گوڵەکانی نیشتمان لە خۆر ئەبن لە بۆن ئەبن…
رۆژانێکی زوو ،چ رۆژانێکی زوو بوون ،
ئەو رۆژانە…
هەر لە بەرەبەیاندا ،لەسەر سفرەی ئاسمانی ئێمە دا ،
خۆر مێوانێکی ناوەخت نەبوو ،هەمیشە ئەهات و
ئاوا نەئەبوو….
رۆژانێکی زۆر زیندوو ،
خۆمان ئەدا بەر خۆرەتاو ،تا زیندوو ببین..
ئێمە بە خەون خەریک بووین ، خۆر بە خەون رەنگ کردن..
لە خەودا خۆمان لە بیر نەئەچوو..
لەوێوە…
بە تاوێرەکانی وڵات شۆڕ ئەبووینەوە ،تا هەورازمان تاوێر بێت ،
هەوراز شۆڕی ئەکردینەوە ، تا شۆڕ بینەوە بە هەورازێکدا ،
تا هەوراز شۆڕ بێتەوە..
رەزی رۆح لە دارمێوی هێشووە ماچدا ،
پڕ بوو…
خۆر ماچی لە رەزدا ئەدزی ،رەزمان ماچی لە خۆردا ئەدزی ،
لە ماچ دزیندا یەک شەڕی بە ئەوی دی ئەفرۆشت…
تا رەز دەست لە کبریائی خۆی بەردات ،چیتر کەشخە بەسەر نیشتمان نەدات..
بەلکو لەگەل کازیوەدا کاوێژێک بە ماچ ،
بۆ بەربانگ بکات…
بە بۆنی وڵات وماچی وڵات رۆژوومان نەئەشکا ،
تا بۆنێکمان ئەکرد ،
سەدەها بۆنی خۆشمان دەر ئەکرد…
رۆژانێک زیندوو بوون ،
ئەو رۆژانە..
تۆزی وڵات لە ئارەقەمان قوڕی ئەکرد ،
ئارەقەی سەرسنگ لە تابلۆیەکی رەنگارەنگ ئەچوو ،
رەنگ بۆنی وڵاتی ئەدا ،
وڵات بۆنی بوخووری سوتانی شەهیدانی لێ ئەهات…
شەهیدان لەگەل بۆنی خۆڵ بۆنی ئاو ،خاک وئاویان رائەچەناند…
دەستیان ئەگرتین ، دەستیان بەرنەئەداین…
بەرەو خۆری خۆیان ئەبردین…
چەند زیندوو بوون ئەو رۆژانە ،چەند زیندوو بووین ئێمە..
لەگەل باران سەمامان ئەکرد ،
لەگەل با باڵمان ئەگرت ،لەگەل شەهیدان روومان سپی بوو ،
روومان ئەهات تەماشایان بکەین…
سروودیان بەسەردا بهۆنینەوە..
ئەو رۆژانە باڵمان هەبوو بە خەون ئەفڕین ،
تا بارانی وڵات بە تۆزی خاکی خۆی ،
تەڕمان کاتەوە…
تا لە بەرەکەتی جوانی وڵات وبۆنە خۆشەکانی ،
دەستمان بەر نەبێت ،لە ماچی نیشتمان بەر نەبین..
بۆنی وڵاتمان لێ ئەهات ،ئەوسا…
هەناسەی خاکی نیشتمانمان ئەکرد ،ئەوسا..
هەناسەمان ئەدا..
بۆن لە هەناسەمان ئەڕۆیشت ،
بۆن لە هەناسەمان ئەهات..
ئەوسا نیشتمان لە گوڵ پڕ بوو ،
هەناسەمان لە گوڵ پڕ بوو ،بۆنی گوڵی لێئەهات..
بۆنی گوڵمان لێ ئەباری…
باخچە حەشری بە بۆن ئەکرد ،ئێمە حەشرمان بە باخچە ئەکرد..
بۆن و هەناسە بەیەکەوە شاگەشکە بوون…
تا ئێمە لە هەناسەیەکدا حەشر بە بۆنی ئازادی نیشتمان بکەین ..
شنەبا حەسودی بە هەناسەی گوڵەکانی ئێمە ئەبرد ،
تا لە بەرەبەیانێکدا بەدزی گەمە بە پەلکەکانمان بکات..
تازە گوڵی ئێمە با بردی ، تازە گوڵی نیشتمان پیر بوون ،
لە بۆن بووین ،
لە هەناسە بووین ،پەلکمان نەزیفە بە وەران ،
لە بۆن ئەبین..
وەکو پەڕسێلکەیەکی گەریدە گەریدەم ،
تەڕ نابمەوە ،بە بارانی ئەو وڵاتانە…
لە بارانی وڵات ئەگەڕێم…
عاشقەکانی خاک هەمیشە گوڵن ، هەمیشە بۆنی گوڵ لە هەناسەیان دێت…
لە دووری خۆڵی خاک ،لە خۆل ئەبن ،
لە خۆر ئەبن ،وشک ئەبن بێ بۆن ئەبن..
ئەوان بە بێ بۆن ناژین ،لە هەر کونجێک بژین ،
باخ دائەنێن ،گوڵ دائەچێنن..
تا بۆنی گوڵەکانی نیشتمانیان بۆ بێت..
ئەوان بۆ بۆنێک ،
جارێکی تر لە دەرگا داخراوەکانی وڵات ئەدەنەوە..
کورو کیژە کوریکەکان ،ئەمڕۆ نایانناسنەوە ،
لە پەنجەرە قسەیان لەگەل ئەکەن…
ئەوسا شەوو رۆژ نێلەیان ئەدا ،
نێلەی عیشقی خاکێک لە خەوو لە خۆی ئەکردن…
تا بە خۆر بگەن ،ئێستاش لە خۆر زۆر دوورن ،
خۆری وڵات لێیان دوورە..
ساڵی جارێک بە خۆر ئەگەنەوە…
ئاخ نیشتمان چەند بە خۆرت سوتاین ،
ئێستا نۆرەی تۆیە بە خۆری ئێمە بسوتێی ، نۆرەی ئێمەیە بە خۆری تۆ بسوتێین..
وەکو مناڵێکی ساوای سوتاو ،لە پەلوپۆ ئەکەویت ،
لە پەلوپۆت ئەکەین ، لە پەلوپۆ ئەکەوین..
تۆ ئەی نیشتمان بە دوژمنەکانت نەسوتای ،نێڵەت ئەهات..
نێڵەت لە نێڵەمانی ئەدا..
ئێستا بە دەستی خۆمان لە نێڵە ئەبیت ، لە نێڵە ئەبین…
تا سوتماک هەڵئەکڕوزێی ،بۆنت ئەوەرێ ،
ئەوەرێین…
هەر جارێ بە شەڕێک لە بۆن ئەبین ،لە وڵات ئەبین..
شنەی شەوبۆیەک سەحەرمان ،بۆنخۆش ناکات ،
جگە لە بۆنی بوغزو پارە نەبێت ،بۆنێک ناکەین ،لەبۆن ئەبین..
من لە وڵاتی گوڵەوە دێم ،تا بۆنی گوڵەکانم بۆ بێتەوە ،
نەک بۆنی شەڕو رق وسەلکە سیرێکی حزبایەتی…
من بە بۆن ئەگەڕێمەوە ،گوڵەکان بە بۆن ئەگەڕێنەوە…
بۆنی خوناوی گوڵەکانی جاران ناکەم..
هەناسەیەکی تەڕ نیە گوڵم تەڕ کاتەوە ،گوڵ تەڕ نابێتەوە ،
گوڵ خوناو ناکات ،خوناو لە خنکانە…
ئاو لە ئەزمەیە ،وڵات لە ئەزمەیە ،
نیشتمان لە ئەزمە دایە..
تەڕ نابێتەوە ،لە خوناو ئەبێت ،
لە هەناسە ئەبێت ،لە بۆن ئەبێت…
رەنگ رەدوو ئەکەوێ ،بۆن کۆچ ئەکات ،
ئاو لە جۆگەلەیەکی تێنوو ئەخنکێت…
کێ بانگی رووبار ئەکاتەوە ،کێ بۆنی گوڵەکان بۆ باخچەکان ئەگەڕێنێتەوە…
تێنوومە نیشتمان زۆر تێنوو ، نیشتمان تێنووە ،
خەریکە ئەخنکێ..
من ئەخنکێم..
لە ئاوزینگ دانە ، نیشتمان ،
من ئاوزینگ ئەدەم بە بێ نیشتمان…
شوان عوسمان
سۆفیا ٢٣/٧/٢٠١٣