Skip to Content

Thursday, May 2nd, 2024
محامییەکانی کتێب!!! … بەرهەم خالید

محامییەکانی کتێب!!! … بەرهەم خالید

Closed
by July 20, 2013 گشتی

 

 

 

 

(ڕۆژنامەنوس و نوسەر)ەکانی ئێمە هەمیشە حەزدەکەن قسە بکەن، هەمیشەش لەم مەملەکەتە، چەندین ڕوداوی تازەو بابەتی نوێ هەن قسەی لەسەر بکەن. ئیدی ئەمە چانسی ئەوانەیە کە هەمیشە حەزدەکەن قسە لەسەر ڕوداوەکان بکەن و ڕستەو وشەی بێ مانا ڕیز بکەن، بەڵام بەهەموویان ناتوانن دوو دێڕ لەبارەی دیالەکتیکی هیگڵەوە بنوسن. بە هەمویان ناتوانن لەسەر فیزیای کوانتەم دێڕو نێوێک بنوسن. توانای ئەوەیان نییە دەربارەی عەقڵانیەت لای کانت، یان ڕۆشنگەری لای دیکارت بنوسن. ناتوانن لێکۆڵینەوەیەکی فەلسەفی بکەن، ناتوانن خوێندنەوەیەک بۆ فیکری ئەحمەدی خانی بکەن، بەڵام بۆ ڕیزکردنی وشەی بێماناو ئینشائی، ئامادەن لەسەر ڕوداوەکانی ڕۆژ، چەندین لاپەڕە ڕەش بکەنەوە و ئیدانەی بکەن! بەڵام بۆچی تەنها قسەکردن لەسەر ڕوداوەکانی ڕۆژ؟ ئایا ئەمە بەڵگەی ڕوون ئاشکرا نییە لەسەر بیماری ئەقڵی(ڕۆژنامەنوس و نوسەر)ی کورد، کە تا ڕادەی بەزەیی پێداهاتنەوە بیمارە؟ ئایا ئەمە نەخۆشییەکی کوشندە نییە کە توشی زۆرینەی هەرە زۆری ئەو (نوسەر)انە هاتووە؟ کە تەنهاو تەنها توانای قسەکردنیان لەسەر ڕوداوەکانی ڕۆژ و ڕیزکردنی وشەی ئینشائی هەیە؟

 ماوەی ڕابردوو لەسەر پەیامەکەی ئۆجەلان قسەیان کرد…هێشتا پەیامەکە ڕوون نەبووبووەوە، چی تێدایە و چی ئەڵێ (شرۆڤەکاران) دەستیان کرد بە تەفسیرکردن بۆی!!! هەبوو هەر نەیخوێندبووەو لەخۆیەوە کەوتە شەن و کەوکردنی! ئیتر شاعیرو ڕۆژنامەنوسی فاشیل و نوسەرو وەرزشوان و مەلاو مامۆستاو کتێبفرۆش و ئایسکرێم فرۆش و خوێندەوارو نەخوێندەوار….. هەمووی هەریەکەو لە ڕوویەوە دەستیان کرد بە شرۆڤەکردنی پەیامەکەی ئۆجەلان!!! هێندەیان شی کردەوە، ڕۆحیان دەرهێناو، من کە خەریک بوو وردە وردە لە پەیامەکە تێدەگەیشتم، (شیکەرەوە)کان سەریان لێ شێواندنم و ئێستاش نەمزانی ئۆجەلان چی ئەڵێ!! چونکە پێش ئەوەی بزانین چی ئەڵێ، هەریەکەو لای خۆیەوە شتێکی پێ وتین و لەبری ئۆجەلان قسەیان کردو لەبری ئەویش پەیامەکەیان گەیاند و ڕێگایان نەدا گوێ بۆ پەیامەکە خۆی بگرین!!! 

 ماوەی پێشووش  بە عەرەب ئایدڵ و پەروازەوە، مەلای مزگەوت لە میمبەرەکەیەوەو ڕۆژنامەنوس لە گۆشەی ڕۆژنامەکەیەوەو (نوسەر)ەکان لە نوسینەکانیانداو هەموان و هەریەکەو بەجۆرێ. لە لایەنی ئاینی و ئابوردی و نەتەوەیی و کولتوری و هونەری و مێژوویی و دەرونییەوە قسەیان لەسەر کرد! پەرواز دەرکراو عەرەب ئایدڵ بە دوماهیک هات. هەڵپەکەرەکان، ئەوانەی کە حەزدەکەن هەمیشە قسە بکەن و وشە ڕیز بکەن، لە چانسی خۆشیان هەمیشە زیاد لە شتێک هەیە قسەی لەسەر بکەن، ئەمجارەیان بە شەڕە دەبەی پەرلەمانەوە گرتیان و دیسان دەستیان کرد بە شرۆڤەکردنی دەبە ئاوەکەی عەبدوڵای مەلا نوری! وەک ئەوەی عەبدوڵای مەلا نوری کەرکوکی گەڕاندبێتەوە، یان لای هەندێ کەس وەک ئەوەی خیانەتی نیشتیمانی کردبێ!

  لە ڕاستیدا مەلای مزگەوتێک ئەتوانێت بە ڕستەیەک، تەنها بە ڕستەیەک، هەرچی ڕۆژنامەنوس و نوسەری ئەم وڵاتە هەیە بیهینێتە قسەو هەفتەیەک سەرقاڵیان بکات!  ئەرێ…. ئیدی ڕۆژنامەنوس و نوسەری ئەم مەملەکەتە ئامانجیان ئەوەیە خۆیان و خەڵک سەرقاڵ بکەن، خەڵک بکەن بە پاڵەوان یان بەدناوی بکەن. ئیدی بە عەرەب ئایدڵ و جلوبەرگەکەی پەروازەوە بێت، یان بە قسەی مەلای ناو مزگەوتێک، یان سوتاندنی دوو سێ کتێب!! ڕێ دەکەوێت کەسێک چەند قسەیەکی کەم بکات، یان چەند ڕستەیەکی سادە بنوسێت و ئیدی نوسەرە سەفەرییەکان هەزاران هەزار ڕستەی لەسەر بنوسن و خۆیان گوتەنی خوێندنەوەی بۆ بکەن!

ئێستا ئیدی باوی ئەوەیە ئەو قسەکەرانە لەبارەی سوتاندنی کتێبەکانی جەمال غەمبارەوە قسە بکەن، ئیدی تێیاندایە بە جنێو لەسەرەوە تا خوارەوە بە (جەمال غەمبار)دا دێتە خوارەوەو تێشیاندایە بە پێچەوانەوە، بەوانەی کە کتێبەکانیان سوتاند و بە گەمژەو نەفام و نەخوێندەوارو نەزان و….هتد ناویان ئەبەن. دەیان و سەدان جنێویان بۆ ڕیزکردن! ئەمەش بە گوتەی خۆیان، چونکە سوکایەتی بە کتێب کراوە! بێ ئاگا لەوەی خۆیان بە جنێوەکانیان سوکایەتیان بە مرۆڤ و بە نوسینیش کرد!  کاکی خۆم، نە پێویست بە جنێو ئەکات، بە جەمال غەمباری بدەیت، نە بەوانەی کتێبەکانیان سوتاند، تەنها لەبەرئەوەی:

یەکەم: لەم کۆمەڵگایە، ئەوەی ڕێزی لێ ناگیرێت کتێبە. باشترین بەڵگەش ئەوەیە کەخوێنەرمان هێندە کەمە کتێبە تۆز لەسەر نیشتووەکانی ناو کتێبخانەکان، گەر بکرایە، لە دژی پەراوێزخستنیان لەلایەن ئێمەوە؛ خۆپیشاندانیان ئەکرد. ئەو قسەکەرانەی کە وا نیشان ئەدەن سوتاندنی کتێبەکانی غەمبار سوکایەتییە بە کتێب، بێ ئاگا لەوەی، ئەوەی سوکایەتی بە کتێب ئەکات خودی خۆیانن، کە مانگی جارێکیش کتێبێک ناخوێننەوە. سوکایەتیکردن بە کتێب ئەوەیە نەیخوێنیتەوە، ئەوەیە کە تیراژی باشترین کتێب ناگاتە (٥)هەزار دانە “١” !!! با هیچ فەیلەسوفێک باسی سوکایەتیکردن بە کتێب نەکات، چونکە هەموو چرکەیەک لەم کۆمەڵگایە کە تێ ئەپەڕێت،  تێیدا سوکایەتی بە کتێب ئەکرێت. چرکەیەک تێناپەڕێت و سوکایەتی بە کتێب نەکرێت. ئیدی پێویست ناکات کەس خۆی بکات بە ئەفلاتون و لەسەر سوتاندنی کتێب بە جواب بێت وپێی وابێ ئەوە سوکایەتییە. لەڕاستیدا ئەوانە نە لە مانای سوکایەتی گەیشتوون، نە لەمانای کتێب، چونکە کەسانی وا لەبارەی سوتاندنی کتێبەکانی غەمبارەوە قسە ئەکەن تا ئێستا زەڕەیەک خەمی ئەوەیان نەبووە کە لەم کۆمەڵگایە خوێنەر بەرەو قات و قڕی چووە!! تێشیاندایە بە دوو مانگ جارێک کتێبێک ناخوێننەوە، باسی سوکایەتیکردن بە کتێبیش ئەکات!!!

دووهەم: ئەوانەی کتێبەکانی غەمباریان سوتاند هەر مەبەستیکیان هەیە، ئایا هەر بەڕاست هەڵوێستیان وەرگرتووە و ویستوویانە پەیامێک بە جەمال غەمبار بگەیەنن، یاخود تەنها بۆ ناودەرکردن بووە و بۆئەوە بووە باس بکرێن و لای هەندێک بکرێن بە پاڵەوان و لای هەندێکی دی بە فاشیل و کاڵفام و بەمجۆرەش ناو دەربکەن، هەرچیەک بێت، پێویست ناکات هەموان لەسەری بە جواب بێن. بەڕاست، سوتاندنی دوو کتێب لە کۆمەڵگایەکدا کە ژنی تێدا ئەکوژرێت، ئەو هەموو هەڵلایەی ئەوێ؟ لە کۆمەڵگایەکدا کە مرۆڤ هیچ نرخێکی نییە، لە کۆمەڵگایەکدا لەسەر پارچە پەڕۆیەکی زەرد یان سەوز مرۆڤ بکوژرێت و لافاوی خوین هەستێ، لە کۆمەڵگایەکدا محامییەکانی لەناو دادگادا تەزویر و شەڕە بۆکس بکەن، ئەم هەموو محماییەی کتێبمان لەکوێ بوو؟؟ ئەم هەموو عاشقە سەرشێتانەی کتێب لەکوێندەر پەیدابوون و چۆن هەڵتۆقین؟

 تۆ کە ڕۆژانە لە ڕێگاو بانەکاندا بە خۆت ترۆمبێلەکەتەوە دنیایەک سەرپێچی ئەکەیت، پۆلیسێکی هاتوچۆ پێت بڵێ بێزەحمەت مۆڵەتی شۆفێریەکەت، دنیایەک جنێوی بۆ ڕیز ئەکەیت، خۆ ئەگەر وەسڵێکی پازدە هەزاریت بۆ بکات، دورنییە سەروچاوی نەشکێنی. تۆ کە تاقەتت نییە خولەکێک لە ترافیکلایتدا بوەستیت و لە خودات ئەوێ کەس دیارنەبێ و بۆی دەربچیت، تۆ کە لە نیشانەکانی سەر جاددەکە نوسراوە لە(٨٠) زیاتر مەڕۆ و کەچی جەنابت لە(١٢٠) ئەڕۆیت، تۆ کە دراوسێکەت لە برسا بمرێ ئاوڕێکی لێ نادەیتەوە، تۆ کە هاوڕێکەت پێویستی بە یارمەتی بێت پشتی تێ ئەکەیت، تۆ کە ئامادەیت هەرکەس وەکو تۆ بیر نەکاتەوە جنێوبارانی بکەیت، تۆ کە لەسەر جاددە قیرەکەی بەردەم ماڵی خۆتان ترۆمبێلەکەت ئەشۆیت و دنیایەک ئاو بەفێرۆ ئەدەیت وقیرەکەش ئەشێوێنیت، تۆ کە موچەکەت دوو ملیۆنەو ئامادەنیت دوو هەزار بدەیت بە کتێبێک، ترۆمبێلەکەی ژێرت بە شەش دەفتەرەو شەش هەزارت بۆ کتێبێک پێ زۆرە، تۆ کە بە واسیتە دامەزروایت و سەرتاپات گەندەڵییە، تۆ کە ئێستاش تاقیکردنەوەت بکەن و بۆت بڕەخسێ قۆپییە ئەکەیت، کە پارەی حیزب وەرئەگریت و ئەیخۆیت، تۆ کە دوای خواردنەوەی بیبسییەکە؛ قوتووەکەی فڕێ ئەدەیتە سەر جاددەکە، تۆ کە تەنها خەریکی ڕیزکردنی ڕستەو پەرەگرافی بێماناو ئینشائیت…. تۆ و هەزاران تۆی دیکەش…. ئێستا خێرە خۆتت لێ بووە بە محامی کتێب و مەسیح ئاسا باسی پیرۆزی کتێبمان بۆ ئەکەیت؟

 نەخێر…… ئێوە ئەی ئەفلاتوونەکانی مەملەکەتی ژنکوژان، هەی کارل پۆپەرەکانی کۆمەڵگای داخراو! هەی ئەلبێر کامۆکانی کۆمەڵگای دەستەمۆ! ئەی هیگڵەکانی مەملەکەتی شەڕە پەڕۆ! ئەی دیکارتەکانی کۆمەڵگای خێڵەکی! ئێوە ئەی ئەمانوێل کانتەکانی ئەقڵیەتی دیوەخان! تکایە دەمتان دابخەن و باسی پیرۆزی کتێبمان بۆ مەکەن. لە کۆمەڵگایەکی ئاوادا، لەناو ئەم جۆرە مەخلوقە سەیرو سەمەرانەدا؛ هەموو شتێک پیرۆزە و بایەخی هەیە، کتێب نەبێ. تۆ کە کتێبەکان تۆزیان لێ نیشتووەو قسەیەک ناکەیت، کە تیراژی کتێبەکان ناگەنە پێنج هەزارو نوزەیەکت لێوە نایەت. کە نوسەرێک سەرجەم کتێبە چاپکراوەکانی خۆی کۆکردەوەو لە داخی نەبوونی خوێنەر هەموویانی خستە ناو ڕوبارێکەوە. “٢” تۆش نەک دێڕێکت بۆ نەنوسی، تەنانەت تەزویەکیش بە لەشتا نەهات، ئێستا خێرە بۆ سوتانی دوو کتێب گڕت گرتووە؟؟!! 

تێبینی: من هیچ هەقم بەسەر ئەوانەوە نییە کتێبەکانیان سوتاند، کە ڕەنگە تەنها بۆ ناو دەرکردن و خۆ عەرزکردن بووبێت و هیچی تر، بەڵام ئەم نوسینە ڕوو لە هەموو ئەوانەیە کە لە بەرامبەر سوتاندنی دو کتێبی جەمال غەمباردا هاوریان لێ بەرزبووەتەوەو بە سوکایەتی ئەزانن!! بەبێ ئەوەی لەوە تێبگەن کە چرکەیەک نییە لەم وڵاتە تێ بپەڕێت و سوکایەتی بە کتێب نەکرێت، بەبێ ئەوەی بزانن سوکایەتی بە کتێب ئەوەیە؛ وشەو ڕستەی بێ مانا ڕیز بکەیت، نەخوێنیتەوە، کارێک نەکەیت دوو کەسی دیکە هان بدەیت بۆ خوێندنەوەو زۆرشتی دیکەش کە ئاماژەم پێ کردووە. ئەم نوسەرو ڕۆژنامەنوسە فاشیلانە، بە نوسینە بێ ماناکانیان، دەیان و سەدان کەسیان لە خوێندنەوە تۆراندووە. ئەوانەی سوکایەتی گەورە بە کتێب ئەکەن خودی ئەوانەن کە سوتاندنی کتێبەکانی غەمبار بە سوکایەتی ئەزانن و هەزاران ڕستەی بێمانایان ڕیزکردووە!!! تکایە بێدەنگ بن، چون بە دەنگهاتنی ئێوە و ڕیزکردنی ئەو هەموو وشەو ڕستە بێ مانایەی کە ناوتان لێ ناوە نوسین، خۆی لەخۆیدا گەورەترین سوکایەتییە بە نوسین.

 

بەرهەم خالید

١ – کتێبی (مرۆڤی یاخی) ئەلبێر کامۆ، کە ئازاد بەرزنجی ساڵی(٢٠١٢) وەریگڕاوە و کتێبخانەی ئەندێشە چاپی کردووە، تیراژەکەی تەنها دوو هەزار دانەیە!!! بە مەرجێک ئەم کتێبە یەکێکە لە باشتیرن و کاریگەرترین کتێبەکانی سەدەی بیستەم. لە کۆمەڵگایەکدا تیراژی کتێبی (مرۆڤی یاخی)ی ئەلبێر کامۆ، تەنها دوو هەزار دانە بێت! تکایە با هیچ کەس لە ڕووی نەیەت باسی سوکایەتی بە کتێب بکات.

٢ – هەر ئەمساڵ نوسەرێک لە سلێمانی، لەتاو نەبونی خوێنەر، کتێبەکانی خۆی لە سەرجەم کتێبخانەکاندا کۆکردەوەو بە بەرچاوی کامێراکانەوە فڕێیدانە ناو ڕوبارێکەوە. عاشقەکانی کتێب ئەوکات لە سوچی کام کتێبخانەدا خەویان لێ کەوتبوو؟ لە کوێندەر بوون و بۆ دەنگیان هەڵنەبڕی؟؟؟

……………………………………………………………………………….

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.