ژنان لە پەرلەمانی کوردستان دەتوانن چ سودێک بگەیەنن بە بزوتنەوەی ژنان؟
کۆمەڵگای کوردستان بە پێی تایبەتمەندیە ناوچەیی و مێژویەکانی خۆی، خاوەن پەیوەنداریەتیەکی کۆنەپەرەستانە و بە ناوەرۆک دژە ژنە. من لەم بابەتەدا نامەوێت تیشک بخەمە سەر چۆنیەتی پێکهاتن و سەرهەڵدانی ئەم موناسەباتە و چۆنیەتی گەشەکردنی لە قۆناغە مێژویەکاندا، دەمەوێت ڕاستەوخۆ پەنجە ڕاکێشم بۆ دەرەنجامەکان و سەرنج بخەمە سەر هەلومەرجی واقعی ئەمڕۆی ژنانی کوردستان.
بەدەر لە کێشەی چینایەتی کە دەیان کێشەی و ڕێگری ناوەتەوە بۆ ژنانی کرێکارو زەحمەتکێش، کۆمەڵێک بنەمای هەن بوونەتە هۆی کێشەی سەرەکی بۆ ژنان کە دامێنگیری سەرجەم ژنانی کوردستانە بە بێ جیاوازی پلە وپایەی چینایەتی، واتا زۆر لە بابەتەکە ناگۆڕێت کە کچی ئەم یان ژنی ئەویتر بیت. ئەو بنە مایانەی کە پێگەی ڕەگەزی مێینەیان لاواز کردووە بریتین لە سێ پێگەی سەرەکی: ١/ ئابووری سەربەخۆی ژنان. ٢/ یاساو سیستەمی دادپەروەری. ٣/ تێڕوانین و ئاراستەی پەروەردە.
یەکەم_ ئابوری سەربەخۆی ژن، گرنگترین فاکتەر بۆ پشت ڕاستکردنەوەی ژن وەک کائینێکی سەربەخۆ، وەک کائینێک کە خاوەنی خۆی و منداڵەکانی خۆی و بڕیاری خۆی بێت، واتا ژێردەستەیی ئابوری ملکەچی کۆیلایەتی ڕەگەزەکەی تری نەکات. وابەستەیی ئابوری هۆکارێکی کوشەندەیە بۆ ناچار کردن و هێشتنەوەی ژنان لە دۆخی زەواجێک کە هەر ساتێکی دۆزەخێکە. ژن لە دۆخی ژێردەستەیی ئابوری ناتوانێت خاوەن هیچ بڕیارێک بێت لە دەرەوەی ویست و ئارەزوی لایەنی باڵادەست، ئەگەر باڵادەست باوک بێت یان شو، لە گەڵ درکاندنی یەکەم وشەی پێچەوانە ئەوە هەموشت لەدەست دەدات و ژیانی دەکەوێتە مەترسیەوە.
ئەرکی دەسەڵاتە بە شێوەی سیستەماتیک تۆڕێکی یارمەتی ماڵی هەبێت بۆ پاراستننی دانیشتوان لە ملکەچکردن بۆ ناحەقی بۆ هۆی نەداری و هەژاریەوە.
دووهەم_ یاساو سیستەمی دادپەروەری لە کوردستان لێواولێوە لە نادادپەروەری لە دژی ژنان، بنەمای دەستوری کۆمەڵگا هیچ پەیوندیەکی بە عەقڵ وزانستی سەردەمەوە نیە، ڕاستەوخۆ و بێشەرمانە وەرگیراوە لە دەورانی جاهێلیەت و ژنان بە ڕون و بێ پەردە پلەدوو و بێ عەقڵن، لە گەڵ ئەوەشدا سیستەمی دادپەروەری سەربەخۆ نیەو وەک دامودەزگا ئیداریەکانی تر بەشێکن لە ئەحزابی دەسەڵاتدار.
ئەمەیان ئەرکی کۆمەڵگایە بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و بە هەڵمەتێکی جەماوەری ڕەگ و ڕیشەی نیزامی سەرمایەداری و سیستەمی خێڵەکی ئەحزابی چاوچنۆکی دەسەڵاتدار ڕیشەکێش بکات و سیستەمێکی هاوچەرخ و سکۆلار بونیات بنێت.
سێهەم_ تێڕوانین و ئاراستەی پەروەردە جۆرێک پیاوسالارانە خراوەتە سەریەک، منداڵان و گەنجان وە لە ئاکامدا کۆمەڵگا فێری ئەوەدەکات کە دەبێت پلەو پایەی ژن وپیاو جیابێت، ژن کەمترە، ژنبوون یانی ڕازی بوون بە پلە دوویی و زۆر جار سوکایەتی قبووڵ کردن، لە پێشبوون و باڵادەستبوونی ڕەگەزی نێر کراوەتە عەقڵی سەرتاپای کۆمەڵگا، ژنان خۆشیان ئەم پلە دوویەیان قبوڵکردووە، لە کردار و هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی هەردوو ڕەگەزەکە ڕەنگی داوەتەوە و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لە سەر بنەمای ئەم تێڕوانینەوە دەڕواتە پێشەوە، ئەوە تەنها پیاوان نین ژەهراوین بە سەمی پیاو سالاری، بەڵکو ژنان خراپترن، هۆی سەرەکی گەشانەوە و درێژ بوونەوە تەمەنی مناسباتی پیاو سالاری، تێگەیشتنی ژنان و قبوڵکردن و ملکەچ کردنە بۆ مەسەلەکە، هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم تێگەیشتنە پێچەوانەبوونی سیستەمی پەروەردەیە. زۆرن ئەوکەسانەی کە بەناو خەبات بۆ مەسەلەی ژنان و دابین کردنی یەکسانی ژن و پیاو، ساڵانێکە خۆڵ دەکەنە چاوی خەڵکەوە، بەڵام بە پرسیارێکی سادە دەتوانیت پەردە لە سەر ناخیان هەڵدەیتەوە، بۆ ئەوەی بزانی خۆیان چەندە سورن لەسەر یەکسانی. با لە پیاوان گەڕێین، کام ژنی سیاسی و پلە بەرزی کورد دەتوانن قبوڵی ئەوە بکات کە تەنها بۆ یەک چرکەشبێت خودا لە ڕەگەزی مێینەبێت.
کەواتە سیستەمی خوێندن و پەروردە هۆکاری سەرەکی ئەم هەڵاواردنەیە و دەبێت بۆ بەدیهێنانی یەکسانی نێوان ژنو پیاو دەبێت ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی بەسەردا بێت.
ئەوەی من لێرە دەمەوێت ئیشارەتی پێبدەم ئەم حیزب و لایەنانەن کە لە پەرلەماندا هەن و بەشێکیان ژنن کێن؟
وەک هەمومان دەزانین پەرلەمانی کوردستان پێکهاتووە لە کۆمەڵێک حیزبی بۆرجوازی و کۆنەپەرست بەشێکیان ئۆپۆزشیۆنن و بەشێکیشیان دەسەڵاتن. هەردو کوتلەکە کۆنەپەرست و پیاوسالارن و تا سەر ئێسقان دژە ژنن. هیچ کامێکیان حیزبی علمانی و پێشکەوتوخواز نین و باوەڕیان بە یەکسانی هەمەلایەنەی ژن و پیاو نییە. ئەو ژنانەی کە لە پەرلەمانن هەڵگری هەمان بیرو ڕاو بۆچۆنی حیزبەکانیانن و سیاسەتی ئەوان دەبەنە پێشەوە. بۆیە ئەوانیش ناتوانن هیچ سودێکیان بۆ بزوتنەوەی ژنان هەبێت. ئەمان هەر ئەم حیزبانەن کە لە مەیدانی سیاسی کوردستان بوون بەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ و دیاری ئەوان بۆ ژنان تەنها ژن کوشتن و پەرەسەندنی توندو تیژی بووە بەرامبەر بە ژنان، ئەو حیزبانە تا پێیان کرابێت یاسای دژە ژنی و دژە ئینسانیان لە پەرلەمان پەسند کردوەو نمونەی بەرجەستەشمان پەسەندکردنی یاسای فرە ژنی بووە لە پەرلەمان و وە بەشێک لەوانەی کە دەنگیان پێداوە ژنانی پەرلەمانتار بوونە. وە هەر ئەم حیزبانە بوونە لە ماوەی ٢٢ ساڵی ڕابردودا مەکتەبی کۆمەڵایەتیان هەبووەو سەرۆکەکانیان نوێنەری تایبەتیان بۆ سوڵحی عشائیری هەبووەو لە دیوەخانەکانیان ژنیان کردۆتە قوربانی و ئاگری شەڕو کوشتاریان پێ کوژاندۆتەوەو دەسەڵاتێکیان بۆ یاسا نەهێشتۆتەوە لە هەمانکاتدا تاوانکارو ژن کوژیان حەشارداوەو یاسای لێبوردنی گشتیان دەرکردوەو تاوانبارو ژن کوژان ئازادانە سوڕاونەتەوە لەبری ئەوەی سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.
بانگەوازی من بۆ بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان ئەوەیە کە دەبێت بە چاوکراوەیەکی دیقەتەوە بڕوانینە ئاڵوگۆڕەکانە وە هەروەها ئەو خاڵە مێژویانەی کە چارەنوسی کۆمەڵگا دیاری دەکات، کێشەی ئێمەی ژن تەنها ئەحزابی دەسەڵاتدار نیە بەڵکو سەرتاپای سیستەمەکەیە، بەشی زۆری ئە حزابی ئۆپۆزیسیۆن لە ئەحزابی دەسەڵاتدار باشتر نین، ئەمانە هیچ چارەسەرێکیان پێنیە بۆ کێشەکانی کۆمەڵگا، ئەو کێشانە بە شێوازی بابەتی چارەسەر ناکرێن، بەڵکو چارەسەری ڕیشەیی و بنەڕەتی دەوێت، ئەویش تەنها بە لادانی دەسەڵاتو ئۆپوزیسیۆن مسۆگەر دەبێت. کام یەک لە ئەحزابی ناو پەرلمان دەیەوێت بە جیدی خەبات بۆ کەمکردنەوەی کێشەی ژنان بکات، بێگومان هیچیان. بۆیە دەبێت سەرجەم ژنان و ئەو کەسانەی کە بەتەنگ کێشەی ژنانەوەن بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنانە بکەن و بەناوی ئەوەی کە کاندیدی ژن و بوونی ژن لە پەرلەمان پشتگیری نەکەن. گرنگ نییە ئەم پەرلەمانە ئەندامەکانی ژنن یان پیاون گرنگ ئەوەیە ئەم پەرلەمانتارانە هەڵگری سیاسەتێکی دواکەوتو، کۆنەپەرستانەو دژە ژنن. بزوتنەوەی یەکسانیخوازی لە کوردستان بۆ ئەوەی کە بتوانێت ببێتە فشارێک بۆ سەر کۆمەڵگاو ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتی بکاتەوەو بیباتە ناو کۆمەڵگا، لەبری ئەوەی کاتی خۆیان بۆ پشتگیریکردنی کەسانێک تەرخان بکەن تەنها لەبەر ئەوەی کە ژنن و هەڵگری سیاسەتێکی کۆنەپەرستانەو دژە ژنن، دەبێت خەتی خۆیان لەم حیزبانە جیابکەنەوە بە دەسەڵات و ئۆپۆزشیۆنەوەو لە دەوری سیاسەتێکی ڕادیکاڵانەو پێشکەوتوخوازانە سیاسەتێک کە ئینسان تییدا سەنتەر بێت و باوەڕێ بە یەکسانی ژن و پیاو هەبێت کۆبنەوەو کاری جدی بۆ بەدیهێنانی یەکسانی ژن و پیاو بکەن و ببنە فشارێک بۆ دەسەڵات و پەرلەمانی کۆنەپەرست و دژە ژن. وە ئەم پەرلەمانتارە بەڕێزانەش ئەگەر بەجدی بەخەمی پرسەکانی ژنانن با خۆیان لە پەرلەمان و حیزبەکانیان بێنە دەرەوەو لەدەوری بزوتنەوەیەکی یەکسانیخوازی واقعی کۆببنەوە کە کاری جدی بۆ پرسەکانی ژنان بکەن.
تەنها ڕێگا بۆ بەدیهێنانی یەکسانی هەمەلایەنەی ژن و پیاوو سەپاندنی ئینسانی بوونی ژن ڕوخاندنی تەخت و تاجی ئەم دەسەڵاتەیە لە ڕیشەوەو هاتنە سەرکاری دەسەڵاتێکی سکۆلارو مەدەنییە کە خەڵک خۆی حوکمی خۆی بکات و یاساو دەستورێکی ئیننسانی جێبەجێبکرێت، دین جیابێت لەدەسەڵاتی یاسادانان و دەوڵەت. ئەمەش تەنها بە هاتنە مەیدانی ئیرادەی یەکگرتوی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازو یەکسانیخواز دەکرێت لە کوردستان.
لاوژە جواد