Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
تازەگەرێتی لە ئیسلام دا یان بە ئیسلامیکردنی تازەگەرێتی ؟

تازەگەرێتی لە ئیسلام دا یان بە ئیسلامیکردنی تازەگەرێتی ؟

Closed
by July 28, 2013 گشتی

 

 

کامل نەجارـ بیرمەند و نووسەری عەلمانی لە وتووێژێکی کراوەدا لەگەڵ خوێنەراندا

دەربارەی: 

کامل نەجارـ بیرمەند و نووسەری عەلمانی لە وتووێژێکی کراوەدا لەگەڵ خوێنەراندا

 

 

زۆرن ئەوانەی بڕوایان وایە کە دەتوانرێت لە ئیسلامدا تازەگەرێتی بکرێت، بە جۆرێک کە لە گەڵ سەردەم و ڕۆژگاری نوێدا بگونجێت. ڕەنگە بە ناوبانگترین کە لەو بانگخوازانە، بیرمەندی تونسی ( عەفیف ئەلئەغزەربێت)، بەڵام ئاشکرایە هەندێک لەو کەسانەی کە دەیانەوێت بەرگی تازەگەرێت بکەن بە بەری ئیسلامدا بەو مەبەستەیە کە لای ڕۆژئاواییەکان تارماییەک لەسەر دینی ئیسلام دروستبکەن، بۆ ئەوەی قایلییان بکەن کە ئیسلام تاکە دینێکی ڕەوایە کە دەتوانرێت چاکسازیی تیا بکرێت و لەگەڵ سەردەم و ڕۆژگاری نوێدا هەڵبکات و یەکتری قبوڵبکەن.  باشترین نموونەی ئەو کەسانەش لە ئیسلامییەکاندا لەوانەیە بەڕێز(تاریق سەعید ڕەمەزان)بێت، نەوەی حەسەن بەنای دامەزرێنەری ئیخوان.  ئەم پیاوە(تاریق) هەر لە منداڵیەوە، عەقڵ و بیرکردنەوەی پڕ بووە لە بیری ئیخوانەکان، لە ژێر سایەیی (حەسەن بەنا)ی باوەگەورەییدا پەروەردە و چاودێرکراوە، لە باوشی ئەو دایکەشدا نەشونمایکردوە و  شیری مژییوە کە کچی حەسەن بەنا بووە، بە هەتیوی،  هەر لە شیرە خۆرییەوە بە ڕێنماییەکانی ئیخوان موسلیمن پەروەردە بووە و، هەتتا سەر مۆخ تژیی بووە لە بیر و دیدگا و ئامۆژگارییەکانی ئیخوان و، لە گەورەییشیدا بووە بە سەرۆکی ناوەندی ئیسلامی لە جنێف. 

تاریق ڕەمەزان، خۆی ڕاهێنابوو لەسەر بڵاوکردنەوەی ئیسلام و، بانگهێشتکردن بۆ جوانی و خاوێنی ئیسلام و، گونجان و، قبوڵکردنی ئیسلام بۆ تازەگەرێتی و سەردەمە نوێکان. لە ساڵی ٢٠٠٩دا کتێبێکی بە زمانی ئنگلزیزی نووسی بەم ناونیشانە:  Radical Reform: Islamic Ethics and Liberation( چاکسازیی ڕیشەیی: ڕەوشت و ئاکاری ئیسلام و ڕزگارکەری).

لە پێشەکی ئەم کتێبەدا تاریق ڕەمەزان دەڵێت: Radican ( “Today’s Muslims, both in the East and West, urgently need contemporary figh distinguishing what in the texts is immutable and what may be changed.”   

(موسڵمانانی ئەمڕۆ، لە ڕۆژهەڵات و لە ڕۆژئاوادا، پێویستییان بە فقەـێکی نوێ هەیە، کە جێگیر و نەگۆڕەکانی کەلەپوری ئیسلام، جیابکرێتەوە، لەوانەی کە دەشێت و دەکرێت گۆرانی تیادا بکرێت). ئەم بڕگەیە لە کتێبەکییدا، ئەوە دەسەلمێنێت،ک گۆرانکاریی و تازەگەرێتی لە ئیسلامدا ناکرێت، لەبەر ئەوەی بەشێک لە کەلەپورەکە نەگۆڕە و هێڵی سورە و دەستلێدانی قەدەغەیە. 

قورئان، هەمووی، هەموو سورەت و ئایەتەکانی، جێگیر و نەگۆڕە، چوونکە قسەی خوایە، قسەی خواش دەستکاری ناکرێت لە ئیسلامدا، بوخاریش، هەموو قسەکانی جیگیر و نەگۆڕە، هەموو ئەوانەش کە ئەزهەر پیاییدا دەچێتەوە جێگیر ونەگۆڕە. ئیتر قسەی چیدەکات تاریق و دەیەوێت چیی بگۆڕێت؟! کاتێک، ئیسلام بروای وەیە کە قورئان قسەی خوایە، خوا ناردوییەتی بۆ موحەمەد و، مانای ئایەتەکان و سورەتەکانی ئەو دەیزانێت و پێیڕاگەیەندراوە. قورئان، کە گۆرانی تیا نەکرێت و جێگیر و نەگۆڕبێت، ئیتر گۆران لە ئیسلامدا قسەی پوچە، چوونکە سەرچاوەی بەڵاو خەوشەکە، قورئانە، ئەوەی ڕەخنەی لەسەرە قورئانە، موحەمەد قورئانی کرد بە سەرچاوە، دوای ئەوەی کە بە‌هێز بوو بە پشتیوانەکان(ئەنسارەکان)، دەستیکرد بە ڕێگەگرتن و داگیرکردن، لە پێناوی کۆکردنەوەی سەرەوت و سامان بۆ سوپای ئیسلام.

وەک، هەموو ئیخوانەکانی تر، تاریق ڕەمەزانیش بە دوو زمان قسەدەکات، زمانێکی ئەوروپیانە و، زمانێکی ئیسلامیانە. لە لایەک، لە کتێبەکەیدا کە ئاراستەی ئەوروپیەکانی کردوە، داوای تازەگەرێتی و، مافی مرۆڤ دەکات لە ئیسلامدا، دەڵێت”پێویستە لەسەرمان ئامانجەکانمان ڕوونبێت وەک: ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ و، ئاژاڵ و ژینگە، هەروەها خۆشگوزەرانی مرۆڤەکان، ئازادی بۆ فێربوونی زانست و زانیاریی و داهێنان و پەرەسەندن ، یەکسانی، ئازادیەکان،دادپەروەری و بڵاوکردنەوەی برایەتیی لە نێوان خەڵکدا”(لا١٣٩).

کتێبەکەی تاریق ڕەمەزان، لە نێوان خۆرئاوابوون و خۆرهەڵاتندا، بوو بە جێگرەوەی شۆڕشی فەرانسی، کە چەمکی ئازادی و برایەتی و یەکسانی دامەزراند و چەسپاندی. ئەگەر تاریق ڕەمەزان دەیەوێت ئەم ئامانجانە لە ئیسلامدا بچەسپێنێت، چی دەکات لە گەڵ ئەم ئایەتانەدا کە جێگیر و نەگۆڕن: ” 

 

“لا تتخذوا اليهود والنصارى أولياء بعضهم أولياء بعض ومن يتولهم فهو منهم” (المائدة 51). و “يا أيها الذين آمنوا لا تتخذوا آباءكم وإخوانكم أولياء إن استحبوا الكفر على الإيمان ومن يتولهم منكم فأولئك هم الظالمون” (التوبة 23). 

کاتێک، دین، داوادەکات، واز لە باوک و براکانتان بهێنن، واز لە کەسوکار و خۆشەویستەکانتان بهێنن، ئەگەر ئیسلام نەبوون!، چۆن ئەم دینە تازەگەرێتیی تیا دەکرێت، کە تازەگەرێتی هەڵگری ئەو پرنسیپ وئاکارەیە کە هاوڵاتیی بوونی تیا بەرجەستەدەبێت، واتا هیچ جۆرە شوناسێک ناخوێنرێتەوە، جگە لە شوناسی هاوڵاتیی بوون، یان هاونیشتیمانی بوون؟ ئەوە نەبوو، موحەمەد مەهدی عاکف، ڕابەری پێشوی ئیخوان موسلیمن لە میسردا، دیەوت، موسڵمانێک لە ئەندۆنیسیاوە بێت حوکمی خەڵکی میسر بکات، باشترە لەوەی قبتیەکی میسری حوکم بکات؟ ئایا دەکرێت بەو جۆرە تازەگەرێتی بکرێت لە ئیسلامدا کە فقە هەوادارێتیی و لایەندارێتیی بۆ ئیسلام هەڵبوەشێنرێتەوە، بۆ ئەوەی هاوڵاتیی بوون دروستبێت؟ بڕواناکرێت ئیسلام ئەمە قبوڵبکات.

کام کەرامەت و ڕێز و شکۆمەندیی بۆ مرۆڤەکان دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا کە زۆربەی سزاکانی ناو قورئان کردوییەتی بە پێویست و ئەرکی دینی، کە دەبێت پیاو و، ژنانی زیناکار و تاوانکار، لە گۆڕەپانێکدا لەبەر چاوی موسڵمانان جەڵدەی لێبدرێت. ئەو گرتە ڤیدوێیەی کە کارەساتی ئەو کچە سودانییەی پیشان دەدا، کە لە گۆرەپانێکدا لەبەرچاوی خەڵک جەڵدەی لێدەدرا و، هاوار و ناڵەی دەگەیشتە ئاسمان، بەڵام ئەو پۆلیسەی جەڵدەی لێدەدا، لە نەفامی و نەزانینەوە پێدەکەنی پێیی. ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت، کە کەرامەتی مرۆڤ لە ئیسلامدا بەها و نرخی ئەو مەرکەبەی نییە کە ئەو ئایەتانەی پێنوسراوەتەوە کە دەڵێت: زیناکاران، نێر و مێ، هەردووکیان دەبێت هەریەکەیان ١٠٠ جڵدەی لێبدرێت و هیچ بەزەیی و میهرەبانییەکتان بۆیان نەبێت، ئەگەر ئێوە بە ڕاستی موسڵمانن و بڕواتان بە خوای خۆتان و، رۆژی سەڵا هەیە، پێویستە بە ئارەزووی خۆتان سەیری ئەم ئەشکەنجە و سزا دینییە بکەن. “والزانية والزاني فاجلدوا كل واحد منهما مائة جلدة ولا تأخذكم بهما رأفة في دين الله إن كنتم تؤمنون بالله واليوم الأخر وليشهد عذابهما طائفةٌ من المؤمنين” (النور 2)

“ولا تأخذكم بهما رأفة”

 ئەمە کەرامەت شکاندنی مرۆڤ نەبێت، دەبێت چیی بێت، کە بەزەیی و میهرەبانیی قەدەغەکردوە لە و کەسانەی کە ئەو ئەشکەنجە و سزایە دەبینن. ئەبێت تاریق ڕەمەزان، چیی لەم ئایەتانە بکات لە تازەگەرێتیی ئیسلامدا.

کام نرخ، بۆ ئاژاڵەکان دەمێنێتەوە لە ئیسلامدا کاتێک پێغەمبەرەکەیان دەڵێت: مەلائیکەکان ناچنە ئەو ماڵانەوە کە سەگیان تییایە، سەگی ڕەش شەیتانە و، نوێژخوان دەبێت نوێژەکەی ببرێت کاتێک بە بردەمییدا دەڕوات.  

لە تازەگەرێتی ئیسلامدا! تاریق ڕەمەزان چیی دەڵێت لە جەژنی قورباندا، کە موسڵمانان، ملوێنەها مەڕوماڵات سەردەبڕن بە شێوازێکی زۆر دواکەوتوانە و دیمەنەێکی زۆر نا مرۆییانە، قورئان دەڵێت: “الحر بالحر والعبد بالعبد والأنثى بالأنثى”؟

ئایا تاریق لای وانییە کە، دەقەکانی قورئان جێگیرە و گۆرانی تیا ناکرێت؟ ئایا تاریق ڕەمەزان ئەوە نازانێت کە بنەمای فقهی ئیسلام دەڵێت:”لا اجتهاد فیما فیە نص”؟ دەقە قورئانیەکان، رێگە نادەن بە فەقیهەکان هیچ گۆرانکارییەک بکەن لە قورئاندا.  

کاتێک تاریق ڕەمەزان قسە لەسەر تازەگەرێتی لە هەندێک پرسی ئیسلامدا دەکات، بە ناوی (تطبیق الحدود) دەبێت ئەوە باش بزانێت، کە ئەوە، وەک خۆی جێبەجێناکرێت، بە تایبەتی لەسەر ئایەتەکانی قورئان، کاتێکیش ئەوە نەکرا ئیتر دەستکارییکردنی چیی؟، هەندێک لە سروتە دینیەکە شتێکی ئەوتۆ نییە، کە گۆرانکاریی تیا بکرێت، چوونکە ئەوە کاریگەریی لەسەر جەوهەری ئەو پرسانە نابێت کە کەرامەتی مرۆڤی نەپاراستوە، بۆ نموونە عومەری کوری خەتاب لە کاتی قاتوقڕیی و برسێتیدا، سزای دزیکردنی کەمکردەوە و گۆرانی تیا کرد، بەڵام نەتیوانی جەوهەرەکەی بگۆڕێت، ئەو سزایە کە لە دەقە نەگۆرەکاندا هاتوە دەربارەی دزیکردن، زیناکردن، کوشتن، ئەمانە گۆرانی تیا ناکرێت. هیچ شێخ و فەقیهێکی ئیسلام ناتوانێت گۆرانکاری بکات لە دەقە جێگیرەکانی ئیسلامدا، تەنانەت تاریق ڕەمەزان جارێک لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزوێنیدا، کە لاموایە لەگەڵ سارکۆزیدا بوو، پێش ئەوەی ببێت بە سەرۆک کۆماری فەرەنسا، پرسیاریان لێکرد، دەربارەی ڕەجمکردن، وتی: ئەوە دەتوانرێت پێشنیاری moratoriumی بۆ بکرێت، واتە هەندێک دوابخرێت، هەتا فەقیهەکان قسە دەکەن دەربارەیی، ئەمە لە کاتێکدا کە خۆی باش دەزانێت هیچ فەقیهێک ناتوانێت گۆرانکاری لە دەقەکاندا بکات.  

تاریق ڕەمەزان، ئەوەندە بوێری تیا نەبوو کە خودی خۆی پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ لای فەقیهەکان بریاری خۆی بدات لەسەر مەسەلەیەک کە سادەترین داواکارییە بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ. 

تاریق ڕەمەزان، باش ئەوە دەزانێت، کاتێک موفتی میسر، شێخ عەلی جومعە کە لێدوانیدا بۆ هەردوو ڕۆژنامەی”واشنتۆن پۆست” و “نیوزویک” بەوەی کە پێویستە سزای لادەر لە ئیسلامدا هەڵبگیرێت بۆ ڕۆژی کۆتا، واتا رۆژی سەڵا، بە جۆرێک لە لایەن شێخە ئیسلامی و موفتی و فەقیهەکانەوە بەرپەرچ درایەوە ناچارکرا لە قسەکەی خۆی پەشیمان بێتەوە، وتی لادەر لە ئیسالم دەبێت بکوژرێت‌.(شرق الاوسط ٢٥ یولیو ٢٠٠٧). ئەمە لە کاتێکدا کە موفتیەک ناتوانێت قسەی دڵی خۆی بکات لەسەر مەسەلەیەکی یەجگار هەستیار، کە پێوندی بە ئازادی تاکەکانەوە هەیە، لە گۆڕینی بیروباوەریی دینی خۆیاندا، بە مەرجێک هیچ دەقێکی قورئان ئەوەی باس نەکردوە کە لادەر و هەڵگەراوە لە دینی ئیسلام دەبێت بکوژرێت. جگە لە ئەبی هورەیرە کە وتویەتی “من بدل دينه فاقتلوه”،ئەوەی دینەکەی خۆی گۆڕی دەبێت بکوژرێت، ئیتر چۆن تاریق ڕەمەزان دەیەوێت تازەگەرێتی لە ئیسلامدا بکات، بە تایبەتی دوای بەهاری عەرەبی، کە بە داخەوە بە سەرکەوتنی ئیخوانەکان کۆتایی هات، کە نەک هەر دەیانەوێت بە پێی دەقە قورئانیەکان حوکمی خەڵک بکەن، بەڵکو دەیانەوێت هەمان پۆشاکی پێغەمبەرەکەیان و، هەمان سمێڵ تاشین و، هەمان ڕیشبەردانەوە بکەن بە بەری هەموو کەسێکدا و بیکەن بە کولتوورێکی باو.

تاریق ڕەمەزان دەڵێت” لە کاتێکدا کە زانستە سروشتیەکان و، ئەزموونەکانی زۆر ئاڵۆز دەبن، خەڵک توشی واقوڕمان دەبن لە سەرنەکەوتن و تێشکانی زانا تایبەتمەندەکانی فیقه و ئسوڵیی دا، زاناکانی فەقیه و ئسوڵیەکان توشی شکست بوون و نەیانتوانی بگەن بە ئەو زانستانەی کە تایبەتمەندە بە مرۆڤەوە”. فەقیهکانی ئیسلام، لە سەدەی یانزەدا هیچ شتێکیان نەدەزانی لەسەر تیۆرییەکانی داروین و، پێکهاتنی کۆرپەلەی سکی ژنە سکپڕەکان لە ڕووی شیکاریی پزیشکییەوە، دیسان هیچ شتێکیشیان نەدەزانی لەسەر زانستی کیمیا و فیزیا، ئیتر چۆن دەتوانن تازەگەرێتی لە ئیسلامدا دروستبکەن، کە دەیانوت سکپڕبوون لای کەمی ماوەکی ٤ ساڵە، ئەمەش لە ڕووی پزیشکییەوە مەحاڵە. بڕوام وایە کە تاریق ڕەمەزان باش دەزانێت کە فەقیهە ئیسلامییەکان کە هیچ شتێک نازانن دەربارەی زانستە سروشتیەکان، ناتوانن هیچ شتێک لە مێشکدا بچێنن جگە لە نەزانی نەبێت. ئەوە فەقیهە سعودیەکان، تا ئەمڕۆش هەرکسێک بڵێت زەوی بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە تەکفیری دەکەن، ئایا هیچ کەسێک هەیە بروای بەوە بێت ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە، ئەم جۆرە کەسانەی بە بیری ئیسلام گۆشکراون بتوانن تازەگەرێتی قبوڵبکەن؟

شێخە ئیسلامیەکان، بۆ ئەوەی ڕێگە لە عەلمانیەکان بگرن باسی تازەگەرێتی لە ئیسلامدا دەکەن، گەورەکەیان کە فێری جادوگەرییکردوون، یوسف قەرزاوی، باوکی ڕۆحی ئەم سەردەمەی ئیخوان موسلیمنە، لە ٢٦ مارتی ١٩٩٧دا لە لەندەن، ئەنجومەنێکی بە ناوی ئەنجومەنی فتوا و لێتوێژینەوەی ئیسلامیی لە ئەوروپادا دروستکردوە. ئەم ئەنجومەنە تەنیا لە شێخەکانی ئاینزای سونی پێکهاتوە، هەمووشیان لە لایەن قەرەزاویەوە هەڵبژێردراون. سەرپەڕشتیاریی ئەم ئەجومەنە دەڵێت: The Sharia cannot be amended to conform to changing human values and standards, rather it is the absolute norm to which all human values and conduct must conform, it is the frame to which they must be referred, it is the scale on which they must be weighed

( ناکرێت و نابێت دەستکاری شەریعەت بکرێت بۆ بازرگانێتی بە بەهاکانی مرۆڤەوە. بەڵکو شەریعەت ڕاستینەیەکی نەگۆڕە، پێویستە هەموو بەها و نرخی مرۆڤەکان بە گوێرەی ئەم و، لەسەر ئەم(شەریعەت) هەڵبسەنگێنرێت و قسەی لەسەر بکرێت، چوونکە شەریعەت تەرازویەکی نەگۆڕ و یەکسانە).

ئەگەر ئەمە ئەنجمومەنی فەتوای ئەوروپیەکەیانە mission statement، چۆن تاریق ڕەمەزان و کەسانی ترییان دەتوانن تازەگەرێتی لە ئیسلامدا دروستبکەن، لە وڵاتانی ئیسلامدا، کەچی شێخە فتوادەرەکانیان لە ئەنجومەنی ئەوروپایاندا، کە لەگەڵ تۆلێرانس و دیموکراتیەت و حکومەتی مەدەنیدا ژیاون، ئەوە بڕیار و قسەیانبێت. دەڵێن: شەریعەت ئەو تەرازوەیە، ئەو پێوەرەیە، کە بەها و نرخی مرۆڤی لەسەر دەپێورێت؟ ماوەی ١٥ ساڵە ئەم ئەنجومەنی فتوا و لێکۆڵێنەوەیە دروستبووە لە ئەوروپادا، کام تازەگەرێتییان کردوە لەم ماوەیەدا؟ بێ گومان هیچ شتێک، دواتریش گەورەکەیان کە قەرەزاویە، تا هەنووکە خۆی سەرقاڵکردوە بە فتوادان و بە کافرکردنی شیعە و حەڵاڵکردنی خوێنیان و جنێودان پێییان. ئایا پیاوی ئاوا، دەتوانێت تازەرگەرێتی لە ئیسلامدا دروستبکات؟ 

تاریق ڕەمەزان دەڵێت، ڕەخنەگرەکانی، دەڵێن، دەیەوێت بە ناوی تازەگەرێتیکردن لە ئیسلامدا، تازەرگەرێتی، ئیسلاماویی بکات. ئەمە ئەو ڕاستینەیەیە کە قەرەزاوی هەوڵی بۆ ئەدا لە ڕێگەی ئەنجومەنی فتوای ئەوروپییەکەیەو، هەروەها ئیخوانەکانی ئەوروپاش هەمان هەوڵیان هەیە، لە مزگەوتەکانیاندا، لە قوتابخانە ئیسلامیەکانیاندا، لە ناوەندە ئیسلامیەکان و، بانکەکانیاندا، بە لوتبەرزیی بەسەر سیاسییە ئەوروپیەکاندا و زانکۆدا بۆ ئەوەی رێگەیان پێبدەن کە شەریعەتی ئیسلام جێبەجێبکەن لە بەریتانیادا، شان بە شانی یاساکانی شارستانی بەریتانیی.   

مامۆستا و بیرمەند، عەفیف ئەلئەخزەر، نەشتەرێکی گرتوە بە دەستێوە بۆ نەشتەرگەریی ئیسلام، بۆ ئەوەی تازەگەرێتی لە ئیسلامدا دروستبکات، بەرنامە و پەیرەوپرۆگرامی فێرکاری لە وڵاتانی ئیسلامدا لە دەستی شێخە ئیسلامیەکان دەرهێناوە و، خستوییەتیە دەستی مامۆستایانی پەروردەیی و پێداگۆگیی هاوچەرخ، بۆ ئەوەی نەوەکانمان رزگر بکات لە دەستی فروفێڵ و جادوگەریی شیخە ئیسلامیەکان، هەوەها خوێندنی ئیسلام و دینی ئیسلام بە ڕێگەیەکی زانستییانە. ئەگەر ئەم کارە سەربگرێت ئەوە دەشێت گۆرانکاریی لە ئیسلامدا دروستبێت و تازەگەرێتی قبوڵبکات.  

بەڵام ئەوەی بەم جۆرە داوای تازەگەرێتی دەکات لە ئیسلامدا وەک ئەوە وایە داوای شیری سیمرخ بکات. 

بەڵام، من، بڕوایەکی کۆتام هەیە، بەوەی کە تازەگەرێتی لە ئیسلامدا ناکرێت، باشترین چارەسەریش ئەوەیە، کە دین ودەوڵەت، لە یەکتری جیابکرێتەوە بە هۆکاری حاکمێکی بەهێزی وەک کەمال ئەتاتورک، چوونکە شێخەکانی ئیسلام  و حاکمەکانییان لە وڵاتی ئێمەدا، ناتوانن و نایانەوێت دین ودەوڵەت لە یەکتری جیابکرێتەوە، چوونکە ئەگەر ئەوە بکرێت دوایی بە حوکمیان دێت. 

 

 

لە عەرەبییەوە: جیهاد موحەمەد

سەرچاوە: حیوار موتەمەدین.

http://www.ahewar.org/debat/print.art.asp?t=0&aid=366458&ac=2

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.