Skip to Content

Monday, July 15th, 2024
بۆچی دین ژەهرە بۆ هەموو شتێک؟*

بۆچی دین ژەهرە بۆ هەموو شتێک؟*

Closed
by August 8, 2013 گشتی

 

 

 

 

” لە جیهانی ئاسایی مۆرالیتی دا، کەسانی باش بە باشترین شێواز هەڵسوکەوت ددەکەن، کەسانی خەراپ بە ناحەزترین شێواز دەجوڵێنەوە، بەڵام ئەگەر بتهەوێت کەسانی باش کردەوەو هەڵسوکەوتی خەراپ بکەن، ئەوا پێویستیت بە “دین”ە.” ستیڤن واینبێرگ

لە سەردەمانێکی تایبەتی مێژووی مرۆڤ، کە مرۆڤەکان لە چوارچێوەیەکی داخراو بە رووی زانست و فکر و فەلسەفە دا دەژیان، دەگەڵ هەورە تریشقە، بوومەلەرزە، یان لافاودا پەنایان دەبردە هێزێکی تایبەتی کە پێیان وابوو ئەم هێزە تایبەتیە دەتوانێت بیانپارێزێت لە مردن و خەساری پێگەیشتن و ئازار. دەمێک شاخە بەردێکیان دادەتاشی، سەردەمێک وەکو پەیکەر سازیان دەکرد، تاکوو گەیشنتنە ئەم قۆناغە کە ئەم هێزە دەبوایە نەدیو بێت و توانای لە هێزی مرۆڤ زیاتر بێت، کەوا تەعبیر بە خوا دەکرێت.  خوا لە مێژوودا یان سیفات و نازناوی جیاواز جیاوازی بۆ داندراوە، یان بە تاک یان کۆ ئەژمێردراوە، یان بە تەنیا نێر یان هەم نێر و هەم مێ ئاماژەی پێدراوە ؛ خودای شەر، خودای باران وئاو، خودای خۆشەویستی و هتد. لە ناو هەنبانە بۆرینەی خواکاندا، لە نوسینی مایکڵ جۆردەن، ناوی پتر لە ٢٥٠٠(دوو هەزار و پێنجسەد) خودا تومار کرواە کە دیارە هەر نەتەوەیەک یان عەشیرەتێک خوا یان خواگەلی تایبەت بە خۆی هەبوون بە رەگەزی تایبەتەوە. یۆنانیە کۆنەکان بۆ وێنە باوەریان بە هەبوونی خواگەلی جیاواز و بە شێوەی کۆمەڵە خوا هەبوە، یانی هەر شتەو خودایەکی تایبەت بە خۆی هەبوە هەروەک چۆن باوەری جیاواز و سەرسورهێنەریان سەبارەت بە چۆنیەتی و سەرچاوەی بوون هەبوە. بەڵام لە سەردەمی یەهودیەکانەوە (دینی یەهوود) نزیک سێ هەزار ساڵ تاکو ئەمرۆ ئەو ئاڵو گۆریە گەورەیەی کە لە دنیای دین و باوەر هێنان بە هەبوونی خوا و چۆنیەتی دروست بوونی کائینات و مرۆڤ هاتۆتە ئاراوە ، بیرۆکەی بەشی هەرە زۆری مرۆڤەکانی لە باوەر بوون بە کۆمەڵەی خواکانەوە، بۆ ئیمان بە خودایەکی تاک گۆریوە. شوێنی لە دایک بوونی خودای تاک رۆژهەڵاتی ناوەراستە. ئەو خودایەی کە سەرەتا لە لایەن نەتەوەی یەهوود و لە چوارچێوەی دینی یەهوود و رێبەری مووسا وەک پێغەمبەری ئەودینە پێی نایە جیهانی بوون و پاشان بە کۆمەڵێک دەستکاری لە ناو یاساو دەستوراتی ناو دینەکەوە لە لایەن کەسێکی تر بە ناوی عیسا بوو بە مەسیحیەت و ئەمیش پاش چەند ساڵێک و بە کۆپی کردن لە دوو دینی یەهودیەت و مەسیحیەت و هەروەها زەرتوشتی، بە ناوی ئیسلام و لە ناو نەتەی عەرەبدا بەردەوامی خۆی نواند، هەرچەند هەر دینەو ناوێکی تایبەتی بۆ خودایە تاکەکەی خۆی داناوە یان ( بە ئیدەعای خۆیان) پێغەمبەرێکی جیاوازی هەیە، بەڵام ناوەرۆکی هەر سێک دینەکە تارادەیەکی زۆر یەک شتە، بە هێندێک ئاڵ و گۆری تایبەت لە دەستوراتی ئەخلاقی و یاسای پەرستن و شێوازی بە جێ گەیاندنی داب و دەستورەکانی.

لە بابەتە هەرە سەرەکیەکانی هەرسێک دینی یەکتا پەرەست؛ پەرستنی یەک خودا، بەهەشت و جەهەننەم، پاداش و عەزاب، کتێبی ئاسمانی، کێشە سێکسیە کان، حەڵاڵ و حەرام و دانانی یاسای سیر و سەمەرە و (هتد) یە. جیا لەم سێ دینە سەرەکیە (بە هۆی زۆری لایەنگرانیانەوە) چەندەها بیر و باوەری ئایینی یان شێوە ئایین- کە تیایدا کۆمەڵێکیان باوەریان بە هەبونی خواگەلێک هەیە  لە سەر ئەم زەویە هەن و کۆمەڵێک لایەنگری تایبەتی خۆیانیان هەیە – وەکو ئایینی بودا یان کنفیوشێس یان زێن بودیسم،بەڵام مەبەستی ئەم بابەتە ئایین بە شێوەیەکی گشتی (بریتی لە هەموو ئایینەکان بە بێ جیاوازی) و بە ئاوردانەوەیەکی زیاتر بۆ سەر سێ دینە ئاسمانیەکە (بە هۆی ئیدەعای جۆراوجۆری وەک ئاسمانی بوون، ئاگادار بوون لە دوای مەرگ، هەبوونی خوا و بە پێی ئەو نازناوانەی بۆیان داناوە،…).

 چ شتێک بۆتە هۆکاری پێناسە کردنی ئایین بە ژەهر، ئایا ئایین هەموو شتێک ژەهراوی دەکات ؟  بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستە ئاورێکی خێرا لە چۆنیەتی فەلسەفە وبنەمای دیندار بوون بدرێتەوە تاکوو ئەم چەمکە روونتر بێت. مرۆڤی دینی مرۆڤێکی تەواو بێ دەسەڵاتە، مرۆڤێکە کە توانا زێهنی و مێشکیەکانی خۆی داوەتە دەست کەسێکی نادیار، ئەم مرۆڤە لە چوارچێوەی دینەکەی دا نەک تەنیا ناتوانێت تەعبیر لە خۆی بکات بەڵکو ناتوانێت تەمرینی خواستە دەروونیەکانیشی بکات . مرۆڤی ئیماندار باوەر دێنێت بە ژیانی پاش مەرگ، ژیانێکی کە لە رێگەی کۆمەڵێک وێنەی تایبەتی وەکوو پرسیاری قەبر و قیامەت و رۆژی حەشر و تەختی عەرشی ئیلاهی و پاداشی بە هەشت یان ئاگری چەهەننەم بۆی وێنا دەکرێت . لێرەدا دوو کێشەی سەرەکی روودەدات یەکەم چۆن کە سانێک هەن کە ئیدەعا و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەتوانن وێنەی بەهەشت یان جەهەننەم بکەن لە کاتێک دا هیچ کامیان نەیان بینیوە یان ئەزموونیان نەکردوە؟ هەروەها ئەم بانگەشەیە تەواو لە دنیای تاقیکردنەوە بە دوورە کەواتە چۆنە خەڵکانێک باوەری پێدەکەن؟ دووهەم ئەم دینانە کە ئەم بانگەشەیە قەبارە گەورەیانە دەکەن هەرگیز و بە درێژایی مێژوی بوونیان نەیانتوانیوە دەلیل یان هۆکارێکی لۆژیکی کە جێگای تێرامان و وورد بوونە بێت بدەنە دەست هەرچی هەیە مرۆڤەکان دەبێت قبوڵی بکەن بە بێ پرسیار کردن. دین کەسێکی دەوێت بەم شێوەیە؛ کەسێک کە توانای بیر کردنەوەی نەبێت یان ئەگەر هەیبێت توانای پرسیار کردنی نەبێت و ئەم مرۆڤە ئیماندارە دەبێ بێ پرسیار و ئەم لاو لا خۆی بە ردەست بدات ببێتە دیلی ئەم دینە و هەرچی ئەم دینە گوتی و ئەمری کرد بێ یەک و دوو بە ئەنجامی بگەیێنێت. هۆکاریش ئەمەیە کە لای دین، مرۆڤ بوونەوەرێکی ناتەواوە و بە رێنمایی خوا و لە رێگەی دینەکەیەوە بە کەماڵ و پوختەیی دەگات ، کەواتە مرۆڤ نەخۆشەو دکتۆرەکەی کە خودا و ئایینەکەیەتی چاکی دەکەنەوە ئەویش بە مەرگ و لە دوای مەرگ. ئایین لە چوارچێوەیەکی لۆژیکی دا ناگونجێت یانی لە گەل ئەوەدا کە بانگەشەی زۆر سەیر و قەبارە زل و لە رادەبەدەر سەر سورهێنەر دەکات بەڵام هیچ کات بە شێوازێکی لۆژیکیانە بەڵگە یان هۆکارێکی فەلسەفی یان زانستی ناخاتە روو، هەروەها لە زۆربەی هەرە زۆری کاتەکاندا ئەو بانگەشەیەی کە دەیکات هەر لە بنەرەتدا دژی لێکدانەوە یان هەلسەنگاندن و نرخاندنی زانستی یان فەلسەفیانەیە. بۆ وێنە کە دین باس لە بوونی خوا دەکات  هیچ بەلگەیەک کە بتوانرێت بە شێوازکی باوەرپێکراوی لۆژیکی یان فەلسەفی یان زانستی بروای پێ بکرێت ناداتە دەست، گەر لە مرۆڤێک یان ماموەستایەکی ئایینی پرسیار بکەی چۆن دەزانی کە خوا بوونی هەیە ئەمە کۆمەڵێک دەبێت لە وەلامەکانی: چونکە ئەتۆی خوڵقاندوە! چونکە دەبێ حەتمەن هێزێکی گەورەتر لە مرۆڤ هەبێت کە ئاسمانەکانی خوڵقاندبێت! چونکە ئەوەتا ئەم هەموو دەلیلە هەیە لە ناو سروشتدا وەکو باران و بەفر و دارستان و… کە دەیسەلمێنێت هێزێکی مەزنی خوڵقێنەری لە پشتە! وهتد. بەڵام هەر یەک لەم وەڵامانە لە ناخی خۆیان دا هەڵەن بە هۆی هەڵەی ناسراو بە (بورهانی تەسەلسول) واتە هۆکاری چینایەتی، من لە دایک و باوکم ئەوانیش لە دایک و باوکیان…ئەمانیش لە ئادەم ی حەوا، ئادەم و حەواش لە کەسێک کە بزوێنەری نەبزووتەیە واتە پێک هێنەری پێک نەهاتوو یان خوڵقێنەری نە خوڵقاوە بەڵام ئەمە لە دنیا فکر و لۆژیک و هەڵسەنگاندنی هزری دا بورهانێکی بەتاڵە چونکە هۆکاری هەر شتێک دەبێ بە روونی و ئاشکرایی دیاریکراو بێت و بتوانرێت لە کاتی پێویستدا تاقی بکرێتەوە و زانیاری مرۆڤ پوختە تر بێت. ئەم پرسیارە تەنیا وەک نمونە بەڵام ئەگەر بابەتەکە کورت بکرێتەوە لە هۆکارەکانی ناساندنی دین یان ئایین وەکە سەرچاوەی ژەهراوی کردنی ژیانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی، یان وەکو هۆکاری ئاژاوەو و کوشتن و نائارامی لە دنیادا یان وەکو بنەمای چەند بەرەکی و یەکتر قبووڵ نەکردن و بەلارێ دا بردنی تواناکانی مرۆڤ و سازدانی زیندانێک لە ئازار و دواکەوتویی بۆ مرۆڤ ئەوا دەبێ بە پەلە ئاورێک لە بەرهەمەکانی دین بۆ ژیان و کۆمەڵگای مرۆڤ و مرۆڤایەتی بدەینەوە.

1- دینەکان ئیدەعای گەورە و بێ بنەما و بێ بەلگەیان هەیە: سەبارەت بە چیرۆکی خیلقەتی ئاسمانەکان و زەوی ئایەتی٢٩ لە سورەتی بەقەرە کە سەبارەت بە خەڵقەتی کائینات دەڵێ( ئێمە زەویمان بە هەموو شتەکانیەوە خەڵق کرد پاشان ئاسمانەکانمان بە حەوت چین بە دەوریدا خوڵقاند.) واتە زەوی لە پێشدا ساز کراوە جا دوایی ئاسمانەکان. ئەمە یەک لە بێ بنەما ترین ئیدەعاکانی دینە و زانستی فیزیک ئەمرۆ وەڵام گەلێکی یەکجار جوان و دروست و زانستی هەن بۆ بە درۆ خستنەوەی ئەم ناراستیە گەورەیەی کە خوای موسولمانەکان کردویەتی. هەر ئەم ئایەتە دەری دەخات کە دین پێک هاتە و ساز کراوی مرۆڤە و هیچ کتێبێکی ئاسمانی لە کار دا نیە چونکە ئەم ئایەتە پێمان نیشان دەدات کە مرۆڤی ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر چەندە لە بواری زانستی زەوی و ئاسمان نەزان بووە. تێۆری بیگ بەنگ یان تەقینەوە گەورەکە لە چوارچێوەی زانستی فیزیک دا شتی زۆر لۆژیکی تر و رێک و پێک ترمان بۆ دەردەخات لەمەی دین.

2- لە دینی یەهوود و تەنانەت مەسیحیەتیش دا تەمەنی زەوی ٦٠٠٠(شەش هەزار) ساڵە! ئایا بە راستی تەمەنی زەوی ٦٠٠٠ ساڵە؟ زانست بۆ مرۆڤی روون دەکاتەوە کە تەمەنی زەوی لانی کەم

 (سێزدە ملیارد)١٣٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ساڵە.

3- لە دین دا ئاماژە بە خەڵقەتی حەوا دەکرێت لە کەلەکەی چەپی ئادەم، لە کاتێک دا مرۆڤ ناتوانێت جیا لە ناو رەحێمی دایک یان هاوشێوەی رەحێم(کە ئەمرۆکە لە خەستەخانەکاندا دەبیندرێن) لە دایک ببێت ئەمە وەک ئیدەعای مەسیحیەکانە( هەروەها موسوڵمانەکان) کە دەڵێن عیسا لە مریەمی کچ لە دایک بووە لە کاتێک دا مریەم هاوسەری نەبووە وە دەگەڵ هیچ پیاوێک سەرجێیی نەکردوە. بێ ماناترین و نادروسترین و خەیاڵی ترین چیرۆکەکانن لە سەر مرۆڤ و بە دنیا هاتنی مرۆڤ، لە بواری زانستیەوە هیچ مرۆڤێک جیا لە ناو رەحێمی دایک (یان هاوشێوەی)و لە ئاکامی یەک گرتنی کرۆمۆزۆمە کانی نێر و مێ ناتوانێت ببێت.

4- هەر ئەم روانگەیەی سەرەوە بە تایبەتی لە سەر بوونی حەوا تێکەڵ دەگەڵ دەنگ و رەنگە نێرانەکەی خوا (کە هەر هەموو دینەکان بە بێ جیاوازی دەنگ و رەنگی پیاوسالار و پاتریارکیان هەیە)کە مێ نیە و نێرە،(دیارە لای هێندێک دین یان شێوە دین بۆ وێنە کلیسای خودا هەروەها ناسراو بە union mission, the church of god, خوا هەم نێرەو هەم مێ-مەبەستیان هەبوونی دوو خوایە) بوونەتە هەوێنی زوڵم و ستەم و ناعەدالەتیەکی رەها و بێ پەروا دژی ژن. لە چوارچێوەی دین دا، ژن هیچ ماف و دەسەڵاتێکی نیە، گەمژەیە، تێنەگەیشتوویە، بۆی نیە بە بێ ئیزنی باوک و برا و مێردەکەی لە ماڵ بچێتە دەرەوە، لە تەڵاق دا هیچ مافێکی نیە، لە میرات وەرگرتندا نیوەی پیاوی وەبەر دەکەوێت لە شاهیدی داندا بە دوو ژن یەک پیاو دەژمێردرین، خەتەنە دەکرێن بۆ ئەوەیکە وزەی سێکسیان کەم بکرێتەوە، ژن وەکو کاڵایەکی کەم بەهایە بۆ خزمەتی پیاو، پیاو دەتوانێت چوار ژنی هەبێت بە سەرێکەوە یان پیاو دەتوانێت ٧٢ حۆری هەبێت لە بەهەشتدا بەڵام ژن هیچ، ئەمانەو ی چەندەها جۆری تری زوڵم و ناعەدالەتی فەزایەکی بۆ ئافرەتان خوڵقاندوە خەراپتر لە هەر زیندانێک، بە شێوازێکی تەواو سیستەماتیک ئافرەتان دەچەوسەندرێنەوە و مافە سەرەتاییەکانیان لێ زەوت دەکرێن. ئەمانە هەمووی ئەمرو فەرمایەشاتی خوان لە کتێبە ئاسمانیەکاندا کە لە لایەن پێغەمبەرەکانیان موژدە دەدرێن بە مرۆڤەکان! لە دنیایەکی ئاسایی ئەخلاقدا، ئافرەت و پیاو لە هەموو ماف و دەسەڵاتێکدا وەک یەکن، هیچ جیاوازیەک نیە لە ناویان چونکە هەردوکیان مرۆڤن و دەبێ وەک مرۆڤ مامەڵەو هەڵسو کەوت لە گەڵ یەکتریدا بکەن نەوەک ئامرازێک بۆ بەدەست هێنانی مەبەستە تایبەتیەکانیان. هەر وەک چۆن فیلسوفی گەورە کانت(١٧٢٤-١٨٠٤) باوەری بە “پاشایەتی مەبەستەکان” هەبوو کە تیایدا مرۆڤەکان وەک مرۆڤ دەرواننە یەکتر و لە گەل یەکتریدا هەڵسو کەوت دەکەن، نەک وەکو پەلکانەیەک یان ئامێرێک بۆ بە دەست هێنانی هێندێک ئامرازی تایبەت.

5- مرۆڤ بۆ ئەوەیکە باش بێت و باشە بکات و لە خەراپە دووری بکات پێویست بە دین یان خوا یان تەنانەت کەسێک نیە تاکوو پێ بڵێت، بەڵکو لە رێگای بیر کردنەوە و هەڵسەنگاندنی هزری و لێکدانەوەی دەروونی خۆی دەتوانێت ببێتە باشترین کەس. بە تایبەتی کە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە و شێوازی ژیانی شێوازێکی بە کۆمەڵە، زۆر باش دەزانێت کە بۆ بەهرەمەند بوون لە کۆمەڵگایەکی تەندوروست و سەقامگیرو بێ ئاژاوە، دەبێ کۆمەلێک یاسا و دەستوور و پرەنسیپی مۆراڵی هەبن تاکوو مرۆڤەکان لە تەک یەکتردا بە ئاسوودەیی بژین.یەکێک لەو یاسایانە دەگەرێتەوە بۆ کنفیوشێس(٥٥١-٤٧٩بەرلە چاخی هاوبەشBCE)کە نزیک٢٥٠٠بۆ ٣ هەزار ساڵ لەمەوبەر لە وەڵاتی چین لە فەلسەفەی تایبەتی خۆیدا یاسایەک بە ناوی( یاسای زێرین)ی دەرکرد تیایدا ئاماژە بەوە دەکات کە؛”گەر حەز ناکەی خەڵک بە شیوازێک دەگەڵ تۆدا هەڵسوکەوت بکەن کە تۆ پێی ناراحەت بی، ئەوا بەم شێوازە لە گەڵ کەس دا مە جوڵێوە.” کەواتە پێویست بە براگەورە ناکات، برا گەورەیەکی کە تەنانەت دم دە نەهێنی ترین و کەسی ترین شتەکانی ژیانی مرۆڤ وەردەدات، یان براگەرەیەکی کە تەنانەت بۆی گرینگە ژن و مێردێک یان دوو دڵدار چۆن و چەند جار سێکس دەکەن!

6- زیان و خەساریەکی یەکجار گەورە یەخەی مرۆڤی دیندار دەگرێت کاتێک هەرچیەکی لە ژیانی ئەم مرۆڤە دا روویدا دەیخاتە ئەستۆی خودا و خۆی لێ بێ بەری و بێ دەسەڵات دەکات، لە کاتێکدا مرۆڤ خۆی لە زۆربەی هەرە زۆری کردوەکانی(ئەگەر نەڵێن هەر هەموویان هەر وەک فیلسوفی ناوداری فەرەنسی سارتر باوەری وابوو) بەر پرسیارە و هیچ کەسی تر بەرپرسیاری گووتەو، هزرو ئاکاری کەسێکی تر نیە. بەڵام دین لای وایە کە هەرچی روو دەدات لای خوداوە هاتوە، قەزاوقەدەرە، دەبێ بێ ئەم لاو لا قوبوڵ بکرێت، ئەمە دەبیتە هۆی ئەوەیکە مرۆڤ بە بوونەوەرێکی بی دەسەڵات، کەم بایەخ، نەخۆش، بی توانا و بێ بەرپرسیاریەتی چاو لێبکرێت وە خوا و دینەکە ئامرازێکن بۆ نەجات دانی ئەم مرۆڤە نەخۆشە. لە کاتێکدا مرۆڤ خۆی بەرپرسیارە لە بیر و کردەوەکانی خۆی، خۆی دەبێ بریار بدات چۆن بژیت، چ ئیشێک بکات، چۆن لە گەڵ خۆشەویستەکەی سێکس بکات، چۆن ژیانی داهاتووی خۆی پێک بێنێت و… . مرۆڤ بەر پرسیاری زۆربەی هەرە زۆری کردەوە و رووداو و بەسەرهاتەکانی ژیانی خۆیەتی.

7- هەر هەموو ئەو دەستوورە ئەخلاقیانەی کە لە دینەکان و کتێبە ئاسمانیەکانیاندا! هاتوون، مرۆڤ خۆی توانای مێشکی پێ دەشکێت ودەتوانێت بە بێ ئەمرێکی سەرەوە یان خودا بیانزانێت وبەرێوەیان ببات وباشتریان بکات. هەموو مرۆڤێک دەزانێت کە دزی کردن خەراپە و گەر مرۆڤێک بیهەوێت دزی بکات ئەوا دەستوراتی دینی ناتوانن بیگێرنەوە، تەنیا تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی خۆی لە ئەنجامی خەراپی دزی کردنە کە دەتوانێت ببێتە هۆکارێک کە لە دزی کردن بیگێرێتەوە. کەواتە بەها و توانا فکریەکانی مرۆڤ گەلێک زیاترن لەوەی پێویستی بە شمشیرێک بێت حوکمی لە سەر بکات.

ئەم چەند نموونەیە رەنگە پێویست بن بۆ کۆتایی هێنان بەم بابەتە کە دین و ئایین سەرەکی ترین ئامرازن بۆ کۆنترۆڵ کردن و خستنە ژێر دەسەڵاتی ژیانی مرۆڤەکان لە رێگەی باوەر پێهێنانیان بە کۆمەڵێک خورافە و درۆو چیرۆکی ساختە و لێڵ و ناروون و دژی مرۆڤایەتی، ئەو مرۆڤایەتیەی کە ئەگەر لە چوارچێوەی فەلسەفەو فکر و زانست دا بیر بکاتەوەو هەنگاو هەلبێنێت، ژیان و گوزەرانی زۆر زۆر باشتردەبێت و لە ئاژاوەو و کێشەی وەکو کەسانی جیهادی کە بە خۆ تەقاندنەوە دەبنە هۆکاری کوژرانی سەدان و هەزاران مرۆڤی بێ تاوان، یان لە جیرۆکی گومراه کەری وەک خەڵقەتی زەوی و ئاسمانەکان، یان لە توند و تیژی دژی ژنان یان ئازاری هاورەگەزبازەکان بە دوور دەبێت. گەر مرۆڤ لە ژەهری ئایین بە دوور بێت هەنگاوێک نزیک تر دەبێتەوە لە خۆی، لە ژیانی مرۆڤانەی، لە تێگەیشتن و تێروانینی فەلسەفی و زانستیانە بۆ دنیا و مرۆڤ و بوون، ئیتر ئەوسا کەس کەسێکی تر ناکوژێت بە هۆی ئەوەیکە بیر و بۆچونەکەی جیاوازە، یان جونکە دینەکەی یان ئایینزایەکەی جیاوازە، هەروەک چۆن لە ئیرلەندا دوو باڵی مەسیحیەتی کاتۆلیک و پرۆتێستان ساڵانە چەندەها کەس لە یەک دەکووژن. گەر مرۆڤ لە قەیدی ژەهراوی دین بە دوور بێت، ئیتر کەس بە ناوی خواوە پێشگیری لە بە کار هێنانی کاندۆم لە کاتی پرۆسەی سێکسدا ناکات کە دەبێتە هۆی مەرگی هەزاران کەس لە دنیادا بە تایبەتی دنیای کاتۆلیکی و لە وەڵاتە ئافریقیەکاندا. ئەگەر مرۆڤ لە دین دوور بکەوێتەوەو هەنگاو بەرەو زانست و مەعرەفەو تێگەیشتنی فەلسەفیانە هەڵبهێنێت ئەوا دنیا چیتر هێتلێر و موسولینی و خومەینی و سەددام ودەیان خوێنرێژی تر کە بوونە هۆی گیان لە دەست دانی ملیۆنان مرۆڤ لە سەراسەری جیهان، بە خۆیەوە نابینێت. مرۆڤ دەبێ سەرەتا خۆی لە زیندانی دەروونی خۆی رزگار کات هەروەک نیچە(١٨٤٤-١٩٠٠) دەلێ:”هیچ نرخێک ئەوەندە گران نیە (ئامادەم هەموو نرخێک بدەم) لە پێناو بە دەست هێنانی خۆم دا.” 

 

نامۆ کوردستانی

 

سەرچاوەکان:

ژێر تایتڵی  god is not great, how religion poisons everything.لە نوسینی  Christopher Hitchens

Encyclopedia of gods . Michael Jordan

The Power of Ideas. Brook Noel Moore and Kenneth Bruder

The Remarkable Existentialists. Michael Allen Fox

The Quran

Basic Teaching of the Great Philosophers. S.E. Frost, JR.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.