
سووتاندنی کتێب لە دۆخی بە کاڵابوونی نووسەردا
لەو ماوەیەدا دوای سووتاندنی کتێبی جەماڵ غەمبار له لایه‌ن چه‌ند گه‌نجێکی که‌لارییه‌وه، بە هۆی ئه‌وه‌ی ناوی وه‌ک پاڵێوراوی یه‌کیه‌تی نیشتمانی بۆ هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی کوردستان ئاشکرا بوو، شه‌پۆلێکی نووسین و شین و واوەیلا بە دژ و هاوپشتی ئەو گەنجانەوە لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه و به‌تایبه‌تیش ماڵپه‌ڕه‌کانی ئینته‌رنیتی داپۆشی. دیاره پێشتریش دوای سووتاندنی کتێبه‌کانی فه‌رهاد پیرباڵ هه‌ر له ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان و که‌لار، بە هەمان شێوە شه‌پۆلێکی لە نووسین بەڕێخرا. ئه‌گه‌رچی کتێب سووتێنه‌کان هه‌مان ئەو کۆمەڵە گه‌نجەی پارساڵن و له هه‌مان ده‌ڤه‌ری گەرمیانیش بوو، به‌ڵام دژکرده‌وه‌کان لە هەمبەر ئەو کارە له هه‌موو نووسەرانی دەڤەرەکانی کوردستان بوون، ڕۆژنامه‌نووس، نووسه‌ر، شاعیر، فیمینیست، ستووننووسانی ده‌ڤه‌ری سه‌وز و زه‌رد و ڕووناکبیرانی بازاڕگه‌رمی ئێستای کوردستان بوون.
ئه‌وه‌ی کە زۆر مایەی سه‌ره‌نجه ئەوەیە، کە هیچکام له‌و شاعیر، کۆمەڵناس، سیاسەتوان … تاد، کە تا کاتی نووسینی ئەم نووسینەش، دژکرده‌وه‌یان نیشان داوه، ئه‌و پرسیاره‌یان نه‌ورووژاند، کە بۆ ئەو کارە لە لایەن هه‌مان گه‌نجانی دوێنێ و بۆچیش له هه‌مان ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان بوو؟ خاڵی هاوبه‌شی هه‌موو نووسینه دژکردهوهییهکان ئه‌وه‌یه: کتێب سووتاندن کولتوورێکی فاشیی و هه‌ڵقوڵاو له بیری نازیستییهوه سه‌رچاوه‌ی هەڵگرتووه، هه‌ربۆیه له به‌ر مه‌حکووم و ئیدانه‌کردنی نازیسم و فاشیزم و ڕێگه‌نه‌دان به سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م بیرۆکه ترسناکه له کوردستاندا، چه‌ند گه‌نجه کتێب سووتێنهکانی گه‌رمیانیش، ده‌بێ بکه‌ونه به‌رغه‌زه‌ب و نه‌فره‌ت و مۆرکی نازیی و فاشییان لە نموونەی هیتله‌ر و کتێب سووتێنه نازییه‌کانیان پێوه بلکێندرێ.
لە هەمبەر ئەوەشدا، کۆمەڵێک نووسەر، شاعیر، رۆژنامەنووس و … تاد، شێلگیرانە داکۆکی‌یان لەو گەنجانەی کەلار کرد و ئەو کاری کتێب سووتاندنەیان بە هەڵوێستێکی بوێرانە و یاخییانەی مەدەنییانە بە دژی نووسەر و شاعیرە تەڵەکەباز و پارەخواز و دەستەڵاتخوازەکانی کوردستان پێناسە کرد.
بەڵێ، بەر لەوەی باس لە شێوازەکانی کتێب سووتاند لە مێژووی فاشیزم و نازیزم و ئیسلامی تووندڕۆ بکەین، گەرەکە باس لەو کولتووری بە پیرۆزکردن، پەرستنەی نێوان کتێبنووسین و کتێبخوێنە بکەین لە جڤاکی کوردستاندا، کە ئەمەش کرۆکی مەبەستی ئەم نووسینەی ئێمەیە. بە دڵنیاییەوە سوووتاندنی کتێب بە هەر هۆکارێک بێت، کردەیەکی بەدە. لێ هاوکاتیش هێنان و بردنی ئەو هەموو تیۆرییە لەسەر فاشیزم و نازیزم و شێلانی ئەو هەموو گوتە فەلسەفیی سەیرانە لە لایەن نووسەرانی هاوپێڕ و هاوبیری شاعیر و کتێب سووتێنراوان لە نووسینەکانیاندا، تا بیسەپێن کە ئەو گەنجانەی کەلار نوێنەری فاشیی و نازیی و … تاد ئەمڕۆ دەکەن، بێجگە لە سەفسەتە هیچی تر نییە. هەروەک ئەو کارە گەلەکۆمەکێیەکی غەدارانەیە لە لایەن نووسەرانێکەوە کە گوایە بۆ مرۆڤایەتیی و کورد هۆشیاکردنەوە سووتاون.
ئەڵبەت ئەوەندەی ئێمە ئاگادار بین، نووسینێکمان نەخوێندۆتەوە کە بە روونی ئاماژەی بەو رەهەندە کولتوورییەبە پیرۆزکردنەی کوردەوە کرد بێت.
ئاشکرایە کۆمەڵگەی کوردستان، هێشتا کۆمەڵگەیەکی ئایینسالارە و لە رووی نەتەوایەتییشەوە نائازاد و خۆسالار نییە. بۆیە مرۆڤی کورد، بە تایبەتیش لە ئاستی رۆشنبیرییدا، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بووە کۆمەڵێک نووسەر و سیاسیی لە خەیاڵدانی خۆیدا وەک بوونەوەرگەلێکی فریادڕەس و پیرۆز بسازێنن. چونکە لە کن خوێندەوار و نەخوێندەواری کورددا هۆکاری مانەوەی کورد لە دۆخی بندەستیی و گەندەڵییدا، نەبوونی سیاسیی و نووسەر و شاعیری راستگۆ و کاریزما بووە. هەر بۆیە مرۆڤی کورد هەمیشە کەسانێکی بە ناوی نووسەر و سیاسیی و شاعیر بە پیرۆزکردووە، گوایە ئەوانە لەو قەدەری کۆلەوارییە رزگارمان دەکەن. لەو ناوکۆییەوە نووسەر و شاعیری بە زمان عاشق و عادل و بە کردەش سیاسیی کورد هەمیشە، بە واتای نیتشەیی، لە پەیوەندییەکی دیالێکتیکیی نێوان کۆیلە و کۆیلەدارییدا لە هەوڵی ئەوەدابووە، لەسەر بنەمای ئەو کولتوورە رفۆک و سافیلکەیەدا، ناوبانگی خۆی ساز بکا و گەورە بێت. لە دواجاریشدا، وەک چۆن شۆڕشەکان مرۆڤە سادە و سافیلکەکان کردییان و بە شێکی زۆریشییان خۆیان کردە قوربانی بۆ شۆڕش و رزگاری کوردستان و زۆرینەی بەرپرسەکانیش لەسەر قوربانی ئەوانەوە بوون بە میراتگری شۆڕش، هەنووکەش بە هەمان شێوە ئەو نووسەر و شاعیرانە لەسەر پیاهەڵدان و وابەستەبوونی ئەو خوێنەرە خۆشباوەڕ و سافیلکانەی کەلار و کوردستانەوە بوون بە خاوەن پایە و پارە، کەچی ئاقیبەتی ئەو خوێنەرە قوربانییەش، تۆمەتباکردنییەتی بە فاشیست و بەربەریی و زەنگلێدەری نازیزم لە کوردستاندا!
بەمجۆرە وەک چۆن دیاردەی خۆ بە پیرۆزکردن لە لایەن مەلا، نووسەر و سیاسییەکانەوە باو و زاڵە، بۆ ئەوەی خۆیان بکەن بە فریادڕەسی قەدەری خەڵکی عەوام و مەعلانی کێشەکانی کوردستان، بە هەمان شێوەش کولتووری پیرۆزکردن و پەرستن لە لایەن مرۆڤی کوردەوە پێداویستییەکی ژیانییە؛ مرۆڤی کورد پێویستی بەوەیە نووسەر، سیاسیی و مەلای ئایینی وەک خدری زیندە و فریادڕەس بسازێنێ، تا خۆی لەوانەدا بتوێنێتەوە بەمەش سێبووری هەستی نەبوونی خۆی بداتەوە.
ئەو نووسەر و شاعیر و فێمنیستە ئۆپۆزیسیۆنە دیگیتالییەی کورد کە فیربوون هەموو تشتێک، دیاردەیەک کە لە کوردستاندا ساز دەبێت بە کۆمەڵێ گوتەی حازربەدەستی فەیلەسووفانی رۆژئاواوە لە قاڵب بدەن و پێناسەی بۆ بکەین و بەناوی زاناییەوە بەسەر خەڵکدا بیبەشنەوە، هەقە جار و بار پەنجەرەیەکی چکۆڵە لە ویژدان و ئاوەزی سڕکراویان بە گواستنەوەی گوتەی فەیلەسووفان و ئەزموونی فاشیزم و نازیزم ئاوەڵا بکەنەوە و ئەوجا بیرێک لەوە بکەنەوە کە ئەو رووحی فاشیزم و نازیزمەی کە خەریکە بە سووتاندنی کتێب لە لایەن گەنجانی رووح ئەنفالکراوی کەلارەوە دەستپیدەکا لە خۆڕا نییە، بەڵکو هۆکارە بنەڕەتییەکەی خودی ئەو نووسەر و شاعیرە خۆ بە پیرۆزکار و خۆ بە فریادرەسناسانەیە کە لەو وادە و پەیامە پیرۆزانەی کە بە خوێنەرەکانیان داوە پەژیوان دەبنەوە. بە گوتنێکی تر، ئەوەی رووحی فاشیزم و نازیزم دروست دەکا ئەو خوێنەرە بێخود و خەڵکە عەوامە نییە، بەڵکو ئەو نووسەر و شاعیرانەن کە خۆیان کردۆتە بوونەوەرگەلێکی پیرۆز و فریادڕەسی نەزانی کورد. ئەوە نووسەری کوردە کە هەوڵدەدا خوێنەر بکات بە وێنەیەک لە پیرۆزی خۆی. ئەوە شاعیری کوردە کە بە شیعر و سیحرەکانییەوە، هەوڵدەدا خوێنەرەکەی بکا بە سێبەرێک لە خۆی، هەر کاتێکیش ئەو شاعیرە گەیشتە ئامانجی خۆی، خوێنەرە سێبەرەکەی هەتیو دەمێنێتەوە. لەو دۆخەدا کە ئەو خوێنەرە نووسەرە پیرۆزەکەی لە دەست دەچێ، سەرگەردان دەبێ، کە سەرگەردانیش بوو یان دەبێ خۆی بکوژێ یانیش ئەو یانیش کتێبەکەی، چونکە هیچ تشتێکی تر نامێنێتەوە بوونە راڕا و بێڕایەڵەکەی رابگرێت. بۆیە ئەوەی ئەو خوێنەرە بەستەزمانە فێری “راستگۆیی”، یاخیبوون” و … تاد دەکا، خودی ئەو نووسەرە خۆ بە پیرۆزکار و خۆ بە گەورازانانەن، نەک بە پێچەوانەوە. هەروەک ئەوەی ئەو خوێنەرە بوون لێسراوە هاندەدا فاشیی و نازییانە رەفتار بکەن، دیسان ئەو نووسەرە بە پیرۆزکراوانەن. چونکە ئەو نووسەرە بە پیرۆزکراوەیە وای لەو خوێنەرە پیرۆزپەرستە کردووە، لە دەرەوەی پیرۆزیی هیچ نموونەیەک لە نووسەر قەبووڵ نەکا.
پەیوەندی نووسەر و خوێنەری کورد، پەیوەندییەکی بەشداریکارانە و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریی، تەواوکردنی یەکتر نین، بەڵکوو پەیوەندییەکە لە تەرزی عاشق و مەعشووق، ئەڤیندارییەکە لە شێوەی فیلمی هیندیی. خوێنەری کورد کتێب ناخۆێنێتەوە، بەڵکوو نووسەر دەپەرستێ. نووسەری کوردیش بە گشتی خوێنەرساز نییە، بەڵکو سێبەرسازە. نووسەری کوردیش ئەوە چاک دەزانی و چاکیش کار بۆ قووڵکردنەوەی ئەو خوێنەرە سێبەر و بوون سڕکراوە دەکا، تا بیکات بە دیلی خۆی، بیکا بە حیمایەکی دەستپاکی خۆی. سەیر ئەوەیە، کاتێک ئەو نووسەرە، وەک ئەڤیندارێکی پیرۆز، درۆ لەگەڵ خوێنەر، مەعشووقە فیلم هیندی ئاساییەکەی دەکا، ئەو خوێنەرە، چونکە بوونی بەو نووسەرەوە گرێدراوە، دادەڕمێ. جا کە ئەو خوێنەرە مەعشووقە بێمەعاشە بە کردەیەک لە جۆری کتێب سووتاندن تۆڵە لە نووسەرە ئەڤیندارەکەی دەکاتەوە، ئەوکات ئەو نووسەرە، بە هۆی ئەو دەستەڵات و پایەی کە بە ریگەی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ خوێنەرەکەیەوە بە دەستی هێناوە، خوێنەرە مەعشووقەکەی بە گەلحۆ، نازی، فاشی و … تاد دەناسێنێ. لە کۆمەڵگەیەکی وەک کوردستانیشدا کە وابەستەیی و مجگێز (مەزاج) هەموو مانایەک، سیستەمێکە ژیان دیاریدەکا و دەیجوولێنێ، کەسێک نەک هەر باس لەو ئاکارەی بە وابەستەکردنە ناکا کە نووسەر یان شاعیران بەرهەمهێنەر و سەرچاوەیانە، بەڵکو هەموو خوێنەری مەعشووق دەکوتنەوە، کە چۆن ئەوی بچووک کتێبە پیرۆزەکەی نووسەری عاشقە گەورەکەی دەسووتێنێ و بێڕێزی بەرانبەر پیرۆزییەکەی دەکا.
بێنە بەرچاوت، لە کوردستاندا مەلایەک ساڵانە وەعز و خوتبەی لەسەر کاری چاکە و خێر، بەخشندەیی، بێتەماحیی، دژە گەندەڵیی و ساڵحی داوە، کەچی کت‌وپڕ ئەو مەلایە کارێکی حەرام یان ناساڵح دەکا کە خۆی بانگەشەکاری بووە، ئاخۆ دەبێ ئەو نوێژکەر و ئیماندارانە کە ئەو مەلایەیان بە نوێنەری خودا و فریادڕەسی خۆیان زانییوە، چ بەرتەک و دژەکردەوەیەک بە دژی ئەو ئەنجامبدەن؟ پەیوەندی نووسەر و شاعیری کوردیش لەگەڵ خوێنەردا، لەسەر هەمان بونیات بونیاتنراوە: نووسەری کورد خەریکی نووشتەکردنە بۆ خوێنەرەکەی نەک بەخشینی بیرکردنەوەی سەربەخۆیی. بۆیە کاتێک خوێنەر نووسەرە نووشتەکارەکەی بە ناپیرۆزی دەبینێ، شێت و شار دەبێ.
لەوەش گەڕێ، ئاخۆ گەرەکە باس لەوە بکەین، وێڕای ئەوەی کە خەڵکی دەڤەری گەرمیان بە پۆست تراوما، یادەوەرییەکی برینداری ئەنفال دەتلێنەوە، هاوکاتیش هەنووکە بوونەتە قوربانی حیکایەتی مادەی ١٤٠، نە سەر بە حکومەتی کوردستانن و نە سەر بە حکومەتی عێراقیش؟ رەنگە یەکیک لە بێخزمەتترین دەڤەریش بێت.
بۆیە ئەگەر مرۆڤ کەمێک خوێندەواری هەبێت، ئاسانە لەوە تێبگات کە ئەو خوێنەرە گەنجانەی کەلار بە هۆی ئەو دۆخەی تێیدا دەژین، کاتێک دەبینن ئەو نووسەر و شاعیرانەی کە ساڵانێکە خۆیان کردووە بە شۆڕشگێڕ، پیرۆز، فریادڕەس، خدری زیندەی ئەوان، کەچی هەنووکە کت‌وپڕ دەبن بە لایەنگری دەستەڵاتێک کە لای ئەوان ناعادل و گەندەڵە، ئەوەش هەستی بێئومێدیی و خاکەسارییان هاندەدا کە کتێبەکانیان بسووتێنن. ئێمە بەو کردەی کتێب سووتاندنە خۆشحاڵ نین، بەڵام وەک گوتمان، دەبێ ئەو کردەیە لەو کۆنتێکستە کو‌لتووریی و ئایینیی و مرۆڤەرستییەوە سەیر بکەین کە نووسەر و شاعیری وەک هێمایەکی ئایینیی بە پیرۆزکردووە، تا لەو دیاردەیە تێبگەین، نەک خۆمان بە گواستنەوەی کۆمەڵێک گوتەی نووسەرانی بیانیی و ئەزموونی حازر بەدەستی وەک فاشێزم و نازیزم ببەستینەوە و بانگی سەرهەڵدانی فاشیزم و نازیزمی کوردی بدەین.
لێ، ئاخۆ کتێب و نووسین لەم رۆژگارەی کوردستان، ئەو بەهایەی ماوە کە بە پیرۆز یان هێمایەکی بەهاداری کولتووری سەیری بکەین؟ ئاخر هەنووکە نووسین بێجگە لە کاڵایەک و فرۆشتنی بە کۆمپانیای رۆژنامە و چاپخانە بوودجە باشەکانی کوردستان، هیچی تر نییە. دەبا راست و رەوان لە واقیعی نووسینی کوردیی بڕوانین، ئەمڕۆ نووسەری کورد، وەک هەر خاوەن کاڵایەک، نووسینە کاڵاییەکی بە رۆژنامە و چاپخانەکان دەفرۆشێ. لەم دۆخە تەکنیکسالار و ئابوورییسالارەدا نووسەری کورد بە هۆی کۆنتراکتەکەیەوە لەگەڵ کۆمەڵی رۆژنامەی بوودجەداری حیزب و مەدەنییەکاندا، ناچارە وەک مەکینەی کاڵاساز بە پەلە پەل کۆمەڵێ گوتەی ئەم و ئەو تیۆریی ئەوێ و ئێرەی رۆژئاوایی، وەک خواردنی لە قوتووکراو، تێکەڵ بە یەکتر بکا و ستوونەکانی پێ پڕ بکاتەوە. کەواتە ئەمڕۆ نووسین ئەوەندەی پەیامی پارە و پایەی مەبەستە، هێندە پەیام و بەهای مرۆڤانەی مەبەست نییە. نووسین لە جڤاکی کوردستان و بگرە جیهانیشدا لە کاڵایەکی هەررزان بترازێ هیچی تر نییە. بە تایبەتیش لە کوردستاندا بۆ زۆرینەی نووسەریش نەک هەر خەڵکی ئاسایی، کڕینی کێشەکەی کوڵاو، مۆبایلێک و … سەتان قات لە کرینی کتێبێک گرینگترە.
وەک دەزانین نووسەرانی رابردووی کورد بێ پادداشت و پارە و دەست خۆشی بە دیار نووسینی کتێبێکەوە شەونخوونی دەکێشا. کاتێک کتێبێک یان نووسینێکی دەنووسی نەیدەزانی چۆن چاپی بکا و بڵاویبکاتەوە. هەندێک جار لەسەر ئەو نووسین و کتێبەوە، تووشی زیندان یان مردنیش دەبووەوە. نووسەری رابردوو، بە گشتی وەک ئەرکێکی نیشتمانیی و زمانیی، دەینووسی، چونکە پەیامێکی نیشتمانیی، یان وەک جۆرێک لە بەرەنگاریی بە دژی سڕینەوەی زمانەکەی دەینووسی. ئاخۆ پێویست دەکا ئاماژە بەو هەموو نووسەر و شاعیرە ماندوونەناسانە بدەین کە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا بە دەستی ماندوو و دڵی خرۆشاوییانەوە هەزاران لاپەڕەیان دەنووسیی، ئەگەر نووسین و کتێبەکەیان بێ سەر ئێشە چاپ بکرابایە نەک هەر بیریان لە پادداشت نەدەکردەوە ، بەڵکە بە چاپکردنییان خەنی خۆش دەبوون. بۆ نموونە کە مرۆڤ سەیری ئەو هەزاران لاپەڕە بە دەست نووسراوانەی دەیان نووسەرێکی وەک مەسعود محەمەد دەکا، شاگەشکە دەبێ. ئەو نووسەرانە چۆن ژیانییان کرد بە وشەی مەبەست ئایدیالیی.
کەواتە ئێمە چیتر لە سەردەمی بەهای کتێب ناژین، بەڵکە لە سەردەمی دوای ئایدیۆلۆژییەکاندا دەژین کە لەوێدا نووسین بوو بە قسەی کاڵایەکی جووڵاو. بۆیە هەڵەیە بیر لەوە بکەینەوە کە نووسینی کتێب لەو دۆخی بە کاڵاکراوەدا، هەڵگری پیرۆزییەک بێت. وەک چۆن کتێب وەک کاڵایەک پیرۆز نەماوەتەوە، ئەوهاش سووتاندنی ئەو کاڵایەش پیرۆز نییە.
ئاخر لە کوردستاندا هیچ کاڵایەک هەیە هێندەی کتێب بێبەهاتر و ریسواکراوتر بێت؟ مەگەر مرۆڤی هەژاری وەک سەنگەری لاو نەبێت کە نەداریی و بێبەهابوونی بە جۆرێک رووحی برژاند کە ناچار بێت خۆی بسووتێنێ! باشە، بۆ ئەو سووپایە لە مرۆڤدۆست، فێمنێنیست، دژە فاشیزیزم و نازیزمەی کورد بە خۆسووتاندنی سەنگەرەکان تەقەی سەریان هات، کەچی بە سووتاندنی چەند کتێب هێندە هەراسان بوون؟ ئەدی مرۆڤ کتێب نانووسێ؟ ئەدی هەر ئەو نووسەران نین کە دەڵێن کتێب دوای بڵاوکردنەوە هی نووسەر نییە؟ ئەدی هەر ئەو نووسەرانەی کورد نین کە گوتەزای “نووسەر مرد”یان کردۆتە دروشم؟ ئەدی ناڵێن دوای بڵاوکردنەوەی کتێب، خوێنەر خۆی درێژدەری کتێبە؟ ئەدی ناڵێن کتێب سووتاندن مانای مرۆڤ سووتاندنە، کەچی ئێوە بۆ کتێب سووتاندن هەراتان نایەوە، بۆ سەنگەر سووتاندنیش زارتان وسکت بوو! ئیلاهی، ئەوە چ مۆرال و ئاکارێکە گیرۆدەی ئەو بوونەوەرە قەڵەمدارە بووە؟ مرۆڤ دەسووتێ کەس قسە ناکا، کەچی لە پێناو کتێب‌دا، سووپایەک لە قسەنووس، هەرای لێهەڵدەستێ!
راستییەکەی ئەوەی هانی قەڵەمداری کورد دەدا بەناوی مرۆڤدۆستیی و ئازادیی و دیمۆکراسیی و … تاد قسە بنووسێ و شین بگێڕێ ئێتیک و ئاکار نییە، بەڵکو مجگێزی هاوڕێیەتی، حیزبایەتی، پێڕایەتی، هاوشاریی و ئەحبابییە.
وەک گوتمان مەبەستی ئێمە لایەنگریی یان دژایەتی کردنی کردەی سووتاندنی کتێب نییە کە ئەو گەنجانە وەک هەڵوێستێک بە دژی ئەو شاعیرە و نووسەرانێکی تر کە پێشتر وەک دژە گەنەدەڵیی، راستبێژ و دژە دەستەڵاتی کوردستان خۆیان نوواندووە و ئیستاش بوونەتە بەشێک لەو دەستەڵاتە، پێی هەڵساون. نەخێر مەبەستی ئێمە نە ئەوەیە و نە ئەویتریشە، نە پشتگیرییە و نە دژیش، بەڵکو مەبەستی ئێمە خوێندنەوەیەکی نیوترالە، بێلایەنییە. بە بڕوای ئێمە، وەک چۆن پەنا بردن بۆ مێژووی کتێب سووتاندن لە لایەن فاشیست و نازیستەکانەوە لە لایەن نووسەرانێکەوە، بۆ ئەوەی ئەو گەنجە کەلارییانە بە فاشیست و نازیست بناسێنن، خوێندنەوەیەکی ساختەیە، یان مارکس واتەنی “بەخشینی زانیاری ساختەیە” لەسەر ئەو کردەیە، بە هەمان شێوەش هاندان و بە یاخی ناساندنی ئەو گەنجانەی کەلار، بە ناڕاست دەزانین. ئێمە وای دەبینین کە گەرەکە کردەی کتێب سووتاندن لە لایەن ئەو گەنجە کەلارییانە یان ئەو کردە تووند و تیژییانەی کە مرۆڤگەلێکی دەستەڵاتدار و بێدەستەڵات لە کوردستاندا بە گشتی دژی کتێب یان ژن یان مرۆڤە بێکەسەکان ئەنجامی دەدەن، وەک دیاردەیەک لەو دۆخە سیاسیی، ئاینیی، ئابووریی و کولتوورییە بە پیرۆزکراو شێواو و گەندەڵێنراوە سەیر بکەین. بۆیە رێک کردەی کتێب سووتاندن، پەیوەندی بەو نووسەرپەرستیی و سیاسیپەرستیی و مەلاپەرستیی؛ کولتووری مرۆڤپەرستییەوە هەیە کە بە تایبەتیش لە دوای راپەڕینی ١٩٩١ەوە بوو بە عەقیدە (کولت)، دیاردەیەکی تۆندڕۆ لە کوردستاندا. ئەمەش پەیوەندی بە کۆمەڵێک هۆکار و رووداوەوە هەیە کە لەو بیست سالەی دواییدا لە کوردستاندا پیشهاتن، لەوانە شەڕی ناوخۆ، پەرەسەندنی ئیسلامی سیاسیی و بە تایبەتیش ئیسلامی تووندڕۆ، حیزسالاریی، گەندەڵیی، ناعەدالەتی، دابەشبوونی کوردستان بەسەر دوو یان سێ دەڤەر و میرنیشندا، بادینان و هەولیر و سلێمانی، ئاوابوونی بەهایە نیشتمانیی و چاکەکان و سەرهەڵدانی دۆخێک لە بەهای بێبەها، هەستی عەدەمیی لە کوردستان و جیهاندا. هەرچەند پیشتریش ئەو کولتووری بە پیرۆزکردنەی نووسەر و سیاسیی و مرۆی ئایینییە لە کۆمەڵگەی بندەست و نەریتگری کوردستاندا باو بووە، لێ دوای نەوەدەکانەوە کە کورد لە بندەستی رژێمی بەعسدا رزگاری بوو، دۆخێک لە گەندەڵیی، بێ‌بڕوایی، عەدەمیی لە ژیر سایەی حکومەتی کوردی‌دا لە دایک دەبێ، لەوێدا ئەو کولتووری بە پیرۆزکردنەی نووسەر و سیاسیی و پیاوی ئایینییەش دەبیتە دیاردەیەک و جێگەی ئایدیۆلۆژییە ئاوابووەکان دەگریتەوە. هەموومان دەزانین، لە نەوەدەکان بە دواوە و بە تایبەتیش لە دوای رووخانی بەعسەوە، کۆمەڵێک نووسەر و شاعیر پەیدا دەبن لە لایەن خوێنەر و مێدیایەکی حیزبیی و مەدەنیی کەمزاندا دەکرێن بە پیاوچاک و فریادەڕسی مەعریفە و قەدەری کورد. بەمجۆرە حەشامەتێک لە خوێنەرانێکی سافیلکە لە دایک دەبن کە رۆڵی حیمایە و پاسەوانی لەو نووسەرانە دەگێڕن. هەر بۆیە هەر کەسێک رەخنەیەکی ئاراستەی ئەو نووسەر و شاعیرە پیرۆزکراوانە کردبیت، لە لایەن ئەو خونێنەر و مێدیا و چاپخانانەوە خوێنتاڵ و رەجمکراوە.
کەواتە ئەوەی جێگه‌ی ڕامانه و ده‌بێته هۆی دژکرده‌وه لای ئێمه خودی کرده‌وه‌ی کتێب سووتاندن وەک کردەیەک نییه، به‌ڵکوو چه‌سپاندنی تۆمەتی نازیسمه به کۆمه‌ڵێک گه‌نجی بێکار و په‌راوێزخراوی گه‌رمیان. ئه‌مه له هه‌ناودا به‌مانای سه‌لماندنی کتێب سووتاندن له خۆیدا نییه، به‌ڵام دژکرده‌وه‌یه‌که له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌دا که چۆن سه‌رتۆپی نووسه‌ر و رووناکبیری کورد له نێو گێژاوی ڕووناک‌بیری کوردستاندا فاکته مێژووییه‌کان به قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ڵکه‌وته‌ی ئیلیتیی و جڤاکی خۆیان له دژی هه‌ژمارێک گه‌نجی بێکار و ناڕازی به سیسته‌می گه‌نده‌ڵی کوردستان به‌کار دەهێنن.
له درێژای مێژوودا کتێب سووتاندن سیمبۆلی سه‌ره‌ڕۆیی و حوکمی دیکتاتۆرییه‌ت و کۆسپ و به‌ربه‌ست بۆ ئازادی به‌یان، چاوی لێکراوه. کتێب سووتاندن سیمبۆلی نه‌بوونی ئازادی چاپه‌مه‌نی و به‌یان بووه. هه‌ر بۆیه فاکته مێژووییه‌کان له سه‌رده‌می نازی ئه‌ڵمانییه‌وه هه‌تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ ئه‌وه ناسه‌لمێنن که دژکرده‌وه و به‌رهه‌ڵستاریی کۆمه‌ڵێک گه‌نجی گه‌رمیانی له چه‌ند ڕووداوی به‌ده‌گمه‌نی کتێب سووتاندندا وه‌ک بیرۆکه‌ی نازیسم ببیندرێ:
ئه‌وه‌ی له هه‌مووان له مێژووی کتێب سووتاندندا ناسراوه، کتێب سووتاندنی نازییه‌کانه له ساڵی 1933دا. نازییه‌کان به پێی گەڵاڵه‌یه‌کی زۆر پێشتر پلان بۆ داڕێژراو 18 هه‌زار به‌رهه‌می جۆراوجۆریان وه‌ک کتێبی خه‌راپ که ده‌بێ نه‌مێنن و بسووتێندرێن ده‌ستنیشان کردبوو. ڕۆژی 10 مای 1933 له ڕێوڕه‌سمێکی کتێب سووتاندا له به‌رده‌م بینای شانۆی به‌رلین، هه‌زاران کتێب له کارل مارکس، سیگمۆند فرۆید، بێرتۆلێت برێخت، ئا‌لبێرت ئه‌نیشتاین و ئالفرێد دوبلین له نێو بڵێسه‌ی ئاگری نازییه‌کاندا سووتێندران. ته‌نیا له‌م ڕۆژه‌دا 20 هه‌زار کتێب و نزیک به 5 هه‌زار وێنه سووتێندران. له ژێر درووشمی “له دژی رووحی نائهڵمانیدا” ڕێوڕه‌سمی کتێب سووتاندن له شاره‌کانی دیکه‌ی ئاڵمانیادا له لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی لاوان و خوێندکارانی سه‌ره‌به پارتی نازیستی هیتله‌ری به‌ڕێوه‌چوو. بێجگه له کتێب سووتاندن، کتێبی نووسه‌ره‌کانی دیکه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئاڵمانیاش وه‌ک رۆمان رۆڵاند و بۆریس پاستێرناک وه‌ک کتێبی مه‌ترسیدار نیشانه کران. ئه‌وه‌ی له کتێب سووتاندنی نازییه‌کان له ئاڵمان جێگه‌ی سه‌ره‌نج بوو به زۆری ده‌ستنیشانکردنی کتێبه‌کان وه‌ک “نائاڵمانی” و دواتر ڕێوڕه‌سمی سووتاندنیان له لایه‌ن خوێندکارانی زانکۆکانه‌وه وهڕێدهخرا. ئێستاش وێنه‌کان که له کتێب سووتاندنه‌کانی ئه‌و ده‌م ماون، ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن که خوێندکاران به چ شادیی و شه‌وقێکه‌وه به‌رهه‌مه کلاسیکه‌کانیان ده‌سووتاند. ئه‌وان پێیانوابوو ئیتر به سووتاندنی کتێبه‌کان ئه‌ڵمانیان له ده‌ست نووسه‌رانی بیرجوودا ڕزگار کردووه.
له ده‌ڤه‌ری خۆشمان‌دا، کاتێک له ساڵی 1946دا کۆماری کوردستان رووخا و هێزه‌کانی سووپای شا گه‌یشتنه شاری مه‌هاباد، سووپا هه‌موو چه‌شنه کتێب و ڕۆژنامه و گۆڤارێکی کوردی‌یان سووتاند. له کوردستانیش ده‌ستی ڕاسته‌وخۆی کتێب سووتاندن، ده‌سه‌ڵات و فاشیزمی ئێرانی بوو.
له شۆڕشی کولتووری چین له نێوان ساله‌کانی 1966 هه‌تا 1976 به هه‌زاران کتێب له بیرجیایەکان سووتێندران. پۆلپۆتهکانی خێمێری سوور له ساڵه‌کانی 1975 و 1979 به‌هه‌مان شێوه به‌هه‌زاران کتێبیان سووتاند. له دوای هه‌موو کودێتایه‌ک له نێوان ساڵه‌کانی 1973 و 1989 له ئه‌مه‌ریکای لاتین، دیکتاتۆره‌کان کتێبی نووسه‌ره چه‌په‌کانیان سووتاندووه. وه‌ک نموونه له ساڵی 1973 له‌دوای کودێتای سه‌ربازی له شیلی، سه‌ربازه‌کان کتێبی هزر جیایەکانیان ده‌سووتاند. له ساڵی 1992دا گرووپه چه‌کداره‌کانی سێرب هێرشیان کرده سه‌ر کتێبخانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی سارایه‌گۆ له بۆسنی ههرزهگۆیانە و هه‌ژماری 1،5 میلیۆن کتێبیان سووتاند. گرووپه ئیسلامییه‌کان، له نێو ئه‌واندا ئێخوانهکان له ساڵی 2001 گوشاریان بۆ سه‌ر وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگی میسر هێنا، که 6000 به‌رهه‌می ئه‌بونه‌واس له سه‌ده‌ی 700دا بسووتێنن. تاله‌بانه‌کان له ئه‌فغانستان په‌یکه‌ر و به‌رده تاشراوه‌کانی بوودایان ته‌قانده‌وه، ئه‌مه‌ش جۆرێک بوو له عه‌قڵییه‌تی کتێب سووتاندن وه‌ک هێمایه‌ک بۆ لە نێوبردنی کو‌لتوور. له سویددا پارتی نه‌ژادپه‌ره‌ستی “سویدییه دیمۆکراته‌کان” زۆر جار له مێدیادا وه‌ک پارتی کتێب سووتێن ناسراون. ساڵی 1996 له ڕێوڕه‌سمێکدا لایه‌نگرانی ئه‌م پارته له گرته ڤیدیۆییه‌کدا کتێبی نووسه‌ری جوله‌که فێرێنس گوندۆر، وینستۆن چیرچیل و تاگه ئێرلاندێر (باوکی سویدی مودێڕن و سه‌رۆکی سوسیالدیمۆکرات)یان سووتاند.
لێره‌دا ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌وه‌ی له ئاڵمانی نازی ڕوویدا و به‌دوای ئه‌ودا به‌هه‌مان عه‌قڵییه‌ت کتێب سووتاندن له کۆماری کوردستان، ئه‌مه‌ریکای لاتین دواتر له بۆسنیا و وڵاتی سوید، به‌راوردکردنی له گه‌ڵ دوو جار کتێب سووتاندنی دوو نووسه‌ری کوردی له پێشدا ناڕازیی و دواتر به‌ستراوه به ده‌سه‌ڵاتدا، جیاوازی نێوان ئاسمان و ڕێسمانه. لێره‌دا کاتێک باسی “کتێب سووتاندن” وه‌ک چه‌مێکێک بۆ هێمای نازیسم، فاشیزم و نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی ده‌کرێ له هیچ فاکتێکی مێژوویی‌دا نموونه‌یه‌کی ده‌گمه‌نی وه‌ک ئه‌وه‌ی گه‌رمیان نابینینه‌وه، که چه‌ند گه‌نجێکی بێزار و تووڕه له درۆی شاعیر و رووناکبیری کورد، کە هەر ئەوان خۆیان دەرسی ئەخلاق، یاخیبوون دژی گەندەڵییان کردوون، بۆیە هیچ رێگەیەکی تریان بۆ نامێنێتەوە، بێجگه لە په‌نا بردن بۆ کتێب سووتاندن نەبێت کە بێئومێدیی و تووڕەییان دابمرکێنێتەوە.
وه‌ک له فاکته مێژووییه‌کاندا بیندران دیارده‌ی کتێب سووتاندن له مێژوودا هه‌میشه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵات یان بیرێکی فاشیستی، مه‌زهه‌بی یان ناسیۆنالیستی به پلان و به‌رنامه‌یه‌کی توکمەوە کراوه. له سۆنگه‌ی فاکته مێژووییه‌کاندا به ده‌گمه‌ن دیارده‌ی کتێب سووتاندن وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌ڤه‌ری که‌لار ده‌بینین. ناڕه‌زایه‌تی چه‌ند گه‌نجێکی بێزار له درۆ و ده‌له‌سه‌ی شاعیر، له کڵاو له‌سه‌رنان و دانی درووشمی گه‌نج پارێزی مامۆستای فه‌لسه‌فه و به کورتی بێزار و بێ باک له حکومه‌تێک که بێ‌کاری هێشتۆته‌وه و هه‌ر له په‌نای ئه‌ودا گه‌نجی دیکه هه‌یه که له هه‌مان سیسته‌مدا سه‌ری گه‌یشتووه بە ئاسمان. چۆن ده‌کرێ هه‌مان کرده‌وه به ناوی فاشیزم ناودێر بکرێ. ئه‌گه‌رچی له مێژووی کتێب سووتاندندا، زۆر جار هۆکاره ئه‌خلاقی، سیاسیی و ئاینییه‌کان ڕۆڵییان گێڕاوه، به‌ڵام له سه‌رده‌می ئێستاشدا ڕۆژانه به ده‌یان جۆره‌کانی دیکه‌ی مێدیا وه‌ک سیی دی و فیلمی ڤیدیۆیی وه‌ک ناڕه‌زایه‌تیی و به‌رهه‌ڵستکاریی له لایه‌ن تاکه‌کانه‌وه ده‌سووتێندرێن و هیچ کاتێک هه‌موو سووتاندنێک ناخرێته نێو چوارچێوه‌ی نازیزمەوە.
ئه‌ی باشه شرۆڤه بۆخۆسووتاندنی سه‌نگه‌ر که‌ریم حه‌سه‌ن له هه‌ولێر چییه؟ سه‌نگه‌ر کتێبی هیچ نووسه‌رێکی درۆزنی نه‌سووتاند، به‌ڵکوو ئه‌و له‌شی خۆی سووتاند.
2013.7.29
ستۆکهۆلم
سیاوەش گۆدەرزی و هەندرێن