Skip to Content

Friday, March 1st, 2024
دیجلە بۆنی مەنصووری لێ‌ دێ‌

دیجلە بۆنی مەنصووری لێ‌ دێ‌

Closed
by July 22, 2013 چیرۆک

 

 

 

 

لە بەردەم دەرگای مزگەوتی گەورەوە تێپەڕیم. لەو كاتەدا گوێم لە دەنگێك بوو، بانگی دەكردم. دەنگێكی نامۆ. ئاوڕم بۆ دەور و پشتی خۆم دایەوە. لە دووری سێ‌ سەد مەترێكەوە پیرەمێردێكم بەدی كرد، پیرەمێردێكی نوورانی، باڵابەرز و كەڵەگەتبوو، پێستی گەنم رەنگ، قژ و ریشی درێژ و سپی بوو، چاوەكانی گەش وەك مانگ. روخساری وەك ئەستێرە شەوقی ئەدایەوە. كراس و پانتۆڵێكی  سپی پۆشیبوو، كلێتەیەكی رەشی لە سەردابوو.

 بەنیگای چاوەكانی بانگی كردم. کە بەرەو رووی چووم، رۆیشت و منیش بەدوایدا رۆیشتم. پیرەمێردی نوورانی نەرم نەرم دەرۆیشت و منیش نەرمە نەرمە بەدوویدا رۆیشتم، تا لە دەمی بازاڕی راپەڕینەوە رۆیشتە قەیسەرییەكەوە و منیش بەدوایدا رۆیشتم. ئەو نەیدەویست خۆی لە من ون بكات، بەڵكو دەیویست شوێن پێی هەڵگرم. ها لێرە و ها لەوێ‌ بەدووی كەوتم تا گەیشتینە صابوونكەران. لە جادەی صابوونكەران بۆ چەند ساتێك لێم ونبوو، لە ناكاو لەسەر سووچی كۆڵانێكی باریكدا خۆی نیشاندامەوە. دیسانەوە بەنیگای چاوەكانی بانگی كردم، بێ‌ دوودڵی بەرەو رووی چووم، تا من گەیشتمە سەر سووچی كۆڵانەكە، ئەو چووە ناو كۆڵانەكەوە و لە بەردەم دەرگایەكی شینی دووتاكیدا راوەستا. دیسانەوە بەرەو رووی چووم و ئەو دەرگای ماڵەكەی كردەوە و چووە ژوورەوە. تۆزێك ترسام، بەڵام لە رۆیشتن پەشیمان نەبوومەوە و چوومە بەر دەرگای ماڵەكە.

لەنێو حەوشەی ماڵەكەدا راوەستابوو، دەستەكانی لە گیرفانی پانتۆڵەكەیدا شاردبووەوە و سەیری دەكردم و زەردەخەنەی دەبەخشییەوە. رامابووم بچمە ژوورەوە یاخود نا. بەدەنگێكی هێمن و لە سەرخۆ، گوتی: دەی بۆ راوەستاوی؟ بۆ نایەیتە ژوورەوە؟ 

سەیرێكی ناوحەوشەی ماڵەكەم كرد و بەدوودڵییەكەوە چوومە ژوورەوە، هەركە چوومە ژوورەوە خێرا دەرگای ماڵەكەی داخست و دەستی خستە سەرشانم، دەتگوت نوور چووەتە رۆحمەوە. وەك ئەوەی لە دەستەكانییەوە خوێنی شادمانی چووبێتە دەمارەكانمەوە. بەدەستی چەپی ئاماژەی بۆ پلیكانەی ماڵەكە كرد و گوتی: بابچین لەوێ‌ دانیشین.

خانووەكە چۆڵبوو، لەوە دەچوو ساڵانێكی زۆربێت چۆڵكرابێ. خانوویەكی نیوەگڵ و نیوە چیمەنتۆ. حەوشەیەكی گەورە و كۆنی هەبوو، دووداربی لە ناوەڕاستی حەوشەكەدا بوو. بەپێنج پلیكانە سەردەكەوتی بۆ لای دەرگایەكی دوو تاكی، دەرگایەكی داری شڕ و كاڵەوەبوو، لە دەرگاكەشەوە دەچوویتە ناو ژوورەكانی ئەو ماڵەوە. ماڵێكی پڕ لە جاڵجاڵۆكە و هێلانەی چۆلەكە و كوكوختی. لە پەنجەرەكانییەوە ژوورە نیوچە تاریك و چڵكن و خۆڵاوییەكان دەبینران. 

لەگەڵ پیرەمێردەكەدا بەرەو لای پلیكانەكە رۆیشتین، لە سەرسێیەمین پلیكانە راوەستا، بۆ چەند خولەكێك نیگایەكی لە ئاسمان كرد. لەپڕێكدا ئاڕاستەی سەیركردنی بۆلای من گۆڕی و گوتی: با دانیشین 

دانیشتین. من ساكاو و بێدەنگ سەیری گەڵا وەریوەكانی ناو حەوشەكەم دەكرد، كە چۆن زەبری رەشەبا لە سووچی دیوارەكاندا كۆی كردبوونەوە. جارجار دزە نیگایەكم بۆ دەكرد، تا بزانم ئەو چی دەكا و سەیری كوێ‌ دەكا. 

لەپڕ گوێم لە دەنگی پێكەنینی بوو. وتم بەچی پێدەكەنی؟ بەژیان؟! 

هەناسەیەكی قوڵی هەڵمژی، پەنجەی شایەتمانی راوەشاند و گوتی: نا نا ئەوە قسەی تۆ نییە، نەدەبوو تۆ وابڵێی، ئێمە نابێ‌ بە ژیان پێبكەنین، بەڵكو دەبێ‌ بۆ ژیان پێبكەنین. 

گوتم: وایە، ببوورە هەڵەبووم. 

زەردەخەنەیەكی بۆ كردم و جارێكی تر سەیری ئاسمانی كرد. نیشانەی ئاسوودەییم لە روخساریدا بەدی كرد. هەستم كرد زۆر خۆشبەختە بە دیمەنی ئاسمانی شین و پەڵە پەڵەی هەوری سپی. لەپڕ ئاڕاستەی روانینی لە ئاسمانەوە بۆ سەر زەوی گۆڕی و سەیری بەردەمی خۆی كرد. مێروولەیەكی بینی، كە چۆن توێكڵە گوڵەبەرۆژەیەكی بە كۆڵەوەبوو. بەخۆشحاڵییەكی زۆرەوە لە مێروولەكەی روانی و گوتی: بڕوانە ئەو مێروولەیە ئێستا لەهەرچی مرۆڤە ئاسوودەترە. 

دەستی خستە سەرشانم و بەئەسپایی هەستا و لە پلیكانەكان چووە خوارێ‌ لەناو حەوشەكەدا تاوێك راوەستا و لە پڕ كەوتە سەما، سەمایەكی هێندە دڵنشینی كرد، رۆحمی ئاسوودەكرد، دوای تاوێك سەما كردن، خولێكی بەناو حەوشەكە لێدا و هاتەوە لە تەنیشتم دانیشت و گوتی: بەدڵ گوێم لێ‌ بگرە، دەمەوێت حیكایەتێكت بۆبگێرمەوە. حیكایەتی عەشقێك، لە دیجلەدا خنكێنرا. لە ساڵی1963 لە گوندێكی دەور و بەری بەسرە، لەخێزانێكی شیعە مەزهەب كچێك لە دایك دەبێ‌. ناوی دەنێن سوهەیلە. لەیەكەم ساتی لە دایكبوونییەوە دەرک بەوە دەکرا  كە رۆحیانەتی سۆفییەكی پاك لە جەستەی ئەو منداڵەدایە. 

 كاتێ‌ سوهەیلە تەمەنی بوو بە شەش ساڵ، خێزانەكەی بۆ ژیانێكی باشتر روویان لە شاری بەسرە كرد. سوهەیلە لەوێ‌ چووە خوێندنگا، سەرەتایی و ناوەندی لەو شارە تەواوكرد. دیسانەوە كەڵكەڵەی ژیانێكی شیاوتر لە سەری عەباس حەسەنی باوكی دا، ئیتر بڕیار دەدەن لە بەغدا نیشتەجێ بن. 

سوهەیلە لە بەغدا چووە زانكۆ و لە كۆلێژی كشتوكاڵ وەرگیرا. سوهەیلە هەمیشە سەرقاڵی خوێندنی وانەكانی بوو، دەیویست نمرەی باش بەدەست بهێنێ‌، تاكو بتوانێ‌ درێژە بەخوێندن بدات و ماجستێر و دكتۆرا بەدەستبهێنێ‌. باوكی زۆر جار بۆ گەمە پێی دەگوت ” ئەوەی تۆ بەچوار ساڵ دەیخوێنی من لە نێو باخەكانی خۆماندا بەمانگێك فێرت دەكەم.” سوهەیلەش بە میهرەبانییەوە دەیگوت” وایە باوكەگیان، ئێمە هەرچەند بزانین، هێشتا بەقەدەر ئێوەی دنیا دیدە و خاوەن ئەزموون نازانین.” سوهەیلە لە ساڵی یەكەمی خوێندنیدا لەگەڵ خوێنكارەكانی هاوڕێیدا بە گەشتێكی زانستی روویان لەهەوارگەكانی شارباژێركرد. لەوێ‌ بۆ یەكەم جار رووبەڕووی سروشتێك بووەوە، كە هەرگیز نەیدبوو. سروشتێكی دڵڕفێن، بەهەشتێكی ونبوو. لە كاتی گەڕان بەناو دار و درەختەكاندا، لە هاوڕێكانی ونبوو. زۆرترسا. لەو دەشت و دەرەدا چی بكردایە و چۆن بگاتەوە بە هاوڕێكانی؟! ترس وای لێكرد هەڵپەی زیاتر بكات، خێراتر و وردتر چاو بۆهاوڕێكانی بگێڕێ‌. لەو كاتەدا لە ناو باخێكی قوخدا ژنێكی سپیپۆش هاتە سەر رێگاكەی و گوتی” مەترسە بە سەلامەت دەگەیتەوە ماڵەوە!

 سوهەیلە بەترسەوە گوتی: تۆكێی؟ 

 ژنەكە: كارت بەسەرمنەوە نەبێ‌

سوهەیلە: باشە تۆ چیت لەمن گەرەكە؟

ژنەكە: هیچم لێت ناوێ‌ تەنیا ویستم یارمەتیت بدەم، ها ئەم قۆخەش بخۆ 

سوهەیلە بەترسەوە قۆخەكەی وەرگرت و لەناو مستیدا رایگرت. 

 ژنەكە: ئەگەر ئەو قۆخە نەخۆی هاوڕێكانت نادۆزیتەوە.” لەدوای ئەو قسەیەوە ونبوو. سوهەیلە هێندەیتر ترسا، تیامابوو، نەیدەزانی قۆخەكە بخوا یان فڕێیدات. بەبیانووی دۆزێنەوەی هاوڕێكانی قۆخەكەی خوارد. چەند خولەكێك دوای خواردنی قۆخەكە گوێی لە دەنگی هاوڕێكانی بوو، هاواریان دەكرد، سوهەیلە سوهەیلە…بەبیستنی دەنگی هاوڕێكانی شاگەشكەبوو. پڕ بە گەرووی هاواركرد” ئەوەتام لێرە ئەوەتام…”  هەمووی چەند خولەكێكی پێ‌ نەچوو لە گەڵ هاوڕێكانیدا بە یەكتری شادبوونەوە. 

ئەم رووداوە بۆ سوهەیلە پەرجوویەك بوو. لە دوای گەڕانەوەی بۆ بەغدا ئەم حیكایەتەی بۆ باوك و دایكی باس كرد، ئەوانیش گرنگیان پێ نەدا. ئاخر ئەوان بنەماڵەیەكی گوندی و هەژاربوون خەمی ئەوان، خەمی نان و بژێوی بوو.  

بەڵام سوهەیلە دەستبەرداری ئەو باسە نەبوو. شەو درەنگان دەچووە سەربانەكەیان و سەیری ئاسمانی دەكرد، لە مانگ و ئەستێرەكانی دەڕوانی. لە ئەنجامی ئەو رامان و بیركردنەوانەدا چەند جارێكی تر لە تاریكی شەودا ئەو ژنە سپی پۆشەی بینییەوە. ئیتر وردەوردە خزایە ناو دنیایەكی دیكەوە، لە گەردوون رادەما، لە بوونی خۆی رادەما. ئیدی سوهەیلە گەڕایەوە بۆ ناو رۆحی خۆی. لێرەوە خزایە ناو خۆناسی و رۆحانییەتەوە و دەستی بە خوێندنەوەی رامانبێژی سۆفییە گەورەكانی دنیاكرد. رۆژ لە گەڵ رۆژدا مامەڵە و قسەكردنی گۆڕانی بەسەردا دەهات، سوهەیلە بوو بەكەسێكی دی، كەسێكی جیاواز لە بیابان نشینەكان. قوڵبوونەوە لە دنیای رۆحانییەت كردی بەسۆفی. رۆحی پڕبوو لە لێبوردەیی و هەقیقەت. هەمیشە ئامۆژگاریی هاوڕێكانی دەكرد، هۆشیاربنەوە، بەدوای هەقیقەتدا بگەڕێن.

 وردەوردە ناوناوبانگی بەناو بەغدادا بڵاوبووەوە، هەندێك پێیاندەگوت “سوهەیلەی عەدەوی.” هەندێكیش تانە و تەشەریان لێدەدا و دەیانگووت “ئەو هیچ و پووچە دەیەوێت ئاینی پیرۆزی ئیسلام ناشیرین بكات.” بەتایبەت بەعسییەكان زۆریان رق لێبوو، هەوڵی كوشتنیان دەدا، ئەوەی سوهەیلەی لە مەرگ نزیك كردەوە خۆشەویستیی ئەفسەرێكی باڵابوو لە سوپای عێراقی، كە بەئەندازەیەك عاشقی بوو، ئامادەبوو هەموو شتێكی لەپێناودا بكات. ئەو ئەفسەرە ناوی مەنصوربوو، لە بنەماڵەیەكی سوننە مەزهەبی پایتەخت بوو، لەو بنەماڵانەی كە ژیانی خۆیان بۆ بەعس بەختدەكرد.

چیرۆكی ئەو عەشقە لە بەیانییەكی زستانەدا دەستی پێكرد، بەیانییەكی ساردبوو، باران پایتەختی خوساند بوو، مەنصور بە تڕومبێلەكەی بوشرای خوشكی دەگەیاندە زانكۆ، لە بەردەم دەرگای زانكۆدا سوهەیلە دەبینێ‌ و  لەو ساتەوە عاشقی دەبێ‌. ئیتر مەنصور بوو بە شۆفێری بوشرا، هەموو رۆژێ‌ دەیبرد بۆ زانكۆ بەو بیانووەوە سوهەیلەی دەبینی، لەرێگای بوشرا وە لە سوهەیلە نزیكبووەوە و یەكەم دیداریان سازكرد. ئەو كاتە سوهەیلە لە قۆناغی دووەمی زانكۆ بوو. سەرەتای ئەو عەشقە زۆر قورس بوو. سوهەیلە  دەیویست مەنصور وەك خۆی بیربكاتەوە. رۆحی ئارامبكاتەوە و لە خراپەكاری دووری بخاتەوە، بێ‌ تەماحبێ‌ لە ماڵی دنیا، دەست لە كاری سەربازی هەڵگرێت و لە بەعس دووربكەوێتەوە. ئەم مەرجانە بۆ مەنصور قورس بوون، بەڵام وردە وردە راهات و لە بەعسییەكان دووركەوتەوە. ئەستێرەكانی سەرشانی و جلە سەربازییەكانی فڕێ دا. لە گەڵ سوهەیلەدا بوون بەدوو عاشقی خۆشبەخت. ئەمە بەعسییەكانی نیگەرانكرد، چەند جارێك مەنصوریان ئاگاداركردەوە. بەڵام سوودی نەبوو. مەنصور خەریكبوو بنەماڵەكەشی لە بەعس هەڵدەگەڕاندەوە. بەعسییەكان ترسیان لێنیشت، كار گەیشتە ئەوەی كۆشكی كۆماریان لێ‌ ئاگاداركردەوە، وەك حاڵەتێكی ترسناك سەیریان دەكرد، بیروباوەڕی مەنصور و سوهەیلە بۆ ناو ریزەكانی سوپا تەشەنەی سەندبوو، چەند ئەفسەرێك بەبیانووی جۆراوجۆر جلی سەربازییان فڕێدا.   

بەعسییەكان بۆ دەربازبوون لەو كێشەیە، نەخشەی كوشتنی مەنصور و سوهەیلە یان داڕشت. لە شەوێكی ساردی پاییزدا مەنصور لە كەنار رووباری دیجلەدا دانیشتبوو، سەیری ئاسمانی دەكرد و لە ئەستێرەكان رادەما و بیری دەكردەوە. بەعسییەكان ئەو هەلەیان قۆستەوە. لەپشتەوە  چەند گوللەیەکیان پێوەنا تەرمەکەیان فڕێدایە ناو دیجلەوە، هەمان شەو تاقمێكی تر لە بەعسییەكان بە جلی كوردی و دەموچاوی پێچراوەوە چوونە سەر ماڵی عەباس حەسەن و سوهەیلە یان كوشت. 

لە گەڵ خۆرهەڵاتندا بەعسییەكان بۆ پەردەپۆش كردنی تاوانەكە هەڵیانكوتایە سەرزانكۆی بەغداد و سێ‌ خوێنكاری كوردیان دەستگیركرد و تۆمتباریان كردن بە كوشتنی سوهەیلە و مەنصور. بەبێ‌ لێكۆڵینەوە، بە بڕیاری سەرۆك كۆمار لە سێدارەدران، ئەم پیلانە لای زۆربەی خوێنكارانی زانكۆ ئاشكرابوو، بەڵام كێ‌ دەیتوانی ئەو هەقیقەتە باس بكات؟. ئیتر پاش ماوەیەك حیكایەتی سوهەیلە و مەنصوریش وەك هەموو حیكایەتە خوێناوییەكانی دیكە كۆتایی پێهات، لە بیرەورەیی خەڵكدا كاڵبووەوە. 

جا من دەمەوێت ئەوەت پێبڵێم رۆحیانەتی سوهەیلە ئێستا لەم شارەیە. لەم ژیانەیدا وەك كچە كوردێك لە یەكێ‌ لە كۆڵانەكانی ئەم شارەدا دەژی.

مەنصوریش جارێ‌ زانیاریم نییە، لێی بێ‌ ئاگام و نازانم رۆحی لە گەردووندایە یان لە سەرزەوییە، یاخود لە قوڵایی دیجلەدایە؟” 

لە دوای گێڕانەوەی ئەو حیكایەتەوە نەمزانی پیرەمێردەكە چێ‌ لێ بەسەرهات و بۆكوێ‌ چوو. بیستنی ئەو حیكایەتەش مەستی كردبووم، لەژێر لێوەوە دەمگوت” سوهەیلە تۆ لە كوێی؟..” تا لە دەنگی هاواری خۆم و هۆیهای خەڵكی راچڵەكیم، ئیدی خۆم لە شەقامی مەولەوی بینییەوە، بەسەر شەقامەكەدا، لە نێوان ترومبێلەكانەوە دەڕۆیشتم و لەبەرخۆمەوە دەمگوت “سوهەیلە لە سلێمانییە..” وردە وردە دەنگم بەرزتر دەبووەوە. هەرچی منداڵی دەستگێڕی ناوبازاڕبوو بە شێتە شێتە بەدووم كەوتبوون. 

لە قەرەباڵغیی بازاڕدا گوێم لە دەنگی كەسێك بوو دەیگوت” شێتبووە، مەحمود نەجمەدین شێتبووە” ئیتر كار لە كار ترازا، لە سەد لاوە هۆیهایان لێدەكردم، تەماتەیان تێدەگرتم، فیكەیان بۆ لێدەدام.. و هەر ئەوەندەم بۆ كرا رامكرد. ئیتر بارودۆخەكە خراپتربوو، ئەوەندەی تر عەلاگە فرۆش و دەستگێڕ بەدووم كەوتن. بە هەرحاڵێك بوو گەیشتمە بەردەم باخی گشتی و دەستم لە تاكسییەك راگرت و خێرا سەركەوتم و گوتم لێخوڕە كاكە لێخوڕە. 

شۆفێری تاكسییەكە بەتەشەرەوە گوتی: بۆكوێ‌ لێخوڕم، بۆ ماڵی سوهەیلە؟!

 

مەحمود نەجمەدین  

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.