
گه‌وره‌کانی ئه‌مڕۆ، منداڵه‌کانی داهاتوو
ئه‌و منداڵانه‌ی به جلوبه‌رگی پینه‌دار و پێلاوی دڕاوه‌وه بۆ قوتابخانه‌کان ده‌چن و ئه‌و منداڵانه‌ش که ئۆتۆمبێلی تایبه‌ت ده‌یانباته خوێندنگه‌ی نموونه‌یی و ئه‌وانه‌شی که له ترافیکه‌کاندا بۆ بڕه‌پاره‌یه‌ک که هیچی پێنایه‌ت خۆیان به جامی سه‌یاره‌کانه‌وه ده‌نووسێنن، ئه‌و گه‌ورانه‌ن که له داهاتوودا ڕۆڵی به‌ڕێوه‌به‌ر و سه‌رباز و فێرکار و پزیشک و کارمه‌ند و هه‌ڵسوڕاوانی وڵات ده‌بینن. به‌وپێیه‌ی له وڵاتی ئێمه‌دا ڕه‌نگ و سامان و شار و شه‌قامه‌کانمان دابه‌شکراون، هیچ شتێک نییه منداڵه‌کان به‌م هه‌موو چه‌شن و جۆره جیاوازه‌وه کۆبکاته‌وه ته‌نیا خوێندن و سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی نه‌بێ، که له ئێستاشدا ئه‌ویش به ئاقارێکی وێراندا گه‌یشتووه. ئه‌گه‌ر بته‌وێ سه‌رژمێری بۆ ڕێکخراو و سه‌نته‌ر و ده‌زگاکانی تایبه‌ت به کاروباری منداڵان له کوردستان بکه‌یت، ڕه‌نگه بۆ هه‌ر شارێک پێویستیت به چه‌ند ڕۆژ کارکردن هه‌بێ ته‌نێ بۆ ئه‌وه‌ی ناوه‌کانیان تۆمار بکه‌ی، ده‌یان و سه‌دان ڕیکخراو و سه‌نته‌ری به‌ناو پاراستنی ماف و په‌ره‌پێدانی منداڵان هه‌ن و ساڵانێکیشه ڕێچکه‌یان له تاقه کارێک گرتووه و هه‌ر خه‌ریکی خۆسووینه‌وه‌ن، کاری ئه‌و ده‌زگه حکومیانه‌ش له‌وان باشتر نییه که ساڵانه به‌ناوی پڕۆژه‌ی منداڵانه‌وه بودجه‌ی زه‌به‌لاحیان بۆ ته‌رخان ده‌کرێ و له چه‌ند شتێکی دووباره و لاوه‌کیش زیاتر نه‌بێ هیچی تازه‌یان بۆ منداڵانی ئه‌م وڵاته پێ نییه. ئه‌وه‌تا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده هێشتا نه‌یتوانیوه کتێبێکی بێ هه‌ڵه‌ی ڕێنووس و زمان بخاته به‌رده‌م فێرخوازانه‌وه. ئه‌مه له‌لایه‌نی په‌روه‌رده‌ییشه‌وه هه‌مدیس هیچ، ڕۆژانه ئه‌و گرته ڤیدیۆیانه ده‌بینین که له‌ناو پۆله‌کانه‌وه گه‌یشتوونه‌ته سه‌ر شاشه‌ی تیڤی و سایت و تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ئینته‌رنێت جا چ ئازاردانی قوتابی بێت به‌ده‌ست مامۆستاوه یان سوکایه‌تی کردنی خوێندکار به مامۆستاکه‌ی. ئه‌گه‌ر پڕۆسه‌ی خۆشه‌ویستی و ئاره‌زووی منداڵان و فێرخوازانی ئێمه بۆ خوێندن و خوێندنگه به ڕێژه وه‌ربگرین تێده‌گه‌ین که زۆرینه‌ی منداڵانمان له چ بارێکی وه‌ڕه‌سیدان و ناخۆشترین کاته‌کانیان وه‌رزی خوێندن و خوێندنگاکانیانه. هه‌موو خێزانه‌کان هه‌ست به‌وه ده‌که‌ن که منداڵه‌کانیان به دڵگرانییه‌وه سه‌رده‌خه‌نه ناو دووتوێی کتێبه‌کان و له‌وه‌ش ئاگادارن که چه‌ند به بێتاقه‌تییه‌وه به‌ره‌و فێرگه‌کانیان هه‌نگاو ده‌نێن، که‌چی به‌ده‌گمه‌ن له‌هه‌وڵی گۆڕانکاری ئه‌م باره خراپه‌دان و ئه‌وه‌ش هه‌وڵی بۆ ده‌دا هه‌میشه به هه‌ڵچوون و تووڕه‌ییه‌وه‌یه، وه‌ک بڵێی ئه‌مه هه‌ر له‌سه‌ره‌تادا سووچی منداڵه‌که بێت نه‌ک خۆی. هه‌مووان خۆمان له به‌رپرسیارییه‌تی ده‌دزینه‌وه، دایک و باوک منداڵه‌کان ده‌نێرنه قوتابخانه‌کان به تێگه‌یشتنێک که ئیدی ده‌بێ ئه‌و شوێنه سه‌رچاوه‌ی هه‌موو هه‌وڵ و فێرکردنێک بێت بۆی، قوتابخانه‌کانیش به‌م هه‌موو که‌موکوڕی و سیسته‌م خراپییه‌وه هێزی پێگه‌یاندنێکی نیمچه ته‌واویشان نییه و ناتوانن تینوویه‌تی منداڵ بۆ زانست و زانیاری بشکێنن.
منداڵ به‌رگه‌ی ئه‌م هه‌موو گۆڕانکارییه خێرایانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه ناگرێت. شته‌کان به‌بێ به‌رنامه و به‌بێ ڕه‌چاوکردنی هیچ ماف و بارێک به‌ناو هه‌موو چینه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا په‌رشوبڵاوده‌بن. تاکه نموونه‌یه‌ک له‌م شتانه ته‌کنه‌لۆژیایه به هه‌موو لایه‌نه‌کانییه‌وه. ئێمه له‌بری ئه‌وه‌ی منداڵه‌کانمان زیاتر په‌یوه‌ست به کتێب و خوێندنیان بکه‌ین، هه‌میشه مۆبایله‌کانمانیان ده‌ده‌ینه ده‌ست و بۆ چه‌ندین کاتژمێر سه‌ریان ده‌خه‌نه ناو یارییه بێتام و پووچه‌کان. له‌بری ئه‌وه‌ی چیرۆکی تایبه‌تی منداڵانیان بۆ بگێڕینه‌وه و حیکه‌مه‌تی ئه‌و چیرۆکانه‌یان بۆ شیبکه‌ینه‌وه، له‌گه‌ڵ خۆمان به‌رانبه‌ر دراما دۆبلاژکراوه‌کان دایانده‌نیشێنین و گیرۆده‌ی ناو ڕووداوه‌کانی ئه‌م درامایانه‌یان ده‌که‌ین که به هیچ جۆرێک له‌گه‌ڵ بیر و ته‌مه‌نیان ناگونجێت. هه‌موو ئه‌مانه دوورخستنه‌وه‌ی منداڵه له خۆی و دونیا ساده‌که‌ی، هه‌روه‌ها تێکه‌ڵکردنییه‌تی به شتگه‌لێک که توانای هه‌رسکردن و وه‌رگرتنیانی نییه و دواجار په‌رچه‌کرداری نێگه‌تیڤی ده‌بێت.
چی بکه‌ین که بتوانین منداڵانمان له‌ناو ئه‌م فه‌وزا و بێسه‌روبه‌رییه‌دا ڕزگاربکه‌ین؟ چی بکه‌ین که ئه‌و ئاینده گه‌شه‌ی له گوتاره بێ ئه‌نجامه‌کانماندا به منداڵانمان فرۆشتووه‌ته‌وه بچێته ناو واقیع و تێگه‌یشتنی هه‌موو تاکێکی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی؟
بوونی بڵاوکراوه‌یه‌کی هه‌فتانه‌یی منداڵانه یه‌کێکه له باشترین ڕێگه‌چاره‌کان بۆ ئه‌وه‌ی به ئومێده‌وه داهاتووی ڕووناک بۆ ئه‌م نه‌وه‌یه بسازێنین، هه‌فته‌نامه‌یه‌کی وێنه‌یی ڕه‌نگاوڕه‌نگ که به‌خۆڕایی به‌سه‌ر ماڵ و خوێندنگه‌کان دابه‌شبکرێ، هه‌فته‌نامه‌یه‌ک که کورته‌چیرۆک و زانیاری کورت له‌سه‌ر که‌سایه‌تی و شوێن و زانست و مێژوویی تێدابێت، هه‌روه‌ها یاری فێرکاری و زۆر ورده‌کاری تر که ده‌کرێ ببێته پڕۆژه‌یه‌کی نوێ و سوودمه‌ند بۆ هه‌موو منداڵان و ئاهێک بۆ ئه‌م سیسته‌م خراپی فێرکردن و په‌روه‌رده‌ییه‌دا دێنێته‌وه. ئه‌مه پڕۆژه‌یه‌کی ئاسانه ده‌کرێ به هاوکاری دوو رێکخراوی منداڵان یان لایه‌نی تایبه‌ت به کاروباری منداڵان له وازه‌رتی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی و وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ئه‌نجام بدرێ. بوونی پڕۆژه‌یه‌کی له‌و جۆره هانده‌ر و ڕێخۆشکه‌ره که پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌یی به‌ره‌و ئاقارێکی باش بڕوات، په‌یوه‌ستبوونی هه‌فتانه‌ی منداڵ به بڵاوکراوه‌یه‌ک وای لێده‌کات هه‌ر له زووه‌وه چێژ له خوێندنه‌وه وه‌ربگرێ ئینجا چ ئه‌و کتێب و نووسراوانه‌ی که له قوتابخانه‌کان پێیان ده‌درێ چ ئه‌وانه‌یش له‌لایه‌نی تر ده‌که‌ونه به‌ر دیده‌ی. که ئه‌مه‌ش دواجار کاریگه‌ری پۆزه‌تیڤانه‌ی له‌سه‌ر هۆشیاری منداڵ دروست ده‌کات. ڕه‌نگه لێره و له‌وێ بڵاوکراوه‌ی مانگانه‌ی منداڵانه هه‌بن یان له رۆژنامه‌کان لاپه‌ڕه‌یه‌کی تایبه‌ت به بابه‌تی منداڵانه هه‌بێ، به‌ڵام هیچ یه‌ک له‌مانه تینوویه‌تی منداڵ ناشکێن و تایبه‌تمه‌ندی خوێندنه‌وه و گیرۆده‌بوون به بڵاڤۆکه‌یه‌ک دروست ناکه‌ن. لایه‌نێکی تری ئه‌رێنی ئه‌م پڕۆژه‌یه ئه‌وه‌یه که ده‌بێته هانده‌ر و ناساندنێک بۆ ئه‌و منداڵانه‌ی خاوه‌ن به‌هره‌ن، به تایبه‌ت له‌لایه‌نی نووسین و شێوه‌کاریدا.
خوازیاریم له داهاتوویه‌کی نزکیدا ئه‌م پڕۆژه‌یه ببێته خه‌می ڕیکخراو و ده‌زگا و لایه‌نه تایبه‌تمه‌نده‌کان به‌بواری منداڵان، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی زووه منداڵانی ئێمه له‌م شه‌پۆله ڕووخێنه‌ری ته‌کنه‌لۆژیای مۆبایل و ته‌له‌فزیۆن و ئینته‌رنێته رزگاریان بێت و هێمنانه سه‌ر بخه‌نه ناو دوو په‌ڕه‌ی هه‌فته‌نامه‌یه‌که. ئیدی خێزان و دایک و باوکه‌کانیش له‌بری ئه‌وه‌ی ئه‌کاونتی فه‌یسبووک بۆ منداڵه‌کانیان بکه‌نه‌وه و مۆبایلی تازه‌بابه‌تیان بخه‌نه ناوده‌ستیانه‌وه و بۆ چه‌ندین کاتژمێر له به‌رانبه‌ر تیڤییه‌کانه‌وه جێیان بهێڵن، بێن و به‌ده‌م خوێندنه‌وه‌ی بابه‌تی هه‌مه‌ڕه‌نگی بڵاوکراوه‌ی تایبه‌تی منداڵان و خوێندنه‌وه و گێرانه‌وه‌ی چیرۆکه‌وه سه‌رقاڵیان بکه‌ن.