Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
چەند لەقتەیەک….   نەوزاد بەندى

چەند لەقتەیەک…. نەوزاد بەندى

Closed

 

 

 

-1- 

هاتمە سەربان

هاتیتە سەربان

( ئەمە ساڵى 1981 بو )

تۆ لە دواناوەندى ئاشتى بوى 

من لە دوا ناوەندى هەڵکەوت بووم ..

تۆ بە تۆپى مەدفەعێکى ئێران ڕۆیشتیت و

منیش بۆ دەردى سەرى ،

ئەوەتا 2013  یە و 

هێشتا نەمردووم ..

 

-2-

بەیانى زوو ڕابووم ،

باڕێزە و ڕنوە بەفر ،

گردێکى سپییان لە بەردەم ماڵماندا دروست کردبوو ..

بۆنى غازى عەلادین و

ماست و

چا و

دەنگى ڕادیۆى مۆنتیکارلۆ .. تێکەڵاو بوبون ..

دایکم دوژمنى بەفر بو ،

پەیتا – پەیتا ئەیوت : بەڵاى خواکە ، دیسان بارى ..

ڕادیۆکەى باوکیشم ئەیوت :

(تەعالە ئیلا حەیسو لنەکهە ..

تەعالە ئیلا .. مارلبۆرۆ .. )

 

-3-

ساڵى 1978

سێ ماڵ لەسەروو ماڵى خۆمانەوە ..

کچێک هەبوو ..

چاوى سەوز – سەوز

پێستى پەمەیى ..

قژى خورمایى ..

منى خۆش ئەویست و

منیش خۆشم ئەویست ..

تەنها خوا بەو عەشقەى زانى ..

نە من توانیم قسەیەک بکەم ..

نە ئەو توانى ..

ئیتر

لەگەڵ ماڵ گواستنەوەدا

کۆتاییمان

بەو عەشقە خەمگینە ، هانى ..

 

-4-

زەردەواڵەکان ،

لە باشوورەوە ئەچوون بۆ باکور

ئێمەیش ،

بە تەختە و ڕەکتەى تێنس ،

شڵپەمان لێ هەڵئەستاندن ..

بیستبومان ، ئەیانوت ،

ئەوەى زەردەواڵەیەک بکوژێ ،

دارخورمایەک لە بەهەشتا وەر ئەگرێ ..

برا گەورەکەم خوانەناس بو ،

ئەیوت : هەتیو! چى لەو هەموو دارخورمایە ئەکەى ؟

خۆ عەرەب نیت !

 

-5-

هاوین ،

سێ مانگ زیندانى ئینفیرادى من بوو ..

نە هاوڕێم هەبوو ..

نە هاودەم ..

بە دیار گۆرانییەکى مەیادە حەنناوی و

ڕۆمانێکى یەشار کەمالەوە ..

بەیانیم ئەکرد بە نیوەڕۆ و

نیوەڕۆ بە ئێوارە ..

شوێنێ نەبوو بمگرێتە خۆى ..

دۆستێکم نەبوو لەم شارە ..

تا ڕۆژێکیان ،

بوم بە هاوڕێى کتێبخانەى مەرکەزیى شار ..

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.