دوو فیشه‌ک به توێڵی دیموکراتییه‌وه
هه‌ولێر 30ی حوزه‌یرانی 2013، په‌رله‌مانتارانی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵات و چه‌ند وردیله حیزبێکی دیکه‌ی گرێدراوی ده‌سه‌ڵات، به سیناریۆیه‌کی پێشوه‌خت ئاماده‌کراو و له ماوه‌یه‌کی زۆر کورت‌دا، به کۆده‌نگیی خۆیان، ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆژه‌ی قانوونێک ده‌ده‌ن، که بۆ خۆی پرۆژه‌یه‌کی ناقانوونی و ناڕه‌وا و پاشێلکردنی قانوونه، ئه‌ویش درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی سه‌رۆکی ئێستای هه‌رێمه، بۆ دوو ساڵی دیکه. سه‌رۆکی هه‌رێم، که پێشتر له لایه‌ن گه‌له‌وه هه‌ڵبژێردراوه، له مانگی ئابدا، ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی، که چوار ساڵه ته‌واو ده‌کات و پێشتریش چوار ساڵی دیکه، سه‌رۆکایه‌تیی کردووه، واته: به‌سه‌ریه‌که‌وه، ده‌بێته هه‌شت ساڵ، که سه‌رۆکی هه‌رێمه. ئه‌وه‌ی له په‌رله‌مانی کوردستاندا، ڕوویدا، ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵکانی سه‌ر به ده‌سه‌ڵات و میدیاکانی پاشکۆیان، که‌وتنه پێداهه‌ڵدان و په‌سندانی وه‌ک چاره‌سه‌ر و ده‌سکه‌وت و کارێکی زۆر گرنگ، له‌نێو خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ردا، ناڕه‌زاییه‌کی زۆری لێکه‌وته‌وه. ده‌سه‌ڵات د‌ژ به پێوه‌رگه‌لێک ئه‌و کاره‌ی کرد، که خۆی وا پێشان ده‌دات، بڕوای پێیانه. ئه‌وه‌ی له په‌رله‌مان تێپه‌ڕێنرا، له کوودێتایه‌ک زیاتر هێچی دیکه نه‌بوو، به‌ڵام کوودێتایه‌ک له‌نێو په‌رله‌مان و به‌هۆی په‌رله‌مانتارانی ده‌سه‌ڵاته‌وه و به هه‌ڕه‌شه و چاوسوورکردنه‌وه‌ی پۆلیسی ده‌سه‌ڵات.
قاهیره 3ی ته‌مموزی 2013، عه‌بدولفه‌تتاح ئه‌لسیسی(عبدالفتاح السیسي)، فه‌رمانده‌ی هێزی چه‌کدار و سپا و وه‌زیری جه‌نگی مسر، فه‌رمانی لابردنی موحه‌ممه‌د مورسی، سه‌رۆککۆماری هه‌ڵبژێردراوی مسر، له سه‌رۆکایه‌تی ده‌رده‌کات و کۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی حیزبی عه‌داله‌ت و ئازادی(ئیخوانولموسلمین) ده‌هێنێت و دواتریش سه‌رانی ئیخوان ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌کات و ده‌ستوور هه‌ڵده‌په‌سێرێ و په‌رله‌مان و حوکوومه‌ت هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و به بێ هه‌ڵبژاردن سه‌رۆکێکی دیکه بۆ مسر داده‌نێت. ئه‌وه‌ی ئه‌لسیسی و له‌شکری مسر کردیان، بێجگه له کوودێتایه‌کی سه‌ربازی و ناشه‌رعی، د‌ژ به‌و دیموکراتییه په‌رله‌مانییه‌ی، که خه‌ڵک ده‌نگی بۆ دابوو، هیچی دیکه نه‌بوو.
دیموکراتی، وه‌ک چه‌مکێکی سیاسی و شێوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی و ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت، چه‌مکێکه له دوای جه‌نگی جیهانی یه‌که‌مه‌وه، له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هاتووه‌ته ئاراوه و له ڕاستیدا ده‌کرێ به چه‌مکێکی هاورده له ڕۆژاواوه بژمێردرێ. بنه‌ما و ڕیشه‌ی دیموکراتی، له یۆنانه‌وه ماوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وروپا و له ئه‌وروپا و ڕۆژاوایشه‌وه، به‌ره‌و وڵاتانی دیکه‌ی جیهان و ڕۆژهه‌ڵاتیش هاتووه. پایه هه‌ره‌گرنگه‌که‌ی دیموکراتی، ڕکابه‌ری و هه‌ڵبژاردنه، له‌نێوان چه‌ند حیزب و ده‌سته و قه‌واره‌یه‌کی سیاسیی‌دا و بردنه‌وه‌ی زۆرینه و دۆڕانی که‌مینه‌یه، ئه‌گه‌ر جیاوازیی نێوانیشیان 1% یا ته‌نانه‌ت نیو%یش بێت. زۆرینه، ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته ده‌ست و حوکوومه‌ت پێکده‌هێنێت و که‌مینه‌ش، که ڕێژه‌یه‌کی زۆر که‌می له زۆرینه که‌متره، له یارییه‌که دێته ده‌ر و ده‌بێته ئۆپۆزیسیۆن. په‌رله‌مان، له ڕێژیمی دیموکراتیدا، باڵاترین ده‌سه‌ڵاته. ئه‌م جۆره دیموکراتییه، پێی ده‌گوترێ، دیموکراتیی ناڕاسته‌وخۆ، واته: هه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانێک، که گرێدراوی حیزبێک، ده‌سته‌یه‌ک، گرۆیه‌که یا ڕه‌نگه سه‌ربه‌خۆ و ته‌نیایش بێت، نوێنه‌رایه‌تی سه‌دان هه‌زار ده‌نگده‌ر ده‌کات و له‌بری ده‌نگپێده‌ره‌کانی قسان ده‌کات.
ئه‌مه‌ی پێی ده‌گوترێ دیموکراتی په‌رله‌مانی و ئێستا تاڕاده‌یه‌ک ته‌واوی ده‌وڵه‌تانی جیهان له‌سه‌ری پێکن و به باشترین شێوه‌ی حوکمڕانی و ده‌وڵه‌تداریی داده‌نێن، له باشترین حاڵ‌دا، له گه‌مه‌یه‌کی سیاسی و کڵاوبازییه‌ک زیاتر هیچی دیکه نییه، چونکه: دیموکراتی په‌رله‌مانی(ناڕاسته‌وخۆ)، ده‌بێته هۆی دابه‌شکردنی خه‌ڵک و گه‌ل و مرۆڤی وڵات و جڤاکێک، به‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک حیزب‌دا، که زۆرجاران ته‌نێ به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و تینوویه‌تی ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ده‌ست و به‌رژه‌وه‌نده که‌سیه‌تییه‌کان، هۆی دروستبوون و پاڵنه‌ر و جووڵێنه‌ریانن. گه‌لێ جار گه‌وره‌یی و گچکه‌یی و دارایی و نه‌داری حیزبه‌که و ناووناوبانگ و کاریزمای ڕێبه‌ر و سه‌رانی حیزبه‌که و مێژووی حیزبه‌که، کاریگه‌رییه‌کی گه‌لێک زیاتریان، له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن و بردنه‌وه و دۆڕانی حیزبه‌که ده‌بێت، به به‌راورد له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕ و هزری حیزبه‌که‌دا. حیزبی چینێکی هه‌ژار، حیزبی کارگه‌ر و جووتیار و بێکاران و چه‌وساوانی نێو جڤاک، به ئابوورییه‌کی که‌مه‌وه، هه‌رگیز ناتوانن ڕکابه‌ری حیزبێکی ده‌وڵه‌مه‌ند و خودان کۆمپانیا و دارا بکه‌ن، که‌واته ته‌رازووی چینی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه، با هزر و بڕوایشیان، پاکژترین و باشترین بێت و عه‌داله‌تخواز و یه‌کسانیخوازیش بن، بردنه‌وه‌یان، به‌رانبه‌ر حیزبگه‌لێکی بۆرژوازی دارا، هه‌رگیز ئاسان نییه. له گۆر ئه‌و دیده‌ش، دیموکراتی په‌رله‌مانی، چ واتایه‌کی نییه و خزمه‌ت به مرۆڤایه‌تی و به‌تایبه‌تیش به خه‌ڵکی هه‌ژاری ئه‌م جیهانه، که زۆرینه‌ی مرۆڤایه‌تین، ناکات، به‌ڵکه پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه، کۆمه‌ک به سه‌رمایه‌داری و کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کان و چینه دارا‌کان ده‌کات.
ڕۆژاوا و له‌گه‌ڵ ئه‌ویشدا، سیاسییه ڕه‌دووکه‌وتووه‌کانی ڕۆژاوا، له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی له‌مه‌ڕ خۆمان، که زۆرینه‌یان له لایه‌ن رۆژاواوه دامه‌زرێنراون و وابه‌سته‌ی ڕۆژاوان، ئه‌گه‌ر باس له دیموکراتی په‌رله‌مانی و باس له چه‌مکه‌ڕۆژاواییه‌کان ده‌که‌ن، له‌نێویشیاندا په‌رله‌مان و دیموکراتی ناڕاسته‌وخۆ، ده‌ڵێی باس له ده‌قێکی پیرۆز و پیرۆزیییه‌کی ئایینی ده‌که‌ن، که ته‌نانه‌ت ڕه‌خنه لێگرتنیشی، به لای ئه‌وانه‌وه، ناڕاسته و ده‌بێ به هه‌موو چه‌وتی و لارولوێرییه‌کییه‌وه به خاس و هێژا دابنرێ.
حیزبی ئازادی و عه‌داله‌ت(ئیخوانولموسلمین) له مسر، له‌و کاته‌وه‌ی له لایه‌ن حه‌سه‌نولبه‌ننا(حسن البنا)وه له ساڵی 1928دا، دامه‌زرێنرا، تا ئێستا و به درێژایی 85 ساڵان، به‌هێزترین و پڕجه‌ماوه‌رترین و توندوتۆڵترین ڕێکخستن بووه له مسردا، که به‌رده‌وام دژایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی ڕێژیمی پاشایه‌تی و ڕێژیمی ناسری(جه‌مال عه‌بدونناسر) و ڕێژیمی سادات(ئه‌نوه‌روسسادات) و ڕێژیمی موباره‌ک(حوسنی موباره‌ک)ی کردووه. مێژووی ئیخوانولموسلمین، له سایه‌ی ئه‌و ڕێژیمانه‌دا، مێژووی زیندان و کوشتن و هه‌ڵواسین بووه و مێژوویه‌ک بووه هه‌موو لاپه‌ڕه‌کانی به خوێنی قوربانییه‌کانی نووسراوه‌ته‌وه. ئیخوان، حیزبێک بووه، ڕه‌گی له‌نێو خه‌ڵک و خاکی مسردا ڕۆچووه و وه‌ک ڕووباری نیل، زۆرینه‌ی گه‌لی مسری له چوارده‌ور و ئامێزی خۆیدا خڕ کردووه‌ته‌وه. ساڵی پار، به پێوه‌ری دیموکراتی په‌رله‌مانیی ڕۆژاوایی و به گوێره‌ی هه‌موو ڕێسا و نه‌ریت و قانوونێکی دیموکراتی، که له دنیادا پێڕۆ ده‌کرێ، به زۆرینه‌ی ده‌نگی گه‌لی مسر، حیزبی ئیخوان، هه‌ڵبژاردنی برده‌وه. ئیخوان حوکوومه‌تی دامه‌زراند و موحه‌ممه‌د مورسی، به ده‌نگی زۆرینه‌ی گه‌ل، بردییه‌وه و به سه‌رۆککۆمار هه‌ڵبژێردرا. پاش یه‌ک ساڵ له ده‌سه‌ڵاتی ئیخوان، له‌شکر، هێزی سه‌ربازی، گورزێکی له ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵبژێردراوی ئیخوان و سه‌رۆککۆماری هه‌ڵبژێردراوی ئیخوان، که به شێوه‌یه‌کی “دیموکراتی”، گه‌ل هه‌ڵیبژاردبوون، دا، و ده‌سه‌ڵاتی لێ سه‌ندنه‌وه و ئیخوان و موحه‌ممه‌د مورسی وه‌لا نا.
ده‌وڵه‌تان و سیاسه‌تکاران و ده‌سه‌ڵاتدارانی جیهان و حیزب و خه‌ڵک و میدیای جیهانی، هه‌رچۆنێک باس له لابردنی موحه‌ممه‌د مورسی سه‌رۆککۆماری مسر و ده‌سه‌ڵاتی ئیخوانه‌کان و دانانی ڕێژیمێکی دیکه له جێگه‌ی بکه‌ن و هه‌رچۆنی پێناسه بکه‌ن، ناکرێ و ناشێ له یه‌ک ناو زیاتری لێبنرێ، ئه‌ویش کوودێتا. ئه‌وه‌ی له مسر ڕوویدا کوودێتا بوو، دژی ئه‌و دیموکراتییه ڕۆژاواییه‌ی، که ڕۆاژاوا و شاگرده‌کانی له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، خۆیانی پێوه باده‌ده‌ن و پێوه‌ی ده‌نازن و هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن. موحه‌ممه‌د مورسی، یه‌که‌م سه‌رۆککۆمار بوو له مێژووی مسردا، که له لایه‌ن زۆرینه‌ی خه‌ڵکی مسره‌وه هه‌ڵبژێردرابوو، مورسی گه‌ل هه‌ڵیبژارد، که‌سێکیش گه‌ل هه‌ڵیبژێرێت، ده‌بێ وه‌ک نوێنه‌ری گه‌ل سه‌یر بکرێ و ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی خۆی ته‌واو کات، ئه‌وجا باس له گۆڕین و لابردنی بکرێت. مورسی، له‌شکر لایبرد و به بڕیارێکی ڕێبه‌ریه‌تی له‌شکر له‌سه‌ر کار لابرا. له‌شکری مسر، هه‌موو خاوه‌ن ئاوه‌زێک ده‌زانێت، له‌شکرێکه گرێدراوی ئه‌مه‌ریکا و سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا و په‌نتاگۆنی ئه‌مه‌ریکییه و ڕێک وه‌ک به‌شێک له سپای ئه‌مه‌ریکا کار ده‌کات. لابردنی مورسی یه‌که‌م لابردنی، سه‌رۆکێک یا ده‌سه‌ڵاتێک نییه، که هه‌ڵبژێردراوی گه‌ل بێت، به‌ڵکه ئه‌مه چواره‌م لابردنه، له‌و ده‌ڤه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌دا ڕوو ده‌دات. لابردنی ده‌سه‌ڵاتی به‌ره‌ی ئیسلامیی ڕزگاری(الجبهة الإسلامیة للإنقاذ) له ئه‌لجه‌زائیر، لابردنی نه‌جمه‌ددین ئاربه‌کانی سه‌رۆک حوکوومه‌ت له تورکیا، لابردنی حه‌ماس له فلستین و ئه‌مه‌ی مورسی و حیزبی عه‌داله‌ت و ئازادی(ئیخوان)،که هه‌رگیز دوالابردن نابێت. ئه‌و لابردنانه، هه‌ر هه‌موویان، یه‌ک خاڵی هاوبه‌ش له نێوانیاندا هه‌یه و یه‌ک شت کۆیانده‌کاته‌وه و ده‌که‌ونه چوارچێوه‌ی یه‌ک خانه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه ده‌سه‌ڵاتگه‌لێکی ئیسلامی بوون و حیزبگه‌لێکی ئیسلامی ڕێبه‌ریان بوون. هه‌موو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه به کوودێتا لابران و هێز بۆ لابردنیان به‌کار برا و له‌شکر لایانیبرد. هیچ یه‌کێک له‌و سه‌رۆککۆمار و سه‌رۆک حوکوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی ئه‌لجه‌زائیر و تورکیا و فلستین و مسر، که به کوودێتا و به‌تۆبزی و به چه‌ک له‌سه‌رکار لابران، هێنده‌ی مارگرێت تاتچه‌ر(بریتانیا) و تۆنی بله‌یر(بریتانیا) و جۆرج بووشی سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا، له هه‌ڵه و خراپه‌کاری و زیانگه‌یاندن به گه‌ل و وڵات و مرۆڤایه‌تیییه‌وه، نه‌گلابوون، که‌چی ئه‌مانه، به هه‌موو کرده‌وه دزێو و تاوانه نامرۆڤانه‌کانیانه‌وه، که ده‌بوو له‌سه‌ریان دادگایی بکرێن، نه‌ک ته‌نێ چوار ساڵ، به‌ڵکه هه‌شت ساڵ، له ده‌سه‌ڵات مانه‌وه و به ئه‌وپه‌ڕی ڕێزیشه‌وه به‌ڕێخران. ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا بۆ خۆیان و له وڵاتانی خۆیاندا، وه‌ها ده‌که‌ن و به‌و جۆره هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ دیموکراتیدا ده‌که‌ن، لێ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هه‌ر که ناوی ئیسلام و ئیسلامی به ده‌سه‌ڵاته‌که‌وه بوو، ئیتر خودای ده‌کرد، ته‌واوی خه‌ڵکی وڵاتیش ده‌نگی بۆ دابوو و به هه‌ڵبژاردن ده‌سه‌ڵاتی گرتبووه ده‌ست، چاویان به‌رایی نادات و ده‌بێ، هه‌ر له یه‌که‌م ڕۆژه‌وه نه‌خشه‌ی له‌باربردنی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان دانێن و بیانڕووخێنن.
بڕوا ناکه‌م، ئه‌و ڕێژیمه ئیسلامیانه، ڕێژیمگه‌لێکی بێ هه‌ڵه و سه‌دله‌سه‌د ڕاست و دروست بووبن و ڕه‌نگه په‌له‌شیان کردبێ له بڵاوکردنه‌وه و سه‌پاندنی قانوون و شه‌ریعه‌تی ئیسلامی و بیروڕای ئایینیی خۆیان به سه‌ر خه‌ڵکی وڵاته‌کانیاندا، لێ ئه‌وه کام ڕێژیمه له‌م جیهانه‌دا، که داوێنی پاکه و چ ناته‌واوییه‌کی نییه و نایه‌وێ بیری خۆی و قانوونی خۆی و هه‌ژموونی خۆی به سه‌ر خه‌ڵکدا بسه‌پێنێت! هه‌ر له‌و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌دا، ڕێژیمگه‌لی وه‌ک عه‌ره‌بستانی سعوودی و به‌حره‌ین و قه‌ته‌ر و ئیسرائیل و سووریا و سوودان و عیراق و ئێران هه‌ن، هه‌ر چه‌نده هه‌ڵبژاردنیان تێدا ده‌کرێ و خاوه‌ن په‌رله‌مانن، تروسکه‌یه‌کیان تێدا نابێنرێ و لێوانلێون له ناڕه‌وایی و نادادی و نامرۆڤایه‌تی.
ده‌سه‌ڵات و میدیاکانی ده‌سه‌ڵات له کوردستان، زیاتر له ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیل و ئه‌وروپا ، داکۆکی له به‌ها نامرۆڤییه‌کانی ڕۆژاوا ده‌که‌ن و له بۆچوونی سیاسییاندا، له ڕۆژاواییان گه‌لێک ڕۆژاواییترن. ئه‌وان ئێستاش به ناوهێنانی جۆرج بووش و تاتچه‌ر و بله‌یر و نه‌تانیاهوو، ئۆخژن و موچوڕکه‌ی خۆشیی به له‌شیاندا دێت و شاگه‌شگه ده‌بن و ئه‌و جۆره که‌سانه وه‌ک نموونه و فریادڕه‌س ده‌بینن و پێیان سه‌رسامن. ئه‌وان له ڕۆژاوا گه‌لێک زیاتر، خۆ به عه‌لمانی(سێکولار) ده‌زانن و له هه‌مان کاتدا دژایه‌تی هه‌موو جۆره بیرێکی ئیسلامی و ڕێکخستنێکی ئیسلامی ده‌که‌ن، که ئه‌وه کارێکه له عه‌لمانییان ناوه‌شێته‌وه، چونکه عه‌لمانییان بڕوایان به ئازادی هه‌موو جۆره بیر و دیدیک و هه‌موو جیاوازییه‌ک هه‌یه.
ده‌سه‌ڵات و میدیاکانی کوردستان و گه‌لێک له ڕۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر و ماڵپه‌ڕه کوردییه‌کان له وڵات و له تاراوگه، ڕووخاندنی ڕێژیمی مورسی و ئیخوانه‌کانیان، له لایه‌ن سپاوه، پێ شه‌رعی و سه‌رکه‌وتن و باش و ڕه‌وایه و به ده‌رفه‌تێکی زۆر ده‌گمه‌نیشی ده‌زانن، بۆ هێرشکردنه سه‌ر هێزه ئیسلامییه‌کانی کوردستان و ناوزڕاندن و نوقڵانه‌ی خراپلێدان بۆیان، له کاتێکدا هێزه ئیسلامییه‌کانی کوردستان له ده‌رێی ده‌سه‌ڵاتن و بۆ یه‌ک ڕۆژیش ده‌سه‌ڵاتیان نه‌گرتووه‌ته ده‌ست! هه‌ر به‌وه‌یشه‌وه ناوه‌ستن، به‌ڵکه فره‌جار ئیسلام و هزری ئیسلامی و ته‌نانه‌ت شارستانی و فه‌رهه‌نگی ئیسلامیش، ده‌که‌نه نیشان و تیری تێده‌گرن و وه‌ک هۆی نه‌زۆکیی و پاشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانی، سه‌یر ده‌که‌ن. گه‌لێ جار و زۆرێک، له‌و به ناو ڕووناکبیر و ڕۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر و میدیاکارانه‌ی کورد، هه‌ر ده‌ڵێی له ئه‌ستێره‌یه‌کی دیکه‌وه هاتوون، هێنده‌ی ئیسلام و بیری ئیسلامی و حیزبی ئیسلامی‌یان پێ نامۆ و نه‌باش و سه‌یر و به‌د و ناسروشتییه، هێنده و زیاتریش بیری زایۆنیزم و نازیزم و شه‌یتانیزم و شتگه‌لی دیکه‌ی له‌و جۆره‌یان پێ سروشتی و باش و ئاساییه. زۆرێک له میدیا و میدیاکارانی کوردستان، وه‌ک تووتی ئاخاوته‌کانی ده‌سه‌ڵات ده‌ڵێنه‌وه و به چاوی ده‌سه‌ڵات ڕووداوه‌کان ده‌بینن و به مه‌ن و گه‌زی ده‌سه‌ڵات ده‌پێون و به مێشکی ده‌سه‌ڵات نه‌ک هی خۆیان، بیر ده‌که‌نه‌وه. ئه‌وان، هه‌ردوو کوودێتاکه‌ی هه‌ولێر و قاهیره‌یان پێ شۆڕشه و پێ دروسته و به ڕۆژی نیوه‌ڕۆ داکۆکی له سه‌ربازه کوودێتاچییه‌کانی قاهیره و په‌رله‌مانتاره کوودێتاچییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێر ده‌که‌ن.
من بۆ خۆم سه‌ر به هیچ یه‌کێک له حیزبه‌کانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستان نیم و سه‌ر به هزری ئیخوان و حیزبی ئیخوانولموسلمینی مسریش نیم و به هیچ حیزب و گرۆیه‌کیشه‌وه پێوه‌ست نیم وتێکه‌ڵکردنی ئایین و ده‌وڵه‌تیشم پێ ڕاست نییه و له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ئایینییشدا نیم و بڕوایشم به دیموکراتی په‌رله‌مانیی ناڕاسته‌وخۆیش نییه، به‌ڵام پێموایه ئه‌وه‌ی له هه‌ولێر له لایه‌ن حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌وه له په‌رله‌مانی کوردستاندا کرا و ئه‌وه‌ی له قاهیره له لایه‌ن سپا و هێزی چه‌کداره‌وه کرا، دوو کوودێتا بوون، دوو ده‌ست بوون، وه‌ک ماره‌که‌ی شێخ ئۆمه‌ر، له گه‌ردنی خه‌ڵک ئاڵان و ده‌نگی خه‌ڵکیان تاساند، بێڕێزییه‌ک بوون به گه‌ل و وڵات و قانوون و ئازادی و دوو فیشه‌ک بوون، نرانه ته‌وێڵێ ئه‌و دیموکراتییه په‌رله‌مانییه‌ی، که له ئێستادا، وه‌ک سیستمی حوکم، له دوو وڵاتی کوردستان و مسر پێڕۆ ده‌کرێ،
8 – 7 – 2013
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی