من نەبووە. ئەم بە هەڵەتێگەیشتنەی تۆ لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە تۆ هەر ئەو تێگەیشتنەت لە ”گەشبین” و ”ڕەشبین” هەیە کە ئەو دوو چەمکە لە زمانە گەشەنەکردووەکاندا هەیانە و، ئەوە نازانیت کە ئەو دوو چەمکە لە زمانی ڕۆژانەشدا بەکارهێنانی تریان هەیە. بۆ نموونە کەسێک لەسەفەرێکدا لە شۆفێرەکە دەپرسێت کە ئایا پێیوایە بەر لە تاریکداهاتن بگەن، شۆفێرەکە دەڵێت تۆزێک ڕەشبینم بگەین بەڵام هەوڵیش دەدەم بۆی.

بەکورتیی، ئەو هەموو قسەڕێزکردنەی تۆ سەبارەت بە ڕەشبینیی و گەشبینیی بۆ منت نووسیوە، کەم کۆمیدییتر نییە لەوەی تۆ لەپڕ لەو نەفەر و شۆفێرە هەڵکەویت و بە هەمان حەماسەتەوە وەک ڕەخنە ئەو حیکمەتڕێژییەت سەبارەت بە ڕەشبینیی و گەشبینیی لە دنیای سیاسەتدا هەڵڕێژیت بەسەر ئەوانیشدا.

٭ ٭ ٭

 

مافی پارێزراویی بیروڕا لە ڕەخنە؟

 

نموونەیەکی تری ئەوەی کە چۆن تۆ ناوەڕۆکی ڕستەی زۆر سادە بە هەڵە تێدەگەیت و ئینجا بە سەفسەتەیەکی زۆرەوە هەوڵدەدەیت بەسەر خوێنەریشدا تێیپەڕێنیت، دەکرێت ئەم نموونەیە بێت: من دەڵێم ”ئەگەر لە دۆزێکی دیارییکراودا قسەیەکت نەبوو بۆ ووتن، ئەوا هیچ ڕووگیری ئەوە مەبە کە خوێنەر چاوەڕانیی لێت هەیە قسە تیا بکەیت و قسەی تیا مەکە”.

کەسێک بتوانێت مامەڵەیەکی زیندوو لەگەڵ ناوەڕۆکی ڕستەیەکدا بکات و زیندوو لێی تێبگات یەکسەر ئەوە دەبینێت کە من لێرەدا دەمەوێت جەبرێکت لە کۆڵ بکەمەوە و داوا دەکەم هەست بە ئازادییەکی زۆرتر بکەیت لە قسەکردنا و هەر کاتێک قسەت نەبوو، چاوەڕوانیی خوێنەر نەبێتە فەرمانێک بەسەرتەوە و فەرزی بکات قسە بکەیت. سەیری تۆ چۆن کرۆکی ئەم قسەیە هەڵدەگێڕیتەوە. تۆ دەڵێیت گوایە ئەمە بەستنەوەی ئازادیی تۆیە و فەرمانە بەوەی کە تۆ مولزەمیت قسە نەکەیت. ئەمە ئەو جۆرە هەڵگێڕانەوەیەیە کە بۆ خوێنەری سادە بێئەندازە قورسە بیبینێت. خوێنەر ناتوانێت ئەوە ببینێت کە من دەڵێت ”مولزەم نیت” نەک ”مولزەمیت” وەک تۆ دەتەوێت پیشانی بدەیت. ئەو داوایەی من کە دەڵێم هەست بە ئازادییەکی زیاتر بکە، کەی مانای ئەوەیە من داوا بکەم یەکێک بڕیار بدات کێ مافی قسەکردنی هەبێت و کێ نەیبێت، تا تۆ ئەو هەموو دروشمەی بەدوادا بێنیت و وای پیشان بدەیت کە گوایە کار بۆ بەرتەسکردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕین کراوە؟ دیارە تۆ یەکەم کەس نیت ئاوا بە هەڵە لە پرەنسیپی ئازادیی ڕادەربڕین تێبگەیت. ئەوە هەڵەیەکی زۆر باوە تەنانەت لە وڵاتانی ڕۆژئاواش کە کەسێک بەناوی ئازادیی ڕادەربڕینەوە داوای ئەوە دەکات ڕاکانی لە ڕەخنە پارێزراو بن و بەوە تەبریری دەکات کە ئەو مافی ئەوەی هەیە ئەو ڕایانەی هەبێت. ئەمە بەهەڵەلێکدانەوەیەکی مافی ڕادەربڕینە کە ڕێک کار بۆ پەکخستنی مافی ڕادەربڕین دەکات. خەڵکێک کە ناتوانن قوڵ لە مافی ڕادەربڕین تێبگەن وادەزانن ئەو مافە مانای ئەوەیە کە تۆ مافت هەیە قسە بکەیت هەرکەسێکیش بە ڕەخنە ڕێگریی بۆ ئەو مافانەت دروست کرد و تەنگی پێ هەڵچنین، ئەوا ئەو کەسە مافی ڕادەربڕینی تۆی پێشێل کردووە و دەیەوێت فەرزی بکات بەسەرتدا ئەگەر قسەکەت بە دڵی ئەو نەبوو مافت نەبێت بیکەیت. ئەم جۆرە کورتهێنانە لە تێگەیشتنی مافی ڕادەربڕیندا ئەو ڕاستییە سادەیە نابینێت کە هەموو ڕەخنەیەک کە ڕووبەڕووی ڕایەک یان تێزێک دەکرێتەوە، خۆی لەناواخنی خۆیدا داوایەکی وای هەڵگرتووە کە دەڵێت من پێم باشە تۆ ئەو ڕایەت یان ئەو تێزەت وا پوچەڵ بکەمەوە کە زەمینەیەک بۆ ووتنی نەمێنێتەوە و ئیتر کەس ئامادە نەبێت بیڵێت. ئەم ڕەخنەکردنەی ڕای بەرامبەر تا ئاستی ”دەمداخستن”ی، ئەمە خودی مومارەسەی ڕاستەقینەی ئازادیی رادەربڕینە نەک ڕێگریی لێی.

 

هیوادارم کاتێک تەرخان بکەیت بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەسەر ئەم چەمکانەی کە شارەزایی زۆرت تیایاندا نییە کەچی ڕێگە بە خۆت دەدەیت قسەیان لێ بکەیت، وە تۆزێک لەم ووردەکارییانەی ئەم دۆزانە وورد بیتەوە و ئیتر زیندووانەتر لە تەعقیداتی ئیشکالییەتێک تێبگەیت، چونکە مەرج نییە ڕۆشنبیریی کوردیی تا چەند ساڵی تریش هەر بەو توانا کەمەوە لە تێگەیشتنی زیندووانەی ئیشکالییەتدا بمێنێتەوە کە هەر ئاوا لێکدانەوە ڕوکەشانەکانی تۆ نەبینێت.

 

٭ ٭ ٭

پێکەنینێک و سەربادانێک لەئاست دۆنکیشۆتییەت لەناو ڕۆشنبیریی کوردییدا

 

هەمانشت چوویت خۆت لە چەندین باسی تری وەک دیموکراتییەت و دیکتاتۆرییەت و ”دیکتاتۆرییەتی کوردیی” و ڕۆڵی دەزگای پەرلەمان و ڕۆڵی دەستور داوە، کە بۆ کەسێکی شارەزا لەو بوارانەدا ئاشکرا دیارە کە تۆ نەشارەزایانە قسە لەو بوارانەدا دەکەیت. بۆیە دروست نییە ئینسان ئەو قسانەت بە جیددی لێوەرگرێت و بچێتە پای تاوتوێکردنیانەوە. 

ئەوەی کە تۆ پێتوایە سیستەمی حوکم لە هەرێمی کوردستاندا بە پێناسە دیکتاتۆرییەتێکی تەواوە و ڕژێمی هەجین شتێک نییە وجودی هەبێت، وە پێتوایە ئەم دیکتاتۆرییەتە پەنجا ساڵ بەر لە ئێستا هات و هەوڵدان بۆ سازدان و ڕیفۆرمی دەزگا دیموکراتییەکانی وەک پەرلەمان و ڕیفۆرمی دەستوور و گەشەپێدانی دیموکراتیی نەک هیچ ناگۆڕێت بەڵکو وادەکات پەنجا ساڵی تریش هەر دیکتاتۆرییەت هەبێت لەو هەرێمەدا، وە ئەوەی کە جارێک پێتوایە چارەسەر بۆ دیکتاتۆرییەت نییە و، دوایی لەپڕ وای پیشان دەدەیت کە مومکینە دیکتاتۆرییەت نەهێڵین، ئەم قسانە هەموو بەلای منەوە قسەی پڕ لە تەناقوزاتن کە ناهێنێت بە جیددی وەریانگرین. من ساڵانێك بەر لە ئێستا لەوە ئاگادارم کردیتەوە کە ئەگەر هەر سوور بیت لەسەر ئەوەی لەبری خوێندنی ئەکادیمیی، هەر هەوڵ بدەیت بە ئیجتیهادی مێشکی خۆت، خۆت لە هەندێک بواری فیکریی بدەیت و کات بەوەوە نەکوژیت خۆت لە تەناقوزات بپارێزیت، ئەوا زۆر نابات دەبیتە پڕبەرهەمترین نووسەر، بەڵام هەمانکات خۆت دەکەیت بە دۆنکیشۆتێک بەبەرچاوی ئەوانەمانەوە کە لە زانکۆ جیددیەکاندا چەند ساڵی تەمەنمان بە دیار ئەو ئیختیساسانەوە دەکوژین کە تۆ دەتەوێت هەر لە خواییەوە بە ئیلهام و ئیجتیهادی خۆت قسەی قوڵیان تیا بکەیت. بەڵام وەک دەردەکەوێت تۆ سووریت لەسەر ئەوەی بەو ڕێگایەدا بڕۆیت. تا ئەو شوێنەی ئەوەندە بە دەستی پەتیی خۆت لە قسەکردن لەم بابەتی فەلسەفی و لەو بابەتی سیاسەتزانیی داوە کە ناهێنێت ئینسان جگە لە پێکەنینێک و سەربادانێک لەئاست ئەو تێزانەدا کە تۆ لەو بوارانەدا دەیانڵێیت، هیچی تر بکات. شتێک کە دڵخۆشکەرە ئەوەیە کە ئەوە هەر کەسە ئەکادیمییەکان نین ئێستا ئاوا سەیری قسەکردنی تۆ دەکەن لەو بوارانەدا بەڵکو ژمارەیەکی زۆر خوێنەر هەن کە هەر بە هەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆنکیشۆتییەتەدا دەکەن لەناو ڕۆشنبیریی کوردییدا.

 

٭ ٭ ٭

پۆست-ڕەهەندییەت؟

 

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە تۆ ئێستا دەستت داوەتە هەوڵێکی وا کە ئەو دۆنکیشۆتییەتە لەناو ڕۆشنبیریی کوردییدا هەر بهێڵێتەوە و تەقسیماتێکی وا جێ بخەیت کە ئەمەیان ناو بنێیت ڕۆشنبیریی و ئەو ڕۆشنبیرانەش کە دەیانەوێت ئیتر ئەکادیمییا بخوێنن و ئەکادیمیی قسە بکەن، ناویان بنێیت سیاسیی. لێرەوەیە ئاشکرا دیارە بەشێکی زۆری ئەو قسانەی تۆ کە ڕووەو من دەیانڵێیت، ڕووی دەمیان لە یەک یان دوو ڕۆشنبیری ترە کە بۆ من وا دێتە بەرگوێ هەر خودی دەردەڵەکەت دەردەدڵ بووبێت لەئاست سەردەرکەریی زیاتری ئەوان لە فیکری سیاسیی و کارایی زیاتری قسەی ئەوان لەسەر سیاسەت لە هەرێمی کوردستاندا.

 

دیارە ئەم ڕوانگەیەی تۆ بۆ ڕۆشنبیر و سیاسەت ئەوەندە قسەیەکی جیددی نییە تا بهێنێت کەسێک کات بە لێکدانەوەیەوە بکوژێت، بەڵام وەک دەردەکەوێت دێبات بەدەوری ئەم مەسەلەیەدا دێباتێک دەبێت کە چەند ساڵی داهاتووی ڕۆشنبیریی کوردیی بە خۆی ڕەنگ دەکات، چونکە من وایدەبینم کە ئەو پێداگرییەی تۆ لەسەر ئەو تەرزە کۆنەی ڕۆشنبیر و ئەو دەقە بێ-ستراکتۆر و بێسەروبەرانەی ڕۆشنبیریی ئێمە ماوەی دەیە و نیوێکە با ناوی ”دەقی فیکریی”-یەوە بەرهەمیان دەهێنێت، پێداگرییە لەسەر ئەوەی ئەو مەیلەی من ناوی دەنێم ڕەهەندییەت، ژمارەی هەناسەکانی کۆتایی ژیانی هەندێک زیاتر بێت. من پێموایە ئەم سەنگەرگرتنەی تۆ لە ڕۆشنبیری ئەکادیمیی نوێنەرایەتیی تەوابونی دەورانێک و دەستپێکردنی دەورانێکی نوێ دەکات لە ڕۆشنبیریی کوردییدا کە بەپێی سروشتی ناکۆکییەکان، نادروست نابێت ئەگەر کەسێک ناوی بنێت پۆست-ڕەهەندییەت.

 

٭ ٭ ٭

 

دوا ووتە

 

وەک دەردەکەوێت لە بەشی دووەمی قسەکانتدا تا ئاستێک لە ئامادەکردنی ناوی دێباتکاری بەرامبەر، خۆت دوور گرتووە و زیاتر خۆت بەستووە بە بابەتی دێباتەکەوە. کارێکی وا دیالۆگ و دێبات مومکینتر دەکات. لەبەرامبەردا، من پێموایە بێئەندازە هیلاککەرە بە نووسین دێبات لەگەڵ کەسێکدا بکەیت کە بێحیساب دەست بۆ شێواندنی پۆینتەکانی بەرامبەرەکەی و دوورکەوتنەوە لە بابەتی ئەسڵیی ئیشکالییەتەکە ببات. بۆیە چی سەبارەت بە بابەتی ئەسڵیی ئەم دێباتە و چی سەبارەت بە دۆزی دیموکراتییەت و دیکتاتۆرییەت لە کوردستان و سەبارەت بە چەمکی ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆڵی سیاسیی و ڕۆشنبیر، من ئامادەم بە دێباتی ڕاستەوخۆ لە کەناڵێکی تەلەفزیۆنییدا سەبارەت بە هەموو ئەم تەوەرانە دێبات بکەین. ئەگەریش تۆ سووریت لەسەر ئەوەی بەردەوام خۆت لە دێباتی ڕاستەوخۆ بپارێزیت و هەر بەم تاکتیکی ڕەشکردنە هەوڵبدەیت خوڵقی دێبات لە ناوەندی ڕۆشنبیریی و سیاسییدا بکوژیت، ئەوا بۆ من هەبوونی دێبات لەو ناوەندەدا بۆ گەشەپێدانی دیموکراتییەت لە کۆمەڵگادا زۆر لە پرسیاری ئەوە گرنگترە کە ئایا تۆ چەند حەز دەکەیت بەناوی ئازادیی بیروڕاوە، ”ئاسایشی بیروڕا”ت هەبێت و، چەندت پێ قورسە گوێت لە ڕای پێچەوانە بێت. ئەمە گرفتی تۆیە و شتێک نییە گرنگییەکی بەلای منەوە هەبێت. پێکداتەقانی بیروڕا جیاوازەکان یەکێکە لە خەسڵەتی ناوەندە ئەکادیمیی و ڕۆشنبیریی و سیاسییە زیندووەکان. بۆیە وایدانێ کە چەندین جاری تر لەسەر قسەی بێسەروبەر، لەلایەن منەوە یان لەلایەن کەسانی ترەوە بەر ڕەخنەی توند بکەویت.

 

هیوام شادیتە ..

 

سیروان

ئۆسلۆ – 12.07.2013

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.