Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
چوارچێوەی سیاسیی و دەستووریی هەرێمی  باشووری کوردستان

چوارچێوەی سیاسیی و دەستووریی هەرێمی باشووری کوردستان

Closed
by July 28, 2013 گشتی

 

 

 


پرۆژەی دەستوورنامەی هەرێمی باشووری  کوردستان


دەستوورنامەی هەرێمی باشووری کوردستان

 

 

بەشی یەکەم:

 

 پێشەکی دەستوورنامەی هەرێمی باشووری کوردستان 

 

 بە ناوی خوداوەندی بەخشندەو میهرەبان

ئێمه‌ گه‌لی باشووری کوردستان

–  بە ئاگاداریی له‌ مێژووی داگیرکردن و چەوساندنەوەو جێنۆسایدەکانی ئەنفال و زۆرو ستەمی رابردوومان؛

 – بۆ به‌رز-ڕاگرتنی یادو خەباتی هەموو ئه‌وانه‌ی بۆ دادو ئازادیی له‌ خاکی ئێمه‌دا و لە پێناوی ئێمەدا قوربانیان دا؛

  – بۆ رێزگرتن له‌ وانه‌ی بۆ بنیاتنان و گه‌شه‌کردنی وڵاته‌که‌مان ره‌نجیان داوه و

  – له‌ باوه‌ڕمانه‌وه‌ که‌ ئه‌م وڵاته‌ هی هه‌موو ئه‌وانه‌یه‌ که‌ تێیدا ده‌ژین، یه‌کێتییمان هه‌یه‌ له‌ جیاوازییدا و ، [دیمۆکراسیی و دادو یەکسانیی] پێویستترین و پتەوترین بنەمای هاو-وڵاتبوون و یەکێتی نەتەوەیین؛

  – لە باوەڕی پتەومانەوە کە هەرێمی باشووری کوردستان هۆکارو هێزێکی دیمۆکراتیی و ئاشتییخوازە بۆ پاراستنی سەقامگیریی لە ناو عێراق و تەواوی ناوچەی رۆژهەلاتی نێوەندا و، بۆ پێکەوەژیانی بەئاشتیی نەتەوەکان و چارەسەریی دیمۆکراتیی بۆ کێشەکان

 

ئێمه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ ، 

بە هەستی بەرپرسیارێتی و شانازییەوەو ، لە رێگای رێفراندۆمی ئازادەوە،:

ئه‌م ده‌ستوورنامەیه‌ وه‌ک به‌رزترین  یاسای بنچینەیی باشووری کوردستان پەسند دەکەین،

  له‌ پێناوی:

 – سارێژکردنه‌وه‌ی برینه‌کانی ناکۆکی رابردوو – و دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگایه‌ک له‌ سه‌ر به‌ها‌کانی دیمۆکراسی و دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تیی و مافه‌ بنه‌ره‌تییه‌کانی مرۆڤ دامه‌زرابێ

 – دانانی بناغه‌و چوارچێوەی دەستووریی بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی دیمۆکراتیی کراوه‌و ئازاد که‌ تێیدا حکومه‌ت له‌ سه‌ر خواستی خه‌ڵک دامه‌زراوه‌و  هه‌موو هاولاتییه‌ک وه‌ک یه‌ک له‌ لایه‌ن یاساوه‌ پارێزراوه و ماف و ئازادییەکانی زامنکراون‌

 – باشکردنی ئاست و چۆنێتی ژیانی هه‌موو هاووڵاتیان و ئازادکردن و بەکارخستنی وزه‌و توانای په‌نهانی هه‌موو که‌سه‌کان و 

 – بنیاتنانی کوردستانێکی دەستووریی دیمۆکراتیی پێشکەوتنخواز که‌ بتوانێ لە پاشەرۆژدا مافی چارەنووسی نەتەوەیی خۆی بە خواستی ئازادی خۆی بڕیار بدات و ببێتە نموونەی رێبەرو هیوابەخش و پشتیوانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا

 

بەندی یەک: چوارچێوەی سیاسیی و دەستووریی هەرێمی کوردستان

بڕگەی ١: هەرێمی باشووری کوردستان خاکی کوردو کوردستانییەکانە. هەموو هاولاتییەکی ئەم ولاتە وەک یەک مافی یەکسانی لە ژیان لەم خاکەداو بەهرەمەندبوون لە سەرچاوەو داهات و دەرفەتەکانی کارو خۆشگوزەرانی و پەروەردەو  پێگەیشتن و گەشەکردن و بەختەوەریی هەیە. ئەم دەستوورە مافی ژیان وئازادیی و  یەکسانیی بەرامبەر یاساو ملکدارێتیی و کارو وەزیفەو دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو هاولاتییان بێ جیاوازیی رەنگ و رەگەزو نەژادو  ناوچەو بیرو راو ئایین و ئایینزاو هەر جۆرە  جیاوازییەکی تر زامن دەکات.

  ٢.هەرێمی کوردستان، بە جوگرافیا مێژووییەکەیەوە وەک ویلایەتی موسڵ، هەرێمێکی فیدرالی دیمۆکراتیی باکووری عێراق وباشووری کوردستانە خاوەن حکومەتی سەربەخۆی هەلبژێردراوە و بەشێکە لە خاکی مێژوویی و جوگرافی و کەلتووریی کوردستان و کوردەواریی

 

  ٣.هەرێمی باشووری کوردستان ولاتی هاونیشتمانێکانێتی. رەوایی حوکمرانییەکەی پەیوەستە بە ڕێزگرتنی خواستی دیمۆکراتییانەی خەلکەکەی بە هەموو چین و توێژو نەژادەکانیەوە، بە زامنکردنی مافی مرۆڤیی و ئازادییەکان و حوکمی یاسا بۆ هەموو هاولاتییان و تاکەکەسانێک کە لە سەر خاکەکەیدا دەژین یان کاروباریان دەگوزەرێنن

 

    ٤.هەرێمی باشووری کوردستان باوەڕی بە پێکەوەژیانی ئاشتییانەو هاوکاریی شارستانیی لەگەل هەموو گەلانی هاوسێ و ناوچەی خۆرهەلاتی نێوەندا هەیە کە رابردووی پێوەندی دینیی و شارستانیی و، پاشەڕۆژی ئاشتیی و خۆشگوزەرانیی  ئابووریی و پێشکەوتنی کۆمەلایەتیی و کەلتووریی  هاوبەشی لەگەلیاندا هەیە

 

  ٥.لە هەلومەرجی بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژیی و دیفاع لە مانەوەو  ناسنامەو ژیان و ماف و ئازادیی و کەرامەتی هاولاتییانیدا نەبێت، هەرێمی باشووری کوردستان بە هیچ جۆرێک باوەڕی بە توندوتیژیی و  شەڕ و بەربەرەکانی جەنگیی نییەو بەکاری ناهێنێت و هەمیشە وەک باوەڕێکی پیرۆزو پراوەیەکی ژییرانە، هۆکارو شێوازی ئاشتییانەو دیمۆکراتییانە و میکانیزمی هاورایی و بەرژەوەندی هاوبەش  بۆ چارەسەری هەمووگیروگرفتی کۆنەماوو رووداوو ئایندەیی رەچاو دەکات

 

  ٦.پێوەندییەکانی هەرێم بە حکومەتی فیدرالی عێراقەوە بە پێی چوارچێوەی دەستووریی و بنەما یاساییەکانی پێشەکی و ماددە پێوەندییدارەکانی دەستووری هەمیشەیی عێراق ڕێکخراوە کە لە  رێفراندۆمی ١٥ ئۆکتۆبەری ٢٠٠٥ دا دەنگی لەسەردراوە. چارەسەری کێشەی ناوچەکانی کوردستانی دەرەوەی هەرێم  لەسەر بنەمای دەستووری عێراق و ماددەی ١٤٠ وبەرژەوەندیی و پێشکەوتنی هاوبەش و کۆرایی و پێوەندی دۆستانە و رێزگرتنی رای دیمۆکراتی خەڵکی ئەو ناوچانە لە رێفراندۆمێکی ئازاددا دەبێت

 

    ٧.گەل و حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان پشتگیریی خەباتی ئاشتیخوازانەو مەدەنییانەو دیمۆکراتییانەی گەلی کوردستان لە ناوچەکانی تری کوردستاندا دەکەن بۆ چارەسەرییەکی ئاشتیخوازانەی دیمۆکراتیی و فیدرالیی، یان کۆنفیدرالیی  کێشەی کورد یان هەر شێوەیەکی تری مافی خۆ-بڕیاردانی چارەنووس کە خەلکی  هەرێمەکانی کوردستان  بە خواستی دیمۆکراتیی ئازادانەی خۆیان هەڵی بژێرن.  سەرۆکایەتیی و گەل و  حکومەت و حیزبەکانی هەرێمی باشووری کوردستان بە هیچ جۆرێک بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ   نابێ دەستنبخەنە ناو کاروباری  سیاسیی و سەربازیی ناوخۆیی کوردی بەشەکانی ترەوە. هەموو هاوکارییەکی نەتەوەیی دەبێ ئاشتیخوازانەو بنیاتنەرانەو لە ئەنجامی کۆنفرانسی نەتەوەیی و بەستنی پەیمانی نەتەوەیی دیمۆکراتییدا بێت 

 

  ٨.گەلی باشووری کوردستان سەروەرە لە خاکی خۆیدا و هیچ کام لە  بەندەکانی ئەم دەستوورە رێگری لە خواستی دیمۆکراتییانەی  بە ئازادیی دەربڕدراوی گەلی کوردستان ناگرێت کە بڕیاری چارەنووسی خۆی بە ئازادیی و بەزۆربەی دەنگی هاولاتیییان بدات بە مەرجێ ئەم کارە بە شێوازی ئاشتی و تەبایی و بە هاوسازیی  ئەنجامبدرێت و لەگەل بنەماکانی نەتەوەیەکگرتۆکان و یاسای نێونەتەوەییدا تەبا بێت

 

  ٩.هەرێمی باشووری کوردستان نابێتە بەشێک لە هیچ هاوپەیمانییەک و پرۆژەو پلانێکی ئەمنیی و سەربازیی و جەنگیی کە دوژمنایەتی ناوچەیی، مێژوویی، نەتەوەیی و تایەفی خۆش بکات و ئاسۆی پێکەوەژیانی ئاشتیی و دیمۆکراتی و شارستانی گەلان تێکبدات

 

بەندی دوو: سەروەریی

 

 ١.سەروەریی هەرێمی باشووری کوردستان لە گەلی باشووری کوردستانەوە دێت و بۆ ئەو دەگەڕێتەوەو گەل ئەو سەروەرییەی بە پێی ئەم دەستوورنامەیە لە رێگای 

*رێفراندۆمی ئازاد لە سەر دەستوورنامەکەی و

* نوێنەرانی بە ئازادیی هەڵبژێردراوو بۆ پەرلەمان و  

*حکومەتی باشووری کوردستان و 

* ئەنجومەنەکانی دەڤەرەکان و ناوچەکان و 

*دادگای دەستووریی و 

*سەرۆکایەتی هەرێم و 

* کۆمەلگای مەدەنی و

*هەر  دامەزراوەو شێوازێکی تری مەدەنی دیمۆکراتیی پەرلەمان بریاری بداو  بە پێچەوانەی ناوەرۆکی دیمۆکراتی  ئەم دەستوورەوە نەبێت، پراکتیس دەکرێت

 

  ٢.یەکپارچەیی خاکی هەرێمی باشووری کوردستان بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمیشەوە ومافی خۆبڕیاردانی چارەنووسی خەڵکەکەی پارێزراوەو شایانی موساوەمە لەسەرکردن نییە 

 

  ٣. حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پەسندکردنی پەرلەمان،  دەشێت پەیمانی سیاسیی  و ئابووریی نێونەتەوەیی  لەگەڵ ولاتانی دنیادا، بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی و  دامەزراندن و بەهێزکردنی دامودەزگای نەتەوەیی و وەبەرهێنانی سامانە سروشتییەکان و پێشکەوتنی ئابووریی و دیمۆکراتیی درێژخایەن، ببەستێت 

 

  ٤.هەرێمی باشووری کوردستان فرە-نەتەوەیی و فرە-دینیی و پلورالی سیاسییە، لە نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی ئاشووریی و کلدان وتورکمان و عەرەب وئەرمەن  پێک دێت. هەموو  مافی  دیمۆکراتی وەک یەکیان وەک نەتەوەو هاولاتی هەرێمی باشووری کوردستان هەیە و  ئەم دەستوورە مافی  ئازادی بیروباوەڕ و پراکتیسی دینیی و بەکارهێنانی زمان و پاراستنی میراتی نەتەوەیی و چالاکی کەلتووریی و سیاسیی لە چوارچێوەی دەستوورو یاسادا، بۆ هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکان  و هاولاتییان زامن دەکات

 

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.