Skip to Content

Saturday, May 4th, 2024
هەر مەرگ مابوو… فەرهاد شاکەلی

هەر مەرگ مابوو… فەرهاد شاکەلی

Closed
by August 8, 2013 گشتی

 

 

بۆ کۆچی هاوڕێی شاعیر شێرکۆ بێکەس

 

وشەی کوردی بە دوای پێنووسەکەتدا دەگەڕێن، وردورد بیانهۆنیتەوە و ملوانکەیەکی ڕەنگاوڕەنگیان لێ پێک بهێنیت، بیکەیتە گەردنی نیشتمان. شاخ و ڕووبارەکانی کوردستان بە تاسەوە چاوەڕوانی تازەترین شیعری تۆن، دەزانن تۆی عاشق چۆن بۆیان دەسووتایت و دەسووتێیت. ئەو نیشتمانەی دەڵێی دڵۆپێک خوێنە بەسەر نەخشەی ئەم جیهانەوە، دیسان کزکز بۆ کوڕێکی خۆی دەگریێت.

هەموویان ئەزموونیان لەگەڵ تۆدا هەبوو، تۆیش هەموویانت ئەزمووبوون. ژیان لای تۆ ڕستەیەکی ناڕێکوپێک بوو، هەمیشە ڕێکت دەخستەوە و دەتگۆڕی. دەستکاریت دەکرد و وشەکانت پاش و پێش دەخستن، بەڵام هەرگیز نەیشبوو بەو ڕستە جوانەی تۆ و من و دەیانی دیکەیش ویستوومانە و دەمانەوێ. پێشتریش، ئەوانەی پێش ئێمەیش هەر ئەو ئاواتەیان لە دڵدا بوو، جەزیری و خانی، نالی و مەولانا خالید، مەولەوی و مەحوی، سەججادی و مەسعوود محەمەد، ئاواتیان ئەوە بوو ڕستە ناڕێکەکەی ژیان لە ڕووی ڕێزمان و ڕێنووسەوە، لە ڕووی ناوەڕۆک و ئێستێتیکەوە جوانتر و ڕاستتر و باشتر دابڕێژنەوە، بەڵام ئەو ئاواتەیان لەگەڵ خۆیاندا بردە ژێر گڵ.

چیت تاقی نەکردەوە و کامەت نەئەزموو؟ شارەزای هەموو کۆڵانەکانی هەژاری بوویت و بە هەموو شەقامەکانی بەدبەختی و بێدەستەڵاتی و چەوسانەوەدا گەڕابوویت. خەباتی نهێنی و پێشمەرگایەتی، عیشق و دڵداری، تاراوگە و ئاوارەیی، هەرەسی شۆڕشێک و هەڵستانەوەی، دیلێتیی گەلێک و ئازادبوونی، سیاسەت و کورسیی وەزارەت، پەخشان و شیعر، کلاسیک و نوێ، خۆشی و خەفەت… هەمووت تاقی کردەوە، ئەزموونت لەگەڵ گشتیاندا هەبوو. شاعیر دەبێ لە هەموو شەربەت و لە هەموو شەرابێک بنۆشێت. هەر مەرگ، تەنیا هەر مەرگ مابوو بیناسیت و ببیتە ئاشنای. هەر مردن مابوو دەستوپەنجەی لەگەڵ نەرم بکەیت. شیعرت بۆ ژیان و بۆ هەموو ڕەنگەکانی ژیان نووسی. هەر مەرگ مابوو، شیعرێکی جوانی بۆ بنووسیت. ئێستا ئەوەتا دوایین شیعری خۆتت نووسی؛ قەسیدەی مەرگ.

سۆللەنتوونا، بەرەبەیانی ٦-٨-٢٠١٣ 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.